میرنشینی بابان

لە ویکیپیدیاوە، ئینسایکڵۆپیدیای ئازاد
باز بدە بۆ: ڕێدۆزی، گەڕان
ئەماراتی کورد لە ساڵی ١٨٣٥ دا.
عومەر ئاغا، یەکێک لە ئەفسەرەکانی مەحمود پاشای بابان، ١٨٤٠

میرنشینی بابان (١٦٤٩-١٨٥٠) لە بنەڕەتدا بە ناوی فەقێ ئەحمەدی بابانەوە دامەزراوە. لە ساڵەکانی ١٦٨٦ بەدواوە بەھێز بووە و دواییش دەسەڵاتی گرتۆتە دەست. لە نیوەی یەکەمی سەدەی ھەژدەیەمدا میرنشینی بابان لە ڕووی سیاسییەوە و دژی دەوڵەتی عوسمانی ڕۆڵێکی زۆر گرینگی بینیوە. ئەویش دەگەڕێتەوە بۆ بوونی دەسەڵات و ھێزی سەربازیی میرنشینی بابان.

دەسەڵاتی میرنشینی بابان دەگەڕێتەوە بۆ ٣٠٠ ساڵێک لەمەوبەر. ئەم میرنشینە دەکەوێتە ناوچەی سلێمانییەوە، لە باشووری میرنشینی سۆرانەوە و تاکوو بەشێکیش لە ڕۆژھەڵاتی کوردستان دەگرێتەوە. لە ڕۆژئاواشەوە تەواوی ناوچەی کەرکووکی دەگرتەوە. بەشێکی ناوچەی شارەزوور لە ژێر دەسەڵاتی میرنشینی باباندا بوو. پایتەختی میرنشینی بابان قەڵاچوالان بوو. دوای ئەوەی دادوەری گوندی مەڵکەندی، ئیبراھیم پاشا، بە ناوی سلێمان پاشاوە، لە ساڵی ١٧٨٤دا دەستی بە درووستکردنی شارێک کرد و ناوی سلێمانیی لێ نا و دواییش کرا بە پایتەختی میرنشینی بابان.

لە سەردەمی میرنشینی باباندا گیروگرفتی ناوخۆیی زۆر بوو، ئەمە زۆر کاری کردە سەر بێھێزی و لاوازکردنی ئەم میرنشینە لە لایەکەوە، لە لایەکی تریشەوە عوسمانی و ئێران بە پێی ڕێککەوتنی پەیمانی قەسری شیرین میرنشینی بابانیان لە ناو خۆیاندا بەش کرد. ئیتر لە دوای ئەوەیش میرنشینی بابان جارێ دەکەوتە ژێر دەستی عوسمانی و جارێکی تریش ژێر دەستی ئێران.

لە سەردەمی میرعەبدولڕەحمان پاشادا جارێکی تریش میرنشینی بابان بەھێز بووەوە و سەربەخۆییی خۆی ڕاگەیاند. عوسمانییەکان لە ساڵی ١٨٢٢دا بە لەشکرێکی زۆر بەھێز و لەژێر سەرکردایەتیی مامەد پاشا خۆیدا، ھێرشی بردە سەر سلێمانی کە پایتەختی میرنشینی بابان بوو. نزیکەی ٥٠٠ کەس لە لەشکری عوسمانی کوژرا، بەڵام لە دواییدا عوسمانییەکان توانییان شاری سلێمانی بگرن.

مەحموود پاشا لە دوای مردنی باوکی بوو بە سەرۆکی میرنشینی بابان و تاکوو ساڵی ١٨٣٤ دەسەڵات بە دەستی ئەو بوو و دوای ئەویش دەسەڵاتی میرنشینی بابان تاکوو ساڵی ١٨٥١ بە دەستی سلێمان پاشا بوو.

