قاسم موئەیەدزادە

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
مامۆستا قاسم موئەیەدزادە

لەدایکبوون١٩٥٢
نیشتەجێیمەھاباد
نەتەوەکورد
ناوەکانی ترھەڵۆ
پەروەردەلیسانس
پیشەشاعیر
ئایینئیسلام ، سوننی
مناڵ(ەکان)دیاکۆ، ڕەزا و ...


قاسم موئەیەدزادە ناسراو بە ھەڵۆ (لەدایبکووی ١٩٥٢ لە مەهاباد، ڕۆژهەڵاتی کوردستان) شاعیرێکی کوردە.

ژیان[دەستکاری]

قاسم موئەیەدزادە ساڵی ١٩٥٢ (١٣٣١ی هەتاوی) لە شاری مەھاباد لە دایک بووە و خوێندنی سەرەتایی ھەر لەو شارە دەس پێ کردووە و ساڵی ١٩٧١ دیپلۆمی وەرگرتووە.

ساڵی ١٩٧٥ چووەتە فێرگەی مامۆستایان لە ورمێ و دوو ساڵ دواتر (١٩٧٧) فەوقی دیپلۆمی زمانی ئینگلیزی تەواو کردووە و تا ساڵی ١٩٩٣ وانەی ئینگلیزی وتووەتەوە. ساڵی ١٩٩١ لە زانستگای ئازادی ئیسلامیی لقی مەهاباد بەکالوریۆسی زمان و وێژەی فارسی وەرگرتووە و لە مامۆستایەتیش بەردەوام بووە.[١][٢]

شیعر[دەستکاری]

قاسم موئەیەدزادە لە تەمەنی لاوێتییەوە دەستی بە شیعر وتن کردووە. شاکاری (یارە ژیکەڵانەکەم)ی[٣] لە تەمەنی بیست و پێنج ساڵیدا (١٩٧٧) هۆنیوەتەوە. بە زمانی کوردی و فارسی و بە هەردووک شیوەکانی عەرووزی و نوێ خاوەنی بەرهەمە، هەروەها شیعری هەجویشی هەیە.[٤] هەڵۆ دوای هاوار، چاوە و کاک سوارە بە چوارەم کەس لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان پێناسە دەکرێ کە شیعری نوێی کوردی دانابێ.[٥]

بەرهەمەکان[دەستکاری]

قاسم موئەیەدزادە خاوەنی دوو بەرهەمی چاپ کراوە کە لە هەمبەر شێوەی بڵاو بوونەوەی دانەیەکیان ناڕەزایەتی دەربڕیوە[٦]:

  • برووسکە[٧] (کۆمەڵە شیعری نێوان ساڵەکانی ١٩٧٢ بۆ ١٩٩٨)
  • برووسکە و ڕەهێڵەی دوای برووسکە[٨] (سەرجەم بەرهەمە شیعرییەکان)

نموونەی شیعری[دەستکاری]

سێڵاو هات و
ڕووگەیەکم بوو، ڕووخاندی.
بەڵام لافاویش نەیتوانی
خۆشەویستیت، لە دڵما بکووژێنێتەوە.
ئەجەل هات و گیانی بردم،
بەڵام نەیتوانی ئەوینت
لەسەر دوایین چڵی دڵم هەڵبفڕێنێ.
ئەوە ئێستەش وشکەساڵە و
تەنیا خوڕەی خۆشەویستیت
دەشت و کێو و دار و دەوەن دەخەمڵێنێ.
شەم و پەپوولە و ڕووبارە،
خۆشەویستیت.

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  1. ^ قاسم موئەیەدزادە، پشکۆ کامەران، خاک تیڤی، ٢٣ی ئایاری ٢٠٢٠ بڵاو کراوەتەوە.
  2. ^ قاسم موئەیەدزادە، کوردیپێدیا
  3. ^ یارە ژیکەڵانەکەم! قاسم موئەیەدزادە/هەڵۆ، ڕۆژپڕێس
  4. ^ کتێبی "نگاهی به تاریخ مهاباد" نووسینی سەید موحەممەد سەمەدی ، ١٣٧٣ هەتاوی
  5. ^ گۆڤاری باران، ساڵی یەکەم، ژمارە ٢، ئەیلوولی ٢٠١٦
  6. ^ ناڕەزایەتی شاعیری مەهابادی لە شێوازی لە چاپ دانی شیعرەکانی، هاژە، ٨ی ئابی ٢٠٢٠ بڵاو کراوەتەوە.
  7. ^ برووسکە، چاپەمەنی سەلاحەدینی ئەیووبی، چاپی یەکەم زستانی ١٣٧٩ (٢٠٠٠)
  8. ^ برووسکە و ڕەهێڵەی دوای برووسکە، چاپەمەنی مادیار