بۆ ناوەڕۆک بازبدە

ھەسارە

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
Mercury Venus
Earth Mars
Jupiter Saturn
Uranus Neptune
ھەشت ھەسارەکەی کۆمەڵەی خۆر
عەتارد، زوھرە، زەوی، و بارام
  • ھەسارە زەبەلاحەکان
موشتەری و کەیوان (گازیەکان)
ئورانوس و نێپتۆن (ساردەکان)
ھەسارەی کۆمەڵەی خۆری عەتارد، زووھرە، زەوی، و بارام
ھەموو ھەسارەکان بەرامبەر خۆر

ھەسارە یان ئەستێرەی گەڕۆک (بە ئینگلیزی: Planet) تەنێکە بە دەوری ئەستێرەیەکدا دەگەڕێت و لە خۆیەوە ڕووناکیی نییە. لە کۆمەڵەی خۆردا چەند ھەسارەیەک ھەیە وەکوو: بارام، زەوی و ھتد.

ھێمای ھەسارەکان لە ٢٠٠٦- ئێستا
١
زاوە
☿
٢
ڤینۆس
♀
٣
زەوی
🜨
٤
بارام
♂
٥
ھورمز
♃
٦
کەیوان
♄
٧
ئورانوس
♅
٨
نێپتۆن
♆

پەتلیمۆس وا بیری دەکردەوە کە ھەسارەی زەوی چەقی گەردوونە و ھەموو ھەسارەکان لە خولگەیەکی بازنەییدا بە دەوریدا دەخولێنەوە. سەرەڕای ئەوەی کە بیرۆکەی چەقێتیی خۆر چەندین جار خرایەڕوو، بەڵام تا سەدەی حەڤدەھەم بە بەڵگەی زانستی نەسەلمێندرا، کاتێک زانای ئیتاڵی گالیلێو گالیلەی توانی کۆمەڵەی خۆر لە ڕێگەی ئەو تەلیسکۆپە فەلەکییەی کە داھێنی کردبوو، ببینێت. ھەروەھا زانای ئەڵمانی یۆھانس کێپلەر دوای شیکردنەوە وردەکانی بۆ داتاکانی چاودێریی فەلەکی سەلماندی کە خولگەی ھەسارەکان ھێلکەیین نەک بازنەیی. لەگەڵ پێشکەوتنی ئامێرەکانی چاودێری، زانایانی فەلەکناسی بۆیان دەرکەوت کە ھەموو ھەسارەکان، بە ھەسارەی زەویشەوە، بە دەوری تەوەری خۆیاندا دەخولێنەوە بەڵام بە لارییەکی کەم، و ھەندێکیان تایبەتمەندیی ھاوبەشیان ھەیە، وەک دروستبوونی سەھۆڵ لەسەر جەمسەرەکانیان و تێپەڕبوونیان بە چەندین وەرزدا لە یەک ساڵدا. لەگەڵ دەستپێکی سەردەمی بۆشایی ئاسمان، مرۆڤ دوای پشکنینی نموونەی خاکی ھەسارەکان لە ڕێگەی ئامێرەکانی «مسبار»ی بۆشایی ئاسمانەوە، چەندین تایبەتمەندیی ھاوبەشی لەنێوان ھەسارەی زەوی و ھەسارەکانی تردا دۆزییەوە، وەک سروشتی گڕکانی و بوونی زریان و تەکتۆنیک (پرۆسەی شێواندن کە شێوەی توێکڵی زەوی دەگۆڕێت و کیشوەر و چیاکان دروست دەکات) و تەنانەت ھایدرۆلۆجیاش. لە ساڵی ١٩٩٢ەوە، دوای دۆزینەوەی سەدان ھەسارە لە دەرەوەی کۆمەڵەی خۆر (واتە بە دەوری ئەستێرەی تردا دەخولێنەوە)، زانایان بۆیان دەرکەوت کە ھەموو ھەسارەکانی ناو گەلەستێرەی کاکێشان چەندین تایبەتمەندیی ھاوبەشیان لەگەڵ ھەسارەی زەویدا ھەیە.

ھەسارەکان بە شێوەیەکی گشتی دابەش دەبن بۆ دوو جۆری سەرەکی: ھەسارە گەورەکان، کە ھەسارەی زەبەلاحن و لە گازی کەم چڕی پێکھاتوون، و ھەسارە بچووکترەکان کە سروشتێکی بەردینیان ھەیە، وەک ھەسارەی زەوی. بەپێی پێناسەکانی یەکێتیی فەلەکناسیی نێونەتەوەیی، کۆمەڵەی خۆر لە ھەشت ھەسارە پێکدێت. ڕیزبەندیی ئەم ھەسارانە بەپێی دوورییان لە خۆرەوە بە چوار ھەسارە بەردینییەکە دەست پێدەکات: عەتارد، زووھرە، زەوی و بارام، پاشان ھەسارە گازییە زەبەلاحەکان: موشتەری، کەیوان، ئۆرانوس و نیپتۆن. ھەروەھا کۆمەڵەی خۆر پێنج ھەسارەی قەزەمی تێدایە کە ئەمانەن: سێریس و پلووتۆ (کە پێشتر وەک نۆیەمین ھەسارەی کۆمەڵەی خۆر پۆلێن کرابوو) و میکمیک و ھاومیا و ئیریس. بە دەوری ھەریەک لەو ھەسارانەدا مانگێک یان زیاتر دەخولێتەوە جگە لە عەتارد و زوھرە و سێریس و میکمیک.[١]

