بۆ ناوەڕۆک بازبدە

نێپتوون

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
نێپتوون
بەشێکە لەسیستمی خۆریی دەرەکی
ناونراوە لەدواینێپتوون
ناسناوی خەڵکNeptunian، Neptunano
جێسیستمی خۆریی دەرەکی
لێکۆڵینەوە لەلایەنposeidology
زانائۆربان لۆڤەریەر، جۆن کوش ئادەمز، Johann Gottfried Galle، ھاینریچ لویس دی ئارێست
کاتی دۆزینەوە٢٣ی ئەیلوولی ١٨٤٦
Site of astronomical discoveryBerlin Observatory
Parent astronomical bodyخۆر
ڕووبەر٧٬٦١٨٬٣٠٠٬٠٠٠ کیلۆمەتر چوارگۆشە
EpochJ2000.0
تاگی "ستەک ئێکسچەینج"https://astronomy.stackexchange.com/tags/neptune

نێپتۆن (ھێما: ♆) یەکێکە لە گەڕەستێرەکانی کۆمەڵەی خۆر. دەکەوێتە گەڕەستێرە دوورەکان لە خۆرەوە و گەڕەستێرەیەکی گازییە و بە ١٧ جار لە زەوی گەورەترە و ھەندێک لە ھەسارەی ئۆرانۆس گەورەترە ھەر سووڕانەوەیەکی بە دەوری خۆردا ١٦٤ ساڵ و ٨ مانگی پێ دەچێت.

نێپتۆن بەوە ناسراوە کە تاکە ھەسارەی کۆمەڵەی خۆرە کە لە ڕێگەی ژمێریاریی بیرکارییەوە دۆزرایەوە نەک بە چاودێری ڕاستەوخۆ، گۆڕانکارییە چاوەڕواننەکراوەکانی خولگەی ئورانوس بووە ھۆی دەرئەنجامگیری بوونی ھەسارەیەکی دیکە کە بەھۆی کێشکردنییەوە کاریگەری لەسەر دەکات. و لە ڕاستیدا، نێپتۆن لەو شوێنەدا بینرا کە زانایانی فەلەکناسی ئوربان لۆڤێریێ و جۆن کاوچ ئادەمز پێشبینییان کردبوو، و لەلایەن یۆھان گۆتفرید گالەوە پشتڕاستکرایەوە. مانگە سەرەکییەکەی، تریتۆن، ماوەیەکی کەم دوای دۆزینەوەی ھەسارەکە دۆزرایەوە. بە تێپەڕبوونی کات، ١٣ مانگی دیکەی نێپتۆن دیاریکران.

دووریی نێپتۆن لە زەوی وا دەکات کە لێکۆڵینەوەکردن لەسەری بە بەکارھێنانی تەلیسکۆبە زەمینییەکان سەخت بێت، بەڵام ئامانجی کەشتیی ئاسمانیی ڤۆیجر ٢ بوو، کە لە ٢٥ی ئابی ١٩٨٩دا لە نزیکییەوە فڕی. ھەروەھا تەلیسکۆپی ھەبڵ و تەلیسکۆب زەمینییە نوێیەکان بە بینایی گونجاویان یارمەتیدەر بوون لە ئاشکراکردنی وردەکاریی زیاتر دەربارەی.

بەرگەھەوای نێپتۆن، وەک موشتەری و زوحەل، بە شێوەیەکی سەرەکی لە ھایدرۆجین و ھیلیۆم پێکدێت، لەگەڵ ھایدرۆکاربۆن و نایترۆجین. ھەروەھا ڕێژەیەکی بەرزی سەھۆڵ و ئاو و ئەمۆنیا و میسانی تێدایە. پێکھاتەی ناوەوەی ھاوشێوەی ئورانوسە، کە لە بەرد و سەھۆڵ پێکدێت، و ھەر بۆیە ھەردووکیان بە «زەبەلاحە سەھۆڵییەکان» ناسراون. ڕەنگی شینی نێپتۆن دەگەڕێتەوە بۆ مژینی تیشکی سووری میسان لە چینە بەرزەکانیدا، کە دیمەنێکی تایبەتی پێدەبەخشێت.

بەرگەھەوای نێپتۆن بە کەشوھەوایەکی چالاک ناسراوە، کەشتیی ئاسمانی ڤۆیجر ٢ زریانێکی گەورەی بە ناوی «پەڵە تاریکە گەورەکە» بینیوە، کە لە زریانە بەناوبانگەکەی سەر ھەسارەی موشتەری دەچێت. ئەم سیستمە کەشوھەوایانە لە ئەنجامی باھۆزی بەھێزەوە دروست دەبن، کە خێراییەکەیان دەگاتە ٢،١٠٠ کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا، ئەمەش وایان لێدەکات ببنە خێراترینەکان لە کۆمەڵەی خۆردا. و بەھۆی دوورییەکەی لە خۆرەوە، بەرگەھەوای دەرەوەی نێپتۆن بە یەکێک لە ساردترین شوێنەکانی کۆمەڵەی خۆر دادەنرێت، کە پلەی گەرما لە لووتکەی ھەورەکاندا دەگاتە ٥٥ کێلڤن (٢١٨- پلەی سەدی). لە کاتێکدا پلەی گەرمی ناوەکی ھەسارەکە نزیکەی ٥،٤٠٠ کێلڤن (٥،١٠٠ پلەی سەدی) دەبێت.

نێپتۆن خاوەنی سیستمێکی ئەڵقەی لاواز و پچڕپچڕە، کە لە ساڵی ١٩٨٢ دۆزرایەوە و دواتر لە ڕێگەی ڤۆیجر ٢ پشتڕاستکرایەوە.

مێژوو

[دەستکاری]

دۆزینەوە

[دەستکاری]

نیگارەکانی گالیلۆ دەریدەخەن کە یەکەم کەس بووە لە ٢٨ی کانوونی یەکەمی ١٦١٢ و جارێکی دیکە لە ٢٧ی کانوونی دووەمی ١٦١٣ تێبینی کردووە. لە ھەردوو حاڵەتەکەدا گالیلۆ وایزانیوە کە چاودێری ئەستێرەیەکی جێگیر دەکات کاتێک بە ڕوونی لە تاریکی ئاسماندا لە تەنیشت موشتەری دەرکەوتووە، بۆیە گالیلۆ بە دۆزەرەوەی نێپتۆن دانەنرا. لە چاودێرییەکەیدا لە کانوونی یەکەمی ١٦١٢، نێپتۆن وەک ئەوەی بێت ناجوڵێت لە ئاسماندا بەھۆی جوڵەی پاشەکشەیی دیاریدا لەو ڕۆژەدا. ئەم جوڵە پاشەکشەییە دیارییە ڕوودەدات کاتێک زەوی بەلای ھەسارەیەکی دەرەکیدا تێدەپەڕێت. و لەبەر ئەوەی نێپتۆن دەستی بە جوڵەی پاشەکشەیی ساڵانەی خۆی دەکرد، جوڵەی ھەسارەکە زۆر بچووک بوو بۆ ئەوەی لە تەلیسکۆبە بچووکەکەی گالیلۆوە تێبینی بکرێت. لە تەمموزی ٢٠٠٩، فیزیازان دەیڤید جەیمیسۆن لە زانکۆی مێلبۆرن بەڵگەی نوێی ڕاگەیاند کە ڕوونی دەکردەوە گالیلۆ ئاگاداری ئەوە بووە کە ئەو «ئەستێرە»یەی بینیویەتی جوڵاوە و ئەستێرەیەکی جێگیر نەبووە.

ئەلێکسیس بۆڤارد لە ساڵی ١٨٢١ خشتەی فەلەکناسی بۆ ئورانوسی دراوسێی نێپتۆنی دانا. بەڵام دەرەنجامە دواترییەکان لادانێکی گەورەیان لە خشتەکانی نیشان دا، ئەمەش وای لە بۆڤارد کرد کە گریمانەی بوونی تەنێکی نەناسراو بکات کە بەھۆی کاریگەری کێشکردنەوە گۆڕانکاری لە خولگەدا دروست دەکات. جۆن کاوچ ئادەمز لە ساڵی ١٨٤٣ – زانایەکی فەلەکناسی و بیرکاریزان لە زانکۆی کامبریج – دەستی بە لێکۆڵینەوەیەک کرد دەربارەی دووری و بارستەی تەنێک کە وا بڕوا دەکرا لە پشت ھەسارەی ئورانوسەوە بێت (ئەمەش لەسەر بنەمای نائارامییەک لە خولگەی ئورانوسدا). ئادەمز لێکۆڵینەوەکانی تەواو کرد و پاشان بۆ سێر جۆرج بیدل ئایری – فەلەکناسی شاھانەی ئینگلتەرا – نارد، کە لە شوباتی ١٨٤٤دا پێی گەیاند. ئادەمز لە ساڵانی ١٨٤٥-١٨٤٦ بەردەوام بوو لە کارەکانی و چەندین خەمڵاندنی جیاوازی بۆ ھەسارە نوێیەکە بەدەستھێنا.

لەم نێوەندەدا، ئوربان لۆڤێریێ – گەنجێک کە ئادەمزی نەدەناسی – دەستی بە کارکردن لەسەر پڕۆژەکە کرد، پێشنیاری کرد کە ھەسارەیەکی ھەشتەم لە کۆمەڵەی خۆردا ھەیە، ئاماژەی بەوەدا کە کێشەیەک لە خولگەی ھەسارەی «ئورانوس»دا ھەیە. لۆڤێریێ، ساڵێک پێش نامەکەی، سەلماندی کە ھەموو تیۆرییە باوەکان ناتەواوی خولگەی ئورانوس ڕوون ناکەنەوە، و جەختی لەوە کردەوە کە ھەسارەیەکی دیکە دەستوەردەداتە خولگەکەی. تا مانگی حوزەیران، لۆڤێریێ شوێنی پێشبینیکراوی ھەسارەکەی دیاری کرد. لە ٣١ی ئابدا یاداشتێکی پێشکەش بە ئەکادیمیای زانست لە پاریس کرد، کە تێیدا بە وردی باسی لە بارستەی پێشبینیکراوی ھەسارەکە دەکرد. تا ناوەڕاستی ساڵی ١٨٤٦ توانی پێشبینی کات و شوێنی دەرکەوتنی نێپتۆن بکات، و پێشبینییەکانی ھاوشێوەی ئەوانەی ئادەمز بوون. بەڵام فەلەکناسە فەرەنسییەکان پشتگوێیان خست. دواتر لۆڤێریێ دەرەنجامەکانی بۆ دکتۆر «ئایری» لە ڕووانگەی گرینچ نارد، و ئایری لە مانگەکانی ئاب و ئەیلولدا ئاسمانی پشکنی بەڵام نەیتوانی بیبینێت.

