ئایدز

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
هێمای ئەیدز

ئایدز (ئینگلیزی: Acquired immune deficiency syndrome کورت دەکرێتەوە بۆ "AIDS")، نەخۆشییەکە دەبێتە ھۆی دابەزینی توانای کۆئەندامی بەرگری لەش، کە بەھۆی ڤایرووسی ئێچ ئای ڤییەوە تووشی مرۆڤ دەبێت. ئەیدز بەھۆی زایەند و گواستنەوەی خوێنەوە دەگوازرێتەوە. لە ساڵی (١٩٨١)ـەوە تا ئێستا ئەیدز زیاتر لە ٢٥ ملیۆن کەسی کوشتووە‌، کە بە نزیکەیی دەکاتە نیوەی ژمارەی کوژراوانی جەنگی جیھانی دووەم. لە کاتی ئێستا نزیکەی ٣٣ ملیۆن کەس لە جیھان تووشی ئەیدز بوون.

سەرھەڵدان[دەستکاری]

لە ساڵانی نێوان ١٨٨٤ - ١٩٢٤ لە ڕۆژئاوای ناوەڕاستی ئەفریقا ڕاوچیان ڕاوی مەیمونی چیمپانزیان دەکرد. وا بڕوایە کە ھەندێک لە خوێنی مەیموونەکان چووەتە‌ ناو جەستەی ڕاوچییەکان "لە ڕێگای برین". خوێنی مەیموونەکان ڤایرۆسێکی تێدابووە، کە بێزیان بووە بۆ مەیموون بەڵام بکوژە بۆ مرۆڤ ئەویش بریتی بووە لە ڤایرۆسی ئێچ ئای ڤی "ڤایرۆسی دابەزاندنی بەرگریی مرۆڤ" ڤایرۆسی نەخۆشیی ئەیدز.

لە حوزەیرانی ١٩٨١، سەنتەری کۆنتڕۆڵکردن نەخۆشی "سی دی سی" ئەمریکا، ڕاپۆڕتێکی بڵاوکردەوە لە لۆس ئانجلەس لەسەر ٥ پیاوی "ھاوڕەگەزخواز"ی گەنج کە تووشی جۆرێکی کەڕوویی ھەوکردنی سییەکان ببوون، ئەم جۆرە ھەوکردنە بە نزیەکەیی ھەرگیز نەبیندرابوو لە کەسێک کە سیستەمی بەرگریی سەلامەتی ھەبووبێت.

لە ٤ی تەمموزی ھەمان ساڵ، سەنتەری کۆنتڕۆڵکردنی نەخۆشی "سی دی سی" ئەمریکی، ڕاپۆرتێکی تری بڵاوکردەوە کە جۆرە شێرەپەنجەیەکی زۆر دەگمەنی پێست، پیاوێکی گەنج دەکوژێت! کە پێشتر کەسەکە سەلامەت بووە.

دوای چەند مانگێکی سەنتەری کۆنتڕۆڵکردنی نەخۆشی "سی دی سی" ئەمریکی، نەخۆشیەکەی ناوزەندکرد بە ئەیدز.

ئەیدز باوە لەنێو کەسانی نەخۆشی ھیمۆفیلیا، چونکە نەخۆشییەکە بە خوێن دەگوازرێتەوە. ئەیدز جگە لە گواستنەوەی بە ڕێگای خوێن بە ڕێگای زایەندیش دەگوازرێتەوە، ھەروەھا لە دایک بۆ منداڵێش دەگوازرێتەوە.

قۆناغەکانی تووشبوون[دەستکاری]

تووشبوون بە ڤایرۆسی HIV ناگۆڕێت بۆ نەخۆشی ئەیدز ھەتا وەکوو تووشبووەکان بەم سێ قۆناغەدا نەڕۆن.

