سەرەتاکانی ناسیۆنالیزمی کوردی

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
نەخشەی ئەیالەتی کوردستانی عوسمانی، ١٨٢٣

دەستپێکی ناسیۆناڵیزمی کوردی وەک زۆرێک لە گەلانی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست دەگەڕێنرێتەوە بۆ سەدەی نۆزدەیەم، بەڵام بڕێک توێژەران نووسراوەکانی کەسانێک وەک ئەحمەدی خانی و شەرەفخانی بەدلیسیش بە دەربڕینێکی ناسیۆنالیستی (بەرلە دروستبوونی دەوڵەتی نەتەوەیی) دەزانن.[١]

بیرۆکە سەرەتایییەکان[دەستکاری]

کەسانێک وەک ئیدمۆندز نووسیویانە ناسیۆنالیزمی کورد ڕەگی قووڵی لە ڕابردوودا ھەیە و دەقی مەم و زین و سەرھەڵدانەکانی میرە کوردەکانیان بە شایەتی قسەکەیان گرتووە.[٢] زۆر بەرلە دروستبوونی دەوڵەتی نەتەوەیی لە ئەورووپا، کەسانێک وەک ئەحمەدی خانی دەربارەی پێویستی دروستبوونی کیانێکی کوردی بۆ پاراستنی مافی خەڵکی کورد شتیان نووسیوە، بۆیە بڕێک لە توێژەران مەم و زینی ئەحمەدی خانی بە یەکەم بناغەکانی ناسیۆنالیزمی کوردی دەزانن.[١] تێکستی تریش وەک شەرەفنامە خراوەتە ئەم بازنەیەوە. دواتر کەسانی وەک حاجی قادری کۆیی لە سەدەی نۆزدەدا ڕوونتر پێویستیی کوردیان بە دەوڵەت خستووەتە ڕوو.[٢]

مەم و زین[دەستکاری]

ئەحمەدی خانی، بە دەرخەری سەرەتایی یاخود باوکی ناسیۆنالیزمی کوردی دادەنرێت، ئەوەش لە ڕێگەی وێناکردنی نیشتیمان، زمان، کلتوور و چاندیی کوردییەوە لە پەڕتووکی مەم و زیندا، چیرۆکی مەم و زین چەندین لایەن لەخۆ دەگرێت، لە نێویاندا سۆفیگەری و بە زەقی، ناسیۆنالیزمی کوردییە؛[٣][٤] جیا لە مەم و زین، خانی لە زۆر شوێنی تر ئاماژەی ڕاستەوخۆی بە شوناسی خۆی داوە وەکو کوردێک و خوازیاری دەوڵەتێکی سەربەخۆی کوردی بووە.

— دا خەلق نەبێژتن کو ئەکراد
بێ مەعریفەتن، بێ ئەسڵ و بنیاد
ئەنواعی میلەل خودان کتێبن
کورمانج تەنێ د بێ حەسێبن

لێرەدا ڕوونە، خانی ھۆشیارییەکی ھەبووە بەرامبەر نەتەوەکەی، و ئەمەشی لە مەم و زین دووپات کردوەتەوە. لە دێڕە شیعرێکی تریشدا خانی باسی دژبەرانی نەتەوەی کورد دەکات و ھەست بە ھەبوونیی نەتەوە دەکات، بەم شێوەیە:

— گەر دێ ھەبوا مە ئیتیفاقەک
ڤێک ڕا بکرا مە ئینقیادەک
ڕۆم و عەرەب و عەجەم تەمامی
حەمیان ژ مەڕا دکر غولامی
تەکمیل دکر مە دین و دەولەت
تەحسیل دکر مە عیلم و حیکمەت

واتا: ئەگەر تەنیا یەکێتیمان ھەبایە و پێکەوە کۆبوینایە، ئەوکات گشت عوسمانییەکان و عەرەبەکان و ئێرانییەکان دەبوونە خزمەتکاری ئێمە لە ئایین و سیاسەتدا، تا ئاستی کەماڵ دەگەیشتین و زانست و ژیریمان بەدەست دەھێنا.[٥]

