پەیامەکانی نوور

لە ویکیپیدیاوە، ئینسایکڵۆپیدیای ئازاد
باز بدە بۆ: ڕێدۆزی، گەڕان
پەیامەکانی نوور  
نووسەر(کان) سەعید نوورسی
وەرگێڕ فارووق ڕەسوول یەحیا (بۆ کوردی)
وڵات  کوردستان  تورکیا
زمان تورکی - (زمانی نووسراو) هەروەها وەرگێدراوە بۆ چەندین زمانی جیهانی.
بەرگەکان ٢٠
بابەت(کان) حەقیقەتەکانی ئیمان و ئیسلام
جۆر(کان) ئایینی
لاپەڕەکان ٦٠٠٠+

پەیامەکانی نوور (بە تورکی : Risale-i Nur) بریتین لەو کتێبانەی کە مامۆستا سەعید نوورسی نووسیونی. پەیامەکانی نوور بریتین لە تەفسیرێکی قورئانی (٦٠٠٠) پەڕەیی ، تەنها جیاوازی لەگەڵ تەفسیرەکانی تردا ئەوەیە کە بە پێی ڕیزبەندی سورەت و ئایەتەکان دانەنراون بەڵکو لە چەندین شوێنی جیاوازدا بەکارهێنراون.ویکیپێدیای تورکی.ویکیپێدیای تورکی.[١]

مامۆستایەتی قورئانی پیرۆز[دەستکاری]

ھەمیشە قورئانی پیرۆز تاکە مامۆستا و ڕابەری دانەر (سەعید نوورسی بووە. ھەرگیز دەستی لێھەڵنەگرتوە بۆ کتێبێکی تر و، جگە لە قورئانیش ھیچی دیکەی نەکردووە بە سەرچاوە و ڕابەر. ئەمەی بە درێژایی ژیانی نوسیندا لێبینراوە، چونکە تەنانەت کتێبخانەی نەبووە و ھیچ سەرچاوەیەکی تریشی نەبووە کە پشتی پێببەستێت و بۆی بگەڕێتەوە.

دەرخستنی پاڵفتەیی تەواوی قورئان[دەستکاری]

  • قورئانی پیرۆز بریتییە لە کتێبە ھەرە پیرۆزەکەی خوای گەورە. لە دوو توێیدا ڕاستیەکانی سەرجەم زانستەکانی لە خۆگرتووە. بۆیە پێویستە موفەسیرەکەیشی کەڵە زانایەکی ڕاستەقینەی پسپۆڕ بێت لە ھەموو زانستەکاندا، چ زمانەوانی بێت یان شەرعی یان زانستی گەردوونی. بیرێکی گەورە، ئاگایەکی فراوان، چاوێکی تیژ، دڵسۆزیەکی تەواو، زیرەکیەکی بەرز، ئیجتیھادێکی قوڵ و بڕندەی ھەبێت، بەشێکی بەربڵاو لە ھێزی پیرۆز و یارمەتی خوایی ھەبێت. ھەموو ئەمانە تاکو بتوانێت ڕاستیەکان بە بێگەردی ڕوونبکاتەوە و ئەو واتا فراوانانەش بە ڕاستی دەربخات، ئەگەرنا ھەندێک ڕاستی بە شاراوەیی دەمێننەوە و ڕونناکرێنەوە.
  • ھەروەھا پێویستە موفەسیر لە ژێر کاریگەری ئارەزووی خۆیدا نەمێنێتەوە و ڕێباز و ئیجتیھادە کەسیەکانی خۆی تێکەڵ بە تەفسیرەکەی نەکات. ئەوەیش بۆ ئەوەی حەقیقەت بە پاک و بێگەردی و پوختی بمێنێتەوە و لە ئارەزوەکانی دانەر پارێزراو بێت. ئەم تایبەتمەندیە واتە (دەرخستنی ڕاستیەکانی قورئان بە پاڵفتەیی) ئەوەیە کە لە پەیامەکان و ژیانی مامۆستادا دەیبینین. بە توانایەکی بەرزەوە جڵەوی ھەموو زانستەکانی ئەم زەمانەی گرت ھەتا ناونرا (بدیع الزمان)، چونکە زیرەکیەکی بێوێنە و عەقڵێکی بەھێز و یاریدەیەکی خوایی ئاشکرای لە ژیاندا پێبەخشرابوو. لەسەرووی ئەمەیشەوە لە پەیامەکاندا سوور بوو لەسەر ئەوەی ڕاستیەکانی قورئان بە پاڵفتەیی دەربخات. بە ھۆی ئەوەوە خوای گەورە دڵسۆزییەکی تەواو و چاودێریەکی توندوتیژی لەسەر دەرگای دەرون پێبەخشیبوو. ھەرگیز ئارەزووی خۆی تێکەڵی پەیامەکان نەدەکرد. لەبەر ئەوە پەیامەکان بە شێوەیەکی تایبەتی دەبینێت وە شێوازەکەیشیان تەنھا و تەنھا قورئانە.

