بۆ ناوەڕۆک بازبدە

عەبدولڕەحمان قاسملوو

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
(لە عەبدولڕەحمان قاسملۆەوە ڕەوانە کراوە)
عەبدولڕەحمان قاسملوو

لەدایکبوون٢٢ی کانوونی یەکەمی ١٩٣٠
مەرگ١٣ی تەممووزی ١٩٨٩(١٩٨٩-٠٧-١٣) (٥٨ ساڵ ژیاوە)
ھۆکاری مەرگتیرۆرکردن لەلایەن نێردراوانی کۆماری ئیسلامیی ئێران
شوێنی گۆڕکۆڵانی ٣٤، گۆڕستانی پێر لاشێز، پاریس
نیشتەجێیورمێ، تاران، مەھاباد، ڤیێنا، پراگ
نەتەوەکورد
ناوەکانی تردکتۆر قاسملوو
پەروەردەدکتۆرای زانستی ئابووری
پیشەسکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
زانای بواری ئابووری و کۆمەڵایەتی
چالاکبوون١٩٧١–١٩٨٩
کارسکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
زانای بواری ئابووری و کۆمەڵایەتی
پێشقازی محەممەد
پاشسادق شەرەفکەندی
حیزبی سیاسیحیزبی توودەی ئێران (پێشووتر)، حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
بەرامبەر(ەکان)ئێران حکوومەتی ئێران
ھاوسەرنەسرین قاسملوو (ھێلێن کرولیچ)
مناڵ(ەکان)٢ کچ:
مینا قاسملوو (لەدایکبووی ١٩٥٣)
ھیوا قاسملوو (لەدایکبووی ١٩٥٥)


عەبدولڕەحمان قاسملوو ناسراو بە دکتۆر قاسملوو (٢٢ی کانوونی یەکەمی ١٩٣٠ لە ورمێ – ١٣ی تەممووزی ١٩٨٩ لە ڤیێنا) زانایەکی بواری ئابووری و کۆمەڵایەتی، پێشمەرگە، خەباتکارێکی کورد و سکرتێری گشتیی پێشووی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بوو. قاسملوو لە ١٩٨٩دا کاتێک لەگەڵ چەند ھاوڕێیەکی ئامادەی وتووێژ سەبارەت بە ئاشتی نێوان کورد و ئێران بوون، لە شاری ڤیێنای پایتەختی نەمسا، بەدەستی نوێنەرانی کۆماری ئیسلامی ئێران تیرۆر کران.

ژیاننامە

[دەستکاری]
وێنەیەکی قاسملوو کە تەمەنی لە خوار ١٥ ساڵە

عەبدولرەحمان قاسملوو لە شەوی یەڵدای ساڵی ١٣٠٩ی ھەتاوی بەرامبەر بە ٢٢ی کانوونی یەکەمی ساڵی ١٩٣٠ زایینی لە شاری ورمێ لە بنەماڵەیەکی ناسراو و دەوڵەمەندی دەست ڕۆیشتوودا لە دایکبوو. خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی لە ورمێ و تاران تەواوکرد.

ھێشتا زۆر منداڵ دەبێت کە لەگەڵ باسە سیاسییەکان ئاشنا دەبێت بیرو باوەڕی ئازادیخوازانە لە مێشکییدا دەجوڵێت، بۆخۆی لەم بارەیەوە لە کتێبی «چل ساڵ خەبات لە پێناوی ئازادی‌» پاش باسی گەشتی ٣٠ کەس لە کوردەکان بۆ باکوو لەسەر بانگھێشتنی یەکێتیی سۆڤیەت، دەنووسێ: «ھەر چەند ئەو کاتە من تەمەنم یازدە ساڵ بوو، بەڵام وەک زۆر منداڵی ئەو سەردەمە سیاسەت سەرنجی ڕاکێشا بووم.» ئەو لە درێژەدا باس دەکات: «باوکم یەکێک لە ئەندامانی ئەو ھەیئەتە بوو، زۆر باشم لەبیرە کە لە باکوو ھاتەوە چەندین تاقەندی لەگەڵ خۆی ھێنابوو، تاپڕێکی باشیشی پێ بوو. وادیارە سۆڤیەتییەکان قەند و تفەنگ و شتی دیکەیان بە دیاری دابوو بە ھەموو ئەندامانی ھەیئەت، قەند بە تایبەتی زۆر بەنرخ بوو چونکە ئەو کاتە لە ئێران زۆر کەم و گران بوو، من ئەو کارەم زۆر پێ سەیر بوو، چونکە لە ماڵی ئێمە براکانم و ئامۆزاکانم کە لە من گەورەتر بوون، باسی ئەوەیان دەکرد کە بابم لەگەڵ چەند کەسی دیکە چوون بۆ باکوو ماف و ئازادیی کوردان داوا بکەن. بۆیە ڕاست و ڕەوان لە باوکم پرسی: ئەدی مافی کوردان چی لێھات؟»[١]

