بۆ ناوەڕۆک بازبدە

پارێزگای حەکاری

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
(لە پارێزگای ھەکاریەوە ڕەوانە کراوە)

پۆتانەکان: 37°27′58″N 44°03′52″E / 37.46611°N 44.06444°E / 37.46611; 44.06444

پارێزگای ھەکاری
پارێزگا
وڵاتباکووری کوردستان، تورکیا
ناوچەئاناتۆلیای ڕۆژھەڵات
ڕووبەر
  سەرجەم٧١٢١ کیلۆمەتری چوارگۆشە (٢٬٧٤٩ میلی چوارگۆشە)
ژمارەی دانیشتووان
  سەرجەم٢٨٦٬٤٧٠
کۆدی تەلەفۆن٠٤٣٨
وێبگەhttp://www.hakkari.gov.tr/

پارێزگای ھەکاری یان پارێزگای جۆلەمێرگ یەکێکە لە پارێزگاکانی باکووری کوردستان کە لە ناوچەی ئاناتۆلیای ڕۆژھەڵات ھەڵکەوتووە. ناوەندی پارێزگاکە جۆلەمێرگە. ڕووبەرەکەی ٧١٢١ کیلۆمەتر دووجایە و ژمارەی دانیشتووانی ٢٨٦٬٤٧٠ کەسە بەپێی سەرژمێریی ساڵی ٢٠١٨. پارێزگاکە لە ساڵی ١٩٣٦ دامەزرا کاتێک لە پارێزگای وان دابڕاوە و لە ڕۆژاواوە بووەتە سنووری پارێزگای شرنەخ و لە باکوورەوە لەگەڵ خودی پارێزگای وان، لەکاتێکدا لە ڕۆژھەڵاتەوە لەگەڵ ئێران و لە باشوورەوە ھاوسنوورە لەگەڵ عێراق. پارێزگاکە بە قەڵای ناسیۆنالیزمی کوردی دادەنرێت و ھەروەھا بە شوێنێکی گەرمی ململانێی تورکیا و کورد.

پێکھاتەی دانیشتووان

[دەستکاری]

پارێزگای حەکاری دەکەوێتە باکووری کوردستان کە زۆرینەی ڕەھای دانیشتووانەکەی کوردن. حەکاری بە پارێزگایەکی عەشایەری دادەنرێت، کە زۆربەی کوردەکانی ئەوێ پەیڕەوی مەزھەبی شافعین لەگەڵ بوونی بەھێزی تەریقەتی نەقشبەندی لە دەوروبەری شەمزینان. عەشیرەتە کوردییەکانی ئەو پارێزگایە بریتین لە پنیانشی، ،ئورەماری، ئەرتووشی، دوسکی ، گەردی، ھەرکی، و پێش کۆمەڵکوژیی ئاشوورییەکان (کە زیاتر بە کۆمەڵکوژیی سەیفۆ دەناسرێت) لە ساڵی ١٩١٥دا، ژمارەیەکی زۆر دانیشتووی مەسیحیی ئاشووری لە عەشیرەتە جیاوازەکان لە ناوچەکەدا ھەبوون. ژمارەیەک لە عەشیرەتە ئاشوورییەکان نیشتەجێی پارێزگاکە بوون وەک جیلۆ، دز، باز، تخوما و تیاری. پەیوەندییەکانی نێوان ئاشووری و کوردەکان بە «پەیوەندیی پێکەوەژیانی گرژ» وەسف کراوە هەر لەم سالە دا سیتو ئاغا ئورەماری کە ناسراوە بە { سولتان-سیتو ئاغا ئورەماری } هێزێکی گەورە لە عەشیرەتی ئورەماری کودەکات وە هێرشێکی زور گەورە دەکاتە سەر دەڤەرە ئاشوریەکان وەکو دەڤەری جیلو وە باز وە توخوما وە تیاری وە بەروار ئەویش دەڤەرێکی گچکەیە لە دەڤەری تیاری لەم شەرەدا سیتو ئاغای ئورەماری دەتوانێت سەرکەوتنێکی یەکجار گەورە بەسەر ئاشوریەکان بەدەست بهێنێت پێشبینی کراوە لەم شەرە گەورەدا زیاتر لە ٢٥٠-٣٥٠ هەزار ئاشوری کوژران وە تەنانەت ئاشوریەکان سیتو ئاغای ئورەماری ناودەبەن بە { ئاتیلای حەکاری } چونکە ئەوندە ترسێکی گەورەی خستبوە دڵی ئاشوریەکان لەبەر ئەم هوکارە ئاشوریەکان کوچیانکرد بەرەو روژهەلاتی کوردستان بە تایبەتی دەڤەری ئورمیە وە سەلماس ، کە تێیدا ھەردوولا بە شێوەیەک لە شێوەکان توانیویانە پێکەوە بژین سەرەڕای ناکۆکییە بەردەوامەکان لەسەر زەوی و بەروبووم و کێشەکانی دیکە. ناڕەزایەتیی ئاشوورییەکان لە ناوچەکەدا زیاتر ئاراستەی عوسمانییەکان دەکرا وەک لە کوردەکان، ئەوەش بەھۆی دژایەتیی عوسمانییەکان بۆ کەمینە مەسیحییەکان، کە بە توخمێکی ناموسڵمانی ناپاکیان دەزانین.

لە سەرژمێریی ساڵی ١٩٤٥دا، ٩٨٫٨٪ی دانیشتووان موسڵمان بوون، لەکاتێکدا جوولەکەکان گەورەترین کەمینەی ئایینی بوون بە ڕێژەی ٠٫١٪. لە ھەمان سەرژمێریدا دەرکەوت کە ژمارەی قسەکەران بە زمانی کوردی گەیشتە ڕێژەی ٨٧٫٨٪، لەکاتێکدا ژمارەی قسەکەران بە زمانی تورکی گەیشتە ١١٫٤٪ی دانیشتووان. دانیشتووانە جوولەکەکەی پارێزگاکە کەمێک دوای ساڵی ١٩٤٨ بەرەو ئیسرائیل ڕۆیشتن. سەرژمێرییەکی دیکە لە ساڵی ١٩٥٠ –واتە تەنھا پێنج ساڵ دوای سەرژمێریی یەکەم– دەری خست کە ڕێژەی ٨٩٫٥٪ی دانیشتووان بە کوردی وەک زمانی یەکەم قسە دەکەن، لەکاتێکدا تورکی دووەم گەورەترین زمانی قسەکردن بوو لە ناوچەکەدا بە ڕێژەی تەنھا ٩٪. سەرژمێریی دانیشتووان لە ساڵی ١٩٥٥ ئەنجامێکی نزیکی لەگەڵ پێشووەکەی پیشان دا، کە تێیدا ڕێژەی قسەکەران بە زمانی کوردی وەک زمانی یەکەم گەیشتە ٨٨٫٤٪ی دانیشتووان، لەکاتێکدا زمانی تورکی ١١٫٥٪ی تێنەپەڕاند، و ھەمان سەرژمێری دەری خست کە ١٠٠٪ی دانیشتووان موسڵمانن. ھەردوو زمانی کوردی و تورکی وەک دوو گەورەترین زمانی سەرەکی لە سەرژمێریی ساڵی ١٩٦٠دا مانەوە بە ڕێژەی ٨٠٫٧٪ بۆ یەکەمیان و ١٩٫٢٪ بۆ دووەمیان، و ھەروەک سەرژمێریی پێشوو موسڵمانان ١٠٠٪ی دانیشتووانیان پێکھێنا، کە ئەمەش –بەپێی ئامارەکە– واتە ھەموو دانیشتووان پەیڕەوی ئیسلامن. زمانی کوردی لە دوا سەرژمێریدا کە لە تورکیا لە ساڵی ١٩٦٥ ئەنجام درا، وەک گەورەترین زمانی یەکەم مایەوە بە ڕێژەی قسەکەرانی ٨٦٫٢٪، لەکاتێکدا تورکی وەک دووەم گەورەترین زمانی قسەکردن لە پارێزگاکەدا مایەوە بە ڕێژەی ١٢٫٣٪، و لە ھەمان ئاماردا ھاتبوو کە ٩٩٫١٪ی دانیشتووان موسڵمانن و ٠٫٨٪ مەسیحین.