یەکلابوونەوەی موفەسیر[دەستکاری]

واتە بەم کارەی نابێت جگە لە ڕەزامەندی خوای گەورە ھیچ مەبەستێکی تری ھەبێت، نابێت چاو بگێڕێت بۆ مەبەستێک لە مەبەستە دنیاییەکان چ ماددی بێت یان مەعنەوی بۆ ئەوەی پێچەوانەی ئەم ئایەتە پیرۆزە نەبێت کە دەفەرمێت: "ولا تشتروا بایتی پمنا قلیلا" البقرة:٤١. چونکە بێجگە لە ڕەزامەندی خوای گەورە ھەموو نرخێکی تر ھەر کەمە. ئەم حاڵەتە (واتە دڵسۆزی تەواو) دەبێت لە ژیانی موفەسیردا تەواو ئاشکرا و دیاربێت. بێگومان ژیان و گوزەرانی مامۆستا نمونەیەکی ڕازاوەی ئەم دڵسۆزیەیە.

تازەیی قورئان و دواندنی ھەموو چینەکان[دەستکاری]

  • یەکێک لە (دەرئاسا) موعجیزە گەورەکانی قورئانی پیرۆز ئەوەیە کە پارێزگاری (تازەیی) و (لاوێتی) خۆی کردووە. چونکە قورئان بۆ ھەموو سەردەمێک ڕوویەکی ھەیە بۆ پڕکردنەوەی پێداویستیەکانی ئەو سەردەمە. تا ئەو ڕادەیە کە وادەزانیت بە تایبەت بۆ ئەو سەردەمە دابەزیوە. ھەر وایە لەبەر ئەوەیە باشترین تەفسیر ئەوەیە کە ئەو ڕووەی قورئانی پیرۆز دەبخات کە ڕووی کردووەتە ئەو سەردەمە و ئەو بەڵگانەیش پێشبخات بۆ پڕکردنەوەی پێداویستیەکانی سەردەم.
  • دەبێت (لە ھەمان کاتدا) ھەموو چینەکانی مرۆڤایەتی و بەشێوازێکی ئاسان و جوان بدوێنێت. ھەر لە نەخوێندەوارەوە تا زاناکان، چونکە قورئانی پیرۆز تانھا بۆ چینێک نەھاتووە و بەس. کەواتە دەبێت موفەسیرەکەیشی ھەمان سیفەتی ھەبێت، بە شێوەیەک کە ھەر مرۆڤێک (لە ھەر ئاستێکدا بێت) سودی لێوەربگرێت. دەبێت گرنگرترین گیروگرفتەکانی سەردەمەکەی پڕبکاتەوە ئەگینا تەفسیرەکە چەند کەسێک سودی لێوەردەگرن و خەڵکی تری لێبێبەش دەبن.

خۆ ئەگەر پەیامەکانی نوور وەسف بکەین بەم تایبەتمەندیە ئەوە ئاشکراترین سیفەتەکانیەتی، بە جۆرێک لەگەڵ ئاستە جۆربەجۆرەکان و ئەوانەی ئەڵقەیان بە دەوردا بەستووە دەدوێت. ھەموو خەڵک بێ جیاوازی لە سەرچاوە قورئانیە سازگارەکەی وەردەگرن و (بە بێ قورسی) مەبەست و پێویستی خۆیانی تێدا دەست دەخەن. ئیتر بە مناڵ و گەورە و نەخوێنەوار و پیاو و ژن و ھتد...

