جەلال مەلەکشا

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
جەلال مەلەکشا
جەلال مەلەکشا
لەدایکبوونداڕێژە:١٩ی ئازار ١٩٥٢
مەلەکشای سەرێ، پارێزگای کوردستان
مردنداڕێژە:٣١ی تشرینی یەكەم ٢٠٢٠
سنە
شوێنی گۆڕگۆڕستانی گوندی مەلەکشان
پیشەداڕێژە:شاعیر، نووسەر
زمانکوردی (سۆرانی)
نەتەوەکورد
خوێندندیپلۆمی ئەدەبی فارسی
بواری کارکردنشیعر و ئەدەب
کارە دیارەکانداڕێژە:زڕەی زنجیری وشە دیلەکان
خەڵاتە دیارەکانبەڕووی زێڕین
ھاوسەرداڕێژە:بەھییە ئەژدەرنژاد
منداڵەکانکاوە، شاھۆ، نیما
ماڵپەڕی فەرمی
http://jalalmalaksha.com/

جەلال ڕەحیمی مەلەکشان ناسراو بە جەلال مەلەکشا (١٩ی ئازار ١٩٥٢ – ٣١ی تشرینی یەکەم ٢٠٢٠ز/ ٢٨ی ڕەشەمەی ١٣٣٠–١٠ خەزەڵوەری ١٣٩٩ک. ھ) شاعیر، نووسەر، ڕۆژنامەوان، ڕەخنەگر، چالاکی سیاسی_کۆمەڵایەتی و ئەندامی کانوونی نووسەرانی ئێران بوو.[١][٢]

لە بواری خوێندندا، بڕوانامەی دیبلۆمی لە ئەدەبیاتی فارسیدا وەرگرتووە و دواتر بەھۆی چالاکیی سیاسی و زیندانەوە ناتوانێ درێژە بەخوێندن بدات.

مەلەکشا لە تەمەنێکی کەمدا، ئارمانج‌خوازانە دەست بەنووسین دەکات و بەخێرایی دەتوانێت پەنجە‌مۆری چالاکی و داھێنانە ئەدەبییەکانی بەسەر لاپەڕەی مێژووی ئەدەبی ھاوچەرخی فارسی و کوردیدا بنەخشێنێت. جەلال لە دیارترین و کاریگەرترین دەنگەکانی ڕەوتی نوێخوازیی شیعری کوردیی ڕۆژھەڵاتی کوردستانە. مەلەکشا بە کەڵک‌ وەرگرتن لە زمانێکی ئوستوورەیی، شیعری نوێی کوردی و شیعری بەرگریی ڕۆژھەڵاتی کوردستانی بەرەو قۆناغێکی تازە برد. مەلەکشا جگە لە شیعر، لە بواری چیرۆک، ڕۆژنامەوانی، لێکۆڵینەوە و وەرگێڕاندا بەرھەمی بەرچاو و زۆری لێ بەجێماوە. بەشێ لە شیعرەکانی وەرگێڕدراوەتە سەر زمانەکانی؛ ئینگلیزی، فەڕەنسی، ڕووسی، عەرەبی، سویدی، فارسی، ئیسپانی و ھتد.[٣][٤]

مەلەکشا لە شیعری فارسیدا، لەژێر کاریگەریی نیمایووشیج، مەھدی ئەخەوان سالیس و ئەحمەدی شاملوودا بووە و لە سەرەتای نووسینی شیعری کوردیدا، عەبدوڵا گۆران، لەتیف ھەڵمەت، عەبدوڵا پەشێو و شێرکۆ بێکەس بەسەر ڕەوتی نووسینیدا کارگەری زۆریان ھەبووە.

جەلال مەلەکشا کە نەخۆشییەکی درێژخایەنی ھەبوو لە کۆتاییدا، ئێوارەی ڕۆژی ٣١ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٠ بەھۆی جەڵتەی دڵەوە کۆچی دوایی کرد و لە گۆڕستانی گوندی مەلەکشانی سەر بە شاری سنە و لە زێدی بابی و باپیرانیدا بە خاک سپێردرا.

ژیاننامە[دەستکاری]

منداڵی و میرمنداڵی[دەستکاری]

جەلال مەلەکشا، ٢٨ی ئازاری ١٩٥٢ی زایینی، لە گوندی مەلەکشانی سەر بە شاری سنە لە ڕۆژھەڵاتی کوردستان لەدایکبووە.[٥] ناوی باوکی ئەحمەد ڕەحیمی مەلەکشان و دایکیشی ئامینە گەوێڵی کێڵانەیە. جەلال یەکەم منداڵی خێزانەکەی بووە و خاوەنی سێ خوشک و سێ برای دیکەیە. ھەر لە منداڵییەوە، پێش ئەوەی بڕواتە مەکتەب لەژێر کاریگەریی مامێکی خوێندەواری بە ناوی عەبدولڕەزا، فێری خوێندن و نووسینی کوردی دەبێت، وەک خۆی باسی کردووە: «پێنج ساڵان بووم، کە مامم بە ھاندان و بە زۆر، شیعری شاعیرانی کلاسیکی وەکوو نالی و مەحوی و ھتدی پێ لەبەر دەکردم». جەلال ٨ ساڵان بووە کە باوکی لە دایرەی کشتوکاڵی شاری سنە دادەمەزرێت و بەماڵەوە دەڕۆنە سنە و لەو شارەدا نیشتەجێ دەبن. لەبەر ئەوەی کە تەمەنی جەلال سەرەوەی ٧ ساڵ بووە بە کێشەیەکی زۆر لە قوتابخانە وەردەگیرێت. بەھۆی بارودۆخی وڵاتی ئێران و قەدەغەبوونی خوێندن بە زمانی دایکی، وەکوو ھەموو منداڵە کوردەکان بە ناچاری بە زمانی فارسی دەخوێنێت. قۆناغی خوێندنی سەرەتایی لە قوتابخانەکانی «شێخ موھاجیر»، «سەعدی»، «چواری ئابان» و «سەعدی ژمارە ٢» تەواو دەکات و قۆناغی ناوەندی و دواناوەندی لە قوتابخانەکانی «شاپوور»، «بووعەلی»، «ڕازی»، «غەزاڵی» و «ھیدایەت» دەخوێنێت و دیپلۆمی وێژەیی لە زمانی فارسیدا وەردەگرێت.

