سوارە ئیلخانیزادە

لە ویکیپیدیا، ئینسایکڵۆپیدیای ئازاد
(ڕەوانەکراوە لە سوارە ئیلخانی‌زادە ەوە)
باز بدە بۆ: ڕێدۆزی, گەڕان

سوارە ئیلخانیزادە (١٩٣٧-١٩٧٥) ھۆنڕاوەنووسێکی بەناوبانگی ڕۆژھەڵاتی کوردستان بوو.

ناوەرۆک

[دەستکاری] ژیاننامە

کاکە سوار کوڕی ئەحمەد ئاغای ئیلخانیزادە لە ساڵی ١٩٣٧ لە دێی تورجان لە ناوچەی بۆکان لە دایک بووە. پاش ساڵێک لە گوندی قەرەگوێز نیشتە جێ دەبن. سوارە خوێندنی سەرەتایی لە لای ماموستای تایبەتی دەست پێ کردووە و پاشان لە بۆکان و تەورێز درێژەی بە خوێندن داوە و لە زانکۆی تاران باوەڕنامە لە بواری مافدا وەرگرتووە.

شێعر و نووسراوەکانی لە گۆڤارە بە ناوبانگەکانی ئەو سەردەمەی ئێران سخن و کوردستاندا چاپ کراون، ئەوجا لە بەشی کوردی ڕادیۆ تاران دامەزراوە و بۆتە بەرپرسی بەرنامەی تاپۆبۆمەلێڵ. لەو ڕێگایەوە بەشێک لە جوانترین شاکارەکانی ئەدەبیاتی کوردی بە دەنگێکی گەرم و شێوەیکی وەستایانە بڵاوکردۆتەوە، ئەوەش لە کات و زەمانێکدا کە چاپ و بڵاوکردنەوەی ھەر شتێک بە زمانی کوردی زیندان و جەزرەبەی لە دوا بووە.

لە شەوەزەنگی بێ دەنگی دا لە رۆژھەڵاتی کوردستان شێعر و پەخشانەکانی بە تایبەت لە ناو لاوەکاندا بیروھزر دروست دەکا!

خەوە بەردینە‌ ، شار، کچی بەیان“ ئەسکەندەر شاخی ھەیە، کەویار“ تاکە شێعر و پەخشانی بەناوبانگن، شانۆنامەی “ سەیدەوان“ و لێکۆڵینەوەکانی لە مەڕ ئەدەبیاتی کوردی بە تایبەت ئەدەبیاتی زارەکی کوردی لە تەک شێعرەکانی فارسی دا ھێزوتوانای شاعیر و نووسەر و رۆشنبیرێک دەنووینن کە جێگای ھەردەم سەوز دەمێنێ.

تاپۆبۆمەلێڵ لە تاران و رۆژێک لە رۆژان لە بەغدا دوو پروگرامی بەپێز و ڕەنگین بوون کە لە ھەر دووک لا باشترین دەنگەکانی شێعر و ئەدەبیاتی کوردیان بڵاو دەکردەوھ، لەوێ کوردستان موکریانی و عەبدوڵا پەشێو دەنگیان ھەڵدەبڕی، لێرەش عەلی حەسەنیانی و فاتخ شێخ ئولئیسلامی!

سوارە ئیلخانی زادە(سوارە)، عەلی حەسەنیانی(ھاوار) و فاتح شێخ ئولئیسلامی(چاوە) سێ چوکڵەی شێعری نوێی کوردی لە رۆژھەڵاتی کوردستان پێکدەھێنن و ئەوانە لە گەڵ عومەر سوڵتانی(وەفا) مەیدانی شێعری کوردییان پان و بەرینتر و ڕەنگین تر کرد!

سوارە بە منداڵی دووچاری نەخۆشی دەبێ و پاش سێ ساڵ لە جێگادا کەوتن، ژیان لە ئامێز دەگرێتەوە، بەڵام ژان لە ھەموو ساڵەکانی ژیانیدا لە گەڵی گەورە دەبێ! زیندان و زیندانبانەکانی ڕژیمیش لەشی تێک دەشکێنن، ھەتا سەرئەنجام لە نێوان ڕێگای ئێدارەی ڕادیۆ و تەلەوزیۆن و ماڵەکەیدا لە لایەن ھاوکارێکی خۆیەوە بەر ماشێن دەدرێ و چەند رۆژ پاشان لە زستانی ١٣٥٤(١٩٧٥) دوادەمەکانی ژیانی تەواو دەکا و بەرە و بۆکان دەیگەڕێنەوە و لە گومبەزی گوندی حەمامیان لە سەر بەرزاییکی وەک نالەشکێنە بەخاکی دەسپێرن، زیرەک و سوارە لە سەر دوو بەرزاییەوە دەڕواننە یەک .سوارەی ژین کورت بە تەمەن درێژی لە ناو فەرھەنگ و ئەدەبیاتدا دەمێنێتەوە، بە تایبەت ئەدەبیاتی گەلەکەی خۆیدا.

ئەوەش بگوترێ تاقانە کوڕی سوارە لە تەمەنێکی کورتدا لە ھولەند دڵی لە وەستان دەکەوێ وداستانێکی تراژیک وەک سەیدەوان بە چەشنێکی تر لە یاددا دروست دەکا.

