سەلاحەدینی ئەییووبی

لە ویکیپیدیاوە، ئینسایکڵۆپیدیای ئازاد
باز بدە بۆ: ڕێدۆزی، گەڕان
سەلاحەددینی ئەییووبی
لەدایکبوون ١١٣٧-١١٣٨
تکریت، عێراق
مەرگ ١١٩٣، لە تەمەنی ٥٥-٥٦ ساڵیدا
دیمەشق، سووریا
شوێنی گۆڕ مزگەوتی ئومەییە، دیمەشق، سووریا
نەتەوە کورد
ساڵانی چالاکی ١١٧٤-١١٩٣
پێشوو نوورەددین زەنگی
جێگر ئەفزەڵ کوڕی سەلاحەددین (شام)
عەزیز عوسمان (میسر)
بەرانبەر(ەکان) خاچپەرستان
ئایین ئیسلامی سوننە

ئەبوو موزەففەر یووسفی کوڕی ئەییووب ناسراو بە سەلاحەددینی ئەییووبی (٢٥ی کانوونی یەکەمی ١١٣٧- ٤ی ئازاری ١١٩٤ ) کوردێکی[١][٢] سەرلەشکەری موسڵمانان بوو کە دەوڵەتی ئەییووبیی دامەزراند. سەرەتا لەدژی فاتیمییان و دوایی لەدژی خاچپەرستان (ئەو مەسیحییانەی کە چووبوون خاکە پیرۆزەکان لە فەلەستین بۆ ئۆلی خۆیان بپارێزن) دەرکەوت و شاری قودسی پاش سەد ساڵ خستەوە دەستی موسڵمانان.

دوای ئەوەی سەلاحەددینی ئەییووبی ساڵی ١١٩٣ مرد، دەوڵەتی ئەییووبی لەنێوان کوڕەکانیدا بەش کرا و ئیتر ئەو ھێزەی سەردەمی سەلاحەددینی پێ نەما.

سەلاحەددین موسڵمانی سوننە بوو و بە لێخۆشبوون و ھەڵسوکەوتی مرۆڤانەی لەگەڵ دوژمنەکانی ناوی دەرکردبوو.

سەرەتای ژیان[دەستکاری]

وێنەیەکی گۆڕەپانی شاری دوین لە ئەرمەنستان، شوێنی لەدایکبوونی نەجمەددین ئەییووب (باوکی سەلاحەددین) و ئەسەدەددین شێرکۆ (مامۆی سەلاحەددین). وێنەکە شاری دوین لە سەدەکانی ناوەڕاستدا نیشان دەدا.

سەلاحەددین لە خێزانێکی کوردی سەر بە یەکێک لە ھۆزە کوردییە ناودارەکان بە ناوی ھۆزی ڕەوادی لەدایک بووە.[١][٢] شوێنی نیشتەجێبوونی ھۆزی ڕەوادیش لە نزیک شارۆچکەی دوین لە ئەرمەنستاندا بووە. ئەییووبییەکانیش دەدرێنە پاڵ ئەییووبی کوڕی شادی.

شادی (باپیرە گەورەی سەلاحەددین) ھەندێک پۆستی کارگێڕیی لە قەڵای تکریتدا پێ سپێردرا، کە لەو کاتەدا موڵکی بەھرۆزی خزمەتگوزاری سوڵتانی سەلجوقی محەمەدی کوڕی مەلیکشا بوو. شادی لەگەڵ دوو کوڕەکەیدا، نەجمەددین ئەییووب و ئەسەدەددین شێرکۆ، گواستیەوە بۆ ئەوێ و پلە-بە-پلە بە پۆستە کارگێڕییەکاندا سەرکەوت تا پۆستی پۆلیسیی (شەحنە) وەرگرت. کاتێ مرد نەجمەددین ئەییووب بووە جێنشینی و بەھۆی جوامێری و دەستپاکییەوە سوڵتانی سەلجوقی قەڵای تکریتی پێ سپارد و ئەویش بە باشترین شێوە بەڕێوەی برد. ھەروەک ئەسەدەددین شێرکۆی مامی سەلاحەددین لە پێشەوەی ئەمیرەکاندا بوو لای سەلجوقییەکان و لە تکریت و دەوروبەریدا ناوچەیەکی بەرفراوانیان بۆ تەرخان کردبوو.

سەلاحەددین ساڵی ١١٣٨ لە قەڵای تکریت لەدایک بووە. ڕۆژی لەدایکبوونی سەلاحەددین ھاوکات بوو لەگەڵ ئەو ڕۆژە کە موجاھیدەددین بەھرۆز، والیی بەغدا، بەھۆی کوژرانی یەکێک لە سەرکردەکانی قەڵا لەلایەن شێرکۆی مامی سەلاحەددینەوە، فەرمانی دا بە نەجمەددین ئەییووب و ئەسەدەددین شێرکۆی برای کە تکریت بەجێ بھێڵن. ئەوانیش بەجێیان ھێشت و بەرەو مووسڵ بەڕێ کەوتن[٣].

ھەردوو برا، نەجمەددین و ئەسەدەددین، چوونە مووسڵ و لەلایەن عیمادەددین زەنگییەوە پێشوازییان لێ کرا[٣]. لەوێ بوو کە بنەماڵەی ئەییووبی گەشەی کرد و نەجمەددین و شێرکۆی برای بوونە یەکێک لە باشترین سەرکردەکانی عیمادەددین. ماوەیەک دواتر، عیمادەددین کوژرا و نوورەددین زەنگی کاروباری گرتە دەست. ئەویش بە یارمەتیی ئەییووبییەکان توانی دیمەشق بھێنێتە ناو دەوڵەتەکەی.

لە دیمەشقدا سەلاحەددین فێری زانستە ئیسلامییەکان، ھونەرەکانی سوارچاکی، ڕاو، تیرھاوێژی و پێداویستییەکانی تری پاڵەوانێتی بوو. کاتێک نوورەددین زەنگی لە ساڵی ٥٣٤ی کۆچی بەعلبەکی داگیر کرد، نەجمەددین ئەییووبی کرد بە والیی ئەوێ. پاشان، نەجمەددین چوو بۆ دیمەشق و بەم شێوەیە سەلاحەددین تەمەنی مناڵیی لە بەعلەبەکدا بەسەر برد.

جیھان لە سەدەی ١٢ھەمدا[دەستکاری]

جەنگەکانی سەلاحەددین لە میسر

کاتێک سەلاحەددین لە ناوەندی سەدەی ١٢ھەمدا دەرکەوت، دەوڵەتی عەبباسی بووبوو بە چەند دەوڵەتێکی بچوک. لە میسر فاتیمییەکان حوکمیان ئەکرد و دانیان بە خەلافەتی بەغدا نەئەنا. خاچپەرستەکان کەنارەکانی ڕۆژھەڵاتی دەریای ناوەڕاستیان، لە ئاسیای بچووکەوە تا نیمچەدوورگەی سینا، داگیر کردبوو. ئەتابەکەکانیش دەستیان بەسەر بەشێک لە عێراق و سووریا گرتبوو.

ساڵی ٥٥٩ی کۆچی، سەلاحەددین لەگەڵ ئەسەدەددین شێرکۆی مامی، کە سەرکردایەتیی سوپاکەی ئەکرد، ڕۆیشت بەرەو میسر. ئەسەدەددین میسر ئەگرێت و وەکوو زانراوە سەلاحەددین ڕۆڵێکی گەورە لەوھەڵمەتەدائەبینێ[ژێدەر پێویستە] . پاشان، وەزیری دەوڵەتی فاتیمی غەدر ئەکا لە ئەسەدەددین و لەگەڵ فەڕەنگییەکاندا ئەبێ بە یەکێ. ئەسەدەددین بۆ ئەوەی میسر لە خاچپەرستەکان بپارێزێت، بۆ جاری دووەم و دیسان بە ھاوڕێیەتیی سەلاحەددین، سوپاکەی لە دیمەشقەوە بەرەو میسر بەڕێ ئەکا. گەیشتنی ئەسەدەددین ھاوکات ئەبێ لەگەڵ گەیشتنی فەرەنگییەکان کە فاتیمییەکان لەگەڵیان ڕێک کەوتبوون. یەکەم شەڕی گەورە لە نێوانیاندا لە بیابانی جیزە ڕوو ئەدا و لە شەڕەکەدا سەلاحەددین یەکێک لە سەرکردە خاچپەرستەکان بە دیل ئەگرێت. دوای ئەم سەرکەوتنە، ئەسەدەددین ئەچێ بۆ ئەسکەندەرییە و و سوپای خاچپەرست و فاتیمی ئەسکەندەرییە گەمارۆ ئەدەن (گەرچی زیانێکی گەورەیان لێ کەوتبوو بەڵام ھێشتا ژمارەیان لە سوپاکەی ئەسەدەددین زیاتر ئەبێ). تا دواتر، وا ڕێک ئەکەون کە ھەردوو سوپای شام (ئەسەدەددین) و فەڕەنگییەکان لە میسر بڕۆنە دەرەروە (ساڵی ٥٦٢ک بەرامبەر ١١٦٧ز).

جاری سێیەم، دیسانەوە ئەسەدەددین لە شامەوە سوپا بەڕێ ئەکا بۆ میسر. ھۆکاری لەشکەرکێشانی ئەمجارە ئەوە بوو کە فەڕەنگییەکان ھەموو سوار و پیاوەکانیان کۆ کردبووەوە و ئەیانویست میسر بگرن. کە ھەواڵ ئەگەیێ بە ئەسەدەددین شێرکۆ و نوورەددین زەنگی، بەپەلە ئەکەونە خۆ بۆ ناردنی سوپا. ئەسەدەددین لە ساڵی ٥٦٤ی کۆچی ئەگەیێتە میسر و فەڕەنگییەکان ناچار ئەکا میسری بۆ چۆڵ بکەن؛ لە ٨ی کانونی دووەمی ١١٦٩ی زایینیدا ئەچێتە ناو قاھیرەوە. ئەسەدەددین ئەزانێ "شاور"ی وەزیری فاتیمییەکان یاری ئەکات بەمان و بە فەڕەنگییەکان. لەبەرئەوە شاور ئەگرێ و خەلیفەی فاتیمی، عازید لیدینڵا، فەرمانی کوشتنی دەر ئەکا و ئەسەدەددین ئەکاتە وەزیر.

دامەزراندنی دەوڵەت[دەستکاری]

گرتنەدەستی وەزرات و ڕووخاندنی دەوڵەتی فاتیمی[دەستکاری]

پێش ھاتنی سەلاحەددین میسر مەڵبەندی دەوڵەتی فاتیمی بوو. خەڵیفەی فاتیمی دەسەڵاتێکی وای نەبوو و ھەموو کاروبارەکان بەدەست وەزیرەکانیەوە بوو. بەم شێوەیە ئەسەدەددین شێرکۆ بوو بە پیاوی یەکەم لە وڵاتدا و کاتێک ئەو مرد خەڵیفەی فاتیمی وەزراەتی دا بە سەلاحەددین. مێژوونوسان باس لەوە دەکەن کە زەنگییەکان بۆ دانانی سەلاحەددین لەو جێگایەدا زۆریان بۆ خەڵیفەی فاتیمی ھێنا. لەبەر لاوازیی ئەو کاتەی فاتیمییەکان و بەھێزیی زەنگییەکان و زۆریی ژمارەی پشتیوانانی سەلاحەددین خۆی، خەڵیفە ناچار بە پەژیران بوو. لەگەڵ ئەمانەشدا، وەرگرتنی وەزارەت بۆ سەلاحەددین بە ئاشتی نەڕۆیشت و چەند مانگێکی نەبرد کە سەرباز و فەرمانڕەوا فاتیمییەکان ھەوڵی کوشتنییان دا.

