ھەرمۆتە

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
ھەرمۆتە
بە عەرەبی: ارموطة
بە ئینگلیزی: Harmota
[[File:||200px]]
[[File:||200px]]
Map
گوندی ھەرمۆتە
ھەرمۆتە is located in ھەرێمی کوردستان
ھەرمۆتە
ھەرمۆتە
ھەرمۆتە is located in عێراق
ھەرمۆتە
ھەرمۆتە
جێگە لە عێراقدا
ھەرمۆتە is located in ئاسیا
ھەرمۆتە
ھەرمۆتە
جێگە لە ئاسیادا
پۆتانەکان: 36°04′02″N 44°36′29″E / 36.06736°N 44.608°E / 36.06736; 44.608پۆتانەکان: 36°04′02″N 44°36′29″E / 36.06736°N 44.608°E / 36.06736; 44.608
وڵات عێراق
ھەرێمی فێدراڵ ھەرێمی کوردستان[١]
پارێزگاپارێزگای ھەولێر
قەزاکۆیە
ناحیەناحیەی کۆیە(ناوەند)
بەرزایی
٥٧٩ مەتر (١٬٩٠٠ پێ)
ژمارەی دانیشتووان
 • سەرجەم٤٣٢ کەس[٢]
زمان و ئایین
 • زمانکوردی(سۆرانیسوریانی
 • ئایینئیسلام(سوننە) و مەسیحی
 • ب پ م(٢٠١٧)٠٬٧٥٨[٣]
بەرز · ٢٦مین
ناوچەی کاتیUTC+٣:٣٠ (ناوچەی کاتی)
 • ھاوین (DST)UTC+٤:٣٠ (ھاوین)
تەلەفۆن٠٠٩٦٤

ھەرمۆتە یەکێکە لە گوندەکانی ناحیەی کۆیە(ناوەند) لە قەزای کۆیە لە پارێزگای ھەولێر لە ھەرێمی کوردستان لە عێراق.[٤][٥][٦]. ھەرمۆتە، گوندێکی دێرینی مەسیحییەکانەو دەکەوێتە ڕۆژئاوای کۆیەوە، ئەم گوندە خنجیلانەیە چەندین کەسایەتی گەورەو ئەستێرەی درەوشاوەی لەمێژووی کوردستاندا بەرھەمھێناوە. گوندی ھەرمۆتە، گوندێکی خنجیلانەیەو (٣کم) لەشاری کۆیەوە دوورە، ھەرچەندە ئێستا بەھۆی فراوانبوونی شارەوە تەنھا چەمێک سنورەکەی جیا دەکاتەوە لەشاری کۆیە. مەسیحییەکانی ھەرمۆتە بەشێکن لەدێرینترین مەسیحییەکانی کوردستان، کە لێرەوە باشترینو ناودارترین کەسایەتیە گەورەکانی مێژوی کوردستانیان بەرھەمھێناوە. سەرچاوە مێژوییەکان باس لەوە دەکەن بونی ئایینی مەسیحی لەم گوندەدا دەگەڕێتەوە بۆ سەدەکانی سەرەتای سەرھەڵدانی ئاییینی مەسیحی و پێش ھاتنی ئیسلام بۆ کوردستان. لەقۆناغە جیا جیاکاندا بەشێک لەدانیشتوانە مەسیحییەکەی ھەرمۆتە بەھۆکاری جیاواز بەرەو شارەکانی سلێمانی و ھەولێر و کەرکووک و بەغدا و مووسڵ کۆچیان کردوەو لەم شارانەشدا کەسایەتی ناوداریان تیا ھەڵکەوتووە.[٧]

ناو[دەستکاری]

چەندین بۆچوون بۆ سەرچاوەی ناوی سوریانی گوندەکە خراوەتەڕوو، بەو پێیەی ڕەنگە لە "ئارا" ("زەوی" بە سوریانی) و "مۆتا" ("مەرگ" بە سوریانی) وەرگیرابێت، و بەم شێوەیە وەرگێڕان دەکات بۆ "خاکی مردن"، یان دەتوانێت تێکەڵەیەک بێت لە "ئارا" و "نوتا" ("نەوت" بە سوریانی)، و وەرگێڕانی بۆ "خاکی نەوت". ئیتیمۆلۆژیای پێشوو دەگەڕێتەوە بۆ ئەفسانەی ناوخۆیی کە باس لە شەڕێکی گەورەی نێوان مەسیحییەکان و موسڵمانان دەکات، یان بەڵایەک کە گوندەکەی وێران کردووە.[٨]یانیش ڕەنگە ئارموتا لە "ئارمون" ("ھەنار" بە سوریانی) سەرچاوە بگرێت.[٩][١٠]