شەرەفنامە[دەستکاری]

ھەرچەندە ھێشتا بۆچوونی جیاواز ھەن لەسەر سەرچاوەکانی ناسیۆنالیزمی کوردی، لێکۆڵەرە ڕۆژاواییەکان، لەپاڵ ئەحمەدی خانی، شەرەفخانی بەدلیسیش بە کۆنترین سەرچاوە دادەنێن کە ھەستی کوردبوون بە نووسین بخاتەڕوو.[٦] شەرەفخان سەبارەت بە پەڕتووکە بەناوبانگەکەی، «شەرەفنامە» دەڵێت:

مێژووی دەسەڵاتدارانی «کوردستانم» نووسیوەتەوە

شەرەفنامە نەک تەنھا باس لە مێژووی کورد و ئیسلام دەکات، بەڵکو لە ڕووی کۆمەڵایەتی، سیاسی، کلتووری و زمانەوانیشەوە باس لە گەلی کورد دەکات. لەگەڵ ئەوەشدا ھەندێک ئاماژەی بۆ ئایدۆلۆژیای ناسیۆنالیزمی مۆدێرنیشی پێوە دیارە.[٧]

یەکەم بزووتنەوەکان[دەستکاری]

بزووتنەوەی ناسیۆنالیستی لە نێو گەلی کورد بۆ یەکەمجار لە کۆتایی سەدەی نۆزدەھەمدا بە ڕاپەڕینێک لە ساڵی ١٨٨٠ بە سەرۆکایەتی شێخ عوبەیدوڵڵای نەھری سەریھەڵدا. زۆرێک لە کوردەکان لەگەڵ نەیارانی دیکەی ڕژێمی عوسمانی لە ناو کۆمیتەی یەکێتی و پێشکەوتن (CUP) کاریان کردووە. گەشەسەندنی ھۆشیاری نەتەوەیی لە سەرەتای سەدەی بیستەمدا لەلایەن کۆمەڵگای سەرھەڵدانی کوردستانەوە سەرپەرشتی کرا. ھەندێک گرووپی ناسیۆنالیستی کورد بۆ جیابوونەوە و ھەندێکی تریش بۆ ئۆتۆنۆمی خەباتیان دەکرد.

لە سەردەمی جەنگی جیھانیی یەکەمدا، لەکاتێکدا ھەندێک لە ناسیۆنالیستە کوردەکان لەگەڵ بەریتانیا و ڕووسیا کاریان دەکرد، ھەندێک لە ھێزە خێڵەکییە کوردییەکان شانبەشانی سەربازانی عوسمانی لە بەرەی دژی ڕووسیادا شەڕیان دەکرد. بەھۆی بارودۆخی سەردەمی جەنگ و سیاسەتی پاکتاوکردنی نەتەوەیی بە ئەنقەست، کوژران و ئاوارەبوون بە قەبارەیەکی بەرفراوان لە نێو خەڵکی سڤیلی کورددا، ھەستی نەتەوەیی کورد فراوانتر دەبوو.

دوای جەنگی جیھانی یەکەم لەگەڵ ھەڵوەشاندنەوەی ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی دەرفەتێکی کورت بۆ ناسیۆنالیزمی کوردی ھەبوو. زلھێزەکانی ڕۆژاوا (بەتایبەت شانشینی یەکگرتوو) بەڵێنیان بە کوردان دا کە بۆ ئازادی کورد دەستێوەردان بکەن، کە دواتر بەڵێنەکەیان شکاند. بەشێک لە گرووپە ئۆتۆنۆمیخوازە کوردەکان پاڵپشتی بەریتانیایان وەرگرت کە لە پەیمانی سیڤەر (١٩٢٠) دەرکەوت، ئەمەش ئامادەکاری بۆ ئۆتۆنۆمی ناوخۆیی بۆ ناوچە کوردنشینەکان کرد و پێشبینی سەربەخۆیی داھاتووی کوردستانیان دەکرد. دژایەتی کەمال ئەتاتورک سەرۆکی دەوڵەتی کۆماری نوێی تورکیا و گۆڕانکاری لە سیاسەتی بەریتانیا، ڕێگری لە ھەوڵێکی لەو شێوەیە کرد. دوای پەیمانی لۆزان (١٩٢٣) خاکی کوردەکان لە نێوان تورکیا و سووریای ژێرفەرمانی فەرەنسا و عێراقی ژێرفەرمانی بەریتانیا و ئێران دابەش کرا.

