جوگرافیای عێراق

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
نەخشەی جوگرافیای عێراق.

عێراق ڕووبەرەکەی نزیکەی ٤٣٨٬٣١٧ کم دووجایە،ژمازەی دانیشتوانەکەی نزیکەی ٤٠,١٢٣,٠٠٠، شوێنێکی گرنگی ھەیە لە جیھانی نوێدا لەبەر ئەوەی شوێنێکی جوگرافی بایەخ داری ھەیە و دەروانێت بە سەر بەشی ڕۆژھەڵاتی ناوچەی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست، ھەروەھا دەکەوێتە سەر پردێک زەوی ھەرسێ کیشوەرەکان بەیەکتر دەگەیەنێت ئەورووپا، ئاسیا، ئەفریقا، و ئاسانترین شوێن و ڕێگای وشکانی و ئاوییە کە بە ناوچە ئاوەدانەکاندا دەڕوات، عێراق بەشێکە لە ناوچەی یان لە ڕێگای (کێر و ماوەند) ئەم ناوچەیە دەست پێ دەکات لە کەنداوی عەرەبی و پاشان پێچ دەخواتەوە بەرەو عێراق و سووریا و فەلەستین و لوبنان و تا دەگاتە سەر دەریای سپی ناوەڕاست. لە سەردەمی مێژووی کۆندا ئەم ناوچەیە ڕێگای بە یەکگەیشتنی نەتەوەکانی ڕۆژھەڵات بە ڕۆژاوا بوو. سەرەڕای پێشکەوتنی شارستانی و ھۆیەکانی گواستنەوە، عێراق گرنگی و تایبەتمەندی شوێنی خۆی پاراست؛ لەبەر ئەوەی ھەموو ڕێگاکان لە ناوچەی کەنداو کۆدەبێتەوە و ناوچەکانی باکوور و ڕۆژھەڵاتی کەنداوی عەرەب ناوچەی شاخاوی و سەختن سەرەڕای ئەوەی ناوچەی کەنداوی عەرەب شوێنێکی بازرگانی مامناوەندییە ئەویش لەبەر بوونی ڕێگاکانی ئاوی بەدەریای سوور و نۆکەندی سوێسدا. بەڵام باشووری عێراق گرنگییەکی تایبەتی ھەیە لەبەر ئەوەی ناوچەیەکی بازرگانی یان بەناوچەیەکی (ترانسێت) ە سەرەڕای گرنگی شوێنەکەی وڵاتی عێراق لە ڕووی ئابوورییەوە بایەخی زۆری ھەیە چونکە مادەی سەرەتایی کانزایی زۆری تێدایە کە جیھانی نوێ پێویستییەتی، و عێراق لە ڕووی کشتوکاڵییەوە گرینگی خۆی ھەیە بەتایبەتی لە بواری چاندنی دانەوێلە (گەنم و جۆ)دا، سەرەڕای بوونی چەندین جۆر کانزا و سامانی سروشتی تر.

سنوور[دەستکاری]

دەکەوێتە باشووری ڕوژئاوای ئاسیا و باکووری ڕۆژھەڵاتی نیشتمانی عەرەبی. تورکیا دەکەوێتە باکوورییەوە و لای ڕۆژھەڵاتی ئێرانە و ھەریەک لە سووریا و ئوردن و عەرەبستانی سەعوودی دەکەونە ڕۆژاوایەوە، و کووەیت و کەنداوی عەرەبی لە باشوورییدان.

 ئێران  تورکیا  سووریا
 ئێران باکوور  ئوردن
ڕۆژھەڵات     عێراق    ڕۆژئاوا
باشوور
 ئێران  کووەیت  عەرەبستانی سعوودی

شوێن[دەستکاری]

شوێنی وڵاتی عێراق دەتوانرێت لە سێ لایەنەوە دیاری بکرێت:

  1. شوێنی فەلەکی؛ شوێنی فەلەکی گرینگییەکی تایبەتی ھەیە چونکە پێگەی وڵات دیاری دەکات جا چ لە ڕووی ئابووری بێت یان لە ڕووی سیاسییەوە، کە شوێنی فەلەکی لێپرسراوە لە دیاریکردنی تایبەتمەندییەکانی ئاو و ھەوا پاشا کاریگەری دەبێت لەسەر جموجۆلی ئابووری بە ھەموو شێوەکان، عێراق دەکەوێتە نێوان بازنەی پانی (٢٩٫٥٫٢٠ باکوور لە باشوور) و (٣٧٫٢٢٫٥٠ لە باکووردا) کە بە سنوورەکانی باکووردا تێدەپەرێت، ئەم بازنە تایبەتمەندی ئاو و ھەوای وڵات دیاری دەکەن و لێپرسراون لە بوونی چەندین جۆر لە ئاو و ھەوا وەک ئاو و ھەوای دەریای سپی ناوەڕاست لە باکووردا و ئاووھەوای ئستێپس لە ناوەڕاستدا و بە مامناوەندی گەرم و بیابانی لە ناوچەکانی باشوور و ڕۆژاوادا، ئەمانە ھەموو لێپرسراون لە جۆراوجۆری ئاو و ھەوا پاشان جۆراوجۆر بوونی بە بەرھەمە ڕووەکییەکان یان بەمانای پشت بەستنی تەواو بە خۆی (خۆبژێوی) پاشان ناردنە دەرەوەی ئەو بەشەی کە زیادە لە پێداویستییەکان بۆ دەرەوەی وڵات، ھەروەھا عێراق ڕووبەرێکی باشی ھەیە کە درێژ دەبێتەوە لە نێوان ھێڵی درێژی (٣٨٫٤٥ ڕۆژھەڵات لە ڕۆژاوا) و (٤٨٫٤٥ ڕۆژھەڵات لە ڕۆژھەڵات) ٠
  2. شوێنی وشکانی و ئاوی؛ لە سەردەمانێکی کۆنی شارستانییەتیدا عێراق ڕێگایەکی سەرەکی بوو بۆ بەستنەوەی شارستانییەتی ئەورووپا و دەریای سپی ناوەڕاست لە ڕۆژاوا و ھەروەھا شارستانییەتی ڕۆژھەڵاتی ئاسیا ھەرچەندە بەھۆی پێشکەوتنی بواری تەکنۆلۆجیا و گەیاندن شوێنی وشکانی وڵاتی عێراق گرینگییەکەی دەگۆرا لە سەردەمێکەوە بۆ سەردەمێکی تر.