قۆناغی یەکەم[دەستکاری]

بەقۆناغی یەکەمی تووشبوون بە ڤایرۆسی HIV دەڵێن "قۆناغی ھەڵھاتن"، کە جیا دەکرێتەوە بە دەرنەکەوتنی ھیچ نیشانەیەکی نەخۆشی یان زۆرکەم تێیدا، بەڵام ڤایرۆسەکان دوو ھێند دەبن، ژمارەیان زیاد دەکات. کاتێک کە کۆئەندامی بەرگری دەست دەکات بەھێرشەکەی؛ پلازمەخانەکان دژەتەنەکان درووست دەکەن بۆ پەلاماردانی ڤایرۆسەکە. بۆ تاقیکردنەوەی ھەبوونی ڤایرۆسی HIV لەباری تووشبوون پێویست دەکات کە بڕی پەیداکراو لە دژەتەنەکانی ڤایرۆسی HIV زۆر بێت. ئەمەش پێویست بە تێپەڕبوونی چەند ھەفتەیەک دەکات بەسەر تووشبوونەکەدا، کە لەوانەیە تووشبووەکان لەماوەی قۆناغی یەکەمدا ھەست بکەن کە تەندرووستییان باشە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئەوان دەتوانن خەڵکی دیکە تووش بکەن. وە لەوانەیە قۆناغی یەکەم ماوە ١٠ ساڵ یان زیاتر بخایەنێت.[١]

قۆناغی دووەم[دەستکاری]

سەرەتای دەرکەوتنی نیشانە خراپەکان، ئاماژەیە بەدەستپێکردنی قۆناغی دووەمی نەخۆشی ئەیدز. خانەکانی B بەردەوام دەبن لەبەرھەمھێنانی بڕێکی زۆر لە دژەتەنەکان بۆ ڤایرۆسی HIV، ھەرچەندە ژمارەی خانەکانی T بەردەوام لە کەمبوونەوەدان، ھەر لەو کاتەش کە ڤایرۆسەکە لەدووھێندبوونی خۆی بەردەوامە. لەگەڵ بێ توانایی کۆئەندامی بەرگری؛ لیمفەڕژێنەکان ھەڵدەئاوسێن و ھەست بە ماندووبوون دەکرێت و کێش کەم دەکات و تالێھاتن دەردەکەوێت، سکچوونیش ڕوودەدات و تووندیش دەبێت. لەھەندێک توشبوودا، لەوانەیە لەبیرچوونەوە و شێوازی بیرکردنەوەی نادرووستیش ڕووبدات.[٢]

قۆناغی سێیەم[دەستکاری]

لەقۆناغی سێیەمدا ژمارەی خانەکانی T یاریدەدەر کەمدەبنەوە، بەڕادەیەک نەتوانن خانەکانی B و خانەکانی T ژەھراوی چالاک بکەن لەپێناو بەرھەڵستیکردنی ڤایرۆسە ھێرشبەرەکە. لەئەنجامی ئەمەشدا بڕی دژەتەنەکان بۆ دژەپەیداکەرەکانی HIV کەمدەبنەوە، لەناکاو ژمارەی ڤایرۆسەکانی HIV زیاد دەکەن، ڤایرۆسەکان لە تێکشکاندنی ئەو بەشە کەمەی خانەکانی T یاریدەدەر دەمێنێتەوە، بەردەوام دەبن. بەمشە دەستنیشانکردنی نەخۆشی ئایدز دەکرێت، ئەو کاتەی کە ژماری خانەکانی T یاریدەدەر کەمدەبنەوە بۆ ٢٠٠ خانە لە یەک میلی لیتری خوێن یان کەمتر لەو ژمارەیە، بەرامبەر بڕە ئاساییەکەی کە لەنێوان ٦٠٠-٧٠٠ خانەی T یاریدەدەر لەیەک میلی لیتر دایە. ھەروەھا دەتوانرێت دەستنیشانی نەخۆشی ئایدز بکرێت لەکاتی دەرکەوتنی تووشبوونی ھەڵپەرست.[٣]

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  1. ^ پەڕتووکی زیندەزانی بۆ پۆلی دوانزدەهەمی زانستی دانراو لەلایەن Geo Projects ـەوە، وەشانی ساڵی ٢٠١٠، لاپەڕە ٦٠. (وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان).
  2. ^ پەڕتووکی زیندەزانی بۆ پۆلی دوانزدەهەمی زانستی دانراو لەلایەن Geo Projects ـەوە، وەشانی ساڵی ٢٠١٠، لاپەڕە ٦١. (وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان).
  3. ^ پەڕتووکی زیندەزانی بۆ پۆلی دوانزدەهەمی زانستی دانراو لەلایەن Geo Projects ـەوە، وەشانی ساڵی ٢٠١٠، لاپەڕە ٦١. (وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان).