داواکارییەکانی میوانداریی جامی جیھانیی فیفای ٢٠١٨ و ٢٠٢٢

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە

پڕۆسەی پێشکەشکردنی داواکاری بۆ میوانداریکردنی جامی جیھانیی فیفای ٢٠١٨ و ٢٠٢٢ پڕۆسەی دیاریکردنی وڵاتی خانەخوێی جامی جیھانیی فیفایە و بەھۆیەوە فیدراسیۆنی نێونەتەوەیی تۆپی پێ (فیفا) وڵاتی خانەخوێی جامی جیھانیی فیفای ٢٠١٨ و جامی جیھانیی فیفای ٢٠٢٢ دیاریکردووە.

بەشێوەیەکی فەرمی پڕۆسەکە لە ئازاری ٢٠٠٩ دەستی پێکرد، ١١ داواکاری لەلایەن ١٣ وڵاتەوە پێشکەشکرا، داواکارییەک کشایەوە و داواکارییەکی تریش پێش دەنگدانی دەستەی جێبەجێکاری فیفا لە تشرینی دووەمی ٢٠١٠ ڕەتکرایەوە. تەنھا ٢ داواکارییان بۆ میوانداریکردنی جامی جیھانیی فیفای ٢٠٢٢ بوو، ئەوانی تر داواکاری بوون بۆ ھەردوو وەشانەکە.

لەماوەی پێشکەشکردنی داواکارییەکاندا، سەرجەم داواکارییە نائەورووپییەکان بۆ میوانداریکردنی وەشانی ٢٠١٨ کشانەوە و سەرجەم داواکارییە ئەورووپییەکان بۆ وەشانی ٢٠٢٢ دوورخرانەوە. لەکاتی بڕیارداندا، داواکارییەکانی ئینگلتەرا و ڕووسیا و داواکارییە ھاوبەشەکانی بەلجیکا-ھۆڵەندا و ئیسپانیا-پورتوگال بۆ میوانداریکردنی جامی جیھانیی فیفای ٢٠١٨ مانەوە. وڵاتانی ئوسترالیا، ژاپۆن، قەتەر، کۆریای باشوور و ویلایەتە یەکگرتووەکان داواکارییان بۆ میوانداریکردنی جامی جیھانیی فیفای ٢٠٢٢ پێشکەشکرد. داواکاریی ئیندۆنیزیا بەھۆی نەبوونی پاڵپشتی حکوومەتەوە نەپاڵێورا و مەکسیکیش بەھۆی قەیرانی داراییەوە داواکارییەکەی کشانەوە.

لە ٢ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٠، ڕووسیا و قەتەر بۆ میوانداریکردنی جامی جیھانیی فیفای ٢٠١٨ و ٢٠٢٢ دیاریکران، پڕۆسەی دیاریکردنەکە کاردانەوەی لێکەوتەوە. مافی دەنگدانی ٢ ئەندامی دەستەی جێبەجێکاری فیفا ھەڵپەسێندرا بە تۆمەتی فرۆشتنی دەنگیان. دوای سەرکەوتنی قەتەر ئەم تۆمەتانە زیاتر دەرکەوتن. ١١ ئەندام لە کۆی ٢٢ ئەندامی دەستەکە سزادران، ھەڵپەسێنردران، بۆ ھەتا ھەتایی سڕکران یان ڕووبەڕووی دادگا کرانەوە.

پاشخان[دەستکاری]

لە تشرینی یەکەمی ٢٠٠٧، فیفا کۆتایی بە سیاسەتی سووڕانەوەی کیشوەری ھێنا، لە جیاتی ئەوە، وڵاتانی ھەمان یەکێتیی کیشوەری کە میوانداری دوا دوو پاڵەوانیەتییان کردووە مافی میواندارییان نیە، ئەفریقا بۆ ٢٠١٨ و ئەمریکای باشوور بۆ ٢٠١٨ و ٢٠٢٢ ناتوانن داواکاری پێشکەش بکەن.

ھۆکارەکانی وەکو ژمارەی یاریگای گونجاو و جێگایان لە وڵاتەکە کاریگەرییان لەسەر دیاریکردنی وڵاتی خانەخوێ ھەیە. شێوازی دەنگدان فرە گەڕە، لە ھەر گەڕێکدا پاڵێوراوی کەمترین دەنگ دووردەخرێتەوە تاکو تاکە پاڵێوراوێک بە زۆرینە دیاریدەکرێت.

سیاسەتی سووڕانەوە[دەستکاری]

پاش دیاریکردنی خانەخوێی جامی جیھانیی فیفای ٢٠٠٦، فیفا بڕیاریدا سیاسەتێک بۆ دیاریکردنی خانەخوێی وەشانەکانی داھاتوو پەیڕەو بکات. میوانداری لە نێو شەش یەکێتییە کیشوەرییەکە دەسووڕێتەوە، بۆ ھەر وەشانێک وڵاتانی پەکێتییەکە دەتوانن داواکاری پێشکەش بکەن. ئەم سیاسەتە تەنھا لە دیاریکردنی خانەخوێی جامی جیھانیی فیفای ٢٠١٠ (ئەفریقای باشوور) و جامی جیھانیی فیفای ٢٠١٤ (بەڕازیل) پەیڕەو کرا، کە تەنھا بۆ ئەندامانی کاف و کۆنمیبۆڵ کراوە بوو.

لە ئەیلوولی ٢٠٠٧، سیاسەتی سووڕانەوە خرایە ژێر پێداچوونەوە و شێوازێکی نوێ پێشنیار کرا، کە کیشوەری میوانداری دوا دوو وەشان مافی پێشکەشکردنیان نیە. دەستەی جێبەجێکاری فیفا ئەم پێشنیارەی لە ٢٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٠٧ لە زیورخ پەسەند کرد. بۆ میوانداریکردنی ٢٠١٨ داواکارییەکان دەکرێت لە کۆنکاکاف و ئەورووپا و ئاسیا و ئۆقیانووس پێشکەش بکرێن. ئەفریقا و کۆنمیبۆڵ بۆ ٢٠١٨ و کۆنمیبۆڵ بۆ ٢٠٢٢ ناتوانن داواکاری پێشکەش بکەن. کیشوەری براوەی میوانداریکردنی ٢٠١٨ لە خانەخوێی ٢٠٢٢ دوور دەخرێتەوە.

