نۆرویژ

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
باز بدە بۆ: ڕێدۆزی، گەڕان
پادشایی نۆرویژ
Kongeriket Norge (بۆکمۆل)
Kongeriket Noreg (نینۆرسک)
[[ی نۆرویژ |]]
سروود: بەڵێ، ئێمە ئەم وڵاتەمان خۆش ئەوێ
پایتەخت
و
ئۆسلۆ
٥٩°٥٦′N ١٠°٤١′E / ٥٩.٩٣٣°N ١٠.٦٨٣°E / 59.933; 10.683
زمانە فەرمییەکان زمانی نۆرویژی (بۆکمۆل و نینۆرسک)
دەوڵەت دیموکراسی پارڵمانی و
پادشایی مەشروتە
 -  پادشا ھارالدی پێنجەم
 -  سەرۆکی حکوومەت یێنس ئێستۆلتێنبێرگ
ڕووبەر
 -  ٣٨٥٬٢٥٢ کیلۆمەتری چوارگۆشە (٦١)
١٤٨٬٧٤٧ مایلی چوارگۆشە 
ژمارەی دانیشتوان
 -  بەراوردی ٢٠١٠ ٤,٩٦٢,٧٠٠ (١١٦)
لایەنی لێخوڕین ڕاست
پاوانی ئینتەرنێت ‪.no

نۆرویژ یەکێکە لە وڵاتە ئەوروپییە سکاندیناڤییەکان ئەکەوێتە باکووری کیشوەرەکەوە. نۆرویژ سنووری ھەیە لەگەڵ ھەریەک لە سوید فینلاند ڕووسیا و سنووری دەریایی لەگەڵ ھەریەک لە وڵاتانی دانمارک و بریتانیادا ھەیە. نۆرویژ بە باشترین وڵات دادەنرێ لە بژێوی ژیاندا.

کورتەیەک لەبارەی مێژوی نەرویژ[دەستکاری]

ئێمە بە دەورەی نێوان ساڵی 800 و 1050ی پاش‌-زایین دەڵێین دەورەی ڤایکینگ. لە سەرەتای دەورەی ڤایکینگ دا، نەوریژ وڵاتێکی یەکگرتوو نەبوو، بەڵکوو لە چەندین پاشایەتی بچووک پێکهاتبوو. لە ساڵی 872 هاراڵد فەیرهەیر (Harald Hårfagre) بوو بە شای بەشێکی زۆر لە نەوریژ. زۆرێک لە ڤایکینگەکان سەفەریان کرد بۆ وڵاتانی تر. هەندێ لە ڤایکینگەکان بازرگان بوون و کالایان دەکڕی و دەفرۆشت، بەڵام ئەوانی تر جەنگاوەر بوون کە خەریکی تاڵان و کوشتن بوون. ئەمڕۆ، کاتێ ئێمە باسی ڤایکینگەکان دەکەین زیاتر دەکەوینە بیری جەنگاوەرەکان. لە سەدەی 11یەم دا ئایینی مەسیحی هاتە نێو وڵاتی نەرویژ و جێگەی باوەڕە ئایینیە کۆنەکانی نۆرس (Norse)ی گرتەوە.

یەکگرتنی دانیمارک و نەرویژ

لە ساڵانی 1300 دا، ڕۆژ لەگەڵ رۆژ کاریگەریی دانیمارک لەسەر نەرویژ زۆرتر دەبوو، لە 1397، نەوریژ ڕەسمەن لەگەڵ دانیمارک و سوید یەکی گرتبوەوە. ئەم یەکێتیە لەلایەن شایەکی هاوبەشەوە ئیدارە دەکرا. سوید بەرەبەرە لەم یەکێتیە جیا بووەوە، بەڵام دانیمارک و نەرویژ هەتا 1814 بە یەکگرتوویی مانەوە. دانیمارک حاکمی ئەم یەکێتیە بوو. کۆپنهاگن ناوەندی فەرهەنگیی ئەم یەکێتیە بوو و نەرویژییەکان بە زمانی دانیمارکی دەیانخوێند و دەیاننووسی. جووتیارانی نەوریژی باجیان دەدا بە شای کۆپنهاگن.