پێش ساڵی ١٩١٤[دەستکاری]

بزووتنەوەی ناسیۆنالیستی لە نێو کورد دا بۆ یەکەمجار لە کۆتایی سەدەی نۆزدەھەمدا بە ڕاپەڕینی شێخ عوبەیدوڵڵا، خاوەن زەوییەکی کورد و سەرۆکی بنەماڵەی شەمزینانی گەورە، سەریھەڵدا. شێخ عوبەیدوڵڵا لە ساڵی ١٨٨٠دا داوای ئۆتۆنۆمی سیاسی یان سەربەخۆیی ڕاستەوخۆی بۆ کورد و داننان بە دەوڵەتێکی کوردستانی جیا لە ھەردوو دەوڵەتی عوسمانی و فارسی قاجار کرد.[٨] بەڵام ڕاپەڕینەکان لەلایەن عوسمانییەکانەوە سەرکوت کران.

جەنگی جیھانی یەکەم[دەستکاری]

سوارە کوردییەکان لە دەروازەکانی چیای قەفقاز (نیویۆرک تایمز، ٢٤ی کانوونی دووەمی ١٩١٥)

ھەڵگیرسانی جەنگی جیھانیی یەکەم چەکێکی بەھێز بوو بۆ گەشەسەندنی ناسیۆنالیزمی کوردی؛ بەڵام بەشێک لە کوردەکان بە شاراوەیی بۆ کوردستانێکی سەربەخۆ بەردەوام بوون. لە ساڵی ١٩١٤ ژەنەڕاڵ محەممەد شەریف پاشا لە میزۆپۆتامیا خزمەتەکانی پێشکەش بە ئینگلیزەکان کرد. لە شوێنێکی دیکەدا ئەندامانی بنەماڵەی بەدرخان پەیوەندییەکی نزیکیان لەگەڵ بەرپرسانی ڕووسیا ھەبووە و باسیان لە نیازی پێکھێنانی کوردستانێکی سەربەخۆ کردووە.[٩]

پەیماننامەی سیڤەر[دەستکاری]

واژووکارانی پەیماننامەی سیڤەر، ساڵی ١٩٢٠

پێشکەوتنی پەیمانی سیڤەر، جگە لە بێتوانایی کورد لە بوونی سەرکردایەتییەکی باوەڕپێکراو، شکستێکی گەورە لە گەیشتن بە مافەکانی خۆی. کورد لەلایەن ئینگلیزەکانەوە مافێکی کەمیان بۆ دابین کرا، دوای ھەوڵی یۆنانییەکان لە ئەنادۆڵ و سەرھەڵدانی کەمالیستەکان و پەرەسەندنی ھەڕەشە ھەستپێکراوەکانی ئەرمەنستان، کوردەکانی ئەنادۆڵ ئارەزووی نەتەوەیی و جیابوونەوەیان نەما.[١٠][٩]