لەم کاتەدا لۆڤێریێ داوایەکی بۆ فەلەکناس «جەیمس چالیس» لە کامبریج نارد، بەڵام نەخشەی باشی بورجی دەلوی نەبوو (کە نێپتۆن لەو کاتەدا تێیدا بوو) بۆیە نەیتوانی بیبینێت. جەیمس نەیتوانی ھیچ کام لە ھاوکارەکانی ڕازی بکات بە چاودێریکردنەکە، بۆیە نامەیەکی بۆ بەڕێوەبەری پەیمانگای بەرلین «یۆھان گال» نارد و داوای لێکرد چاودێری نێپتۆن بکات. ئەویش دوو فەلەکناسی لە پەیمانگاکە بۆ ئەو ئەرکە ڕاسپارد. لە بەیانی ٢٣ی ئەیلولی ١٨٤٦، گال نامەیەکی پێگەیشت کە تێیدا ھاتبوو نێپتۆن لە سنووری ١° لەو شوێنەی لۆڤێریێ پێشبینی کردبوو، و لە سنووری ١٢° لەو شوێنەی ئادەمز پێشبینی کردبوو، دۆزراوەتەوە. دواتر زانا جەیمس چالیس بۆی دەرکەوت کە دوو جار لە ٤ و ١٢ی ئابدا ھەسارەکەی بینیبوو، بەڵام نەیزانیبوو کە ھەسارەیە چونکە نەخشەی ئەستێرە نوێیەکانی نەبوو و سەرقاڵ بوو بە کارەکانی لە چاودێریکردنی کلکدارەکان. بەھۆی ھەموو ئەمانەوە، مشتومڕێک لەنێوان فەلەکناسەکاندا سەریھەڵدا سەبارەت بە دۆزەرەوەی ڕاستەقینەی ھەسارەکە، کە بە دابەشکردنی شانازییەکە لەنێوان ئادەمز و لۆڤێریێدا کۆتایی ھات. لە ساڵی ١٩٦٦ زانا دێنیس ڕۆلینز گومانی لە ڕاستی بەشداریکردنی ئادەمز لە دۆزینەوەکەدا کرد، و ئەم پرسە دووبارە ھەڵسەنگاندنەوەی بۆ کرا لەگەڵ گەڕانەوەی بەڵگەنامەکانی نێپتۆن بۆ ڕوانگەی شاھانەی گرینچ. دوای پێداچوونەوە بە بەڵگەنامەکان، پێشنیاریان کرد کە «ئادەمز شایەنی ڕێزلێنان نییە بۆ بەشداریکردن لە دۆزینەوەی ھەسارەی نێپتۆن لەگەڵ لۆڤێریێ، و ڕێزلێنانەکە دەچێت بۆ ئەو کەسەی کە سەرکەوتوو بوو لە پێشبینیکردنی شوێنی ھەسارەکە و لە ڕازیکردنی زانایانی فەلەکناسی بۆ گەڕان بەدوایدا».

خولگە

[دەستکاری]

مەودای نێوان نێپتۆن و خۆر ٣٠ ھێندەی مەودای نێوان زەوی و خۆرە (واتە ٣٠ ی.ف). پلۆتۆ بۆ ماوەی ٢٠ ساڵ جارێک لە ھەر ٢٤٨ ساڵێکدا دێتە ناو خولگەی نێپتۆنەوە، ئەمەش وادەکات پلۆتۆ لەو کاتەدا لە نێپتۆن نزیکتر بێت لە خۆر. دوا تێپەڕبوونی پلۆتۆ لە ٢٣ی کانوونی دووەمی ١٩٧٩ بوو و تا ١١ی شوباتی ١٩٩٩ لەناو خولگەکەدا مایەوە.

نێپتۆن بە خولگەیەکی ھێلکەییدا بەدەوری خۆردا دەسوڕێتەوە و تێکڕای دوورییەکەی لە خۆر ٤٤٩٥.٠٦ ملیۆن کم (٢،٧٩٣.١ ملیۆن میل)ە، و ھەر ١٦٥ ساڵ جارێک بەدەوریدا دەسوڕێتەوە. کاتێک بەدەوری خۆردا دەسوڕێتەوە، بەدەوری تەوەری خۆشیدا دەسوڕێتەوە و ھەر ١٦.١ کاتژمێر جارێک سوڕێک تەواو دەکات. تەوەری سوڕانەوەی نێپتۆن بە گۆشەی ٣٠ پلە لارە (ئەمەش بەپێی لارییەکەی لە خولگەکەی بەدەوری خۆردا، چونکە تەوەری بە گۆشەی ٣٠ پلە لە دۆخی ستوونی لەگەڵ خولگەدا لارە).

