ئەحمەد موفتیزادە

لە ویکیپیدیاوە، ئینسایکڵۆپیدیای ئازاد
باز بدە بۆ: ڕێدۆزی، گەڕان
لەدایکبوون ئەحمەدی مفتی‌زادە
١٩٣٣
سنە
مەرگ ١٩٩٣
نەخۆشخانەی ئاسیای تاران
شوێنی گۆڕ تەپەی شێخ حەمە باقری سنە
نەتەوە کورد
پەروەردە موجتەھید
پیشە مامۆستا، حاکم شەرعی سنە ، ڕێبەری بزاڤی مەکتەب قورئان
ئایین ئیسلام
ھاوسەر خەجیج خانمی موھتەدی کچی حاجی ڕەحمان ئاغای موھتەدی
منداڵەکان حەمەژیان
خزمەکان ماجد مەردۆخ ڕۆحانی
ماڵپەڕ
ماڵپەڕی مەکتەبی قورئان

ئەحمەدی موفتی‌زادە، (بە فارسی: احمد مفتی زادە) (١٩٣٣-١٩٩٣)، ناسراو بە کاکە ئەحمەدی موفتی زادە، زانای دینی، ئیسلامناس ، موجتەھیدی سوننی و شاعیر و چالاکی کوردی ڕۆژهەلاتی کوردستان ( کوردستانی ئێران ) بووە. موفتیزادە لە ڕێبەرانی بە ناوبانگی ئایینی - نەتەوەیی ئێران بوو کە ماوەیەکی زۆر لە بەندیخانەکانی ھەر دوو ڕژیمی پەھلەوی و کۆماری ئیسلامی ئێراندا بەند کرا. بەرچاوترین داخوازییەکانی بریتی بوون لە:

  • چاکسازی لە دەستووری ئێران
  • ژیاندنەوەی حکوومەتی شوورا لە وڵاتانی ئیسلامی و کۆمەلگای زۆرینە موسوڵمانی ئێران
  • نەهێشتنی ستەمی نەتەوەیی، مەزهەبی و چینایەتی

ژیان

ئەحمەدی موفتی زادە لە ڕێبەندانی ١٣١١ کۆچی ھەتاوی (بەرانبەر بە ١٩٣٣زایینی)، لە بنەماڵەیەکی ناسراو بە "بنەماڵەی موفتی" لە شاری سنە، لەدایکبوو.ناوی باوکی "مەلا مەحموودی موفتی"ی کوڕی "عەللامە عەبدوڵای دشەیی"، خەڵکی دشەی لای پاوە، بوو کە دواتر کۆچیان کردووە بۆ شاری سنە.

ئەحمەدی موفتی زادە لە قوتابخانەکانی ئەو سەردەمەی کوردستانی ئێران و عیراق (وەک سنە، سلێمانی، بیارە، مەریوان و چەندین شاری تر) خوێندوویە. ماوەیەک لە زانستگای تاران لە بەشی زانستە دینییەکاندا دەرسی گوتووە. ئەندامی چالاکی ڕۆژنامەی کوردستان (تاران) و ڕادیۆی کوردی تاران و هەروەها ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بووە و ھەر بەم بۆنەشەوە لە ساڵی ١٣٤١ دەگیرێت و بەم تاوانانەوە لە بەند دەخرێت:

  • بەرپرسی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لقی ناوەند(تاران)
  • پێوەندکاری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و تورکیا

لە بەندیخانەدا تووشی گۆڕانکارییه‌کی دەروونی قووڵ ده‌بێت، کە خۆی بە ئەزموونێکی تایبەتیی عیرفانی دادەنێ و دەبێتە سەرچاوەی گۆڕانێکی بنەڕەتی لە بیر و بۆچوونەکانیدا. بۆ خؤی لە ھۆنراوەیەکی فارسیدا بە ناوی "دیسان پێم دەڵێنەوە" (بە فارسی: بە من باز گویند) ئاوا باس لەم ئەزموونە دەکات:[١]

لەوێ بوو کە دەرسێکم وه‌رگرت
کە لێی دنیایه‌ک فامم هه‌ڵگرت
بووم بە بارودۆخی جەهان، ئاشنا
بە سەدان نهێنی گران، ئاشنا
تێگه‌ییم نه‌خۆشی ئه‌م خه‌ڵکه‌ چییه‌
خڵه‌تێنه‌ری خه‌ڵکی ساده‌ کییه‌
وێنەی ئەحمەد موفتیزادە لە سەردەمی گەنجێتی

لە ئاکامدا بەم ئەنجامە دەگا کە ئیمان تاکە ڕێگای ئازادی و ڕزگاری مرۆڤە و گەورەترین دەردی مرۆڤیش : دوور کەوتنەوەیە لە قورئان و سوننەت. دوای ماوەیەک لە زیندان بەر دەبێ و چالاکی دینی خۆی لە ساڵی ١٣٤٢ (ک.ھ.) لە مزگەوتی سەید موستەفای شاری سنە دەست پێدەکا، بۆ خۆی ئاوا دەڵێت:

« دوای ئەم ساڵانە ھەلومەرجێک ڕەخسا کە لە بێ ناوەرۆکی و سەرسەری بوونی کار و ھەوڵەکانی ڕابردووم تێ گەییم و لە ١٣٤٢ بەملاوە بڕیارم دا کە ھێڵی سەوزی سەرەکی ئینقلابی ئیسلامی کە پێغەمبەری گەورە، حەزرەتی موحەممەد، دایداوە، بگرمە بەر و لێی لا نەدەم »[٢]

پاش خەلەستن لە بەند، لە ساڵی ١٣٤٣ دەگەڕێتەوە بۆ شاری سنە. لە سنەدا دەکەوێتە ژێر گوشاری ئابووری و سیاسی دەزگای ئەمنی ئەوکاتی ئیران واتە ساواک . لەم سەروبەندەدا خاتوو خەدیجەی خێزانی نەخۆش ئەکەوێت و بۆ دەرمان دەچنە تاران، لەوێ خانم کۆچی دوایی دەکات و موفتیزادە بۆ ھەمیشە دەگەڕێتەوە سنە.

لە ساڵی ١٣٥٦ ک.ە. مەدرەسەی قورئان، کە دواتر گۆڕا بۆ مەکتەبی قورئان، دادەمەرزێنێت، بەم شێوە بزاڤی دینی خۆی دەست پێ دەکات. لە گەڵ ھەڵبوونی ئاگری شۆڕشی گەلانی ئێران، بە مەبەستی یەکخستنی ئەھلی سوننەتی ئێران و بەرگری لە سەرھەڵدانی دووبەرەکی لە ڕیزەکانی شۆڕشدا، کاری سەرەکی خۆی ھەڵدەسپێرێ و تا سەرکەوتنی شۆڕش لە ساڵی١٣٥٧ ، ڕێبەرایەتی ئەھلی سوننەی ئێران وە ئەستۆ دەگرێت. چەن مانگ دوای سەرکەوتنی شۆڕش، گۆڕەپانی سیاسەت بەجێ دێڵێت و دەگەڕێتەوە بۆ سەر کاری سەرەکی خۆی لە مەکتەبی قورئاندا.

لە ساڵی ٥٨ کە بڵێسەکانی شەڕی ناوخۆی کوردستان گەشە دەستێنێ، بە مەبەستی تێوە نەتلان بە شەڕی ناوخۆ، وێڕای ھاوڕێیانی کۆچ دەکا بۆ کرماشان و زۆری پێ ناچێ لەوێوە دەڕوا بۆ تاران. لە خاکەلێوەی 60دا بە مەبەستی بەرگری لە مافەکانی ئەهلی سوننەی ئێران «شووررای مەرکەزی سوننەت» (شەمس) پێک دێنێ. لە مانگی گەلاوێژی 61دا، شەپۆلی قۆڵبەست کردن و لە بەند خستنی لایەنگرانی، لە لایەن دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە دەست پێ دەکا. سەرئەنجام لە گەلاوێژی ١٣٦٩، ئەحمەدی موفتیزادەش قۆڵبەست و ڕەوانەی بەندیخانە دەکرێت. موفتی زادە پاش کێشانی دە ساڵ زیندان و ئەشکەنجە لە بەندیخانەکانی «کۆمیتەی موشترەک» ، «قزڵ حەسار» و «ئێڤین»ی تاران، لە گەلاوێژی ١٣٧١ به‌ دۆخێکی ته‌ندروستی خراپه‌وه‌ ئازاد دەکرێت . دوای سێ مانگ کەوتن لە نەخۆشخانەی ئاسیای تاران، لە ڕۆژی ٢٠ ڕێبەندانی ١٣٧١، کۆچی دوایی دەکات. تەرمەکەی پاش گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ سنە، لە سەر تەپەی شێخ حەمەباقر ئەسپەردەده‌که‌ن.