لەناوچوونی یەکێتی و دروستبوونی یەکێتی ی نوێ

سالی 1814 ساڵێکی گرنگە لە مێژووی نەرویژ دا. لە 17ی مەی ئەم ساڵە دا نەرویژ بوو بە خاوەنی یاسای بنەڕەتی (دەستوور)ی خۆی. لە سەرەتای ساڵانی 1800 دا چەندین جەنگ لە ئەورووپا ڕووی دا. یەکێک لەوانە جەنگێکی گەورە بوو لە نێوان ئینگلیس و فەرەنسا. دانیمارک/نەرویژ لایەنی فەرەنسای گرت و، کاتێ کە فەرەنسا جەنگەکەی دۆڕاند، شای دانیمارک ناچار کرا نەرویژ ڕادەستی سوید بکا، کە لایەنگری ئینگلیس بوو. یەکێتی نێوان دانیمارک و نەرویژ لە 1814 لە ناو چوو. هەندێ لە نەرویژییەکان هیوادار بوون کە دوای لەناوچوونی ئەم یەکێتیە نەرویژ ببێ بە نەتەوەیەکی سەربەخۆ. گرووپێک لە پیاوانی پێشەنگ لە ئەیدسڤۆڵ (Eidsvoll)، لە ناوچەی ئاکێرشووس (Akershus)، کۆ بوونەوە. ئەوان لە پاڵی هەوڵەکانی تر دا، یاسای بنەڕەتی‌یان دانا بۆ نەرویژێکی سەربەخۆ. بەڵام، نەرویژ ناچار کرا لەگەڵ سوید یەک بگرێ و لە نۆڤەمبەری 1814، یەکێتی نێوان ئەم دوو وڵاتە بوو بە ڕاست. یەکێتی لەگەڵ سوید لاوازتر لە یەکێتی پێشوو لەگەڵ دانیمار بوو. بە نەرویژ ڕێگە درا کە یاسای بنەڕەتی خۆی (بە هەندێ گۆڕانکارییەوە) بە کار بێنێ و خۆی بەڕێوە ببا. سوید سیاسەتی دەرەوەی دیاری دەکرد و شای هەردوو وڵات سویدی بوو.

خۆشەویستی نیشتمان و ناسنامەی نەرویژی

نزیک بە نیوەی سەدەی 19، بزۆتنەوەیەکی نوێ لە بواری هونەر و فەرهەنگ دا سەری هەڵدا، کە ئێمە پێی دەڵێین بزۆتنەوەی خۆشەویستیی نیشتمان. بەشێکی گرنگ لەم بزۆتنەوە لەسەر کاراکتری نیشتمانی و گەورەکردنەوە و رازاندنەوەی ئەم کاراکترە تەئکیدی دەکرد. لە نەرویژ، زیاتر تەئکید لەسەر جوانیی سروشتی نیشتمان بوو. کۆمەڵگای جووتیاران وەکوو “نموونەی نەرویژی‌بوون” سەیر دەکرا. خۆشەویستیی نیشتمان لە ئەدەبیات، هونەرە دیدارییەکان و مووزیک دا خۆی دەنواند. لەم ماوە دا، نەرویژییەکان هەستێکی مەزنتریان بەرانبەر بە ناسنامەی نیشتمانیی خۆیان هەبوو. زۆرێکیان شانازییان بە نەرویژی‌بوونی خۆیان دەکرد، وە لە ئاکامی ئەمە دا، مەیلی ئەوان بۆ سەربەخۆبوونی وڵات زیاتر بوو. دوای ئەوەی کە نەرویژ چەند سەدە لەگەڵ دانیمارک یەکی گرتبوو، زمانی نووسینی نەرویژ دانیمارکی بوو. ئەو زمانی نووسینە کە ئێستا پێی دەڵێین بۆکمال (bokmål) نموونەیەکی پێشکەوتووی ئەم زمانەیە. لە دەورانی بزۆتنەوەی خۆشەویستیی نیشتمان دا، زۆرکەس پێیان وابوو کە نەرویژییەکان دەبێ زمانی نووسینی تایبەت بە خۆیان هەبێ کە لەسەر زمانی دانیمارکی نەبێ. لەبەر ئەمە، زمانەوان ئیڤار ئاسێن (Ivar Aasen) (1813 تا 1896) بە سەرانسەری وڵات دا سەفەری کرد و نموونەی شێوەزارە جیاجیاکانی کۆ کردەوە. ئەو ئەم نموونانەی بە کار هێنا بۆ دروستکردنی زمانێکی نووسینی نوێ بە ناوی نینۆرسک (nynorsk) (واتە سویدیی نوێ). لە 1800ـەوە تا ئێستا هەردوو شێوەزاری نینۆرسک و بۆکمال تا ڕادەیەکی زۆر پێشکەوتوون، بەڵام لە نەرویژ هێشتا دوو شێوەزاری ڕەسمی لە زمانی نەرویژی هەیە، جگە لە شێوەزارەکانی سامی (Sami) و کڤێن (Kven (kvensk)).