پێکھاتە و بەرگەھەوا

[دەستکاری]

زانایان پێیان وایە کە ھەسارەی نێپتۆن بە شێوەیەکی سەرەکی لە ھایدرۆجین و ھیلیۆم و ئاو و سیلیکات پێکدێت. نێپتۆن ھەسارەیەکی گازییە و چڕییەکەی زۆر نییە، بۆیە ڕوویەکی ڕەقی نییە کە بتوانرێت لەسەری بڕۆیت، لە کاتێکدا ھەسارە بەردینەکان کە لە بەرد پێکدێن – وەک زەوی – ڕەقن و ڕۆیشتن لەسەریاندا مومکینە. ھەوری چڕ لەسەر نێپتۆن بەرز دەبنەوە و ڕووەکەی دادەپۆشن و بینینی قورس دەکەن. لە ناوکەکەیدا گازەکان زۆر پەستێنراون، و تێکەڵەیەک لە گازن لە چینێکی شلدا کە ناوکە ناوەندییەکەی ھەسارەکە دەورە داوە، کە لە بەرد و سەھۆڵ پێکدێت. لاریی تەوەری نێپتۆن دەبێتە ھۆی دابەشبوونی ھەسارەکە بۆ دوو نیوە لە ڕووی پلەی گەرمییەوە، کە نیوەگۆی باکوور و باشوورن، ئەمەش دەبێتە ھۆی گۆڕانکاری لە پلەکانی گەرمیدا و لە ئەنجامدا وەرزەکان دروست دەکات (واتە وەرزی وەک زەوی لەسەری ھەیە).

نێپتۆن بە چینێکی ئەستوور لە ھەوری خێرا جووڵە دەورە دراوە، کە با بە خێرایی دەگاتە ١،١٠٠ کم (٧٠٠ میل) لە کاتژمێرێکدا ھەڵدەکات. ئەو ھەورانەی دوورن لە ڕووی نێپتۆنەوە بە شێوەیەکی سەرەکی لە میسانی بەستوو پێکدێن، و زانایان پێیان وایە ئەو ھەورانەی لەژێر ھەورە گازییەکانی میسانەوەن و تاریکن، لە سولفایدی ھایدرۆجین پێکدێن.

بواری موگناتیسی ھەسارەی نێپتۆن زۆر لەوەی ئورانوس دەچێت، و زۆر لەوەی زەوی گەورەترە ھەروەک ئورانوس. تیۆرییەکی بیرکاری ئاماژە بەوە دەکات کە ئەڵقەکانی نێپتۆن کاریگەرییان لەسەر جوڵەی تەنۆلکەکان ھەیە لە بوارە موگناتیسییەکەیدا.

مانگەکان و پشتێنەکان

[دەستکاری]

نێپتۆن ١٣ مانگی ھەیە، گەورەترینیان تریتۆنە کە بە دووری ٣٥٤،٧٥٠ کم (٢٢٠،٤٠٠ میل) لێیەوە بەدەوریدا دەسوڕێتەوە، و نیوەتیرەکەی نزیکەی ١٣٥٠ کم (٠.٢١٢٢ی نیوەتیرەی زەوی)ە. تاکە مانگی نێپتۆنە کە پێچەوانەی ئاراستەی سوڕانەوەی نێپتۆن دەسوڕێتەوە. تریتۆن خولگەیەکی بازنەیی ھەیە و ھەر شەش ڕۆژ جارێک بەدەوری نێپتۆندا دەسوڕێتەوە، پلەی گەرمی ڕووەکەی نزیکەی ٢٣٥- پلەی سەدی (٣٩٠- فەھرەنھایت)ە. ھەندێک گەیزەر لەسەر تریتۆن ھەن سەرەڕای سەرما زۆرەکەی، کە لەلایەن کەشتی ئاسمانی ڤۆیجرەوە لە گەشتە بەناوبانگەکەیدا دۆزرانەوە.

نێپتۆن چوار ئەڵقەی ھەیە، بەڵام ئەم ئەڵقانە زۆر کەم چڕتر و بچووکترن لە ئەڵقەکانی ھەسارەی زووحەل، و وا دەردەکەوێت کە لە تەنۆلکەی تۆز پێکھاتبێتن. تا ئێستا زانایان نازانن ھۆکاری بڵاوبوونەوەی نایەکسانی تۆزەکە چییە تێیاندا.

ئەمانەش ببینە

[دەستکاری]

سەرچاوەکان

[دەستکاری]