کردەوەی ماموت

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
Jump to navigation Jump to search

کردەوەی ماموت بە ئینگلیزی(Operation Mammoth)، بە ئەڵمانی(Unternehmen Mammut). کردەوەیەک بوو کە پلانەکەی لەلایەن ئەڵمانیای نازییەوە داڕێژرابوو بۆ بەدەست ھێنانی سەرچاوەی ووزەی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست بەتایبەتی ھەرێمی کوردستان کە ئەوکات لەژێر ھەژموونی بەریتانیادا بوو، ئەڵمانەکان لە ڕۆژھەڵاتی ئەوروپاوە پێشڕەویان کردبوو بۆ بەدەستھێنانی ووزە پەلاماری یەکێتیی سۆڤیەتی ئەو کاتیان دابوو گەشتببونە کەنارەکانی دەریای کاسپیەن و شارەکانی گرۆزنی و مایکۆب و باکۆ بگرێت کە سەرچاوەی ووزە بوون، ھەروەھا لەبەرەی باکوری ئەفریقا جەنەڕاڵ ئێرڤین ڕۆمل تاوەکو سنوری میسر ڕۆشتبوو، بۆیە ئەڵمانیا دەیویست لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا پەل بکوتێت.[١]

ناو[دەستکاری]

کردەوەی ماموت یان ئۆپراسیۆنی ماموت، ناوەکەی لەوەوە ھاتووە کەبەناوی شێخ مەحموودی حەفیدوە بووە بەڵام بۆ ئەوەی نھێنی کردەوەکە دەرنەکەوێت چەند پیتێکیان لابردووە و (ماموت) ماوەتەوە.

سەرەتا[دەستکاری]

میولەر لە کتێبەکەیدا دەنووسێ کە وەکو ئەڵمانیەکی بە پەرۆش بۆ میللەتەکەی لە جەنگی جیھانی دووەمدا بیر لە پلانێک دەکاتەوە یارمەتی وڵاتەکەی بدات بەرەو سەرکەوتن. ئەو پێویستیانەی ئەڵمانیا ھەیبوو بۆ نەوت یادی بۆ ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست دەچێتەوە کە پێشتر گەشتێکی تێدا کردبوو. میولەر خۆی ساڵی ١٩٣٦ سەردانی کوردستانی کردبوو پێشتر و شێخ مەحمودی ناسیبوو ھەروەھا لەگەڵ شێخ لەتیفدا سەردانی ناوچەی پشدەری کردبوو و ئاغاکانی ئەوناوەی دەناسی، ئەمە وایلێکرد خۆی وەک شارەزا لەکاروباری کورد خۆی بە مخابراتی ئەڵمانی بناسێنێت، ساڵێک دوای ھاتنەوەشی کتێبێکی بڵاوکردەوە بەناونیشانی “خۆکوتانە ناو کوردستانی داخراو”، لە ساڵی ١٩٤٣دا نەخشەی پلانێک بۆ سەرکردایەتی جەنگی ڕایخی سێیەم دەنێرێت لە بارەی چۆنیەتی سوودوەرگرتن لە نەوتی عێراق بەھۆی کوردەکانەوە، وەک خۆی دەگێڕێتەوە پاش ھەفتەیەک فەرمان لە سەرکردایەتی سوپا دەردەچێت بۆ جێبەجێکردنی کردەوەکە.[٢]

میولەر تەواوی ئەندامانی کردەوەکە پێکدێنێت بەڵام پێویستی بە کوردێکی ئازا و شارەزا دەبێت، بۆیە بیری دەکەوێتەوە کە لەساڵی ١٩٤٢ لە ئەستەمبوڵ کەسێکی وەھای ناسیووە و دژی سیاسەتەکانی ئینگلیز بووە کە ئەویش ڕەمزی نافیعە، ھەرزوو دەچێتە ئەستەمبوڵ و ڕەمزی دەدۆزێتەوە و لەمبارەیەوە قسەی لەگەڵ دەکات و ڕەمزی ڕازی دەبیت بەوەی کەنەوتی کوردستان بۆ ئەڵمانیا و لە سایەی ئەڵمانیاوە سەربەخۆی بۆ کورد دەستەبەربێت، بیری سەربەخۆی وای لە ڕەمزی کرد کە ببێتە یاریدەدەری ئەڵمانەکان، دواتر بۆ خولی فێربوونی پەڕەشوتەوانی و بەکارهێنانی چەکی تازە دەچێتە ئەڵمانیا.