تا مانگی ئازاری ٢٠٠٩ ژمارەی ھەسارە دۆزراوەکانی دەرەوەی کۆمەڵەی خۆر گەیشتە ٣٤٤ ھەسارە و لە قەبارە و سروشتدا جیاوازن لە ھەسارە گازییە زەبەلاحەکانەوە تا ھەسارە بچووکە بەردینەکان. ھەسارەکان کاتێک شەوان دەیانبینین وا دەردەکەون کە ڕووناکی دەردەدەن، بەڵام لە ڕاستیدا ڕووناکی خۆر دەدەنەوە و وا دەردەکەون کە ڕووناکن.[٢]

چەندین ھەزار ھەسارە لە دەوری ئەستێرەکانی تر دۆزراونەتەوە («ھەسارەکانی دەرەوەی کۆمەڵەی خۆر»یان «ھەسارە دەرەکییەکان») لە کاکێشاندا.[٣]

لە ٢٠ی کانوونی یەکەمی ٢٠١١، تیمی تەلیسکۆپی بۆشاییی ئاسمانیی کێپلەر دۆزینەوەی یەکەم ھەسارەی دەرەوەی کۆمەڵەی خۆریان بە قەبارەی زەوی ڕاگەیاند، کێپلەر-٢٠e و کێپلەر-٢٠f، کە بە دەوری ئەستێرەیەکی ھاوشێوەی خۆردا دەخولێنەوە، کێپلەر-٢٠.[٤] توێژینەوەیەک لە ساڵی ٢٠١٢ کە شیکاریی داتاکانی مایکرۆلێنزینگی کێشکردنی دەکرد، ئاماژەی بەوەدا کە بە تێکڕا لایەنی کەم ١٫٦ ھەسارە بە ھەر ئەستێرەیەکەوە لە کاکێشاندا بەستراوەتەوە. وا بڕوا دەکرێت کە نزیکەی یەک لە ھەر پێنج ئەستێرەیەکی ھاوشێوەی خۆر، ھەسارەیەکی بە قەبارەی زەوی لە ناوچەی گونجاوی ژیاندا ھەبێت.[٥]

تا ١ی حوزەیرانی ٢٠١٩، ٤٬٠٧١ ھەسارەی دەرەوەی کۆمەڵەی خۆر لە ٣٬٠٤٣ سیستمی ھەسارەییدا دۆزراونەتەوە (لە نێویاندا ٦٥٩ سیستمی ھەسارەیی فرە)، کە قەبارەیان لە قەبارەی مانگەوە تا زەبەلاحی گازیی نزیکەی دوو ھێندەی قەبارەی ھەسارەی موشتەری دەگۆڕێت، زیاتر لە ١٠٠ ھەسارەیان بە ھەمان قەبارەی زەوی دۆزراونەتەوە، نۆیان لە ھەمان دووریی ڕێژەیی لە ئەستێرەکەیانەوەن وەک زەوی لە خۆرەوە، واتە لە ناوچەی گونجاوی ژیاندان.[٦]

ئەفسانە و ناونان

[دەستکاری]