کولتوور و ڕۆشنبیری[دەستکاری]

لە ماوەی دەسەڵاتداریی ئەم میرنشینەدا زمان و ئەدەبی کوردی زۆر پەرەی سەند، بەتایبەتی لە کۆتاییی سەدەی شانزەوە تاکوو نیوەی یەکەمی سەدەی ھەژدە. دروستبوونی قوتابخانەی شیعری کلاسیکی کوردی بە ڕێبەرایەتیی نالی و ھاوڕێکانی، سالم و کوردی (ئەم سێ کەسە بە سێ کوچکەی بابان ناسراون) و مەحوی کە شەقـڵشکێنی شیعری کوردی بوون لە شێوەزاری کوردیی ناوەندیدا و دواییش بوو بە زمانی ئەدەب و نووسین و زۆر لە شاعیرانی تریش ھەر لەسە ئەو ڕێچکەیە ڕۆیشتن و پەیڕەوییان کرد و پەرەیان بەو زمانە ئەدەبییە دا.

مێژوو[دەستکاری]

بابان لە چیەوە ھاتووە[دەستکاری]

ووشەی بابان لە (بابا ـ بابە ) ەوەھاتوە کە بەواتای باوک یاخود براگەورە و ڕیش سپی ناو کۆمەڵ دێ بۆنمونە باباسلێمان و باباتاھیر وبابا عەلی وبابا ڕەسوڵ... ھەموو ئەم واتایە ئەبەخشن ، ھەر لێکدانەوەیەکی تر وەک ئەمە ڕاست نیە.

مێژووی حوکمدارانی بابان[دەستکاری]

بابان بنەماڵەیەکی دێرینە (انسکلوپید یای بەریتانی)ساڵی (١٩٥٠) لەباسی (kurd) دا ئەیانباتەوە بۆ سەردەمێکی زۆر کۆن ھەروەھا کتێبی (تاریخ و جغرافیە کردستان ـ سیرالا کراد) نووسینی عبدالقادر روستم بابان ئەیانگێرێتەوە بۆ سەردەمی (کیان) و (اًشکانیان) و (بنی ساسان) وبۆ سەردەمی (اًردشیر بابکان) واتا پێش ھاتنی عیسی ودوای ھاتنی .مەلا عەبدوالکەریمی مودەریس لە (بنەماڵەی زانیاران و علما ْ فی خدمە العلم والدین ) باسی میر حەمزەی بابان ئەکات کە لەساڵی (٨٠٠ک ـ ١٣٩٧ ز ) دا لەئێران بەرامبەر جلائیریەکان وەستاوە ولەبەرامبەر قەڵای مەریواندا (مزگەوتی سوور )ی دروستکردووە .میر شەرەفخانی بدلیس لە (شەرەفنامە )داکە ساڵی (١٠٠٥ک ـ ١٥٩٦ ز ) نووسیویەتی ، ئاماژەی بۆ ھەندێک میرانی بابان ئەکات کە لەگەڵ میر (شمس الدین)ی باوکیا پێکەوە بەفەرمانی سوڵتانی عوسمانی شەڕیان بۆبەرگری لەسوڵتان کردووە کەرەنگ ھەیەلەنێوان ساڵەکانی (١٥٣٤ـ ١٥٥٩) دا ئەوشەرانە روویاندابێ. مێژووی (مردوخ) یش حوکمی بابانەکان لە (سنە) و (شارباژێڕ ) و(شارەزور) ئەگێڕدرێتەوە بۆ کۆتایی سەردەمی یانزەی کۆچی . لە عێراقیشدا شەرەفخان و ئەمین زەکی بەگ مێژووی حوکمیان لەکوردستانا ئەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی سوڵتان سلێمانی قانونی (١٥١٩ـ ١٥٦٦ ) دوای ئەو مێژووەش بەردەوام بوون تاساڵی (١٨٥٠) کە کۆتایی بەفەرمانڕەواییان ھاتووە.

مەڵبەندەکانی میرایەتی بابان[دەستکاری]

لەئێران:لەمەریوان و سنە تاساڵی (١٣٩٦) ز لەکوردستانی عێراق . لە(مەرگە ) تا ساڵی (١٥٩٦ ) لە (دارشمانە) سەردەمی فەقێ ئەحمەد و سلێمانی کوڕی لەسەردەمی شازدەھەمی زاینیدا . لە(ماوەت) و(قەڵای بەکراوا) لەسەردەمی حوکمداریەتی بەکربەگی باباندا (بەکرە سوور) لەساڵانی (١٦١٩ـ١٦٢٧ ) دا لە(قەڵای چوالان ) لەساڵی (١٦٩٩ـ ١٧٨٤)لە (سلێمانی ) لەساڵانی (١٧٨٤ـ١٨٥٠) .