مێژوو

[دەستکاری]

دوای ئەو وێرانکارییەی بەسەر ناوەندە شارستانییەکانی مێزۆپۆتامیادا ھات لەسەر دەستی تەیموورلەنگ، ئەو سەرکردە سەربازییەی کە لەژێر پەردەی گەڕاندنەوەی ئیمپراتۆریەتیی مەغۆل کاری دەکرد، و دوای داگیرکردنی بەغدا و وێرانکردنی شاری تکریت و ژمارەیەک لە کڵێساکانی ناوچەکە بەدوایدا، ئیسماعیلی و موسڵمانانی سوننە و شیعە بەیەکسانی ڕووبەڕووی ھێرشی ھەرەمەکی بوونەوە لەلایەن تەیموورلەنگەوە لە نیوەی دووەمی سەدەی چواردەھەمدا. لە ئەنجامی ھەموو ئەمانەدا، کەمێک لە ڕزگاربووانی نێو ئاشوورییەکانی ھەکاری و ناوچەکانی دەوروبەری پەنایان بۆ ئەم ناوچەیە برد. ئەم ناوچەیە لەو ماوەیەدا زۆرێک لە قەشە و پاتریارکەکانی بەرھەمھێنا، چونکە پشتیان بەوە دەبەست کە بە جێنشینیی بۆماوەیی ناسراوە بۆ ڕێگریکردن لە ھەرەسھێنانی تەواوەتیی کڵێسا. تا سەدەی شازدەھەم، ئاشوورییەکان لە زۆرێک لەو شارانە نەمان کە پێشتر تێدا بڵاوبووبوونەوە وەک تەورێز و نسێبین، ھاوکات سەرۆکایەتیی کڵێسای ڕۆژھەڵات لە ساڵی ١٥٥٣دا لە بەغداوە گواسترایەوە بۆ مەراغە (ئێران).

کۆنترۆڵی عوسمانی

[دەستکاری]

ھەرچەندە ناوچەکە لە سەدەی شازدەھەمەوە بە ناو لەژێر کۆنترۆڵی عوسمانییەکاندا بوو، بەڵام وەک میرنشینێک (کە ئەوکات بە میرنشینی حەکاری دەناسرا) لەلایەن دانیشتووانە کوردەکەی و شوێنکەوتووە ئاشوورییەکانیانەوە بەڕێوە دەبرا. کوردەکان جووتیارانی ئەرمەنییان لە ناوچەکەدا نیشتەجێ کرد، پاشان دۆخەکە گۆڕا دوای حوکمڕانیی بەدرخان و چاکسازییەکانی تەنزیماتی عوسمانی، کە تێدا عوسمانییەکان توانییان کۆنترۆڵی تەواوەتیی خۆیان بەسەردا بسەپێنن بەبێ ئۆپۆزسیۆن. ناوچەکە بەشێک بوو لە ویلایەتی وان لە سەردەمی عوسمانیدا، کە خۆی و باشقەڵا (ئەلباک) پایتەختی ویلایەتەکە بوون، جگە لەو ماوەیەی کە لە ١٨٨٠ تا ١٨٨٨ درێژەی کێشا کاتێک بوو بە ویلایەتێکی سەربەخۆ. لە ساڵی ١٩٢٠ەوە حەکاری دەستی کرد بە بەرھەمھێنانی ئەو قوڕقوشمەی کە حکوومەت بەکاری دەھێنا –بەو پێیەی لە کانەکانی خاوەندارێتیی خۆیەوە دەھات– بۆ دروستکردنی فیشەک.