لە ڕووی ئاوییەوە عێراق کەنارێکی ئاوی ھەیە کە نزیکەی (٦٠ کم) دەبێت لەسەر کەنداوی عەرەبی ئەمەش ڕۆڵ و گرنگی خۆی ھەیە لە بواری بازرگانییدا، و لە ڕووی ئاو و ھەواوە ڕووبەرە ئاوییەکان دەریای سپی ناوەڕاست و دەریای سوور و کەنداوی عەرەبی ھەندێ جار ڕۆڵیان دەبێت لەسەر ڕەگەزەکانی ئاو و ھەوا بە تایبەتی گەرمی و باران بەڵام دەریایەکانی ڕەش و کاسپییەن ئەو ڕۆڵەیان کەمترە٠

  1. شوێن بە گوێرەی وڵاتانی دەوروبەر و نیشتمانی عەرەبی؛ لە باکووردا تورکیا، لە ڕۆژھەڵات دا ئێران، لە ڕۆژاوا دا سووریا و ئوردن، لە باشووردا کووەیت و شانشینی سعوودیە دراوسێی وڵاتی عێراقن. درێژی سنوور لەگەڵ ئەم وڵاتانە بەم شێوەیەی خوارەوەیە:

ئێران ١٣٠٠کم، تورکیا ٣٧٧کم، سعودیە ٨١٢کم، ئوردن ١٤٠کم، کووەیت ١٩٥کم، سووریا ٦٠٠کم.

بەرزی و نزمی[دەستکاری]

لێکۆڵینەوە لە فیسۆگرافیای وڵاتی عێراق کارێکی ئاسان نییە لەبەر ئەوەی لە سنووری ئەم وڵاتە چەندین جۆر دیاردەی سروشتی ڕووی زەوی بە چاو دەبینین، ناوچە شاخاوییە بەرزەکان لە باکوور و باکووری ڕۆژھەڵاتدا کە لە ڕووی پێکھاتەوە بەشێکن لە زنجیرە چیاکانی ئەلپی لە ئەورووپادا پاشان بەرەو ئاسیا درێژدەبنەوە لە ناوچەکانی بێرنە لە ئیسپانیا تا دەگاتە چیاکانی الیوماس لە بۆرما. بەشەکانی ڕۆژاوای عێراق بەشێکن لە بانەکانی نیمچەدوورگەی عەرەبی کە لە ڕووی جیۆلۆجییەوە لە تاوێری زۆر کەونن (بەردی کۆن)، و زۆر ڕەقن بەڵام، بەشەکانی ناوەڕاستی یان (دەشتەکانی دۆلی دیجلە و فورات) کە بە قووڕ و لیتە داپۆشراوە لە سەردەمی دووھەم و سێیەمی جیۆلوجی دروستبوون لەگەڵ دروستبوونی دەشتەکانی ھیند کە (کنج و سند) ناسراون ئەم دەشتانە زۆر نزمن، بەڵام ناوچەی زۆرگ چەند تایبەتمەندییەکی خۆی ھەیە کە جیا دەکرێتەوە لە ناوچەکانی تر ئەم ناوچەیە لە پێچی سادە پێک ھاتووە و لە نێوان ئەو پێچانەدا دەشتی فراوان ھەیە بۆیە ناتواندرێت لەگەڵ ناوچە شاخاوییە بەرزەکاندا یەک بخرێت، لەرووی بەرزی و نزمییەوە ناوچەی زوورگ جیاوازە لەگەڵ دەشتی نیشتە

دووھەم و سێیەمی جیۆلۆجی. دواتر ئەو بەرگانە لە بەشەکانی ڕۆژاوا نەمان بەھۆی داماڵینەوە ھەرچەندە لە ڕۆژاواوە بەرەو ڕۆژھەڵات بچین جۆری بەردەکان دەگۆڕێت لە بەردی کۆنەوە بۆ بەردی نوێ و ئەگەر سەیری چینەکانی ئەم بەردانە بکەین لە بانی ڕۆژاوا لێژاییان زۆر کەمە چونکە داماڵین زۆر کاری تێکردوون تەنھا لە ناوچەی (کارە) نەبێت لە ڕۆخەکانی ڕۆژھەڵاتی بانی ڕۆژاوا کە بەپێچی سادە کۆتاییان دێت و لە ھەندێ شوێندا تووشی شکان بوونەوە. بەڵام دەشتی نیشتەنی ھەموو بەشەکانی تەختن تەنھا بەشی ڕۆژاوای نەبێت کە ھەندێ بانی تێکەڵ بووە کە سەردەمی جیۆلۆجییەکەشی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی (میۆسین).