ڕێکاری دەنگدان[دەستکاری]

بۆ وەشانی ٢٠١٨ و ٢٠٢٢ی جامی جیھانیی فیفا، دەستەی جێبەجێکاری فیفا دەنگدەدات بۆ دیاریکردنی وڵاتی خانەخوێ. شێوازی دەنگدانی فرەخول پەیڕەو کرا بۆ دیاریکردنی وڵاتی خانەخوێ. ھەر ئەندامێکی دەستەی جێبەجێکاری فیفا یەک دەنگی ھەیە. ئەو وڵاتەی کەمترین دەنگ بەدەستدەھێنێت دوور دەخرێتەوە تاکو تاکە پاڵێوراوێک بە زۆرینە دیاریدەکرێت. لە حاڵەتی یەکسانی دەنگەکاندا، سێپ بلاتەری سەرۆک دەنگی یەکلاکەرەوەیە. دەستەکە لە ٢٤ ئەندام پێکدێت، دووانیان بەھۆی فرۆشتنی دەنگەوە ڕاگیران.

کارنامە[دەستکاری]

کارنامەی دیاریکردنی میواندار
بەروار پڕۆسە
١٥ی کانوونی دووەمی ٢٠٠٩ بانگھێشتنامەی فەرمی بۆ پێشکەشکردنی داواکاری
٢ی شوباتی ٢٠٠٩ داخستنی دەرگای پێشکەشکردنی داواکاری
١٦ی ئازاری ٢٠٠٩ کۆتا ڕۆژی پێشکەشکردنی پەڕاوی تۆمارکردنی داواکارییە تەواوەکان
١٤ی ئایاری ٢٠١٠ کۆتا ڕۆژی پێشکەشکردنی داواکارییەکان بە ھەموو زانیارییەکانیەوە
١٩ی تەممووزی ٢٠١٠ دەستپێکرنی پشکنینی چوار ڕۆژی تاک بۆ پێشکەشکارانی داواکارییەکان
١٧ی ئەیلوولی ٢٠١٠ کۆتاییھاتنی پشکنین
٢ی کانوونی ٢٠١٠ دیاریکردنی خانەخوێی جامی جیھانیی فیفای ٢٠١٨ و ٢٠٢٢
داواکارییەکانی
٢٠١٨
بەلجیکاھۆلەند بەلجیکا-ھۆڵەندا
ئینگلتەرا ئینگلتەرا
ڕووسیا ڕووسیا
پورتوگالئیسپانیا ئیسپانیا-پورتوگال
داواکارییەکانی
٢٠٢٢
ئوسترالیا ئوسترالیا
ژاپۆن ژاپۆن
قەتەر قەتەر
کۆریای باشوور کۆریای باشوور
ویلایەتە یەکگرتووەکان ویلایەتە یەکگرتووەکان
داواکارییە
کشاوەکان
ئیندۆنیزیا داواکاریی ئیندۆنیزیا
مەکسیک مەکسیک
██ داواکاریی ٢٠١٨
██ داواکاریی ٢٠٢٢
██ داواکاریی ڕەتکراوە
██ دوورخراوە لە ٢٠١٨
██ دوورخراوە لە ھەردووکیان

داواکارییەکانی ٢٠١٨[دەستکاری]

٥ داواکاری بۆ میوانداریکردنی جامی جیھانیی فیفای ٢٠١٨ پێشکەشی فیفا کرا، کە ٤ داواکاری لە یەکێتیی تۆپی پێی ئەورووپا و داواکارییەک لە لایەن میسرەوە پێشکەشی فیفا کرا، میسر لە ڕێکارەکان دڵنیابووەوە و دەستبەرداری داواکارییەکەی بوو.

بەلجیکاو ھۆڵەندا[دەستکاری]

ئالان کۆرتوا، ئەندامی پەرلەمانی بەلجیکا لە تشرینی یەکەمی ٢٠٠٦ ڕایگەیاند، بە نوێنەرایەتی وڵاتانی بێنێلوکس (بەلجیکا، ھۆڵەندا و لوکسەمبورگ) داواکاریی فەرمی پێشکەش دەکەن. لە حوزەیرانی ٢٠٠٧، وڵاتانی بێنێلوکس وەکو ٣ وڵات ھەڵمەتی میواندارییان ڕاگەیاند، تەنھا لەڕووی پێکھاتەی سیاسییەوە پەکبوون، لە ئەگەری سەرکەوتنی بێنێلوکس، لوکسەمبورگ میوانداری ھیچ ڕووبەڕووبوونەوەیەک ناکات و سەرکەوتنی خۆکارانەی ناوێت بۆ کۆتاییەکان، تەنھا میوانداری کۆنگرەی فیفا دەکات.

لە ئازاری ٢٠٠٩، بەلجیکا و ھۆڵەندا داواکاری ھاوبەشیان بۆ میوانداریکردن تۆمارکرد. لە ١٤ی تشرینی دووەمی ٢٠٠٧ وەفدێک بە سەرۆکایەتی سەرۆکی یەکێتیی تۆپی پێی بەلجیکا و ھۆڵەندا سەردانی سێپ بلاتەریان کردووە، دووپاتیانکردەوە کە داواکارییەکە بەھاوبەشییە. لە ١٩ی ئازاری ٢٠٠٩ میشێل پلاتینی سەرۆکی یەکێتیی تۆپی پێی ئەورووپایان بینی و ڕایانگەیاند بە یەکەوە پاڵەوانیەتییەکە بەڕێوەدەبەن، ئەمەش دوای دەرکەوتنی پاڵپشتی پلاتینی بۆ گێڕانەوەی جامی جیھانیی بۆ ئەورووپا.

