شازادە دایانا

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
Jump to navigation Jump to search
ئەستێرەی وتاری ھەڵبژێردراو
ئەم وتارە کاندید کراوە بۆ بوون بە وتارێکی ھەڵبژێردراو. دەتوانیت لەم پەڕەیە چاودێری پڕۆسەی پاڵاوتن بکەیت.
ڕێکەوتی پاڵاوتن: ٤ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٠
دایانا
شازادە دایانای وێڵز
Diana smiling
دایانا لە حوزەیرانی ١٩٩٧
ھاوسەرچارڵس، شازادەی وێڵز (١٩٨١–١٩٩٦)
منداڵ(ەکان)شازادە ولیام
شازادە ھاری
باوکجۆن سپێنسەر
دایکفرانسیس ڕەوش
لەدایکبووندایانا فرانسیس سپێنسەر
(١٩٦١-0٧-0١) ١ی تەممووزی ١٩٦١
ساندرینگھام، نۆرفۆک، لەندەن
مردن٣١ی ئابی ١٩٩٧(١٩٩٧-08-٣١) (٣٦ ساڵ ژیاوە)
پاریس، فەرەنسا
ناشتن٦ی ئەیلوولی ١٩٩٧
ئالسۆرپ، نۆرسھامپتنشێر، ئینگلتەرا
واژوو

دایانای شازادەی وێڵز (لەدایکبووی ١ی تەممووزی ١٩٦١ – مردووی ٣١ی ئابی ١٩٩٧) یەکێک بوو لە خۆشەویسترین ئەندامانی خێزانی شاھانەی بەریتانیا. دایانا ھاوسەری شازادە چارڵز، کوڕی گەورە و جێنشینی شاژنە ئیلیزابێس، بوو و دایکی شازادە ولیام و شازادە ھارییە و یەکێک لە ناسراوترین کەسایەتییە ناسراوەکانی جیھان بوو لە سەردەمی خۆیدا. چالاکییە مرۆڤ دۆستییەکانی دایانا وایان کرد دایانا ببێت بە ئایکۆنێکی جیھانی و ناوبانگێکی گەورەیان پێ بەخشی.[١] بە لەدایکبوونی لەناو خێزانێکی چینی باڵا، دایانا نزیک لە خێزانی شاھانەیی گەورە بوو بەڵام ژیانێکی سادەی ھەبوو و دوای ئەوەی نیشتەجێی لەندەن بوو بۆ ماوەیەک وەک یاریدەدەری مامۆستا لە دایەنگەیەکی منداڵان کاری کرد. دایانا بچووکترین کچی جۆن سپێنسەر و فرانسیس شاند کید بوو و جیابوونەوەی دایک و باوکی کاریگەری گەورەی لەسەری ھەبوو. ئەگەرچی لە ڕووی خوێندنەوە زۆر باش نەبوو بەڵام بەھرەیەکی ھەبوو لە موزیک و سەما و وەرزش.

ناوبانگی دایانا لە ساڵی ١٩٨٠ەوە دەستی پێکرد دوای ئەوەی پەیوەندی خۆشەویستی لەگەڵ شازادە چارڵسی جێنشینی تەختی شاھانەیی بەریتانیا دەستپێکرد و دواتر بوو بە دەستگیرانی. ساڵی دواتر و لە ١٩٨١ ھاوسەرگیریان ئەنجام دا و دایانا لەلایەن خەڵکی بەریتانیاوە بە گەرمی پەسەند کرا وەک شازادەی وێڵز، کە نازناوێکە دەدرێت بە ھاوسەری شازادەی جێنشین. لە کۆتاییدا بەھۆی نەگونجان پێکەوە و پەیوەندی سۆزداری دەرەوەی ھاوسەرگیرییەکەیان، لە ساڵی ١٩٩٢ ەوە بە جیایی دەژیان و ساڵی ١٩٩٦ بە فەرمی لێک جیابوونەوە.

لەو ماوەی شازادە بوو دایانا کارەکانی شاژنە ئیلیزابێسی ڕادەپەڕاند و و نوێنەرایەتی شاژنی دەکرد لە تەواوی ئەو ناوچانەی شاژن ئیلیزابێس شاژنیان بوو. دایانا وەک کەسایەتییەکی یارمەتی دۆست دەبینرا. سەرەتا دایانا یارمەتی منداڵان و گەنجانی دەدا بەڵام دواتر ناسرا بۆ ئەو یارمەتییەی بەخشی بە نەخۆشانی ئایدز و سڕینەوەی مین لە ناوچەکانی ئەفریقا. دایانا ھەروەھا ھۆشیاری زیاد کرد بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ قووربانیانی ئایدز و نەخۆشانی دەروونی. دایانا بە کەسێک دادەنرێت کە لە وێنەکانی سەرنحڕاکێشە و بە کەسایەتییەکی ناسراوی مۆدە دادەنرا لە ساڵانی ١٩٨٠ کان و ١٩٩٠ کان. سەرنجی میدیا و شیوەنی خەڵکی بەریتانیا باوەڕپێنەکراو بوو لە دوای مردنی دایانا لە پێکدادانێکی ئۆتۆمبیل لە ساڵی ١٩٩٧. ئەوەی دایانا لە ماوەیەکی کەمدا کردی کاریگەری گەورەی لەسەر خێزانی شاھانەیی و تەواوی خەڵکی بەریتانیا ھەبوو بۆ ھەمیشە.[٢]

سەرەتای ژیانی و خوێندن[دەستکاری]

دایانا لەدایک بوو لە ١ی تەممووزی ١٩٦١ لە ماڵێک بەناوی پارک ھاوس کە خانوویەک بوو بەکرێیان گرت لە شاژنە ئیلیزابێس لە ساندرینگھام و ھەردوو کوڕی شاژن، شازادە ئەندروو و شازادە ئێدوارد ھاوڕێی منداڵی دایانا بوون. دایانا سێیەم منداڵ و گەنجترین کچی ئێدوارد جۆن سپێنسەر و خێزانی یەکەمی بوو بەناوی فرانسیس شاند کید بوو. ھاوسەرگیری دایک و باوکی بە جیابوونەوە کۆتایی ھات لەکاتێکدا دایانا ٦ ساڵان بوو و دوای جیابوونەوەکە دایانا و دوو خوشکە گەورەکەی و برا بچووکەکەی لەگەڵ باوکیان مانەوە. دایانا و برا بچووکەی ھەندێک جار دەچوونەوە لای دایکیان و ھەندێک جاریش دەچوونە لای دایەنێک. ساڵی ١٩٧٠ دایانا چووە قوتابخانەی سەرەتایی بەڵام سەرکەوتوو نەبوو لەگەڵ ئەوەی حەزی بە سەمای بالێ و مەلەوانی و یاری تێنس ھەبوو. ساڵی ١٩٧٤ دایانا چووە ئەو قوتابخانەیەی خوشکەکانی و دایکی پێشتر خوێندبوویان لێی و دەستی کرد بە خوێندنەوەی ڕۆمان بەردەوام بوو لە پەرەپێدانی تواناکانی بۆ سەماکردن ئەگەرچی خەونەکەی کەم کەم کۆتایی دەھات بەھۆی باڵا بەرزی کە ئەو کات گەیشتبوو بە ١٫٨ مەتر. دایانا ساڵی ١٩٧٧ قوتابخانەی حکومی جێھێشت و لە تەمەنی ١٦ ساڵی کۆتایی بە خوێندنی ھێنا بەڵام بۆ ماوەیەکی دیکەی خوێندن چوو بۆ سویسرا کە لەوێ بوو بە یاریزانێکی شەختەی سەر بەفر. لە یادی ١٨ ھەمین ساڵیادی لەدایکبوونی دایک و باوکی شوقەیەکیان لە لەندەن پێدا و ھەر ئەوکات دەستی کرد بە کارکردن وەک یاریدەدەری مامۆستا لە باخچەیەکی ساوایان.[٣][٤]