ئیجابیەت لە سەلماندندا[دەستکاری]

ئەو بەڵگانەی کە موفەسیر دەیانھێنێت بۆ سەلماندنی ڕاستیەکانی ئیمان و قورئان، پێویستە بەڵگەی وەھا بەھێز و سەرکوتکەر بن کە ھەرگیز بریندار نەکرێن یان ڕەد نەکرێنەوە. لەبەر ئەوە پێویست ناکات پەنا ببرێتە بەر ئەو بیردۆز و بۆچوونە زانستیانەی کە بە گٶڕانی زەمەن دەگۆڕێن، یان کەسانێک دەیزانن و خەڵکی تر لێی تێناگات. بەڵکو دەستبەرداری ھیچ بابەتێک نابێت بە بێ بەڵگەی سەلمێنەری پتەو. کەواتە دەبێت موفەسیر بناغەیەک بۆ خۆی دابنێت، کە بریتیە لە "ئیجابیەتی سەلماندن". ئەوەتا ئەو دادگایانەی کە زیاد لە ھەزاران دەبن (پەیامەکانی نوریش مەزەندەی ئامانجی ھەمیشەیی ھەموو دوژمنانن) تەنھا جارێک، بەڵام تەنھا جارێکیش نەیانتوانیوە کەلەبەرێک (بچووک یان گەورە) بدۆزنەوە لەو بەڵگە بەھێز و ئاشکرا و ھەمیشە سەربەرزانەدا.

دواندنی بەشە ناسکەکەی مرۆڤ[دەستکاری]

ھەروەک چۆن قورئانی پیرۆز بە جارێک لەگەڵ عەقڵ و گیان و ویژدانی مرۆڤدا دەدوێت، بە جۆرێک کە ھەر یەکەیان دڵنیا و تێر دەکات و بەشی خۆی بە ئاسانی دەداتێ، بە ھەمان شێوە پێویستە تەفسیرەکەیشی زۆر ڕەوان و تیژ بێت و بچێتە ناخی دەروونەکانەوە و عەقڵ و گیان و ویژدان و دەروون ڕوناک بکاتەوە و ئاسوودەیش بە ھەر یەکێکیان ببەخشێت و ئەوەندە بەھێز و کاریگەر بێت کە لغاوی نەفسی بەدخواز بکات و ڕامی بکات. نەک ھەر ئەوە بەڵکو شەیتانیش دەمکوت بکات. خوێنەری پەیامەکانی نوور ئەمەی بە تەواوی دەست دەکەوێت، لە تێرکردن و تێرئاوبوونی گشت بەشەکانی دەروون و گیان و عەقڵ و ویژدان و باقی بەشە ناسکە رەببانیەکانی تر لە مرۆڤدا، ھاوکات شەیتان بە توندی دەمکوت دەکەن و، وڕێنەو و چپەکانی دەڕەوێننەوە و، دەرونیش لە وەسوەسەکانی شەیتان دەپارێزن.

ڕاستکردنەوەی ھەڵسوکەوت[دەستکاری]

قورئانی پیرۆز (ھەر وەک دەزانین) کۆمەڵگەیەکی بە تەواوی گۆڕی بۆ کۆمەڵگەیەکی نوێ و ھەموو مرۆڤێکی ڕزگار کرد لە خۆپەرستی و باقی ئەو سیفەتانەی کە ڕێگرن لە تێگەیشتی ڕاستی، لە جێگەی ئەودا سیفات و ڕەوشتی بەرز و پیرۆزی وەک خۆ بەکەم زانین و قوربانیندان و ئەوانیتری دانا. کەواتە دەبێت تەفسیر و (ھەروەھا موفەسیریش) ھەڵسوکەوتی مرۆڤ بگۆڕن و ڕاستی بکەنەوە، بگرە ڕزگاری بکەن لەو ڕەوشتە نزمانە. ھەروەھا دەبێت قوتابی نوور (کە بە ھۆی پەیوەندی توندوتۆڵی ڕۆژانەی بە پەیامەکانەوە پاک بوەتەوە لە پۆخڵەواتی گومڕایی و دوڕویی) کە لەو کۆمەڵگایەدا دەژی دەبێت (بەڵگەیەکی کرداری) بێت بۆ کاریگەری پەیامەکان لە ڕاستکردنەوەی ھەڵسوکەوتدا.

