ئێسکبەندیی مرۆڤ

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
(لە کۆئەندامی پەیکەرەوە ڕەوانە کراوە)
ئێسکبەندیی مرۆڤ

ئێسکبەندی مرۆڤ (بە ئینگلیزی: Skeletal system) کۆڵەکەی لەشی مرۆڤە کە لە ئێسک پێک ھاتووە و ڕاوەستاوی و خۆڕاگری لەش دەپارێزێ و باوی جووڵەکانی لەش (locomotion) خۆشتر و خێراتر دەکا. ئێسکبەندی مرۆڤیش وەک دیکەی بڕبڕەداران بە ماسوولکە داپۆشراوە. ئێسکبەند و ماسوولکەکان لە کاردا ھاوکار و تەواوکەری یەکن.

ئێسکبەندی مرۆڤ لە مرۆڤێکی پێگەیشتوودا ٢٠٦ ئێسک پێک ھاتووە. ئەم ئێسکانە چوارچێوەی لەشی مرۆڤ پێک دێنن و جووڵەی ئەندامەکان دەڕەخسێنن و ئەندامەکانی ناوەوەی لەش دەپارێزن.

پێشەکی[دەستکاری]

جووڵەی لەشی گیاندارانی فرەخانەیی تەنیا لە ئەستۆی ماسوولکەکاندا نییە. گیاندارانێ کە تەنیا بە ماسوولکەکانیان دەجووڵێن، جم و جووڵیان زۆر ھێواشە. لە بەرامبەردا گیاندارانێ کە ماسوولکەکانیان پاڵپشتی ھەیە، زۆر بەخێرایی دەجووڵێنەوە. بەم پاڵپشتە «ئێسکبەند» دەڵێن.

دوو جۆر ئێسکبەندمان ھەیە:

  • ئێسکبەندی ناوەکی (endoskeleton)
  • ئێسکبەندی دەرەکی (exoskeleton)

زۆربەی ئەو گیانەوەرانەی ئێسکبەندی دەرەکییان ھەیە، جەستەیان بچووکە. وەک مێروو

بەپێچەوانەوە گەورەترین گیانەوەرانی گۆی زەوین، وەک واڵ، ئێسکبەندی ناوەکییان ھەیە. ئێسکبەندی ناوەکی لە کرۆژە یان ئێسک و کرۆژە پێک دێت.

ئەرکی ئێسکبەندی مرۆڤ[دەستکاری]

لە مرۆڤدا، وەک دیکەی گیانەوەران، ئەرکەکانی ئێسکبەند بریتییە لە:

  • پاراستنی ئەندامانێک وەک مێشک، دڵ، سییەکان
  • جووڵە
  • شێوەدان بە جەستە و پاراستنی ڕاوەستاوی لەش
  • دەبنە پاڵپشتی ماسوولکەکان

سەرەڕای ئەمە مێشکی ئێسکە پانەکان (بێجگە لە پەراسووەکان) ناوەندی دروستکردنی خڕۆکە کانی خوێنە. ھەروەھا ئێسکەکان وەک مەکۆی ماکە کانییەکان، بەتایبەت کەلسیۆم کار دەکەن. ٩٧٪ کۆی خوێکانی کەلسیۆم لە ئێسکدایە کە بۆ چالاکییەکانی ژیان زۆر پێویستە.

ئێسکبەندی مرۆڤ بۆ لێکۆڵینەوەی ئاسانتر، بە سێ بەشی سەر، تەنە و ئەندام (دەست و پێ)دابەش دەبێت.