نەرویژی ئەمڕۆ

دوای تەواوبوونی جەنگ، وڵات پێویستی بە بنیادنانەوەی هەبوو. تا ڕادەیەکی زۆر کالا کەم بوو و خانووی کافی بۆ خەڵک نەبوو. بۆ بنیادنانەوەی وڵات بە زووترین کات پێویست بە هاوکاریی و یەکڕێزی هەبوو. حکوومەت هەندێ ڕێسای سەخت و توندی دانا بۆ ئابووری و سەرفکردن (ئیستهلاک). ماوەیەکی کورت دوای جەنگ ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان (UN) دامەزرا. ئامانجی سەرەکی نەتەوە یەگرتووەکان ئەوە بوو کە پەرە بدا بە ئاشتی و دادوەری لە سەرانسەری جیهان. نەرویژ یەکێک بوو لە یەکەمین وڵاتان کە لە نۆڤەمبەری 1945 بوو بە ئەندامی ئەم ڕێکخراوە. ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا پێشنیاری یارمەتیی دارایی دا بۆ پشتیوانیکردن لە بنیادنانەوەی وڵاتانی ئەورووپا لە دوای جەنگ. ئەم یارمەتیە ئابوورییە بە ناوی “پلانی مارشاڵ” ناسراو بوو وە داخوازییە ئابووری و سیاسیەکانی وڵاتانی وەرگری ئەم یارمەتیەی لە خۆ دەگرت. نەرویژ نزیکەی سێ میلیارد کرۆن یارمەتی وەرگرت. لە 1949، نەرویژ و یازدە وڵاتی تر “پەیماننامەی ئاتلانتیکی باکوور”یان واژۆ کرد. ئەمە بوو بە هۆی دامەزرانی ڕێکخراوی بەرگریی ئاتلانتیکی باکوور، ناتۆ. پەیوەندیی نزیکی نێوان ڕۆژاوای ئەورووپا و ویلایەتە یەکگرتووەکان هەتا ئەمڕۆ بەردەوامە. ئابووریی نەرویژ لە ساڵانی 1950 و 1960 دا تەقریبەن بەهێز بوو و حکوومەت چەندین چاکسازی ئەنجام دا بۆ ئەوەی چۆنایەتی ژیانی دانیشتوانی ئەم وڵاتە باشتر بکا. لە ساڵانی 1960 دا، چەند کۆمپانیا ویستیان لە دەریاکانی نەرویژ دا بیر هەڵکەنن بۆ بەرهەمهێنانی نەوت و گاز. هەروەکوو پرۆژەکانی کارەبایی ئاویی 50 ساڵ لەوەوپێش، سەرچاوەکانی نەوت لە ژێر خاوەنیەتی حکوومەت دا بوو، بەڵام ڕێگە درا بە کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەت بۆ ئەوەی لە هەندێ شوێنی دیاریکراو بۆ ماوەیەکی دیاریکراو بگەڕن بۆ نەوت، بیر هەڵکەنن و نەوت هەڵگۆزن. یەکەمجار لە 1969 لە دەریای باکوور نەوت دۆزرایەوە و، لەو کاتەوە، نەوریژ بووە بە وڵاتێکی خاوەن نەوت. ئەمڕۆ، نەرویژ یەکێکە لەو وڵاتانەی جیهان کە زۆرترین ڕێژەی نەوت هەناردە دەکەن وە پیشەسازیی نەوت کاریگەرییەکی گرنگی لەسەر ئابووریی نەرویژ هەیە. هەروەها، بزۆتنەوە جەماوەرییە مەزنەکان کاریگەرییەکی زۆریان لەسەر پێشکەوتنی نەرویژی ئەمڕۆ هەبووە. بە تایبەت بزۆتنەوەکانی یەکیەتیەکانی کرێکاران و بزۆتنەوەکانی ژنان دەورێکی مەزن‌یان هەبووە. پێشینەی بزۆتنەوە کرێکارییەکان لە نەرویژ دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی 1600، بەڵام لە ساڵانی 1880 دا لەگەڵ زۆرتربوونی کارەکانی بواری پێشەسازی ئەم بزۆتنانە زیاتر ڕێکخران. لە ساڵانی 1920 دا ئەم بزۆتنەوە هێز و کاریگەرییەی زۆرتری هەبوو. بزۆتنەوەی کرێکاری خەباتی کردووە بۆ باشترکردنی ژیانی کرێکاران، لەوانە کەمکردنەوەی ماوەی کارکردن لە ڕۆژ دا، باشترکردنی سەلامەتی شوێنی کار، بیمەی تەندروستی و مافی وەرگرتنی یارمەتیی دارایی لە کاتی بێکاری. بزۆتنەوەی ژنان خەباتی کردووە بۆ مافەکانی ژنان لە نێو کۆمەڵگا، یەکسانی نێوان ڕەگەزەکان و دەرفەتی یەکسان بۆ پیاو و ژن. مافی جیابوونەوە، مافی کۆنترۆڵی منداڵبوون، مافی لەباربردن و مافی ژنان بۆ بڕیاردان لەبارەی لەشی خۆیان هۆکارە سەرەکیەکانی دروستبوونی بزۆتنەوەی ژنان بوونە. ئەمڕۆ، پیاو و ژن مافی یەکسانیان هەیە بۆ خوێندن و کار، مڵک و ماڵ و میرات، دەرمان و چاودێریی تەندروستی.