بڕگەکانی پەیمانی سیڤەر بۆ کوردستانێکی سەربەخۆ، ١٩٢٠

پەیماننامەکە لە نێوان ھاوپەیمانە زلھێزەکان و حکوومەتی عوسمانی لە ئەستەنبوڵ واژوو کرا، سەرەڕای پەرەسەندنی دەسەڵاتی حکوومەت و دەسەڵاتی ئەنجومەنی نیشتمانی لە ئەنقەرە. حکوومەت لە ئەستەنبوڵ ناچار بوو پەیماننامەکە واژوو بکات ھەرچەندە خۆیان بە توندی مەرجەکانیان لا پەسەندکراو نەبوو.[١٠]

بەشی سێیەمی پەیماننامەکە ھەموو زانیارییەکانی پەیوەست بە پرسی دەوڵەتی خۆسەری کوردستان لە ماددەکانی ٦٢‒٦٤ لەخۆ دەگرێت. بەپێی مادەی ٦٢، بەرپرسانی بەریتانیا، فەرەنسی و ئیتاڵیا ڕاسپێردرابوون لە ماوەی شەش مانگدا لە دوای جێبەجێکردنی پەیماننامەکە «پلانێکی ئۆتۆنۆمی ناوخۆیی بۆ ئەو ناوچانەی کە زۆرینەیان کوردن» دابڕێژن.[١١] لە ماددەی ٦٤ بە ڕاشکاوی باس لەوە دەکات کە ناوچە کوردنشینەکان مافی خۆیانە لە ھەر بەشێکی کوردستان سەربەخۆیی خۆیان لە تورکیا یان ئەو ناوچانەی دیکە کە لەلایەن زلھێزە سەرەکییەکانی ھاوپەیمانانەوە حوکمڕانییان بەسەردا دەکرێت، ڕابگەیەنن.[١١]

سیاسەتی بەریتانیا[دەستکاری]

سیاسەتی بەریتانیا بەرامبەر بە کورد چەندین جار لە نێوان ساڵانی ١٩١٨ بۆ ١٩٢٣، ساڵانی نێوان ئاگربەستی مودرۆس و پەیمانی لۆزان گۆڕانکاری بەسەردا ھات. گفتووگۆی مێژوویی باو ئەوەیە کە ھەڵوەشاندنەوەی پەیمانی سیڤەر لە ئەنجامی سەرکەوتنی ھێزەکانی کەمالیستی و ناسیۆنالیزمی چەکداریی تورک بووە؛ بەڵام پەرەسەندنی سیاسەتی بەریتانیا بەرامبەر بە کورد پێچەوانەی جێبەجێکردنی ماددەکانی ٦٢–٦٤ی پەیمانی سیڤەر بووە.[١٢]

ئینگلیزەکان زیاتر دوودڵ بوون لە دامەزراندنی کوردستانێکی سەربەخۆ یاخود نیمچە سەربەخۆ، لە باشووری کوردستان، بەھۆی ئەوەی ئەگەری ھەیە کە فەرەنسییەکان بە دامەزراندنی دەوڵەتێکی ھاوشێوە لە باکووری کوردستان، وەڵامی بەریتانیا بدەنەوە.[١٢]

یاخیبوونەکانی شێخ مەحموود[دەستکاری]

مەحمود بەرزنجی لە ساڵی ١٩١٩

دوای جەنگی جیھانی یەکەم و دوای چۆڵکردنی تەواوی باشووری کوردستان لەلایەن تورکیاوە، بەریتانیا لەگەڵ شێخ مەحموود بەرزنجی و کەسایەتییە دیارەکانی دیکەی کورد گەیشتە ڕێککەوتن، لەسەر حوکمڕانی ناڕاستەوخۆی ناوچەکە لەلایەن بەریتانیاوە. سەرۆک عەشیرەتەکان بە حکوومەتی عەشیرەتەکانی خۆیان دەسپێردران و لە ڕێگەی شێخ مەحموودەوە لە ئەرکە ئیدارییەکانی بەریتانیادا کاروباریان بەڕێ دەکرد، ھەروەھا وەک بەرپرسی حکوومەتی بەریتانیا ناسێنران و مووچەیان پێدرا. ئەم ناوچەیەی باشووری کوردستان بە کۆنفیدراسیۆنی باشووری کوردستان ناسرا. زۆری نەخایاند زۆرێک لە عەشیرەتەکانی تری کورد ڕازی بوون بچنە ناو ئەم سیستەمەوە.[٩]

ئەم سیستەمە دواجار بەھۆی ناکۆکی نێوان شێخ مەحموود و ئینگلیزەکانەوە پەکی کەوت. ئینگلیزەکان لە ڕێگەی پاڵپشتی دارایی خۆیانەوە سەرکردەیەکی تا ڕادەیەک بەھێزی کوردیان دروست کردبوو، شێخ مەحموود سیاسەتێکی ڕک و کینەیی لە بەرامبەر بە ئینگلیزەکان داڕشت. دوای ئەوەی شێخ مەحموود ئەوەندە دەسەڵاتی خۆی لە ناوچەکەدا سەپاند، لە کۆتاییدا یاخیبوونێکی سەرتاسەری لە دژی ئینگلیزەکان دەست پێکرد، شێخ و شوێنکەوتوانی لە مانگی حوزەیرانی ساڵی ١٩١٩دا شکستیان ھێنا.[٩]

بانگەوازی شێخ بۆ چەک ھەڵگرتن لە دژی ئینگلیزەکان لەژێر کاریگەری ناسیۆنالیزم و ئایینی ئیسلامدا بوو. کورد لە باشووری کوردستان تا ڕادەیەک نامۆ بوو بە چەمکی ناسیۆنالیزم، و ئەزموونەکانی ڕابردوویان لە سەردەمی سوڵتاندا لەگەڵ «جیھاد» لە کاتی جەنگی جیھانی یەکەمدا بۆ ماوەی چوار ساڵ دژی ئینگلیزەکان تەنیا شکستی سەلماندبوو.[٩]

ئێران[دەستکاری]

سمکۆی شکاک، سەرکردەی یاخیبووانی کورد ساڵی ١٩٢٢ لە ئێران

دوای پەیماننامە و ئاگربەستەکان، ھەستی ناسیۆنالیستی کورد لە کوردستانی ئێراندا گەشەی کرد کە پێشتر زۆر کەم بوو، چونکە سیاسەتی ئیسلامی لە دژی کورد پەیڕەو دەکران، سیاسەتە پان ئیسلامییەکان بۆ بەدەستھێنانی ھێزی کورد لە ناوچەکە داڕێژرابوون لە ئەگەری بەکارھێنانیان وەک بەربەستێک لە دژی ڕووسەکان یان ئەرمەنییەکان.[٩]

بەڵام ناسیۆنالیزمی کوردی لە ژینگەکانی تردا گەشەی کرد. لە ساڵی ١٩١٨ ئەندامانی ھۆزی موکری ناوچەی مەھاباد لەگەڵ بەرپرسانی بەریتانیا لە گفتوگۆدا بوون و تاوتوێی پلانێکی ئەگەری بۆ دەوڵەتێکی سەربەخۆی کوردی لەژێر پاراستنی بەریتانیادا دەکرد. ئەم تاکانەش ھاوشێوەی شەریف پاشا جەختیان لە خواستی خۆیان بۆ ئۆتۆنۆمی و خواستی گەیشتن بە ڕێککەوتنی ئاشتی لەگەڵ ئەرمەنەکان کردەوە.[٩]

دواتر لە ساڵی ١٩٢١ کوردانی ئێران، سمکۆی شکاک سیاسەتێکی دیکەی پەیڕەو کرد. سمکۆ ڕاستەوخۆ مامەڵەی لەگەڵ بەرپرسانی ئێران و ڕووسیا کرد، بێ تاقەت بوو لە ئامادە نەبوونی ئێران بۆ کارکردن لەسەر پێدانی ئۆتۆنۆمی بە کورد، بۆیە بەم شێوەیە لە ساڵی ١٩٢٢ ڕاپەڕینی ئەنجام دا. لە ئۆپەراسیۆنەکانی ئێران لە دژی یاخیبوونەکەی سمکۆ، سوپای تورکیا پشتیوانییەکی بەنرخیان پێشکەش کرد و پشتیوانی ئێران بوون. یاخیبوونەکە بە خێرایی شکستی ھێنا، بەڵام دوای ئەم یاخیبوونە، مایۆر نۆئێل ھەوڵیدا سمکۆ و سەرکردە ناسیۆنالیستەکانی دیکەی کورد لە نێویاندا شێخ مەحموود کۆبکاتەوە، بە مەبەستی دروستکردنی ھاوپەیمانییەکی کوردی بۆ پووچەڵکردنەوەی ھەژموونی تورکەکان بەسەر ناوچەکەدا، بەڵام شکستی ھێنا. لە کۆتاییدا ھیچ ڕێککەوتنێک لە نێوان ئەم سەرکردە کوردانەدا نەکرا.[٩]

پەیمانی لۆزان[دەستکاری]

دوای ئەوەی دەرکەوت کە حکوومەت لە ئەنقەرە چەندە بە توندی دژایەتی پەیمانی سیڤەر دەکات، ھەروەھا لەگەڵ بەرزبوونەوەی دەسەڵاتی کەمالییەکان، مایۆر نۆئێل و ئینگلیزەکان بە جددی دەستیان کرد بە بیرکردنەوە لە پشتیوانیکردنی کوردانی ڕزگاریخواز؛ لە ترسی ئەوەی کە ڕەنگە کوردەکان کۆنترۆڵ نەکرێن، وازیان لە پلانەکە ھێنا.[١٠]

بەڵام ئەم پلانە لە ساڵی ١٩٢١دا زیندوو بووەوە دوای ئەوەی سەربازانی کەمالیست دەستوەردانیان کارگێڕی ھۆزەکانی باشووری ھێڵی ئاگربەستدا کردووە. ڕاوێژکارانی سیاسەتی بەریتانیا دیسانەوە دەستیان کرد بە بیرکردنەوە لە ھاوکاریکردنی یاخیبوونێکی بەرفراوانی کوردەکان لە دژی تورکەکان بە مەبەستی بەرپەرچدانەوەی پەرەسەندنی ھێز و کاریگەرییان لە ناوچەکەدا. کەموکوڕی زۆر لەم پلانەدا ھەبوو، ئەمەش ڕەنگدانەوەی نەرێنی لەسەر فەیسەڵی یەکەمی عێراق دەبێت، بەو پێیەی چەک لە ڕێگەی عێراقەوە ڕەوانەی باکووری کوردستان دەکرا. ھاوپێچ نیگەرانی بەردەوامی بەریتانیاش ھەبوو کە سەرکردەکانی کورد جێی متمانە نین و ھێزە کوردییەکان یەکگرتوو نین؛ بەڵام فەرەنسییەکان لەسەر بنەمای پەیمانی نیشتمانی لە ئەنقەرە لەگەڵ حکوومەتدا گەیشتبووە ڕێککەوتن، فەرەنسا لە بەشێکی زۆری زەوییە داگیرکراوەکانی لە باشووری ئەنادۆڵدا کشایەوە، بەم شێوەیەش ترسی زیاتر ھەبوو لە کەمالیستەکان لەلایەن بەریتانیاوە لەوە ھێرش بکەنە سەر عێراق. ئەمەش بووە ھۆی ئەوەی ئینگلیزەکان دووبارە ھەڵسەنگاندن بۆ پلانەکانیان بکەنەوە دەربارەی وروژاندنی یاخیبوون لە نێو کوردەکاندا لە دژی تورکەکان.[١٠][١٢]