ناودارانی بابان لە کوردستانی ئێران[دەستکاری]

  • خانەپاشا : ساڵی (١٧٣٠ ـ ١٧٣١ ) لەسنە نزیکەی چوارساڵ دەستبەکاربووە پیاوێکی بەناوبانگ بووە .مزگەوتێک وقوتابخانەیەکی نزیک قەڵای حکومەت دروست کردووە تانزیک ھەمەدانی خستۆتەژێر ڕکێفی حوکمیەوە.
  • بوداق سوڵتان کوڕی شێربەگ : ساڵی(١٦٢٩)چۆتە سەرتەختی میرنشینی و(سابڵاخ)ی کردوە بە مەڵبەندی حوکمی خۆی پیاوێکی ژیروخێرخوازو بەدادبووە . ساڵی(١٦٦٨) سێ بەنداو لەوسەر رووباری سابڵاخ لە (لەج و دارەلک وپردی سوور) دروستکردووە و ھەرلەوێش مزگەوتی سووری لە ساڵی (١٦٧٨) دا بنیات ناوە.

لە کوردستانی عێراق[دەستکاری]

  • فەقیە ئەحمەدی دارشمانە باپیرەگەورەی زنجیرەی پێنجەمی بابانەکانە ولە دارشمانەی ناوچەی پشدەرەوە سەری ھەڵداوەو چیرۆکی زۆرانبازیەکی لەگەڵ (کەیغان)ی فەرھەنگ بەناوبەنگە .
  • بەکربەگ (بەکرە سوور) دوای ساڵی (١٧٠٣) بووە بەحاکمی بابان کە لەسەردەمی ئەودا وڵات گەلێک پەرە یسەندوە . ئەو بوو کەجۆگەی (بەکرەجۆ)ی دروستکرد . خۆشی بەبێڵو خاکەنازەوە وەک کرێکار ئیشی تیادا کردوە شاری بەکرەجۆش ھەربەناوی ئەوەوەیە. گردی بەکراوای لای ھەڵەبجەش بەناوی ئەوەوەیە.
  • سلێمان پاشای گەورەی قەڵا چوالان، لەخواترس بەڵام گەلێک بەزەبرو زەنگ بوو. چواردەساڵ حوکمی کردو تاساڵی (١٧٦١) مایەوە ولە لایەن (فەقێ برایم ) ناوێکەوە کوژرا. شەڕی دوانزەسوارەی مەریوان لەکاتی فەرمانڕە وایی ئەم میرەدا ساڵی ( ١٧٥٦ ـ ١٧٦٧) ولەسەردەمی حوکمی کەریم خانی زەنددا بووە لەئێران.سوارەکانیش ئەمانەبوون : بەسەرۆکایەتی سەلیم بەگی بابان (ناودار بە سەلیم سێتەنگە) ئەکرەمی مەلا ھەمزەی ئەفغانی، جوامێرئاغای ڕەنگینە ، میران بەگی وەڵەدبەگی ، ئاغاڵ سیوەیلی ، فەرامورزی زەنگەنە ، سوار ئاغای بەڵباسو مامەند ئاغای میران و دەلی . ئەم دوانزدە سوارە بەرەنگاری لەشکرێکی گەورەی ئێران بوون لەدەشتی مەریواندا و شکاندیانن ئەم پیاوە بەنیازبوو قەڵاچوالان بگوێزێتەوە بەڵام فریانەکەوت .
  • مەحمود پاشا ی کوڕی خالید پاشا ساڵی (١٧٨١) واتاپێش دروستکردنی شاری سلێمانی بەسێ ساڵ ھات (پاسگە ـ مخفر)ێکی لەسەر گردی قشڵەی شاری سلێمانی دروستکرد ، ئەویش بەو نیازەی قەڵاچوالان بگوێزێتەوەبۆئەم شوێنەی ئێستای سلێمانی .
  • برایم پاشای بابان ساڵی(١١٩٩ـ ١٧٨٤ ) ز شاری سلێمانی دروستکرد لەگەڵ بنیاتنانی شارەکەدا (مزگەوتی گەورە)ومزگەوتی تەکیە دروستکرد .شەقام و گەڕەکی برایم پاشای ئێستا لەڕۆژھەڵاتی شاری سلێمانی بەناوی ئەم میرەوە یە .