لەم کاتانەدا نورەددین زەنگی سەرگەرمی کێشە ناوخۆیییەکانی وڵاتەکەی لە شام بوو. دوای وەرگرتنی وەزارەت لەلایەن سەلاحەددینەوە، خاچپەرستان ھەڵمەتێکی نوێیان برد و لە ٢٥ی تشرینی یەکەمی ١١٦٩ زایینیدا بە کەشتییەکانیانەوە بەندەری دومیاتیان گەمارۆ دا. سەلاحەددین ھەواڵی نارد بۆ نورەددین زەنگی، ئەویش لای خۆیەوە دەستی کرد بە ھێرشبردن بۆ سەر میرنشینە خاچپەرستەکانی شام تا گوشاری سەر میسر کەم بکاتەوە. پاسەوانەکانی دومیات ڕۆڵێکی گەورەیان بینی لە پاراستنی شارەکە و دوای ٥٠ ڕۆژ گەمارۆدان خاچپەرستانیان ناچار بە گەڕانەوە کرد. گەردەلوولێکی بەھێزیش ھەڵی کرد و دەریاوانەکان کۆنتڕۆڵیان بەسەر کەشتییەکاندا نەما و زۆربەیان نوقم بوون. لە باکوورەوە، سەلاحەددین بە سوپاکەیەوە دوای خاچپەرستە کشاوەکان کەوت ھەتا لە شاری دەیر بەلەح بەیەکیان دا (ساڵی ١١٧٠). پاشای خاچپەرستان لەگەڵ پاسەوانەکانی لە شاری غەززەوە بۆ شەڕ لەگەڵ سەلاحەددین بەرەو ئەوێ دەرچوو. بەڵام سەلاحەددین ڕێگەی گۆڕی بەرەو غەززە و ئەو شارەی خاچپەرستەکان لە دەرەوەی قەڵای شارەکەدا دروستیان کردبوو ڕووخاندی. ھەروەھا، بەپێی ھەندێک لە سەرچاوەکان، لەو ماوەیەدا سەلاحەددین قەڵای ئیلاتیشی گرت.

دوای ئەم سەرکەوتنە، زەنگییەکان پێیان لە میسر قایم بوو. نورەددین زەنگی ناردی بەشوێن سەلاحەددینا کە وتاری ھەینی ڕابگرێت بۆ خەڵیفەی فاتیمی و بیگەڕێنێتەوە بۆ خەڵیفەی عەبباسی. بەڵام سەڵاحەدین لەبەر دەسەڵاتی شیعە لە میسردا لەمە ئەترسا و دوای ئەخست. ھەتا نورەددین ھەڕەشەی لە سەلاحەددین کرد کە خۆی دێت بۆ قاھیرە، سەلاحەددین ھەموو کاروبارێکی بۆ ڕێک خستبوو بەڵام کەس غیرەتی نەئەکرد جێبەجێی کات تا شێخێکی سوننە لە مووسڵەوە ھات و وتاری بۆ خەڵیفەی عەبباسی دا (لە یەکەم ھەینیی مانگی ئەیلولی ساڵی ١١٧١دا). پاشان، ھەموو قاھیرە ئەوەیان ئەنجام دا. لە کاتێکدا خەڵیفەی فاتیمی لەسەر جێی مردن بوو، زۆری نەبرد وەفاتی کرد. سەلاحەددین بوو بە حاکمی میسر. بەمەش، دوای ٢٦٢ ساڵ بەردەوامی، دەوڵەتی فاتیمی سەرەنجام کۆتاییی پێھات.

گەمارۆدانی دومیات لەلایەن کەشتیگەلی خاچپەرستانەوە.

سوڵتانی میسر[دەستکاری]

دوای ڕووخانی دەوڵەتی فاتیمی سەلاحەددین دەستی کرد بە بەھێزکردنی حکوومەتی خۆی لە میسر و ھەوڵی دا سەربەخۆی بکات. پایەکانی دەوڵەتی دا بە لایەنگر و نزیکەکانی، قازییە شیعەکانی لابرد و گۆڕینی بۆ قازیی شافعی، مەجلیسەکانی بانگەوازی ھەڵوەشاندەوە و ئوسولی مەزھەبی شیعەی ئیسماعیلیی لابرد، ناوی عەلی کوڕی ئەبوتالیبی لە بانگدا سڕیەوە، بڕیاری دا ناوی ھەر چوار خەڵیفەی ڕاشدین لە وتاری ھەینیدا بھێنرێت، دوو خوێندنگەی گەورەی بنیات نا لە فوستات بۆ بڵاوکردنەوەی مەزھەبی سوننە، ئەم دوو خوێندنگەیە زانستەکانی شەریعەتیان ئەوتەوە بەپێی مەزھەبی شافعی و مالکی.

مزگەوتی ئەزھەر، فاتیمییەکان دایانمەزراند بۆ بڵاوکردنەوەی مەزھەبی ئیسماعیلی، سەلاحەددین گۆڕی بۆ خوێنگەیەکی سوننە، دوای ئەوەی دەستی گرت بەسەر فاتیمییەکان و دەسەڵاتی شیعە لە قاھیرەدا.

نێوانی نوورەددین زەنگی و سەلاحەددین ساردیی تێکەوت. چەند جارێک سەلاحەددین نامەی پۆزشی نارد بۆ نوورەددین، بەڵام ھیچ لەوانە سودی نەبوو. نوورەددین سوور بوو لەسەر ئەوەی لە فرسەتێکدا ھێرش بکاتە سەر میسر بۆ لابردنی سەلاحەددین. لە ھاوینی ساڵی ١١٧٢دا ھەواڵ گەیشت کەوا سوپای نوبییەکان گەیشتوونەتە سنووری میسر و ئەیانەوێت گەمارۆی ئەسوان بدەن. سەلاحەددینیارمەتی بۆ ناردن و نوبییەکانیان ناچار بە گەڕانەوە کرد. جارێکی تر، سوپای نوبی لە ساڵی ١١٧٣دا گەڕایەوە. ئەمجارەیان سوپای ئەییووبی دوایان کەوتن تا وڵاتی نوبە. لەم کاتانە نوورەددین زەنگی ھیچ ھەنگاوێکی سەربازیی بەرامبەر سەلاحەددین نەنا، بەڵام داوای گەڕانەوەی ٢٠،٠٠٠ دیناری لێکرد کە کاتی خۆی بۆ ھەڵمەتەکەی ئەسەدەددین شێرکۆ بۆ فەتحی میسر و دەستگرتن بەسەر دەسەڵاتی خاچپەرستی و فاتیمیدا تەرخانی کردبوو. سەلاحەددین وەک ئەمەکێک بۆ قەرزەکەی، ٦٠،٠٠٠ دیناری بۆ نارد لەگەڵ باشترین شتومەک و گەوھەردا، ھەروەھا ئەسپ و فیل. سەلاحەددین لە کاتی ڕۆیشتنی بە خاکەکانی شامی خاچپەرستیدا بۆ گەیاندنی پارە و دیارییەکان بە دیمەشق، سوودی لە فرسەت وەرگرت و ھێرشی بردە سەر خاچپەرستەکان و فەڕەنگییەکان و چەند شەڕێک لە نێوانیاندا ڕووی دا. کاتێک سەلاحەددین لە شام بوو باوکی مرد و چەند ڕۆژێک دوای ئەوەی گەڕایەوە میسر لە ساڵی ١١٧٤دا، براکەی بە سوپایەکەو نارد بۆ گرتنی یەمەن؛ وڵاتەکەیان گرت و بەمەش حیجاز چووە پاڵ میسر.

نوورەددین لە بەھاری ١١٧٤دا ھێزێکی گەورەی کۆ کردەوە و لە ھەوڵێکدا بۆ لابردنی سەلاحەددین ھێرشی برد بۆ میسر. بەڵام ئەم ھەڵمەتە تەواو نەکرا و لە ١٥ی ئایاری ١١٧٤ لە تەمەنی ٥٩ ساڵیدا نوورەددین گیانی لەدەست دا. بە وەفاتی نوورەددین، سەلاحەددین بە کردەوە بوو بە پێشەوای میسر و سەربەخۆ بوو لە ھەر شوێنکەوتوویییەکی سیاسی. بەم شێوەیە سەلاحەددین بوو بە سەرکردەی گەورەترین دەسەڵاتی ئیسلامیی ئەو سەردەمە کە بە دەوڵەتی ئەییووبی ناسراوە.

گرتنی شام[دەستکاری]

فەتحی دیمەشق[دەستکاری]

قەڵای دیمەشق، چوار ڕۆژ دوای گرتنی شارەکە سەلاحەددین چووە ناویەوە.

نوورەددین زەنگی مرد و لەدوای خۆی کوڕێکی یانزە ساڵەی بەجێ ھێشت بە ناوی ساڵح ئیسماعیل. سەلاحەددین لە نامەیەکدا بۆ ساڵح ئیسماعیل ئاماژەی بە مەرگی باوکی کرد و بیستنی ھەواڵی مەرگی ئەوی بە "ڕاچڵەکیان لە بوومەلەرزە" وەسف کرد و بەڵێنی پێ دا لە بەرامبەر دوژمنانیدا "وەکوو شمشێر دەستبەکار بێ".

سەلاحەددین ئەیتوانی بەئاسانی دیمەشق بگرێ بەڵام لە بیروباوەڕی ئەودا ھێرشکردنەسەر وڵاتێک کە پێشتر ھیی سەروەر و گەورەی خۆی بووە کارێکی ناڕەوا بوو. سەلاحەددین وای بە باش زانی چاوەڕوانی بانگھێشت و داوای یارمەتیی ساڵح بمێنێتەوە، بەڵام بارودۆخەکە لە شام جیاواز بوو، ساڵح ئیسماعیل گوێزرایەوە بۆ حەلەب و گەورەی سەربازە زەنگییەکان (کەمشتەکین) ڕاسپێردرا لەسەری تا گەورە دەبێت. خێرا کەمشتەکین تەماعی کردە فراوانکردنی دەوڵەتەکەی و بڕیاری دا دیمەشق بگرێت. ئەمیری دیمەشق داوای یارمەتیی لە سەلاحەددین کرد و سەلاحەددینیش بە سەرکردایەتیی سوپاکەی، کە لە ڕێگەدا چەند کۆمەڵێکی کورد و عەرەب دابوویانە پاڵیان، لە مانگی تشرینی دووەمی ساڵی ١١٧٤دا چووە ناو دیمەشقەوە.

فەتحەکانی ناوخۆی شام[دەستکاری]

سەلاحەددین دستبەکاری گرتنی شارەکانی تری شام بوو کە دوای مردنی نوورەددین تا ڕادەیەک سەربەخۆ بووبوون. حەمای بەئاسانی گرت، بەڵام خۆی لا دا لە ھێرشبردن بۆ سەر حومس، لەبەر ئەوەی کە قەڵاکەی زۆر ئەستەم بوو. پاشان سەرنجی چووە سەر حەلەب و دوای ئەوەی کەمشتەکین ڕەتی کردەوە ملکەچ بێت بۆی، سوپاکەی بەرەو ئەوێ بەڕێ کرد. ساڵح (کوڕەکەی نوورەددین) داوای لە خەڵک کرد کە بەرگری لە شارەکەیان بکەن، وەک ئەڵێن ئەو قسانە کاریگەریی زۆری لەسەر خەڵک ھەبوو.