کۆمەڵکوژییەکانی بەدرخان

[دەستکاری]

لە سەدەی نۆزدەھەمدا زۆرێک لە ناوەندە کوردییەکان دەرکەوتن کە لە ناوچەکەدا کێبڕکێیان دەکرد، میر محەممەد میری سۆران کە دەکەوێتە دەوروبەری ڕەواندز، توانیی ڕکابەرەکانی دوور بخاتەوە و کۆنترۆڵی ناوچەیەک بکات کە لە مێردینەوە تا ئازەربایجانی ئێران درێژ دەبووەوە، بەڵام کاتێک لە ساڵی ١٨٣٨ ھەوڵی دا ئاشوورییەکانی ھەکاری ملکەچ بکات، لە شەڕدا شکستی ھێنا. عوسمانییەکان ھەوڵیان دا کۆنترۆڵی خۆیان بەسەر ناوچەکەدا بەھێز بکەن، بۆیە کەوتنە جەنگێکی تێچوو زۆرەوە لەگەڵیدا کە لە کۆتاییدا بووە ھۆی ھەڵوەشاندنەوەی میرنشینەکەی. بەدرخان بەگ لە بۆتانەوە، دوای کەوتنی ڕکابەرە سەرەکییەکەی، ھەوڵی دا دەسەڵاتی خۆی بەسەر ناوچە ئاشوورییەکانی ھەکاریدا فراوان بکات، بۆیە ناکۆکیی نێوان پاتریارک شیمۆنی حەڤدەھەم ئیبراھیم و نوورووڵڵا میری ھەکاریی قۆستەوە. بەدرخان لەگەڵ نوورووڵڵا ھاوپەیمانیی بەست و لە ھاوینی ساڵی ١٨٤٣ ھێرشی کردە سەر ئاشوورییەکان لە ھەکاری و کۆمەڵکوژی کردن و ئەوانەشی ڕزگاریان بوو بە کۆیلە بردی، پاشان کۆمەڵکوژییەکی دیکە لە ساڵی ١٨٤٦ لە دژی عەشیرەتی تیاری لە ھەکاری ڕووی دا. ھێزە ڕۆژاوایییەکان کە نیگەران بوون لە کۆمەڵکوژییەکان، فشاریان خستە سەر عوسمانییەکان بۆ دەستێوەردان، بۆیە لە کۆتاییدا میری بۆتانیان شکست پێ ھێنا و لە ساڵی ١٨٤٧دا بۆ دوورگەی کریت دووریان خستەوە.

جینۆساید

[دەستکاری]

لە سەروبەندی جەنگی جیھانیی یەکەمدا بە بنیامین پاتریارک شیمۆنی نۆزدەھەم بەڵێنی مامەڵەی تایبەت درا وەک ئامادەکارییەک بۆ جەنگ، بەڵام کەمێک دوای دەستپێکردنی جەنگ، نیشینگە ئاشووری و ئەرمەنییەکانی باکووری ھەکاری کەوتنە بەر ھێرش و تاڵانکردن لەلایەن ھێزە کوردییە ناڕێکخراوەکانەوە کە ھاوپەیمانی سوپای عوسمانی بوون لە جینۆسایدی ئاشوورییەکاندا، ھاوکات دیلەکان ناچار کران پەیوەندی بە کەتیبەکانی کارەوە بکەن پێش ئەوەی دواتر لەسێدارە بدرێن. خاڵی وەرچەرخان ئەوکاتە بوو کە برای پاتریارک لە کاتی خوێندنیدا لە قوستەنتینیە دەستگیر کرا، کە عوسمانییەکان داوای بێلایەنیی ئاشوورییەکانیان دەکرد، پاشان وەک ھۆشدارییەک بۆ ئەوان لەسێدارەیان دا، لە بەرامبەردا پاتریارک لە ١٠ی نیسانی ١٩١٥دا جەنگی دژی عوسمانییەکان ڕاگەیاند.