ناوچەی شاخاوی لە عێراقدا[دەستکاری]

ناوچە شاخە بەرزەکان یان پێچە سەختەکان، دەکەوێتە نێوان سنووری (عێراق – ئێران) ھەروەھا (عێراق – تورکیا) و بریتین لە (شاکێو – شەکیو کە بەرزییەکەی - ٣٠٦٨ م بەرزە) ھەروەھا (حەسارۆست - قەندیل کە بەرزییەکەی نزیکەی - ٣٤٥١ م بەرزە و حەسارۆست ٣٦٠٧ م بەرزە) شاخەکانی نێوان عێراق تورکیا وەک (شاخی میھرەبان - ٢١٣٣ م) ھەروەھا (چیای ئاشیتە – ٢٣٥٢ م بەرزە) ھەروەھا (چیای سەرمەیدان– ٣٥١٠ م) بەرزە، ئەم ناوچەیە لە ئەنجامی پالەپەستۆی بەھێزەوە چەماوەتەوە بووەتە ھۆی نەبوونی سیستەمێکی دیاری کراو بۆ دابەش بوونی ئاو، ھەروەھا ئەم ناوچەیە لە بەردی گۆراو پێک ھاتووە و ھەندێ جاریش بەردی کلسی لەم ناوچەیە دا بەدی دەکرێت، ھۆکارەکانی داماڵین بەتایبەتی بەفر و باران کاریگەری زۆری بەسەر ئەم ناوچەیەدا کردووە ھەندێ جاریش بەردی ئۆرگانی یان ئەێلی تێدا بەدی دەکرێت، بەڵام ناوچەی پێچە سادەکان ئەم ناوچەیە لە دوو زنجیرە شاخی ھاوتەریب پێک ھاتووە، دەشتی ناوچە شاخاوییەکان وەک (سندی – شارەزوور – ڕانیە) ئەم ناوچانە جیا دەکەنەوە لەگەڵ ناوچە پێچەسادەکان، ھێڵی یەکەمی ئەم دوو زنجیرەیە ناوچەی شاخە بەرزەکان جیا دەکەنەوە لە ناوچەی زورگ کە ئەوانیش پێک ھاتوون لە شاخەکانی (بێخێر- سپی، عقرە – ئاکرێ، شیلمان، باباجی – پیرمام، سەفبن، ھەیبەت سوڵتان، بازیان، سەگرمە) کە بەرزییان لە نێوان (١٠٠٠–١٧٠٠ مەتر) دایە، بەڵام ھێڵی دووەم بریتییە لە (گارە، بەرات، حەریر، کۆسرەت، تاسلوجە، سوورداش، پیرەمەگروون، بەرانان) کە بەرزییان لەنێوان(١٤٠٠ – ٢٠٠٠ مەتر) دایە.

لەم ناوچەیەدا چەند دەشتێکی فراوان ھەیە وەک لەسەرەوە باسمان کرد.

  1. دەشتی سندی – زاخۆ: ئەم دەشتە لە شێوەی سێگۆشەیەک دایە کە بنکەکەی ھاوتەریبە لەگەڵ ڕووباری (ھیزل) کە سنووری عێراق - تورکیایە، ئەم دەشتە درێژ دەبێتەوە لە ڕۆژاوا بۆ ڕۆژاوا بەرزییەکەی لە نێوان (٤٠٠ – ٦٠٠) مەتر دەبێت پانییەکەی (٦ کم) دەبێت ھەروەھا درێژییەکەی (٥ کم٢) دەبێت، ئەم دەشتە بە نیشتەنی لمی داپۆشراوە لە بەشی ڕۆژھەڵاتیدا دەگات بە دەشتی ئامێدی کە ڕووبەری ئەم دەشتە کەمتر بەپیتە
  2. دەشتی ڕانیە: ئەم دەشتە لە شێوەی ھێلکەییدایە ئاوی زێی بچووک بەم دەشتەدا تێپەر دەبێت کە پێچ دەخواتەوە شێوەی (V) پێک دەھێنێت، بەرزی ئەم دەشتە لە نێوان (٤٨٠ تاکو ٦٠٠مەتر) دایە، شاخی کێوە ڕەش ئەم دەشتە دەکاتە دوو بەشەوە کە بەشی ڕۆژھەڵاتی بە دەشتی پشدەر ناسراوە و بەشی ڕۆژاوای بە دەشتی بیتوێن ناسراوە تێکرای ڕووبەری ئەم دەشتە بەھەردوو بەشەکەیەوە (٨٠٠ کم٢) دەبێت.
  3. دەشتی شارەزوور: ئەم دەشتە دەکەوێتە ئەو پەری باشووری ڕۆژھەڵاتی ناوچەی شاخاوی لە سنووری عیراق - ئێران و بەرزی ئەم دەشتە لە نێوان (٥٤٠–٦٠٠) مەتر دایە درێژییەکەی (٤٥ کم و پانییەکەی ١٥کم) دەبێت، شاری سلێمانی دەکەوێتە ناوەڕاستی ئەم دەشتەوە ئەم دەشتە لە شێوەی چەماوەیەکی قۆپاودایە. شاری ھەڵەبجە دەکەوێتە ئەوپەری باشووری.

ناوچەی زوورگ[دەستکاری]