دەستپێکردن[دەستکاری]

پاش ئەوەی تیمەکە پێک دێت و مەشقی سەربازی و پەڕەشوتەوانی و بەکارھێنانی چەک تەواو دەکەن ئامادەدەبن بۆ ئۆپراسیۆنەکە، تیمەکە لەمانە پێک ھاتبوون، ڕەمزی نافیع ڕەشید ئاغا کەوەک شارەزای ناوچەی جوگرافی و ناسراوی ناوچەکە و وەک کوردێک، فەرماندەری دەستەکە میولـلەری ئەفسەربوو کە بەدەر لە پلەی سەربازی ئەفسەر و سەرباز لەو ماوەیەی کە لە ئەڵمانیا خەریکی مەشقبوون، ببوو بە ھاوڕییەکی نزیکی ڕەمزی نافع ڕەشید، جگە لە میولـلەر و ڕەمزی کەسێکی دیکەش بە ناوی ھۆفمان کە سەربازێکی سەرسەختی نازی بوو، ئاگای لە ورد و درشتی خۆرھەڵاتی ناوەڕاست بوو، ماوەیەک لە تاران وەکو مامۆستا وانەی بە خوێندکارانی ئێران دەگووتەوە. کەسی چوارەمیش ناوی کانێچین بوو، بە ڕەچەڵەک پۆڵندی بووە.[٣]