  • ئەورەحمان پاشا ی بابان ساڵی (١٧٨٩ ـ ١٨١٣) نزیکەی (٢٤) ساڵ حوکمی ناوبەناو ی کردوە .روویان لێنا ببێ بە والی بەغدا لە وەڵامدا ووتی: (قومێک لە بەفراوی کوێستانەکانی وڵاتەکەم بە ھەموو موڵکی عوسمانی ناگۆڕمەوە ) بەڵکو ھەندێ جار لەسەر قسەی ئەم والی بەغدا دائەنرا. مزگەوتی سەی حەسەن و شێخ باباعەلی قەرەداغی دروستکردووە .لە دەربەندی بازیاندا بەرگری دژی لەشکری عوسمانیەکان کردووە بۆیە پارێزگاری سلێمانی بەرێز (دانائەحمەد مەجید) بریاری دروستکردنی ھەیکەلی بۆدا لەگەڵ بنیاتنانەوەی دیوارەکانی دەربەند کە ئەوڕەحمان پاشا کاتی خۆی بۆ بەر گری وڵات دروستی کردبوون.
  • مەحمود پاشای کوری ئەوڕەحمان پاشا ساڵی (١٨١٣ ـ ١٨٣٤ ) ، ( کلودیوس جیمس ریج ) کەساڵی (١٨٢٠) دا بەگشتی ھاتۆتە سلێمانی گەلێک ستایشی رەوشی بەرزو راستگۆیی ودڵسۆزی ئەم پیاوە بەجۆرێک ئەکات وئەڵێت وێنەی لە ساڵی (١٨١٧) دائەم میرە دروستی کرد لەگەڵ مزگەوتی بن تەبەق دا.
  • سلێمان پاشا ی کوری ئەوڕەحمان پاشا ساڵی ( ١٨٢٩ ـ ١٨٣٨) یە کێکە لە میرە بەناوبانگەکانی بابان دوای وەفاتی لەگردی سەیوان وشێخ مارفی نۆدێ دوای وەفاتی لەپاڵ ئەو گومەزەدا نێژرا ، کەچی گۆمە زەکە بەناوی شێخ مارفەوە ناو ئەبرا تا لەم دوا ییەدا وەزارەتی ئەوقاف گومەزی لەسەر گۆری شێخ مارف بنیات نا . ئەم سلێمان پاشا یە باپیری عەزمی بەگی بابانە ئەم پیاوە بنا غەی سەرای شاری سلێمانی دانا.
  • ئەحمەد پاشای کوری سلێمان پاشا : ساڵی (١٨٣٩ ـ ١٨٥٠) دوا میری بابان و ئازاترین رۆڵەی کورد بوو ، لەشکری بە ووتە ی ئەو رۆژگارە (عێری) لەسەرچنار دامەزرا ند و پسپۆری لە فەڕەنساوە ھێناوە بۆرێکخستنی سوپاکەی .ئەمە عوسمانیەکانی ئاگادار کردەوە ولە گەڵ چەند ھۆیەکی سەرەکی تردا عوسمانیەکانی پاڵ پێوە تا کۆتایی بەمیرنیشینی بابان لەشاری سلێمانی بھێنن ئەحمەد پاشا برا بۆ ئەستەمبوڵ لەوێوەکرا بەوالی (یەمەن) (١٤) ساڵ بەوالیەتی لەیەمەن مایەوە .

بابانە ناسراوەکانی دوای میرنشینی بابان[دەستکاری]

دوای تێکچونی میرایەتی بابان لە تورکیاو عیراق و ئێران گەلێک پیاوی بەشکۆوناودار سەریان ھەڵدالەوانە : لە کوردستانی ئیران : بەگزادەکانی فەیزوڵڵابەگی و بابامێری لە مەریوان و سنە و سابڵاخ وشارەکانی تر وەک عبداللە خان (مجرب الدولە) وعلی خان (اعتچاد الدولە) محمد خان وسیف الدین بابانی کوری کە (نوێنەر) بوو لە پەرلەمانی ئێرانی دا.