چالاکیی سیاسی[دەستکاری]

جەلال مەلەکشا لە تەمەنێکی کەمدا، تێکەڵاوی کاری سیاسی دەبێت. ئەو کە بە نووسینی شیعر و چیرۆک بە خێرایی توانیبووی جێگایەکی تایبەت لە ڕۆژنامە و گۆڤارە فارسییەکاندا بۆ خۆی بکاتەوە، چەندین جار لە بەر نووسراو و بیروبڕواکانی دەکەوێتە بەر لێپرسینەوەی ساواک و ڕەوانەی زیندان دەکرێت. زیندان بۆ جەلال دەبێتە زانستگایەک و لە زینداندا لەگەڵ چەندین کەسایەتیی سەر بە حیزب و ڕێکخراوە گەورە و بچووکەکان ئاشنایەتی پەیدا دەکات و بیروبڕوای زۆرێک لە گرووپە چەپ و سیاسییە کوردەکان و ھەروەھا فیدایی و موجاھید دەناسێت. بۆ نموونە لە زیندانی ناوەندیی سنە لە گەڵ «بێھرۆز حەقی مەنیع»، خەڵکی شاری تەورێز و ئەندامی ناسراوی فیدایییەکان ئاشنا دەبێت. حەقی مەنیع بۆ ماوەی دوو ساڵ لە زینداندا «ماتریالیسمی دیالکتیکی مێژوویی» دەڵێتەوە و جەلال کەڵک لە وانەکانی دەگرێت و وەکوو مامۆستایەکی زۆر توانا ناوی دەبات. پێش شۆڕشی گەلانی ئێران مەلەکشا دەبێتە ئەندامی سازمانی چریکی فیدایی لە کوردستان و تا کۆتایی‌ھاتن بە ڕژیمی پاشایەتی لە ئێران وەکوو ئەندامی ئەو حیزبە چالاکی دەنوێنێت و پاش ئەوەش دەبێتە ئەندامی کۆمەڵە و لە چالاکییەکانیدا بەشداری دەکات و ھەر بەھۆی چالاکییە سیاسییەکانییەوە لە ھەر دوو ڕژیمی پاشایەتی و کۆماری ئیسلامیدا نزیک بە دوازدە ساڵ زیندانی دەکرێت. ڕەنگدانەوەی چالاکییە سیاسییەکانی جەلال مەلەکشا لە زۆربەی بەرھەمەکانی ئەو سەردەمەیدا بە ڕوونی دەبینرێت. دواتر کە لە چالاکیی حیزبایەتی دەکشێتەوە، لە وتووێژێکدا دەڵێت: «مرۆڤ ناتوانێ خۆی لە سیاسەت بدزێتەوە، بەتایبەت خاوەن قەڵەم! بەڵام نابێ ھونەر لە چوارچێوەی حیزبێکدا زیندانی بکرێ، بەرپرس‌بوون بەرامبەر بە حیزبێک سەربەستیی بیر و ئەندێشە لە ناو دەبات».

زیندان[دەستکاری]

جەلال مەلەکشا لە قۆناغی گەنجیدا تێکەڵی کاری سیاسی دەبێت و بەھۆی نووسراو و چالاکییە سیاسییەکانییەوە چەندین جار زیندانی کراوە. یەکەم جار ساڵی ١٩٦٩ لە ڕژیمی پاشایەتیدا و کاتێ تەمەنی حەفدە ساڵان بووە بەھۆی شیعرێکەوە ڕووبەڕووی لێپرسینەوەی و ئەشکەنجەی ساواک دەبێت و لەوە بە دوا زۆر جار بە ھۆکاری گەورە و بچووکەوە دەستبەسەر دەکرێت و ھەر جار، چەندین مانگ بەند دەکرێت. ساڵی ١٩٧٢ حوکمی چوار ساڵ زیندانی بەسەردا دەسەپێنن کە پاش دوو ساڵ ئازاد دەکرێ. لە ١٩٧٦ دیسان دەکەوێتە بەندیخانە، بەڵام جەلال بەو حوکمانەشەوە ناشکێ و ھەر لە نێو زیندانەوە بۆ یەکەمجار دەستدەکات بە نووسینی چیرۆک و ڕەوانەی گۆڤارە فارسییەکانی دەکات، بەم چیرۆکانەش دیوێکی‌تر لە ژیانی ئەدەبی خۆی دەردەخات. ئەو چیرۆکانەی کە لە نێو زیندانەوە ڕەوانەی دەرەوەی دەکات، ئەوەندە کاریگەر دەبن کە دوای ئازادبوونی لە زۆر شوێن ناوی دەرکەتووە و ناسراوە و لەگەڵ زۆرێک لە ئەدیب و نووسەر و شاعیر و چالاکوانە سیاسییەکانی سەردەم دۆستایەتی و ئاشنایەتی پەیدا دەکات. ساڵی ١٩٧٨، لە گەرمەی شۆڕشی گەلانی ئێراندا دیسانەوە دەکەوێتە زیندان، بەڵام پاش چەند مانگێک ڕژیمی پاشایەتی لەژێر تەوژمی خەباتی گەلاندا ناچار زۆربەی زیندانییە سیاسییەکان ئازاد دەکات. پاش لەناوچوونی ڕژیمی پاشایەتی، قەڵەمە بوێرەکەی جەلال، ھەرگیز بەرامبەر دەسەڵاتی داگیرکەر ئارام ناگرێت و بەرپرسیارانە لە ئاست ئازار و مەینەتی گەلەکەی چالاک دەبێت. پاش شۆڕش و لە کۆماری ئیسلامیشدا لە ڕیزی سەرەتاییترین چالاکوانانی کورددایە کە دەستبەسەر و زیندانی دەکرێت! لەبەر چالاکییەکانی جەلال بۆ ماوەیەک تەنانەت ھەموو ئەندامانی بنەماڵەکەیشی سەرجەم دەکەونە ژێر گوشاری ڕژیم و زیندانی دەکرێن. ھەروەھا چەندین جار ھەوڵدەدرێت، بەھییە خانمی ھاوژینی کە لە سنە مامۆستای قوتابخانە بووە، لە کار لابدرێت و وەک سزادان بۆ چەندین شاری دی دووری دەخەنەوە.