ناوەکانی ھەسارەکان لە شارستانییەتی ڕۆژاواییدا لە ناوە نەریتییە ڕۆمانییەکانەوە وەرگیراون، کە لە بنەڕەتدا لە یۆنانی و بابلییەکانەوە وەرگیراون. لە شارستانییەتی یۆنانی کۆندا، دوو گەورەترین سەرچاوەی ڕووناکی، کە خۆر و مانگن، ناویان لێنرا «ھیلیۆس» و «سیلین» و ناویان لە دوورترین ھەسارە نا «فاینۆن» واتە «درەوشاوە» پاشان «فایسۆن» واتە «بریسکەدار»، بەڵام ھەسارە سوورەکەیان ناونا «پایرۆیس» واتە «ھەسارەی ئاگرین» و گەشترین ھەسارەشیان ناونا «فۆسفۆرۆس» واتە «ھێنەری ڕووناکی»، و کۆتا ھەسارەی مەلەوان لە بۆشایی فراواندا ناویان نا «ستیلبۆن» واتە «ھەسارەی بریسکەدار». یۆنانییەکان ھەروەھا ئەم ھەسارانەیان بە خواوەندەکانی چیاکانی ئۆڵۆمپی پیرۆزەوە بەستەوە، ناوی «ھیلیۆس» و «سیرین» لە دوو ھەسارە و دوو خواوەند نرا، بەڵام «فاینۆن» ناوێکی پیرۆز بوو و تەرخان کرابوو بۆ خواوەند «کرۆنۆس» کە یەکێکە لە جەبابیرەکان کە پێش خواوەندەکانی چیاکانی ئۆڵۆمپی پیرۆز حوکمی جیھانیان دەکرد وەک ئەفسانە کۆنەکان باسی دەکەن، و «فایسۆن» ناوێکی پیرۆز بوو بۆ خواوەند «زیووس»؛ کە کوڕی پاشا «کرۆنۆس»ە و لە حوکمی جیھاندا شوێنی گرتەوە، بەڵام «پایرۆیس» ناوێکی پیرۆز بوو بۆ خواوەند «ئارێس» کە کوڕی «زیووس» و لە ھەمان کاتدا خواوەندی جەنگ بوو، بەڵام «فۆسفۆرۆس» ناوێکی پیرۆز بوو بۆ خواوەند «ئەفرۆدیت» خواوەندی خۆشەویستی، و «ھێرمیس» پەیامبەری خواوەندەکان و خواوەندی زانست و ژیری، حاکمی ھەسارەی «ستیلبۆن» بوو.[٧] بابلییەکان پێش یۆنانییەکان کەوتن لە ناونانی ھەسارەکان بە ناوی خواوەندەکانیان. بابلییەکان ناوی «فۆسفۆرۆس»یان لەم ھەسارەیە نابوو وەک پیرۆزییەک بۆ ناوی خواوەندی خۆشەویستی لە بابل «عەشتار» و ناوی «پایرۆیس»یان لە ھەسارەکە نابوو بە ناوی خواوەندی جەنگ «نێرگال» و ناوی «ستیلبۆن»یان لە ھەسارەکە نابوو بە ناوی خواوەندی دانایی «نابو» و ناوی «فایسۆن»یان لە ھەسارەکە نابوو بە ناوی گەورەترین خواوەندیان «مەردۆخ».[٨] چەندین لێکچوون لەنێوان شێوازەکانی ناونانی ھەسارەکاندا ھەیە لەلای بابلی و یۆنانییەکان.[٩] سەرەڕای ئەوەش، وەرگێڕانەکە وەک پێویست ورد نەبوو. بۆ نموونە، خواوەندی جەنگ لای بابلییەکان ناوی «نێرگال» بوو، بۆیە یۆنانییەکان ناویان لێنا «ئارێس». لەگەڵ ئەوەشدا، بە پێچەوانەی «ئارێس»ەوە، «نێرگال» ھەروەھا خواوەندی خراپە و دۆزەخیش بوو.[١٠] لە ئێستادا، زۆربەی خەڵکی جیھانی ڕۆژاوا ھەسارەکان بە ناوەکانیانەوە دەناسن کە لە ناوی خواوەندەکانی چیاکانی ئۆڵۆمپی یۆنانییەوە وەرگیراون. لە کاتێکدا کە یۆنانییەکان ھێشتا ناوە یۆنانییە کۆنەکان بۆ ھەسارەکان بەکاردەھێنن، زۆربەی گەلانی تری ئەورووپا ناوە ڕۆمانییەکان (یان لاتینییەکان) بەکاردەھێنن، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ کاریگەریی ئیمپراتۆرییەتیی ڕۆمانی و دواتر کڵێسای کاسۆلیکی بەسەر ئەم گەلانەوە. ڕۆمان و یۆنانییەکان لە بنەچەیەکی ھیندی-ئەورووپییەوە ھاتوون، و ھەمان خواوەندیان بە ناوەکانی جیاوازەوە دەپەرست، بەڵام ڕۆمانەکان ئەو داھێنانە ئەدەبی و چیرۆکییەیان نەبوو کە ئەدیبەکانی یۆنان بەسەر خواوەندەکانیاندا دایانھێنابوو.[١١] لە قۆناغی کۆتایی شارستانییەتی ڕۆمانیی کۆندا، چەندین نووسەری ڕۆمانی لە داھێنەرە یۆنانییەکان چیرۆکە مێژوویییەکانیان وەرگرت و بەسەر خواوەندەکانی خۆیاندا جێبەجێیان کرد، تا کار گەیشتە ئەوەی کە ئەم ناوانە و ئەوانە تێکەڵ بوون.[١٢] کاتێک ڕۆمانەکان زانستی فەلەکناسیی یۆنانییان خوێند، ھەسارەکانیان بە ناوی خواوەندەکانی خۆیانەوە ناونا: ناوی مێرکوری (ئەفسانە)یان لە «ھێرمیس» نا و ڤینوسیان لە «ئەفرۆدیت» نا و مارسیان (ئەفسانە) لە «ئارێس» نا و جوپیتەریان لە «زیووس» نا و ساتورنیان (ئەفسانە) لە «کرۆنۆس» نا.[١٣]

