شیعر

لە ویکیپیدیاوە، ئینسایکڵۆپیدیای ئازاد
باز بدە بۆ: ڕێدۆزی، گەڕان

شیعر، ھۆنراوە یان ھەڵبەست (بە ئینگلیزی: Poetry) وتەیەکی ھۆنراوی سیحراوییە، کە کار دەکاتە سەر ھەست و ھزری مرۆڤ.[١]
لایەنگرانی ھۆنراوەی عەرووزی، کێشی عەرووزی، سەروا و دیکەی تایبەتمەندییەکانی شیعری کۆن بە پێناسەی شیعر دەزانن و تا ڕادەیەک شیعری ئازاد کە ڕەھا لەم بەندانەیە بە شیعر نازانن. شاعیرانی بەرەی نوێ، بە ڕێز گرتن لە ھەر دوو شیعری کۆن (عەرووزی) و شیعری ئازاد، سنووری دژایەتی نێوانیان بەزاندووە و دەلاقەیەکی تازە و بازتریان بە ڕووی شیعردا کردۆتەوە.

مێژووی شیعر[دەستکاری]

کۆنترین ھۆنراوە، ڤێداکانی ھیندووەکانی کەونارایە. کەس بە دروستی مێژووی ھۆنرانی ئەم ڤێدایانە نازانێ، مێژووی کۆنترین ھۆنراوەی ڕیگ ڤێدا بۆ ھەزار تا پێنج ھەزار ساڵ پێش لە زایین دەگەڕێتەوە.[٢] گاتاکانی زەردەشتیش سەر بە ڕابردوویەکی زۆر کۆنن، ئەم ھۆنراوانە، وەک یەکەمین ھۆنراوەی بەجێماوی نەتەوەی کورد دێنە ھەژمار.[٣] لە ھۆنراوە کۆنەکانی تر دەتوانین پاڵەوانەتی گلگامێش ناو بەرین؛ ئەم ھۆنراوەیە یەکەمین ھۆنراوەی پاڵەوانەتییە.[٤] لەو شوێنەدا کە مێژوو دەبڕێتەوە، ئوستوورە دەست پێدەکا. پاڵەوانەتییە گەورەکان لە سەر ئوستوورەکان دامەزراون و ئوستوورە گەورەکانیش بەرھەمی ھەلومەرجەکانی مێژوون. جیھان چەندین پاڵەوانەتی گەورەی بە خۆوە دیوە:

ھەموو ئەم پاڵەوانەتییانە بەرھەمی ساتەوەختە زۆر گرنگەکانی مێژووی نەتەوەکانن.[٥] چینییەکانی کەوناراش ھۆگری شیعر بوون؛ کتێبی ھۆنراوەکانی شیچینگ لە چینی کۆنەوە بەجێ ماوە.[٦]

ناوەکانی تر[دەستکاری]

لە زمانی کوردیدا ئەم ناوانەش بۆ چەمکی شیعر ھەیە:

  • ھۆزان، ھۆنە، ھەڵبەست، ھۆنراوە، ھلبەست، نەوشە

ڕوانگەکان[دەستکاری]

ڕوانگەی ئەرەستوو[دەستکاری]

لە نێو ئەھلی لۆجیک و فەلسەفەی کۆندا، ئەوەی بە گردوکۆیی و تێروتەسەلانە پەرژاوەتە سەر بابەتی شیعر، ئەرەستووە. ئەگەرچی پێش لەویش بوقرات، ئەریستووفانس و ئەفلاتوون لە سەر شیعر قسەیان کردووە، بەڵام ھونەری شیعری ئەرەستوو تەنیا نامیلکەیەکی سەربەخۆ و ڕەخنەگرانەیە کە لە سەر شیعر نووسراوە.[٧] ئەرەستوو بیردۆزی ئەدەبی خۆی لە سەر بنەمای «محاکات» (لاسایی ڕووداو) دادەڕێژێ و سێ توخمی کێش (ئیقاح)، وشە (وتە) و ھەماھەنگی بە کۆڵەکەکانی شیعر و کەرەستەکانی موحاکات دەژمێرێت. بە گوێرەی بۆچوونی ئەرەستوو، جۆرەکانی شیعر، واتە حەماسە، تراجیدی، کۆمێدی و جۆرەکانی سەر بەوان وەک گۆرانی، مۆسیقا، شیعری دڵداری، ھەڵپەڕکێ و سەما، پێکڕا لە جەوھەری ھونەریدا ھاوبەشن و جیاوازییان تەنیا بۆ کەرەستەکانی لاسایی (توخمە سیانەکان)، ناوەرۆکی لاسایی و شێوەکانی لاسایی دەگەڕێتەوە.[٨]

ئەرەستوو لە بەشێک لە شرۆڤەکانی خۆی لەمەڕ چییەتی شیعر و کاری شاعیر ئاوا دەنووسێ:

«کاری شاعیر ئەوە نییە کە ڕووداوەکان بە وردی بگێڕێتەوە، بەڵکوو دەبێ بەو جۆرە کە لەوانەیە ڕووی دابێ، نەقڵی بکا. جیاوازی شاعیر و مێژوونووس لەوەدا نییە کە ئەم بە ھۆنراوە ڕووداوێک بگێڕێتەوە و ئەو بە پەخشان؛ چونکە لەوانەیە مێژووی ھێردۆتیش بھۆنرێتەوە، بەڵام بەمە نابێ بە شیعر و ھەر مێژووە. شیعر لە مێژوو فەلسەفیترە و گشتبینترە، بەڵام مێژوو وردبینە و دەپەرژێتە سەر وردەکارییەکان.»[٩]

ڕوانگەی باوی ڕابردوو[دەستکاری]

پاش بزاڤی وەرگێڕان و گواستنەوەی بیردۆزەکانی شیعری یۆنانی بۆ جیھانی ئیسلام، ئەم نامیلکانە شەپۆلێک بیروبۆچوونی لە نێو فەیلەسووفانی ئیسلامی بەدی ھێنا؛ فارابی، ئیبنی سینا، ئەبولبەرەکاتی بەغدادی، ئیبنی ڕوشد و خواجە نەسیرەدینی تووسی ھەرکام بەشێک لە بەرھەمەکانیان بە شیعرەوە تەرخان دا.[١٠]

  • خواجە نەسیرەدینی تووسی بە کارتێکەری ئیبنی سینا لە کتێبی شیفاوە و بە شۆنەڕایی ئەرەستوو، شیعر بە «قسەیەکی دڵڕفێن کە لە وتەگەلی ھۆنراو و بەرابەر پێک ھاتبێ» دەزانێ[٢].
  • فارابی سەبارەت بە شیعر دوو بەرھەمی داناوە، یەکێ (مقالة فی قوانین صناعة الشعراء) و ئەویتر (کتاب الشعر) ە. فارابی دەڵێت:

«لەم وتارەدا، تەنیا دەپەرژینە سەر ئەو وتە و واتایانە کە حەکیم (ئەرەستوو) لە شیعر ھۆنیندا سەلماندوویە، بێ ئەوەی بابدەینەوە سەر تەواو واتاکانی شیعر. چونکە خودی حەکیم بۆچوونەکانی لەمەڕ ھەڵەوێژی تەواو نەکردووە.[١١]»

  • ئەفلاتوون، شیعر لە باری ئەخلاقییەوە بە ماڵوێرانکەر دەزانێ و لە ڕوانگەی مەعریفەتناسییەوە بە دوور لە ڕاستی و بایەخی زانستی دەزانێ. ئەفلاتوون خۆی لە جوانیی ئەدەبی شیعر دەدزییەوە و تەنیا لە دەلاقەی ئەخلاقەوە بۆی دەڕوانی.

ئەو پێناسانەی لە کۆندا بۆ شیعر دەکرا، ئەگەرچی مەرجی پێویست (لانیکەم) ی دەگرتەوە، بەڵام داگری ھەموو مەرجەکانی شیعر نەبوو. واتە زۆرتر توخم و ھێما ڕواڵەتییەکانی شیعری دەبینی، نە گیان و جەوھەری دەروونی و میتافیزیکی ئەو. ڕاستییەکانی نێو دڵی شیعر، نە لە وتن دێ، نە وەردەگێڕدرێ و نە دەخرێتە ژێر ڕەخنە. بەم شرۆڤەوە شیعر خودی ژیانە، واتە ئەزموونی ژیان. کەوابوو وەک خودی ژیان نزم و بڵیندی ھەیە.[١٢] شیعر ھەم شۆر و ئارەزووی ڕەھایە وەک گۆرانی دڵداری وەلی دێوانە و ھەم تێگەیشتن و ژیری ڕەھایە وەک قەسیدەکانی ئەحمەد موفتیزادە[١٣] و ھەم ئاوێتەیەکە لە شۆر و ژیری وەک شیعرەکانی مەولەوی کورد، نالی و مەحوی.

جۆرەکانی شیعر[دەستکاری]

شیعری بڕگەیی[دەستکاری]

لە شیعری بڕگەییدا پایەی کێش، ژمارەی بڕگەی باڵەکانە؛ وەک شیعری فولکلوری کوردی کە بیست بڕگەی چوار بەشییە.[١٤] کێشی بڕگەیی، جۆرێک لە کێشی شیعرە کە چۆنیەتی بڕگەکانی شیعر (واتە کورت، درێژ و کێشراو) لە بەرچاو ناگیرێت و ژمارەی بڕگەکان، کێشی شیعرەکە پێک دەھێنن. بەم بۆنەوە جاروبار بە کێشی ژمارەییش دەناسرێت. بەم پێیە شیعری بڕگەیی بە ٧ بڕگەیی، ٨ بڕگەیی، ١٠ بڕگەیی، ١٢ بڕگەیی و... پۆلێن دەکرێت.[١٥] نموونەیەک لە شیعری بڕگەیی لە مەولەوی کورد و ژمارەی بڕگەکانی:

ھە‎رچی دیت وە چە‎م شی وە سە‎فە‎ردا
١ ٢ ٣ ٤ ٥ / ٦ ٧ ٨ ٩ ١٠
ھە‎رچی موینی ھانە گوزە‎ردا
١ ٢ ٣ ٤ ٥ / ٦ ٧ ٨ ٩ ١٠
کە‎س حاڵی نە‎بی وە ھیچ نە‎فاما
١ ٢ ٣ ٤ ٥ / ٦ ٧ ٨ ٩ ١٠
ئە‎و پە‎ی چێش ویە‎رد، ێێد پە‎ی چێش ئاما
١ ٢ ٣ ٤ ٥ / ٦ ٧ ٨ ٩ ١٠

لێکۆڵینەوەکان پیشان دەدەن کە پێش ھاتنی دینی ئیسلام و لێژ درانی زمان و فەرھەنگی عەرەب بۆ وڵاتانی ڕۆژھەڵاتی ناوین، شیعری بڕگەیی لە کوردستان و ناوچەکانی تری ئێراندا لە برەودا بووە. کۆنترین شیعری بەجیماو لەو سەردەمە گاساکانی ئەڤێستایە کە لە سەر کێشی بڕگەیی ھۆنراون. لە ساڵی (١٩١٠) لە کۆڵینێکی شوێنەوارناسی لە گوندی ھەزار مێردی پارێزگای سلێمانی، پارچە شیعرێکی بڕگەیی، ھی سەدەی دووھەمی کۆچی دۆزرایەوە:[١٦]

ھورمزگان ڕمان، ئاتران کوژان وێشان شاردەوە گەورە گاوران
زۆرکاری ئارەب کەردنە خاپوور گنای پاڵەیی ھەتا شارەزوور
شەن و کەنیکان وە دیل بەشینا مێرد ئازا تلێی وە ڕووی ھوونینا
رەوشت زەردەشترە، مانۆوە بێ کەس بەزیکا نەیکا، ھورمز وە ھیچ کەس[١٧]

شیعری عەرووزی[دەستکاری]

لە سەرتاسەری شیعری عەرووزیدا، کێشێکی دیاریکراو، بە ناوی بەحر ھەیە.[١٨]
جیاوازی کێشی عەرووزی و بڕگەیی لەوەدایە کە لە عەرووزدا، شیعرەکان بڕگە-بڕگە دەکرێن بە کورت، درێژ و کێشراو. نموونەی شیعرێکی عەرووزی لە حاجی قادری کۆیی و بڕگە-بڕگە کردنی:

ھە‎تا وە‎ک ئاگری بن کان لە‎گە‎ڵ یە‎ک
¤ - - - / ¤ - - - / ¤ - -
ئە‎گە‎ر تۆفان بێ لە‎شکرتان بە پووشە‎ک
¤ - - - / ¤ - - - / ¤ - -
مفاعیلن مفاعیلن فعولن

شیعری نوێ[دەستکاری]

وتاری سەرەکی: شیعری نوێی کوردی

ھەڵبەستێ کە بە ئاھەنگ و کێش و سەرواوە نەبەسرابێتەوە[١٩].
یەکەمین برووسکەی گۆڕانکاری لە شیعری کوردی بۆ سەرەتاکانی دەیەی چلی زایینی و بەرھەمەکانی شێخی نووری و شێخ ساڵح دەگەڕێتەوە. ڕەنگە شیعری (حەقە ئەمڕۆ)ی شێخی نووری بەس بووبێ بۆ ھەڵگرساندنی شەڕی نێوان کلاسیک و نوێخوازی. شێخی نووری لەم شیعرەدا بە تیزەوە چوارچێوە و یاساکانی شیعری کلاسیک دەبەزێنێ. دوایی شێخی نووری لە ژێر کارتێکەری وێژەی ترک، بزاڤی نوێخوازی لە شیعری کوردی دەجمێنێ و بوار بۆ گۆران خۆش دەکا تا چەندین ساڵ دواتر، شێلگیرانە تێھەڵچێ و ئەو کارە بکا کە نیما لە شیعری فارسیدا کردی (ھەرچەن گۆران دایمە شێخی نووری بە ڕچەشکێن و ئاڵاھەڵگری شیعری نوێی کوردی دەزانی).بەم پێیە شیعری نوێی کوردی بە دوو قۆناخ دابەش دەبێت[٢٠]:

  • قۆناخی گۆران
  • قۆناخی پاش گۆران (شیعری سپی)

گۆران کە شیعری کوردی بە باشی دەناسی، کتوپڕ سەری لە کێش و سەروای عەرووزی بادا و شیعری کوردی لە باری فۆرم و ناوەرۆکەوە گۆڕی. گۆران لەو باوڕەدا بوو کە نیزامی عەرووزی عەرەبی لەگەڵ ڕۆحی شیعری کوردیدا ناگونجێ و بە یەکجاری (کێشی عەرووزی) و (بەرابەری بەیتەکان) و (بڕگەی عەرووزی) وەلانا و گەڕاوە سەر بنەڕەتی شیعری کوردی( کێشی بڕگەیی). گۆران بە ئیمانێکی قووڵەوە دەستی بەم کارە کرد و ڕاشکاوانە دەیگوت: "مۆسیقای بەحرەکانی عەرووزی، بێجگە ئاھەنگ، شتێک بە ھەست و نەستی مرۆڤ نابەخشێت. تەنیا ئەوانە چێژ لەم کێشە دەبینن کە خۆیان دانەری بوون و پێی ڕاھاتوون. شیعری کوردی ئەم دیارییەی بۆ قووت ناچێ."
گۆڕانکارییەکانی گۆڕان، زۆر زوو پێشوازی لێکرا و شاعیرانێکی زۆر ڕوویان تێکرد؛ شاعیرانێ وەک : موکری ، ھەرەوی و ... بە لاسایی گۆران شیعریان ھۆنییەوە. دووپاتە بوونەوەی بەردەوامی شێوازی گۆران بووە ھۆی مەندی و لەجووڵە کەوتنی بزاڤی نوێی شیعری کوردی و سەرھەڵدانی قەیرانێکی تازە. لەگەڵ کرانەوەی چاو و دڵی شاعیران بە شیعری نوێی وڵاتانی دەوروبەر، شیعری ئازاد یان شیعری سپی کوردی چاوی بە دنیا ھەڵێنا. شاعیرانی شیعری ئازاد لە سێ بەرەدا، بریتین لە:

  • شاعیرانی دەیەی حەفتاد: لە سەرەتاکانی دەیەی حەفتادی زایینی، شاعیرانێ وەک شێرکۆ بێکەس ، عەبدوڵڵا پەشێو ، ڕەفیق سابیر ، لەتیف ھەڵمەت و ... سەریان ھەڵدا و بە خوێندنەوەی ئەدەبی جیھان -لە ڕێگای وەرگێڕاوە عەرەبییەکانەوە- درکیان بە ڕاوەستانی شیعری کوردی کرد و بە دەردانی بلاڤۆکێک (ڕوانگە)، پێویست بوونی گۆڕانکاری لە شیعری کوردییان ڕاگەیاند. شاعیرانی دەیەی حەفتاد لە دوو پۆلی (ڕوانگە) و (کفری کەرکووک) دەستیان بە چالاکی کرد؛ شاعیرانێ وەک شێرکۆ بێکەس ، جەلال میرزاکەریم و... لە پۆلی ڕوانگە و کەسانێ وەک لەتیف ھەڵمەت و فەرھاد شاکەلی و ... لە پۆلی کفری کەرکووک.
لە دیکەی شاعیرانی دەیەی حەفتاد: ڕەفیق سابیر ، عەبدوڵڵا پەشێو ، ئەنوەر قادر محەمەد ، قوباد جەلیزادە ، دڵشاد حەبدوڵا و ...
  • دەیەی ھەشتاد: لە درێژەی ڕەوتی نوێخوازانەی شیعری مۆدێڕنی کوردی و گۆڕانکارییەکانی دەیەی حەفتا، شاعیرانێ تر لە دەیەی ھەشتاد سەریان ھەڵدا کە جیاوازی لە بەرھەمەکانیاندا دیار بوو. چالاکترینیان گرووپی دەسپێکی ھەولێر بوو، کەسانێ وەک: مەھاباد قەرەداغی ، محەمەد عومەر عوسمان ، جەلال بەرزەنجی و ...ھەروەھا بەڕۆژ ئاکرەیی کە لە کۆتاییەکانی دەیەی ھەشتاد شێلگیرانە دەستی بەکار کرد و بە بڵاوکردنەوەی چەندین کتێب لە دەیەی نەوەددا، لە ژێر کارتێکەری شیعری فارسی، کەشێکی تازەی لە شیعری کوردیدا بەدی ھێنا.
دەیەی نەوەد: کۆتاییەکانی دەیەی ھەشتاد ڕێکەوت بوو لەگەڵ گت و ڕاوەستانێکی تر لە شیعری کوردی. زاڵ بوونی شێوازی شاعیرانی دەیەی حەفتاد، ڕەوتی نوێخوازی شیعری کوردی تووشی قەیران کردبوو، لە دەیەی نەوەد، بە ھاتنی چەن شاعیرێکی لاو، ئەم ڕچە شکاو شیعری کوردی دیسانەوە بووژاوە. شاعیرانێ وەک: بەختیار عەلی ، دڵاوەر قەرەداغی ، فەرھاد پیرباڵ ، فەرەیدوون پێنجوێنی و ... کە بە کاری نوێ و جیاواز نیشانیان دا کە شیعری مۆدێڕنی جیھانی باش دەناسن و لە تایبەتمەندییەکانی شیعری کوردیش بە باشی ئاگادارن. فەرھاد پیرباڵ لە شیعری "مانیفێستی دووھەمی وێران" (؟) ھەوڵ دەدا بە فۆرمێکی تازەی پێکھاتەی شیعر بگات. پیرباڵ لەم شیعرەدا ھێرش دەکاتە سەر ڕەسم و یاسا و ڕێسا کۆنەکانی شیعری کوردی.

ڕەوتی نوێخوازی لە ڕۆژھەڵاتی کوردستان[دەستکاری]

ڕەوتی نوێخوازیی شیعری کوردی، لە کوردستانی ئێران، پاش شەپۆلی گۆڕانکاری شیعری لە وڵاتانی دراوسێ، دەستی پێکرد. پاش شۆڕشی شیعری نیما لە ئێران و گۆڕانی شیعری کوردی لە لایەن گۆڕانەوە لە کوردستانی عێراق ، شاعیرانێ وەک سوارە ئیلخانیزادە ، قاسم موەیەدزادە (ھەڵۆ)، ڕێبوار ، چاوە شیخولیسلامی و ... بە سوود وەرگرتن لە شۆڕشی شیعری نیما و ڕێکخستنی لەگەڵ وێژە و شیعری کوردی، بەرەو نوێخوازی شیعری کوردی ھەنگاوی باشیان نا.
لە ئاخرەکانی دەیەی پەنجای ھەتاوی و سەرەتاکانی دەیەی شەست، شاعیرانێ وەک جەلال مەلەکشا ، عەلی حسەینیانی و شەریف حسەین پەناھی (شەریف) لەم بوارەدا قەڵەمیان بە دەستەوە گرت. لە دەیەی حەفتادا کۆمەڵێک شاعیری لاو سەریان ھەڵدا کە بە ئاگاداری لە گۆڕانکارییەکانی شیعری جیھان، بەرھەمی تازە و جیاوازیان خولقاند. کەسانێ وەک : مارف ئاغایی[٢١] ، فەرەیدوون ئەرشەدی [٢٢]، ژیلا حسەینی [٢٣]، محەمەدساڵح سووزەنی[٢٤] ، ڕەحیم لوقمانی ، سیمین چایچی[٢٥] ، کولسووم عوسمانپوور[٢٦] و ... و ھەروەھا لەم ساڵانەدا شاعیرانێکی لاوتر وەک: ڕەزا عەلیپوور ، ئیبراھیم ئەحمەدی نیا[٢٧]، کامبیز کەریمی[٢٨] ، ئەمیر گەردیگلانی و...بە کاری نوێتر و جیاوازتر، کەشێکی تازەیان لە شیعری کوردی بەدی ھێنا.

قاڵبەکانی شیعر[٢٩][دەستکاری]

قاڵبەکانی کۆنی شیعری ئێرانی[دەستکاری]

  • مەسنەوی (دووخشتەکی): قاڵبێکە لە شیعری عەرووزی کە ھەموو بەیتەکان لە سەر یەک کێش ھۆنراون، بەڵام ھەر بەیتێک سەروای سەربەخۆی ھەیە و مەرج نییە لەگەڵ بەیتەکانی تر ھاوسەروا بێ.
  • قەسیدە : قاڵبێکی درێژە لە شیعری عەرووزی (زۆرتر لە ١٤ بەیت تا ٢٠٠ بەیت) کە باڵی یەکەم لەگەڵ باڵە جووتەکاندا ھاوسەروایە. جیاوازی قەسیدە و غەزەڵ لە ژمارەی بەیتەکان و بابەتی شیعردایە.
  • غەزەڵ : قاڵبێکی شیعرە(لە نێوان ٧-١٢ بەیت) کە ھەموو بەیتەکان لە سەر یەک کێش ھۆنراون و باڵی یەکەم لەگەڵ باڵە جووتەکاندا ھاوسەروایە.
  • موسەمەت: قاڵبێکی شیعری کۆنە کە شاعیر شیعرەکەی لە سەر چەن باڵی ھاوسەروا دادەڕێژێ، بەڵام سەروای باڵە ئاخرەکان دەگۆڕێ و سەروای باڵە ئاخرەکانیش پێکەوە ڕێک دەخا. وەک پارچە ھەڵبەستی بەناوبانگی "کرانشینی" ی شامی کرماشانی .
  • موستەزاد : ئەم قاڵبە لە ڕاستیدا غەزەڵێکە، کە وشە یان ڕستەی ھۆنراو بە ئاخری ھەموو باڵێکی زیاد دەکرێت( وەک ئەم شیعرەی نالی : "ئەی تازەجەوان پیرم و ئوفتادە و کەوتووم*تا ماوە حەیاتم/ دەستێ بدەرە دەستی شکستەم کە لە دەس چووم*قوربانی وەفاتم)
  • تەرجیع بەند :
  • تەرکیب بەند
  • قەتعە : نەوشەک، ھەڤۆک، وەند، قاڵبێکی شیعرییە بە ٢ تا ٢٠ بەیتەوە لە سەر یەک کێش و سەروا، کە پێچەوانەی قەسیدە و غەزەڵ باڵی یەکەم و دووھەمی بەیتی دەسپێک ھاوسەروا نین.[٣٠]
  • چوارینە : جۆرێک شیعری چوار لەتی سێ سەرواییە لە سەر کێشی لا حَولَ و لا قُوَّةَ اِلاّ بِاللە ھۆنراوە. وەک چوارینەکانی خەیامی ھەژار .
  • چوارخشتەکی : جۆرێک شیعری چوار لەتی کە باڵی ١و٢و٤ پێکەوە ھاوسەروان و پتر لە سەر کێشی (مفاعیلن مفاعیلن مفاعیل) دەھۆنرێت. وەک چوارخشتییەکانی بابەتاھیر
  • فەرد : قاڵبێکی یەک بەیتی، کە زۆرتر دەبێتە پەند.

قاڵبە بەناوبانگەکانی شیعری جیھان[دەستکاری]

سەرچاوە[دەستکاری]

  1. لێکدانەوەی واتای شیعر، کارێکی ئەستەمە. بۆچوونی جۆراوجۆر بۆ بابەتی شیعر، بووەتە ھۆی سەرھەڵدانی مەکاتیبی وێژەیی جۆراوجۆر. ئەم واتایەی پێشکەش کرا، لێکدانەوەی تاکەکەسی نووسەری ئەم وتارەیە کە داگری کاکڵەی بۆچوونەکانی لایەنگرانی شیعری عەرووزی و ھەروەھا شیعری ئازادە، و لە زەق کردنەوەی خاڵە دژبەرەکان خۆی لاداوە.
  2. http://noorportal.net/90/152/32939/55961.aspx
  3. http://razzazi.se/index.php?id=26%7C سروودە ئەھووراییەکانی زەردەشت
  4. http://www.ibna.ir
  5. http://www.webcitation.org/6CydRBpwq
  6. http://alaam.tahoor.com/page.php?id=12037
  7. عەبدولحسێنی زەڕینکووب- «یادداشت‌ھا و اندیشە ھا»، لاپەڕەی٦٤
  8. بووتیقا، بەرگی ١٣
  9. جێگە و پێگەی شیعر لە لۆجیکدا، نووسەر: عەباسی ئەحمەدی سەعدی
  10. کارکردھای شعر در نظر فیلسوفان مسلمان، نووسەر: سەید مادی زەرقانی
  11. [١]
  12. سەید حەسەن ئەمین، تعریف شعر
  13. ڕوونە کە شیعرەکانی ئەحمەد موفتیزادە تێکەڵێکن لە شۆر و دڵداری و ژیری، بەڵام چون باری فێرکاری و پەروەردەیی لە بەرھەمەکانی ئەودا بەرچاوترە، لێرەدا وەک نموونەیەک بۆ شیعری ژیری ھێنراوە. پڕ ڕوونە کە لە نێو شاعیرانی کورددا نموونەی فراوانمان ھەیە کە نووسەری ئەم بابەتە بە بۆنەی ئاشنایی لەگەڵ شیعرەکانی ئەم شاعیرەدا، ئەمی وەک نموونەیەکی ڕوون بۆ ئەم بابەتە ھێناوە.
  14. فەرھەنگی فارسی-کوردیی زانستگای کوردستان
  15. یادداشتی بر اوزان ھجایی در شعر کردی
  16. تاریخ کردھا
  17. ھرمزگان؛ اولین شعر مکتوبِ ھورامی
  18. فەرھەنگی فارسی-کوردیی زانستگای کوردستان
  19. فەرهەنگی فارسی کوردیی زانستگای کوردستان
  20. نگاهی به جریان نۆگرایی در شعر کردی - مادح علی اقدم
  21. http://www.sherenab.com/News-View-1800.html
  22. وێبلاگی فەرەیدوون ئەرشەدی
  23. سەبارەت بە ژیانی ژیلا حسەینی دەتوانی سەردانی ئەم ماڵپەڕە بکەی.
  24. suzeni.blogfa.com/
  25. simin-chaichi.blogfa.com
  26. وێبلاگی کولسووم عوسمانپوور
  27. http://www.ebrahimahmadynia.blogfa.com/
  28. https://www.facebook.com/people/کامبیز-کریمی/100006713292991
  29. ویکی فارسی
  30. فەرهەنگی فارسی-کوردیی زانستگای کوردستان