ھاوسەرگیری[دەستکاری]

خوازبێنی و ھاوسەرگیری[دەستکاری]

شازادە دایانا و شازادە چارڵس لە ساڵی ١٩٨٦
دایانا بە پۆشینی تافتەیەکی ئاوریشمی عاجی و لەچکێکی تۆڕیی ئەنتیک بۆ ڕۆژی ھاوسەرگیرییەکەی

ساڵی ١٩٧٧ دایانا و چارڵس بۆ یەکەم جار یەکتریان بینی لەکاتێکدا چارڵس پەیوەندی ھەبوو لەگەڵ سارای خوشکە گەورەی دایانا.[٥] لە دوای ساڵی ١٩٨٠ ەوە شازادە دایانا و چارڵس زیاتر یەکتریان ناسی. دایانا زیاتر چارڵسی دەبینی دوای ئەوەی خوشکەکەی بەناوی جەین ھاوسەرگیری لەگەڵ سکرتێری شاژن ئیلیزابێس کرد. لە ھاوینی ١٩٨٠ دایانا و چارڵس پەیوەندی نێوانیان وەک دوو خۆشەویست دەستپێکرد و ڕۆژی ٢٤ی شوباتی ١٩٨١ پەیوەندییەکەیان ئاشکرا کرد. خەڵکی بەریتانیا دایانایان بەدڵبوو کە ئینگلیز بوو، لە خێزانێکی دەسەڵاتدار بوو، بێدەنگ بوو تا ئاستی شەرمنی، تەندرووست بوو. جوانی و شەرمنی دایانا، کە نازناوی (Shy Di-شای دای: دایانای شەرمن) یان پێبەخشی، ھەر زوو سەرنجی میدیاکان و خەڵکی بەریتانیای ڕاکێشا. دایانا و چارڵس لە ڕۆژی ٢٩ی تەممووزی ١٩٨١ ھاوسەرگیریان کرد و ئاھەنگەکە بەشێوەی ڕاستەوخۆ پەخش کرا و نزیکەی ١ میلیارد کەس لە جیھاندا بینەری بوون.[٣][٤] ئەمە لەکاتێکدا ھاوسەرگیری شازادە ولیامی کوڕی و کەیت میدڵتن کە دوای ٣٠ ساڵ لە ساڵی ٢٠١١ بەڕێوەچوو ٣٠٠ میلیۆن بینەری ھەبوو.[٦] دایانا قوماشێکی ئاوریشمی نەرمی پۆشی لەگەڵ پارچەیەکی درێژی دانسقە کە ٧,٦٢ مەتر لە بەشی دواوەی کە بە زەوییەکەدا دەخشا ھاوکات لەگەڵ لەچکێکی ١٤سم.[٧][٨] دایانا لە کتێبی Diana: Her True Story in Her Own Words دەڵێت «لەبیرمە ئەوەندە لە خۆشەویستیدا بووم لەگەڵ ھاوسەرەکەم کە نەمدەتوانی چاوی لەسەر لابدەم لە ڕۆژی ھاوسەرگیریمان. وامدەزانی بە بەخترین کچی جیھانم. وامدەزانی ئەویش ئاگای لێمدەبێت بەڵام ھەڵە بووم لەو شێوازە بیرکردنەوەیە».[٥] دایانا دواتر ڕۆژی ھاوسەرگیرییەکەی بە ناخۆشترین ڕۆژی ژیانی ناوھێنا.[٩]

منداڵ[دەستکاری]

شازادە دایانا لە کەنەدا لە ساڵی ١٩٨٣، ساڵێک دوای لەدایکبوونی شازادە ولیام
وێنەی شازادە دایانا و شازادە ولیام لە مۆزەخانەیەک لە کەنەدا، ٢٠١٠

دوای کەمێک زیاتر لە ٣ مانگ و لە ڕۆژی ٥ی تشرینی دووەمی ١٩٨١ دووگیانی دایانا ڕاگەیەندرا. لە مانگی ٤ی دووگیانی دایانا لە قادرمەیەک کەوت و تووشی دڵەڕاوکێ بوون بەڵام پزیشکی شاھانەیی ڕایگەیاند کە منداڵەکە سەلامەتە. دایانا لەم ماوەیەدا ھەستی بە فشاری زۆر کرد و دەگوترێت بە تووڕەیی گووتی «ھەموو جیھان چاوی لە گەددەی منە». ڕۆژی ٢١ی حوزەیرانی ١٩٨٢ شازادە ولیام وەک یەکەم منداڵی شازادە دایانا و چارڵس و جێنشینی داھاتووی تەختی شاھانەی بەریتانیا بە کێشی ٣٫٢ کیلۆگرام لە نەخۆشخانەی تایبەتی قەشە ماری لەدایک بوو.[١٠] لە ئەیلوولی ١٩٨٣ کۆشکی شاھانە (کۆشکی بەکینگھام) ڕایگەیاند دایانا بۆ جاری دووەم دووگیانە بەڵام دوای ھەفتەیەک لەبارچوونی منداڵەکەیان ڕاگەیاند لەکاتێکدا دایانا لە گەشتێک بوو.[٥] دایانا بۆ جاری سێیەم دووگیان بوویەوە و ڕەگەزی منداڵەکەی، کە دەیزانی دووبارە کوڕیان دەبێ، لە شازادە چارڵس شاردەوە چونکە چارڵس حەزی دەکرد منداڵی دووەمیان کچ بێت. ڕۆژی ١٥ی ئەیلوولی ١٩٨٤ شازادە ھاری وەک منداڵی دووەمیان ھاتە دوونیاوە.[٣][١١] سەبارەت بە ڕووداوی کەوتنە خوارەوەی لە پلەکانەوە دایانا بە ڕۆژنامەنووس ئەندرو مۆرتنی گووت کە ئەو کات لە چوارەم مانگی دووگیانی بووە بە ولیام. چارڵس ئامادەنەبووە گوێ لە قسەکانی بگرێت و دەیوت بە درۆ دەگریت. لەو کاتەدا دایانا لە پلەکانەوە خۆی خستە خوارەوە و لەو کاتەدا شاژن ئیلیزابێس لە ژوورەکەی ھاتە دەرەوە و تۆقابوو بە بینینی ڕووداوەکە. دایانا ھۆکاری ڕووداوەکەی گەڕاندەوە بۆ پەیوەندی بەردەوامی چارڵس لەگەڵ کامیلا پارکەر.[١٢]

جیابوونەوە[دەستکاری]

چارڵس و کامیلا پارکەر[دەستکاری]

شازادە چارڵس و کامیلا پارکەر لەگەڵ پاشا کارڵی شازدە و شاژن سیلڤیای سوید لە ساڵی ٢٠١٢

ساڵی ١٩٧٠ و ٧ ساڵ پێش بینینی دایانا، شازادە چارڵس بۆ یەکەم جار کامیلا پارکەری ھاوسەری ئێستای بینی لە یارییەکی پۆلۆ و ھەر لەم کاتەوە پەیوەندیان دەستی پێکرد. دواتر لە ساڵی ١٩٧١ چارڵس پەیوەندی کرد بە سوپاوە بۆ خزمەتی سەربازی لە ھێزی دەریایی بەڵام کاتێک دوای تەواوکردنی خزمەتەکەی گەڕایەوە کامیلا ساڵی ١٩٧٣ ھاوسەرگیری کردبوو لەگەڵ ئەفسەرێکی سوپای بەریتانیا.[٥] لەگەڵ ئەوەشدا ئەمە نەبووە ھۆی کۆتایی ھێنان بە پەیوەندی نێوان چارڵس و کامیلا و پەیوەندییەکەیان دووبارە دەستی پێکردەوە تەنانەت دوای ئەوەی چارڵس ساڵی ١٩٨١ ھاوسەرگیری لەگەڵ دایانا کرد.[١٣]