عەبدولڕەحمان قاسملوو ساڵی ١٩٤٦ تێکۆشانی سیاسیی خۆی بە دامەزراندنی یەکێتیی لاوانی دێموکرات لە شاری ورمێ دەست پێ کرد. کانوونی یەکەمی ١٩٤٦، مەھاباد داگیرکرا و کۆماری کوردستان ڕووخا. قاسملوو بۆ خوێندن ڕوویکردە تاران و چەند ساڵ دواتریش بۆ درێژەپێدانی خوێندن چوو بۆ پاریسی پایتەختی فەڕەنسا. گەیشتنی بە پاریس ھاوکات بوو لەگەڵ تیرۆری سەرنەکەوتووی شای ئێران لە زانکۆی تاران (١٤ی شوباتی ١٩٤٩) کە بووە ھۆی لەناوچوونی ئازادییە دیموکراسییەکان لە سەرتاسەری ئێراندا. بەو بۆنەیەوە کۆبوونەوەیەکی بەرینی خوێندکارە ئێرانییەکان لە پاریس پێکھات کە لەوێدا قاسملوو بە درێژی لەدژی شا و ڕژێمی پەھلەوی قسەی کرد لە ئاکامدا خوێندکاران پەیامێکی ناڕەزاییان بۆ محەممەدڕەزا پەھلەوی نارد، ئەم کارە بووە ھۆی گوشاری باڵیۆزخانەی ئێران لە پاریس و تەنانەت حکوومەتی فەڕەنسا بۆ سەر قاسملوو. ئەو سەرئەنجام ناچاربوو پاریس بەجێ بھێڵێت و وەکوو یەکەم نێردراوی ئێرانیی «یەکێتیی نێونەتەوەییی خوێندکاران» چوو بۆ پڕاگ پایتەختی چێکۆسلۆڤاکیا. ھەر لەو ماوەیەدا کە لە فەڕەنسا بوو، بە ھاوکاریی چەند خوێندکاری دیکەی کورد کۆمەڵەی خوێندکارانی کورد لە ئەورووپایان دامەزراند.

لەو ماوەیەدا کە لە پڕاگ خەریکی خوێندن بوو لە تێکۆشانی یەکێتیی نێونەتەوەیی خوێندکارانیشدا بەشدار بوو. ساڵی١٣٣٠ بە نوێنەرایەتیی خوێندکارانی ئێران لە دووەمیین کۆبوونەوەی ئەم ڕێکخراوەدا کە لە شاری پڕاگ گیرا بەشداربوو، ھەر لەو ماوەیەدا وەک نوێنەری ئێران لە زۆر کۆبوونەوەو کۆنفرانسی فیدراسیۆنی جیھانیی لاواندا لە شاری بوداپێست پایتەختی مەجارستان بەشداربوو.