لە تورکیا[دەستکاری]

  • ئیسماعییل حقی بابان: ساڵی (١٣٢٩) ڕۆمی وەفاتی کردوە ، گەشتە پلەی (وەزیری مەعاریف ) لە تورکیا ، جگە لەوەی مامۆستای زانکۆ بوو چەند کتێبی ھەیە (حیاتی بسمارک لە ڕووی سیاسە تەوە ) و (قچیە دریفوس ) و (حقوق اساسیە )و(رسائل العراق).
  • جیھاد بابان: کوری حکمت بەگ کوری مستەفازھنی پاشا ، برازای اسماعیل حقی ناوبراوە .حکمت بەگی باوکی لەسەردەمی عوسمانیەکاندا (نائب ) ی سلێمانی بوو لە (مجلس مبعوپان) دا ئەم پیاوە ژیانی سیاسی لە رۆژنامەچیەتیەوە دەستپێکرد (رۆژنامەی قەرە گوێز ـ چاوی رەش) ی دەرئەکرد . لە وەزارەتی عدنان مندرسدا وەزیری (اعلام) ولەم دواییەدا وەزیری معاریف بوو ساڵی (١٩٨٧) وەفاتی کردوە .
  • خلیل خالد بەگ: کوری گەورەی ئەحمەد پاشا دوا میری بابان بوو ساڵی (١٨٤٠) لەشاری سلێمانی ھاتۆتەجیھانەوە. مامۆستای سوڵتان ڕەشادبووە.گەیشتەپلەی وەزیرو باڵیۆز. سالی(١٨٩٩) وەفاتی کردوە .
  • شوکری بابان : کوری مستەفا زھنی پاشاو برای ئیسماعیل حەقی بوو ، پڕۆفیسۆرو مامۆستای زانکۆ بوو لە ھەشتاکانی سەدەی رابردوو دا وەفاتی کردوە .
  • مستەفا زھنی پاشا: ساڵی (١٨٥٠) لەشاری سلێمانی ھاتۆتە جیھانەوە باوکی ئیسماعیل حەقی وباپیری جیھاد بوو، زانا و خاوەنی چەند کتێبێک بووە کە بە تورکی نوسییونی وەک (توسیح ماًزونیەت ـ توسیح ێلاحیات ) و (برھان الحجاز) .

لەعێراقدا[دەستکاری]

  • احمد مختار بابان ساڵی ( ١٩٠١ ـ ١٩٧٦ ) گەیشتە پلەی وەزیر و ئاخرسەرۆک وەزیرانی سەردەمی مەلیک بوو.
  • ئیسماعیل پاشا بابان ساڵی( ١٣٣٩ ک / ١٨٥٠ ز ) مێژووی بابان .ئەم کتێبانەشی داناوە (اًیچاح المکنون) و (ھدیە العاریفین) و (اپار المێنفیین).
  • جلال بابان ساڵی (١٨٩٣ـ ١٩٦٦ ) : کوری رۆستەم لامع بەگ کوڕی ئیسماعیل بەگی کوڕی سلێمان پاشا کوڕی برایم پاشای بنیاتنەری شاری سلێمانی ، جێگریو ئەندامی ئەنجومە نی (اًعیان) و( نۆجار) وەزیربووە لەسەردەمی (مەلیک) دا .
  • جمال بابان ساڵی (١٨٩٣ ـ ١٩٦٦ ) : کوڕی ڕەشید بەگی عەبدو ڵڵابەگی خالید پاشای احمدپاشایە لەشاری سلێمانی حاکم وجێگری سەرۆکی زانستی و لەوە پێشتر گۆڤاری (بانگی کورد) لەساڵی (١٩١٣) دا دەرئەکرد جێگری و ئەندامی ئەنجومەنی (اًعیان)و (شەش جار) وەزیری بووە لەسەردەمی (مەلیک) دا .

ئەم بەڕێزە جیایە لەگەڵ ( جمال عبدالقدرعزمی بابان) کە لەساڵی (١٩٢٧) لەشاری سلێمانی ھاتۆتە جیھانەوە و لەئەرکی میریدا گەیشتۆتە پلەی باوەڕ پێکراوی گشتی کۆڕی زانیاری کورد و بەڕێوەبەری گشتی شارەوانی سلێمانی و. نووسەری (٢٣) کتێبی چاپکراوە بەعرەبی وکوردی و بەیەکەم سەرۆکی نوسەرانی کورد لەساڵی (١٩٧٠) دا ھەڵبژێردرا وبنیات نەری سەرەکی (یانەی سەلاحەدین ) لەبەغدادو دامەزرێنەری (سەنتەری رۆشمبیریی بابان ) ەلەشاری سلێمانی ونووسەری ئەم ساڵنامەیەیە

  • جمیل بەگی پاشاساڵی ( ١٨٩٤ـ ١٩٤٦ ) : خاوەنی موڵک لەناوچەی کفریو بەغداد. لەسێ دەوری ئەنجومەنی نوێنەرانی سەردەمی (مەلیک ) دا جێگیربووە . ھەروەھا کوڕەکانی (محمدبابان محامی ) و( احمد بابان ) و( مەحمودبابان وەزیر ) و(نەجیب بابان محامی ) و ( فاتح بابان ) ھەموو ناسراو وبەناوبانگن.
  • حەمدی بەگ ساڵی (١٩٦٠) جیھانی بەجێھێشت کوڕی ئەوڕەحمان پاشا .دووەم کەسایەتی بوو لە بەغدا دوای مەلیک فەیسەڵی یەکەم دوای دورخستنەوەی شێخ مەحمودی حەفید بۆ ھندستان، ئینگلیز حمدی بەگی ھێنا بۆ سلێمانی کەشوێنی شێخ مەحمودی پێ پڕبکاتەوە . بەڵام دوای بیر کردنەوەو لێکۆڵینەوە سەیری کرد ئەمەئیشی ئەونییە .بۆیە دوای تێکچوونی لەگەڵ مەلیک فەیسەڵ و ئینگلیز عێراقی جێھێشت وچووە لەندەن تاکو لەوێ وەفاتی کرد .مامۆستا ڕەفیق حیلمی لەیاداشتدا زۆر باسی ئەم پیاوە بەباشی ئەکات .
  • مەلا ڕەشید بەگی بابان ساڵی (١٨٨٢ـ ١٩٤٢) کوڕی فتاح بەگی محەمەد بەگی خالید بەگی محمد پاشای خالید پاشایە.زانایەکی ئاینی بوو ، بوو بەقازی لە تورکیاو ھەرلەوێش مایەوە تاجیھانی جێھێشت .گەلێک کتێبی داناوە ، لەھەموویان زیاتر ڕاڤەی (حدیپ)ی پێغەمبەر (د.خ) لەسەر ووتەی (بخاری ومسلم) کەنۆبەرگە دوایینەکەیان ساڵی( ١٩٩٠) لەچاپدرا بەناوی (اقتران النیرفی مجمع البحرین) باپیری د. جەمال فوئادوکەمال واحسان فوئادە لەدایکیانەوە.ئەوڕەحمان بەگی بابان (نفوس) ساڵی (١٨٨٠ـ ١٩٦٧) کوڕی خالیدبەگ نازناوی شیعری (بابا)یە . پیاوێکی ڕۆشنبیری ونیشتیمانپەروەر وشاعیرێکی پلە بەرز، زۆری شیعرەکانی لەدەوری کوردایەتی ئەسورێتەوە ( سەد درێغ، دەوری ئەسیری،قەومی کورد، نەبرایەوە) ( تاکو ئێستا، ئەم گرێیە ھەربەکەس، نەکرایەوە) .
  • عەزمی بەگی بابان لەساڵی (١٩٥٠) وەفاتی کردوە کوڕی مستەفا بەگی کوڕی سڵێمان پاشای کوڕی ئەوڕەحمان پاشایە سەرۆکی ھەیئەتی راپەرین بوو خوالێخۆشبوو( رەفیق حیلمی لە کتێبەکەیدا زۆر بە باشی باسی دەکات.
  • مجید پاشا بابان: لە ساڵی ١٩٠٥ وەفاتی کردووە کۆشکی پاشای لە کفری دروستکرد،جگە لە باخی پاشاو ویستگەی حەسانەوەی لەرێی سلێمانی دروست کرد کە (٣٠) ژور ئەبوو. مزگەوتی خانە قا لە کفری و لە ھەمووی زیاتر (ڕێگای حەج) ی ئاسان کرد لەسەرئەوە سوڵتانی عوسمانی مەدالیای زێڕینی پێبەخشی وکتێبخانەیەکی گەورە دوای خۆی بەجێھێشت کە کتێبی بەزمانی تورکی وفارسی وعرەبی وکوردی تیابوو.ئەم پیاوە باپیرە گەورەی بابانەکانی کفریە وکوڕی عەبدولقادر پاشای کوڕی سلێمان پاشای کوڕی برایم پاشای بنیاتنەری شاری سلێمانیە.