جیابوونەوە[دەستکاری]

ناکۆکی و پێکەوە نەگونجان و جیاوازی تەمەنیان کە ١٣ ساڵ بوو ھەر زوو دەرکەوت. چارڵس ھێشتا لە پەیوەندی سۆزداری بەردەوام بوو لەگەڵ کامیلا پارکەر و دایاناش پەیوەندی ھەبوو لەگەڵ ئەفسەرێکی ئەسپسواری کە ئەرکی وتنەوەی چۆنیەتی ئەسپسواری بوو بە ئەندامانی خێزانی شاھانە. ساڵی ١٩٨٩ و لە ئاھەنگێکدا دایانا ڕووبەڕووی کامیلا پارکەر بوویەوە و پێی گووت "دەزانم چی دەگوزەرێت لەنێوان تۆ و چارڵس و تەنھا دەمەوێت بزانی کە دەزانم". کامیلا لە وەڵامدا گووتی "تۆ ھەموو ئەو شتانەت ھەیە کە ویستبێتت. ھەموو پیاوان لە جیھاندا ئاشقت دەبن و دوو منداڵی جوانیشت ھەیە. چی ترت دەوێ؟" دایاناش لە وەڵامدا گووتی "ھاوسەرەکەی خۆم دەوێتەوە" دایانا بەردەوام بوو و گووتی "داوای لێبووردن دەکەم کە لەسەر ڕێگەتانم… و لەوانەیە بارودۆخێکی زۆر ناخۆش بێت بۆ ئەو دووانەتان بەڵام من دەزانم چی دەگوزەرێت. وەک بێ مێشک سەیرم مەکە".[٣][١٤] ساڵی ١٩٩١ دایانا زانی کە ڕۆژنامەنووس ئەندرو مۆرتن خەریکە کتێبێک لەسەری دەنووسێت ھەربۆیە پەیوەندی پێوەکرد و لە ڕێگەی دەنگی ڕیکۆردکراوەوە ژمارەیەک زانیاری بۆ نارد. لە ناو کتێبەکەدا دایانا باسی لە ژیانی ناخۆشی خۆی لەناو کۆشکی شاھانەی و خۆخستنەخوارەوەی لە قادرمەوە لەکاتێکدا دووگیان بوو بە شازادە ولیام و ھەوڵدانی خۆکووشتنی و پەیوەندی نێوان چارڵس و کامیلا پارکەر. کتێبەکە لە ڕۆژی ١٦ی حوزەیرانی ١٩٩٢ بڵاوبوویەوە و کاردانەوەی زۆری بەدوادا ھات و نووسەرەکەی بە درۆزن ناوھێنرا چونکە تاوەکو مردنی شازادە دایانا ئاشکرای نەکرد زانیارییەکانی کتێبەکە ڕاستەوخۆ لە دایانا خۆیەوە وەرگیراوە.[١٥]

ماوەیەک دوای بڵاوبوونەوەی ئەم کتێبە و لە ڕۆژی ٩ کانوونی یەکەمی ١٩٩٢ سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا جۆن مەیجەر لە پەرلەمانی بەریتانیا ڕایگەیاند کە شازادە دایانا و شازادە چارڵس بە فەرمی لەیەک جیا دەبنەوە و شازادە دایانا کۆشکی شاھانەی جێھێشت بەڵام لە ڕووی یاسایییەوە ھاوسەرگیرییەکەیان بۆ ٤ ساڵی دیکە بەردەوام بوو.

ساڵی ١٩٩٤ شازادە چارڵس لە چاوپێکەوتنێکی تەلەڤزیۆنی دانی بە ناپاکیدا نا بەڵام ناوی ئەو ژنەی نەھێنا کە پەیوەندی لەگەڵدا ھەبوو ئەگەرچی ھەمووان دەیانزانی کە پەیوەندییەکەی لەگەڵ کامیلا پارکەر بووە. ھەر ھەمان ساڵ لە کتێبێکدا چارڵس دانی بەوە دانا کە کامیلا پارکەر ئەو ژنە بووە کە پەیوەندی سۆزداریان ھەبووە پێکەوە.

لە ٢٠ی تشرینی دووەمی ١٩٩٥ دایانا بۆ یەکەم جار بەشێوەی تاکەکەس بەژداری کرد لە گفتوگۆیەکی تەلەڤیزیۆنی ڕاشکاو لەگەڵ مارتن بەشیری BBC Panorama و کۆمەڵێک زانیاری ئاشکرا کرد کە لەلایەن ٢٢٫٨ میلیۆن کەسەوە بینرا.[١٦] لە گفتوگۆکەدا دایانا باسی لەوە کرد کە لە ھاوسەرگیرییەکەدا کامیلاش بەردەوام بەشێک بووە لە خێزانەکەیان بەھۆی پەیوەندی بەردەوامی چارڵس لەگەڵی و ھەر ئەوەش بوو بەھۆی ئەوەی ساڵی ١٩٩٢ لێک جیابنەوە. ئەمە یەکەم جار بوو دایانا بە فەرمی باسی پەیوەندی نێوان کامیلا و چارڵس بکات ئەمە لەکاتێکدا لەم کاتەدا چارڵس خۆی دانی پێدانابوو کە پەیوەندی سۆزداری لەگەڵ کامیلا پارکەر ھەیە. دایانا لە چاوپێکەوتنەکە بەڕوونی گووتی چارڵس پەیوەندی سۆزداری لەگەڵ کامیلا پارکەر ھەبوو بەدرێژایی ماوەی ھاوسەرگیرییەکەیان و ئەوەش بوو بەھۆی بێزاری و نەخۆشی دەروونی و کێشەی نانخواردن و ڕشانەی بەردەوام بۆ ئەو. دایانا لە چاوپێکەوتنەکەی باسی لەوە کرد کە ڕێگەی بە کەسانی نزیک لە خۆی دابێت زانیاری بدەن بە ئەندرو مۆرتن بۆ نووسینی کتێبەکەی بەڵام باسی لەوە نەکرد خۆی زانیاری دابێت بە مۆرتن. دایانا لە گفتوگۆکەدا گووتی «پێم وایە خێزانی شاھانە بەھا و نرخی خۆی لە ژیانی خەڵکیدا لەدەست دەدات» و کاتێک پێشکەشکار مارتن بەشیر لێی پرسی پێت وایە کە ڕۆژێک ببیت بە شاژن دایانا گووتی:

من ئەمەوێ ببم بە شاژنێک لە دڵی خەڵکیدا بەڵام خۆم وا نابینم ببم بە شاژنی ئەم وڵاتە. پێم وانییە زۆر کەس منیان بووێت ببم بە شاژن. لە ڕاستیدا کە دەڵێم زۆر کەس مەبەستم ئەو بنەماڵەیە کە ھاوسەرگیریم لەگەڵیان کرد چونکە پێیان وایە من ھیچ شانسێکی بوون بە شاژنم نییە. ھۆکار ئەوەیە من جیاواز کار دەکەم، چونکە من کار بە کتێبەکان ناکەم بەڵکو لە دڵمەوە سەرکردایەتی دەکەم نەک لە مێشکەوە سەرەڕای ئەوەی ئەوە کێشەی بۆ دروست کردووم لە کارکردنم و ھەستی پێ دەکەم. بەڵام لەگەڵ ئەمەشدا کەسێک دەبێت تێکەڵی خەڵکی بێت، خۆشیانی بووێت و پێیان پیشان بدات.