لەگەڵ ئەوەشدا ھێشتا وا دەرکەوت کە ئینگلیزەکان لایەنگری ئۆتۆنۆمی کورد دەکەن لە عێراق، کاتێک بەریتانیا بەیاننامەیەکی بە ھاوبەشی لەگەڵ حکوومەتی عێراق لە ساڵی ١٩٢٢ دەرکرد و کۆمەڵەی گەلان گەیاندرا، و دانی بەمافی کورددا ناوە بۆ پێکھێنانی حکوومەت لە چوارچێوەی سنوورەکانی عێراقدا.[١٣]

لە کۆتاییدا، لەگەڵ بڵاوبوونەوە و گەشەکردنی ھێزە کەمالییەکان، کورد لە چاوی بەریتانیاوە بە کەم سەیر دەکرا بەو پێیەی تەنانەت ھێزێکی یەکگرتووش نین.[١٠]

واژووکردنی پەیماننامەی لۆزان (١٩٢٣)

لە ٢٤ی تەممووزی ١٩٢٣ پەیمانی لۆزان لە نێوان ئینگلیزەکان و ھاوپەیمانەکانیان و تورکەکاندا واژوو کرا. پەیماننامەکە باسی لە کورد نەکرد، ھەرچەندە کورد ١/٣ی دانیشتووانی تورکیای نوێ پێکدەھێنن و ٤٨٫٥٪ی کۆی دانیشتووان دەگرنەوە.[١٤]

بڕیار بوو لە ماوەی نۆ مانگدا دوای جێبەجێکردنی پەیماننامەکە سنوورەکانی نێوان تورکیا و عێراق لە نێوان بەریتانیا و تورکیا یەکلایی بکرێنەوە. سەرکردەکانی کورد لە ساڵی ١٩٢٣دا لە کاتی دانوستانەکان لەسەر پەیمانی لۆزان، داواکارییەکیان لە کۆمەڵەی گەلان و بەریتانیا کرد بۆ دانپێدانانی ئۆتۆنۆمی بە کورد، بەڵام کۆمەڵەی گەلان وازی لە ڕەچاوکردنی مافی نەتەوەکان ھێنابوو؛ بۆیە خاکی کوردەکان لە عێراقی نوێ خۆی بینییەوە، لەژێر کۆنترۆڵی بەریتانیادا. ناوچە کوردنشینییەکان لە ساڵی ١٩٢٣ کاتێک عێراق یەکەم ھەڵبژاردنی بۆ ئەنجومەن و دەستووری وڵات کرد، بە تەواوی ھاتنە ناو دەوڵەتە نوێیەکەوە.[١٠]

سەرۆک وەزیرانی عێراق، پێش واژووکردنی پەیمانی لۆزان، لە ساڵی ١٩٢٣دا دەسەڵاتی پێدرابوو لەگەڵ سەرکردەی ھۆزە کوردییەکان لە سلێمانی کۆببێتەوە، ئەو کاتە بۆی دەرکەوت کە کورد زۆر پشتگیری لە پلانەکە دەکەن (پەیمانی لۆزان) بۆ داننان بە خواستە نەتەوەیییەکانیان بەڵام لە چوارچێوەی یەک وڵاتدا. تەنانەت لە کۆبوونەوەکەدا لەگەڵ شا فەیسەڵ لە مانگی ئایاری ساڵی ١٩٢٣ کورد پشتگیری خۆی بۆ شا فەیسەڵ دووپات کردوەتەوە.[١٥][١٦][١٧]

ئەمانەش ببینە[دەستکاری]