پێگەی موفتی زادە لە ھزری دینیدا

ئەحمەدی موفتی زادە چەندین باسی لە سەر دین، حکوومەتی دینی و ڕوانگەی نوێ بە دین ھەیە کە ئەمانەن:

  • بووژاندنەوەی نیزامی شوورایی لە حکوومەتی ئیسلامیدا
  • کفر لە بەرامبەر ئیمان، نەک ئیسلام
  • دامرکاندنی توند و تیژی ئیسلامی لە کێشە مێژووییەکانی ئیسلام و ڕۆژاوا
  • گەڵاڵەی تەسەننونی نەبەوی و تەسەننونی ئەمەوی، لە بەراورد لە گەڵ تەشەیوعی عەلەوی و تەشەیوعی سەفەوی عەلی شەریعەتی
  • یەکخستنەوەی سوننە و شیعە
  • داھێنانی باسی دیالێکتیکی ئیسلامی لە بەرامبەر ماتریالیسم
  • ھۆکارەکانی دواکەوتوویی و دووبەرەکی لە نێو موسوڵمانان و ڕانانی نموونەی ئیدەئال (تەواو دڵخواز)
  • پێوەندییەکانی نێو دەوڵەتی وڵاتانی ئیسلامی
ئەحمەد موفتیزادە

پێدەچێ کەسانێک وەک ئەبولئەعلا مەودوودی، سەید قوتب ، دکتۆر عەلی شەریعەتی لە پێکھاتنی بیر و ھزری موفتی زادەدا کاریگەرییان ھەبووبێ.

بەشێک لە بۆچوونەکانی

□ دزە کردن و زاڵ بوونی سیاسەت و ئارەزووگەلی دژە ئیسلامی، حکوومەتی ئیسلامیی تووشی وەرچەرخان و گۆڕانێکی کۆنە پەرستانە کرد و لەو ڕۆژەوە کە حکوومەتی ملھوڕانەی پاشایەتی ، جێگای بە حکوومەتی شوورا و دەوڵەتی خەلافەت لەق کرد، بوار بۆ پرشوبڵاوی و دووبەرەکی خۆش بوو، لە ئاکامدا ھەم دین بوو بە مەزھەب و ھەم ئومەتی واحیدە دابەش بوو.[٣]

□ ھەرمەزھەبێک پێکھاتووە لە ھەندێک پێودانی دینی و ھەندێک بابەتی زیادە، واتە:

ئەمڕۆ کەسێکی موسوڵمانی شوێنکەوتووی یەکێ لە مەزھەبەکان، شوێنکەوتووی کۆمەڵێک شتە کە بەشێکی لە ئیسلامە و بەشێکی تری لە دەرەوەی ئیسلام. ھەروەھا وتوومانە کە: ھەڵێنجانی ئەحکامی جۆراوجۆر لە ھەر سەردەمێکدا ، دەبێ بەرھەمی کردوکۆش و ئیجتەھادی خاوەن ڕایان بە شێوەی شوورایی بێ، تەنیا بەم شێوەیە کە خودا ئەو حوکمە بە حوکمێکی ئیسلامی دەناسێت و وەری دەگرێت.

□ ئیسلامی شوبھە و موسوڵمانی شوبھە؛ شوبھە بریتییە لە: ھەر ڕووداو، بابەت و چەمکێک کە ئەگەر لێی بکۆڵیتەوە پەسەندی مەکتەبی ئیسلام نەبێ، بڵام لە بەر ناچاری، ھەڵە و شتی وا موسوڵمانێک لە جیاتی ئیسلام وەری دەگرێت.[٤]

□ لەم باسە بەم ئەنجامە دەگەین کە: تەکفیری بیرو باوڕێ لە لقە ئیسلامییەکان کە بڕوایان بە بنەماکانی ئیسلام ( ھەر چەند ئاڵۆز) ھەیە، پێچەوانەی دەستووری ئیسلامە. تەنانەت ئەگەر موسوڵمانێکیش لە ڕووی نەزانییەوە، تەوحیدەکەی ئالوودە بە کۆمەڵێک بیر و بۆچوونی شیرکاوی بێ، حەق نییە بیر و بڕوای بە کفر دابنەین و خۆی بە کافر بزانین.

