تورکمان

لە ویکیپیدیاوە، ئینسایکڵۆپیدیای ئازاد
باز بدە بۆ: ڕێدۆزی، گەڕان
کچێکی تورکمەن لە جلی تورکمەنیدا

تورکمان یان تورکمەن نەتەوەیەکن لە رەچەڵەکی ھۆزەکانی ئۆغوز کە لە ٢٤ تیرە پێکدەھات و ‌ سەر بە ڕەگەزی ئەلتایی تورکن، زێدی دێرینیان ناوەڕاستی ئاسیایە ‌و لە بنەڕەتدا بیابانشین و کۆچەری شوانکارە بوون. پەیدابوونی تورکمان پاش سەرھەڵدانی دەسەڵاتی خانەدانی سەلجووقی بوو لە خوراسان. ئۆغوزەکان ئەوسا زۆربەیان ھەر لە سەر ئاینی شامانی بوون کە ئاینێکی تایبەتە بە ھۆزەکانی بیابانە ساردەکانی ئاسیا و تیبت و چین. بە بڵاوبوونەوی دەسەڵاتی سەلجووقەکان لە ناو سنوورەکانی ژێر دەسەلاتی خەلافەتی عەبباسی کە بەغدا پایتەختی بوو، ھۆزە ئۆغوزەکانیش لە پانتاییەکی فرەوانتر بڵاو بوونەوە چونکە زۆرینەی لەشکری سەلجووقەکان ھەر لە سەرباز و شەڕکەری ئۆغوز پێکدەھات. بە تێکەڵبوونیان بە ژینگەی موسڵمانان زۆر لەم ھۆزە ئۆغوزانە لە سەر دەستی سوڵتانەکانی تورکی سەلجووقی بوون بە موسڵمان.

بنچینەی ناوی تورکمان[دەستکاری]

مەزەندە دەکرێت کە ناوەکە لە لێکدراوی دوو وشەی فارسی ھاتبێ (تورک مانەند)‌کە بە واتای (ھاوشێوەی تورک)دێت، چونکە زمان و بەرگاری ئۆغوزەکان ھەر ھەمان زمان و شێوەی تورکانی سەمەرقەند و بوخارا بوو. بۆ جیاکردنەوەی ئۆغوزە موسڵمانەکان بە تورکمان ناسران. لە کتێبی ئەلئەساب (بە عەرەبی: الانساب) کە دانەرەکەی ناوی (ئیمام ابی السعد السمعانی)یە و لە باکووری خوراسان دا ژیاوە و ساڵی ١١٦٦ زایینی مردووە، لە دوو توێی پەرتووکەکەیدا بە ھەزارەھا نازناوی باوی ئەوسای خوراسان و تورکستانی باس کردووە بەڵام نازناوی تورکمانی تێدا نیە وەک چۆن نازناوی (کوردستانی)یشی تێدا نیە چونکە ناوی کوردستانیش لە دوایین رۆژگاری سەلجووقەکان پەیدا بووە. ھەر خۆی ناوبژیوان بووە لە کێشەیەک لە نێوان خەڵکی شارێکی ئەوسای خوراسان و تیرەیەکی ئۆغوز[١] . خوراسانیش ئەوسا ھەرێمێکی بەربڵاوتر بوو لە ئێستاو گشت شارەکانی رۆژھەڵاتی ئێران و ئەفغانستان و وڵاتی سەمەر‌قەند و بوخارای دەگرتەوە. لە دوای پەیدابوونی مەغۆل رۆلی سەلجووقەکان نەماو، تورکمانەکان بوون بە ھاریکارو جێگرەوەی سوڵتانەکانیان لە بەغدا، تەورێز، کوردستان و ئەنادۆڵ.‌ دوو دەوڵەتی قەرەقوویونلوو و ئاق قوویونلوو پێکھێنا کە بە دەستی یەکەویە شیعەکان لە ناوبران. لە ئاسیای بچووک رۆڵی گرینگیان ھەبووە لە بنیاتنانی دەوڵەتی عوسمانی کە بابەگەورەیان لە تۆرەمەی تیرەیەکی تورکمانەکانە بە ناوی عوسمانجیق. ئەتابەگانی زەنگی لە حەلەب و دیمەشق لەشکرەکانیان ھەر لە تورکمان پێک دەھات کە شارەزابوون لە ئەسپسواری و تیرھاوێژی شایستە بوون و لە شەری دژ بە خاچ ھەڵگران بەشێکی گرینگی لەشکری سەلاحەدینی ئەییووبی یان پێک دەھێنا. و دواتر لە دەوڵەتی مەمالیک لە میسر ڕۆڵی گرینگیان ھەبووە.

تورکمان ئەمڕۆ[دەستکاری]

بێجگە لە کۆماری تورکمانستان کە لە سەر بەشێکی زێدی جارانیان دامەزراوە، بەشێکی گرینگی خوراسان و ساوە تورکمانن. ھەروەھا ھۆزە گەورەکانی ئازەربایجان (شاھسەوەنی) و ئەسفەھان (قەشقایی) و بەیات و ئەفشار ھەر لەسەر داب و نەریتی جارانیانن. لە عێراق تورکمانەکان لە رۆژھەڵاتی بەغدا و باکووری مووسڵ دەژین. لە کوردستانیش لە کەرکووک، ھەولێر، خانەقین، خورماتو ، داقوق ، کفری و مەندەلی تورکمانن. لە سووریا زۆربەی تورکمانەکان لە باکووری حەلەب و شاری سرووج دا دەژین. ھۆزی یوروکی تورکمانی ئەنادۆڵ لە ناو خاکی تورکیای ئێستا ھەر بە تەرزی کۆچەری دەژین.

تورکمان و کورد[دەستکاری]

لە دوایی پەیداببونی سەلجووقیەکان لە خوراسان و پەرەسەندنی دەسەڵاتیان بەسەر خەلافەتی عەبباسی لە بەغدا و وەدەرنانی دەیلەمە شیعەمەزەبەکان. کورد بۆ یەک جار ڕووبەڕووی ھیزێکی خێلەکی بووەوە کە توانای شەڕکردنی بێ وچان بوو. لە یەکەم شەڕی کورد لەگەڵ ئۆغوزە تورکمانەکان لە دەوری شاری مەراغەی ئازەربێجان بوو. خاکی ئازەربێجان کە سارد و پڕ پاوانە ببووە جێگەی تەماحی ئەو ھۆزە ئۆغوزانەی لە ولاتی خۆیان لە ترسی فەرمانی تورکە سەلجووقوکان ڕایانکرد بوو. شەڕی مەراغە ساڵی ١٠٢٩ زایینی ڕوویدا و ڕەوەندانی ھەدبانی بە توندی بەرگریان لە شارەکەیان کرد و ھێرشی ئۆغوزەکانیان تێکشکاند. بەلام ئۆغوزەکان ناچار پەلامارەکانیان درێژە پێ بدەن و ئەوجارە ھێرشیان کردە سەر ئاواییەکانی ھەکاری. لە دیوی مووسڵ و ماردینیش ھێرشیان کردە سەر ئاواییە کوردەکان و ویستیان پێگەیەک بدۆزنەوە بۆ لەوەڕاندنی مالاتەکانیان کە بیایانی مووسڵ و جزیرە گەرم بوو بۆیان. رکابەری کورد و تورکمان لەوساوە درێژەی ھەبووە. تەنانەت لە ناو لەشکری سەلاحەدینی ئەییووبیشدا جۆرێک لە رکابەری و تیرەگەری ھەبووە. زاوای سەلاحەدین لە تورکمانەکان و فەرمانداری سەر بە سەلجووقیەکان بوو، کە ئەتابەگی ھەولێری پێ سپێررابوو.

سه‌رچاوه[دەستکاری]

  1. کتێبی (الانساب) دانانی الامام ابی سعد ابوبکر التمیمی السمعانی (١١٦٦مردووە) بەشی ٣ لاپەڕە ٤٣، چاپی قاھیرە، ١٩٨٠