کەمشتەکین ناردی بۆ لای ڕەشیدەددین سینان (شێخی حەشاشییەکان، کە لەبەر ڕووخانی دەوڵەتی فاتیمی لەگەڵ سەلاحەددینا دوژمن بوو) و لەگەڵی ڕێکەوت کە سەلاحەددین لەناو بەرن. تیپێکی ١٣ کەسی لە حەشاشییەکانیان نارد تا لە سەربازگەکەیدا سەلاحەددین بکوژن، بەڵام پێش ئەوەی ھێرش بەرن ئاشکرا بوون و پیان زانرا.

لەم کاتانە ڕیمۆندی سێیەم لە تەرابلس جوڵا بۆ ھیرشکردنە سەر حومس، بەڵام خێرا پاشەکشەی کرد بێ ئەوەی ئامانجەکەی بپێکیت، و سەڵاحەدین کەوتە بەر ھیرشی دوژمنەکانی کە دژە ھێرشیان ئەکردە سەری، دواتر سەڵاحەدین ڕۆیشت بەرەو حەما لە سەرکردایەتی سوپاکەی بۆ ڕێگرتن لەو تیپە خاچپەرستیەی ھاتبوون بۆی، بەڵام خاچپەرستەکان کشانەوە کاتێک ھەواڵی زۆری ھێزی ئەییوبیەکانیان پێگەیشت، سەلاحەدین بە ئاسانی چووە شارەکەوە و قەڵاکەی گرت لە ئازاری ١١٧٥ز، دوای بەرگریەکی بەھێز لەلایەن پاسەوانەکانیەوە. ئەمیری موسڵ سەیفەدین غازی ترسا لە گەورەبوونی سەڵاحەدین، ھێزێکی زۆری کۆکردەوە بەسەرکردایەتی عیزەدین مەسعودی برای، کە سەلاحەدین ئەمەی زانی گەمارۆی سەر حەلەبی لابرد و چووە حەما خۆی ئامادەکرد بۆ بەیەکگەیشتنیان، کاتێک عیزەدین مەسعود گەیشتە حەلەب سوپای کوڕی مامەکەی، پاشا ساڵح ئیسماعیل چوونە پاڵی و دەرچوون لەگەڵ سوپایەکی گەوردا، چاوەڕێی کردن تا گەیشتنە شاخەکانی حەما، نوێنەری نارد بۆلایان و بۆیان نارد و ھەوڵیدا لەگەڵیان ڕێبکەوێت، بەڵام ڕێنەکەوتن ھەردوولا کۆبوونەوە لە شاخی حەما لە نزیک ڕووباری عاسی و شەڕێکی گەورە لە نیوانیان ڕوویدا و زەنگیەکان تێکشکان لەسەر دەستی سەڵاحەدین، لە ٢٣ی نیسانی ١١٧٥ز سەڵاحەدین لە دوای ئەم سەرکەوتنە چووە حەلەبەوە و زەنگیەکان لەگەڵی ڕێکەوتن، و خۆی کرد بە پاشا بەسەر ئەو وڵاتانەی فەتحی کردبوون و وتاری ھەینی بۆ خوێنرایەوە بە ناوی "الملک الناصر" واتە؛ (پاشای سەرخەر)، دیناری ئاڵتونی بەناویەوە لە میسر لێدرا، و ژنەکەی نورەدین زەنگی ھێنایەوە، و خێرا سەرکردایەتی سەڵاحەدین شەرعیەتی وەرگرت کاتێک خەلیفەی عەبباسی لە بەغدا دەسەڵاتی میسر و ڕۆژئاوای خواروو و نەوبە و ڕۆژئاوای نیمچەدوورگەی عەرەبی و فەلەستین و سوریای ناوەڕاستی پێدا.

وێنەیەکی فەڕەنجی، سوپای ئەیوبی دەر ئەخات لە ساڵی ١٣٣٧ز

دوای ئەم سەرکەوتنانە دوایین شەڕی نیوان زەنگی و ئەیوبیەکان ڕوویدا لە ھاوینی ١١٧٦ز، سەڵاحەدین سوپاکەی ئامادەکرد لە میسرەوە بۆ یەکلایکردنەوە، و سەیفەدین غازی ئەمیری موسڵ ھەستا بە کۆکردنەوەی پیاوە لە دیاربەکر و گوند و شارەکانی دوورگەی فوڕات، ئەیوبیەکان ھاتن بەرەو ڕوویان و لە شەڕێکی بەھێزدا بەسەریاندا سەرکەون و سەڵاحەدین مامەڵەیەکی جوامێرانەی دیلەکانی کرد دیاری پێدان و ئازادیکردن، پاشان دەسکەوتەکانی جەنگەکەی بەسەر سەربازەکانیدا دابەش کرد و ھیچی بۆ خۆی دانەنا.

دوای ئەم سەرکەوتنە سەڵاحەدین گەڕایەوە بۆ گەمارۆی شاری حەلەب، لە کاتی ڕۆیشتنیاندا فەتحی قەڵای بزاعە و منبجیان کرد، پاشان ڕۆیشت بەرەو ڕۆژئاوا بۆ گرتنی قەڵای ئەعزاز، و کاتێک گەمارۆی قەڵاکەیان دا ھەندێک لە حەشاشەکان سەربازگەکەیان کرد و یەکێکیان توانی بچێتە خێمەکەی سەڵاحەدینەوە و چەقۆیەکی دا لە سەری بەڵام چەقۆکە بەر ڕومەتی کەوت و برینداری کرد و توانی حەشاشەکە بگرێت و کوشتی، ئەم ڕووداوە کاریگەری زۆربوو لەسەر سەڵاحەدین بڕیاریدا دەست بگرێت بەسەر کەمشتەکین ئەمیری حەلەب کە پێشتر ڕێکەوتبوو لەگەڵ حەشاشیەکان بۆ کوشتنی سەڵاحەدین، و زۆر ئاگاداربوو دوای ئەوە.

دوای ئەوەی سەڵاحەدین سەرکەوت و فەتحی قەڵای ئەعزازی کرد، بەرەو حەلەب ڕۆیشت و گەمارۆیدا تا ئەمیر کەمشتەکین بگرێت ئەمجارەش بەرگریەکی بەھێزیان کرد پاشان سەڵاحەدین ڕێکەوت لەگەڵیان کە زەنگیەکان بمێننەوە لە حەلەب لە بەرامبەر ئەوەی دان بنێن بە دەسەلاتی سەڵاحەدین لە ھەموو ناوچەکانی تر کە گرتویەتی، و خێرا میرەکانی ماردین و دەوروبەری دانیان نا بە سەرکردایەتی سەڵاحەدین و بە دەسەڵاتی لەسەر شامدا، دوای تەواوبوونی ئاگربەستەکە پاشا ساڵح خوشکە بچوکەکەی نارد بۆ لای سەڵاحەدین داوای لێکرد قەڵای ئەعزاز بگێڕێتەوە بۆ زەنگیەکان، سەڵاحەدین وەڵامی داواکەی دایەوە زۆر بە جوامێرانە و خۆی ھاوڕێیەتی کرد تا دەروازەی حەلەب و دیارییەکی زۆری بۆ ناردن.

قەڵای مەسیاف، یەکێک لە قەڵای حەشاشیەکان

ھەڵمەت بۆ سەر حەشاشیەکان[دەستکاری]

دوای ئەوەی سەڵاحەدین ھاوپەیمانی بەست لەگەڵ زەنگیەکان و ڕێکەوتنی ئاشتی کرد لەگەڵ شانشینی بەیتولموقەدەس، ھیچ مەترسیەک نەمایەوە بۆ دەوڵەتەکەی بێجگە لە حەشاشیەکان، کە ڕێگەی تیرۆر کردنیان بەکارئەھێنا بۆ ڕزگاربوون لە دوژمن و ڕکەبەرەکانیان، و چەند قەڵا و کەلویەکیان بەدەستەوەبوو لە شاخەکانی نەسیری، و کاتێک سەڵاحەدین بڕیاریدا کە لێیانبدات، چەند یەکەیەکی سەربازی نارد بۆ شاخەکانیان، و سەربازەکانی تری گەڕاندەوە بۆ میسر و سەڵاحەدین خۆی سەرکردایەتی سوپاکەی کرد و گەمارۆی ھەموو قەڵاکانی حەشاشیەکانی دا لە ئابی ١١٧٦زدا، بەڵام نەیانتوانی ھیچیان فەتح بکەن دوایی کشانەوە و پاشان ڕێکەوتن لەگەڵیان بەمەش سەڵاحەدین سەرکەوتنێکی تری بەدەست ھێنا بەوەی خاچپەرستەکانی بێبەش کرد لە ھاوپەیمانیەکی گرنگ.

گەڕانەوە بۆ میسر و غەزووەکانی لە فەلەستین[دەستکاری]

قەڵای سەڵاحەدینی ئەیوبی لە قاهیرە

لە دوای کشانەوە لە شاخەکانی نەسیری سەڵاحەدین گەڕایەوە میسر دوای ئەوەی دوو ساڵ بە جێی ھێشتبوو بۆ داستانە یەک لەدوای یەکەکانی لە شام، دەستیکرد بە رێکخستنەوەی کاروباری میسر و چاکسازیکردن یەکەم ئیش ھەستا بە دروستکردنی قەڵا لە چواردەوری قاھیرە و بنیاتنانەوەی بەشە ڕوووخاوەکانی، دیوارەکانی چاک کردەوە و فراوانی کردن، بڕیاری بنیاتنانی قەڵای قاھیرەی دا لە ساڵی ٥٧٣ز کە دواتر بە قەڵای سەلاحەدین ناسرا، و ھەڵکەندنی بیری یوسف کە گەیشتە قوڵی ٨٥ مەتر، و لە ئیشەکانی تری سەلاحەدین بنیاتنانی پردێکی گەورە بوو لە جیزە تا ھێڵێکی بەرگری دروست بکات بۆ پاراستن لە ئەگەری ھێرشی ڕۆژئاوا.

سەڵاحەدین مایەوە لە قاھیرە و سەرپەرشتی ئیشە بنیاتنانەوەکانی ئەکرد، ھاوشان لەگەڵ بینا سەربازیەکاندا چەند خوێندنگەیەکی دامەزراند بۆ بڵاوکردنەوەی زانست، و خۆی بە دوای بەڕێوەبردنە ناوخۆییەکاندا ئەچوو، و گرنگی دا بە دامەزراوە کۆمەڵایەتیەکان کە یارمەتی خەڵکیان ئەدا و دژواریەکانی ژیانیان لێ کەم دەکردنەوە، و بەڵێنی بەخشینی دا بە ھەژار و ڕێبوارەکان کە پەنایان ئەبردە بەر مزگەوت تیایدا بژین، و مزگەوتی ئەحمەد کوڕی تۆڵۆنی لە قاھیرە کرد بە شوێنێک بۆ ڕێبوارەکانی لە وڵاتەکانی مەغریبەوە ئەھاتن.