شوێنکەوتینی سوننەتی پیرۆز[دەستکاری]

شوێنکەوتینی سوننەتی پیرۆز بە گفتار و کردار ڕاستترن ڕێگەیە بۆ گەیشتن بە کاکڵەی واتا بەرزەکانی قورئانی پیرۆز و بەبێ ئەو شوێنکەوتنە کەس ناتوانێت بە سەلامەتی و ڕاست بیانگاتێ. بە گوێرەی مەزھەبی (سوننەت و جەماعەت) بنچینەو و یاسای موفەسیر کە ھەڵدەستێت بە تەفسیرکردن ئەوەیە لە شوین سوننەتی پیرۆز بکەوێت، کەواتە دەبێت کار بە زانستەکەی بکات، تەقوای مەزن بێت، دنیا نەویست و زاھیدێکی گەورە بێت، دڵسۆزی گەورە بێت، پتەوی و دامەزراوی لە خزمەکردنی دیندا پێویستە گەورە بێت، ڕاستگۆیی گەورە بێت، وەفا و قوربانی گەورەبێت، قەناعەت و دەستپێوەگرتنی گەورە بێت. پوختەی گوفتار ئەوەیە: ئەبێت موفەسیر (بە پەیامە قورئانیەکەی) شیاو و لەبار بێت بۆ خواپەرستیەکی پاڵفتە و تەقرایەکی مەزن و ھێزێکی پیرۆز و ڕوناکی پەیامی پێغەمبەرایەتی، ھەتاکو بگونجێت کە ناوی لێبنرێت (خزمەتگوزاری قورئان). ئاشکرایە کە (قوتابیانی نوور) و ھەموو ئەوانەی مامۆستایان دیوە و لەگەڵیدا ژیاون شایەتی ئەوە دەدەن کە مامۆستا خاوەنی ئەم ڕەوشتە جوانانە بووە. بەڵکو تەنانەت دوژمنەکانی نەیانتوانیوە ھیچ لە ڕەوشتە بەرزەکانی دەستکاری بکەن، لەبەر ئەوە بەڕاستی و بەوپەڕی شیاویەوە شەرەفی نازناوی (خزمەتگوزاری قورئان)ی بەدەستھێناوە.

زاڵبوونی بەسەر فشار و سەختیدا[دەستکاری]

موفەسیر کە مەسەلەکانی قورئان و شەرع ڕووندەکاتەوە، نابێت بکەوێتە ژێر ھیچ فشار و کاریگەری ھیچ لایەنێک یان تاقمێک یان کەسێک، بۆ نموونە بۆی نیە لە ژێر ئەو فشارەدا ھیچ فتوایەک بدات. بەڵکو ئەبێت مردن بە ئاسان بزانێت و ئەوەندە ھێز و پتەوی ئیمان و مەردی و ئازایەتی ئیسلامی تێدابێت کە تەنھا خۆی بتوانێت بە بێ دودڵی تەحەددای تێکڕای جیھان بکات. بەڵێ، ئەوەی پەیامەکان لەم جۆرە دۆخەدا و بە تایبەت لەو کاتەدا بڵاودەکاتەوە، ئەوە بە ڕاستی ڕابەرێکی بە نرخ و موفەسیرێکی گەورە و ناوازە و پێشەوایەکی تەواوە بۆ ئیسلام. ئەمەیش واقیعی ژیانی مامۆستامان (سەعیدی نوورسی) بووە (ڕەحمەتی خوای لێبێت) مامۆستا پەیامەکان بەم شێوەیە وەسف دەکات: "پەیامەکانی نوور بەڵگەیەکی ڕونی بەھێز و تەفسیرێکی بە نرخ و یەکێک لە بریسکانەوە بە شەوقەکانی ئیعجازی مەعنەوی قورئانی پیرۆزن وە چەند نمێکی ئەو دەریایە و. تیشکێکی ئەو خۆرەن. ڕاستیەکن لە خەزێنەی زانستی حەقیقەتەوە ئیلھام کراون ولێکدانەوەیەکی مەعنەوی ئەوتۆن کە لە ڕێژنەی ئەوەوە ھەڵقوڵاون" (ڕابەری خزمەتگوزارانی قورئان، لاپەڕە ٦٨) (ئەم پەیامانە وەک نوسراوەکانی تر نین کە لە چەندین سەرچاوەی زانستی و ئەدەبی وەگیرابن. ھیچ سەرچاوەیەکیان نیە جگە لە قورئانی پیرۆز و تەنھا بۆ لای ئەویش دەگەڕێنەوە. دانەر لە کاتی دانانیدا ھیچ کتێبێکی بە لاوە نەبووە) خۆ ئەگەر وترا: چۆن پەیامەکان بە تەفسیری قورئانی پیرۆز دادەنێیت کەچی لە تەفسیرەکانی تر ناچێت؟ وەلام، تەفسیر دوو جۆرە:

  • یەکەم : تەفسیری وشەو ئایەتەکانی قورئانی پیرۆز
  • دووەم: سەلماندنی ڕاستیەکان و ماناکانی قورئان بە ڕونکردنەوەو و باسکردنی ڕاستیەکان و واتاکانی بە شایەتی ھەزاران زانای لێکۆڵەرەوە و وردبین سەلماوە کە پەیامەکانی نوور لە جۆری دووەمی تەفسیرن بەڵکو بەکەڵکترین و ئاشکراترین و تەواوترین و بەنرخترینی تەفسیرەکانە.

ھەمیشە دانەر ئەوە دەخاتەوە یاد کە پەیامەکانی نوور تەفسیری چەمک و واتاکانی ئەو موعجیزانەن کە قورئانی پیرۆز ھەڵیگرتوون. ئەویش بریتیە لەوەی کە (تەریقەتی سۆفیگەری نین بەڵکو حەقیقەتن، ڕوناکیەکن و لە ئایاتی قورئانی پیرۆزەوە نمەیان کردووە، نە لە زانستی ڕۆژھەلات و نە لە فەلسەفەی ڕۆژئاواوە وەرنەگیراون، بەڵکو موعجیزەیەکی قورئانی پیرۆزن و تایبەتن بەم سەردەمە. (پاشبەندەکان، پاشبەندی قەستەمۆنی)


کەواتە ئەمانە تەفسیرێکی تەواو جیاوازن لە تەفسیرەکانی تر، چونکە ھەر تەفسیرێک سەردەمێکی تایبەتی خۆی ھەیە، بێگومان تەفسیرێک کە لە ڕابردوودا نوسرابێت لەو تەفسیرە ناچێت کە بەرھەڵستی لە شەپۆلی شاڵاوی گومڕایی دەکات لەم سەردەمەدا. ئەو تەفسیرانە تەنھا لەگەڵ ئیمانداراندا دەدوان (بەڵام پەیامەکانی نوور کە موعجیزەیەکی مەعنەوی قورئانی پیرۆزن تەنھا سوود لە پاشماوەکانی ئیمان وەەناگرن بەلکو ھەڵدەستن بە ڕزگارکردن و سەلماندنی ئیمان بە ھێنانەوەی بەڵگەی ئاشکرا و نمونەی زۆر، لەبەر ئەوە ھەرکەس لێیان ورد دەبێتەوە بڕیار دەدات کە :ئەم پەیامانە لەم سەردەمەدا وەک نان و دەرمانن) خۆ لەوانەیە ئەم وەسفەی خوارەوە وەڵامێکی باش بێت بۆ ئەو پرسیارەی کە ھەر لە سەرەتایشەوە کردم و لەوانەیە بە خەیاڵیشدا بێت: سروشتی پەیامەکانی نوور چیە؟