دوای دۆزینەوەی ھەسارەکانی تر لە سەدەی ھەژدە و نۆزدەھەمدا، بە ھەمان شێوە ناونران؛ ناوی «یۆرانوس»یان لە جیاتی «ئۆرانوس» و «نیپتونوس»یان لە جیاتی «پۆسایدۆن» بەکارھێنا. ھەندێک لە ڕۆمانەکان پێیان وابوو کە ئەو حەوت خواوەندەی کە ناوی ھەسارەکانیان لێنرابوو، بە نۆرە چاودێریی کاروباری دونیایان دەکرد، کە ئەمە بیروباوەڕێکی کۆنە و ڕەنگە لە شارستانییەتی بابلیی کۆندا سەریھەڵدابێت بەڵام لە میسری یۆنانیدا پەرەی سەندبێت.[١٤] ئەم نۆرەگرتنە بە بڕوای ئەوان بە کەیوان دەستی پێدەکرد پاشان موشتەری پاشان بارام پاشان خۆر پاشان زووھرە پاشان عەتارد و لە کۆتاییدا مانگ (ئەم ڕیزبەندییە لە دوورترینەوە بۆ نزیکترینە).[١٥] بۆیە، ڕۆژی یەکەم بە کەیوان دەستی پێدەکرد (کاتژمێری یەکەم) و ڕۆژی دووەم بە خۆر (کاتژمێری بیست و پێنجەم) و ڕۆژی سێیەم بە مانگ (کاتژمێری چل و نۆیەم) پاشان بارام پاشان عەتارد پاشان موشتەری و لە کۆتاییدا زووھرە. بەھۆی ناونانی ھەر ڕۆژێک بە ناوی ئەو خواوەندەی کە پێی دەست پێدەکات، ئەمە ھەروەھا ڕیزبەندیی ڕۆژەکانی ھەفتەیە بەپێی ڕۆژژمێری ڕۆمانی و دوای ڕەتکردنەوەی ڕۆژژمێری ڕۆمانی ھێشتا ئەم ناونانە لە زۆربەی زمانە نوێیەکاندا نەگۆڕاوە.[١٦] بۆ نموونە: Sunday (یەکشەممە) و Monday (دووشەممە) و Saturday (شەممە) وەرگێڕانی ڕاستەوخۆی ناوە ڕۆمانییەکانن.[١٧]

ھەسارەی زەوی تاکە ھەسارەیە کە ناوەکەی لە ڕۆم و یۆنانیی کۆنەوە وەرنەگیراوە؛ ھێشتا چەندین زمانی ڕۆمانی وشەی کۆنی ڕۆمانیی «تێرا» بە واتای زەوی بەکاردەھێنن (یان وشەیەکی لێوە وەرگیراو) کە لە کۆندا بە واتای وشکانی بەکاردەھات (وشەیەکی دژ بە وشەی دەریا).[١٨] کەلتوورە نا-ئەوروپییەکان سیستمی تریان بۆ ناونانی ھەسارەکان بەکاردەھێنا. بۆ نموونە ھیندستان سیستمێکی ناونان بەکاردەھێنێت کە پشتی بە ڕۆژژمێری «ناڤاجراھا»ی ھیندیی ڕەسەن بەستووە، و تێیدا بە خۆر دەوترێت «سوریا» و بە مانگ «چاندرا» و بە عەتارد «بودھا» و بە زوھرە «شوکرا» و بە بارام «مانجالا» و بە موشتەری «براسپاتی» و بە کەیوان دەوترێت «شانی».[١٩] ھەروەھا گرێ مانگییەکانی سەرکەوتوو و داکەوتوو کە بە دیاردەکانی مانگگیران و خۆرگیرانەوە بەستراونەتەوە، ناونراون «ڕاھو» و «کیتو». بەڵام چین و وڵاتانی ڕۆژھەڵاتی ئاسیا کە لەژێر کاریگەریی شارستانییەتی چینیدا بوون (وەک ژاپۆن و کۆریا و ڤێتنام)، سیستمێکیان بەکارھێناوە کە پشتی بە پێنج توخمە چینییەکە بەستووە: ئاو (عەتارد) و کانزا (زووھرە) و ئاگر (بارام) و دار (موشتەری) و زەوی (کەیوان).[٢٠]