لە تشرینی دووەمی ساڵی ١١٧٧ز، خاچپەرستەکان ھێرشیان کردە سەر کەنارەکانی دیمەشق، سەڵاحەدین وای دانا کە ئاگربەست لەگەڵ شانشینی بەیتولموقەدەس کۆتایی ھاتووە بەم ھێرشە، سوپای کۆکردەوە و رۆیشت بەرەو فەلەستین تا دەستبگرێت بەسەر ھەندێک شوێنی خاچپەرستەکان، پاشان ڕۆیشت بەرەو عەسقەلان کە پێی ئەوترێت (بوکی شام)، و سەڵاحەدین بەردەوام بوو غەزووی شوێنە دووەمیەکانی خاچپەرستەکانی یەک لە دوایەک کرد، ھێرشی بردە سەر ڕامەڵە و لەد و گەیشتە دەروازەکانی قودس.

شەڕ و ئاگربەست لەگەڵ بلدوینی چوارەم[دەستکاری]

شەڕی نێوان سوپای خاچپەرستی و ئەیوبی ساڵی ١١٧٧ز بە فڵچەی فيليپ لاريڤيير

پاشای بەیتولموقەدیس، بلودینی چوارەم ھێزەکانی کۆکردەوەو لە شاری غەزەوە چووە عەسقەلان، و کاتێک ئەم ھەواڵە بە سەڵاحەدین گەیشت، بە بەشێک لە سوپاکەیەوە ھاتن بەرەو شارەکە و لە ٢٥ی تشرینی دووەمی ١١٧٧ز خاچپەرستەکان ھێرشێکی کتوپڕیان کردە سەریان و شکاندنیان، دوای گەڕانەوەی بۆ میسر سەڵاحەدین نەک ورەی نەڕوخا بەڵکو جارێکی‌تر ھێزەکانی ڕێکخستەوە و ھێزە ئەییوبییەکان لە نزیک حومس دابەزین، ولە ئابی ١١٧٨ز تاقمە خاچپەرستەکان ھێرشیان کردە سەر حەما و ھەندێک لە خەڵکەکانیان کوشت بەڵام شکێنران لەلایەن بەرگریکارانی شارەکەوە، سەڵاحەدین ساڵێک لە شام مایەوە بێ ئەوەی جەنگی تر ڕووبدات، پاشان ھەواڵی پێگەیشت کە خاچپەرستەکان پلان دادەنێن بۆ ھێرش بردنە سەر سوریای ناوەڕاست، سەلاحەدین ئامادەسازی بۆ کرد و پلانی خۆی ڕێکخست، لە نیسانی ١١٧٩ز خاچپەرستەکان بەسەرکردایەتی بلدوینی چوارەم بەرەو دیمەشق ڕۆیشتن و چاوەڕێی بەرگریەکی لاوازیان ئەکرد، دەستیان کرد بە ھێرشبردنە سەر بەرزاییەکانی جۆلان، یەکەیەکی ھێزە ئەیوبیەکان ڕووبەڕویان بوونەوە پاشان پاشەکشەیان کرد لە بەردەمیاندا تا بێن بە دوایاندا بۆ باشوری ڕۆژھەڵاتی قنتیڕە کە سوپای ئەییوبی چاوەڕێی ئەکردن، بەم شێوەیە شەڕ کەوتەوە و ئەییوبیەکان سەرکەوتنیان بەدەست ھێنا و دوای ئەم سەرکەوتنە سەڵاحەدین ھیزەکانی زیاد کرد لە شام.

پاشماوەی ئەو قەڵایەی بلدوینی چوارەم بنیاتی نا و سەڵاحەدین گرتی و ڕوخاندی

لە ھاوینی ١١٧٩ز، بلدوینی چوارەم قەڵایەکی سنوری بنباتنا لەسەر ڕێگای دیمەشق پاشان ویستی پردێک نیات بنێت لەسەر ڕووباری ئوردن (کە لە ئێستادا ناسراوە بە پردی کچەکانی یەعقوب) تا خاکەکانی خاچپەرستەکان ببەستێتەوە بە بانیاسەوە کە جیاکەرەوەیەک بوو لە نێوان میرنشینە خاچپەرستیەکان و خاکە ئیسلامیەکاندا، سەڵاحەدین دژی ئەم پڕۆژەیە وەستا و بە ئیشێکی دوژمنکارانەی دانا بۆ سەر موسڵمانان، و ١٠٠،٠٠٠ پارچە ئاڵتونی دا بە بلدوین تا دەست لەم ئیشە ھەڵگرێت، بەڵام ئەو ڕەتی کردەوە، لەبەرئەوە سەلاحەدین ھێرشی کردە سەر قەڵا سنوریەکە و تێکیدا، پاشان بە سوپاکەیەوە ڕۆیشت و بانیاسی کردە بنکەی خۆی، سوپای خاچپەرستەکان پەرتەوازە بوون، و سەلاحەدین لە دوورەوە ئاگای لێیان بوو تا کاتێک فرسەت ھاتە بەردەمی و زانی سوپای خاچپەرستی ھیلاک بوون، ھەردوولا بەیەکیاندا و موسڵمانان سەرکەوتن، و زۆر لە گەورە جەنگاوەرەکانی خاچپەرستەکان بەدیل گیران پاشان سەڵاحەدین بەرەو قەڵاکە ڕۆیشت گەمارۆی دا تالە ٣٠ی ئابی ١١٧٩ز فەتحیکرد و چووە ناویەوە.

لە بەھاری ١١٨٠ز سەڵاحەدین خۆی ئامادەئەکرد بۆ غەزووی بەیتولموقەدیس، بلدوین داوای ئاشتی لێکرد، سەڵاحەدین ڕازی بوو، ڕیمۆندی سێیەم لە تەڕابلس سەرەتا ڕەتیکردەوە بەڵام خێرا سەری دانەواند بۆ ڕێکەوتن دوای ئەوەی سوپای ئەیوبی ھێرشیان کردە سەر میرنشینەکەی و کەشتیگەلی ئیسلامی دەرکەوت لە بەندەری تەڕتوس و ھەڕەشەی ھێرشیان لێئەکرد.

کێشە ناوخۆییەکان[دەستکاری]

سەڵاحەدین ھەوڵیدا نێوان ئەمیری حوسن کیفا، نورەدین محەمەد ئەرتقیونی و قەلج ئەرسەلانی سولتانی سەلجوقیەکانی ڕۆم یەکبخات، نورەدین ناوبژیوانی ئەییوبی قبوڵ کرد پاشان قلج ئەرسەلانیش قبوڵی کرد و سەڵاحەدین زۆر دڵخۆش بوو پێی بەم یەکگرتنەی خاکە ئیسلامیەکان پاشان دواتر ناکۆکی کەوتە نیوان نورەدین و قلج ئەرسەلان، سەڵاحەدین ھەڕەشەی لە نورەدین کرد وتی خۆی ئەڕوات بۆ مەڵتیەی پایتەختی نورەدین تا دەرسی دابدات و بۆ کۆتایی ھێنان بە ناکۆکی نێوان ئەم دوو فەرمانڕەوا موسڵمانە لە کاتێکدا موسڵمانان ئەوپەڕی پێویستیان بە یەکگرتوویی ھەبوو، لە ڕاستیدا سەڵاحەدین نەیئەویست بچێت بۆی تەنھا بۆ ئەوەبوو ملکەچی بکات و نورەدین کە زانی ناتوانێت لەبەرامبەر سوپای ئەییوبی بوەستێت، ملکەچ بوو بۆ فەرمانی سەڵاحەدین، پاشان سەڵاحەدین گەڕایەوە قاھیرە لە ساڵی ١١٨١ز، کە ئەیویست مانگی ڕەمەزان لە میسر بەسەربەرێت، پاشان بڕوات بۆ حەج بەڵام لەبەر چەند ھۆکارێکی نادیار حەجەکە نەکرا.

فراوانبونوونی دەوڵەت[دەستکاری]

فەتحی دەوروبەری وڵاتی نێوان دوو ڕووبار[دەستکاری]

سەلاحەددینی ئەیووبی

سەیفەدین غازی کۆچی دوایی کرد لە ٢٨ی حوزەیرانی ١١٨٠ز، عیزەدینی برای میرنشینی موسڵی گرتە دەست، لە ٤ی کانونی یەکەمی ١١٨١ز پاشا ساڵح کوڕی نورەدین زەنگی کۆچی دوایی کرد لە حەلەب، کاتێک بێھیوا بوو لەخۆی عیزەدین مەسعودی ئامۆزای دانا وەک میری حەلەب بەڵام بەڕێوەبردنی حەلەب و موسڵ بەیەکەوە لە سەروو توانای عیزەدینەوە بوو، لەبەر ئەوە حەلەبی دا بە عیمادەدینی برای لە بەرامبەر سنجار و خاپور و ڕقە و نەسیبین و سروج و زۆر شوێنی تر، بەڵام سەڵاحەین ھەوڵی نەدا سوود لەو فرسەتانە وەربگرێت لەبەر ڕێزگرتنی بۆ ئەو پەیماننامەیەی پێشتر لەگەڵ زەنگیەکان بەستبووی.

لە ١١ی ئایاری ١١٨٢ز سەلاحەدین لە سەرکردایەتی نیوەی سوپای ئەییوبی و ژمارەیەک خۆبەخشدا دەرچوو لە قاھیرەوە بۆ شام، کاتێک زانی ھێزە خاچپەرستەکان لەسەر سنوور کۆبوونەتەوە بۆ ڕێگرتن لێی ڕێگەی گۆڕی لە سیناوە بۆ ئەبلە، لێرەدا سەڵاحەدین ھیچ بەرگریەک نەکرا لەلایەن ھێزەکانی بلدوین، گەیشتە دیمەشق پاشان ھێرشیان برد بۆ دەستگرتن بەسەر بەیروتدا و سەلاحەدین سەرکردایەتی سوپاکەی ئەکرد لە دەشتی بیقاع، و کاتێک زانی ھێرشەکە سەرکەوتن ناھێنێت، وەستاندی و خۆی کۆکردەوە بۆ ئیشەکەی لە وڵاتی نێوان دوو ڕووبار.

موزەفەڕەدین کوکبری یەکێک بوو لە میرەکانی حەڕان، بانگی سەڵاحەدینی کرد تا وڵاتی جەزیرە بگرێت لەو کاتانە ئاگربەستی نێوان سەڵاحەدین و زەنگیەکان کۆتایی پێ ئەھات لە کانونی یەکەمی ١١٨٢ز، پێش ئەوەی بڕوات بۆ وڵاتی جەزیرە کە کەوتۆتە باکوری وڵاتی نێوان دوو ڕووبار، گرژی نێوان زەنگیەکان لە زیادبووندا بوو، سەڵاحەدین گەمارۆی حەلەبی دا بۆ ماوەی سێ ڕۆژ پاشان گەیشت بە قەڵای بییرە نزیک ڕووباری فوڕات، کوکبری و نورەدینی حوسن کیفا پێی گەیشتن و ھیزە ھاوبەشەکانیان شارەکانی جەزیرەکەیان یەک لە دوای یەک گرت، ڕەھایان گرت پاشان ڕقە و قرقیسیە و نەسیبین، سەڵاحەدین بوو بە جێگەی خۆشەویستی خەڵکی شارەکە دوای ئەوەی زۆر لە باجەکانی لەسەر لابردن کاتێک وتی؛ ((خراپترین حاکمەکان ئەوانەن خۆیان قەڵەو ئەبن و نەتەوەکەیان برسیە)). پاشان غەزووی ماکسین و دورین و عرابان و خاپوری کرد.

