حەسیب قەرەداخی

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
حەسیب قەرەداخی
لەدایکبوون١٩٢٩
سلێمانی
مردن٥ی کانوونی دووەمی ١٩٩٧
سلێمانی
شوێنی گۆڕگردی سەیوان
چالاکی ساڵانیسەدەی بیست
ھاوسەرعائیشە
منداڵەکان«خەبات»، «بەھات» و «ئازا» کوڕ
«نیگار» کچ

حەسیب کوڕی شێخ عەلی کوڕی شێخ عەبدولڕەحمان قەرەداخی ناسراو بە حەسیب قەرەداخی (لەدایکبووی ١٩٢٩ - مردووی ١٩٩٧) شاعیرێکی کوردی خەڵکی سلێمانی بوو.

ژیان[دەستکاری]

لە ناوەڕاستی مانگی ئایاری ساڵی ١٩٢٩، لە گوندی (سۆڵەی چرچە قەڵا) ناوچەی قەرەداخی سەر بە شاری سلێمانی و لە ناو خێزانێکی خوێندەواری بنەماڵەی شێخانی مەردۆخی دا، ھاتووەتە ژیانەوە.

لە ساڵی ١٩٤٧ لە ئاوەدانی مەحاویل لە ناوچەی حیللە بووە بەقوتابیی خانەی مامۆستایانی ھەرێمە کشتوکاڵییەکان.

بەھۆی ڕووداوە سیاسییەکانی عێراق لە ساڵی ١٩٤٨ کە لە دواییدا بە وەسبە «وثبة» (ڕاپەڕین) ناوی دەرکرد زۆر چالاکانە بەشداری کرد لە ڕاپەڕینە سەرتاسەرییەکەی ئەوساڵەدا و بۆ یەکەمجار تێکەڵ بە کاروانی تێکۆشانی نیشتمانی و نەتەوەیی بووە. پاشان لەو خانەیە دەرکرا و گەڕایەوە سلێمانی.

ساڵی ١٩٤٩ بوو بەقوتابی قوتابخانەی ناوەندی لە سلێمانی بەھۆی کاری سیاسییەوە بۆی نەکرا تەواوی بکات و ناچار گەڕایەوە گوندی سۆڵە تا ساڵی ١٩٥٤ لەوێ ژیانی بردە سەر و چەندین جار کەوتووەتە ژێر فشاری ڕاوەدوونان و ناچار بووە خۆی بشارێتەوە، دوا جار لەو ساڵەدا دەگەڕێتەوە بۆ ناو شار و لە ساڵی ١٩٥٥دا، ژنی ھێناوە و یەکەم لانەی ھاوسەرێتیی لە سلێمانی پێکەوەناوە.


تا شۆڕشی تەممووزی ١٩٥٨ ز، چەند جارێک بۆ ماوەی کورت کورت زیندانی کراوە. لەگەڵ بڵێسەی شۆڕشدا شاعیر دەبێتە یەکێ لە ناسراوترین وتارخوێنەکان و یەکێ لە ناودارترین شاعیرە داھێنەرەکانی ناو کەسانی کوردستان، ھەربۆیە لەگەڵ کودەتای بەعەسییەکاندا لە ساڵی ١٩٦٣دا، دەستبەجێ دەگیرێ و نزیکەی ٣ ساڵ لەگەڵ سەدان لاوی شۆڕشگێڕ و دەیان ڕۆشنبیر و شاعیر و نووسەر و ڕامیاری گەورەی کورد و عەرەبدا، لە زیندانی نوگرەسەلمان دەمێنێتەوە تا ساڵی ١٩٦٥.

لە کۆتایی ساڵی ١٩٦٥ تا ١٩٦٩، لەگەڵ ھاوسەر و ھەرسێ کوڕە و ھەرسێ کچەکەیدا، بە دوورخراوەیی لە شاری بەغدا بە کولەمەرگی و کوێرەوەری؛ بەڵام بە سەربەرزی ژیان دەگوزەرێنن.