خاڵێکی لاوازی ئەم داواکارییە نەبوونی یاریگایەکە کە توانای لەخۆگرتنی ٨٠ ھەزار ھاندەری ھەبێت بۆ یاری کۆتایی. سەرەڕای ئەوەی ئەنجوومەنی شارەوانی ڕۆتەردام لە ئازاری ٢٠٠٩ ڕەزامەندی دەربڕی لەسەر دروستکردنی یاریگایەک بەتوانای ٨٠ ھەزار ھاندەر. لە تشرینی دووەمی ٢٠٠٩، یاریگاکان پێشکەشکران، کە ٧ شاری بەلجیکا و ٥ شاری ھۆڵەندا بوون. ھەریەک لە ئەمستەردام و ڕۆتەردام دوو یاریگایان پێشنیار کردبوو. پێشتریش پێکەوە میواندارییان لە جامی نەتەوەکانی ئەورووپای ٢٠٠٠ کردووە.

ڕۆژی ٩ی ئاب بۆ ١٢ی ئابی ٢٠١٠ بۆ پشکنینی داواکارییەکانیان دیاریکرابوو.

ڕووسیا[دەستکاری]

لە سەرەتای ٢٠٠٩ ڕووسیا نیازی خۆی بۆ میوانداریکردنی جامی جیھانیی فیفای ٢٠١٨ ڕاگەیاند، لەکاتی خۆیدا داواکارییەکەی پێشکەشی فیفا کرد. ڤلادیمیر پوتین سەرۆکی ڕووسیا گرنگیەکی زۆری بە میواندارییەکە دەدا و فەرمانیدا بە ڤیتالی موتکۆ وەزیری وەرزش (لەو کاتەدا سەرۆکی یەکێتیی تۆپی پێی ڕووسیاش بوو) داواکارییەک بۆ میوانداریکردنی وەشانی ٢٠١٨ پێشکەش بکات. موتکۆ ڕایگەیاند "وڵاتەکەی ئامادەیە نزیکەی ١٠٫١ ملیار دۆلار بۆ پاڵەوانیەتییەکە خەرج بکات".

داواکارییەکە پێشنیاری ١٤ شاری کرد، کە بەسەر ناوچەکانی وڵاتدا دابەشبوون. لەو کاتەدا ڕووسیا یاریگای نەبوو کە توانای لەخۆگرتنی ٨٠ ھەزار ھاندەری ھەبێت، لە داواکارییەکەدا فراوانکردنی یاریگای لوژنیکی لە مۆسکۆ پێشنیار کرابوو کە تواناکەی لە ٧٨ ھەزارەوە بۆ ٨٩ ھەزار زیاد دەکات. ڕووسیا ھیواداربوو ٥ یاریگا تا ٢٠١٣ ئامادەبێت، کە دووانیان لە مۆسکۆ و ئەوانیتر لە سەنت پیتەرزبورگ و کازان و سۆچی بن، کە بڕیار بوو میوانداری یارییەکانی ئۆڵۆمپیادی زستانەی ٢٠١٤ بکەن.

ڕۆژانی ١٦ی ئاب بۆ ١٩ی ئابی ٢٠١٠ لیژنەی پشکنین سەردانی ڕووسیای کرد.

ئینگلتەرا[دەستکاری]

لە ٣١ی تشرینی یەکەمی ٢٠٠٧، یەکێتیی تۆپی پێی ئینگلتەرا بە فەرمی داواکاریی بۆ میوانداریکردنی پاڵەوانیەتییەکە ڕاگەیاند. لە ٢٤ی نیسانی ٢٠٠٨ داواکارییە ٦٣ پەڕەیەکەی کۆتایی پێھێنا، کە جەختی لە گەشەپێدانی تۆپی پێ لە جیھاندا دەکردەوە. لە ٢٧ی کانوونی دووەمی ٢٠٠٩ داواکارییەکەی پێشکەشی فیفا کرد.

لە سەرەتا ریچارد کابۆرن سەرپەرشتی داواکارییەکەی دەکرد. لە ٢٤ی تشرینی یەکەمی ٢٠٠٨، یەکێتیی تۆپی پێی ئینگلیزی دەستەی جێبەجێکاری ڕاسپارد بۆ ئامادەکردنی داواکارییەکە بە سەرۆکایەتی دەیڤید ترەیسمان، لە ١٦ی ئایاری ٢٠١٠ ترەیسمان بەھۆی توانجەکانی لێدوانێکی دەستی لەکارکێشایەوە، کە پێشنیاری بۆ ئیسپانیا کردبوو داواکارییەکەی بۆ میوانداریکردنی وەشانی ٢٠١٨ لە بەرژەوەندی ڕووسیا بکشێنێتەوە ئەگەر ڕووسیا ھاوکاری بووە لە بەرتیلی ناوبژیوانانی جامی جیھانیی فیفای ٢٠١٠. دواتر جیف تۆمپسون جێگەی گرتەوە.

لە تشرینی دووەمی ٢٠٠٥، حکوومەتی بەریتانیا پاڵپشتی بۆ داواکاریی میوانداریکردنی وەشانی ٢٠١٨ ڕاگەیاند و لە ئایاری ٢٠٠٦ دووپاتیکردەوە. لە ڕاپۆرتی ١٢ی شوباتی ٢٠٠٧ حکوومەتی بەریتانیا پاڵپشتی خۆی دەربڕی لەکاتێکدا تەنھا ئینگلتەرا میوانداری بکات. لە ١٦ی کانوونی یەکەمی ٢٠٠٩، پێشنیاری ١٥ یاریگا کرا لە ١٢ شاری ئینگلتەرا، کە تەنھا لەندەن بە ٣ یاریگا و مانچستەر بە ٢ یاریگا بەشدارییان کرد.

بەرپرسانی فیفا بە داواکارییەکەی ئینگلتەرا دڵخۆشبوون، سێپ بلاتەر لە ٢ سەردانی بۆ ئینگلتەرا لەگەڵ دەیڤد کامیڕۆنی سەرۆک وەزیران کۆبووەوە، سەرۆک وەزیران پاڵپشتی داواکارییەکەی دەکرد و بەھیوا بوو "نیشتیمانی تۆپی پێ" میوانداری پاڵەوانیەتییەکە بکات.

لە چاوپێکەوتنێکدا سەرۆکی دەستەی داواکاریی ڕووسیا ئەلێکسی سۆرۆکین ڕەخنەی لە داواکارییەکەی ئینگلتەرا گرت، ئاماژەی بە بەرزی ڕێژەی تاوان لە لەنندەن و بەکارھێنانی ئەلکھول لەنێو گەنجان و ھاندەرانی ئینگلیز کرد، ئینگلتەرا سکاڵای تۆمارکرد و دوای پۆزشی ڕووسیا سکاڵاکەی کشاندەوە.

ڕۆژانی ٢٣ی ئاب بۆ ٢٦ی ئابی ٢٠١٠ لیژنەی پشکنین سەردانی ئینگلتەرای کرد.

ئیسپانیا و پورتوگال[دەستکاری]

لە تشیرینی دووەمی ٢٠٠٧ بۆ یەکەمجار جیلبێرتۆ ماندەیل سەرۆکی یەکێتیی تۆپی پێی پورتوگال پێشنیاری میوانداری وەشانی ٢٠١٨ی لەگەڵ ئیسپانیا کرد. لە شوباتی ٢٠٠٨ بلاتەری سەرۆکی فیفا نیازەکەی دووپاتکردەوە، لەگەڵ ئەوەشدا لە تەممووزی ٢٠٠٨ ئەنخێل ڤیلاری سەرۆکی یەکێتیی تۆپی پێی شاھانەی ئیسپانیا ڕایگەیاند ئیسپانیا دەیەوێت بە تەنھا میوانداری وەشانی ٢٠١٨ بکات، پەیوەندی لەگەڵ حکوومەت لە ڕێگەی جەیمی لیساڤێتسکیی وەزیری وەرزشەوە ئەرێنی بوو.

لە ٢٣ی تشرینی دووەمی ٢٠٠٨ ڤیلاری بە سەرۆکی یەکێتییەکە ھەڵبژێردرایەوە، یەکێک لە کارەکانی میوانداریکردنی جامی جیھانی بوو، بە بێ ئەوەی باسی داواکاری ھاوبەش لەگەڵ پورتوگال بکات.

لە ٢٣ی کانوونی یەکەمی ٢٠٠٨ ڤیلار دووپاتیکردەوە "دەبێت داواکارییەکی بەھێز و بەردەوام و براوە بۆ میوانداریکردنی جامی جیھانی پێشکەش بکەین، پێم وایە دەکرێت لەگەڵ پورتوگال بێت". پاش کۆبوونەوەی یەکێتییەکە، ئیسپانیا و پورتوگال ڕایانگەیاند پێکەوە داواکاری پێشکەش دەکەن. ڕۆژنامەی مارکای ئیسپانی ھەندێک وردکاری بڵاوکردەوە، کە ئیسپانیا سەرکردایەتی پڕۆژەیەکی ١٢ یاریگایی لەگەڵ ٨ یاریگا دەکات، بەڕێککەوتن یاری کردنەوە و کۆتایی لە لیسبۆن و مەدرید دەبێت. پێشتر ئیسپانیا میوانداری جامی جیھانیی فیفای ١٩٨٢ و پورتوگال جامی نەتەوەکانی ئەورووپای ٢٠٠٤یان کردووە.

ڕۆژانی ٣٠ی ئاب بۆ ٢ی ئەیلوولی ٢٠١٠ لیژنەی پشکنین سەردانی ئیسپانیا-پورتوگالیان کرد.

داواکارییەکانی ٢٠٢٢[دەستکاری]

٧ داواکاری بۆ میوانداریکردنی وەشانی ٢٢ی جامی جیھانی پێشکەشی فیفا کرا، کە دوانیان ڕەتکرایەوە.

ژاپۆن[دەستکاری]

داواکاری ژاپۆن بۆ میوانداریکردنی جامی جیھانیی فیفا دەبێتە یەکەم وڵاتی ئاسیایی کە ٢ جار میوانداری پاڵەوانیەتییەکە بکات، دوای ئەوەی بە ھاوبەشی جامی جیھانیی فیفای ٢٠٠٢ بەڕێوەبرد، لەکاتێکدا ھاوبەشەکەی داواکاری پێشکەشکردبوو. ژاپۆن یاریگایەکی نەبوو توانای لەخۆگرتنی ٨٠ ھەزار ھاندەر لەخۆ بگرێت، پێشنیارەکەی پشتی بەستوو بە یاریگایەک بەتوانای ١٠٠ ھەزار ھاندەر کە بۆ یارییەکانی ئۆڵۆمپیادی ٢٠١٦ ئامادە دەبێت.

ژاپۆن پەیمانیدا لەکاتی میوانداریکردنی جامی جیھانیی فیفای ٢٠٢٢ پەرە بە تەکنەلۆژیا بدات بۆ پەخشکردنی نێودەوڵەتی یارییەکان بە شێوەی سێ ڕەھەندی، کە لە ٤٠٠ یاریگای ٢٠٨ وڵات بۆ ٣٦٠ ملیۆن بینەر بەردەست دەبێت، ڕووماڵکردنەکە لەڕێگەی شاشەی گەورە بە ٢٠٠ کامێرای ڕوونی بەرز بە ٣٦٠ گۆشە تۆمار دەکرێت. لەگەڵ ئەوەشدا، تەکنەلۆژیای ئەو کاتە ڕێگە بدات، یارییەکان بە ھۆڵۆگراف ڕووماڵ دەکات، دەنگ وەرگرەکان لەژێر ڕووپۆشی یاریگا دادەنرێت بۆ تۆمارکردنی جووڵەکان.