جەلال مەلەکشا ساڵی ١٩٨٣، جارێکی‌تر دەکەوێتە بەر پەلاماری ڕژیم و سزای دە ساڵ زیندان و دوورخستنەوە و پازدە ساڵ زیندانی ھەڵپەسێردراوی بە سەردا دەسەپێندرێت، لە کاتی دەستبەسەریشدا، ھەرچەند مانگێک لە زیندانێکەوە بۆ زیندانێکی‌تر دەگۆازرێتەوە و لەم گواستنەوانەدا زۆر لە نووسراوەکانی لەناو دەچێت، ھەندێکیان وەک ئەمانەت دەدرێتە دەستی دۆست و ئاشنا کە ڕەوانەی دەرەوەی بەندیخانە بکرێ و بە داخەوە بە دەگمەن دیسان دەستی جەلال دەکەونەوە و ھەندێ‌تریشیان دەکەوێتە دەست زیندانەوانەکان و چەندین دەفترە شیعری لە بەرچاوی دەسووتێندرێت!

پاش نزیک بە چوار ساڵ تێپەڕاندنی حوکمی زیندان، بە فەرمانێکی بەخشین وەک زۆربەی کوردە بەندکراوەکان ئازاد دەبێت. دواتر و لە سەردەمی ئیشکردنی لە گۆڤاری سروەشدا، ناوبەناو، بەھۆی جیاوازەوە قوڵبەست دەکرێ و چەند جاری‌تر ڕەوانەی زیندان دەکرێت.

ئەزموونی زیندان ڕەنگدانەوەی زۆری بەسەر شیعرەکانی مەلەکشادا ھەبووە و زۆرێک لە شیعرەکانی بەرھەمی گۆشەی سیاچاڵ و گرتووخانەکانی ھەردوو ڕژیمی پاشایەتی و کۆماری ئیسلامی ئێرانن. جەلال بە تاوانی بیروباوەڕ و ھەوڵەکانی لە پێناو بەدیھاتنی ئامانجە بەرزەکانی مرۆڤایەتی، لە ھەر دوو ڕژیمدا، بە گشتی بۆ ماوەی زیاتر لە دوازدە ساڵی تەمەنی لە زینداندا تێپەڕ کردووە. لە زیندانەکانی ساواک و پاشتر ئیتلاعاتی شاری سنە و زیندانی ناوەندی سنە تا زیندانی ناوەندی ورمێ و زیندانی شارەوانی ئابادان و زیندانی قزڵحەساری کەرەج و ھتد، کە ھەر یەکەیان بۆ ماوەیەک بوونەتە ژووری ئەشکەنجەدانی ئەو!

کانوونی نووسەرانی ئێران[دەستکاری]

ئەزموونی نووسینی جەلال مەلەکشا لە تەمەنێکی خوارەوە دەستی پێکرد. ئەو لە شیعری نوێی فارسیدا سەرکەوتوویی باشی بەدەست ھێنا و شیعر و چیرۆکەکانی لە زۆربەی گۆڤار و بڵاوکراوە بەناوبانگەکانی ئەو سەردەمەی ئێراندا چاپ دەکران، تەنانەت دوای ئەوەش کە بەھۆی چالاکییەکانییەوە دەکەوێتە زیندان لە نووسیندا بەردەوام دەبێت و شیعر و چیرۆک و دەقەکانی ڕەوانەی دەرەوەی زیندان دەکات. مەلەکشا ساڵی ١٩٧٧، وێڕای نەبوونی کتێبی چاپکراو، لە بەر بەھێزبوونی شیعر و چیرۆک و دەقە بڵاوکراوەکانی لە ڕۆژنامە و گۆڤارەکاندا، وەک ئەندامی کانوونی نووسەرانی ئێران وەردەگیرێت. ئەمەش لە حاڵەتێکدایە کە مەرجی ناونووسی بۆ ئەندامییەتی لەو ناوەندەدا دوو کتێبی چاپکراو بووە، تاکوو پاشان لەسەر شایەنبوونی ئەندامییەتی نووسەر دەنگ بدرێ، بەڵام ئەندامییەتی جەلال مەلەکشا، بە بێ کتێبی چاپکراو، ئاستی ھێز و توانای قەڵەمی ئەو نووسەرە لە زمانی فارسیدا پیشان دەدات. لەو سەردەمەدا ئەندامانی دیکەی کوردی کانوونی نووسەرانی ئێران «عەلی ئەشرەف دەروێشیان» و «عومەر فارۆقی» بوون. ئەندامییەتی لە کانوونی نووسەرانی ئێران دەبێتە دەرفەتێکی باش بۆ نزیکبوونەوەی زیاتر و دۆستایەتی لە نێوان جەلال و گەورەنووسەران و ئەدیبان و شاعیرانی ئەو سەردەمەی ئێران. بەناوبانگترین ئەندامانی ئەو ناوەندە لەو سەردەمەدا کەسانی وەکوو «مەھدی ئەخەوان سالیس»، «ئەحمەد شاملو»، «ھووشەنگ گوڵشێری»، «جەلال ئال ئەحمەد» و «مەحموود ئیعتمادزادە» بوون.

پێوەندی کۆمەڵایەتی[دەستکاری]

مەلەشکا لای ڕاستەوە یەکەم کەس وەستاوە، ساڵی ١٩٩٢.