□ تەنیا لە کاتێکدا دەتوانین کەسێک بە کافر دانین کە سوور بزانین ھیچ حوجەت و بەڵگەیەکی لە سەر نەماوە؛ واتە بە تەواوەتی لە ڕاستی و دروستی ئیسلام تێگەیشتووە و نادروستی بیر و بۆچوونی دژ بە ئیسلامیشی بۆ دەرکەوتووە، ھەر وەھا نموونە و وێنەی زیندووی دینیشی دیوە، بەڵام دڵ لە وەرگرتنی نووری ئیمان دەقونجێنێ. ( بۆچوونی کەسی لە بابەتی کاکە ئەحمەد، سەبارەت بە کفر و ئیمان)

□(ڕۆڵەی هاوڕاز و هاو گرفتاریم/پێم وایە: تەواو دەرس و مۆچیاریم/گشتی هاوقیمەت هەر یەک کەلیمەس/یانێ: «محبت»، ئەرزش گشتی هەس/و.../جا بۆ ئەوە ئەو خۆشەویسییە/ببێتە گیانی، وەسیلە چییە؟/1. یەکەم وەسیلە «ڕێ جۆر کردنە»/ژیان، بەرەو بار هەژار بردنە/و.../2.خۆ لەتەک چینی هەژاران، جۆر کە/دۆسی و هات و چوو، لەتەکیان زۆر کە/3.وەسیلەی سیەم: لە شەرح حاڵی/پێغەمبەران و خاسان بی حاڵی)

ژیانی ئیسلامی

موفتی زادە یەکێک لەو کەسانە بوو کە پەیوەست بوون بە بێداری/سەحوە/نەھزەی ئیسلامی یان بە ئیسلامی کردنی ئیسلام(ئیسلامی سیاسی) و ھەوڵێکی زۆری دەدا کە لە ژێر کاریگەری خوێندنەوەیەکی شۆڕشگێرانە بۆ ئیسلامی سوننی، ئیسلام لە دۆخی کولتور بۆ دۆخی ئیدئۆلۆژی بگۆزێتەوە، دیارە بۆ ئەم مەبەستەش لەگەڵ ڕێبەرانی کۆماری ئیسلامی ھاوکاریی نیزیکی لە سەرکەوتنی شۆڕشی ئیسلامیدا کرد بەڵام دوای سەرکەوتنی شۆرش وەکوو ھەموو شۆڕشەکانی جیھان لە پاکتاوکردنی دژبەرانی دوای شۆڕش بوو بە قوربانی بەرژەوەندیەکانی سیستەمی ویلایەتی فەقێ و لە گلاوێژی ١٣٦١ لە تاران قۆڵبەست کرا و ٥ ساڵ زیندانی بەسەر داسپێنراو دواتر ٥ ساڵی تریش لە گرتووخانە و لە ژوورە تاکەکەسیەکاندا توند کرا و سەرەنجام دوای ١٠ سال زیندان و تووشبوون بە چەندەھا نەخۆشی لە گلاوێژی ١٣٧١ ئازاد کرا و لە ٢١ی رێبەندانی ١٣٧١ی ھەتاوی لە نەخۆشخانەی ئاسیای تاران کۆچی دوایی کرد.

لە ‌ئاخرو ئۆخری دەیەی ٥٠ی ھەتاویدا ئەحمەدی موفتی‌زادە لە ژێر کاریگەری بزووتنەوەی ئیسلامی جیھانی ئیسلامی بەگشتی‌و ھەر‌وەھا گوتاری شۆڕشگێڕی ئیسلامیی ئەو سەردەمە لە ئێران،‌ "مەدرەسەی قورئان"ی - کە دواتر بە ناوی مەکتەب قورئان ناوزەد کرا - پێشتر لە مەریوان و دواتر لە سنە بە ھاوکاری چەند کەس لە مامۆستایانی ئیخوانی دامەزراند و داوای ئیسلاحی لە بواری فێرکاری‌ و ڕاھێنانی دینی‌دا پێشکەش کرد کە وا وێدەچێ ئەحمەد دەیھەویست لەو مەدرەسانە دا بەرەیەکی شۆڕشگێڕ بە تێڕوانینێکی شۆڕشگێڕانەی رادیکاڵ لە پڕۆسەیەکی درێژخایەن‌دا، بەرھەم بێنێ، چوونکە ئەو لە دوای لادانی شۆڕش لە ئامانجەکانی سەرەکی خۆی دەیگووت کە ئینقلاب زۆر خێرا بە بێ زەمینەسازێکی درێژخایەن دەستی پێکرد، ھەر بۆیەش بە لاڕێ‌و ئینحراف‌دا ڕۆیی. لەلایەکی‌ترەوە ڕەھەندێکی دیکەی، بەرنامەی ‌کاک ئەحمەد، ھەر لە سەر ئەو ھێڵە گشتی‌یە دەرویشت کە رابوونی سەلەفی‌گەری (گەرانەوە بۆ ئیسلامە پاکە بێگەردەکەی سەرەتای ئیسلام‌و خیلافەتی راشیدە) لە سەدەی نۆزدەو بیست دا تەرحی کردبوو.