دانیشتوان[دەستکاری]

بەپێی سەرژمێرییەکی دانیشتوانی گوندی ھەرمۆتە لە ساڵی ٢٠١٤دا ئەنجامدراوە، ئەم گوندە لە(٩٩) ماڵی مەسیحی و (٢٧) ماڵی موسڵمان پێکھاتووە، ژمارەی مەسیحییەکان (٤٣٧) کەسە، ژمارەی موسڵمانەکان (١٢٧) کەسە، تێکڕای ژمارەی دانیشتوانی گوندی ھەرمۆتە بەمەسیحی و موسڵمانەکان (٥٦٤) کەسە. تێکڕای ماڵەکانی ھەرمۆتەش (١٢٦) خێزانە و مەسیحییەکان زۆر بەخۆشی لەگەڵ موسڵمانەکان پێکەوە دەژین. مەسیحییەکانی ھەرمۆتە کلدانیو سەر بەئاینزای کاسۆلیکن، ئەم مەسیحییانە لەکاتێکدا کە بە زمانی سوریانی دەدوێن، ھاوکات زمانی کوردیشیان وەک کورد پاراوەو ھەمان ئەو جلوبەرگەش دەپۆشن کە کورد دەیپۆشێت، پیاوەکان ڕانکوچۆغە لەبەر دەکەن و ژنەکانیش جلی ژنانەی کوردی.[١١]

مێژوو[دەستکاری]

بەپێی نەریتی ناوچەکە، ھەرمۆتە لە کاتی داگیرکردنی مێزۆپۆتامیا لەلایەن موسڵمانەکانەوە لە ساڵی ٦٣٨دا ماوە، و جزیەی داوە بە سوپای موسڵمانان بە سەرۆکایەتی سەعدی کوڕی ئەبوو وەققاس کە لە نزیک گوندەکە لە شوێنێک کە پێی دەگوترا گردی چادر کەمپیان دانابوو. دانیشتوانی ھەرمۆتە لایەنگری کەنیسەی ڕۆژھەڵات بوون تا لە ساڵی ١٧٧٩ لەلایەن قەشە یوھانان ھۆرمیزد بوون بە کلدانی کاسۆلیکی. لە ساڵی ١٨٤٣دا ٢٥-٣٨ خێزانی ئاشووری لە گوندەکەدا ھەبوون، کە قەشەیەک و کڵێسایەکیان ھەبووە. لە ساڵی ١٩١٣دا ١٠٠ کاسۆلیکی کلدانییان لە ھەرمۆتە نیشتەجێ کرد، و لەلایەن یەک قەشە و یەک کەنیسەی کارا وەک بەشێک لە ئەپستۆریای سەرەکی کەرکووک خزمەتیان پێدەکرا. گوندەکە لە ساڵی ١٩٤٣ تاڵان کرا، و دیسانەوە دواتر لە ساڵی ١٩٦٣ لەلایەن سەربازە عێراقییەکان لە کاتی شۆڕشی ئەیلوولدا، لەو کاتەدا ١٠٥ بنەماڵەی ئاشووری تێیدا نیشتەجێ بوو. ھەرمۆتە لە ساڵی ١٩٨٨ لە کاتی ھەڵمەتی ئەنفالدا لەلایەن سوپای عێراقەوە وەک کەمپی سەربازی بەکارھێنرا.[١٢][١٣][١٤]