ئەم ناوچەیە ناوچەیەکی گواستراوە لە نێوان چیا بەرزەکان لە باکووردا و لە نێوان دەشتی نیشتەنی لە باشووردا تێکرای ڕووبەرەکەی نزیکەی ١٥٪ ڕووبەری عێراقە و بەرزی لە نێوان ٢٠٠ – ١٠٠٠ مەترە لە شێوەی کەوانەیەک دایە درێژییەکەی (٥٠٠ کم) ە، و پانییەکەشی لە نێوان (٨٠ – ١٥٠ کم) ە، لە باکووری ڕۆژاواوە دەست پێدەکات تاکوو باشووری ڕۆژھەڵات ئەم ناوچەیە چەند خاسییەتێکی ھەیە یان چەند جیاوازییەکی ھەیە لە نێوان ڕووی خاکەکەی وەک بوونی چەندین گردوو شاخ و زوورگ، سنووری باشووری پێکدێت لە چیاکانی (حەمرین، مەکحول، عەتشان، ئیبراھیم، تەلەعفەر، سنجار، عادی)، بەڵام بەرزایییەکانی گردەکانی تر لەگەڵ کەنارەکانی ڕۆژھەڵاتی ڕووباری دیجلەن وەکو بەرزایییەکانی (گەیارە تا دەگاتە ڕۆژاوای شاری موێ، پاشان بەرزایییەکانی تر بەدیار دەکەون. ڕووبارەکانی دیالە و عڤیم چیای حەمرین دەبرن لە نێوان چیاکانی مەکحول حەمرین و لە پاش ئەم زنجیرەیە دەشتی زۆر فراوان و گەورە ھەن ئەم دەشتانە چەند زنجیرەیەک شاخ لێکیان جیا دەکاتەوە و بەشێوەی تاک تاک و ھاوتەریب لەگەڵ یەکتری لە سنووری عێراق ئێران دەست پێدەکات لە ڕۆژھەڵاتی کەرکووک کۆتایی پێدێت وەک چیاکانی (دارە وشکە – گەلا بات) کە بەرزیان لە نێوان ٢٠٠ – ٣٠٠ مەتر دایە بەڵام زنجیرەکانی تر پێک ھاتوون لە چیاکانی (شاکەل، تساق، عەلی) کە بەرزیان لە نێوان (٣٥٠ – ٦٠٠ مەترە) و چەند زنجیرەی تر ھەن کە لەشاری کەرکووکەوە درێژ دەبێتەوە بەرەو زێی گەورە وەکو چیای قەرەچوغ، بەڵام بەشەکانی باکووری ڕۆژاوای ئەم ناوچەیە پێک ھاتووە لە چیاکانی (مەقلوب – بەعشیقە – عین سەفڕاء - عین زالە – تەل موسا – تل عوینان) ھەروەھا لەم ناوچەیە چەندین دەشتی گەورە و فراوان ھەن وەک لە خوارەوە دیاریکراون.

  1. دەشتی حەمرین: بریتییە لە چەماوەیەکی قۆپاو بەھۆی بەردی نیشتوو و لە شێوەی چین چین دایە سنووری جوگرافی ئەم دەشتە لە باکووردا دەست پێدەکات لە بەرزایییەکانی گەیارە تا سنووری ئێران لە باشووری شاری خانەقین، پان و تەختە لە بەشەکانی باکووریدا بەڵام بەرز دەبێتەوە ھەرچەندە بەرەو باشوور برۆین، پانایی ئەم دەشتە لە بەشەکانی ناوەڕاستدا (٣٢ کم) و ئەم پانایییە زیاد دەبێت ھەر چەند بەرەو باشوور و باکوور برۆین کە پانییەکەی دەگاتە (٦٤ – ٨٠ کم) و بەرزی لە نێوان (١٨٠–٢٥٠ م) دەبێ، ئەم دەشتە چەند ڕووبارێکی وەرزی پێدا دەڕوات وەکو ڕووباری (داقوق).
  2. دەشتی دیبەگە: بریتییە لە چەماوەیەکی قۆقز کە لە نێوان بەرزایییەکانی ئاوانەداغ و قەرەچووغ دایە پانییەکەی ١٦ کم و درێژی ٨٠ کم، و بەرزی نزیکەی ٣٠٠ م دەبێ، ئاوەرۆیی بەشی باکووری کە دەرژێتە زێی گەورە ئەوا بە دەشتی کەندیناوە ناسراوە ئەم حەوزە بە نیشتەنی لم و دەنکۆلەی گەورەی لم و قورو چگل پربووەتەوە، ئەم دەشتەش بەناوبانگە بە بوونی ئاوی ژێر زەوی کە لە بەرزایییەکانەوە بۆیی دێ کە لە شێوەی کانی و سەرچاوە دەردەکەون لە ڕۆخەکانی.
  3. دەشتی ھەولێر: دەکەوێتە بەشی باکووری ڕۆژھەڵاتی بەرزایییەکانی ئاوانەداغ یان زورگەزراو و ھەردوو لایەکەی دەورە دراوە، بەشەکانی باشووری ڕۆژھەڵاتی درێژدەبێتەوە تاوەکو دەگاتە بەرزایییەکانی (کانی دۆمەلان) درێژییەکەی لە باشووری ڕۆژھەڵات تاکو باکووری ڕۆژاوا دەگاتە (٨٥ کم) بەڵام پانییەکەی نیوەی درێژییەکەیەتی و بەرزی لە نێوان (٣٠٠ – ٤٥٠ م) دایە، بریتییە لە حەوزێکی فراوان بە قوم و چەگل پربووەتەوە لە ژێریدا چەند چینێکی بەختیاری دەردەکەوێت وەردەکەی چەند بەرزییەکی تێدەکەوێت و ئاوەرۆیەکەی دەرژێتە زێی گەورە و زێی بچووک و ئەویش بەئاوی ژێر زەوی بەناوبانگە. چونکە نزیکە لەو ناوچە شاخاویانەی کەلە بەردی کلسی کونیلە دار پێک ھاتوون.

ھەر لەم ناوچەیەدا دوو بانی دیار ھەن کە لە خوارەوە ڕوون کراونەتەوە.

  1. بانی کەرکووک: دەکەوێتە نێوان سنووری عێراق ئێرانەوە و دەشتی ھەولێر لە بەشی ڕۆژھەڵاتی و ڕۆژاوا و شاخەبەرزەکان لە باکوور و یان گردەکان لە باشووردا، بەرزییەکەی لە نێوان (٦٠٠ – ١٠٠٠م) دەبێت لە ئەنجامی جوولانەوەی زەوی دروست بووە، پاشان لە ڕۆخەکانیدا چەندین شاخ بەرز بووەتەوە وەک شاخی (تساق کە ٦٨٨م بەرزە، خارخالان کە ١١٨٥م بەرزە، و شاکەل کە ٤٥٠م بەرزە) بەڵام لە ڕۆخەکانی ڕۆژھەڵاتی شاخەکانی (باسکی زنور ١١٨٠م بەرزە).
  2. بانی موێل: کە زۆرجار بە بانی ئاشوور ناودەبرێت کە بەشەکانی باشوور و ڕۆژاوای ناوچەی بانەکانی گرتووە و چەندین بەرزایی تێکەوتووە وەک و شاخی (تەل موسا، عەین زالە، عەین سەفڕاء).