وەڵام : (مادام ھەر حەوت ڕەنگەکەی خۆری قورئانی پیرۆز بە ئاشکرا لە ئاوێزەی ڕاستیەکانی پەیامەکانی نووردا دەردەکەون، کەواتە ئەوان کتێبی شەریعەت و عەقیدەن و کتێبی نزا و دانایین. کتێبی پەرستش و بانگەواز و زیکر و بیرن، کتێبی حەقیقەت و سۆفیەتی و مەنتق و زانستی کەلام و ھاندانن بۆ کارکردن و لغاوکردن و بێدەنگکردنی نەیارەکان) ئەمە جگە لە یەک پەیام کە بریتیە لە (ئیشارەتەکانی ئیعجاز) مامۆستا لە کاتی جەنگی جیھانی یەکەمدا لە مەیدانی جیھاد دژی ڕووسەکاندا بە زمانی عەرەبی نوسیویەتی، کە وەک شێوەی تەفسیرەکانی ترە. لە ھەموو ئەمەوە دەگەینە ئەو ئەنجامەی کە: پەیامەکانی نوور تەفسیری ماناکانی قورئانی حەکیمن کە جارەسەری مەسەلە بنچینەییەکانی ژیانی مرۆڤ دەکەن، بۆیە بۆچونێکی ئیمانی نوێ تیایدا گەشە دەکات و بۆچونی قەڵب و ھەڵسوکەوتی لاواز دەڕوخێنێت. چونکە بە دەوری (یەکتاپەرستی) و (حەقیقەتی ڕۆژی دوایی) و (ڕاستگۆیی پێغەمبەرایەتی) و (مردن) و (قەدەری خودا و ویستی مرۆڤ) و باقی ئەو بابەتانەدا دەخولێتەوە کە جێگەی بایەخی زیاتری قورئانی پیرۆز بوون. ھەروەھا ئەو بابەتانەی کە باسی بانگەواز بۆ لای خوای گەورە و خۆشەوایستی پێغەمبەر (دروودی خوای لەسەر بێت) و تا دەگاتە ڕۆژی دوایی و کاروباری کۆمەڵایەتی و سیاسی جۆراوجۆر باسدەکەن لەبەر ئەوە مامۆستا لەبارەیانەوە دەفەرمێت:

"بەشەکانی پەیامەکانی نوور زیاتر لە سەد نھێنی ئایین و شەریعەت و قورئانی پیرۆزیان ڕوونکردوەتەوە و حەلیان کردون و سەرسەخترین کەسی نکوڵیکەر و مولحیدیشیان بۆڕ داوە و لغاویان لە دەم ناون و، بە چەشنی خۆری ڕوناکی ناو جەرگەی ئاسمان ئەو ڕاستیانەیان چەسپاندووە کە پێشتر وا گومان دەبرا لە عەقڵەوە دوورن: وەک ڕاستی قورئان و میعراجی پێغەمبەر (درودی خوای لەسەر بێت) و حەشری جەستەیی . ھەموو ئەمانەیان بۆ کەللە سەخترین و سەکەشترین فەیلەسوف و زەندیقەکان چەسپاندووە، بە ڕادەیەک کە ھەندێک لەوانەشیان ھێناوەتە ناو بازنەی ئیمانەوە. جا پەیامگەلێک ئەمە کاریانبێت، بێ ھیچ گومانێک ھەر ھەموو جیھان و دەوروبەری جئھانیش بە گشتی پەیوەندیان لەگەڵدا دەبێت، گومانیش لەوەدا نیە ئەو پەیامانە ڕاستیەکی وەھای قورئانن کە ئەم چەرخەو ئەوەی دواتریش بە خۆیانەوە سەرگەرم دەکەن و سەرنجیان بە تەواوی بۆ لای خۆیان ڕادەکێشن و بێ ھیچ گومانێک شمشێرێکی ئەڵماس ئاسای تیژن بە دەستی باوەڕدارانەوە"(ڕابەری خزمەتگوزارانی قورئان، ل ٧٦).

سەرچاوە[دەستکاری]

  1. ویکیپێدیای تورکی_پەیامەکانی نوور, Risale-i Nur.