بەرهەمەکان

لە ئەحمەدی موفتیزادە کۆمەڵێک بەرهەمی نووسراو و تۆمارکراو بەجێ ماوە. نووسراوەکانی بریتین لە کۆمەڵێک کتێب، نامە و چەندین دەفتەری شیعر. پتر لە ٣٠٠کاسێتی دەنگ بە زمانی کوردی و فارسی لە بواری تەفسیری قورئان، بیر و باوڕ، عیبادات و فەلسەفەکانی، سیستەمە فکرییەکان، ئابووری و سیاسی ئیسلام و زانستە ئیسلامییەکانی وەک: زانستە قورئانییەکان، پەروەردە و خێزان بە یادگار ماونەتەوە. بەڵام گرنگترین بەرهەمی کاکە ئەحمەدی موفتیزادە، بزاڤێکی دینی جیاوازە لە کوردستان، کە سەرەتا بە ناوی "مەدرەسەی قورئان" و دواتر بە ناوی مەکتەب قورئان ناوی دەرکرد. ئێستاکە خوێندنەوەی جیاواز لە ڕوانگە و بیر و بۆچوونەکانی ئەحمەدی موفتیزادە لە لایەن لایەنگرانی، بووەتە هۆی سەرهەڵدانی چەن لقی جیاواز لە مەکتەب قورئان.

نامەکان

دەستخەتی یەکەمین نامەی ئەحمەد موفتیزادە، لە بەندیخانەوە، خەزەڵوەری 1367(ک.ه.)

ئەحمەدی موفتیزادە لە بەندیخانەوە کۆمەڵێک نامە و ئامۆژگاری بۆ شاگردانی دەنووسێ و بە نهێنی ڕەوانەی دەرەوەیان دەکا. بەشێک لەم نامانە بۆ شوورای ڕێبەری مەکتەبی قورئانە و لەخۆگری کۆمەڵە بابەتی گرنگ لە سەر دۆز و بزاڤی مەکتەب قورئانە . زۆربەی نامەکانی ئەحمەدی موفتیزادە، ئامۆژگاری دینین بۆ شوێنکەوتووانی.
ئەمە بەشێکە لە نامەی ژمارە یەک لە دەفتەری نامەکان، کە لە ڕێکەوتی 5/8/1367 (ک.ه) نووسراوە و لە ڕیگای بەڕێز هادی مورادییەوە گەیشتۆتە دەست شاگردانی:

شوکر و سپاس بۆ خوا کە ئەم هەلەم بۆ ڕەخسا، تا ئاوات و دوعاکانم بۆتان بنووسم کە : سلام اللە تعالی علیکم و رحمە و برکاته.
برایانی خۆشەویستم، خوشکە بەڕێزەکانم، ڕۆڵە ئازیزەکانم!
ئەوەی لە دڵمایە لە تامەزرۆیی و ئاوات و تێبینی، لەگەڵ ئەم دەرفەتەی بۆم ڕەخساوە، ناگونجێ. چەن رستەیێک هەڵدەبژێرم ئەویش بەکورتی:
لە وڵاتێک زۆر نالەبار لە هەلومەرجەکانی هیدایەتی خەلک، تەنیا بە ئاواتێکەوە بەڕێ کەوتم؛ هەوڵی کەمم، بەری زۆر گرانبەهای لێکەوتەوە کە ئێوەی خۆشەویستن. بەڵام هەروا کە عەیبەکانم هۆی باش پێنەگەیشتنی یەکە یەکەتانە، کێشە و ئازارەکانی ئەم ساڵانەی دواییش، ئافاتێکی پڕخەسار بوون.
سەبارەت بە پەرۆشی و ئاواتەکانم بۆ ئێوە و لە ئاست ئێوە، سەیری شیعری «باخە نەمامە»[٥] بکەن، کە کاکە ئەمین لەگەل شیعری تردا بۆتانی هێناوە. بەڵام ئەم بابەتانەی هاتوونەتە پێش، دڵخورتیمی پتر کردووە. بەداخەوە دەرفەتم نییە هەم داخ و حەسرەتم، هەم ئامۆژگاریییەکانم بنووسم. هەر بەوەندە بەسندە دەکەم کە: بایەخی هەرکام لە ئێوە بە پاکی نییەت و نیازی تەقواسازتانە و، بە ئەندازەی کەڵک و سوودتان بۆ خەڵکی هەژار و سەرلێشێواوی کۆمەڵگەکەتان . ئەگەر لەو نییەتە بەشی پێویستتان بردبێ، هەرگیز کون و کەلێنێک لە مێشک و دڵی خۆتان بۆ شەیتان ناکەنەوە، تا جیاوازی بیر و بۆچوونتان، ببێتە هۆی لێک هەڵوەشان و دووبەرەکیتان. ئەگەر کەسێک ناتەواو بوو و بوو بە هۆی ناکۆکی، ئەوەی سالم ترە تێبگا کە «خۆڕاگری» و «پارێز لە شەڕەقسە» باشترە لە هەڵس و کەوتێ کە ئەنجامەکەی فەوتانی هەلی خزمەت بە بەندەکانی خودا بێ.
«ئەم نامە بە زمانی فارسی نووسراوە و لە لایەن نووسەری ئەم بەشە، وەرگێراوەتە سەر زمانی کوردی»

شیعرەکان

ئەگەرچی باری ئەدەبی و هۆنەری ئەحمەدی موفتیزادە کەمتر ناوبانگی دەرکردووە، بەڵام بەرهەمە ئەدەبییەکانی ئاماژە بە سەرهەڵدانی شێوازێکی نوێی «ئەدەبی دینی کوردی» یان «ئەدەبی پەروەردەیی» دەکا،کە شوێن و پێگەیەکی بەرزی بۆ ڕچاو دەکرێت. ئەم بەرهەمانە، نەختە نەختە سنووری لایەنگرانی تێدەپەڕێنێ و دەریای ئەدەب و وێژەی کوردی دەدۆزێتەوە. بەرهەمە شیعرییەکانی ئەحمەدی موفتیزادە بریتین لە:

  • چوار دەفتەری شیعر ( بە زمانی کوردی ): کە سەرجەم پتر لە 257 پارچە شیعری لە خۆ گرتووە، وەک: سێ پرسیار، کڕێوەی هەوا، ئیکسیری گەورە، لافاوی داخ، کوردستانی جوانم، چەپکێ سەڵوات، چەمەڕا، دیاریێ بۆ یاران، ئاڕۆفتەن مەغار، سێ ڕیان، سفرەی ڕەمەزان، گیانی وەسیەتنامە، ترووسکێ لە کۆچی ڕەحمەت و... .
  • مەولوونامە (بە زمانی کوردی)
  • بەیتی لانسار
  • و کۆمەڵێک هۆنراوەی پەرتەوازە، وەک شیعری «نیشتمان»[٦]

چەن نموونە لە شیعرەکانی ئەحمەد موفتیزادە:

دیدارە گشتییەکان، 68
    • بەشێک لە چەپکێ سەڵوات[٧]