قەڵای حەلەب، سەڵاحەدین چووە ناویەوە لە ١٢ی حوزەیرانی ١١٨٣ز

گرتنی حەلەب[دەستکاری]

لە دوای موسڵ سەڵاحەدین گرنگی دا بە گرتنی حەلەب، ھێزی نارد بۆ گرتنی تەل خالد فەرمانڕەواکەی تەسلیم بوو لەگەڵ گەیشتنی سەڵاحەدین خۆیدا، پاشان سەڵاحەدین بە سوپاکەیەوە ڕۆیشت بۆ گرتنی عینتاب پاشان بە پەلە گەڕایەوە بۆ لای حەلەب، عیمادەدینی میری حەلەب زۆر بەرگری نەکرد لەبەرئەوەی جەماوەری نەبوو لە ناو خەڵکەکەدا و حەزی بە گەڕانەوە ئەکرد بۆ سنجار ئەو شارەی پێشتر بەڕێوەی ئەبرد، وتووێژی کرد لەگەڵ سەڵاحەدین کە حەلەب ئەدات بە دەستەوە لە بەرامبەر ئەوەی سنجار ونەسیبین و ڕقە و سروجی بگەڕێننەوە بۆی ھەروەھا ھێزە زەنگیەکان لە ڕیزی سوپای سەڵاحەدیندا ئەوەستن، بەم ڕێکەوتنە لە ١٢ی حوزەیرانی ١١٨٣ حەلەب ھاتە ژێر دەستی ئەییوبیەکانەوە، سەڵاحەدینی دادگای حەنەفی گۆڕی بۆ شافعی، لەگەڵ ئەوەی چەند پێویستی بە پارە بوو ڕێگەی دا بە زەنگی چەند ئەتوانێت لە خەزێنەکانیان بیبات و ئەوەی مایەوە بۆ سەڵاحەدین.

وێنەیەکی سەڵاحەدین، لە سەدەی ١٩ کێشراوە

لە پێناوی موسڵدا[دەستکاری]

لەگەڵ نزیکبوونوەی سەڵاحەدین لە موسڵ، زەنگیەکانی موسڵ پەنایان گرت بە خەلیفەی عەبباسی لە بەغدا، ئەویش یەکێکە لە کەسایەتیە ئاینیە گەورەکانی نارد تا بکەوێتە نێوانیان، سەڵاحەدین گەیشتە شارەکە لە ١٠ی تشرینی دووەمی ١١٨٢ز، و عیزەدین مەرجەکانی قبوڵ نەکرد، لەبەرئەوە سەڵاحەدین گەمارۆی شارەکەی دا، دوای چەد پیاھەڵپژانێک لە بەردەم خەلیفەدا، سەڵاحەدین بڕیاری کشانەوەی دا لەبەرئەوە بریاری دا ھێرش بکاتە سەر سنجار کە ئەمیرەکەی برای عیزەدین بوو، و ھێزی بە جێھێشت بۆ بەردەوام بوونی گەمارۆ، سنجاری گرت دوای گەمارۆدانی ١٥ ڕۆژ لە ٣٠ی کانونی یەکەمی ١١٨٢ز، پاشان سەڵاحەدین ھەموو ھێزەکانی کۆکردەوە و کاتێک عیزەدین بە ھاتنی سوپاکەی سەڵاحەدینی زانی، ناردی بۆ لای و داوای ئاشتی کرد. لە ٢ی ئازاری ١١٨٣، عادل لە میسر نووسی بۆ سەڵاحەدین کە خاچپەرستەکان لە وڵاتی ئیسلامیان داوە کەشتیەکیان ناردووە لە کەنداوی عەقەقبەوە بۆ تێکدانی شار و گوندەکانی کەناری دەریای سوور، وا باس دەکرێت کە خاچپەرستەکان کەشتی موسڵمانانیان سوتاندبوو و ھێرشیان کردبووە سەر کاروانی حەج، و ھەروەھا ویستبوویان ھێرش بکەنە سەر مەدینە و گۆڕی پێغەمبەر محەمەد تێکبدەن، بەڵام موسڵمانان ڕووبەڕوویان بوونەوە لە کەشتیگەلەکانی دەریای سووردا و تێکیان شکاندن، و سەڵاحەدین بڕیاری کوشتنی دیلەکانی خاچپەرستەکانی دا کە ژمارەیان لە ١٧٠ جەنگاوەر زیاتر بوو.

دواتر ھەندێک لە سوپاکەی سەڵاحەدین بڵاوەیان لێکرد و گەڕانەوە، عیزەدینی میری موسڵ ئەمەی بە فرسەت زانی و ویستی ھێرش بکاتە سەر ھێزەکانی سەڵاحەدین، لە سەرەتای نیساندا سەڵاحەدین بە ھێزەکەیەوە چووە پێشەوە و ئامەدیان گرت پاشان سەڵاحەدین ناردی بۆ لای خەلیفەی عەبباسی و داوای لێکرد حەقی بداتێ بۆ گرتنی موسڵ.

شەڕ دژی خاچپەرستەکان[دەستکاری]

دەوڵەتی ئەیوبی و دەوڵەتەکانی دەوروپشتی لە سەدەی ١٢دا، دەوڵەتی ئەیوبی بە زەرد ڕەنگ کراوە

دوای ئەوەی سەڵاحەدین سەرکەوت لە کۆکردنەوەی میسر و سوریا و ڕۆژئاوای نیمچەدوورگەی عەرەبی و عێراق لە یەک دەوڵەتی ئیسلامی یەکگرتوودا دەوری شانشینی بەیتولموقەدیس و میرنشینە خاچپەرستەکانی دابوو لە باکوور و ڕۆژھەڵات و باشوورەوە، و دڵنیا بوو لە یەکڕیزی و تۆکمەیی دەوڵەتەکەی، دەستیکرد بە بەدیھێنانی بەشی دووەمی پلانەکەی کە دژایەتی خاچپەرستەکان و دەرکردنیان بوو لە وڵاتدا، فرسەتی ھاتە بەردەم کاتێک ئەرنات ئال شاتیۆن خاوەنی کرک دوای ئەوەی کاروانێکی گرت و ماڵ و چەکەکانی تاڵان کردن، سەڵاحەین لۆمەی کرد و داوای لێکرد کە دیلەکان ئازادبکات و ماڵەکەیان بۆ بگێڕێتەوە، کاتێک ئەڕنات ڕەتی کردەوە، سەڵاحەدین ئەو کاتە لە دیمەشق بوو ھەموو سەربازەکانی کۆکردەوە و ڕۆیشت بەرەو ئوردن، لە ٢٩ی ئەیلولی ١١٨٣، لە ڕووباری ئوردن پەڕییەوە بۆ ئەوەی ھێرش بکاتە سەر بیسان کە بینی چۆڵ بوو، پاشان لایاندا بەرەو ڕۆژئاوا، تا ڕێگە لە ھێزە خاچپەرستەکان بگرن قەڵاکانی کرک و شوبکیان گرت لە سەر ڕێگەی نابلس و چەند کەسێکیان بە دیل لێگرتن، لەو کاتانەدا ھێزە خاچپەرستەکان خۆیان کۆکردەوە کە گەورەترین ھێز بوو شانشین لە ھەموو شتەومەکەکانی کۆیکردبووەوە، بەڵام ھێشتا کەمتر بوو لە ھێزی موسڵمانان، ئەییوبیەکان بە شێوەیەکی چاوەڕوان نەکراو کشانەوە بۆ عەین جالوت لەگەڵ بوونی چەند ھێزێکی ئەییوبی، لەگەڵ ئەمەشدا ھێرشە خاچپەرستیەکان سەڵاحەدینی توڕەکرد، ئەرنات ئال شاتیون بەردەوام بوو لە ھێرش کردنە سەر کاروانە بازرگانیە موسڵمانەکان و ڕێگەی حەج بە کەشتیگەل لە دەریای سووردا، بۆ ئەمەش سەڵاحەدین کەشتیگەلێکی دامەزراند کە لە ٣٠ کەشتی پێک ھاتبوو بۆ ھێرش کردنە سەر بەیروت لە ساڵی ١١٨٢ز، ڕیناڵد ھەڕەشەی ھێرشکردنە سەر شارە ئیسلامیە پیرۆزەکانی مەککە و مەدینەی ئەکرد، کە سەڵاحەدین وەڵامی ئەمەی دایەوە بە گەمارۆدانی قەڵای کرک دووجار لە ساڵی ١١٨٣ و ١١٨٤، و ڕیناڵد وەڵامی دایەوە بە تاڵانکردنی کاروانێکی حەج ساڵی ١١٨٥،، پاشان سەڵاحەدین گەڕایەوە بۆ ھێرشکردنە سەر عیزەدینی میری موسڵ، بەڵام عیزەدین ھاوپەیمانی بەست لەگەڵ ئازەربایجان و شانشینی شاخدا کە ئەمانەش ھاوکات بوو لەگەڵ نەخۆشی سەڵاحەدیندا لەبەر ئەوە لە ئازاری ١١٨٦ز ڕێکەوتنی ئاشتی لەگەڵ بەستن.

شەڕی حەتین[دەستکاری]

سەڵاحەدین و گی ئال لوزینیان دوای شەڕی حەتین

نەخۆشیەکەی پاشا بلدوینی چوارەم زیادی کرد و لە ساڵی ١١٨٥ز کۆچی دوایی کرد و بلدوینی پێنجەم لە جێگەی دانرا، ئەمیش ساڵێکی نەبرد کۆچی دوایی کرد و سیبێلای دایکی دەسەڵاتی گرتە دەست، کە ئەمیش گی ئال لۆزینیانی دەست نیشانکرد بۆ پاشایەتی، لەگەڵ گرتنە دەستی دەسەڵاتی گی، جیابوونەوە کەوتە ڕیزی خاچپەرستەکان و فراوان بوون، ژمارەیەک لە فەرمانڕەواکان ناڕازی بوون لە وەرگرتنی دەسەڵاتی گی لەوانە ڕیمۆندی سێیەم خاوەنی تەڕابلس کە ئەمە وایلێکرد بنێرێت بۆ لای سەڵاحەدین و لەگەڵی ڕێبکەوێت کە دژایەتی نەکات و شمشێری لێ بەرز نەکاتەوە، سەلاحەدین ڕۆیشت و لە نزیک تەبریا دابەزی، و خاوەنی تەڕابلس دای بە دەستەوە، کە پاشای فەڕەنجیەکان ئەمەی بیست ھەموو سەربازەکانی کۆکردەوە بۆ ڕووبەڕوونەوەی سەڵاحەدین و خاوەنی تەڕابلسیش چووە ڕیزی فەڕەنجیەکان بۆئەوەی ئیشەکەی خۆ دابپۆشێت.