لە داواکاری ئۆڵۆمپیاد سەرکەوتوو نەبوو، جۆنجیۆ گورا سەرۆکی یەکێتیی تۆپی پێی ژاپۆن ڕایگەیاند "ئەگەر لێرە سەرکەوتوو نەبین، ئەوا ھەلییان بۆ میوانداریکردنی جامی جیھانیی فیفای ٢٠١٨ و ٢٠٢٢ زۆرباش نابێت". لە ٤ی ئایاری ٢٠١٠ لە داواکاریی میوانداریکردنی جامی جیھانیی فیفای ٢٠١٨ کشایەوە و جەختی لە وەشانی ٢٠٢٢ کردەوە، ئەمەش دوای ئەوەی دەنگۆی میوانداریکردنی وەشانی ٢٠١٨ لەلایەن ئەورووپاوە بڵاوبووەوە.

ڕۆژانی ١٩ بۆ ٢٢ی تەممووزی ٢٠١٠ لیژنەی پشکنین سەردانی ژاپۆنی کرد.

کۆریای باشوور[دەستکاری]

داواکاری کۆریای باشوور تەنھا بۆ جامی جیھانیی فیفای ٢٠٢٢ بوو، بۆ ئەوەی ببێتە یەکەم وڵاتی ئاسیایی کە میوانداری ٢ وەشان بکات، لە ئابی ٢٠٠٩ ھان سیونگ جو وەزیری پێشووی دەرەوە وەکو سەرۆکی دەستەی داواکاری دیاریکرا، سەرۆکی فیفای بینی. لە کانوونی دووەمی ٢٠١٠، لی میونگ باک سەرۆکی کۆریای باشوور سەردانی فیفای کرد و بلاتەری بینی، بۆ پاڵپشتیکردنی داواکارییەکەی کۆریا.

کۆریای باشوور یاریگای نەبوو بەتوانای ٨٠ ھەزار ھاندەر، پلانی بۆ فراوانکردنی یاریگایەک بۆ ئەو توانایە دانا و توانای ٣ یاریگا بۆ ٦٠ ھەزار ھاندەر زیاد بکات، یاریگایەک بە توانای ٧٠ ھەزار ھاندەر بۆ یارییە ئاسیاییەکانی ٢٠١٤ دروست بکات، یاریگاکانی تر داواکراوەکانی وەشانی ٢٠٠٢ی تێدایە. پێشنیاری ١٢ شار کرا لە ئەگەری سەرکەوتنی کۆریای باشوور.

ڕۆژانی ٢٢ بۆ ٢٥ی تەممووزی ٢٠١٠ لیژنەی پشکنین سەردانی کۆریای باشووری کرد.

ئوسترالیا[دەستکاری]

لە ئەیلوولی ٢٠٠٧، یەکێتیی تۆپی پێی ئوسترالیا دووپاتیکردەوە کە داواکاری بۆ میوانداریکردنی جامی جیھانیی فیفای ٢٠١٨ پێشکەش دەکەن، لە ئایاری ٢٠٠٦ جەستن مادین وەزیری وەرزشی ویلایەتی ڤیکتۆریا ویستی خۆی بۆ داواکاری بۆ وەشانی ٢٠١٨ لە ماوەی حکومڕانیەکەیدا ڕاگەیاند. فرانک لۆوی سەرۆکی یەکێتیی تۆپی پێی ئوسترالیا ئاماژەی کرد بۆ بەکارھێنانی ١٦ یاریگا. کێڤین ڕەد سەرۆک وەزیرانی ئوسترالیا پاڵپشتی حکوومەتی بۆ داواکارییەکە ڕاگەیاند، کەیت ئێلیسی وەزیری وەرزشی فیدراڵی پاڵپشتی حکوومەتی بە بەخشینی ٤٥٫٦ ملیۆن دۆلار بۆ ئامادەکارییەکانی داواکارییەکە ڕاگەیاند. لە تەممووزی ٢٠٠٩ ڕەد و بلاتەر لە زیورخ کۆبوونەوە.

لە کۆنگرەی فیفای ٢٠٠٨ کە لە سیدنی ئەنجامدرا، بلاتەر پێشنیاری بۆ ئوسترالیا کرد کە تیشک بخاتە سەر وەشانی ٢٠٢٢، بەڵام لۆوی بە میوانداریکردنی ٢٠١٨ وەڵامی دایەوە. لە ١٠ی حوزەیرانی ٢٠١٠، ئوسترالیا دەستبەرداری وەشانی ٢٠١٨ بوو بۆ وەشانی ٢٠٢٢، ئەمەش دوای لێدوانی سەرۆکی یەکێتیی تۆپی پێی ئاسیا کە ڕایگەیاند وەشانی ٢٠١٨ بۆ ئەورووپا دەبێت.

بەکارھێنانی یاریگا گەورەکانی ئوسترالیا لە لایەن وەرزشە سەرەکییەکانی ئوسترالیا ھاوکات دەبێت لەگەڵ جامی جیھانی، کە دەبێت بۆ ماوەی ٨ ھەفتە یاریگاکان چۆل بکەن، ئەمەش کاریگەی دەبێت لەسەر یانەکان. پێشتریش خولی تۆپی پێی ئوسترالی چۆڵنەکردنی یاریگای دۆکلاندزی ڕاگەیاند.

لە ٩ی ئایاری ٢٠١٠، یەکێتیی تۆپی پێی ئوسترالیا و خولی ڕەگبی و خولی تۆپی پێی ناوخۆیی یاداشتێکی لێکتێگەیشتنیان واژوو کرد، خولە ناوخۆییەکان بەردەوام دەبن و ھەر زیانێک بەھۆی میوانداریکردنی جامی جیھانیی فیفای ٢٠٢٢ بکەوێتەوە قەرەبوو دەکرێنەوە. ھەرچەندە ئوسترالیا بە پاڵێوراوێکی بەھێز دەردەکەوت، بەڵام تەنھا ١ دەنگی بەدەستھێنا.

ڕۆژانی ٢٦ی تەممووز بۆ ٢٩ی تەممووزی ٢٠١٠، لیژنەی پشکنین سەردانی ئوسترالیای کرد.

ویلایەتە یەکگرتووەکان[دەستکاری]

یەکەمجار لە شوباتی ٢٠٠٧ یەکێتیی تۆپی پێی ویلایەتە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند داواکاری بۆ میوانداریکردنی وەشانی ٢٠١٨ پێشکەش دەکەن، لە ٢٩ی کانوونی دووەمی ٢٠٠٩، ڕایگەیاند داواکاری بۆ ھەردوو وەشانەکە پێشکەش دەکەن. جاک وارنەر جێگری سەرۆکی فیفا و سەرۆکی کۆنکاکاف ڕایگەیاند کە دەیانەوێت جارێکی تر جامی جیھانیی بگەڕێننەوە بۆ کۆنکاکاف، ھەروەھا پێی باشتر بوو ویلایەتە یەکگرتووەکان داوای میوانداریکردنی وەشانی ٢٢ بکات.

لە نیسانی ٢٠٠٩، دەستەی دۆسیەی میوانداریکردن ٧٠ یاریگای لە ٥٠ کۆمەڵگە دیاریکرد و جەختی لە ٥٨ یاریگا دەکردەوە، دوای ٢ مانگ کەمکرایەوە بۆ ٤٥ یاریگا لە ٣٧ شار، لە مانگی ئابدا کەمکرایەوە بۆ ٣٢ یاریگا لە ٢٧ شار، لە کانوونی دووەمی ٢٠١٠ بۆ وەشانی کۆتایی داواکارییەکە، ٢١ یاریگا لە ١٨ شار دیاریکرا. لە تشرینی یەکەمی ٢٠١٠، ویلایەتە یەکگرتووەکان لە داواکاری وەشانی ٢٠١٨ کشایەوە و داوای میوانداریکردنی وەشانی ٢٠٢٢ی کرد.

ڕۆژانی ٦ی ئەیلوول بۆ ٩ی ئەیلوولی ٢٠١٠ لیژنەی پشکنین سەردانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی کرد.

قەتەر[دەستکاری]

قەتەر تەنھا داوای میوانداریکردنی وەشانی ٢٠٢٢ی کرد. قەتەر ھەوڵی دەدات ببێتە یەکەم وڵاتی عەرەبی کە خانەخوێی جامی جیھانی بێت، ئەمەش دوای سەرنەکەوتنی داواکانی مەغریب (١٩٩٤، ١٩٩٨، ٢٠٠٦ و ٢٠١٠) و میسر و داواکاری ھاوبەشی نێوان تونس و لیبیا (٢٠١٠). محەممەد بن حەمەد ئال سانی کوڕی میری قەتەر سەرۆکایەتی لیژنەی داواکاری دەکرد. قەتەر پلانی بۆ بەدەستھێنانی پشتگیری دانا و وەکو ھەوڵێکی یەکگرتووی عەرەب بانگەوازی بۆ دەکرد بە ھیوای بەدەستھێنانی پشتگیری جیھانی عەرەبی و پڕکردنەوەی بۆشایی نێوان جیھانی عەرەبی و ڕۆژئاوایی، ھەڵمەتی بانگەشەکردن بۆ داواکارییەکە لە مانگی تشرینی دووەمی ٢٠٠٩ لە سەرانسەری وڵات دەستی پێکرد.

بەرزی پلەکانی گەرما لە قەتەر نیگەرانی بۆ داواکارییەکە دروست کرد، پاڵەوانیەتییەکە لە مانگەکانی حوزەیران و تەممووز بەڕێوەدەچێت کە تێیدا خولە ئەورووپییەکان لە پشوودان، لەو ماوەیەدا تێکڕای بەرزترین پلەی گەرمی لە قەتەر دەگاتە ٤٠° سیلیزی و نزمترینیش ٣٠° سیلیزی. لە وەڵامدا محەممەد بن حەمەد ڕایگەیاند "دەبێت ئەم پاڵەوانیەتییە لەمانگی حوزەیران و تەممووزدا بەڕێوەبچێت، دەتوانین سوود لە تەکنەلۆژیا وەربگرین بۆ ئەم پلە بەرزەیە و پێشتر دەستمان پێکردووە. یاریگایەک کە پلەیەکی گەرمی کۆنتڕۆڵکراوی ھەبێت وەڵامی کێشەکەیە. پلانی تریشمان ھەیە". لە ٥ یاریگای یەکەمی پێشنیارکراو تەکنەلۆژیای ساردکردنەوە بەکاردەھێنرێت کە پلەی ناوەوەی یاریگا دەگەیەنێتە ٢٠° سیلیزی. جگە لەوەش بەشی سەرەوەی یاریگاکان ھەڵدەوەشێنرێتەوە دەبەخشرێتە ئەو وڵاتانەی ژێرخانی وەرزشییان کەم گەشەسەندووە.

سێپ بلاتەر پشتگیری لە بیرۆکەی بەڕێوەچوونی جامی جیھانی لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست کرد و لە مانگی نیسانی ٢٠١٠ ڕایگەیاند "جیھانی عەرەبی شایەنی پاڵەوانیەتییەکەیە، ئەوان ٢٢ وڵاتن و تا ئێستا ھیچ دەرفەتێکیان نەبووە"، ھەروەھا ستایشی پێشکەوتنەکانی قەتەری کرد، "کاتێک لە قەتەر بووم، ٤٠٠ ھەزار کەس بوون، بەڵام ئێستا ١ ملیۆن و ٦٠٠ ھەزارن، لە ڕووی ژێرخانەوە توانی میوانداری یارییە ئاسیاییەکانی ٢٠٠٦ بکات و زیاتر لە ٣٠ بۆنە بۆ ژنان و پیاوان ڕێکبخات. پاشان ئەمە جێگەی پرسیار نیە". داواکاری قەتەر لە ٢٨ی تەممووزی ٢٠١٠ بەھێزبوو کاتێک محەممەد بن ھەممام سەرۆکی یەکێتیی تۆپی پێی ئاسیا پاڵپشتی خۆی بۆ وڵاتەکەی لە سەنگاپوورە ڕاگەیاند "یەک دەنگم ھەیە بێگومان بۆ قەتەرە، ئەگەر سەریش نەکەوت دەنگم بۆ وڵاتێکی ئاسیایی دەبێت". پێشتر قەتەر خانەخوێی جامی ئاسیای ١٩٨٨ و ٢٠١١ و جامی جیھانیی خوار ٢٠ ساڵانی فیفای ١٩٩٥ بووە.