پێوەندی زۆر باش و بەربڵاو لە گەڵ زۆربەی ھونەرمەندان و شاعیران و نووسەرانی کورد و ئێرانی، لە تایبەتمەندییەکانی ژیانی جەلال مەلەکشا بوو. ھووشەنگ گوڵشێری، مەھدی ئەخەوان سالیس، ئەحمەد شاملوو، ئیسماعیل خۆیی، خەسرەو گوڵسورخی، عەباس پەھلەوان، میرزائاغا عەسگەری (مانی)، ئەحمەد ئەحرار، ئیسماعیل نووری ئەعلا، سەعید سوڵتانپوور و… بەناوبانگترین شاعیران و نووسەران و ئەدیبانی فارس‌زمانن، کە جەلال مەلەکشا لە گەڵیاندا پێوەندی ھەبووە. ھەر وەھا لەگەڵ گەورە نووسەر و شاعیر و ئەدیب و ھونەرمەندانی کورد وەکوو؛ ھێمن و ھەژار موکریانی، مەلا عەبدولکەریم مودەریس، مەسعوود محەممەد دیدار و چاوپێکەوتنی ھەبووە و لەگەڵ عەبدوڵا پەشێو، شێرکۆ بێکەس، مارف خەزنەدار، ڕەحیم لوقمانی، ھاشم سراج، ئەحمەد قازی، عوسمان دەشتی، مارف ئاغایی، شوکر مستەفا، کەریم دافعی، سیمین چایچی، فەرەیدوون ئەرشەدی، عەباس حەقیقی، فەرھاد عەونی، محەممەد سەعید نەججاڕی، شوکروڵای بابان، ناسر ڕەزازی، شڤان پەروەر، عەزیز شاڕۆخ و نەجمەدین غوڵامی ھاوڕییەتی و پێوەندی دۆستانەی ھەبووە. ھەروەھا بەھۆی کاری ڕۆژنامەوانی و چالاکیی سیاسییەوە، جەلال مەلەکشا پێوەندییەکی باشی لەگەڵ زۆربەی کەسایەتییە سیاسییە کوردەکانی وەکوو: مەسعوود بارزانی، جەلال تاڵەبانی، مەلا بەختیار، فرانسوا حەریری، نێچیرڤان بارزانی، عەبدوڵا موھتەدی، حوسێن یەزدانپەنا، مستەفا ھیجری، خالد عەزیزی، ڕەزا کەعبی و کەریم حیسامی و ھتد ھەبوو. مەلەکشا لە یەکێک لە دیدارە گرنگەکانی ژیانیدا، ڕۆژنامەنووس و توێژەری بەناوبانگی فەرەنسی کریس کۆچێرا دەبینێت و چەند ڕۆژێ پێکەوە دەبن و ھەموو کات لە کریس کۆچێرا وەک مامۆستایەک یادی دەکرد.

ژیانی بنەماڵەیی[دەستکاری]

جەلال مەلەکشا، ساڵی ١٩٧٥، لە تەمەنی بیست و چوارساڵیدا لەگەڵ خانمی بەھیە ئەژدەرنەژاد، کچی بنەماڵەیەکی ناسراوی شاری ورمێ، ھاوسەرگیری دەکات و لە ژیانی ھاوبەشیاندا دەبنە خاوەنی سێ کوڕ بە ناوەکانی کاوە، شاھۆ و نیما.

ژیان لە دەرەوەی ئێران[دەستکاری]

جەلال بەھۆی چالاکییەکانییەوە، لە سەردەمی ھەر دوو ڕژیمی پاشایەتی و کۆماری ئیسلامیدا، زۆر کات ناچار بووە لە ناوخۆی ئێراندا بەنھێنی بژی. شارەکانی تاران و ورمێ و ئابادان و خوڕەمشار و شیراز و ئەسفەھان و سەقز و مەھاباد و بۆکان و تەنانەت سنەش ھەر یەکە و بۆ ماوەیەک بوونەتە شوێنی ژیانی نھێنی و حەشارگەی مەلەکشا، بەڵام بە ھەموو کێشە و گرفت و ئاریشەکانەوە ھەرگیز بەوە ڕازی نابێت کە وڵات بەجێ بھێڵێت. لەسەرەتای کارکردنی لە گۆڤاری سروەدا نەختێک گوشارە ئەمنییەکان لەسەری کەم دەبێتەوە، بەڵام ھەرچی بەرەو پێشتر دەڕوا دیسان گوشار و قوڵبەستکردنی ناوبەناو زیادتر دەبێت و پاش ئەوەی کە لەژێر گوشاری ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامی لە سروە جیا دەبێتەوە، ھەوڵی ئەوە دەدرێ کە سزای بەسەردا بسەپێنن و حوکمی زیندانی درێژخایەنی پێ بدەن، پاش ئەو سیناریۆیە ئیدی بەرگە ناگرێ و بەوتەی خۆی: «ئێتر تاقەتی کەلەپچە و زیندانم نەمابوو و بە قاچاخە ڕێگادا بەرەو باشووری کوردستان ڕۆیشتم»، سلێمانی و ھەولێر باوەشی خۆیان بۆ جەلال دەکەنەوە، ھەر وەھا بۆ ماوەیەکیش لە بەغدا ژیاوە.

کۆتاساڵەکانی ژیانی[دەستکاری]

کۆتاساڵەکانی ژیانی جەلال مەلەکشا کەم تا زۆر بە گۆشەگیری تێپەڕبوو. لە وڵاتی ئێران بە ھیچ شێوەیەک ڕێگا بە چالاکییە ئەدەبییەکانی نەدەدرا و نەیدەتوانی لەبەر سانسۆر بەرھەمەکانی چاپ و بڵاو بکاتەوە، تەنانەت ڕێگا نەدەدرا لە ھیچ کۆڕ و کۆبوونەوەیەکدا بەشداری بکات. بڕیار وابوو ساڵی ٢٠١٥، ڕێوڕەسمی ڕێزلێنان لە ماندووبوونی چەندین ساڵەی جەلال مەلەکشا لە ناوەندی ھونەری فەجری شاری سنە بەڕێوە بچێت، تەنانەت ئامادەکاریی باش بۆ مەراسیمەکە کرا، بەڵام لە کۆتاساتەکاندا ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامی ڕێگری کرد و شوێنی کۆبوونەوەکەیان داخست و بڵاوەیان بە ئامادەبووان کرد. چەندین جار لەلایەن حکوومەتی ھەرێمەوە بانگێھشت کرا بۆ باشووری کوردستان تا لەوێ بژی، بەڵام جەلال ھەرگیز تاقەتی دوورکەوتنەوە لە ڕۆژھەڵاتی کوردستان و بەتایبەت شاری سنەی نەبوو. ھەروەھا نەخۆشین تەنگی لێ ھەڵچنیبوو و زۆر بەسەختی ھاتوچووی دەکرد، بەڵام ھەرگیز لە نووسین نەوەستا و ھەنووکە بەرھەمی لێ بەجێماوە کە ھێشتا چاپ نەکراون.