ئەم چاوپێکەوتنەی دایانا لەگەڵ بی بی سی کۆتایی بە ھاوسەرگیرییەکەیان ھێنا و لە ڕۆژی ٢٠ی کانوونی یەکەمی ١٩٩٥ شاژن ئیلیزابێس داوای لە دایانا و چارڵس کرد بە زووترین کات بە فەرمی و یاسایی لێک جیابنەوە. ڕۆژی ٢٨ی ئابی ١٩٩٦ شازادە دایانا و چارڵس بە فەرمی و یاسایی لێک جیابوونەوە و شازادە دایانا بڕی ١٧ میلیۆن پاوەندی وەرگرت لەگەڵ ٤٠٠ ھەزار پاوەندی خەرجی ساڵانە بەڵام نازناوەکەی لەدەستدا وەک شازادە. بۆ خەرجی جیابوونەوەکە شاژن قەرزی دا بە شازادە چارڵس و بەپێی ڕاپۆرتەکان تاوەکو ساڵی ٢٠٠٤ چارڵس بەردەوام بوو لە دانەوەی قەرزەکە.[١٧][١٨]

کاری خێرخوازی[دەستکاری]

دوای ئەوەی دایانا دەستی بەژیان کرد لە کۆشکی شاھانە (کۆشکی بەکینگھام) بینی ژمارەیەکی زۆر یاسا ھەیە بۆ ئەندامانی خێزانی شاھانە، ھەربۆیە بڕیاری دا کە ئەو یاسایانە بە کردارەکانی بگۆڕێت و وابکات ئەندامانی خێزانەکە زیاتر تێکەڵی خەڵکی ئاسایی ببن ھەربۆیە ئەم کارەی دایانا تا ئێستاش و دوای چەندین ساڵ لە مردنی ئەوی لە دڵی خەڵکیدا ھێشتووەتەوە وەک «شازادەی دڵان».[٣] دایانا لە ماوەی ژیانیدا سەرۆکایەتی چەندین ڕێکخراوی خێرخوازی کردووە کە سەرنجیان خستبووە سەر نەخۆشانی ئایدز، قەدەغەکردنی کێڵگەی مین، وەستانەوە دژی و ھەژاری و بێلانەیی، جۆرە جیاوازەکانی نەخۆشی شێرپەنجە، نەخۆشی دەروونی و نەخۆشی «لێپرسی» کە نەخۆشییەکە دەمار و ماسولکەکانی لەش لەناو دەبات. جگە لەمانە دایانا گرنگی بە بەرەوپێشبردنی ھونەر و چارەسەری کێشەکانی منداڵان داوە. تەنانەت دوای جیابوونەوەش لە چارڵسی ھاوسەری شازادە دایانا ھەر بەردەوام بوو لەو کارە خێرخوازیانەی کە پێشووتر ئەنجامی دەدان. بۆ دڵنیابوونەوە لەوەی ھەردوو کوڕەکەی، ولیام و ھاری، لە ئازار و ناڕەحەتی و خەون و ھیواکانی خەڵکی تێ بگەن دایانا کوڕەکانی لەگەڵ خۆی دەبرد بۆ نەخۆشخانەکان و لانەی بێنەوایان و ھەتیوان. لەپێناو ناساندنیان بە ژیانی دەرەوەی خێزانی شاھانە، دایانا ولیام و ھاری دەبرد بۆ چێشتخانە ئاسایییەکان و گواستنەوەی ھاتوچۆی گشتی. ھەر ئەم کارانە و بەزەیی و گەرموگوری بەرامبەر خەڵکی و سادەیی و ئامادەبوونی بۆ بینینی خەڵکی ئاسایی بوو کە بۆ ھەمیشە نازناوی «شازادەی دڵان» یان بە دایانا بەخشی.[١٩]

نەخۆشی ئایدز[دەستکاری]

لە ساڵانی ١٩٨٠یەکان نەخۆشی ئایدز دەستی بە دەرکەوتن کرد. ھەموو خەڵکی ترسابوون لە نەخۆشییەکە بەشێوەیەک دایکان و باوکان منداڵانی خۆیان جێدەھێشت بۆ وەستاندنی نەخۆسییەکە. شارەزایانی تەندرووستی و بەرپرسانی وڵاتان نەیاندەتوانی باوەڕ بە خەڵکی بھێنن کە نەخۆشییەکە لە ڕێگەی ھەواو و پەیوەندی ناڕاستەوخۆ ناگوێزرێتەوە و تەنھا لە ڕێگەی شلەی لەشەوە دەگوێزرێتەوە بەڵام بێسوود بوو. نەخۆشانی ئایدز جگە لە نەخۆشییەکە تووشی بارودۆخی خراپی دەروونیش بووبوون کە خەڵک بەوشێوەیە لێیان بەدوور دەبوون. ساڵی ١٩٨٧ و لەکاتی کردنەوەی یەکەم یەکەی تەندرووستی تایبەت بە نەخۆشانی ئایدز لە بەریتانیا دایانا کە ئەندامێکی خێزانی شاھانەی بوو لە پەخشی ڕاستەوخۆی تەلەڤزیۆن و بەبێ لەدەستکردنی ھیچ دەستکێشێک تەوقەی لەگەڵ نەخۆشێکی ئایدز کرد و بەم کردارەی باوەڕی بە خەڵکی ھێنا کە نەخۆشییەکە لە ڕێگەی بەرکەوتنی جەستەیی و ھەواوە ناگوێزرێتەوە.[٢٠][٢١] ساڵی ١٩٨٩ دایانا یەکەم سەنتەری تەندرووستی ئایدزی لە لەندەن کردەوە تایبەت بەو کەسانەی بەدەست نەخۆشییەکەوە دەیان ناڵاند. ساڵی ١٩٩٠ کۆنفرانسێکی ڕێکخرا تایبەت بەو ژنانەی نەخۆشی ئایدزیان ھەبوو لەلایەن ڕێکخراوێک و شازادە دایانا بەژداری تێداکرد کە خۆی ئەندامی ڕێکخراوەکە بوو. دایانا چەندین جار سەردانی نەخۆشانی ئایدزی کرد لە ئەفریقا و ساڵی ١٩٩٧ چاوی کەوت بە سەرۆکی ئەفریقا نێڵسن ماندێلا کە دەیانویست ڕێکخراوەکانیان یەکبخەن بۆ یارمەتیدانی قوربانیانی ئایدز. دایانا بەم کارانەی و کارکردن لەگەڵ ڕێکخراوە خێرخوازییەکان وای لە نەخۆشان کرد کە شەرم نەکەنەوە لەخۆیان و بە بەکارھێنانی ناوبانگ و میدیاکان کە ھەمیشە گرنگیان بە کار و چالاکییەکانی دایانا دەدا، ویستی خەڵکی لەسەر نەخۆشییەکە ھۆشیار بکاتەوە.[١٩]

کێڵگەکانی مین[دەستکاری]