ڕۆژانی ١٣ی ئەیلوول بۆ ١٧ی ئەیلوولی ٢٠١٠ لیژنەی پشکنین سەردانی قەتەری کرد.

داواکارییە ڕەتکراوەکان[دەستکاری]

یەکێتیی تۆپی پێی ئیندۆنیزیا لە کانوونی دووەمی ٢٠٠٩ نیازی خۆی بۆ میوانداریکردنی وەشانی ٢٠٢٢ بە پشتیوانی حکوومەت ڕاگەیاند. داواکارییەکەی بە ھەڵمەتی "جامی جیھانیی سەوزی ئیندۆنیزیا ٢٠٢٢" دەستپێکرد. پلانی ١ ملیار دۆلار بۆ بەرزکردنەوەی ژێرخانی یاریگاکان ڕاگەیاند، دروستکردنی یاریگاکان لەسەر حکوومەتە ھەرێمییەکان دەبێت. ئیندۆنیزیا یەکەم وڵاتی ئاسیا بووە کە بەشداریی کردووە لە جامی جیھانیی فیفای ١٩٣٨ بە کەرتی ھیندی ڕۆژھەڵاتی ھۆڵەندی.

نوورەدین ھالید سەرۆکی پەکێتیی تۆپی پێی ئیندۆنیزیا ڕایگەیاند "ھەلی سەرکەوتنیان ھەیە، سەرەڕای خراپی ئاستی ھەڵبژاردەکەیان بەراورد بە پاڵێوراوەکانی تر"، ھەروەھا "ھیوادارین پێشنیاری جامی جیھانیی سەوزی ٢٠٢٢ بەشێک بێت لە بزووتنەوەی جیھانیی گەرمبوونی جیھان. ھیوادارین بتوانین لەڕێگەی میوانداریکردنی جامی جیھانییەوە، ژێرخانێکی ژینگەدۆستانە دروست بکەین و خزمەتی زیاتر پێشکەش بە ھەسارەکەمان بکەین".

داواکاری ئیندۆنیزیا تا ٩ی شوباتی ٢٠١٠ پشتگیری حکوومەتی لەگەڵدا نەبوو، لە ١٩ی ئازاری ٢٠١٠ داواکارییەکەی ڕەتکرایەوە، ئیندۆنیزیا پشتگیری ئوسترالیای کرد.

مەکسیک لە ٢٠٠٥ نیازی خۆی بۆ میوانداریکردنی جامی جیھانی دەربڕی، بەڵام سیاسەتی سووڕانەوە ڕێگر بوو. دواتر بەھۆی قەیرانی داراییەوە کشایەوە.

دیاریکردن[دەستکاری]

دەنگدەران[دەستکاری]

سەرۆکی فیفا
جێگری باڵای سەرۆک
  • ئەرژەنتین حولیۆ گرۆندۆنا (لە ٣٠ی تەممووزی ٢٠١٤ کۆچی دوایی کرد، لە ٦ی نیسانی ٢٠٢٠ لەلایەن وەزارەتی دادی ویلایەتە یەکگرتووەکانەوە تۆمەتبار کرا)
جێگرانی سەرۆک
ئەندامان
قەدەغەکراوی دەنگدان

دەنگدان[دەستکاری]

لە ٢ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٠ سێپ بلاتەر سەرکەوتنی ڕووسیا بۆ میوانداریکردنی وەشانی ٢٠١٨ و قەتەر بۆ وەشانی ٢٠٢٢ ڕاگەیاند، ھەروەھا ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کە لیژنەکە بڕیاریدا بچێت بۆ وڵاتی نوێ، کە ئەمەش ڕەنگدانەوەی گەشەسەندنی تۆپی پێیە بە گواستنەوەی بۆ وڵاتانی تر. ڕووسیا یەکەم وڵاتی ڕۆژھەڵاتی ئەورووپا و قەتەر یەکەم وڵاتی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستن کە دەبنە خانەخوێی جامی جیھانیی فیفا.

ھەر داواکارییەک پێویستە دەنگی زۆرینە بەدەستبھێنێت، لە خولی دواتردا ئەو داواکارییەی کەمترین دەنگی بەدەستھێناوە دەردەکرێت، ھەتا داواکارییەک بە زۆرینە دیاری دەکرێت.

ئەنجامی دەنگدانی خانەخوێی جامی جیھانیی ٢٠١٨
وڵات گەڕی دەنگدان
١ ٢
 ڕووسیا ٩ ١٣
 ئیسپانیا و  پورتوگال ٧ ٧
 ھۆڵەنداو  بەلجیکا ٤ ٢
 ئینگلتەرا ٢
کۆی گشتی ٢٢ ٢٢

ئەنجامی دەنگدانی خانەخوێی جامی جیھانیی ٢٠٢٢
وڵات گەڕی دەنگدان
١ ٢ ٣ ٤
 قەتەر ١١ ١٠ ١١ ١٤
 ویلایەتە یەکگرتووەکان ٣ ٥ ٦ ٨
 کۆریای باشوور ٤ ٥ ٥
 ژاپۆن ٣ ٢
 ئوسترالیا ١
کۆی گشتی ٢٢ ٢٢ ٢٢ ٢٢

تۆمەتەکانی کڕینی دەنگ[دەستکاری]

پاش ماوەیەک لە دەنگدان، ESPN تۆمەتەکانی پەیوەندی نێوان ھەوڵی سەرکەوتووی قەتەر و خەونەکانی تۆپی پێی بڵاوکردەوە، کە پڕۆگرامێکی گەشەپێدانی تۆپی پێی گەنجانە لە ١٥ وڵات جێبەجێ دەکرێت و حکوومەتی قەتەر پاڵپشتی دارایی دەکات، کە شەشیان ئەندامی دەستەی جێبەجێکاری فیفان، لە شوباتی ٢٠١١ بلاتەر ئاشکرای کرد تیمەکانی میوانداریکردنی قەتەر و ئیسپانیا ھەوڵی ئاڵوگۆڕی دەنگەکانیان داوە بەڵام کاریگەری نەبوو.