دروستبوونی ھەسارەکان

[دەستکاری]
دروستبوونی هەسارەکان
دیسکێکی ھەسارە سەرەتاییەکان

بە وردی نازانرێت ھەسارەکان چۆن دروست بوون. بیردۆزە باوەکە ئەوەیە کە ئەو ھەسارانە لە ئەنجامی داڕمانی ھەورێکی گازییەوە بۆ قەراغێکی تەنک کە لە گاز و تۆز پێکھاتووە، دروست بوون. ئەو بیردۆزە وا دادەنێت کە ئەو ھەورە لە ئەستێرەیەکی سەرەتایی لە چەقدا پێکھاتووە کە بە قەراغەکانی ھەسارە سەرەتاییە خولاوەکان دەورە دراوە.[٢١] لەرێگەی داینامیکی شلەمەنییە فیزیا-ئەستێرەناسییەکانەوە (پرۆسەی پێکدادانی لینج)، گەردیلەکانی تۆز لە قەراغەکەدا بەردەوام کەڵەکە دەبن بۆ پێکھێنانی بارستەیەکی گەورەتر لە ھەر کاتێکی تر. چەندین گەردیلەی تۆز لەم قەراغەدا کەڵەکە بوون و تەنی ئاسمانیی زۆر گەورەیان پێکھێنا. [٢٢] لە ئەنجامی چڕبوونەوە ناوچەییەکانەوە، بارستاییگەلێک دروست بوون کە بە «ھەسارە کۆرپەلەییەکان» ناسراون، و ئەو ھەسارە زۆر بچووکانە یارمەتیی خێراکردنی پرۆسەی کەڵەکەبوونیان دا لە ڕێگەی ڕاکێشانی چەندین ماددەی ترەوە بەھۆی ھێزی کێشکردنی ناوەندییەوە کە لە خولانەوەوە دروست دەبێت.[٢٣] چڕیی ئەو چڕبوونەوانە زیادی کرد تا لە ناوەوەی خۆیاندا بەھۆی ھێزی کێشکردنەوە تەقینەوە و ئەو ھەسارە سەرەتاییانەیان پێکھێنا. [٢٤] دوای ئەوەی ھەسارەیەک دەگاتە تیرەیەکی گەورەتر لە تیرەی مانگی سەر بە زەوی، دەست دەکات بە کۆکردنەوەی بەرگەھەوایەکی فراوان؛ کە دەبێتە ھۆی زیادبوونی توانای بۆ ڕاکێشانی ھەسارە بچووکەکان لە ڕێگەی ھێزی بەرگریی بەرگەھەواکەوە. [٢٥]

کاتێک ئەستێرە سەرەتاییەکە گەورە دەبێت تا دەگاتە پلەی داگیرسان بۆ ئەوەی ببێتە ئەستێرەیەکی ڕاستەقینە، قەراغە ماوەکەی ناوی بۆ دەرەوە فڕێ دەدات بەھۆی ھەڵمبوونی ڕووناکی و بای خۆری و کاریگەریی دیاردەی پۆینتینگ-ڕۆبێرتسۆن و چەندین ھۆکاری ترەوە.[٢٦] [٢٧] دوای ئەوە، لەوانەیە ھەندێک ھەسارەی سەرەتایی ھەبن کە ھێشتا بە دەوری ئەستێرەکەدا یان بە دەوری یەکتردا دەخولێنەوە، بەڵام بە تێپەڕبوونی کات پێکدادەدەن و یەک ھەسارەی گەورە پێکدەھێنن یان ماددە دەردەدەن کە لەلایەن ھەسارە سەرەتاییە گەورەکانی ترەوە یان ھەسارە تەواوبووەکانەوە ھەڵدەمژرێن. [٢٨] ئەو تەنانە گەشە دەکەن تا دەتوانن چەندین تەنی تر کە لە خولگەیاندایە ڕابکێشن تا دەگەنە شێوەی کۆتایی خۆیان وەک ھەسارەی تەواوبوو.[٢٩] لەم نێوەندەدا، ئەو ھەسارە سەرەتاییانەی کە نەتەقیوونەتەوە لەوانەیە ببنە مانگی سەر بە ھەسارەکانی تر لە ڕێگەی ھێزی کێشکردنی ناوەندییەوە یان بەردەوام بن لە خولانەوە لە پشتێنەی تەنەکانی تردا تا دەگەنە شێوەی کۆتایی خۆیان وەک ھەسارەی قەزەم یان تەنھا تەنی بچووک لە کۆمەڵەی خۆردا.[٣٠] بەڵام کاریگەرییە چالاکەکانی ھەسارە کۆرپەلەییەکان (و شیبوونەوەی تیشکی)، دەبنە ھۆی گەرمبوونی ئەو ھەسارە گەشەکردووە و دەبنە ھۆی توانەوەی بەشەکیی لایەنی کەم. بەشی ناوەوەی ھەسارەکە دەست دەکات بە گۆڕان تا چڕتر دەبێت. [٣١] کۆمەڵە ھەسارەییەکانی تر زۆربەی گازەکانیان بەھۆی ئەم کەڵەکەبوونەوە لەدەست دەدەن، بەڵام ئەم گازە لەدەستچووانە دەکرێت لە ڕێگەی ئەو گازانەی کە لە بەرگەھەواوە و لە کلکدارەکانی ترەوە دەردەچن، قەرەبوو بکرێنەوە. [٣٢] (بەڵام ھەسارە بچووکترەکان ھەر گازێک کە بەدەستی بھێنن بەھۆی ھەڵاتنی ئەو گازانەوە لەدەستی دەدەن). دوای دۆزینەوە و بەدواداچوونی چەندین سیستمی ھەسارەیی لە دەوری ئەستێرەکانی دەرەوەی کۆمەڵەی خۆرمان، ئەم شیکارییە بووەتە جێگەی پێداچوونەوە یان گۆڕانکاریی یەکجارەکی. [٣٣] لە ئێستادا، ئاستی کانزاییبوون (زاراوەیەکی فەلەکییە کە باس لە ڕادەی چڕیی توخمە کیمیاییەکان دەکات) کە ژمارەی گەردیلەیییان لە ٢ زیاترە، کە ژمارەی گەردیلەیی ھیلیۆمە، ئەوە دیاری دەکات کە ئایا ئەگەری بوونی ھەسارە بۆ ئەستێرەیەکی دیاریکراو ھەیە یان نا. [٣٤] بۆیە، ئەگەری بوونی سیستمێکی ھەسارەیی لە دەوری ئەستێرەیەکی دەوڵەمەند بە کانزا زیاترە لە ئەگەری بوونی سیستمێکی ھەسارەیی لە دەوری ئەستێرەیەکی ھەژار بە کانزا. [٣٥]