دایانا کاری کرد دژ بە چاندنی مین و کێڵگەکانی مین و کاری کرد بۆ یارمەتیدانی ئەو کەسانەی بووبوون بە قوربانی کێڵگەکانی مین. دوای سەردانکردنی کێڵگەیەکی مین لە ئەنگۆلا دایانا دەستی بە کارکردن کرد لەگەڵ ڕێکخراوێکی تایبەت بە سڕینەوەی پاشماوەی جەنگ بە سەرنجێکی تایبەتەوە لەسەر کێڵگەکانی مین. ساڵی ٢٠١٣ شازادە ھاری کوڕی دایانا بوو بە ئەندامێک و پاڵپشتیکەری دارایی ھەمان ڕێکخراو.[١٩] لەکاتی سەردانەکەی لە ١٩٩٧ بۆ ئەفریقا کە لەلایەن خاچی سووری بەریتانییەوە ڕێکخرابوو، دایانا بۆخۆی بەناو کێڵگەکانی میندا ڕێی کرد و چاوی بە قوربانیانی مین کەوت. دایانا دواتر وتارێکی پێشکەشکرد و پشتگیری خۆی ڕاگەیاند بۆ خاچی سووری ئەمریکی و کارکردنیان لەسەر کێڵگەکانی مین، ھەر لەوێش دایانا ئاشنا بوو بە کارەکانی ڕێکخراوی ھەیلۆ کە لە ساڵی ١٩٩٤ەوە لە وڵاتی ئەنگۆلا کاریان دەکرد بۆ سڕینەوەی مین. وێنەکانی دایانا لەکاتی ڕێکردن بەناو کێڵگەیەکی میندا و چاوپێکەوتنی لەگەڵ قوربانیانی مین کە دەست و قاچیان لەدەستدابوو ھەرزوو بە میدیاکانی تەواوی جیھاندا بڵاوبوونەوە و خەڵکی چاویان کەوت بە زیانەکانی مین. دوای گەشتەکەی بۆ وڵاتی ئەنگۆلا دایانا لە نامەیەکی بۆ خاچی سووری بەریتانی گووتی "ئەگەر سەردانەکەم بووە بە ھۆکارێک بۆ سەرنجڕاکێشان تیشک خستنەسەر ئەم کێشەیە گەورەیە، ئەوە ھیوایەکی گەورەم بەدی ھاتووە". ھەر ھەمان ساڵ و دوای سەردانەکەی بۆ ئەنگۆلا و ئەفریقا، دایانا سەردانی کێڵگەکانی مینی کرد لە وڵاتی بۆسنیا کە تەنھا دوو ساڵ بوو جەنگ تێیدا کۆتایی ھاتبوو. ئەم سەردانانەی دایانا، ھەر وەک پاوڵ ھانن ئەندامی کەنەدا لە کەمپەینی قەدەغەکردنی کێڵگەکانی مین کە ھاوکات براوەی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتیشە بۆ ساڵی ١٩٩٧ دەڵێت، سەردانی بەناوبانگترین کەسی جیھان بوو لەو کاتەدا ھەربۆیەش یارمەتیدەرێکی باش بوو بۆ ھەنگاونان دژ بە کێڵگەکانی مین. پاوڵ دەشڵێت "بە سەردانەکەی دایانا سادەترین جۆری مرۆڤایەتی پیشانی ئەو کەسە ھەژارانە دا کە زۆرجار نایبینن و بوو بە بەئاگاھێنانەوەیەک بۆ ھەموومان". بەپێی ڕاپۆرتی گۆڤاری تایم سەرۆکی ئەمریکا بیڵ کلینتۆن و ھیلاری کلینتۆنی ھاوسەری کاریگەر بووبوون بە سەردانە دڵھەژێنەرەکەی دایانا و بینینی دیمەنەکانی قوربانیانی مین. لە ھەمان کاتدا ئەم کارانەی دایانا ناڕەزایی ئەندامانی پەرلەمانی بەریتانیای لێکەوتەوە و کە ھێشتا بەکارھێنانی کێڵگەی مینیان قەدەغە نەکردبوو بەڵام ھەر لە سەرەتای ھەمان ساڵ، ١٩٩٧، گفتوگۆ دەستی پێکردبوو بۆ قەدەغەکردنی کێڵگەکانی مین. لە کۆتایی ساڵی ١٩٩٧ کۆنگرەی ئۆتاوا بۆ سرینەوەی مین لە سەرتاسەری جیھاندا بەستراو و پەیمانی قەدەغەکردنی مین دژ بە کەسانی سڤیل واژۆکرا بەڵام لەم کاتەدا دایانا خۆی گیانی لەدەستدابوو. پاوڵ ھانن گووتی: ئێمە پلانمان دانا ڕێککەوتنەکە لێرە لە ئۆتاوا واژوو بکەین و حەزمان دەکرد دایاناش لێرە لەگەڵمان بوایە، دایانا تەنھا ماوەیەکی کەم کاری کرد بۆ قەدەغەکردنی کێڵگەکانی مین بەڵام ھەمووان دایانا دەناسنەوە بە کارکردنی لەسەر ئەم کەیسە".[٢٢]

کەمپینی ڕاستییەکی سادە[دەستکاری]

ئارامگایەک بۆ شازازە دایانا لە پاریسی فەڕەنسا، تەممووزی ٢٠٠١. لەسەر مۆنۆمێنتەکە ژمارەیەک دەستەواژەی نووسراو دەبینرێت لە نێوانیاندا «دەرسیم، کە شارێکی باکووری کوردستانە، دایانای خۆشدەوێت»

لە ڕۆژی ١٢ ئایاری ١٩٩١ کۆنسێرتێک وەک ھاوکاری بۆ پەنابەرانی کورد سازکرا لە یاریگای وێمبڵی لە لەندەن بەناوی کەمپینی ڕاستییەکی سادە. کۆنسێرتی سەرەکی لە یاریگای وێمبڵی بوو لە لەندەن و شوێنەکانی دیکە مانچستەر و ئەمریکا و ئوسترالیا و ھۆڵەندا بوون. شازادە دایانا پاڵپشتی ئەم کۆنسێرتەی کرد و بۆ خۆشی ئامادە بوو تێیدا لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا جۆن مەیجەر و چەندین کەسایەتی دیکە و گۆرانیبێژ و بی بی سی و چەندین کەناڵی دیکە لە ٣٦ وڵاتەوە بۆ ماوەی ٥ کاتژمێر کۆنسێرتەکەیان گواستەوە بۆ جیھان. دەگوترا ئەم کارەی حکوومەتی بەریتانیا بۆ ئەوە بوو کە پێگەی خۆی لای کوردان بەھێز بکات دوای ئەوەی سەدان کوردی کووشت لە بۆردوومانێکی ئاسمانی کە سەددام حوسێن ئەو کوردانەی خستبووە بەرەکانی پێشەوەی جەنگ. گۆرانی The Simple Truth کە کریس دی بێگ ساڵی ١٩٨٧ نووسیبووی، لەکۆتایی ئاھەنگەکە گووتی و دواتر لە چەندین تەلەڤزیۆنی دیکە دووبارە پیشان درایەوە. بیرۆکەی ئەم کۆنسێرتە لە ناوەڕاستی مانگی نیسانی ١٩٩١ بوو کە کوردانی باشووری کوردستان تازە ئاوارەی چیاکان بوو بوون. بیرۆکەکە ھی جەیمس ئارچەر بوو کە کوڕی جێفری ئارچەر نووسەر و سیاسەتوان بەریتانی بوو و کەناڵی بی بی سی کاری لەسەر کرد کە تێیدا ١٥ میلیۆن دۆلار کۆکرایەوە بۆ خاچی سووری نێودەوڵەتی بۆ ھاوکاری ئاوارە کوردەکانی دوای شەڕی کەنداو.[٢٣] بەرێوەبەری BBC2 پڕۆدیوسەری بەناوبانگ تۆنی ھۆڵینسوێرسی خستە ژێر پەستان و پێی گووت کە تەواوی توانای بی بی سی لەبەردەستە کە وا بکەی ئەم کۆنسێرتە ڕووبدات لە ماوەی ٣ ھەفتەدا. تۆنی ھۆڵینسوێرس کە پرۆدیوسەرێکی جیھانییە لە فەڕەنسا بوو کاتێک نامەیەکی لەژێر دەرگای ژوورەکەی دۆزییەوە کە لە ئالان یەنتبی بەرێوەبەری BBC2ەوە بوو کە تێیدا داوای کردبوو لە چێشتخانەیەک چاویان بە یەکدی بکەوێ. تۆنی ڕاستەوخۆ ڕۆشت و ئالانیش ڕاستەوخۆ دەستی کرد بە قسەکردن لەگەڵی:[٢٤]

ئالان: "ئەوەمان بۆ دەکەیت؟"

تۆنی: "چی؟"

ئالان: "بیستوومە تۆ ئەو کۆنسێرتەمان بۆ دەکەیت کە بۆ کوردەکانە؟"

تۆنی: «ئاگام لە ھیچ نییە.»