ساڵی١٣٤١ (١٩٦٢ زایینیی) قاسملوو لەزانستگەی پڕاگ دکتۆرای زانستی ئابووریی وەرگرت و ھەتا ساڵی ١٣٤٩(١٩٧٠) لە زانستگەی پڕاگ دەرسی ئابووریی سەرمایەداری و ئابووریی سۆسیالیستی و تیئۆریی ھەڵدانی ئابووری‌ ی گوتەوە. لەو ماوەیەدا دکتۆر قاسملوو چەندین کتێب و نامیلکەی لەسەر گیرو گرفتە ئابووری و کۆمەڵایەتیی و سیاسییەکان نووسی کە لە ھەموویان بەناوبانگتر کتێبی کوردستان‌ و کوردە. ئەم کتێبە لە بنەڕەتەوە لەسەر زمانی چیکیی نووسرایەوە، تائێستا بە زمانەکانی:ئینگلیزی سلۆڤاکی، پۆڵەندی، عەرەبی و کوردی و فارسی و ھیندی وچەند بەشیشی بە فەڕەنسی چاپ و بڵاوکراونەتەوە.

دکتۆر قاسملوو زمانەکانی کوردی، فارسی، تورکی، عەرەبی، ئینگلیزی، فەڕەنسی، چێکۆ ـ سلۆڤاکی، ڕووسی بە باشی دەزانی و بەزۆر زمانی دیکەش وەک ئەڵمانی و زمانەکانی سلاڤ تاڕادەیەک ئاشنا بووە.

ساڵی١٣٤٩ پاش دەرچوونی بەیاننامەی ١١ی ئازار و ڕێککەوتنی نێوان ڕێبەرایەتیی بزووتنەوەی کورد لە باشووری کوردستان و دەوڵەتی ئەو وڵاتە ئیمکانی تێکۆشانی سیاسی لە ڕۆژھەڵاتی کوردستانزیاتر بوو. لەو کاتەدا دکتۆر قاسملوو لە ئەورووپا گەڕایەوەو بە ھاوکاریی چەند کەس لە یارانی نزیک ئەرکی زیندوو کردنەوەی ڕێکخراوەکانی حیزبی دیموکراتی لەئەستۆ گرت. لە کۆنفرانسی سێیەمیی حیزبدا کە مانگی جۆزەردانی ساڵی ١٣٥٠ گیرا، دکتۆر قاسملوو بە ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی و پاشان بە سکرتێری گشتیی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران ھەڵبژێردرا و لەو کاتەوە لە ھەموو کۆنگرەکانی حیزب دا وەک سکرتێری گشتی ھەڵبژێردرایەوە. بەمجۆرە بۆ ماوەی ھەژدە ساڵ وەک ڕێبەرێکی کارزان‌ و شارەزا لەپلەی یەکەمی بەرپرسیارێتیدا کاروباری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانی لە یەکێک لە سەختترین قۆناخەکانی خەباتی ئەم حیزبەدا بەڕێوەبرد.

دکتۆر قاسملوو ڕۆژی (٢٢ی پووشپەڕی ساڵی١٣٦٨، ١٣ی تەممووزی ١٩٨٩) لە کاتێک دا بۆ دۆزینەوەی ڕێگای چارەسەری ئاشتیخوازانەی کێشەی کورد لە ئێران دا لەگەڵ چەند نوێنەرێکیی حکوومەتی کۆماری ئیسلامی ئێران لە ڤییەن لەسەر مێزی وتووێژ دانیشتبوو لەگەڵ عبداللە قادری ئازەر ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی و نوێنەری حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لە ئەورووپا بەدەستی نوێنەرانی کۆماری ئیسلامی ئێران شەھید کران. ھەر لەو تیرۆرە دا دکتۆر فازل رەسووڵ، ھاوڵاتی باشووری کوردستانیش شەھیدکرا.