کۆچی‌دوایی و پاش مەرگی[دەستکاری]

مەلەکشا لە کۆتا پەردەی ژیانیدا، کاتژمێر ٦:١٥ی ئێوارەی ڕۆژی سی و یەکی تەشرینی یەکەمی ٢٠٢٠، لە ماڵی باوکی لە گەڕەکی تەپەی قەوپاڵی شاری سنە و بەھۆی جەڵتەی دڵەوە کۆچی دوایی کرد. لە ڕۆژی یەکی تشرینی دووەمی ٢٠٢٠ لە بارودۆخێکی ئێجگار ئەمنییەتیدا تەرمەکەی لەسەر شانی سەدان کەس لە جەماوەری شاری سنە و ھۆگرانی، بە دروشمی شۆڕشگێڕانە و سروودی «ئەی ڕەقیب»، بەڕیکرا و لە گۆڕستانی گوندی مەلەکشانی سەربە شاری سنە و لە زێدی باب و باپیرانیدا بە خاک سپێردرا.

زۆر لە کەسایەتییە بەناوبانگەکانی کوردستان وەک: سەرۆک حکوومەتی ھەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانی و سەرۆک وەزیرانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان مەسروور بارزانی و سەرجەم حیزب و لایەنە سیاسییەکان پەیامی سەرەخۆشیان ئاراستەی بنەماڵەکەی و ھەموو خەڵکی کوردستان کرد. ھەروەھا سەرۆک مەسعوود بارزانی تاجەگوڵینەیەکی بۆ سەرمەزاری جەلال مەلەکشا ھەناردە کرد. جگە لەو مەراسیمە کە لە شاری سنە و گوندی مەلەکشان بەڕێوە‌چوو لە شارەکانی‌تری کوردستان و ھەروەھا لە ئەورووپا و ئەمریکا چەندین مەراسیم لە لایان کوردانی دانیشتووی تاراوگە بۆ ماڵاوایی‌کردن لە شاعیری کۆچکردوو جەلال مەلەکشا بەڕێوەچوو.

پاش مەرگی مەلەکشا چەندین کەس لە بنەماڵە و دۆستانی نزیکی جەلال بۆ ماوەی چەند مانگێک کەوتنە بەر لێپرسینەوەی دەزگای ئیتلاعاتی ئێران، ئەمەش ئەو ڕاستییە دەسەلمێنێت کە قەڵەمەکەی جەلال و کاریگەرییەکەی تەنانەت پاش مەرگیش ھەر چقڵێکە لە نێو چاوی داگیرکەرانی کوردستاندا.

بەبۆنەی چلەی کۆچی دوایی جەلال مەلەکشا، وەکوو وەفایەک بەرامبەر بە تەمەنێک خزمەتی شوێندانەری جەلال لە دوو شاری ھەولێر و سلێمانی لە باشووری کوردستان، ڕێوڕەسمێکی بەشکۆ بۆ پەردەلادران لەسەر کتێبی «پیرەدار» بەڕێوەچوو.

بەستێنی چالاکییەکانی جەلال مەلەکشا[دەستکاری]

شیعر و چیرۆک[دەستکاری]

جەلال مەلەکشا لە تەمەنێکی کەم و ھەر لە ھەڕەتی منداڵی و مێرمنداڵییەوە ھۆگری شیعر و نووسین بووە، لە منداڵییەوە دەست بە نووسین دەکات و بە وتەی خۆی یەکەم شیعری کاتێ پۆلی چوارەمی سەرەتایی بووە نووسیوە، خەمنامەیەک بۆ مەرگی کچە دراوسێیەکیان کە نەخۆش دەکەوێ و لەبەر نەبوونی دکتۆر و دەرمان دەمرێت. جەلال لە سەرەتای لاویەتییەوە بەشێوەیەکی تۆکمەتر ڕوو لە نووسینی شیعر دەکات و ئەزموونی شیعریشی بە زمانی فارسی دەست پێ دەکات. ڕوانگەی سیاسی و بەگشتی نووسین و چالاکییە ئەدەبی و ڕەخنەیییەکانی جەلال لەژێر ڕەوتی چەپی زاڵ بەسەر کۆڕ و کۆمەڵە ڕۆشنبیرییەکانی ئەو سەردەمە دەگیرسێت و گەشە دەکات. لە شیعری فارسیدا لەژێر کاریگەری نیمایووشیج و مێھدی ئەخەوان سالیس و ئەحمەدی شاملوودا بووە و لەو بوارەدا سەرکەوتنی زۆر باشی بە دەست ھێناوە.