ئالان: «بی بی سی پێویستە کۆنسێرتێک ئامادە بکات، کە ھەتا بتوانرێت بڵاوبکرێتەوە لە تەلەڤزیۆن کە بۆ کوردەکانە»

تۆنی: «مەبەستت چییە کە پێویستە ئەوە بکەن؟ ئەوە بێ مانایە. ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست باش دەناسین. دوای شەری یەکەمی کەنداو لەنێوان ئێران و عێراق کوردەکان کۆنترۆڵی زۆرێک لە شارە گرنگەکانی باکووری عێراقیان گرتە دەست بەڵام دواتر سەدام بە دڕندەیی ھێرشی کردنە سەر و ھەزاران ئاوارەی چیاکان بوون و لەوێش تووشی ھێرشی فرۆکەکان بوون. لەوانەیە خۆمان بخەینە بارودۆخێکەوە کە دۆخەکە بگۆڕێت (سەدام کوردەکان بگەڕێنێتەوە) و ئێمەش تووشی شەرمەزاری بین بۆ داواکردنی ھاوکاری».

ئالان: «ھەرچۆنێک بێ ئێمە دەیکەین و لە ١٢ ئایاریش (١٩٩١) دەیکەین»

تۆنی: "ئەوە بێ مانایە. ئەوە سێ ھەفتەیە. ناتوانی شتێک لە سەرەتاوە دەستپێ بکەیت و تەنھا ٣ ھەفتە کاتت ھەبێت. ئەتوانی؟

ئالان بە بزەوە: «پێویستە بیکەین. من پێویستە بیکەم کە ئەمە واتای ئەوەیە تۆ پێویستە بیکەی.»

تۆنی: «بەڵام من لەگەڵ گرووپێکی دیکە کاردەکەم بۆ کۆنسێرتێک لە ئیسپانیا. ناتوانم ھیچی دیکە بکەم.»

ئالان: «ناتوانی لێم بەریتەوە تۆنی: من داوات لێ دەکەم بیکەیت. تۆ دەیکەیت و تەواوی توانای بی بی سیت لەبەردەستە».

دوای جیابوونەوە[دەستکاری]

دوای ١٥ ساڵ ھاوسەرگیری ساڵی ١٩٩٦ بە فەرمی شازادە دایانا و شازادە چارڵس لێک جیابوونەوە بەڵام ژیانی شازادە دایانا زۆر نەگۆڕا. دایانا مافی ئەوەی لەدەستدا کە بچێتە ناو ھەموو شوێنێکی کۆشکی شاھانەی کینزیگتن بەڵام بەشێکی گەورەی لە کۆشکەکە بەتایبەتی پێدرا بۆ ژیان تێیدا، دایانا بڕی ١٧ میلیۆن پاوەندی وەرگرت لەگەڵ ٤٠٠ ھەزار پاوەندی خەرجی ساڵانە، ھێشتا مافی بەکارھێنانی فڕۆکەکانی تایبەت بە خێزانی شاھانەی ھەبوو، ئەگەرچی ئۆفیسەکەی لە کۆشکی سانت جەیمس، کە پێشتر کۆشکی سەرەکی خێزانی شاھانەیی بوو، جێھێشت بەڵام ئۆفیسێکی دیکەی وەرگرت و مافی ئەوەی ھەبوو ئۆفیسی پێشووتریشی بەکاربێنێت جار جار بەڵام بە وەرگرتنی مۆڵەت، دایانا دوای جیابوونەوە تەواوی خشڵەکانی خۆی پێدرا بە ئەڵقەی ھاوسەرگیرییەکەشیەوە بەڵام پارچەیەک خشڵی لێوەرگیرایەوە کە شاژن ئیلیزابێس پێی دابوو. دایانا ھێشتا بانگھێشت دەکرا بۆ ئاھەنگەکان و ژمارەی کارگوزارەکانی کەمی کرد بەڵام ھێشتا ژمارەیەک کارگوزاری ھەبوو. دایانا و چارڵس ھەردووکیان مافی بەخێوکردنی ولیام و ھاریان ھەبوو کە زۆرینەی کات لە قوتابخانە بوون. منداڵەکان نیوەی ماوەی پشوویان لەگەڵ دایانا بەسەردەبرد و ئەو کاتەی لەگەڵ ئەو دەمانەوە دایانا ڕێگەی پێدەدان خواردنی ئاسایی و نا-شاھانەیی بخۆن وەک پیتزا و گۆشتی مریشک و پەتاتە.[٢٥] لەگەڵ ئەمانەشدا دایانا لە ھەموو گرنگتر نازناوەکەی لەدەستدا وەک ئەندامی خێزانی شاھانە و پێویست بوو بچەمێتەوە بۆ ئەندامانی دیکەی خێزانەکە لەناویاندا چارڵس و منداڵەکانی خۆشی، ئەگەرچی شاژن ئیلیزابێس ویستی دایانا ئەم نازناوەی لێنەسەندرێتەوە بەڵام چارڵس ڕازی نەبوو، بەپێی کارگوزاری سەرەکی دایانا شازادە ولیام کە ئەو کات تەمەنی ١٤ ساڵ بوو بەڵێنی بە دایکی دا کە ھەرکە ببێت بە پاشا ئەو مافەی بۆ بگەڕێنێتەوە بەڵام پێش ھاتنی ئەو کاتە دایانا گیانی لەدەستدا. دایانا بۆ گەشتەکانی پێویست بوو ڕەزامەندی شاژن وەربگرێت.[٢٦] لە پایزی ١٩٩٥ دایانا کەوتە خۆشەویستی لەگەڵ پزیشکێکی پاکستانی بەناوی ھسنات خان بەشێوەیەک ئامادە بوو ئینگلتەرا بەجێبھێڵێت و بچێت بۆ پاکستان بۆ ژیان لەگەڵی بەڵام دوای جیابوونەوە لە چارڵس لە ساڵی ١٩٩٦ پەیوەندی دایانا و ھسنات خان کۆتایی ھات کە زیاتر بەھۆی ئەو ناوبانگە بوو کە دایانا ھەیبوو.[٢٦] سەرەتای تەممووزی ١٩٩٧ ڕۆژی ٣٦ھەم لەدایکبوونی دایانا بوو، کە شازادە ھاری و ھەندێک لە ھاوپۆلەکانی ئاھەنگێکیان بۆ گێڕا. ھەر ھەمان مانگ چارڵس ئاھەنگێکی گەورەی بۆ کامیلا پارکەر ڕێکخست کە لەم کاتەدا بە تەواوی لە پەیوەندیدا بوون. ھەمان مانگ محەممەد ئەلفایدی میلیاردێری میسری دایانای بانگھێشت کرد بۆ گەشتێکی کەنار دەریا لە سانت ترۆپیز. لەکاتی گەشتەکە دایانا کەوتە خۆشەویستی لەگەڵ دۆدی ئەلفایدی کوڕی محەممەد ئەلفاید کە پێش ١٠ ساڵ یەکدیان بینیبوو و بۆ ماوەی مانگێک لە خۆشەویستیدا بوون کە ئەمیش بە ھەمان شێوەی ھسنات خان موسڵمان بوو، ھەر ئەمەش چەند دەنگۆیەکی لەسەر ئایینی دایانا دروستکرد.[٢٧]