بانی ڕۆژاوا[دەستکاری]

دەکەوێتە بەشی ڕۆژاوای عێراقەوە سنووری ڕۆژھەڵاتی لە ڕۆژاوای فوراتەوە لە دەریاچەی حەبانییە تا دەگاتە ھۆری حەمار پاشان لە باشووردا لەگەڵ شەتولعەرەب درێژ دەبێتەوە و لە کەنداوی عەرەب کۆتایی پێدێت لە باکووردا لە دەریاچەی حەبانییە بەرەو ڕۆژھەڵات لە نزیک ئاوەرۆیی ڕووباری دیجلە لە دەوربەری شاری سامراوە تا دەگاتە شاخی حەمرین و لە باکووردا تێدەپەرێ لە نێوان مەکول – سنجار تا سنووری عێراق سووریاوە و سنووری ڕۆژاوای و باشووری ڕۆژاوای لەگەڵ سنووری سیاسی سووریا و ئوردن و سعودیەوە، ڕووبەرەکەی نزیکەی ٢٧٠٫٠٠٠ کم دەبێت و نزیکەی ٣ / ٥ی ڕووبەری عێراق دەبێت.

دەتوانرێت لە بانی ڕۆژاوادا پێنج بەش لەیەکتر جیابکرێتەوە:

  1. ناوچەی جەزیرە و نمایی (سەرپار): بریتییە لە ئەستێلکێک قولایییەکەی زۆر نییە بەرەو باشوور درێژ دەبێتەوە، ڕۆخی ھەیە لە ڕۆژھەڵات و ڕۆژاوادا، دۆلی سەرپار ئاوەرۆی سەرەکی ئاوی ناوچەی جەزیرەیە کە گەورەترین چالە یان نزمایییە درێژی ٣٠٠ کم دەبێت پانی ٤٥ کم دەبێت و بەرزییەکەی ٢٢٥ م دەبێت لە باکوور تا دەگاتە ٣ مەتر لە خوار ئاستی ڕووی دەریاوە لە نزیک دەریاچەی سەرپارەوەیە. ناوچەی جەزیرە لە چەند پێچێکی بچووک پێک ھاتووە ھەندێکیان لەژێر نیشتەنی لم دان و ھەندێ لە ڕووبەرەکەی بە دەرەوەیە ئەویش لە ئەنجامی جوولانەوەی ناوەوەی زەوی.
  2. ناوچەی دۆلەکان: بەشی ناوەڕاستی بانی ڕۆژاوای داگیر کردووە جۆری بەردەکان و پێکھاتەیان کاریگەری لەسەر سیستەمی ئاوەرۆیەکەی ھەیە لەم ناوچەیەدا چەند دۆلێک ھەیە وەکو دۆلی حۆران و دۆلی سپی (ابیچ)، لە ئەنجامی جۆلانەوەی ناو زەوی گەورەترین چال لەم ناوچەیەدا دروست بووە کە ناسراوە بە نزمایی (کحارە) کە ڕووبەرەکەی نزیکەی ٨٠٠ کم دەبێت کە بەھۆی بەرزبوونەوە و نزمبوونەوەی ڕووی زەوی و پاشان شکان دروست بووە بەڵام لە کۆتایی ناوچەی دۆلەکاندا دەشتێکی گەورە ھەیە کە ناسراوە بە دەشتی حمادە کە لە سنووری نێوان عێراق و ئوردن و سعودیەوەیە و کۆتایی دێت بە شاخێک کە ناسراوە بە شاخی عنیزە کە (٩١٥ م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە.
  3. ناوچەی بەردەکان (بەرداوی): ئەم بەشە دەکەوێتە باشووری ناوچەی دۆلەکانەوە لەبەر ئەوەی ناوچەکە ھەمووی بە بەرد داپۆشراوە بۆیە بەم ناوە ناسراوە ئاووھەوا ڕۆڵێکی زۆری ھەبووە لەسەر دروستبوونی بەردەکان لەو ناوچەیە بەتایبەتی وشکی و جیاوازی پلەی گەرمی بەردەکان شکان و پارچەپارچە بوون و ڕۆخەکانیان زۆر تیژن زۆربەی بەردەکان لە جۆری بەردی کلسن.
  4. ناوچەی دبدبە: دەکەوێتە ئەوپەری باشووری ڕۆژھەڵاتی بانی ڕۆژاوا ئەم ناوچەیە ھەمووی بەبەرد و لم داپۆشراوە بە تایبەتی کە لەگەڵ با ھاتوون لە ناوچەکانی بەرداوی و و ناوچەی دۆلەکان چەند دۆلێکی تێکەوتووە کە ژمارەیان کەمە گرینگترینیان عەمیقە.
  5. ڕۆخە بڕاوەکانی بانی ڕۆژاوا: کە بریتین لە ڕۆخەکانی بانی ڕۆژاوا دەرواننە سەر دەشتی نیشتەنییەوە واتا ڕۆژھەڵاتی ناوچەی بەردەکان و دۆلەکانەوە، ھەروەھا ڕۆخەکانی بانی ڕۆژاوا دەگرێتەوە کە لە دەوروبەری ڕووباری فوراتەوەیە بۆیە بەم ناوە ناسراوە و ناودەبرێت، چونکە چەند دۆلێک ئەم ناوچەیە دەبرن، لە ئەنجامی جوولانەوەی زەوی ھەندێ ناوچە بەرزبوونەتەوە و ھەندێکی تر نزم وەک ناوچەی ھۆری حەبانییە ھەروەھا ناوچەی خوێ ھەروەھا ئەبو دبس.