جەلال مەلەکشا ھاوکات لەگەڵ ڕاپەڕینی گەلانی ئێران لە ساڵی ١٩٧٨دا، نووسین بە زمانی زگماکی خۆی دەست پێدەکات و لە ماوەی چەند ساڵدا وەک شاعیر و نووسەرێکی لێھاتووی کورد ناو و ناوبانگ دەردەکات. لە دەستپێکی نووسینی شیعری کوردیدا عەبدوڵا گۆران و لەتیف ھەڵمەت و عەبدوڵا پەشێو و شێرکۆ بێکەس بەسەر ڕەوتی نووسینیدا کاریگەریی زۆریان ھەبووە. سوارە ئیلخانیزادە (کاک سوارە)، فاتیح شێخولئیسلامی(چاوە)، عەلی حەسەنیانی (ھاوار) سێ کوچکەی نوێخوازیی شیعری کوردی لە ڕۆژھەڵاتی کوردستانیان پێکھێناوە و ڕچەیان شکاند و بەدوای ئەواندا نەوەیەکی نوێ لە شاعیرانی کورد دەستیان بە نووسین کرد کە بەبڕوای زۆر کەس جەلال مەلەکشا ئەستێرەی پرشەنگداری ئەو جیلە تازە بوو کە ڕەوتێکی شیعری تایبەت بە خۆی بوونیاد نا و زۆر لە شاعیرانی ئەو سەردەمە بەدوای کەوتن. ئەگەر نیمایووشیج وەک یەکەم شاعیری نوێی فارس ناو ببەین، کە کەڵکی لە ماکە ئوستوورەیییەکان وەرگرت، جەلال بە کەڵک وەرگرتن لە زمانێکی ئوستوورەیی، شیعری نوێی ڕۆژھەڵاتی کوردستان بەرەو قۆناغێکی نوێتر دەبات و ڕێگایەکی تا ڕادایەک جیاواز لە شاعیرانی پێش خۆی دەگریتە بەر. زۆربەی شیعرەکانی جەلال، یان بە ئپیزۆدێک یان بەگشتی ڕەگێکیان لە ئوستوورەدایە. جەلال پاش شکست‌ھێنانی شۆڕشی گەلی کورد لە ڕۆژھەڵاتی کوردستان، وڵات و خەڵکی خۆی بە جێناھێڵێت و سێ تەوەری سەرەکی دەکات بە ھەوێنی ھزر و ھۆنینەوە، و ژیانی ئەدەبی خۆی بەو سێ ئاراستەیە بەرەو پێش دەبات؛ یەکەم_ ئاراستەی کۆمەڵایەتی: واتا شیعر لای جەلال خواستی تاکەکەسی و خەونی خۆی نییە! دووھەم_ ئاراستەی نەتەوایەتی: واتا مەلەکشا لە قوڵایی ناخییەوە ھەست بە کێشەیەکی گەورە بەرامبەر بە نەتەوەکەی دەکات و ھەر بۆیە لە شیعرەکانیدا ھەست بە خۆشەویستی وڵات و ھەوڵدان بۆ پاراستن و ڕزگارکردنی نیشتمان یەک لە گرنگترین و بەرچاوترین تەوەرەکانی شیعری جەلال بە ئەژمار دێ. سێیەم_ ئاراستەی مرۆڤایەتی: واتا شیعر دەبێ پەیامی ئازادی و ئاشتی و دادپەروەری پێ بێت. جەلال مەلەکشا لە بەر ناوەڕۆکی شیعرەکانی کە دژ بە دیکتاتۆرییەت و دەسەڵاتی داگیرکەری ڕۆژھەڵاتی کوردستان بووە، بە دژواریی زۆر و بەشێوەی نھێنی لە ساڵی ٢٠٠٤دا بۆ یەکەمجار توانی یەکەم کتێبی شیعری خۆی بەناوی «زڕەی زنجیری وشە دیلەکان» بڵاو بکاتەوە و پێشوازییەکی زۆر باشی لێکرا و لە کەمتر لە یەک حەوتەدا بەچاپی دووھەم گەیشت. ساڵی ٢٠١٤ کتێبێک بە ناوی «کۆی بەرھەمە شیعرییەکانی جەلال مەلەکشا» کە بریتی بۆ لە دوو بەشی شیعری کوردی و شیعری فارسی و بە دیوانی جەلال مەلەکشا ناوبانگی دەرکرد دیسانەوە بە شێوەی نھێنی چاپ و بڵاو کرایەوە. چاپی ئەم کتێبە بەھۆی کوالیتی نزم و ھەڵەی تایپییەوە، ھەرگیز بەدڵی جەلال مەلەکشا نەبوو. بە بۆنەی بڵاو بوونەوەی ئەم کتێبە جارێکیتر مەلەکشا کەوتە بەر لێپرسینەوەی ئیتلاعاتی ئێران و کێشەی زۆریان بۆ دروستکرد. جەلال وەک ھەمیشە دیسانەوە کۆڵ نادات و بۆ چاپی دووھەمی ئەم بەرھەمە خۆی سەرپەرشتی کارەکە و ئەستۆ دەگرێت و لە چاپی ٢٠١٦دا کتێبەکە زۆر باشتر دەردەچێت و پێشوازییەکی باشی لێدەکرێت.

جەلال مەلەکشا کە سەرەتا بە شیعر دەستی بە نووسین کردبوو، لە بەندیخانەی ڕژیمی پاشایەتیدا دەست بە نووسینی چیرۆکیش دەکات. زۆربەی چیرۆکەکانی لە بڵاوکراوە بەناوبانگەکانی ئەو سەردەمەدا چاپ کراون. ساڵی ٢٠١٣ کتێبێک لە کۆمەڵە چیرۆکە کوردییەکانی مەلەکشا بە ناوی «کارەسات» کە لە نۆزدە کورتە چیرۆک پێکھاتبوو، چاپکرا. زۆربەی ئەو چیرۆکانە کە لە کارەساتدا چاپ کراون، پێشتر لە گۆڤاری سروە چاپ و بڵاو بوونەتەوە. شێوازی خەتی و یارمەتی‌وەرگرتن لە سیمبۆلیزم و ھەندێ جار سووڕالیزم، تایبەتمەندیی دیاری قەڵەمی جەلال مەلەکشا لە بواری چیرۆکدایە. جەلال مەلەکشا بەرھەمی زۆری لێ بەجێماوە کە بەھۆی سانسۆر لە ناوخۆی ئێراندا تاکوو ئێستا لە ھیچ‌شوێنێ بڵاو نەبوونەتەوە.

ڕۆژنامەوانی[دەستکاری]

جەلال مەلەشکا لەگەڵ دەستەی بەڕێوەبردنی گۆڤاری سروە، ساڵی ١٩٩١.

