ناری

لە ویکیپیدیاوە، ئینسایکڵۆپیدیای ئازاد
باز بدە بۆ: ڕێدۆزی، گەڕان

مەلا کاکە حەمە کوڕی مەلا ئەحمەد ناسراو بە ناری (١٨٧٤-١٩٤٤) شاعرێکی کورد خەڵکی ناوچەی مەریوان بووە. ھۆنراوەکانی نالی و مەحوی کارییان تێکردووە و وشەی «ناری»ی کردووە بە نازناوی ھۆنراوەی خۆی. ناری یەکێکە لە شاعیرەکانی رێبازی کلاسیزمی کوردی.


ژیان[دەستکاری]

ناوی کاکە حەمەیە و کوڕی مەلا ئەحمەدی کوڕی مەلا محەمەدی کوڕی مەلا عەربدولڕەحمانە. لەساڵی ١٨٧٤ دا لە گوندی کیکن لە ناوچەی مەریواندا ھاتۆتە دنیاوە. لە تەمەنی شەش ساڵیدا لای باوکی دەستی بەخوێندن کردووە، قورئان و پەڕتووکە وردەڵەکانی تەواوکردووە، ئینجا بەفەقێتی بەدوای خوێندن لە مەریوان، سنە، پێنجوێن، سلێمانی، بانە، سابڵاغ، وان، باشقەڵا، ھەولێر و ڕەواندز گەڕاوە. لە ڕەواندز لای مامۆستا ئەسعەدە فەندی خەیلانی ئیجازەی مەلایەتی لە ساڵی ١٨٧٩ وەرگرتووە و گەڕاوەتەوە بۆ کیکن. پاشان بە داوای حسێن بەگ مالکی بێلوو چووە گوندی بێلووی نزیک بە مەریوان و بە دەرس وتنەوەوە خەریک بوە تا ساڵی ١٩٤٤ کۆچی دوایی کردووە و ھەر لە بێلوو بەخاک سپێردراوە.

ناری لە ئەو کەسانەیە لەگەڵ ئەوەدا کە ھۆنراوەی ئایینی و غەرامیی ھەیە، گەلێک ھۆنراوەی نیشتمانیشی ھەیە. لە دۆستانی بە ناوبانگی ناری ئەتوانین ئاماژە بکەینە سەر تاھیر بەگی جاف و شێخ مەحموودی حەفید کە گەلێک ھۆنراوە و پەخشانی زۆر جوانی بۆ داناون.

رووخساری ھۆنراوەکانی[دەستکاری]

  • کێشی عەرووزی عەرەبی بەکارھێناوە.
  • یەکێتی قافیەی پاراستووە.
  • وشەی عەرەبی و فارسی لە ھۆنراوەکانیدا دیارە.
  • گرنگی بەوشەکاری و ڕازاندنەوە داوە، لە وشە دەربڕین و بەھرەی وشە ئاراییدا شارەزاییەکی بەتوانا بووە.
  • ئارەزووی لە جیناس لە شێعردایە. بۆ نموونە ئەم شێعرە:

بە شمشێری مەلالەت بوو، کەوا جەرگی مەلا لەت بوو
بەڵێ مەشھووری ئافاقە مەلا نیوەی مەلالەت بوو
بە پیکی خەم لە سەر سنگی کەلالەت، گەوھەری قەلبی
وەھا لێدا زەمانە، دەستی بشکێ وەک کەلا لەت بوو

ناوەڕۆکی ھۆنراوەکانی[دەستکاری]

لەڕووی ناوەڕۆکەوە ئەم مەبەست و بابەتانە بەئاشکرا لە ھۆنراوەکانیدا دەدرەوشێتەوە:

  • دڵداریی و خۆشەویستیی
  • ستایشی ئایینی
  • نیشتمانپەروەریی و نەتەوایەتی

نموونەی شیعرێکی دڵداری لای ناری:

چاوەکەم من بۆیە دایم کارو پیشەم زارییە
حاکمی چاوت لەگەڵ من مایلی غەدارییە
شۆڕش و ناڵینی کەس بێ وەجھو بێ عیللەت نییە
ئاھی من فەریادی بولبول ئیشی بێ غەم خوارییە
من ھەر ئەو رۆژە دەسم شۆری لەڕۆحی خۆم کەدیم
حەزرەتی خوون خواری ئەبرۆت مەشرەبی خوونخوارییە
گەر دەپرسی بۆچی بێ نەشئەو مەلوول و عاجزی
روومەتی زەردم عەزیزم شاھیدی بێ بارییە
کەم بە خەندە بێ بەلامۆ حەیفە تەعنەم لێ دەدەی
لێم گەڕێ توبێ و خودا ئەم جارە دەردم کارییە
دڵ لەشامی پەرچەمی رووتا بەدایم بێ خەوە
چونکە کێشکچی لەشەودا عادەتی بێدارییە
حیکمەتی پڕ مەسئەلەی کوڵمت لەبۆ کێ حەل دەبێ؟
ھەر سەحیفە سەد ئیشارەو رەمزی تێدا جارییە
خاڵی رووخسارت ھیدایەت بەخشە، شەرحی زوڵفەکەت
قازی ئاسا حاشیەی ئەگریجەگەکانت لارییە
رووت وەکوو ئاتەش موژەت وەک شیشە ئەبرۆت قیمەکێش
میڕوەحەت زولف و کەبابت جەرگی پارەی نارییە