چەن جوانە کورسان و دیمەن بەهارانی چەن خۆشە قاسپەی بەر، ڕۆژ و نسارانی
سەڵواتێ دڵگرتر، لای خواوە پێشکەش بۆ: پێغەمبەری ئازیز، بۆ ئال و یارانی
دیسان لە کوردستان بەزمی بەهارانە بەزمی مەل و مۆری دەشت و بنارانە
بێنەو بەرەی کابان،نازی پەچەو کۆتان هۆرتەو بەرەی جووتیار، ئاوازی ئارانە
دیسان شنەی عەتری شەوبۆ لە ئێواران کاتێ شەماڵ ئەشنێ، بۆنی هەناسەی شەو
دیسان گژە و فیتووی پۆل پۆلی گاوانی شانۆک و مووسیقای کووجی و حەسارانە
هەم کەوتە سەر ئاشتی، ئاسمان لەتەک عەرزا لەجیەی هەناسەی مەرگ، ئاوی ژیان ئەڕژێ
لەولاوە پیری شاخ، لەم لا جحێڵی باخ میوانی هەورانە، پێشوازی بارانە
    • بەشێک لە سێ پرسیار
خوەم و تاقانەم و یارانی گیانی فدات ماندووی کرێکاری و شوانی
چەنین قەڕنە لە دەنگی گیان گەشێنت بە کامی دژمنانی ڕێ و شوێنت
نەزانی خۆیی و زانای درۆزن پەراوێز و پیارزگ هەڵ ئەبەستن
شنەی ودمی شەماڵ شانای هەناسەت بە مردووی تۆفی تووشی نەفس و عەزرەت
دڵی شێران ئەدا و گیانی بەهاران لە وشکارۆی تەکانە، بەختەباران
    • بەشێک لە مەولوونامە
ئاخ موحەممەد گیان! بە گیانت قەسەم باپیرت گڕی بەردا لە جەسەم
بۆ ژینی تاڵت، تاقە گوڵەکەم! منیش، گڕی سەند کوورەی دڵەکەم
موحەممەد! قوربان داخی دڵت بم، دڵی بچکۆلەی پڕ لە کوڵت بم
قوربان مناڵیی پڕ ڕەنج و تاڵت! قوربان دەس و پای پڕدڕک و داڵت!
پەردەی چەم، پینەی سیپاڵی شڕت سەرم بە سەرگرد دڵی پڕ گڕت
دڵم بەردەباز، پا بێ پاڵاکەت گیانم بە فدای قەو و باڵاکەت
دڵێ بۆ دڵت، بە دڵ، ژانی بێ هەزار جار دڵم، بە قوربانی بێ
کێ، گڕی حەببت، بەر بێتە گیانی ڕۆح و گیانەکەم، بەڵا گەردانی
    • بەشێک لە ترووسکێ لە کۆچی ڕەحمەت
ڕۆجیاری ڕۆژگاری نەجاتی لێوبەباران .
ئازیزی خواو بەننە، هەتاوی ڕۆژی ڕۆژڕەش هەڵپێچی بەزمی خاوەن دەماران
  • .
تا پێکەنێ گوڵێ بە فووی شنەی بەیانان لە کاوی کۆساڵان و عەوواڵان و شاهۆ
سەڵواتێ دڵسێنتر لە قاسپەی حەفتەوانان لە بۆی هەناسەی وەرکەمەر، بۆ پێشکەشی تۆ:
ئەی گیانی ئینسان، بەندی دڵی گیان .

کتێبەکان

  • کتێبی دەربارەی کوردستان (بە فارسی)
  • کتێبی حکوومەتی ئیسلامی (بە فارسی)
  • کتێبی دیالەکتیکی ئیسلامی (بە فارسی)
  • کتێبیحیجاب (بە فارسی)
  • نامیلکەی دین و ئینسان (بە فارسی)
  • نامیلکەی فیترەت و هیدایەت (بە فارسی)
  • و چەندین نامیلکەی تر

بزاڤی مەکتەب قورئان

دوای خەلەستن لە بەندیخانە لە ساڵی 1342، خەباتی ئیسلامی خۆی دەست پێدەکا، سەرەتا لە بۆنەکانی دینی، شایی و شین، مەولوویی، جێژنەکان و ... بزاڤی ڕۆشنبیری ئیسلامی خۆی بە بانگهێشتنی خەڵک بەرەو دینی ڕاستەقینە دەس پێدەکا. لە سەرەتای ساڵی 1356 (ک.ه)دا لە شاری مەریوان، مەدرەسەی قورئان دادەمەرزێنێ و پاشان لە شارەکانی سنە ، سەقز و بۆکاندا لق دەکاتەوە.دواتر لە سالی 1359(ک.ه)دا ، ناوی مەدرەسەی قورئان دەگۆڕێ بۆ مەکتەب قورئان.
سەرەکیترین دۆز و ئامانجی بزاڤی مەکتەبی قورئان بریتی بوو لە: پەروەردە کردنی تاک و کۆمەڵ لە سەر بنەماکانی ئەخلاقی دینی و ڕێخۆش کردن بۆ پێکهێنانی حکوومەتی ئیسلامی .
ئەگەرچی لەگەڵ هەڵسانی بڵێسەکانی شۆڕشی گەلانی ئێران، ئەحمەدی موفتیزادە-بۆ هاوڕێ بوون لەگەڵ شۆڕش- کاری سەرەکی بزاڤی مەکتەبی قورئان هەڵدەسپێرێ، بەڵام دوای نووسرانی دەستووری ئێران - کە تێیدا مافەکانی نەتەوەیی، مەزهەبی و چینایەتی ڕچاو نەکرابوو- لە نامەی (1359/04/21) ڕوو لە هاوڕێیانی دەکاو، ڕادەگەیێنێ: کە دەسبەرداری کاری سیاسی دەبن و هەڵدەگەڕێنەوە سەر کاری سەرەکی خۆیان لە مەکتەب قورئاندا، واتە:بارهێنان و فێرکردنی لە سەر بنەماکانی دین و بانگەوازی ئیسلامی.