مردن[دەستکاری]

پێکدادانی ئۆتۆمۆبیل[دەستکاری]

وێنەی شازادە دایانا و دۆدی ئەلفاید لە کۆگایەکی ھارۆدی محەممەد ئەلفایدی

لە مانگی تشرینی دووەمی ١٩٩٦ دایانا لە نامەیەکدا کە بە کارگوزارە سەرەکییەکەی دابوو باسی لەوە کردبوو کە شازادە چارڵس پلانی کووشتنی بۆ دادەنێت و ھەوڵدەدات لە ڕووداوێکی ھاتوچۆدا کۆتایی بە ژیانی (دایانا) بھێنێت.[٢٨] لە ٨ی ئابی ١٩٩٧ دایانا لە وڵاتی بۆسنیا بوو لە چوارچێوەی کارەکانی دژ بە بەکارھێنانی کێڵگەی مین. دوای جێھێشتنی بۆسنە دایانا چوو بۆ باشووری فەرەنسا بۆ بەسەربردنی کات لەگەڵ دۆدی ئەلفاید بەبێ ئەوەی ولیام و ھاری لەگەڵ بێت. لەم گەشتەدا وێنەگران وێنەیەکی دایانا و دۆدیان گرت لەکاتی ماچکردندا کە بە جیھاندا بڵاوبوویەوە. لە ڕۆژی ٣٠ی ئابی ١٩٩٧ دایانا و دۆدی چوون بۆ پاریس و لە ھوتێلێکی ٥ ئەستێرە بەناوی Ritz مانەوە کە باوکی دۆدی خاوەنی بوو و پلانیان بوو خواردن بخۆن لە دوو چێشتخانە بەڵام وێنەگران دۆزینیانەوە و وازیان لێ نەھێنان. کاتژمێر ١٢ و ٢٠ خولەکی نیوەشەوی ٣١ی ئابی ١٩٩٧ بەکاتی پاریس دایانا و دۆدی ھوتێلی ڕیتزیان جێھێشت لە ڕێگەی دەرگای دەرەوە و چوونە مارسیدزێکەوە کە لەلایەن کارمەندێکی ھوتێلەکەوە بەناوی ھێنری پاوڵ لێدەخوڕا. ئۆتۆمۆبیلەکە لە ھوتێلەکە دوورکەوتەوە بەڵام لەکاتێکدا وێنەگران بە شوێنیانەوە بوون دوای تەنھا ٣ خولەک ئۆتۆمبێلەکە لەناو تونێلی پۆنت دی ئەلما خۆی کێشا بە ڕاگرێکی تونێلەکەدا. دۆدی و ھێنری پاوڵی شۆفێر ڕاستەوخۆ گیانیان لەدەستدا. دایانا و پاسەوانەکەی بە سەختی بریندار بوون. دایانا لە ئۆتۆمبێلەکە دەرھێنرا و بردرا بۆ نەخۆشخانە، لەکاتی بردنی بۆ نەخۆشخانە دڵی لەلێدان وەستا بەڵام دووبارە خرایەوە کار. لە نەخۆشخانە نەشتەرگەری بۆ ئەنجام درا بەڵام لە کاتژمێر ٤ی بەرەبەیانی ٣١ی ئابی ١٩٩٧ دایانا گیانی لەدەستدا.[٢٧] ھەواڵی گیان لەدەستدانی دایانا ھەرزوو بە تەواوی جیھاندا بڵاوبوویەوە. گیان لەدەستدانی دایانا بەشێوەیەک کاریگەری لە خەڵکی جیھان کرد کە ژمارەیەکی زۆری خەڵکی دوای چەندین ساڵ ھێشتا بیریانە لەو ساتەوەختەدا لە کوێ بوون و کاردانەوەیان چۆن بوو کاتێک ھەواڵی گیان لەدەستدانی دایانایان بیست.[٢٩]

ناشتن[دەستکاری]

شوێنی ناشتنی شازادە دایانا کە لە ناوەراستی دوورگە بچووکەکە نێژراوە

دوای گیان لەدەستدانی ھەر لە ڕۆژی ٣١ی ئابی ١٩٩٧ تەرمی دایانا ھێنرایەوە بۆ لەندەن لەلایەن چارڵس و دوو خوشکی دایانا. دوای بردنی بۆ ماوەیەکی کەم بۆ مەیتخانەیەک تەرمی دایانا بردرا بۆ کۆشکی سانت جەیمس کە پێشتر کۆشکی سەرەکی خێزانی شاھانە بوو.[٣٠] مەراسیمەکە وەک مەراسیمی خێزانی شاھانەی بەڕێوەچوو. لە چەند ڕۆژی سەرەتای دوای مردنی دایانا ڕەخنەیەکی زۆر لە خێزانی شاھانە گیردرا بۆ شێوازی مامەڵەیان لەگەڵ دایانا بۆیە سەرۆک وەزیران تۆنی بلێر داوای لە خەڵکی کرد کە زیاتر لە بارودۆخی ئەو ھەفتەیە تێبگەن و سەرۆکی ڕێکخراوی خێزانی شاھانە سەرکۆنەی میدیاکانی کرد و بە بێ ھەست و نادادپەروەر ناوی ھێنان بەرامبەر خێزانی شاھانە و ڕەخنەگرانی تاوانبار کرد بە ھەوڵدان بۆ بەکارھێنانی ڕووداوەکە بۆ لەکەدارکردنی خێزانی شاھانە. سەدان ھەزار بەریتانی ڕێزی خۆیان پێشکەش بە دایانا کرد و دوای چەندین ڕۆژ بێ دەنگی و لەژێر فشاری خەڵکی بەریتانیا ڕۆژی ٥ی ئەیلوول شاژن ئیلیزابێس و ئەندامانی خێزانی شاھانە چوونە کڵێسایەک بۆ پیشاندانی ڕێزی خۆیان و شاژن بڕیاری دا بۆ یەکەم جار ئاڵای بەریتانیا لەسەر کۆشکی شاھانەی بەکینگھام بۆ نیوە دابگیردرێت و ھەر بۆ یەکەم جار و پێچەوانەی یاساکانی خێزانی شاھانە لە پەخشی ڕاستەوخۆی تەلەڤزیۆن شاژن وتارێکی پێشکەشکرد. ھەر ڕۆژی ھەینی شاژن و شازادە چارڵس و ولیام و ھاری کە ھیچ کامیان لە لەندەن نەبوون گەڕانەوە لەندەن. ڕۆژی شەممە ٦ی ئەیلوولی ١٩٩٧ لە کاتژمێر ٩:٠٨ خولەکی بەیانی بەکاتی لەندەن زەنگی وێستمینستەر ئابێ لێدرا و مەراسیمی ناشتنی دایانا دەستی پێکرد. دوای ٥ ڕۆژ مانەوەی، بە ئامادەبوونی ئەندامانی خێزانی شاھانە و نوێنەری ٥٠٠ ڕێکخراوی خێرخوازی کە دایانا کاری لەگەڵ کردبوون و زیاتر لە یەک میلیۆن خەڵکی ئاسایی تەرمی دایانا لە کۆشکی سانت جەیمسەوە بردرا بۆ کۆشکی کینزیگتن کە شوێنی ژیانی خۆی بوو و لەوێ شاژن ئیلیزابێس چەمایەوە بۆ دایانا.[٣١][٣٢] لە کاتژمێر ١١ی پێش نیوەڕۆی ھەمان ڕۆژ مەراسیمی فەرمی دەستیپێکرد و مەراسیمەکە بەشێوەی پەخشی ڕاستەوخۆ گواسترایەوە بۆ جیھان و زیاتر لە ٣٢ میلیۆن کەس لە بەریتانیا و ٢ میلیارد و ٥٠٠ میلیۆن کەس لە کۆی کەمتر لە ٦ میلیارد دانیشتووانی ئەو کات لە جیھاندا بینەری بوون کە تا ئێستاش یەکێک لە پڕبینەرترین پەخشە ڕاستەوخۆکانی تەلەڤزیۆنە لە مێژوودا.[٣٣] وێنەی شازدە ولیامی تەمەن ١٥ ساڵان و شازادە ھاری تەمەن ١٢ ساڵان کە بەدوای تەرمی دایکیاندا ڕێیان دەکرد بوو بە مانشێتی ڕۆژنامەکان.[٢٩] ھەر لە مەراسیمەکە گۆرانیبێژی بەناوبانگ و ھاوڕێی نزیکی دایانا، ئێڵتن جۆن گۆرانییەکی خۆی کە پێشتر بۆ مێرلن مۆنرۆ گووتبووی دووبارە نووسییەوە و لەو ڕۆژەدا گووتییەوە، دواتر گۆرانییەکە بڵاوکرایەوە بە فرۆشتنی ٣٣ میلیۆن کۆپی لە جیھاندا تا ئێستا لە لیستی سەرەوەی پڕفرۆشترین گۆرانییەکانە لە مێژوودا، گۆرانییەکە تەنھا لە ماوەی ٢ ھەفتەدا زیاتر لە ٢ میلیۆن کۆپی لە بەریتانیا لێ فرۆشرا کە ھۆکارەکەی ئەوەبوو گۆرانییەکە بۆ دایانا بوو.[٣٤] دوای کۆتایی مەراسیمەکە دایانا لە نزیک ماڵەکەی خۆیان لە ئالسۆرپ پارک نێژرا لەگەڵ ژمارەیەک لە ملوانکە کە وەک دیاری دایکە تیرێسا پێیدابوو کە ئەویش ٦ ڕۆژ دوای گیان لەدەستدانی دایانا کۆچی دوایی کرد، ھاوکات وێنەیەکی شازادە ولیام و شازادە ھاریش لەناو دەستەکانی دایانا دانرا کە ھەموو کات پێیبوو و لەکاتی ڕووداوەکەش لە جانتاکەی دۆزرایەوە. لە نزیکی شوێنی ناشتنەکەی باخچەیەک ھەیە کە ئەو درەختانە لەخۆدەگرێت کە شازادە دایانا خۆی و ئەندامانی خێزانەکەی و شازادە ولیام و شازادە ھاری ناشتبوویانن.[٣٥]