جوگرافیا[دەستکاری]

جوگرافیا

بەشەکانی وڵات

نەرویژ کراوە بە پێنج بەش: باکوور، ترۆندێلاگ (Trøndelag)، ڕۆژئاوا، باشوور و ڕۆژهەڵات.

ناحیەکان

نەرویژ 19 ناحیەی هەیە.

فینمارک، ترۆمس و نۆردلاند لە هەرێمی باکوور هەڵکەوتوون.

نۆرد-ترۆندێلاگ و سۆر-ترۆندێلاگ لە هەرێمی ترۆندێلاگ هەڵکەوتوون.

مۆر ئۆگ رۆمسدال، سۆگن ئۆگ فیۆردانە، هۆردالاند و رۆگالاند لە هەرێمی ڕۆژئاوا هەڵکەوتوون.

ڤێست-ئاگدێر و ئاوست ئاگدێر لە هەرێمی باشوور هەڵکەوتوون.

تێلێمارک، بوسکێروند، ڤێستفۆڵد، ئاکێرشووس، ئۆسلۆ، ئۆستفۆڵد، هێدمارک و ئۆلاند لە هەرێمی ڕۆژهەڵات هەڵکەوتوون.

شارەکان

نەرویژ نزیک بە 100 شاری هەیە.

ئەمانەی خوارەوە گەورەترین شارەکانی نەرویژن (بە گوێرەی سەرژمێریی (2014):

ئۆسلۆ (نزیکەی 634000 کەس)
بێرگێن (نزیکەی 272000 کەس)
ترۆندهەیم (نزیکەی 182000 کەس)
ستاڤانگێر (نزیکەی 130000 کەس)
کریستیانساند (نزیکەی 86000 کەس)
فرێدریکستاد (نزیکەی 78000 کەس
ترۆمسۆ (نزیکی 72000 کەس)
ساندنێس (نزیکەی 72000 کەس)
دراممێن (نزیکەی 66000 کەس)
سارپسبۆرگ (نزیکەی 54000 کەس)

ڕاستیە جوگرافییەکانی تر

* بەرزترین کێوی نەرویژ ناوی گالدهۆپیگگێن (Galdhøpiggen)ـە. 2469 میتر بەرزە. نزیکەی نیوەی ڕووبەری وڵاتی نەرویژ شاخاوی و کێوسانە.
*   گەورەترین دەریاچەی نەرویژ ناوی میۆسا (Mjøsa) یە.
*   درێژترین ڕووباری نەرویژ گلۆمما (Glomma) یە. 611 کیلۆمیتر درێژە.
*   چەندین ئاودۆڵ (fjord) لە کەناری دەریا دا هەن، کە درێژترینی ئەوان سۆنگەفیۆرد (Sognefjord) ـە. ئەم ئاودۆڵە 204 کیلۆمیتر درێژە و لە     قووڵترین شوێن دا 1308 میتر کوورە.


کەش‌وهەوا[دەستکاری]

ەرویژ چوار وەرزی هەیە: بەهار، هاوین، پاییز و زستان.