هەڵوێستەکان

□ لە ئەندامانی دانەری دەستووری کۆماری ئیسلامی ئێران بوو کە دوای نووسران و پەسندکرانی لە حسێنیەی ئیرشادی تاراندا ڕایگەیاند:"دەست و قەڵەمتان بشکێ بۆ دەستوور پەسند کردنتان".[٨]

□ ئاغاکان بەم ڕێوشوێنەتان ماوەیێک زەبر لە ئیسلام دەدەن، بەڵام دوایی وا لە شیعە دەکەن، تا دنیا دنیا بێ، پشت ڕاست نەکاتەوە[٩].

□ لەو موجتەهدانە بوو کە فتوای ئیرتیداد و ڕەجم (بەردەباران)ی قبوڵ نەبوو.[١٠]

□ درێژترین ماوەی بەندی ئینفرادی لە بەندیخانەی ئێڤین ،بۆ ماوەی ۶ساڵ و ۳مانگ، داوەتە سەر.[١١]

وێنەخانە

پەراوێز

  1. در آن جا یکی درس آموختم کز آن یک جھان فھم اندوختم شدم زان بە وضع جھان آشنا بە صدھا رموز نھان آشنا بفھمیدم امراض این نسل چیست فریبندە مردم سادە کیست
  2. کتێبی دەربارەی کوردستان
  3. |کتێبی دین و ئینسانhttp://maktabquran.org/
  4. http://maktabquran.org/
  5. خوایا! ئەی کەسی مەردمی هەژار!/ ئاگا لە دڵی دڵسۆزێ بێدەس! / ئەو خەڵکە بێکەس ::کەوتوون و ناڕاس / بە گەڕ و بە زۆر لیان بووگنە کەس∫ خوایا! بە دڵ ئەو باوکە نەدارە / برسی ئەیبوێرێ ژەمەن بۆ ژەمەن / ڕۆڵەی تاقانەی، نەخۆشەو دوختۆر / ئێژێ: گ ژەمێ ::کەواوی پێ بەن ∫ خوایە! بە دڵ ئەو دایکە برسییە / مەقاش پلێکی لێ هەڵ ناکەنێ / ڕۆڵەی بەر مەمکەی لە سەر باوەشی / لە برسییەتیا گیانی دەرئەچێ∫ خوایە بە دڵ ئەو کرێکارانە ::/ کولانەیکیان هەس لە گۆشەیکەوە / لە هۆدەیێکی عەمارەتێکا / کە ماڵ تەواو بوو، فەرموون دەرەوە ∫ و..
  6. نیشتمان ئەی خاک و خۆڵی تۆ کلەی چاوانمە / نیشتمان ناوی بەڕێزت هێزی ڕۆح و گیانمە / نیشتمان ئەی بەربەیانت ڕۆشنی ئیمانمە / نیشتمان ئێوارەکانت خەڵوەتی عیرفانمە / نیشتمان قوربانی کوێستانت دڵی پڕ دەردی من / نیشتمان حەیرانی گەرمێنت هەناسەی سەردی من / و...
  7. بە هۆی نەبوونی ڕێنووسێکی یەکگرتوو لەو سەردەمەدا، کاکە ئەحمەد بە پێی بۆچوونی تایبەتی خۆی ڕێنووسێکی بۆ نووسینی هۆنراوەکانی دانابوو. لێرەدا بۆ ڕەجاو کردنی ڕێنووسی ستاندارد، لە بەکارهێنانی ئەو ڕێنووسە لە نووسینی شیعرەکاندا چاوپۆشی دەکەین.
  8. http://www.najeekurd.com%7Cوتاردان لە حسێنیەی ئیرشاد
  9. http://www.ciw8.ir/eBook
  10. http://maktabquran.org%7Cڕوونکردنەوەی کفر و ئیمان
  11. http://www.trife-m.blogfa.com

سەرچاوەکان

  • مه‌کته‌ب قورئان[١]
  • سیسته‌می شوورا[٢]