سەرەتای خەباتی سیاسی

[دەستکاری]

عەبدولڕەحمان قاسملوو ساڵی ١٣٢٤ تێکۆشانی سیاسی خۆی بە دامەزراندنی یەکێەتی لاوانی دێموکرات لە شاری ورمێ دەست پی کرد. ساڵی ١٣٢٥، کۆماری کوردستان لە مەھاباد ڕووخا. بە دوای ئەو دا ئەویش بۆ خوێندن چووە تاران. ساڵی ١٣٢٧ بۆ درێژە پێدانی خوێندن چوو بۆ پاریس پایتەختی فەڕەنسا. گەیشتنی بە پاریس ھاوکات بوو لەگەڵ تەقە کردن لە شای ئێران لە زانکۆی تاران (٢٥ی رێبەندانی ١٣٢٧) کە بوو بەھۆی لە نێو چوونی ئازادییە دێموکراتییەکان لە سەرانسەری ئێراندا. بەو بۆنەیەوە کۆبوونەوەیەکی بەرینی خوێندکارە ئێرانییەکان لە پاریس پێک ھات، لەوێدا عەبدولڕەحمان قاسملوو بە درێژی لە دژی شا و ڕێژیمەکەی قسەی کرد لە ئاکام دا خوێندکاران پەیامێکی ناڕەزاییان بۆ محەممەدڕەزا پەھلەوی نارد. ئەم کارە بوو بەھۆی فشاری باڵیۆزخانەی ئێران لە پاریس، تەنانەت حکوومەتی فەڕەنسا بۆسەر قاسملوو. لەئەنجامدا ناچار بوو پاریس بە جێبھێڵی و وەک یەکەم بوورسیەی ئێرانی یەکێتیی نێونەتەوەیی خوێندکاران چوو بۆ پڕاگ پێتەختی چێکۆسلۆڤاکیا. ھەر لەو ماوەیەدا کە لە فەڕەنسا بوو، بە ھاوکاری چەند خوێندکاری دیکەی کورد، کۆمەڵەی خوێندکارانی کورد لە ئەورووپا یان دامەزراند.

لەو ماوەیەدا کە لە پڕاگ خەریکی خوێندن بوو لە تێکۆشانی یەکێتیی نێونەتەوەیی خوێندکارانیشدا بەشدار بوو. ساڵی ١٣٣٠ ھەتاوی بە نوێنەرایەتی خوێندکارانی ئێران لە دووھەم کۆبوونەوەی ئەم ڕێکخراوەدا کە لە شاری پڕاگ گیرا، بەشدار بوو. ھەر لەو ماوەیەدا وەک نوێنەری ئێران لە زۆر کۆبوونەوە و کۆنفرانسی فیدراسیۆنی جیھانی لاوان دا لە شاری بوداپێست پێتەختی مەجارستان بەشدار بوو.

خەباتی سیاسی

[دەستکاری]

ساڵی ١٣٣١ ھەتاوی لە سەردەمی حکوومەتی میللی دکتۆر محەممەد موسەددیقدا عەبدولڕەحمان قاسملوو پاش ئەوەی لە زانکۆی پڕاگ لیسانسی زانستی کۆمەڵایەتی و سیاسی وەرگرت گەڕایەوە ئێران. ئەو کاتە لە نێوان حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران و حیزبی توودەی ئێراندا یەکێتی تەشکیلاتی ھەبوو. قاسملوو پاش شەش مانگ تێکۆشان لە تاران ھاتەوە مەھاباد و لەوێ بەرپرسایەتی کاری حیزبی دیموکراتی گرتە ئەستۆ.

پاش کودەتای ٢٨ی گەلاوێژی ١٣٣٢ ناچار بوو بە تەواوی خۆی بشارێتەوە و بە نھێنی لە تاران و لە کوردستان خەریکی کاری حیزبی بێ. لەو ماوەیەدا عەبدولڕەحمان قاسملوو سەرپەرستی ڕۆژنامەی کوردستان ئۆرگانی کۆمیتەی ناوەندی حیزبی بە ئەستۆوە بوو کە تەنیا پێنج ژمارەی بە نھێنی لـێ دەرچوو. ھەر لەو ماوەیەش دا بوو کە کۆمیتەیەکی سەرانسەری بۆ کاروباری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە بەرپرسایەتی ئەو پێک ھات.