ژیانی ڕێڕەوانی شێعری نوێی کوردی خۆی رۆمانێکی دڵتەزین دەنوێنێ، دوای سوارە، عەلی حەسەنیانی لە پاش ژیانێکی پڕ ئازار لە ھەندەران دڵی لە وەستان دەکەوێ و تەرمەکەی خاکی دانمارک دیگرێتە خۆی. “چاوە“ش کە زەمانێک دەنگی ھەڵدەبڕی و بۆ ھەموو کوردستان ھاواری دەکرد: “ فەرشی ماڵەکەم پڕی خشت وخاڵ و ڕاتەکاندنی گەرەکە“، ئەمرۆ ھەر چوار سووچی فەرشی ماڵەکەی بەرداوە و ڕەنگە ئاوڕ لێ دانەوەش لای گران بێ، وەفاش پاش ئازارێکی چەند ساڵە ژیانی کۆتایی پێھات.

[دەستکاری] بەرھەمی چاپکراو

  • خەوە بەردینە (سەرجەمی شێعرەکانی کوردی و فارسی)
  • تاپۆ و بوومەلێڵ (بەرھەمی پێشکەشکراو لە ڕادیو کوردی تاران)

[دەستکاری] پارچە شیعرێک لە سوارە

[دەستکاری] دووی ڕێبەندان[١]

 
بیرەوەریی دووی ڕێبەندان
دەمخاتە سەر بەستە و بەندان
ڕێبەندانی ڕێنوێنە
لە داگیرکەر سەرشێوێنە
ھەڵات ھەڵات لە ھەموو دیاران
پێ پلیکەی دێو، تەختی تاران‌
دوژمنی کورد جێ پێی لێژە
با بگێڕین گەڕەلاوێژە

  • * *

ھۆ ھۆ شوانە بە نەغمەی تەڕ و پاراووت
بە بلـوێری لە خەم و دەردا سووتاوت
بارووژێنە گیانی خەوتووی گەزیزەی ھەرد
بە (سوارۆ)ێک، بە (حەیران)ێک، دامرکێنە بڵێسەی دەرد

  • * *

ھۆ ھۆ جووتێر چەوساوەی خەمان
خاڵە! ڕێبواری خەیاڵت نیشتەجێ بوو
خەمان نەمان
بە ئارەقی نێو چاوانی بەرز و تەرزی کرێکارانت
چناری ھیوا باشین بێ
لە کۆزی ڕووی دەردەدارانت
ئەی کچی جوان!
ئەی یەزدانی داوێن پاکی!
دیلانی بگێڕە
بەسەر چوو
دیلـی و زەلیلـی و خەمناکی
ئەو ھەوری یەی لە دەوری دارت پێچاوە
لە دەوری دەستت ھاڵێنە
بە دەم سووڕانی سەماوە
شایی دەگەڕێ لە ھەموو دێیان
گیان ھاتوەتە ئاسۆی گوێیان
دیلان دەگەڕێ لە ھەموو ماڵان
پیرۆزبایی لە ھاواڵان

  • * *

. . . ڕێبەندان!
بەو زستانەم دڵ بەھارە
لە ھەموو سنووران ھاوارە
لە دوژمنان ڕێبەندانە
بۆ کوردەواری گۆوەندانە
شایی نەدار و ھەژارە
ئەوجار ھەژار خۆی سەردارە

  • * *

مەڵبەند بەھاری تێزاوە
«قازی» ‌مەزن ھەروەک کاوە
ھێزی کۆمەڵی لەپشتە
ھەودای خاوی ھیوا گشتە
قورینگ چلـەی زستان دەبڕن
چاویان لە کوردستان دەبڕن
بە پۆل گوڵی لە شەتاوان
دەخەمڵێنن دەم چۆماوان
بیستوومە لە کۆنەپیاوان
سەرگوریشتەی خاوەن ناوان:
«لە سەخڵەتا خۆشیی دیارن
ھەر زۆرە کوژەی زۆردارن» ‌
نەزیلـەی باپیران وایە
«شەو بۆ مێردان وەک قەڵایە»

  • * *‌

شەوەی شەو لەشی گوشیبووین
ڕێبەندان ڕێگای تەنیبووین
گیانمان خارا بە دەرد و ئێش
ڕێگای ئازادین گرتەپێش
پاش چەند ساڵ لە نوور دووریمان
ھەڵبوو چرای جەمھووریمان

  • * *

با بگێڕین زەماوەندێ
با بۆتان بڵێم سەربەندێ
ئەوجار چینی فەلا و کرێکار
قەت ناڵێن خۆزگەمان بەپار
دەری ھاویت تۆــ وی دژی
ڕەنجبەر بژی
                 بژی
                        بژی
                                                تاران، ڕێبەندانی ١٩٦٨

[دەستکاری] ژێدەر و سەرچاوەکان

  1. گۆڤاری ڕووناکی، ژمارە ٢٩٠، ٣/١٠/١٩٦٩، لاپەڕە ١٩
ئامڕازە تاکەکەسییەکان

شێوەزارەکان
شوێنناوەکان
کردارەکان
ڕێدۆزی
ئامرازدان
بە زمانەکانی تر