نازناوەکان[دەستکاری]

  • شازادەی دڵان[٣٦]
  • بەناوبانگترین ژنی جیھان[٣٧][٣٨][٣٩]
  • ژنی ساڵ (گۆڤاری تایم-١٩٨٧)[٤٠]
  • ئەو کەسەی زۆرترین وێنەی گیردراوە لە جیھاندا[٤١]
  • خۆشەویسترین ئەندامی خێزانی شاھانەی بەریتانیا[٤٢]

پێشانگا[دەستکاری]

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  1. ^ "Princess Diana Biography(1961–1997)". Biography.com. 
  2. ^ "Princess Diana Fast Facts". CNN. 
  3. ^ ی ا ب پ ت "Diana, princess of Wales". Britannica. 
  4. ^ ی ا "Diana, princess of Wales". Kids.Britannica. 
  5. ^ ی ا ب پ "Prince Charles and Princess Diana's Tumultuous Relationship In Photos". Marieclaire. 
  6. ^ "10 Facts You Probably Never Knew About Princess Diana". RD. 
  7. ^ "On this day:1981: Charles and Diana marry". BBC. 29 July 1981. لە ڕێکەوتی ٣٠ی نیسانی ٢٠١١ ھێنراوە. 
  8. ^ Denney، Colleen (April 2005). Representing Diana, Princess of Wales: cultural memory and fairy tales revisited. Fairleigh Dickinson Univ Press. پەڕە 57. ISBN 978-0-8386-4023-4. لە ڕێکەوتی ٣٠ی نیسانی ٢٠١١ ھێنراوە. 
  9. ^ "9 Secrets About Princess Diana No One Knew About Until After Her Death". RD. 
  10. ^ "Diana's pregnancy: What can the Duchess of Cambridge expect?". ITV. 
  11. ^ "Princess Diana kept Prince Harry's gender a secret when she was pregnant as Prince Charles 'wanted a girl', says author". The-Sun. 
  12. ^ "Princess Diana 'threw herself down the stairs while pregnant'". Independent. 
  13. ^ "A Look Back at Prince Charles and Camilla's Relationship Through the Years". Marieclaire. 
  14. ^ "Diana tells of Camilla encounter". BBC. 
  15. ^ "ROYAL REWIND: DIANA, PRINCESS OF WALES AND 'HER TRUE STORY'". Thecrownchronicles. 
  16. ^ "The true story behind Princess Diana's explosive BBC interview". Honey.nine. 
  17. ^ "Princess Diana divorce: Duchess took a whopping £31 million from Prince Charles". Geo. 
  18. ^ "Timeline: Diana, Princess of Wales". BBC. 
  19. ^ ی ا ب "Princess Diana Charity Work". Historic-newspapers. 
  20. ^ "How Princess Diana changed attitudes to Aids". BBC. 
  21. ^ "This one photo shows exactly what made Princess Diana a royal icon". Insider. 
  22. ^ "Prince Harry Is Honoring His Mother's Work in Angola. Here's What to Know About Princess Diana's Landmines Walk". Time. 
  23. ^ "The Simple Truth: A Concert for Kurdish Refugees (1991 TV Special)". IMDb. 
  24. ^ "The Simple Truth: A Concert for Kurdish Refugees". Tonyhollingsworth. 
  25. ^ "10 Things Princess Diana Got to Keep After Her Divorce". RD. 
  26. ^ ی ا "9 Things Princess Diana Lost After Her Divorce from Prince Charles". RD. 
  27. ^ ی ا "How Princess Diana Really Spent the Final Weeks of Her Life". RD. 
  28. ^ "Princess Diana letter claims Prince Charles was 'planning an accident' in her car just 10 months before fatal crash". The Independent. 30 August 2018. 
  29. ^ ی ا "Where Were You the Day Princess Diana Died?". Vocal. 
  30. ^ "Prince Charles Arrives in Paris to Take Diana's Body Home". The New York Times. 
  31. ^ "Diana's Coffin Moved Amid Emotional Scenes". BBC. 
  32. ^ "QUEEN ORDERS FLAG AT HALF-STAFF AT PALACE". Washingtonpost. 
  33. ^ "Princess Diana's death: How the People's Princess's funeral really captivated the world in a way like no other, twenty years on from her untimely passing". OK. 
  34. ^ "Elton John's 'Candle' Diana tribute remains best-selling chart single even 20 years later". Marketwatch. 
  35. ^ "Diana Returns Home". BBC. 
  36. ^ "How Diana became known as 'the people's princess'". CNN. August 31, 2020. 
  37. ^ "Princess Diana's iconic minefield walk". BBC. 11 March 2018. 
  38. ^ "The making of an icon". BBC. 
  39. ^ "The Princess and the Paparazzi: How Diana's Death Changed the British Media". Time. AUGUST 27, 2017. 
  40. ^ "100 Women Of The Year". Time. 
  41. ^ "How Princess Diana Dealt With Being the Most Photographed Person in the World". Cheatsheet. September 17, 2019. 
  42. ^ "Princess Diana remains UK's most beloved royal". CBS News. AUGUST 20, 2012. 

بەستەرە دەرەکییەکان[دەستکاری]