تیمەکە لە ئەڵمانیاوە بەڕێدەکەون بۆ ئۆکرانیا و پاشان بۆ نیمچەدوورگەی کریمیا(قرم) لە بەرواری ١٧ حوزەیرانی ١٩٤٣ دەگەنە سەر ئاسمانی ھەرێمی کوردستان کەوا بڕیاریان داوە لە ناوچەی پشدەر داببەزن و پەیوەندی بکەن بە سوارەئاغای سەرۆکی ھۆزی بڵباس کە خۆی پەیوەندی بە ئەڵمانەکانەوە ھەبوو، بەڵام فڕۆکەوانەکە لە شوێنێکی کە دایان دەبەزێنێت، کە ڕۆژئاوای شاری مووسڵە و ناوچەی عەرەب نشینە. کە بەدووری (٢٠٠کم) لەناوچەی بتوێن بە پەڕەشوت دابەزیوون، لەو شوێنەدا چی کەرەستە و پارەی زیاد و چەکێک کە ھێنابوویان بەجێیدەھێڵن خۆیان دێن تا لە قەیاغی گوێر بەرەو قەزای مەخموور، لیوای ھەولێر دەپەڕنەوە، شەو لە دێی تەرجان دەبن، لەوێوە بە سواری وڵاغ دێن تاکو لە دەمەو بەیاندا دەگەنە ھەولێر، لە باغەکەی پشت ماڵی (عەتائوڵا ئاغا)ی مامی ڕەمزی خۆیان پەنھان دەکەن بۆ جل گۆڕین و لەوێوە بە ھاوڕێیەتی ئامۆزایەکی (خورشید) دەچنە دێی بنەسڵاوە کە لە دوورایی سێ سەعات ڕێ بە سواری لە ڕۆژھەڵاتی ھەولێر کەوتووە. ڕۆژی دیکە دەچن بۆ دێی بیۆکە بە نیازی ئەوەی بچن بۆ تورکیا و بەوێدا بگەڕێنەوە بۆ ئەڵمانیا چونکە ئاشکرابوونیان ھەموو ڕێگەیەکی سەرکەوتنی پلانەکەیان لێ دەبەستێت، بە تایبەتی کە ھەرچی کەرەستە و پارە و چەکێکی بۆ شۆڕش پێویست بوو لە کیسیان چوو بوو. ڕێکەوت وەھا دەبێ قاچاغچییەکی ئەو دەوروبەرەی بیۆکە دەیانبینێت کە خۆی کونەفلووسەیی بووە، حکومەتیش (١٠٠٠) دیناری پاداشت دانابوو بۆ کەسێک ھەواڵ لەو کۆمەڵە بدات، کابرای کونەفلووسەییش خەبەرەکەی لە ڕێی جوولەکەیەکەوە بە حکومەت ڕاگەیاند.لە بەرواری ٢٩ حوزەیرانی ١٩٤٣ لە پێشەوە سێ ئەڵمانیەکە دەگیرێن. ڕەمزی لەو دەمەدا لەگەڵیان نابێت. حکومەت باوک و مامەکانی ڕەمزی دەگرێت. مامێکی (نورالدین ئاغا) بە ئیزنی حکومەت دەچێ بە سۆراغیەوە، داوا دەکا خۆی ڕادەست بکات و خزمەکانی پێوە ڕزگار بن ڕەمزی ویستبووی خۆی بکوژێت بەڵام مامی تەمای ژیانی لەبەر دەنێت و دەیھێنێتە سەرئەوەی کە خۆی بەدەستەوە بدات، لەوە ‌بەولاوە دەیاننێرن بۆ مووسڵ و بەغدا و قاھیرە بە مەبەستی دادگایی کردن و سەرەتا بەحکومی لەسێدارەدان و دواتر حوکمەکەیان بۆدەگۆڕن بە زیندانی بیست ساڵ، پاش کۆتای جەنگ میولەر و ھاوڕێکانی ئازاد دەکرێن و دەچنەوە ئەڵمانیا و ڕەمزیش ڕەوانەی بەغداد دەکرێت و پاش تێکچونی باری دەروونی ئازاد دەکرێت وە لەساڵی ١٩٤٧ کۆچی دوای دەکات.[٤]

ھۆکاری شکستی کردەوەکە[دەستکاری]

وەک میولەر لە کتێبەکەیدا باسی دەکات ئاوھا بووە:

کاتێک لە نیمچەدورگەی کریمیاوە بەڕێی ئاسماندا دەکەونە ڕێ بەرەو ئامانج. ھەر لەو دەمەدا کە بە ئاشکرا نزیکی شوێنی ئامانج دەبنەوە و فڕۆکەوانەکە چەند سووڕێک بە دەوری شارێکی کارەبا گەشدا دەدات، میولەر دەکەوێتە گومانەوە، فڕۆکەوان لەجیاتی شوێنی ئامانج لە ڕۆژاوای مووسڵ ھەڵیان دەدات. ڕەمزی نافیع بە پرسین دەزانێ جێی دابەزینیان کوێیە و ھیچ لەگەڵ شوێنی ئامانج یەکناگرێتەوە. میولەر ڕوونی دەکاتەوە کە ھەموو کارەکە لە ئەڵمانیاوە بە ئینگلیزەکان فرۆشرا بوو. بۆی دەردەکەوێ کە ناحەزەکانی لە ئەڵمانیادا ھەروەکو لە سەرەتاوە ویستیان تەگەرە بخەنە پلانەکەیەوە، دواتریش کە نەیتوانی بیوەستێنن بە دوژمنیان فرۆشت.[٥]

پەراوێزەکان[دەستکاری]

  1. ^ https://de.wikipedia.org/wiki/Unternehmen_Mammut
  2. ^ http://www.historyofkurd.com/2017/02/12
  3. ^ http://www.historyofkurd.com/2017/02/09/
  4. ^ https://www.peyserpress.com/detail/262
  5. ^ http://www.historyofkurd.com/2016/03/15/