سەرۆکی پێشووی داوای ئینگلتەرا لە پەرلەمانی بەریتانیا ئاشکرایکرد کە ٤ ئەندامی دەستەکە داوای شتی جۆراوجۆریان کردووە لە بەرامبەر دەنگەکانیان. جاک وارنەر دوای ٢٫٥ ملیۆن پاوەندی کردووە بۆ پڕۆژەکان و نیکۆلاس لیۆز داوای مەدالیای کردووە. سەندەی تایمز لە ڕاپۆرتێکدا "عیسا حەیاتۆ و جاک ئانووما بڕی ١٫٥ ملیۆن دۆلاریان وەرگرتووە لە بەرامبەر دەنگدان بە قەتەر". لە ٣٠ی ئایاری ٢٠١١ بلاتەر تۆمەتەکانی ڕەتکردەوە، پەیامێکی سکرتێری گشتیی فیفا دزەی پێکرا و باسی لە کڕینی میوانداریکردنی جامی جیھانیی فیفای ٢٠٢٢ی کردووە، جیرۆم ڤالک ڕەتیکردەوە. بەرپرسانی قەتەر تۆمەتەکانیان ڕەتدەکردەوە، سەرۆکی یەکێتیی تۆپی پێی ئەڵمانیا داوای پێداچوونەوەی بە پرسی بەخشینی جامی جیھانی بە قەتەر کرد.

لە تەممووزی ٢٠١٢ فیفا پارێزەری ئەمریکی مایکڵ گارسیای ڕاسپارد بۆ لێکۆڵینەوە لە تۆمەتەکانی کڕینی دەنگ لە پڕۆسەی ھەڵبژاردن، لە ئەیلوولی ٢٠١٤ ڕاپۆرتەکەی پێشکەشکرد و فیفا بەشێکی لێی بڵاوکردەوە و بە "ناتەواوی کەرەستە" ناوی برد، لە بەرامبەردا گارسیا دەستی لەکارکێشایەوە. لە ٢٠١٧ فیفا ڕاپۆرتەکەی بڵاوکردەوە، دوای ھەڕەشەی بڵاوکردنەوەی وێنەیەکی دزەپێکراوی لە لایەن ڕۆژنامەی بیڵدی ئەڵمانی. سەرەڕای باسکردنی تۆمەتەکان بەڵام بەڵگەی کڕینی دەنگی لەگەڵدا نەبوو. لە ئایاری ٢٠١٥، کە فیفا سەرقاڵی ٦٥ەمین کۆنگرەی بوو لە زیورخ، داواکاری گستیی فیدراڵی دۆسیەی گەندەڵییەکەی ئاشکرا کرد، ٧ کەس دەستگیرکران و ٤٠ کەسی تر تۆمەتبارکران و کۆتایی بە سەرۆکایەتی بلاتەر ھێنا.

لە نیسانی ٢٠٢٠ وەزارەتی دادی ئەمریکی تۆمەتی زیاتری ڕووبەڕووی تۆمەتباران کرد، کە تێیدا کۆمپانیا و گرێبەستی ناڕاست بۆ کڕینی دەنگ بەکارھێنراوە کە لە نێوان ١ بۆ ٥ ملیۆن دۆلارە، ھەندێکیشیان دانیان بەتاوانەکەیاندا ناوە کە بەرتیلیان وەرگرتووە.

کاردانەوەکان[دەستکاری]

دوا ڕاگەیاندنی سەرکەوتنی ڕووسیا و قەتەر، ھاوڵاتیانی ڕووسیا و قەتەر ڕژانە سەر شەقامەکان و خۆشحاڵی خۆیان دەربڕی. ئاڵوگۆڕ لە بۆرسەی قەتەر زیادی کرد. مەحموود ئەحمەدینەژاد پەیامێکی ئاڕاستەی ھاوتا قەتەرییەکەی کرد "ڕووداوێی گەورەیە، کە دەتوانێت تۆپی پێ لە کەنداوی فارس و ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست بەرەو پێشەوە ببات" و پاڵپشتی و ھاوکاری ئێرانی بۆ میوانداریکردنەکە ڕاگەیاند، ئال سانی دووپاتیکردەوە "ھاوکاری و پاڵپشتی وڵاتانی ناوچەکە پێویستە". ھەروەھا دەستپێشخەری قەتەر بۆ "گەشەپێدانی تۆپی پێیە لە وڵاتانی دراوسێی".

کاردانەوەی ڕاگەیاندنەکانی وڵاتانی سەرنەکەوتوو دەستی پێکرد، زۆرینەی ڕۆژنامەکانی بەریتانیا باسییان لە فرۆشتنی جامی جیھانی بە ڕووسیا دەکرد، ڕۆژنامەی ئیسپانی و ھۆڵەندی و ژاپۆنی توانجیان لە توانای دارایی ڕووسیا و یەدەگی کاڵا و وزەی قەتەر دەدا. ڕۆژنامە ئەمریکییەکانیش باسیان لە گەندەڵی و ڕێککەوتن دەکرد.

بەستەرە دەرەکییەکان[دەستکاری]