دەشتی نیشتەنی[دەستکاری]

ئەم ناوچەیە لە کۆندا بەناوچەی زەوییە ڕەشەکان ناسراوە سەرەڕای ئەوەی کە ڕەنگی خاکەکەی نزیکە لە قاوەیی کال واتا ڕەنگەکەی ڕەش نییە، ڕووبەری ئەم دەشتە نزیکەی ٩٣٫٠٠٠ کم کە دەکاتە ١ / ٥ی خاکی عێراق ئەم ناوچەیە پێک ھاتووە لە نیشتەنییەکانی ئاوی دیجلە و فورات کە لە سەردەمی جیۆلۆجی نوێوە ھێناوییەتە ئەم ناوچەیە. ئەم ناوچانە تەختاین بەرزایییەکەیان لە زۆربەی شوێنەکاندا لە ٢٠ پێ تێپەر ناکات واتە (٤ م) نیشتەنی ئەم ناوچانە لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی تر جیاوازی ھەیە، لە ڕووی قولی و ھەروەھا قەبارەی گەردەکانییەوە، نیشتەنییەکانی ناوچەی بەێرە کە ئاوی کاردل ھێناوییەتی گەورەترە لەوەی ئاوی دیجلەو فورات٠ لێکۆڵینەوە جیۆلۆجییەکان دەلێن لە کاتی خۆیدا ئاوی کەنداو تا نزیک شاری تکریت دایپۆشیوە بەڵام دواتر بەرەو دواوە گەراوەتەوە. بەتەنھا ڕووباری دیجلە و فورات بەژداریان نەکردووە لە پێکھێنانی دەشتی نیشتەنی بەلکو ئاوی ڕووبارەکانی (کارول گەرمە) بەژداریان کردووە لە ھێنانی نیشتەنی و ھەروەھا پربوونەوەی ئەم ناوچانە، ئەو نیشتەنیانەی کە ڕووبارەکانی (کارول و گەرمە) ھێناویانە بووە ڕێگر لەبەردەم ئاوی دیجلە و فورات لە کاتی گەیشتنیان بۆ ناوچەی کەنداوی عەرەب و زۆلگاوەکان ھەندێ جار ئاوی ڕووباری دیجلە و فورات بەرەو ناوچە نزمەکان ڕۆیشتن یان ڕێرەیان گۆراوە، پاشان بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ گەراوەتەوە بۆ ئاوی کەنداوی عەرەب، پاشان ڕووباری شەتولعەرەبیان پێک ھێناوە، نیشتەنییەکانی ڕووباری (کارول) زۆرجار زیاتر بووینە لە نیشتەنییەکانی ئاوی (دیجلە و فورات) چونکە ڕۆیشتنەکەی خێرا بووە پاشان بووەتە ھۆی دروستبوونی بەنداو، کە ڕێگەی کەشتیوانی زۆر تێدا ناخۆش بووە لە ئەنجامی ئەو نیشتەنیانەی کە ئاوی دیجلە و فورات کە سالانە دەگوازرێتەوە بۆ ئەم ناوچانە ھەندێ جار بە ٢٥٠ ملیۆن پێ مەزندە دەکرێت کە بووەتە ھۆی دروستبوونی زەوی نوێ زۆرجار مەزندە دەکرێت ٣ میل لە ١٠٠ سالدا.

دەشتی نیشتەنی لە چەندین بەشی سەرەکی پێک ھاتووە؛

  1. ڕۆخی ڕووبار–ڕووبارەکان: ئەمە لە کۆنترین بەشەکانی دەشتی نیشتەنییە لە ھەندێک شوێن بەرزی دەگاتە (١٠ م)
  2. دەشتی ڕووبارەکان: ئەم دەشتانەش لە ئەنجامی گەردیلە قورییەکان دروست بووینە کە ئاوی دیجلە و فورات لەگەڵ خۆیدا ھێناون لە کاتی لافاودا.
  3. دەشتی دەڵتاکان: ئەمانە بەرزیان کەمترە و ڕووبەریشیان کەمترە لە دەشتی ڕووبارەکان ئەویش بەھۆی کەمبوونەوەی لێژایی دەشتی نیشتەنی، لەو بەشەدا کە تێدا ئاوی دیجلەو فورات چەندین لقی لێ جیا دەبێتەوە و ھەروەھا پێچ دەخواتەوە.
  4. ناوچەی زەلگاوەکان: ئەم ناوچەیە دەکەوێتە نێوان شاری عەمارە (ناسڕییە) قورنەکە لە شێوەی سێگۆشەدایە زۆربەی زۆری ئاوی ڕووبارەکان دەرژێتە ئەم ناوچەیە.
  5. ناوچەی ڕێژگە: ئەمەش دەکەوێتە دەوروبەری ناوچەی (شەتولعەرەب) ەوە زۆرجار دیاردەی ھەلکشان و داکشانی ئاو لە کەنداوی عەرەب کاریگەری بەسەرییەوە دەبێت کە دەبێتە ھۆی کۆبونەوەی نیشتەنییەکان لە دەووروبەری ڕۆخەکان دا ئەمەش وای کردووە لە ناوچەکانی تر بەرز تربێت.
  6. ناوچە دەشتە کەناراوییەکان: ئەمە دەکەوێتە ئەوپەری باشووری دەشتی نیشتەنی واتا کەنارەکانی کەنداوی عەرەبەوە، زۆر جاران لە کاتی ھەلکشاندا ئاوی کەنداو دایی دەپۆشێت.
  7. دەشتە پانکەیییەکان: ڕۆخەکانی ڕۆژھەڵاتی دەشتی نیشتەنی – ئەم دەشتانە لە ئەنجامی ئەم نیشتەنیانە کە لە ڕووبارەکانی چیاکانی ئێرانەوە ھاتوون کاتێک بەو ناوچانە دەگەن ئەوەی قور و نیشتەنییە جێدەھێلن، لە ئەنجامدا دەشتە پانکەیییەکان دروست دەبن. بەڵام دەشتەکانی ڕۆژاوای دەشتی پانکەیی لەو نیشتەنییانە دروست بووینە کە ئاوی ڕووبارەکان لە ڕۆژھەڵاتدا ھێناوییەتی. زیادە: دەشتی نیشتەنی ١ / ٥ی ڕووبەری عێراق پێک دێنێ بەھۆی نیشتەنی پێک ھاتووە لە ئاوەکانی دیجلە و فورات ھێناویانە لە شوێنە بەرزەکان و ئەم دەشتانە شوێنەکانیان نزمە بۆیە لەوێ نیشتوون و ئاوەکانی دیجلە و فورات لەو شوێنانەدا واتا ناوەڕاست و خوارووی عێراق لە قۆناغی پیرین بۆیە بەشێوەیەکی بەربلاو بەلاو بووەتەوە.