ئێسکەکانی سەر[دەستکاری]

ئێسکەکانی سەر بەگشتی لە جۆری ئێسکی پانە. ئێسکبەندی سەر بە دوو بەشی کەللە و دەموچاو دابەش دەبێت. ئێسکەکانی کەللە ھەشت دانەن و بریتین لە: ئێسکێکی توێڵ لە پێشەوە، ئێسکێکی پاشەسەر لەژێر و دواوەی کەللەوە کە کونێکی ھێلکەیی تێدایە و ڕێگای پێوەندی مێشک و پەتەمازە خۆش دەکا، دوو ئێسکی جنیک کە تەپڵی سەر پێک دێنن، دوو ئێسکی لاجانگ بەم لاولای سەرەوە، ئێسکێکی پەپوولەیی کە بنی کەللە دەگرێت، ئێسکێکی سەلەیی لە دواو سەر چاڵەکانی لووت.
ئێسکەکانی دەموچاو ١٤پاژە؛ ١٣ پاژی لکاوە بە کەللەوە و ناجووڵێ و پاژی خوارەوەی شەویلکە دەجووڵێ.

ئێسکەکانی تەنە[دەستکاری]

بڕبڕاگە[دەستکاری]

بڕبڕاگە لە ٢٩ ئێسک بە ناوی بڕبڕە پێک ھاتووە. بڕبڕەکان بە شێوەیەک لەسەر یەک ھەڵچنراون کە جەستەیان لەسەر یەکە و کونەکانیشیان لەسەر یەک کاناڵێکی درێژی پێک ھێناوە کە پەتەمازەی لە ناودا جێ گرتووە. بڕبڕاگە بە پێنج بەش دابەش دەبێ؛ بەشی گەردن لە ٧ بڕبڕە، پشت لە ١٢ بڕبڕە، کەمەر یا پشتێنە لە ٥ بڕبڕە، یەک ئێسکی یەکپارچەی سێبەندە و کلێجە کە لە ٤–٥ بڕبڕەی پێکەوەلکاوی سەردەمی تۆلی پێک ھاتووە. زۆربەی ئازارەکانی دیسک، بۆ بەشی بڕبڕەکانی پشتێنە دەگەڕێتەوە.

سینگ[دەستکاری]

پەراسووەکان، ١٢ جووت کەوانە ئێسکن کە لە دواوە دەگەنەوە بە زیادەکانی لاوەکی بڕبڕەی پشت و لە پێشەوە بێجگە دوو جووتی ئاخر (لە دە جووتی تر سێ جووت پێکەوە و حەفت جووت بە جیا) بەھۆی کرۆژە ەوە دەگەنەوە بە ئێسکی چەڵەمە. چەڵەمە ئێسکێکی پانی خەنجەرئاسایە کە کرۆژەی پەراسووەکانی پێوە دەلکێ.
لە ١٢ جووت پەراسوو و بڕبڕاگە و چەڵەمە بۆشایییەک لە ناو سینگدا بەدی دێت کە پەردەی ناوپەنچک یان گلێجە بنی دەگرێ. ئەم بۆشایییە کە دڵ و سییەکان لە خۆ دەگرێت بە سینگ دەناسرێت.

ئێسکەکانی ئەندامەکان[دەستکاری]

دەست و پێ ھەریەک بەھۆی چەند ئێسکەوە دەگەنەوە بە تەنە. بە ئێسکە گرێدەرەکانی دەست شان و ئێسکە گرێدەرەکانی پێ کزیە دەڵێن.

شان[دەستکاری]

لە دوو ئێسک پێک دێ: ئێسکی سەرشان و ئێسکی شەپیلک. سەری ئێسکی باسک لە ناو چاڵایی ئێسکی شەپیلکدا جێ دەگرێ و ھەڵدەسووڕێت.

کزییە[دەستکاری]

کزیە تاکە ئێسکێکە کە لە پێکەوەلکانی سێ ئێسکی سەردەمی تۆلی واتە: ئێسکی کەلەکە، کڵۆک و شەرم ئێسک پێک ھاتووە. لە کۆبوونەوەی دوو کزییە و سێبەندە بۆشایییەک ساز دەبێ کە لەگەنەی پێ دەڵێن.

دەست[دەستکاری]

پێ[دەستکاری]

بەستەرە دەرەکییەکان[دەستکاری]