ڕێژەی گەڕەستێر لە گەلەستێرەی خۆمان

[دەستکاری]

لە تازەترین لێدوانەکانی فەلەکناسانی پسپۆڕانی لە بواری دۆزینەوەی ھەسارە دەرەکییەکان دەربارەی ھەسارەکانی دەرەوەی سیستەمی خۆردا ھاتووە کەوا دەرەنجامی لێکۆڵینەوەو ڕووماڵکردنەکان لە ڕێگای تەلەسکۆبی ئاسمانی کێپلەر ی زۆر پێشکەوتوودا ئاماژە بە بوونی نزیکەی ٥٠ ملیارد ھەسارە دەدات، نەوەک لە گەردووندا، بەڵکو تەنھا لە نێو خودی گەلەستێرەمان (ڕێی کاکێشان) و لەنێو گەردوونیشدا نزیکەی ٢٠٠ ملیارد گەلەستێرە ھەیەو نزیکەی ٥٠٠ ملیۆن لەو ھەسارانە دەکەونە شوێن و ناوچەی ناسراو بە (ناوچە گەرمییە مامناوەندییەکان)، واتە ڕووی ئەو ھەسارانە نە زۆر گەرمن یان زۆر ساردن و بەمەش ئەگەرەکانی بوونی ژیان تێیان دا بەدوور نازانرێت. ئەم لێدوانەی زانایان بە دۆزینەوە تازەکانی تەلەسکۆبی ئاسمانی کێپلەر ەوە پشت ئەستوور بووەو لەسەرووی ھەموو ئەو پسپۆڕانەش، سەرۆکی پڕۆسیسە زانستییەکانی تەلیسکۆپی ئاسمانی کێپلەر (ویلیام بوروکی) گوتوویەتی: «لە دەستپێکدا زانایان دەستیان کردبوو بە ئەژماردنی ئەو ھەسارانەی کە لە ساڵی یەکەمی گەڕان و ڕوماڵکردندا دۆزرابوونەوە، ئەوەش تەنھا لە ناوچەیەکی زۆر بچووکی دەستنیشانکراوی بۆشایی ئاسمانی نێو گەلەستێرەمان بوو، پاشان بەشێوەیەکی نزیککراوەیی یان پێشبینی بۆکراوی ئەگەری بوونی ھەسارەکان لەنێو تەواوی گەلەستێرەماندا ئەژمارکرا» تاوەکو ئێستا تەلەسکۆبی ئاسمانی کێپلەر ١٢٤٨ ھەسارەی دۆزیوەتەوە و٥٤ یان کەوتوونەتە نێو ناوچەی پلەی گەرمیی مامناوەندی. بەو پێیە ڕەنگە بە شێوەیەکی ڕێژەیی ھەر ئەستێرەیەک دوو ھەسارەی بە دەوردا بخولێتەوەو ڕەنگە ھەندێکیشیان زیاتر لە دوو ھەسارە بەدەوەریاندا بخولێنەوەو لە نێو خودی گەلەستێرەشماندا نزیکەی ١٠٠ ملیارد ئەستێرە ھەیە، بەڵام ھەندێکی دیکە ئەم ژمارەیە بۆ ٣٠٠ ملیارد ئەستێرە مەزەندە دەکەن. ھەردوو حاڵەت ڕاستی بیرو بۆچوونی فەلەکناسی ناوداری کۆچکردوو کارل سەیگن مان دێنێتەوە یاد کە بەر لە چەندین ساڵ پێشبینی بوونی چەندین ھەسارەو بگرە شێوازی جۆراوجۆری ژیان و جیھانی دیکەی جگە لە زەوی لە نێو گەلەستێرەو گەردووندا کردبوو و ئێستاش بەشێک لەو پێشبینیانەی ھاتوونەتە دی.