کەش و ھەوا[دەستکاری]

لەکاتی ھەر لێکۆڵینەوەیەکی ئاووھەوادا پێویستە ڕەگەزەکانی ئاووھەوا وەربگرین وەکو (گەرمی، باران، با، پالەپەستۆ , شێ) بۆدیاری کردنی ڕوخساری ئاووھەوای ھەرناوچەیەک وەھەر ھەرێمێکی جوگرافی. ھەندێک جارھۆکاری شوێن و دوورو نزیکی لە ڕووبەرە ئاوییەکان ڕۆڵی خۆی دەبینێ بۆ دەستنیشانکردنی جۆری ئاووھەوا لە عیراقدا، پلەی گەرمی بەرزدەبێتەوە لەوەرزی ھاویندا پاشان نزم دەبێتەوە لە وەرزی زستاندا. بەرزی و پلەی گەرمی لەعیراقدا دەگەڕێتەوە بۆچەند ھۆیەک وەک دووری شوێنەکەی لەرووبەرە ئاوییەکان و درێژی کاتژمێرەکانی ڕۆژ کە لە ھەندێ ڕۆژەکانی مانگی تەممووز (١٤٫٤) کاتژمێر و چوار دەقیقە دەبێت و ھەروەھا کەمی ڕێژەی شێ و ئاسمانی ساف (سامال). بەڵام نزمی لەزستاندا دەگەڕێتەوە بۆ نزیکی لەھێڵی یەکسان و بەرزی ونزمی ڕووی خاکەکەی و سەرەڕای کاریگەری پالەپەستۆ و پەستانی کەش کە کار لەئاووھەواکەی دەکەن لەم وەرزەدا. بەڵام لەرووی بارانبارینەوە کە جۆری بارانی گەردەلولە (بابۆران) و ڕێژەکەش جیاوازە ئەویش بەپێی ئەندازەی ھاتنی ئەو (نەوالە شێیانە). جیاوازی بەرزی لە ئاستی ڕووی دەریاوە کە ڕێژەکەی لەنێوان(١٠ – ١٠٠ سم) دەبێت ھەر چەندە بەرەو باکوورو باکووری ڕۆژھەڵات برۆین بایەکەی لەجۆری باکووری ڕۆژاوایە خێرایییەکەی مام ناوەندییە بەدرێژایی ڕۆژەکانی سال، بەڵام لەباشوردا جۆری بایەکە دەگۆرێ بۆ بای باشووری ڕۆژھەڵات و عیراق بەزۆری لەژێر پالە پەستۆی بەرزی نیمچە خولگەیییە کە زالە بەسەر بیابانی گەورەی عەرەبی و نابێ کاریگەری بەرزی ونزمی لەبیربکەین بەتایبەتی لەناوچە شاخاوییەکاندا لەسەر ئاراستەی (با) و ڕێژەی باران و جۆری داباریندا. بۆیە ئاووھەوای عیراق دەکەوێتە ژێرکاریگەری کۆمەلێک گۆراوی ئاووھەوای جێگیر و ناجێگیر کە ئەوانەی دەبنە ھۆی جیاوازی ئاووھەوا لەزستانەوە بۆھاوین و لەباکورەوە بۆ باشوور.

ھەرێمەکانی ئاو و ھەوا لە عێراقدا ئەمانەی خوارەوەن.