عەبدولڕەحمان قاسملوو پاش پێنج ساڵ تێکۆشانی سیاسی لە ئێران و بەتایبەتی لە کوردستان، ساڵی ١٣٣٦ جارێکی دیکە چۆوە چێکۆسلۆڤاکیا، ساڵی ١٣٣٧ (١٩٥٨) پاش سەرکەوتنی شۆڕشی ئەیلوول و بووژانەوەی بزووتنەوەی کورد لە باشووری کوردستان قاسملوو لەگەڵ چەند ئەندامی بەرپرسی دیکەی حیزبی ھەوڵیان دا لە ڕێگای عێراقەوە ڕێکخراوەکانی حیزبی زیندوو بکەنەوە. بەڵام بەھۆی کارشکێنی ھێندێک لە بەڕێوەبەرانی ئەو کاتی پارتی دیموکراتی کوردستان (باشوور) لەو کارەدا سەرنەکەوتن. ساڵی ١٣٣٩ عەبدولڕەحمان قاسملوو بە دەستووری دەوڵەتی عێراق لەو ولاتە دەرکراو گەڕایەوە بۆ پڕاگ.

فیلیپ بولانژێ، پڕۆفیسۆری فەڕانسی دەڵێ: «عەبدولڕەحمان قاسملوو، سکرتێری گشتی حیزبی دێموکڕات، ئەگەر ئاکادیمیسییەنێکی ناسراو بوو، نە تەنیا بابەت و وتاری ئاکادیمی دەنووسین: ئەو بە ڕاستی مرۆڤێکی یەکجار زۆر بەکردەوە بوو، واتە نەتەنیا ڕێبەرێکی سیاسی دور لە مانۆڕدان و بەرپرسێکی بە ئەزموونی حیزب بوو، بەڵکوو سەرۆکێکی چریکییش بوو کە دەنگی کەڵاشینکۆڤ نەیدەترساند. ئەو شایانی ستایشە چونکە ھیچکات بنەمای ئەخلاقی خۆی نەفرۆشت و کواڵێتییەکانی ئەخلاق بەرزی بە ھاوچەرخەکانی خۆی نیشان دا.»[٢]

تیرۆر

[دەستکاری]

لە ١٣ی تەممووزی ١٩٨٩، یەکێک لە سامناکترین ڕووداوەکانی مێژووی کورد لە ڤییەنی پایتەختی نەمسا دکتۆر عەبدولرەحمان قاسملوو سکرتێری گشتیی پێشووی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەگەڵ عەبدوڵڵا قادری ئازەر و فازیل ڕەسوڵ مەحموود لەسەر مێزی وتووێژ لەگەڵ نوێنەرانی کۆماری ئیسلامیی ئێران تیرۆر دەکرێن دکتۆر قاسملوو لەکاتێکدا تێرۆرکرا کە بۆ دۆزینەوەی ڕێگاچارەیەکی ئاشتییانە بۆ بابەتی کورد لە ئێران و بۆ بەدەستھێنانی مافە سیاسیی و مرۆڤایەتییەکانی نەتەوەی کورد چووبووە ئەم دیدارە. سەرەڕای بەڵگە حاشا ھەڵنەگرەکانی کاتی تێرۆرکردنەکە وڵاتیی نەمسا ڕێگای بە پۆلیس و دەزگای حوکومیی خۆی نەدا لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونەکان بە ئەنجام بگەیەنن، لە ئاکامدا ئەم تاوانە کەم وێنەیە کە لە نێو دڵی وڵاتێکی دیموکراتیکی ئەورووپادا ئەنجام درابوو بێ سزا مایەوە و دۆخە یاسایییەکەی ھیچ کات چارەسەر نەکرا.

گۆڕی عەبدولڕەحمان قاسملوو لە گۆڕستانی پێر لاشێز
نووسراوێک بۆ عەبدولڕەحمان قاسملوو و عەبدوڵڵا قادری لە ڤیێنا، پایتەختی نەمسا

سەرچاوەکان

[دەستکاری]
  1. ^ چل ساڵ خەبات لە پێناوی ئازادی، چاپی دووھەم، ١٣٦٧ لاپەڕەی ٦٢–٦١.
  2. ^ بولانژێ، فیلیپ. «عەبدولڕەحمان قاسملوو، میراتێکی نەناسراو؟».[بەستەری مردوو]