داتا و زانیارییەکانی ھەسارەکانی کۆمەڵەی خۆر

[دەستکاری]

داتا و زانیارییەکانی ھەسارەکانی کۆمەڵەی خۆر

تایبەتمەندی ھەسارەکان:

ناوی ھەسارە خولگەی تەواو بەرە خولگەی نیوە تیرەی بازنەیی (باڵانسی گەردوونی) خولگەی چەرخ (بە ساڵ) لاری لۆ ھێڵی یەکسانی لە ڕۆژەوە نا ناوەندی خولگەیی سوورانەوە بە دەوری تەوەری خۆی (بە ڕۆژ) ڕێژەی مانگەکان لە دەوری ھەسارە بازنە تەوشک جۆری ھەسارە
(زاوە) عەتارد ٠٬٣٨٢ ٠٬٠٦ ٠٬٣٩ ٠٬٢٤ ٣٬٣٨ ٠٬٢٠٦ ٥٨٬٦٤ نییە نییە ھەسارەی بەردین
ڤینوس ٠٬٩٤٩ ٠٬٨٢ ٠٬٧٢ ٠٬٦٢ ٣٬٨٦ ٠٬٠٠٧ ٢٤٣٬٢ نییە کاربۆن دووئۆکسید و نایترۆجین ھەسارەی بەردین
زەوی ١٬٠٠ ١٬٠٠ ١٬٠٠ ١٬٠٠ ٧٬٢٥ ٠٬٠١٧ ١٬٠٠ مانگ نییە ئۆکسجین و نایترۆجین ھەسارەی بەردین
مەریخ ٠٬٥٣٢ ٠٬١١ ١٬٥٢ ١٬٨٨ ٥٬٦٥ ٠٬٠٩٣ ١٬٠٣ ٢ نییە کاربۆن دووئۆکسید و نایترۆجین ھەسارەی بەردین
ھورمز ١١٬٢٠٩ ٣١٧٬٨ ٥٬٢٠ ١١٬٨٦ ٦٬٠٩ ٠٬٠٤٨ ٠٬٤١ ٤٩ ھەیتی ھایدرۆجین و ھیلیۆم ھەسارەی گازی
کەیوان ٩٬٤٤٩ ٩٥٬٢ ٩٬٥٤ ٢٩٬٤٦ ٥٬٥١ ٠٬٠٥٤ ٠٬٤٣ ٥٢ ھەیتی ھایدرۆجین و ھیلیۆم ھەسارەی گازی
ئورانوس ٤٬٠٠٧ ١٤٬٦ ١٩٬٢٢ ٨٤٬١ ٦٬٤٨ ٠٬٠٤٧ -٠٬٧٢ ٢٧ ھەیتی ھایدرۆجین و ھیلیۆم ھەسارەی گازی
نێپتۆن ٣٬٨٨٣ ١٧٬٢ ٣٠٬٠٦ ١٦٤٬٨ ٦٬٤٣ ٠٬٠٠٩ ٠٬٦٧ ١٣ ھەیتی ھایدرۆجین و ھیلیۆم ھەسارەی گازی

پێشانگا

[دەستکاری]