دروستکردنی مزگەوتێک لە ھەرمۆتە لە لایەن ئیخوان موسلیمینەوە لە ساڵی ١٩٩٩دا کە ڕانەگەیەندراوە، بووە ھۆی گرژی و ئاڵۆزی لە نێوان ئاشوورییەکان و کوردەکانی ناوچەکەدا بەو پێیەی لەو کاتەدا ھیچ موسڵمانێک لەو گوندەدا نیشتەجێ نەبووە و دوای ناڕەزایەتییەکانی ئاشوورییەکان لە کۆی سەنجەق ڕێککەوتن کرا کە مزگەوتەکە بمێنێتەوە، بەڵام منارە و بینا زیادەکانی تر دروست نەدەکرا و بانگەوازی نوێژ ڕێگەپێنەدەدرا. گوندەکە تەنھا ئاشوورییەکان نیشتەجێ بوون تا لە کۆتایی سەدەی بیستەم/سەرەتای سەدەی بیست و یەک لەلایەن کوردەکانەوە نیشتەجێ بوون. تا ساڵی ٢٠٠٣ ژمارەی دانیشتووان بۆ ٧٠ خێزان کەمیکردووە.[١٥][١٦]

لە دوای لەشکرکێشی عێراق لە ساڵی ٢٠٠٣، ئاشوورییەکانی ناوەندە شارییەکان بۆ ئەوەی لە ھێرشی یاخیبووان ڕزگاریان بێت، بەرەو ھەرمۆتە ھەڵھاتن. ژێرخانی گوندەکە بە وەبەرھێنان لە لایەن سیاسەتمەداری ئاشووری سەرکیس ئاغاجان مامەندۆ لە ساڵانی ٢٠٠٠ پەرەی پێدراوە. لە ساڵی ٢٠١٢دا ٩٩ بنەماڵەی ئاشووری کە ٤٠ بنەماڵەی کلدانی بوون و ٢٧ بنەماڵەی کورد لە گوندەکەدا نیشتەجێ بوون و تا مانگی ئازاری ٢٠١٨ ژمارەی دانیشتوانی ئاشوورییەکان بۆ ١١٨ خێزان زیادی کردووە. گوندەکە لە ٨ی ئەیلوولی ٢٠١٨ لەلایەن تۆپخانەکانی ئێرانەوە بۆردومان کرا و دانیشتوانەکەی پەنایان بۆ کۆیە برد. دانیشتوانی ئاشووری لە گوندەکەدا زۆر بە زمانی کوردی قسە دەکەن، بەڵام ھەندێکیان بەردەوامن لە قسەکردن بە زمانی سوریانی.[١٧][١٨]

کلتوور[دەستکاری]

لەڕووی کلتور و دابوو نەریتەوەش مەسیحییەکانی ھەرمۆتە ئاوێتە بەکلتووری کوردەواری بوون، لەڕێوڕەسمی ژنخواستنەوە بگرە تا دەگات بەپرسەدانان و لەچەندین نەریتی دیکەشدا ھاوبەشن. پەیوەندی نێوان مەسیحییەکانی ھەرمۆتە و موسڵمانە کوردەکان بەئەندازەیەک تەبا و کۆک بووە کە مەسیحییەکان لەسەرجەم شۆڕشەکانی کورددا بەشداربوون و شەھیدیشیان داوە. لەبەرامبەریشدا، کوردیش ھەمیشە بەچاوی رێزو خۆشەویستییەوە لەوانیان روانیوەو ھەرگیز جودایی ئایین بەلایانەوە جێی بایەخ نەبووە و لەبۆنە ئاینیەکاندا سەردانی مەسیحیەکانیان کردووە و ئەوانیش لەبۆنە ئایینیەکان و کۆمەڵایەتیەکانی کوردا بەشداریان کردووە.

تەنانەت مەرقەدێک ھەیە لەدێرێکی ھەرمۆتەدا کە لای موسڵمان و مەسیحییەکانیش پیرۆزە، ئەویش مەرقەدی "مەربێن قەدیشە"یە کە لای موسڵمانەکان بە"شێخ محەمەد" ناسراوە، مەسیحی و موسڵمانیش وەک مەرقەدێکی پیرۆز سەردانی دەکەن و تا ئێستاش ھێمای ھاوبەشی پێکەوەژیانیانە.