ھۆی ڕوخاندنی میرایەتی بابان[دەستکاری]

ھۆی ھەرە سەرەکی ڕووخانی میرایەتی بابان و میرنشینە کوردیەکانی تریش (ئەردەڵان، سۆران ،بادینان،شەمزینان) پەیمانی ئەرزڕۆم بوو کەساڵی (١٨٤٧) کاریگەری نەبوو ، کەبەتەواوەتی لەسەر ئەوە ڕێکەوتن ھەرناکۆکیەک وگیروگرفتێک بکەوێتە نێوانیانەوە لەسەرگردەمێزو بەگفت وگۆ لەگەڵ یەک چارەی بکەن و واز لە میرنیشینە کوردیەکان بۆ ئەو مەبەستە بھێنن ئیتر ھەموویان یەک لەدوای یەک کۆتاییان پێھێنرا. بۆیە ئەڵێن ھەر ھۆیەکی تر بۆ ڕووخانی میرنشینی بابان وئەوانی تریش بووترێت ، ھۆی لاوەکین نەک سەرەکی.

بابان لەم چەرخەدا[دەستکاری]

بابان لەکوردستانی ئێران بەتایبەتی لەشاری (سنە) و (کرماشان) و (بانە) وشارە گەورەکانی تر نیشتەجێن. فەیزوڵابەگی وبابامیری و...ھەموو پیاوی گەورە و بەدەسەڵاتیان تیا ھەڵکەوتووە.

لە تورکیا[دەستکاری]

دوای نەمانی میرایەتی بابان، زۆرلەبابانەکانی ئێرە دوور خرانەوە بۆ توورکیا بەتایبەتی (ئەستەمبوڵ) و لەوێ پیاوی ناوداریان تیا ھەڵکەوت وەک وەزیرو باڵیۆزو دکتۆری زانکۆو بازرگان وکاسبکاری تر. لەعێراقدا وبەتایبەتی لەکوردستاندا و زیاتر لەشاری سلێمانی دا کە بنکەی میرنیشینی بابان بوو ،جگە لەشارەکانی ھەڵەبجەو قەڵادزەو دەوروبەری پشتیان لەکەرکوک و ھەولێرو بەغدادی پایتەخت و لەگەلێک شوێن وجێگای تر نیشتەجێن . لەخاکی باوباپیریانا بەسەربەرزی و وەک نیشتیمانپەروەرێکی دڵسۆز بۆ وڵاتەکەیان بەکارو ئیشی خۆیانەوە خەریکن . ژمارەیان لەھەموو ھەرێمی کوردستان دا ئەگاتە سەد ھەزار کەس وبگرە زیاتریش.

میرەکانی میرنشینی بابان[دەستکاری]

  1. فەقی ئەحمەد، ١٦٤٩-١٦٧٠
  2. بابا سلێمان، ١٦٧٠-١٧٠٣
  3. خانا موحەممەد پاشا، ١٧٢١-١٧٣١
  4. خالد پاشا، ١٧٣٢-١٧٤٢
  5. سالم پاشا، ١٧٤٢-١٧٥٤
  6. سلێمان پاشا، ١٧٥٤-١٧٦٥
  7. موحەممەد پاشا، ١٧٦٥-١٧٧٥
  8. عەبدوڵڵا پاشا، ١٧٧٥-١٧٧٧
  9. ئەحمەد پاشا، ١٧٧٧-١٧٨٠
  10. مەحموود پاشا، ١٧٨٠-١٧٨٢
  11. ئیبراھیم پاشا، ١٧٨٢-١٨٠٣
  12. عەبدوڕەحمان پاشا، ١٨٠٣-١٨١٣
  13. مەحموود پاشا، ١٨١٣-١٨٣٤
  14. سلێمان پاشا، ١٨٣٤-١٨٣٨
  15. ئەحمەد پاشا، ١٨٣٨-١٨٤٧
  16. عەبدوڵڵا پاشا، ١٨٤٧-١٨٥٠


سەرچاوە[دەستکاری]