ساڵی ١٩٦٦ی زایینی یەکەمین شیعرەکانی مەلەکشا، بە زمانی فارسی، لە گۆڤاری «ئۆمێدی ئێران» و «جەوانان» چاپ و بڵاو دەبنەوە، ھەر لەو ساڵەدا شیعرێکی فارسیی مەلەکشا بەناوی «شھر من» واتا «شارەکەم» کە لە «گۆڤاری جەوانان» بڵاو کرابووەوە، وەکوو شیعری یەکەمی مانگی ئەو گۆڤارە دەستنیشان دەکرێت و ئەم ئەزموونانەش دەبنە سەرەتای پەیوەندیی جەلال لە گەڵ ڕۆژنامە و گۆڤارەکاندا و لەوە بە دوا، شیعر و چیرۆک و وەرگێڕانەکانی لە زمانی کوردییەوە بۆ سەر زمانی فارسی لە ڕۆژنامە و گۆڤارە بەناوبانگەکانی ئەو سەردەمەی ئێران وەکوو: کەیھان، فیردەوسی، کتێبی جومعە، ئیتلاعاتی حەوتانە، ئۆمێدی ئێران، چیستا، سوخەن و ھتد بڵاو دەبنەوە.

یەکەم ھەوڵی جەلال مەلەکشا لە بواری ڕۆژنامەگەریدا، سەرەتای ساڵی ١٩٨٦، دوای بانگھێشتکردنی لەلایەن مامۆستا ھێمن‌ەوە بۆ ھاوکاری لە بەڕێوەبردنی گۆڤاری سروەدا دەست پێدەکات. مەلەکشا کە تازە لە زیندان ئازاد کرابوو، دەڕواتە ورمێ و لە گۆڤاری سروە و دەزگای سەلاحەدین ئەیووبی دەست بەکار دەبێت و وەکوو ئەندامی دەستەی نووسەرانی ئەو گۆڤارە دەبێتە سەرپەرشتی بەشی شیعر و ئەدەبی سروە و وەڵامدانەوە بە نامەی خوێنەران. بەداخەوە ھاوکاری نێوان جەلال و ھێمن زۆری پێ ناچێت و دوای چەند مانگێ مامۆستا ھێمن کۆچی دوایی دەکات. پاش ئەم کارەساتە دڵتەزێنە سروە ناوەستێ و جەلال مەلەکشا بۆ ماوەی زیاتر لە چواردە ساڵی تەمەنی لەگەڵ پلەبەرزانێ وەکوو مامۆستا ئەحمەدی قازی و مارف ئاغایی و پەرویز جیھانی و کەریم قەیوومی و فارۆق کەیخەسرەوی و عەزیز کەیخەسرەوی باری قورسی چاپ و بڵاوکردنەوەی گۆڤاری سروە و ئەو کتێبانەی کە لەلایەن دەزگای سەلاحەدین چاپ دەکران لە ئەستۆ دەگرن. مەلەکشا بەشێوەیەک گیرۆدەی سروە بوو کە لە چەند شوێندا وا باسی لێدەکات: «لەو سەردەمەدا سروەم وەکوو بەشێ لە گیانی خۆم خۆش دەویست و دڵنیام لەو سەردەمەی ڕۆژھەڵاتی کوردستاندا ئەو گۆڤارە جێی ھیوا و ئاواتی زۆربەی شاعیران و نووسەرانی کورد بوو». بەھۆی پێوەندییە باش و بەربڵاوەکانی جەلال مەلەکشا لەگەڵ شاعیر و نووسەر و ئەدیبانی بەشەکانی دیکەی کوردستاندا، بەستێنی سروە چ لە ڕووی خوێنەر و چ لە ڕووی جوگرافیایییەوە زیاد دەکات. بە بڕوای زۆر کەس گۆڤاری سروە لە سەردەمی جەلال مەلەکشا، لە ئاستێکی زۆر بەرزدا کاری دەکرد و خزمەتی بەرچاو و باشی بە زمان و ئەدەبی کوردی کردووە. دوای سروە بۆ ماوەیەک واز لە چالاکی ڕۆژنامەوانی دەھێنێت، تاکوو ساڵی ١٩٩٩ بۆ ھاوکاری لەگەڵ بەشی کوردیی تایبەت بە پارێزگای ورمێی ڕۆژنامەی «جام‌جەم» بانگھێشت دەکرێت. نزیک بە ٤٠ ژمارەی ئەو ڕۆژنامەیە دەست تەنیا چاپ دەکات و زیاترین ھەوڵ دەدات کە لەو ڕێگایەوە وەکوو پردێک، پێوەندییەکی باش لە نێوان حکوومەتی ھەرێم و باشووری کوردستان و خەڵکی ڕۆژھەڵاتی کوردستان دروست بکات. ئەمەش بوو بە ھۆکارێ بۆ ئەوەی کە وەک زۆر لە چاپەمەنییەکانیتر کە جەلال دەستێکی تێیدا بووە چاپی ئەم حەوتەنامە تایبەتەش ڕابگیرێت. جەلال مەلەکشا کە دیسان دەکەوێتەوە بەر پەلاماری ڕژیمی ئێران، ئەمجارە ڕۆژھەڵات بەجێ دەھێڵێت و ڕوو دەکاتە باشووری کوردستان و لەوێشدا لەگەڵ زۆر لە گۆڤار و ڕۆژنامەکانی باشووردا وەک: ھەولێر، ئاشتی، ئاسۆ، کوردستان و ھتد، بە نووسینی بابەت ھاوکاری دەکات. ھەروەھا بۆ ماوەیەک لە ھەولێری پایتەختی کوردستان، گۆڤارێک بەناوی «پرشنگ» دەردەکات کە عومری گۆڤارەکە کورت دەبێت و تەنیا پێنج ژمارەی لێ دەردەچێت. ئەمەش دەبێتە کۆتا ھەنگاوی جەلال مەلەکشا لە کاری ڕۆژنامەگەریدا.