سوڵتان سەڵاحەدین ئەڕنات لەناو دەبات بە دەستی خۆی

لە ٢٥ تەموزی ١١٨٧ز، خاچپەرستەکان لە نزیک شاخی حەتین دابەزین، بەڵام سەڵاحەدین پێشیان کەوت بۆ ئەوێ و سوپاکەی کۆکردەوە لە بەرزاییەکانیدا لەو شوێنەی ئاوەکە ھەڵئەقوڵێت، و ئامادەسازییە جەنگییە قورسەکانی فەڕەنجیەکان ھۆکاری دواکەوتنیان بوو، کە گەیشتن ھیلاک بوون لە تینوودا، پەلاماری ھێزی سەڵاحەدینیان دا و ژمارەیەک لە ھەردوو لا کوژران، و لە سەرەتادا خاچپەرستەکان زۆر بە حەماس بوون بۆ بەدەستھێنانی ئاو، لە سەرەتای ڕۆژەکە سەرکەوتن بەڵام لە کۆتایی ڕۆژەکەدا ئەیوبیەکان پەرتەوازەیان کردن، و شەڕەکە چەند کاتژمێرێک بەردەوام بوو، خاچپەرستەکان زیانێکی گەورەیان لێکەوت زۆربەی سەربازە لاوەکانیان لە دەستدا و شا غی ئال لوزینیان و براکەی و ئەرناتی خاوەنی کرک و زۆر لە گەورە خاچپەرستەکانی تر بە دیل گیران، بەڵام ڕیمۆندی سێیەم ڕۆیشت برەو شاری سوڕ و تیایدا مایەوە.

گەمارۆدانی شاری یافا لەلایەن ئەیوبیەکانەوە

لە دوای ئەم سەرکەوتنە سەڵاحەدین دانیشت لە خێمەکەی و فەرمانی کرد بە ئامادەبوونی شاغی و براکەی و ئەرنات، خواردن و خواردنەوەی بۆ دانان، بەڵام سەڵاحەدین سوێندی خواردبوو کە ئەرنات بکوژێت لەبەر ئەوەی زۆری لە موسڵمانان کوشتبوو، داو ئەوەی فەرمانی کرد بە ئامادەکردنی ئەڕنات و داوای لێکرد موسڵمان بێت، ئەو ڕەتی کردووە و سوکایەتی بە پێغەمبەر محەمەد کرد، سەڵاحەدین شمشێرەکەی لێبەرزکردەوە و کوشتی، سەربازەکانی مەیتەکەیان ھێنایە دەرەوە و فڕیان دایە بەردەم دەرگای خێمەکە کاتێک شا غی بینی ڕەنگی تێکچوو و وای ئەزانی کە ئەویش وای لێئەکرێت، بەڵام سەڵاحەدین پێی وت کە ئەرنات زۆر ھەڵەی کردووە بەرامبەر موسڵمانان و ئازاری داون لەبەرئەوە وایلێکردووە، پاشان داوای ئامادەکردنی خێمەیەکی کرد بۆ شا و براکەی و پاسەوانی بۆ دانان، و ناردنی بۆ دیمەشق ھەتا تەواوبوونی شەڕ و فەتحی قودس.

ئازادکردنی کەنارەکانی شام[دەستکاری]

سەڵاحەدین وای ئەبینی کە ڕاستەوخۆ نەڕوات بۆ فەتحی قودس لە دوای سەرکەوتنی حەتین، وای باشتر ئەبینی کە بڕوات بۆ فەتحی شارە کەنارییەکان و پاشان ھێرش بکاتە سەر قودس، ڕۆیشت بۆ گرتنی عەککا و دیلە موسڵمانەکانی لەوێ ئازاد کرد کە زیاتر لە ٤ ھەزار کەس بوون، دەستی گرت بەسەر ھەموو شتومەک و ئازوقە و ماڵەکانیدا لەبەرئەوەی بەندەرێکی بازرگانی سەرەکی خاچپەرستەکان بوو و پەنجەرەیان بوو لەسەر وڵاتی دایکیان لە ئەورووپا، پاشان سەربازە ئەیوبیەکان بلاوبوونەوە لە کەنارەکەدا قەڵا و کەلو و شوێنگەکانیان ئەگرت، فەتحی نابلس و حەیفا و ناسڕە و قیساریە و سەفوڕیەیان کرد، دوای ئەوەی چۆڵکرابوو لە پیاوان بە ھۆی جەنگانیان لە خاکەکانی شەڕدا یان گیرابوون بە دیل یان ڕایانکردبوو لە بەردەم ھێزی ئەییوبی دوای ئەوەی ژمارەیان کەم بووبوو. کاتێک بنکەکانی عەککا جێگیر بوون، سەڵاحەدین ماڵەکەی دابەشکرد بەسەر خەڵکەکەدا، ھەندێک لە سەرکردە خاچپەرستەکانی ھێشتەوە و ھەندێک لە سەربازەکانی ئازادکردپاشان ڕۆیشت بۆ گرتنی قەڵای تەبنین دوای گەمارۆدان دەستی بەسەراگرت و دوای ئەوە ڕۆیشت سەیدای گرت.

پاشان ڕۆیشت بۆ فەتحی بەیروت و دوای حەوت ڕۆژ گەمارۆدان چووە ناویەوە، ھەر لە ھەمان کاتدا ئەییوبیەکان جوبەیلیان گێڕایەوە پاشان رۆیشت بۆ فەتحی عەسقەڵان و لەڕێگەدا زۆر شوێنی گرت وەک ڕامەڵە و دراوم، و لە عەسقەلان مەنجەنیقی دامەزراند و گەمارۆی دا تا خۆیاندا بەدەستەوە پاشان غەزە و بەیت جەبرین و نەتڕون بە بێ کوشتار خۆیان دا بە دەستەوە، بەم شێوەیە سەڵاحەدین زۆربەی کەنارەکانی شامی گێڕایەوە تەنھا ھەردوو شاری تەرابلس و سوڕ و بەشێک لە میرنشینی ئەنتاکیە نەبێت.

فەتحی قودس[دەستکاری]

گەمارۆدانی قودس لە لایەن سەڵاحەدینەوە

سەڵاحەدین لە قودس مایەوە تا ھەموو کاروبارەکانی ڕێکخست و پاشان ڕۆیشت بەرەو قودس بۆ فەتحکردنی، و گەیشت لە ٢٠ی ئەیلولی ١١٨٧ز، لەلای عەین سەلوانەوە تا ئاو نزیک بێت لە سوپاکەیەوە و لە شارەکەدا ھێزێکی گەورە نەبوو بۆ بەرگری نزیکەی ١٤٠٠ سەرباز بوون، ئەوانەی تر خەڵکی ھەژاری شارەکە بوون کە ھیچ لە شەڕ و کوشتار نازانن، بالیان کوڕی بارزان یەکێک لە سوارچاکەکانی فەڕەنجیەکان بوو و کاروبارەکانی گرتبووە دەست دوای ئەوەی شا غی بەجێی ھێشتبوو، و بالیان خاوەنی شاری ڕامەڵە بوو پێشتر، سەرکردایەتی شەڕەکەی کرد و لێھاتووبوو لە بەڕێوەبردنی کوشتاردا، و ئەترسا لەوەی موسڵمانان ھەموو مەسیحی شارەکە بکوژن وەک ئەوەی خۆیان پێش زیاتر لە سەدەیەک کردیان لە کاتی گرتنی شارەکە، و داوای لە خەڵک کرد کە بەرگری لە خۆیان بکەن و کاتێک سەڵاحەدین داوای لێکرد خۆی بدات بە دەستەوە نەیکرد و سوربوو لەسەر کوشتار و شەڕ ١٤ ڕۆژ بەردەوام بوو.

سەلاحەدین کە بینی شەڕەکە قورس ئەبێت، یوسف بەتیت کە یەێک بوو لە پیاوە ئەرسەدۆکسیە پیرۆزەکان، ڕایسپارد وەک نوێنەر تا مەسیحیە عەرەب و ڕۆمەکان دڵنیا بکات و بەڵێنیان پێ بدات کە سەڵاحەدین لێیان خۆشدەبێت ئەگەر یارمەتی فەڕنجیەکان نەدەن، ئەوانەی سەڵاحەدین نەیئەویست لێیان خۆش بێت ئەگەر شارەکەی فەتحکرد ھەڕەشەیان ئەکرد بە کوشتنی دیلە موسڵمانەکان کە ٤٠٠٠ کەس بوون و ھەڕەشەی ڕوخانی شوێنە پیرۆزە ئیسلامیەکانیان ئەکرد یان قوبە سەخڕە و مزگەتی قبلا کە مزگەوتی ئەقسا پێک دەھێنن، ئەگەر سەڵاحەدین لێیان خۆش نەبێت.

بالیان کوڕی بارزان قودس تەسلیمی سەڵاحەدین ئەکات

سەڵاحەدین ڕاوێژی بە مەجلیسەکەی کرد و مەرجەکانی قبوڵ کرد بە مەرجێک فدیە بدەن بۆ ھەر پیاوێک ١٠ دینار و ژنان ٥ دینار و کچ و کوڕان ٢ دینار، ئەوەی لە ماوەی ٤٠ ڕۆژدا بیدات سەربەست دەبێت، ئەوەی نەیتوانی لەو ماوەیەدا بیدات پێویستە بڕوات لە شارەکە، لە شەوی میعراج لە ٢ی تشرینی یەکەمی ١١٨٧ز سەڵاحەدین چووە قودسەوە، و ڕێگەیدا بە یەھود تا بگەڕێنەوە شارەکە، و کەنیسەی قیامەی داخست بە ڕووی فەڕەنجیەکاندا لە دوای فەتحی شارەکە، و فەرمانی کرد بە چاکسازی میحرابی عومەری دێرێن و لابردنی ئاسەوارە مەسیحیەکان لە مزگەوتی ئەقسا وەک ئەو خاچەی فەڕەنجیەکان بەرزیان کردبوویەوە لەسەر مزگەوتەکە، و بەردە پیرۆزەکایان بە ئاوی گوڵ پاککردەوە و ومزگەوتەکایان ڕێکخستەوە و کردی بە خوێندنگەیەک بۆ زاناکانی شافعی، پاشان گەڕایەوە کەنیسەکەی کردەوە.

موسڵمانان زۆر دڵخۆش بوون بە گەڕانەوەی قودس بۆ سەر زەوییە ئیسلامیەکان، و خەڵکێکی زۆر ئامادەبوون تا سڵاو لە سوڵتان سەڵاحەدین بکەن و ھەروەک یەکێک لە شاعیرە گەرەکان بە قەسیدەیکی گەورە پیرۆزبایی و دەست خۆشی ئەو فەتحەی لێکرد.

گەمارۆدانی سوڕ لەلایەن هێزی ئەیوبیەوە ساڵی ١١٨٧ز
گەمارۆدانی عەککا

گەمارۆی سوڕ و عەککا[دەستکاری]

زۆربەی حاکمە فەڕەنجیەکان ڕۆیشتن بۆ شارە بەسەنگەر بەندکراوەکانی وەک ئەنتاکیە و سوڕ کە ھێشتا بە دەست خاچپەرستەکانەوە بوون، سوڕ یەکێک لە پاشاکانی ئەوروپا، کونوارد مەڕکیز مۆنفیراتۆ حوکمی ئەکرد و ھەروەک سوڕ گرنگیەکی ستراتیژی زیاتری ھەبوو لە قودس، لەبەرئەوە وا گومانیان ئەبرد یەکەمجار فەتحی ئەوێ بکرێت، بەڵام سوڵتان سەڵاحەدین بۆ بەرزکردنەوە ورەی موسڵمانان لە پێشدا قودسی گێڕایەوە، پاشان ڕوویکردە قەڵای سەفد و ٧ مانگ گەمارۆیدا تا ناچاری کردن قەڵاکە بدەن بەدەستەوە، سەربازە فڕەنجیەکان ڕۆیشتن بۆ سوڕ، بەم شێوەیە ھێزە فەڕەنجیەکان لە سوڕ بەھێز بوون تا توانیان ساڵێک لە بەردەم سەڵاحەدیندا بوەستن، مەڕکیز بە بەردەوامی پێداویستیەکانی شارەکەی دابین ئەکرد لە ڕۆژانی گەمارۆداندا، تا سوڵتان بێ ئومێد بوو گەمارۆی لەسەر لابرد بە ئومێدی ئەوەی لە فرسەتێکی داھاتوودا فەتحی بکات، لە ساڵی ١١٨٨ز شا غی لوزینیانی ئازادکرد. ڕۆیشتن تا لە تەڕابلس بژین پاشان ڕۆیشتن بۆ ئەنتاکیا پێش ئەوەی بڕیار بدەن بڕۆن بۆ سوڕ، بەڵام مەرکیز ڕێگەی پێنەدان لەبەرئەوە دانی نەئەنا بە شەرعیەتی شا غی.

دوای ئەوەی سەڵاحەدین لە سەفەد ڕۆیشت بەردەوام بوو لە فەتحی شار و قەڵاکان، فەتحی جەبلە و لازقیە و قەڵای سەھیون و بکاس و شەغر و سەرمینیە و بەرزیە و دەرب ساک و کرک و کەوکەبی کرد، بوھمەندی سێیەم خاوەنی ئەنتاکیە ھەوڵیدا لەگەڵ سەڵاحەدین ڕێبکەوێت بۆ ماوەی ھەشت مانگ، سەڵاحەدین قبوڵی کرد بە مەرجێک دیلە موسڵمانەکان بەربدات، دوای ئەوەی فەڕەنجیەکان لە سوڕ کۆبوونەوە، ھەندێک لە ڕوھبان و قەسیسەکانیان ھەستان بە ھاندانی خەڵکەکە لەبەر لە دەستدانی بەیتولموقەدیس، ویستیان ھێرش بکەنە سەر عەککا، ھێزەکانیان کۆکردەوە و گەمارۆیان دا لە دەریا و وشکنیەوە لە ٢٨ی ئابی ١١٨٩ز، پارێزەرانی شارەکە داوای یارمەتیان لە سەڵاحەدین کرد، ناردی بۆ ھاوپەیمانەکانی داوای لێکردن خێرا فریای شارەکە بکەون، سەربازەکانی موسڵ و ئامەد و سنجار و شوێنەکانی تری وڵاتی جەزیرە و حەڕان و ڕەھا ھاتن بەدەم داواکەیەوە، ھەروەک پاشا عادلی برای ھات بە دەم داواکەوە سەربازە میسریەکان و کەشتیگەلی میسری بۆ نارد، بەم شێوەیە شەڕی گەرە کەوتەوە لە نێوانیاندا بێ ئەوەی ھیچ لایەکیان سەربکەون.

شا ڕیچارد دڵی شێر، بەندە موسڵمانەکان ئەکوژێت دوای ئەوەی عەککای گرت

ھەڵمەتی خاچپەرستی سێیەم[دەستکاری]

شەری حەتین و فەتحی قودس دوو ھۆکاری سەرەکی بوون بۆ ھەڵمەتی خاچپەرستی سێیەم، پاپا گریگۆری ھەشتەم ھانی پاشاکانی ئەورووپای دا بۆ بردنی ھەڵمەتێکی خاچپەرستی نوێ بۆ گێڕانەوەی بەیتولمەقەدیس، ئەوەی یەکەم کەس بە دەنگ داواکەوە ھات ئیمپڕاتۆری ئەڵمانی فریدریش بربروسا ئیمپڕاتۆری ڕۆمانی بوو، کە بە سوپاکەیەوە ھات لە مەجەڕ و رۆمانیاوە تا گەیشتە قوستەنتینیە، کە ئیمپڕاتۆرەکەی ئیسحاقی دووەم بە نھێنی لەگەڵ سوڵتان سەڵاحەدین ڕێکەوتبوو، کە ھیچ کامیان ڕێگە بە ھیچ ھێزێک نەدەن ھەڕەشە لە خاکی ئەویتریان بکات، بەڵام نەیتوانی ڕێگە لە سوپای ئەریدریک بگرێت لەبەر زۆری ژمارەیان، بەڵام ڕێگەی نەدا بەوەی کەرەستەی چەکیان بۆ دابینبکرێت، فریدریش ناردی بۆ لای سوڵتانی سەلجوقی ڕۆمی، قلج ئەرسەلان تا بە خاکەکانیاندا تێپەڕ ببێت، ئەویش ڕێگەی دا لە ھەمان کاتدا نامەی پۆزشی نارد بۆ سەڵاحەدین و وتی نەیتوانیووە ڕێگەیان لێبگرێت، سەڵاحەدین ئاگادار کرا لە کاتێکدا گەمارۆی عەککای ئەدا.

لەگەڵ ئەوەشدا ھەڵمەتەکەی فریدریش شکستی خوارد لەوەی بگاتە ڕۆژھەڵات، لەبەر دووری ماوەکە و ھاتنی زستان و کەمی کەرەستە و بەرگری ھەندێک لە ئەمیری ناوچەکان، بەتایبەت دوای ئەوەی ئیمپڕاتۆری ڕۆم، ئیسحاقی دووەم ڕێگەی کرد لەوەی کەرەستەیان بۆ دابین بکرێت، لەگەڵ نوقمبوونی فریدریش خۆی لە یەکێک لە ڕوبارەکاندا لە نزیک ئەنتاکیە، و ئەو ناکۆکیانەی بەجێما لە دوای بۆ جێگەگرتنەوەی، شکست ھێنانی ئەم ھەڵمەتە وەک مژدەیەک بوو بۆ سەربازگە موسڵمانەکانی بەرگریان لە عەککا ئەکرد.

ھەڵمەتەکە لێرەدا نەوەستا، بەڵکو دووان لە پاشا گەرەکانی تری ئەوروپا ھاتن بە دەنگیەوە کە ئەوانیش ریچاردی یەکەم (ناسراو بە شێردڵ/Lionheart) پاشای ئینگلتەرا و فیلیپ ئۆگستەس پاشای فەڕەنسا بوون، ڕیچارد سێ ھەزار بەندی موسڵمانی کوشت کە ژن و مناڵیان لە نێودا بوو، سەڵاحەدین وەڵامی دایەوە بە کوشتنی ھەموو ئەو فەڕەنجیانەی لە نێوان ٢٨ ئاب و ١٠ی ئەیلولدا گرتبوونی، لە ٧ی ئەیلولی ١١٩١ز، سوپای سەڵاحەدین و خاچپەرستەکان دایان بەیەکدا لە شەری ئەرسوف کە سەلاحەدین شکا، بەڵام خاچپەرستەکان نەیانتوانی بڕۆنە ناوەوە و لە کەنارەکەدا مانەوە، و شەڕ مایەوە لە نێوان ھەردوولادا، و ھەموو ھەوڵی فەڕنجەکان بۆ گرتنی قودس شکستی ھێنا.

ڕیچارد دوای ئەوەی لە جەنگی ئەرسوف شکا، ویستی بەرەو عەسقەلان (شارێکە لە ئیسرائیلی ئێستا) بڕوات، سەلاحەدین بەمە ئەزانێ و شارەکە چۆڵ ئەکات. کە ڕیچارد ئەگاتە ئەوێ و ئەبینە چۆڵ و ڕوخاوە ناچار ئەبێت بگەڕێتەوە بۆ 'یافا' (دیسان کەنارە شارێکی ئیسرائیلی ئێستایە) لەوێ سەلاحەدین پەلاماری ئەدات و تەواو سوپاکەی تێک ئەشکێنێت کە ئەوترێت ئەمێننەوە سەر ٢٠٠٠ چەکدار و ٥٠ سوارێک. ئەمە وا ئەکات ڕیچارد هەوڵی گرتنی قودس بە دوور بزانێت [٤]. دەربارەی ئەوەی کە ئایا سەلاحەدین میوە و بەفری ناردوە بۆ ڕیچارد کاتێ نەخۆش ئەکەوێت، یان داوا ئەکات، ڕای جیاواز هەن. لانی کەم ئەم سەرچاوەیە [٥] ئەڵێت کاتی ڕیچارد لە جەنگدا ئەکەوێت وە سەلاحەدین بەمە ئەزانێت، جوتێ ئەسپی بۆ ئەنێرێت، وە کاتێکیش نەخۆش ئەکەوێت و تای لێ دێ، سەلاحەدین بەفر و میوەی بۆ ئەنێرێت. هەمان سەرچاوە بە پێچەوانەی سەرچاوەی دیکەوە ئەڵێ گوایە پێشنیاری شوکردنی خوشکی ڕیچارد بە برای سەلاحەدین لە وەڵامی ئەم بەخشندەییەی سەلاحەدیندا بوە.

دوای ئەوە ھەردوولا ڕێکەوتن لە ١ی ئەیلولی ١١٩٢ کە بە ڕێکەوتنی ڕەمڵا ناسراوە بۆ ماوەی سێ ساڵ و ھەشت مانگ بەردەوام بێت، کە بە پێی ئەمە شانشینی خاچپەرستی تەنھا لە یافا و سوڕ دەبێت، قودس لە دەستی موسڵمانان دەبێت بەڵام ڕێگە بە حەجی مەسیحیەکان ئەدەن، لەو کاتانە پەیوەندی سەڵاحەدین لەگەڵ ڕیچاردا ڕیزلێنانی لە خۆ ئەگرت و دوور بوو لە ڕکەبەری سەربازی، و کاتێک ڕێکەوتنەکە کرا سەلاحەدین ڕۆیشت بۆ قودس دیوارەکانی سەنگەربەند کرد، خوێندنگە و نەخۆشخانەی تیا دامەزراند، مانگی ڕەمەزانی ساڵی ٥٨٨ک لەوێ بەسەر برد پاشان ڕۆیشت بۆ دیمەشق و دوایین ڕۆژەکانی لەوێ بەسەر برد.

ئارامگەی سەڵاحەدین لە دیمەشق

کۆچی دوایی[دەستکاری]

ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ شا ڕیچارد و پەیماننامەی ڕامەڵە دوایین ئیشی سەڵاحەدین بوون، لە دوای ڕۆیشتنی ڕیچارد بە ماوەیەکی کەم سەڵاحەدین توشی نەخۆشی بوو لە ٢٠ی شوباتی ١١٩٣ز، وردە وردە نەخۆشیەکی زیادی کرد تا کۆچی دوایی کرد لە ٣ی ئازاری ١١٩٣ز، بە مردنی موسڵمانان کۆبوونەوە بە تایبەت دیمەشقیەکان زۆری بۆ ئەگریان، نوێژیان لەسەر کرد و زۆر بەداخ بوون بۆی تەنانەت فەڕەنجیەکان بەداخ بوون، نێژرا دوای نوێژی عەسری ھەمان ڕۆژ لە نزیک مزگەوتی ئەمەوی لە دیمەشق لەلای پاشا نورەدین زەنگیەوە، و کاتێک خەزێنە تایبەتەکانی کرایەوە بینرا ماڵی تەواوی تیا نیە بۆ بەڕێکردنی جەنازەکەی، و ھیچ ماڵ و موڵکێکی بەجی نەھێشت و زۆربەی لە خێردا بەخشیبوو.

