ھیپۆفیز

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
شوێنی هیپۆفیز لە لەشی مرۆڤدا
شوێنی ئاڵگی هیپۆفیز لە کەللە سەری مرۆڤ(بە ڕەنگی سوور)

هیپۆفیز ئاڵگێکە بە قەد نۆکێک دەبێت(٥ گرەم لە مرۆڤدا) لە لەشی بڕبڕەدارەکاندا کە تەرەشوحەکانی خۆی دەکاتە ناو خوێنەوە. هیپۆفیز لە سرمیچی دەم و کەفی ئێسکی کەللەسەردایە.[١] زۆر جار وەک (ڕژێنی سەرەکی) ئاماژەی بۆ دەکرێت، چونکە کۆنتڕۆڵی زۆرێک لە چالاکییەکانی ڕژێنەکانی تر دەکات. قەبارەی ئەم ڕژێنە تەنھا ھێندەی قەبارەی دەنکە نۆکێک دەبێت و کێشی تەنھا (٠،٥) گرامە و دەکەوێتە بەشی بنەوەی مێشکەوە. لە سەروو ئەم ڕژێنەوە ڕژێنی (ژێر سالامۆس) ھەیە، کە ئیشوکاری ڕژێنی هیپۆفیز لە ڕێگەی پەیامی ھۆڕمۆنی و کارەباییەوە ڕێک دەخات.

لە وەڵامی پەیامە ھۆڕمۆنییەکاندا، بەشی پێشەوەی ڕژێنی هیپۆفیز ئەم ھۆڕمۆنانە دەردەدات:

  1. ھۆرمۆنی گەشە: دەبێتە ھۆی گەشەی ئێسک و ماسولکە (کە ئەمەش دەبێتە ھۆی زیادکردنی باڵای مرۆڤ-ھەتا تەمەنێکی دیاریکراو-).
  2. ھۆڕمۆنی ھاندەری پەریزادە: ھانی ڕژێنی پەریزادە دەدات بۆ ڕشتنی ھۆڕمۆنی (ت٣) و (ت٤) کە ھانی ڕمانەکردارەکان دەدەن لە خانەکانی تری لەش دا.
  3. ھۆڕمۆنی ھاندەری ھێلکۆکە: ھانی دروستکردنی ھێلکۆکە دەدات لە مێیینەدا، بەڵام لە نێرینەدا ھانی دروستکردنی تۆو دەدات.
  4. ھۆڕمۆنی دروستکەری زەردەتەن: ھانی ھێلکەدانەکان دەدات بۆ دروستکردنی ھۆڕمۆنی ئیسترۆجین لە مێیینەدا، بەڵام لە نێرینەدا ھانی دروستکردنی تۆو دەدات.
  5. ھۆڕمۆنی پڕۆلاکتین: لە مێیینەدا ھانی خانەکانی مەمک دەدات بۆ بەرھەمھێنانی شیر، بەڵام ئیشی ئەم ھۆڕمۆنە لە نێرینەدا نەزانراوە.
  6. ھۆڕمۆنی ھاندەری سەر گورچیلەڕژێن: ھانی ڕژێنی سەر گورچیلەکان دەدات کە ھەندێک ھۆڕمۆنی (ستیرۆید)ی دەربدەن کە گرنگییەکی زۆریان ھایە بۆ ژیانی مرۆڤ.

بەڵام لە وەڵامی پەیامە کارەباییەکاندا، بەشی دواوەی ڕژێنی (پیتویتەری) ئەم ھۆڕمۆنانە دەردەدات:

  1. ھۆڕمۆنی دژەمیز: ھانی گورچیلەکان دەدات کە ماددە شلەکان ھەڵبمژێتەوەو میزێکی کەمتر دروست بکات.
  2. ھۆڕمۆنی (ئۆکسیتۆسین): ھانی دەستپێکردنی کرداری منداڵبوون و کرژبوونی منداڵدان و دەرپەڕینی شیر دەدات لە ژنان دا.

ئەمانەش ببینە[دەستکاری]

پەراوێزەکان[دەستکاری]

سەرچاوەکان[دەستکاری]