وەرگێڕان[دەستکاری]

جەلال مەلەکشا بەھۆی شارەزایی زۆر باش و زاڵبوونی بە سەر زمانی کوردی و فارسی و تا ڕادەیەکیش عەرەبیدا، کۆمەڵێک کاری وەرگێڕانی ئەنجامداوە. لە گرنگترین بەرھەمەکانی دەتوانین، وەرگێڕانی شیعری شاعیرانێ وەکوو: شێرکۆ بێکەس، عەبدوڵا پەشێو، لەتیف ھەڵمەت، جەوھەر کرمان و ھتد بۆ سەر زمانی فارسی ناو ببەین. ھەروەھا زۆر کورتە چیرۆکی لە کوردییەوە بۆ سەر زمانی فارسی و بە پێچەوانەشەوە ئەنجام داوە. جیا لە بەرھەم بە چاپ گەیشتووەکانی لە بواری وەرگێڕاندا، چەندین ڕۆمانیش لە ڕێزی وەرگێڕانەکانی مەلەکشادان کە تاکوو ئێستا بە چاپ نەگەیشتوون.

دیکەی چالاکییەکان[دەستکاری]

بۆ ماوەیەک لە دامەزراوەی فەرھەنگیی ئەندێشەی ئەحمەدی خانی لە ورمێ، سەرقاڵی ڕاھێنان و پەروەردەی نووسەران و شاعیرانی گەنجی کورد بووە.

پاش ئەوەی کە لە ورمێ دەگەڕێتەوە سنە و لەو شارەدا بۆ ھەمیشە نیشتەجێ دەبێت، بۆ ماوەیەک لە ئەنستیتۆی زمانی کوردیی ڕاژە وەک مامۆستای زمانی کوردی وانەکانی فێربوونی زمانی کوردی دەڵێتەوە.

بەرھەمەکان[دەستکاری]

چەند نموونە لە شێعرەکانی[دەستکاری]

شێعر

شێعر کە ھات
دڵیش ئیتر
ئۆقرە ناگرێ، ئەیدرکێنێ
پۆلیس بۆنی پێوە ئەکا
بۆنی ئازادی لێوە بێ
ھەردەست بەجێ
ئەیخنکێنێ!
(١٣٦٥)

سەرئەنجام؟

پرسیار، پرسیار…

تا چاو بڕ کات

خاڵ بە خاڵی ڕێگە ھەموو

ھەر پرسیارە من ڕێبوارێکم دەناسی

بەدرێژایی ڕێگە تەنانەت نەیتوانی

لە سێبەری وڵامێکدا

نەختێ ماندوویی خۆی دەرکا

سەرئەنجام لە ڕێگە، عاسی

خۆی بە ئاڵقەی پرسیارێکەوە ھەڵواسی…

کارتە پۆستاڵ

ھەڤاڵەکان
وتم پیرۆزباییتان لێ بکەم
بەھار دێت و
شێعرێک تازە بھۆنمەوە بۆ کوردستان!
وتم بە جوانترین وشە نەورۆز بکەم بە ملوانک
بۆ گەردنی بەرزی کوێستان!
زۆر ھەوڵمدا
بۆتان بڵێم شێعرێکی تەڕ
ھەزار وشەم ڕست کرد و ھەر
نەھاتە بەر!
پەنام بردە بەر پیکاسۆ
گرینیکای بۆم ڕەسم کرد و وتی ھانێ
وتم لۆرکا ئەی تۆ، وتی:
شێعرەکانم
لە کاستیلا بە جێ ماون
ڕێگا نادەن گورگەکانی
وتم بە ھایکۆی ژاپۆنی
ئەرکی شانم بەجێ بینم
ھیرۆشیما گڕی گرت و
وشەی ھایکۆ بوو بە فرمێسک
ڕژایە نێو گۆمی خوێنم!
ھەڤاڵەکان!
ڕاستە بەھار جوان و شەنگە نەورۆز جێژنێکی تایبەتی گەلی کوردە لێم ببورن
پیرۆزباییتان لێ ناکەم
چۆن ناوێرم.
بەڵام کارتە پۆستاڵێکی ھەڵەبجەتان بۆ دەنێرم.
(٢٨ی خاکەلێوە، ١٣٦٧)

سەرچاوەکان[دەستکاری]

ماڵپەڕی فەرمی جەلال مەلەکشا

هاوپەیڤین لەگەڵ سیروان ژمارەی ٣٤٤

وت و وێژ دەگەڵ جەلال مەلەکشا، ئامادە کردنی: محەمەد ساڵحی ئارسیون، سروە ژمارەی ١١٤

  1. ^ Dastbaz, Jabar. "'A genius': Kurds mourn revered poet Jalal Malaksha". Rudaw. Retrieved 2020-11-03.
  2. ^ "جەلال مەلەکشا". www.khaktv.net. Retrieved 2023-01-03.
  3. ^ Prominent Kurdish poet Jalal Malaksha passes away at 69 ٤ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٠ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە., kurdpress, retrieved November 1, 2020.
  4. ^ Quimera, Revista Virtual (2022-12-31). "Cinco poemas de Jalal Malaksha". Home (بە ئیسپانی). Retrieved 2023-01-03.
  5. ^ "جەلالی مەلەکشا، ئەگەر جەستەی نەخۆش بێت شیعرەکانی نەخۆش ناکەون". www.diplomaticmagazine.net. Retrieved 2023-01-03.

بەستەرە دەرەکییەکان[دەستکاری]

ماڵپەڕی فەرمی جەلال مەلەکشا

گوزەرێک بە ناو ژیان و کارەکانی جەلالی مەلەکشا دا ٢٥ی شوباتی ٢٠٢١ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە.

ڕووداو: گفتوگۆیەکی تایبەت لەگەڵ شاعیر و ئەدیبی ناسراوی کورد جەلال مەلەکشا

کوردستان میدیا: جەلال مەلەکشا، شاعیرێک لە ڕەگەزی داربەڕوو

بە ھەگبەیەکی کوردانەوە، گەشتێک بە دیوانەکەی (جەلال مەلەکشا) دا

کوردستان ٢٤ - دۆکیومێنتەریی جانتای سەفەر لەسەر ژیانی جەلال مەلەکشا