دەوڵەتی ئەیوبی لە دوای سەڵاحەدین[دەستکاری]

سەڵاحەدین پێش مردنی دەوڵەتەکەی دابەش کرد لە نیوان کوڕەکانی و ئەندامانی خێزانەکەی، میرنشینی دیمەشقی دا بە ئەفزەڵ نورەدین عەلی کوڕە گەورەی و وەسیەتی بۆ کرد بە دەسەڵات، میسری دا بە عەزیز عوسمانی کوڕی، حەلەبی دا بە زاھیر غازی غەیاسەدینی کوڕی، کرک و شوبک و وڵاتی جعبر و چەند شارێکی تری لای فوڕاتی بە جێھێشت بۆ عادلی برای، حەمای دا بە کوڕی براکەی محەمەد کوڕی تەقیەدین عومەر، و حومس و ڕەحبە و ئەوانی تری دا بە حەفیدی شێرکۆی مامی، یەمەنیش بە زوھەیرەدینی برای، بەڵام ناکۆکی نیوان کوڕەکانی سەڵاحەدین وایکرد کە عادلی مامیان لایبردن و دەوڵەتی ئەییوبی یەکخست لە ژێر ئاڵاکەیدا، وەک ئەوەی سەڵاحەدین پێشتر کردی، عادل خاکەکانی دابەشکرد لە نیوان کوڕەکانیدا و ھێشتا لە ژیندا مابوو، بەڵام ئەم برایانە بوو بە ناکۆکیان دوای مردنی باوکیان، لەگەڵ ئەوەی کە خاچپەرستەکان سودمەند ئەبوون لەم ناکۆکیانە، مناڵەکانیشیان لە دوای خۆیان بە ھەمان شێوە بوون ھەتا (ساڵح ئەیوب) حەفیدی عادل دەرکەوت، جارێکی تر دەوڵەتی سەڵاحەدینی لە ژێر ئاڵای خۆیدا یەکخست، لە دوای مردنی ساڵح ئەیوب تۆران شای کوڕی دەسەڵاتی گرتە دەست، بەڵام مەمالیکەکانی گەلەکۆمەیان لێکرد و کوشتیان بەمەش دەوڵەتی ئەییوبی کۆتایی پێھات و دەوڵەتی مەمالیکەکان دامەزرا.

سەڵاحەدین لە میراتدا[دەستکاری]

لە ڕۆژھەڵاتدا[دەستکاری]

دروشمی ئێستای میسر دۆزرایەوە لە قەڵای سەڵاحەدین لە قاهیرە

لەگەڵ ئەوەی ئەو دەوڵەتەی سەڵاحەدین بنیاتی نا زۆر نەمایەوە، بەڵام سەڵاحەدین لە وشیاری ئیسلامیدا بە ئازادکەری قودس ئەژمێررێت، لەگەڵ بەرزبوونەوەی ھەستی نەتەوەیی عەرەبی لە سەدەی بیستدا، و لەگەڵ بوونی ناکۆکی عەربی ئیسرائیلی، پاڵەوانیتی و سەرکردایەتی سەڵاحەدین گرنگیەکی نوێی بە دەست ھێنا لە ئازادکرنیدا بۆ قودس لە دەستی خاچپەرستەکان سەرچاوەیەکی ئیلھامە بۆ ئۆپزسیۆنی عەرەبی نوێ دژی سەھیۆنیەت، ھەروەھا دروشم و کەسایەتی سەڵاحەدین دانراوە لە پڕۆگرامی خوێندنی دەوڵەتە عەرەبیەکاندا، ھەروەک ھەزاران کتێب لەسەر ژیانی دانراون، و شانۆ و دراما و نواندنی لەسەر کراوە.

لەگەڵ ھەموو ئەمانەدا، سەیری یەکڕێزی جیھانی عەرەبی لە ژێر ئاڵای سەلاحەدین ئەکرێت وەک ھێمایەک بۆ یەکڕیزیەکی نوێ کە نەتەوەییە عەرەبە تازەکان ھەوڵیان بۆ ئەدا، بە سەرکردایەتی جەمال ھەبدول ناسڕ، لەبەر ئەوە دروشمی سەڵاحەدین بوو بە دروشمی شۆڕشی میسر، پاشان بوو بە دروشمی چەند دەوڵەتێکی تر وەک عێراق و فەلەستین و یەمەن و سوریا، لە عێراقدا شارێک بە ناوی سەڵاحەدینەوە ناونراوە ھەروەھا زانکۆی سەڵاحەدین لە شاری ھەولێر بەناوی ئەوەوە ناونراوە.

ژمارەیەکی کەم بینا ماونەتەوە تا ئێستا کە لە سەردەمی سەڵاحەدین دروستکراون لە ناو شارە نوێکاندا، سەلاحەدین یەکەم کەس بوو قەڵای قاھیرەی دامەزراند ھەروەھا قەڵای سەربازی دروستکرد لە سینا کە ئەڕوانێت بەسەر ڕێگەی ئەو کاروانانەی میسر بە رۆژھەڵاتی ناوەڕاستەوە ئەبەستن، زۆر لە موسڵمانان مناڵەکانیان ناوئەنێن (سەڵاحەدین) بە ناوی ئەم سەرکردەیەوە، لە کاتێکدا ئەم ناوە وەک نازناوێک بە سوڵتان ئەیوبی درا دوای ئەوەی دەوڵەتی فاتیمی ڕوخاند و جەنگا لەگەڵ خاچپەرستەکان.

لە ڕۆژئاوادا[دەستکاری]

لەگەڵ ئەوەی سەڵاحەدین دوژمنیان بوو بەڵام لە وشیاری ئەوروپیدا وەک نمونەی سوارچاکێکی جوامێر ماوەتەوە کە ھەموو ڕەوشتەکانی سوارچاکی تیایە بە تێگەیشتنی ئەوروپی، تەنانەت داستانێکی شیعری ھەیە لە سەدەی چواردەدا وەسفی پاڵەوانتیەکانی سەڵاحەدین ئەکات، لەگەڵ ئەو کوشتارگەیەی خاچپەرستەکان کردیان لە دژی موسڵمانان دوای ئەوەی قودسیان داگیر کرد ساڵی ١٠٩٩ز، سەڵاحەدین لە مەسیحیە ڕۆژئاواییەکان خۆشبوو ڕێگەی دان بڕۆن، لەگەڵ ئەوەی ئەیانتوانی ئەو فدیەیە بدەن کە لەسەریان داینابوو، ھەروەک مامەڵەی جوانی ئەرسەدۆکسیەکانی ئەکرد لەبەر ئەوەی ئەوان لە دژی غەزوی ئەوروپی خاچپەرستی بوون.

لەگەڵ جیاوازی بیروباوەڕیاندا سەرکردە مەسیحیەکان ستایشی سەڵاحەدینیان کردووە، بەتایبەت ڕیچارد دڵی شێر، وتویەتی؛ سەرکردەیەکی مەزنە، بە بێ شک مەزنترین و بەھێزترین سەرکردەیە لە جیھانی ئیسلامیدا، سەڵاحەدینیش لە وەڵامدا وتویەتی ھیچ سەرکردەیەکی مەسیحی نیە لە ڕیچارد ئەشرەفتر بێت، و لە دوای ڕێکەوتننامەی ڕامەڵە، سەڵاحەدین و ڕیچارد دیاریان گۆڕیوەتەوە وەک ھێمایەک بۆ ئەو ڕێزەی بۆ یەکتر ھەیانبووە لەگەڵ ئەوەی یەکتریان نەبینیبوو ڕووبەڕوو.[ژێدەر پێویستە]


مێژونوسە ئەوروپیەکان دەربارەی ئەڵێن؛ (ڕێز ودانایی و لەسەرخۆییەکەی و پاکی و لیبرالیەتیەکەی بوو کە وەک ئیلھامێک بووە بۆ مێژنووسە کۆنەکانمان، ئەو ڕێزەی بەدەستی ھێناوە لە سوریای فەڕەنجی کەمتر نەبووە لەوە کە لە خاکی ئیسلامدا ھەیبووە).[ژێدەر پێویستە]


وێنەیەکی سەڵاحەدین و شا ڕیچارد دڵی شێر لە ڕووبەڕووبونەوەدا، سەدەس ١٣ کێشراوە

لە دیارترین ئەو ئیشە ھونەریانەی کە لەسەر کەسایەتی سەڵاحەدین کراون، فیلمی سینەمایی (شانشینی ئاسمان) Kingdom of Heaven لە دەرھێنانی دەرھێنەری بەریتانی ڕیدلی سکوت، کە پێشوازیەکی گەرمی لێکرا لە جیھانی عەرەبی ئیسلامی، کە بە ئەمانەتەوە وێنەی سەڵاحەدینی کێشابوو و لایەنە سوارچاکی و بەڕێزییەکەی دەرخستبوو.

لە ھەمان کاتدا بە پێی ھەندێک سەرچاوە، لە ماوەی شەری جیھانی یەکەمدا سەرکردەی بەریتانی، ئیدمۆند ئەلنبی بە شانازییەوە ڕایگەیاند (ئەمڕۆ شەڕی خاچپەرستی تەواو بوو) شمشێرەکەی بەرز کردەوە بەلای پەیکەری سەڵاحەدینی ئەیوبی دوای دەستگرتنیان بەسەر دیمەشقدا، کەئەم دەربڕینە لە ئیدمۆند نەبوویەوە بە دێژایی ژیانی، ئەوەبوو کە زۆر بە توندی ڕەتی ئەوانەی ئەدایەوە کە داگیرکردنی فەلەستین لە ساڵی ١٩١٧ بە ھەڵمەتی خاچپەرستی دابنرێت، ساڵی ١٩٣٣ ئیدمۆند وتی گرنگی قودس لە گرنگیە ستراتیژیەکەیەتی و ھیچ پاڵنەرێکی ئاینی نیە بۆ ئەو مەبەستە[٦]، ڕۆژنامەی بەریتانی ئاھەنگیان گێڕا بۆ داگیرکردنی شام بە وێنەیەکی کاریکاتێری ڕیچارد دڵی شێ رسەیری قودس ئەکا و لە ژێریدا نوسراوە؛ ((دوا جار، ئاواتەکەم ھاتەدی))[٧]، دوای ئەوەی ھنری غوری فەڕەنسی چووە ناویەوە لە حوزەیرانی ١٩٢٠، بەلای ئارامگەی سەڵاحەدین ئەییوبیدا ھاواری کرد (ھەستە ئەی سەڵاحەدین، ھاتینەوە، بوونی من لێرە سەرکەوتنی خاچە بەسەر ھیلالدا)[٨].

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  1. ١٫٠ ١٫١ www.bookrags.com
  2. ٢٫٠ ٢٫١ www.biographybase.com
  3. ٣٫٠ ٣٫١ شەرەفنامە، مێژووی ماڵەمیرانی کوردستان. میر شەرەفخانی بدلیسی. وەرگێڕانی هەژار. چاپی ئاراس ساڵی ٢٠٠٦
  4. ویکی ئینگلیزی، دوا سەردان ١٠.٤. ٢٠١٤
  5. Bishop, Morris (2001). The Middle Ages. Boston, Mass.: Houghton Mifflin Harcourt. p. 102. ISBN 0-618-05703-X. 
  6. Jonathan Phillips, Holy Warriors: a modern History of the Crusades (London,2009),pp.327–331.
  7. Bundan iyisi Şam'da kayısı / Gezi – Tatil / Milliyet Blog
  8. World Policy Journal – Winter 2006 | World Policy Institute