ئاشوورییەکان دەستبەجێ لەلایەن کوردە ناڕێکخراوەکانەوە کە لەلایەن عوسمانییەکانەوە پشتیوانی دەکران ھێرشیان کرایە سەر، ئەمەش وای کرد زۆربەی ئاشوورییەکان لە ھەکارییەوە بەرەو لووتکەی چیاکان ھەڵبێن، لەکاتێکدا ئەوانەی لە گوندەکانیاندا مانەوە کوژران. شیمۆن بنیامین توانیی بەرەو ورمێ (کە ئەوکات لەژێر کۆنترۆڵی ڕووسەکاندا بوو) ھەڵبێت و ھەوڵی دا ڕووسەکان ڕازی بکات ھێزێکی بەھاناوەچوون بۆ ئاشوورییە گەمارۆدراوەکان بنێرن، بەڵام ڕووسەکان وەڵامیان دایەوە کە داواکارییەکە ناماقووڵە. شیمۆن گەڕایەوە ھەکاری و سەرکردایەتیی ٥٠٬٠٠٠ لە ڕزگاربووانی ئاشووریی کرد بەناو چیاکاندا بەرەو شوێنی ئارام لە ورمێ، بەڵام ھەزاران کەس بەھۆی سەرما و برسێتییەوە لەم ڕێپێوانەدا گیانیان لەدەست دا. تورکیا لە ساڵی ١٩٢٤دا کۆتا دانیشتووانی مەسیحیی ناوچەکەی دەرکرد.

لە تورکیا

[دەستکاری]

لەپێناو بەتورککردنی دانیشتووانی ناوچەکە، لە حوزەیرانی ١٩٢٧دا یاسای ژمارە ١١٦٤ دەرچوو کە ڕێگەی بە دامەزراندنی ئەوە دەدا کە بە پشکنەرایەتییە گشتییەکان (بە تورکی: Umumi Müfettişlik) دەناسران، کە لە ژمارەیەک لە پارێزگاکان چالاک بوون لەوانە ھەکاری، سێرت، وان، مێردین، بدلیس، ڕحا، خارپێت و ئامەد. یەکەم پشکنەرایەتیی گشتی لە یەکی کانوونی دووەمی ١٩٢٨ دەرکەوت کە ناوەندەکەی لە ئامەد بوو. پشکنەرایەتییە گشتییەکان لەلایەن پشکنەری گشتییەوە بەڕێوە دەبران کە بە دەسەڵاتێکی فراوانەوە لە کاروباری مەدەنی و دادوەری و سەربازیدا حوکمی دەکرد. نووسینگەی پشکنەری گشتی لە ساڵی ١٩٥٢ لە سەردەمی حکوومەتی پارتی دیموکراتدا ھەڵوەشێنرایەوە، ھەرچەندە پارێزگای ھەکاری تا ساڵی ١٩٦٥ بۆ بیانییەکان قەدەغە بوو. ھەکاری لە ماوەی نێوان تەممووزی ١٩٨٧ تا ئابی ٢٠٠٢ لە چوارچێوەی ئەوەدا بوو کە ئەوکات بە ناوچەی نائاسایی دەناسرا، کە لەلایەن پارێزگاری باڵاوە بەڕێوە دەبرا کە خاوەنی دەسەڵاتی زیادە بوو بە پێچەوانەی پارێزگاری ئاسایی، بۆ نموونە توانای ئەوەی ھەبوو دانیشتووانی پارێزگاکە بگوازێتەوە و بە شێوەیەکی ھەمیشەیی نیشتەجێیان بکاتەوە.

سەرچاوەکان

[دەستکاری]

بەشداربووانی ویکیپیدیا، «ولاية حكاري»، ویکیپیدیای عەرەبی. سەردان لە ١١ی شوباتی ٢٠٢٦\ ٢٢ی ڕێبەندانی ٢٧٢٥.