لە سەرەتای ساڵی ١٩٦٩دا، لێبوردنێکی گشتی لە دەسەڵاتی بەغداوە دەرچوو لە بابەت ھەموو ئەو کەسانەی بەھۆی سیاسییەوە لە مووچەخۆری میری دوور خرابوونەوە. حەسیب پاش ٧ ساڵ زیندانی و دورخستنەوە، بەر ئەو لێبوردنە کەوت و بەمووچەخۆریەکی بچووک لە کارگەی چیمەنتۆی سەرچنار لە سلێمانی دامەزرا. لە ١٧ی حوزەیرانی ١٩٨٣دا، کەژاڵی کچی بەڕووداوێکی ئۆتۆمبیل و لەکۆتایی ١٩٨٤دا، بەھاری تازەنەمامی کچی بە نەخۆشییەکی کتووپڕی شێرپەنجە، گیان لەدەستدەدەن و زام و خەمێکی قووڵ و فرە سەختیان لە قووڵایی ھەست و بیر و سۆزی شاعیردا جێھێشت، کە تا دوا ڕۆژی تەمەنی، شوێن پەنجەیان ھەم بەسیمای خودی خۆی و ھەم بەسەر جیھانی ھۆنراوەیە و ئەدەبیاتییەوە دیار و ئاشکرابوو.

لە ئێوارەیەکی تەڕوتووشی زستانی سلێمانیدا لە ٥ی کانوونی دووەمی ١٩٩٧ بۆ دواجار دڵی پڕ لە ژانی شێخی شاعیران، حەسیب قەرەداخی، لە لێدان کەوت و بۆ ڕۆژی دواتر لە گردی سەیوان لە سلێمانی بووە ھاوڕێی تا ھەتایی ھەردوو جوانەمەرگەکەی کەژاڵ و بەھار!

شاعیری نەمر، سێ کوڕ «خەبات»، «بەھات» و «ئازا»، کچێک «نیگار»، ھاوسەرەکەی ناوی «عائیشە» لە دوا بەجێماوە.

شیعری حەسیب قەرەداخی[دەستکاری]

حەسیب قەرەداخی، بە شاعیری:

و دەیان و سەدان چامەی بەرزوباڵا، ناسراوە! دیوانێکی ٩٠٠ لاپەڕەیی لە دووبەرگدا لە دوا بەجێماوە.

چەند نموونەیەک لە شیعری حەسیب قەرەداخی[دەستکاری]

ئەی شارەکەم …

ئەی شارە، کەم بەھارەکەم!!
لەو ڕۆژەوە، منیش شەیدای چاوەکانتم
گۆرانیم تۆی، ھەڵەبەستم تۆی
کۆڵانێکی سابونکەران
کووچەیەکی کانێسکانت،
سوڵتانم نایدەم بە یەڵدزت!
کیسرا نایدەم بە ھەیوانت!!

ئەی ئەو شارەی دووسەد دەرەی زامت بڕی!
ئەی ئەو شارەی دڵی مێژووت لە ئەیلوول و حوزەیراندا بە چنگ دڕی!
ئەی ئەو شارەی کە دەروونت دەکرێتەوە، میھرەبانی!
بووکێکی زۆر خان ومانی …
کە ناوچاوت دێنیتەیەک …
بوومەلەرزەیت و بورکانی !!

ئەی شارەکەم! تۆ، بێ تەختی
من، بێ بەختم!
ئیمام نوێژی ناڕەوایھ
کەچی من بانگی ناوەختم!
ئەی شارەکەم!
تۆ ھەر شار نیت، سەری شاری!!
دووسەد ساڵە لەگەڵ لوورەی ڕەشەبادا
دەجەنگێت و ھەر تۆ سوورای!
خۆت کاروان و خۆت ھەواری!
ئەی شارەکەم
تۆ ھەر شار نیت، شاری شارانی!
ئاسمانیشت لێ زیز بێت
خۆت فریشتەی و خۆت بارانی
ئەی شارەکەم … سلێمانی!!

.

پرس و خۆشەویستی[دەستکاری]

پرس و خۆشەویستی:

ویستم تێبگەم، خۆشەویستی… چەندێ جوانە؟

(وەلی) وتی: باڵای (شەم)ە

(مەم)یش وتی:... زین وەری گرت، بەژنی (مەم)

خەجیش وتی: وەک زامەکەی (سیامەند)ە

مامەیارە وتی:وەکو سەر گورشتەی دوانزدە سوارە

لەلای حەزرەتی (مەولەوی) ش وەکو چاوڕەشی لای دەوار

لەلای منیش وەکوو دوو قوڕسەکەم… کەژە و بەھارە

کوردێ بانگی بەختی دەکرد: ئەرێ زووکە!

لەخۆشەویستی جوانتریش، شارە گەرمەکەی کەرکووکە.

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  • مێژووی ئەدەبی کوردی، بەرگی حەوتەم، مارف خەزنەدار، لاپەڕەکانی ٦١٧ تا ٦٢٤، دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی ئاراس، ھەولێر:٢٠٠٦.
  • ماڵپەڕی خۆزگا [١]
  • کتێبی قوتابی (زمان و ئەدەبی کوردی، پۆلی دەیەمی ئامادەیی)