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  1. ^ ئ ا Leezenberg, Michiel (2022-11). ""The Kurds Have Not Made Love Their Aim": Love, Sexuality, Gender, and Drag in Ehmedê Xanî's Mem û Zîn". International Journal of Middle East Studies (بە ئینگلیزی). 54 (4): 705–724. doi:10.1017/S0020743822000836. ISSN 0020-7438. {{cite journal}}: Check date values in: |date= (help)
  2. ^ ئ ا Edmonds, C.J. (1971-01). "Kurdish Nationalism". Journal of Contemporary History (بە ئینگلیزی). 6 (1): 87–107. doi:10.1177/002200947100600105. ISSN 0022-0094. {{cite journal}}: Check date values in: |date= (help)
  3. ^ مەم و زین. Kurdistan: Huseyn Şemirxî. 2009. ISBN 9789944360555, 9944360554. {{cite book}}: |first= missing |last= (help); Check |isbn= value: invalid character (help)
  4. ^ van Bruinessen, Martin (2003). "Ehmedî Xanî's Mem û Zîn and its role in the emergence of Kurdish nationalism". In Vali, Abbas (ed.). Essays on the origins of Kurdish nationalism. Costa Mesa, Cal.: Mazda Publishers. pp. 40–57.
  5. ^ ڕوانگه, Ruwange--- (2012-02-18). "RUWANGE |----------------| ڕوانگه: مه‌م و زین ی ئه‌حمەدی خانی و دەوری وی لە دەرکەوتنی ووشیاریی نەتەوەیی کوردی دا ١". RUWANGE |----------------| ڕوانگه. Retrieved 2024-04-18.
  6. ^ "ناسیۆنالیزم لای نەتەوەیەکی بێ دەوڵەت ‌". knwe.org. Retrieved 2024-04-18.
  7. ^ "لە سەدەی شازدەیەمدا کوردستانیانە بیری دەکردەوە". www.peyserpress.com. Retrieved 2024-04-18.
  8. ^ Özoğlu, Hakan. Kurdish Notables and the Ottoman State: Evolving Identities, Competing Loyalties, and Shifting Boundaries. Feb 2004. ISBN 978-0-7914-5993-5. p. 75.
  9. ^ ئ ا ب پ ت ج چ ح Jwaideh, Wadie (2006). The Kurdish National Movement: Its Origins and Development. Syracuse: Syracuse University Press. ISBN 0-8156-3093-X. ھەڵەی ژێدەرەکان: تاگی <ref>ی ھەڵە؛ ناوی «Jwaideh» زیاتر لە یەک جار پێناسە کراوە لەگەڵ ناوەڕۆکی جیاوازدا
  10. ^ ئ ا ب پ ت ج McDowall, David (1996). A Modern History of the Kurds. London: I.B. Tauris. pp. 131–137. ISBN 1-85043-653-3. ھەڵەی ژێدەرەکان: تاگی <ref>ی ھەڵە؛ ناوی «McDowall» زیاتر لە یەک جار پێناسە کراوە لەگەڵ ناوەڕۆکی جیاوازدا
  11. ^ ئ ا The Treaty of Sèvres, 1920
  12. ^ ئ ا ب Olson, Robert (1989). The Emergence of Kurdish Nationalism and the Sheikh Said Rebellion, 1880-1925. Austin: University of Texas Press. ISBN 0-292-77619-5. ھەڵەی ژێدەرەکان: تاگی <ref>ی ھەڵە؛ ناوی «Olson» زیاتر لە یەک جار پێناسە کراوە لەگەڵ ناوەڕۆکی جیاوازدا
  13. ^ Yildiz, Kerim (2007). The Kurds in Iraq: past, present and future. London: Pluto Press, The Kurdish Human Rights Project. ISBN 978-0-7453-2663-4.
  14. ^ Yildiz, Kerim (2007). The Kurds in Iraq: Past, Present, and Future. London: Pluto, The Kurdish Human Rights Project. ISBN 978-0-7453-2663-4.
  15. ^ Stokes, Jamie (2009). Encyclopedia of the Peoples of Africa and the Middle East, Kingdom of Kurdistan. ISBN 978-1-4381-2676-0. Retrieved 23 October 2014.
  16. ^ Asadi, Awat (2007). Der Kurdistan-Irak-Konflikt: der Weg zur Autonomie seit dem ersten Weltkrieg. ISBN 978-3-89930-023-9. Retrieved 23 October 2014.
  17. ^ Prince, J. (1993), "A Kurdish State in Iraq" in Current History, January.