ناوداران[دەستکاری]

رەنگە سەرنجڕاکێشترین لایەنی ھەرمۆتە، ھەڵکەوتنی چەندین سیمای گەش و دیاری کلتوری و سیاسی و ھونەری بێت کە ھەرمۆتە زێدی رەسەنی خۆیان یان باووباپیرانیان بووە. وەک:

  • "سێوە"ی ھونەمەند کە شەماسی کلێسا بووە و مەقامە خۆشەکانی بەناوەڕۆکێکی جوان و ھەستێکی بەرزەوە دەربڕیووە و توانیویەتی سوود لەئاوازەکانی کڵێساش وەربگرێت و ئاوێتەی بکات بەمەقامەکانی. ھەرچەندە سێوە پەیوەست بووە بەکلێسا و مەسیحییەتیش، بەڵام لەگەڵ (مەلا ئەسعەد) پێکەوە گۆرانی و مەقامیان وتووە و زۆر ڕێزی یەکتریشیان گرتووە.
  • کەسایەتیەکی گەورەی دیکەش "کەریمی ئەلەکە"یە کە لەحکومەتەکەی شێخ مەحموودی حەفید وەزیر بووە و ڕۆلێکی زۆرباشی ھەبووە لەکاری خێرخوازیی و تەنانەت مووچەی وەزیرییەکەشی وەرنەگرتووە و خۆبەخشانە کاری کردووە، کەریمی ئەلەکە کە نمونەی جوامێرییو پیاوچاکی بووە، زێدی ڕەسەنی بنەماڵەکەیان ھەرمۆتە بووە.[١٩]

وێنە[دەستکاری]

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  1. ^ ئاڵا و لۆگۆی ھەرێمی کوردستان(کوردی). سەردان لە ڕێکەوتی ١١١٢٠٢٢.
  2. ^ د.عبدوڵا غەفوور. سەرژمێری گوندەکانی باشووری کوردستان لە ساڵی ١٩٧٧(کوردی). سەردان لە ڕێکەوتی 1-11-2022.
  3. ^ "Sub-national HDI - Area Database - Global Data Lab". hdi.globaldatalab.org (بە ئینگلیزی). Retrieved 2018-09-13.
  4. ^ https://www.hawlergov.org/app/node/393
  5. ^ ‎د. عەبدوڵڵا غەفوور. جوگرافیای کوردستان(کوردی).
  6. ^ زانیارینامەی سەرھێڵی کورد پیدیا
  7. ^ https://www.awene.com/detail?article=41011
  8. ^ 310. Donabed, Sargon George (2015). Reforging a Forgotten History: Iraq and the Assyrians in the Twentieth Century. Edinburgh University Press.
  9. ^ https://www.ishtartv.com/en/viewarticle,36383.html
  10. ^ Awde, Nicholas; Lamassu, Nineb; Al-Jeloo, Nicholas (2007). Aramaic (Assyrian/Syriac) Dictionary & Phrasebook. Hippocrene Books.
  11. ^ https://www.awene.com/detail?article=41011
  12. ^ 168. Wilmshurst, David (2000). The Ecclesiastical Organisation of the Church of the East, 1318–1913. Peeters Publishers.
  13. ^ https://www.latimes.com/archives/la-xpm-2003-feb-28-fg-harmota28-story.html
  14. ^ 176. Wilmshurst, David (2000). The Ecclesiastical Organisation of the Church of the East, 1318–1913. Peeters Publishers.
  15. ^ 237. Lalik, Krzysztof (2018). "Ethnic and Religious Factors of Chaldo-Assyrian Identity in an Interface with the Kurds in Iraqi Kurdistan". In Joanna Bocheńska (ed.). Rediscovering Kurdistan’s Cultures and Identities: The Call of the Cricket. Springer.
  16. ^ 236. Lalik, Krzysztof (2018). "Ethnic and Religious Factors of Chaldo-Assyrian Identity in an Interface with the Kurds in Iraqi Kurdistan". In Joanna Bocheńska (ed.). Rediscovering Kurdistan’s Cultures and Identities: The Call of the Cricket. Springer.
  17. ^ https://www.rudaw.net/english/kurdistan/13032018?keyword=ISIS
  18. ^ https://www.shlama.org/population?fbclid=IwAR0rMdQbvDzjzV0_CIWBCjOGCU4OSVLrbsltgKijiY1fqYC2H6VAoQ8hJ8M
  19. ^ https://www.awene.com/detail?article=41011