کەش‌وهەوای نەرویژ لە ناوچێکەوە بۆ ناوچێکی تر جیاوازە. هەروەها لە نێو یەک ناوچەیش دا جیاوازی زۆر هەیە و ڕەنگە هەموو ساڵێک تا ڕادەیەکی بەرچاو بگۆڕێ. بەگشتی، ناوچەکانی کەنار دەریا زستانی ئارام و بەفری کەمیان هەیە، بەڵام ناوچەکانی ناوەوەی وڵات زستانی سارد و بەفری زۆریان هەیە. لە لایەکی ترەوە، هاوینی ئەم ناوچانە زۆرجار گەم و وشکە. لە هرێمی ڕۆژئاوای نەرویژ زۆرتر لە هەرێمی ڕۆژهەڵات باران دەبارێ.

لە ناوچەکانی کەناردەریا زۆربەی کات، بە تایبەت لە وەرزی پاییز، با دێ.

هەروەها ڕێژەی ڕووناکی ڕۆژ تا ڕادەیەکی زۆر لە نێوان ناوچەکانی باکوور و باشوو دا جیاوازە. لە وەرزی زستان، هەرچەندە لە باکوور نزیک دەبیتەوە، ڕۆژ کورتترە. لە هاممێرفێست، کە باکووریترین شاری ئەورووپایە لەسەر خاکی ئەسڵیی نەرویژ، لە وەرزی زستان تاریکترین کاتی ساڵ نزیکەی دوو مانگ درێژەی هەیە. لەم ماوە دا، هیچ خۆرەتاوێک نییە. بەڵام لە هاوین دا پێچەوانەی ئەمە ڕوو دەدا، و لە نیوەی شەو دا خۆرەتاوە!

لە باشووری وڵات، هەروەها جیاوازی زۆر هەیە لە نێوان ڕۆژەکانی زستان و هاوین دا. بەڵام لە ناوچەکانی باشوور هەرگیز شەوی سەرجەمی یان خۆرەتاوی نیوەشەو ڕوو نادا.


دانیشتوان[دەستکاری]

بەپێی ئامارەکانی ساڵی ٢٠١٤ ژمارەی دانیشتوانی وڵاتی نۆروێژ ٥,٠٩١,٩٢٤ کەس بووە کە دەکاتە ٠.٠٧ لەسەدی ڕێژەی خەڵکی جیھان. تەمەنی مام‌ناوەندی خەڵکی ئەم وڵاتە ٣٩.١ ساڵە. ھەروەھا ٨٠ لەسەدی دانیشتوانی ئەم وڵاتە لە شارەکان دەژین.[١]

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  1. Countries in the world (ranked by ٢٠١٤ population)(ئینگلیسی). ماڵپەڕی Worldometers. سەردان لە ڕێکەوتی ‏١٥ی ئایاری ٢٠١٥.