سەرچاوەکان

[دەستکاری]
  1. «How Many Solar System Planets". NASA/JPL Solar System Dynamics. Retrieved September 8, 2018.
  2. «Planet". The American Heritage Dictionary of the English Language. 2020.
  3. Schneider, Jean (January 16, 2013). «Interactive Extra-solar Planets Catalog". The Extrasolar Planets Encyclopaedia. Retrieved January 15, 2013.
  4. Clavin, Whitney; Chou, Felicia; Johnson, Michele (December 20, 2011). «NASA Discovers First Earth-size Planets Beyond Our Solar System". NASA. Retrieved December 20, 2011.
  5. Cassan, A. ; et al. (January 12, 2012). "One or more bound planets per Milky Way star from microlensing observations". Nature. 481 (7380): 167–169. arXiv:1202.0903. Bibcode:2012Natur.481..167C. doi:10.1038/nature10684. PMID 22237108.
  6. «Exoplanet and Candidate Statitics". Exoplanet Archive. Retrieved June 1, 2019.
  7. «Greek Names of the Planets". October 25, 2003. Retrieved July 14, 2012. The Greek names of the planets, and their meanings, are listed in the table. In addition to the names of the gods, the Greeks also gave the planets descriptive names.
  8. Santillana, Giorgio de (1961). Hamlet's Mill. Harvard University Press. p. 145. ISBN 978-0-87923-215-3.
  9. «Greek Names of the Planets". October 25, 2003. Retrieved July 14, 2012. The Greek names of the planets, and their meanings, are listed in the table. In addition to the names of the gods, the Greeks also gave the planets descriptive names.
  10. «Nergal". anuna.net. Retrieved July 14, 2012.
  11. «Mythology of the Planets". space.com. Retrieved July 14, 2012. The Romans, not a very imaginative people, adopted the gods and goddesses of the much more poetic Greeks and just gave them new names.
  12. «Mythology of the Planets". space.com. Retrieved July 14, 2012. The Romans, not a very imaginative people, adopted the gods and goddesses of the much more poetic Greeks and just gave them new names.
  13. «Planetary Linguistics". The->__Tools. Retrieved July 14, 2012.
  14. Campion, Nicholas (2009). The Dawn of Astrology. Continuum. pp. 173–174. ISBN 978-1-84725-214-2.
  15. Falk, Michael (1999). "Astronomical Names for the Days of the Week". Journal of the Royal Astronomical Society of Canada. 93: 122–133. Bibcode:1999JRASC..93..122F.
  16. Zerubavel, Eviatar (1989). The Seven Day Circle: The History and Meaning of the Week. University of Chicago Press. p. 24. ISBN 978-0-226-98165-9.
  17. «Days of the Week". The->__Tools. Retrieved July 14, 2012.
  18. «Terra". anuna.net. Retrieved July 14, 2012.
  19. «Jyotisha". arundesika.com. Retrieved July 14, 2012.
  20. «Chinese ideas of Elements". chinnese.com. 2005. Retrieved July 14, 2012.
  21. Wetherill, G. W. (1991). «Formation of the Terrestrial Planets». Geochimica et Cosmochimica Acta. 55 (3): 671–680. Bibcode:1991GeCoA..55..671W. doi:10.1016/0016-7037(91)90042-W.
  22. Wetherill, G. W. (1980). «Formation of the Terrestrial Planets». Annual Review of Astronomy and Astrophysics. 18: 77–113. Bibcode:1980ARA&A..18...77W. doi:10.1146/annurev.aa.18.090180.000453.
  23. Papaloizou, J. C. B.; Terquem, C. (2006). «Planet formation and migration». Reports on Progress in Physics. 69 (1): 119–180. arXiv:astro-ph/0602047. Bibcode:2006RPPh...69..119P. doi:10.1088/0034-4885/69/1/R03. S2CID 119436423.
  24. Wetherill, G. W. (1980). «Formation of the Terrestrial Planets». Annual Review of Astronomy and Astrophysics. 18: 77–113. Bibcode:1980ARA&A..18...77W. doi:10.1146/annurev.aa.18.090180.000453.
  25. Inaba, S.; Ikoma, M. (2003). «Enhanced Probability of Capture of Planetesimals by a Protoplanet with a Gaseous Envelope». Astronomy and Astrophysics. 410 (2): 711–723. Bibcode:2003A&A...410..711I. doi:10.1051/0004-6361:20031189.
  26. Dutkevitch, Diane (1995). The Evolution of Dust in the Terrestrial Planet Region of Circumstellar Disks (Ph.D. thesis). University of Massachusetts Amherst. Bibcode:1995PhDT..........2D.
  27. K. E. Haisch Jr., E. A. Lada, C. J. Lada (2001). «Disk Frequencies and Lifetimes in Young Clusters». The Astrophysical Journal. 553 (2): L153–L156. arXiv:astro-ph/0104347. Bibcode:2001ApJ...553L.153H. doi:10.1086/320685. S2CID 16493196.
  28. Wetherill, G. W. (1980). «Formation of the Terrestrial Planets». Annual Review of Astronomy and Astrophysics. 18: 77–113. Bibcode:1980ARA&A..18...77W. doi:10.1146/annurev.aa.18.090180.000453.
  29. Wetherill, G. W. (1980). «Formation of the Terrestrial Planets». Annual Review of Astronomy and Astrophysics. 18: 77–113. Bibcode:1980ARA&A..18...77W. doi:10.1146/annurev.aa.18.090180.000453.
  30. Wetherill, G. W. (1980). «Formation of the Terrestrial Planets». Annual Review of Astronomy and Astrophysics. 18: 77–113. Bibcode:1980ARA&A..18...77W. doi:10.1146/annurev.aa.18.090180.000453.
  31. Ida, S.; Nakagawa, Y.; Nakazawa, K. (1990). «The Diversity of the Solar System». Icarus. 88 (1): 129–145. Bibcode:1990Icar...88..129I. doi:10.1016/0019-1035(90)90098-O.
  32. Kasting, James F. (1993). «Earth's early atmosphere». Science. 259 (5097): 920–926. Bibcode:1993Sci...259..920K. doi:10.1126/science.11536547. PMID 11536547.
  33. Lissauer, Jack J. (2007). «Planets Formed in Habitable Zones of Low-Mass Stars». The Astrophysical Journal. 660 (2): L149–L152. arXiv:0704.0335. Bibcode:2007ApJ...660L.149L. doi:10.1086/518128. S2CID 18324483.
  34. Gonzalez, Guillermo (1997). «The Stellar Metallicity-Giant Planet Correlation». Monthly Notices of the Royal Astronomical Society. 285 (2): 403–412. arXiv:astro-ph/9611109. Bibcode:1997MNRAS.285..403G. doi:10.1093/mnras/285.2.403.
  35. Gonzalez, Guillermo; Brownlee, Donald; Ward, Peter (2001). «The Galactic Habitable Zone: Galactic Chemical Evolution». Icarus. 152 (1): 185–200. arXiv:astro-ph/0103165. Bibcode:2001Icar..152..185G. doi:10.1006/icar.2001.6617. S2CID 118873094.