  1. ھەرێمی دەریای ناوەڕاست مامناوەندی وشک و گەرم لە ھاویندا؛ ئەمەش بەشەکانی ناوەڕاست و باشووری ناوچە شاخاوییەکان دەگرێتەوە (پێچە سادەکان) کە تێدا تێکرای گەرمی گەرمترین مانگ لە (٥٠ ف) زیاتر دەکاتە ١٠ پلەی سەدی، و ساردترین مانگ لە نێوان (٦٤٫٤ ف) واتا ١٨ پلەی سەدی و (٢٦٫٦ ف) کە دەکاتە ٣ پلەی سەدی، و بارانی زستانەیە و لە ھاویندا وشکە، ئاووھەوای دەریای سپی ناوەڕاست دەبێتە دوو جۆر (CSA) کە وشک و گەرمە لە ھاوین، و ھەروەھا جۆرەکەی تریان وشک و مامناوەندییە کە ناسراوە بە (CSB) کە لە بەشەکانی باشوورو ڕۆژھەڵات دا تێبینی دەکرێت گەرمترین مانگ لە جۆری (CSA) زیاترە لە (٢٢ پلە) بەڵام لە (CSB) کەمترە لەو پلەیە سەرەڕای جیاوازیان لەرووی بارانبارینەوە کەلە (CSB)دا زیاترە لە ٨٠ سم بەڵام لە (CSA)دا لە نێوان (٦٠ –٧٠) سم دایە٠
  2. ھەرێمی ئاووھەوای ستێپس گەرم و باراناوی؛ ئەم ئاووھەوایە ناوچەکانی زورگ دەگرێتەوە لە عێراقدا واتا باشوورو ڕۆژاوای ھەرێمی دەریای سپی ناوەڕاست بە شێوەیەکی پشتێنەیی لە باکووری پلەی گەرمی لەو ھەرێمەدا بەرزە کە تێکرای سالانەی زیاترە لە ١٥ پلەی سەدی بەڵام بارینەکەی وەک و ھەرێمی دەریای سپی ناوەڕاستە بەڵام ڕێژەکەشی کەمترە بە بەراورد لەگەڵ ناوچەی یەکەم، چونکە ئەم ناوچەیە نزمترە ڕێژەی بارانبارین لە نێوان ٤٠ – ٥٠ سم دەبێت لە ھەندێک سالدا ئەم جۆرە ھەرێمە سنوورەکەی گۆرانکاری بەسەر دێت بەتایبەتی بەھۆی ھەلبەزین و دابەزینی ڕێژەی بارانبارینەوە لەو سالانەی کە ڕێژەی بارانبارین تێدا کەمە سنوورەکەی فراوان دەبێت بەرەو ھەرێمی ئاووھەوای بیابانییەوە ھەندێ جاریش جۆرێک لە ڕووەکی بیابانی تێدا دەڕوێت.
  3. ھەرێمی ئاووھەوای بیابانی گەرم؛ ئەمەش زۆربەی زۆری خاکی عێراقی داگیر کردووە ناوەڕاست و باشوورو ڕۆژاوا ئەمەش دەبێتە دوو جۆر:
  • ھەرێمی ئاووھەوای بیابانی گەرم و باراناوی زستانە: بەشەکانی باشووری وڵاتدەگرێتەوە کە تێدا تێکرا پلەی گەرمی سالانە زیاترە لە ٢٠ پلەی سەدی.
  • ھەرێمی بیابانی ساردو باراناوی زستانە: بەشەکانی باکووری بانی ڕۆژاوا دەگرێتەوە تێکرای پلەی گەرمی سالانەی زیاترە لە ١٥ پلەی سەدی و بارانیشیان زستانەیە و تێدا ڕێژەی بەھەلم بوون زیاترە لە ڕێژەی بارانبارین.

گڵ[دەستکاری]

چەندین پێناسەی جۆراوجۆر بۆ گل ھەیە بۆنمونە: بریتییە لەو تێکەڵە کانزایییەی ماددەی ئۆرگانییەی کەبەشەکانی چینەکانی سەرەوەی توێکلی زەوی دەگرێتەوە. بەڵام ئەوەی تایبەت بێت بەزانستی گل ئەوا ئەو شوێنەیە لە توێکلی زەوی کەوا ڕووەکی تێدا دەڕوێت، کۆمەلێک ھۆکار ھەن وەکو (ئاووھەوا و گەرمی و باران), ھەروەھا جۆری بەردەکان وبەرزی ونزمی و مرۆڤ و کات وبەرگی ڕووەک کاریگەریان دەبێت لەسەر دروستبوونی گل. یان گل لەھەرناوچەیەکدا ڕەنگدانەوەی بارودۆخی ئاووھەوای ناوچەکە و بەرزی ونزمی و ڕووەکەیەتی ھەندێک گلمان ھەیە دەولەمەندەوە ھەندێکی تر ھەژارە بوونی ماددەی کانزایی و خوێکان وەک کالسێوم و فسفۆر و پۆتاسیۆم و نایترۆجین و مەگنیسیۆم و بۆرۆن، بوونی ئەم ماددانەوە ماددەی ئۆرگانی نیشانەی دەولەمەندی گلن و بەپێچەوانەوە نیشانەی بێ پیتی گل دەگەیەنێ. کەواتە جۆری بەردەکان و بەرزی ونزمی و ئاووھەوا ھۆکاری سەرەکیینە بۆ دیارکردنی بەپیتی خاک ئەوەی تایبەت بێت بەگلی عیراق ماددەی جیری وکلسەکان بەشێکی زۆری پێکھاتەی گلەکە پێک دێنێت وەلە جۆری گلی گواستراوە سەرەڕای بوونی چەند جیاوازییەکی کەم، گلی ناوچەی دەشتی نیشتەنی جیاوازە لەگەڵ گلی ناوچەی زورگ ئەویش بەھۆی جیاوازی بەرزی ونزمی یەوە.

(بیورینگ) زانای ھۆلندی لەسالی١٩٦٠ ھەستا بەدابەش کردنی جۆرەکانی گل لەعیراقدا کەلەم بەشانەی خوارەوە پێک دێت:-

  1. گلی کەستەنائی:- (رەش-خاکی ڕەش)؛ ئەم جۆرە گلە بەشی ھەرە زۆری ناوچەکانی دەشتی شاخاوی داگیرکردوە وەک دەشتی (ڕانیە، شارەزوور، سندی) ئەم جۆرە گلە ئەستوورییەکەی زۆرەیان قولە لەگلی نەرم پێک ھاتووەوە مادەی ئۆرگانی و کانزایی تێدایە و ڕێژەی خوێی تێدا کەمە بۆیە لە گلە بە پیتەکان دادەنرێت.
  2. گلی قاوەیی مەیلەو ڕەش: ئەم جۆرەگلە ناوچەیەکی بەرفراوانی ناوچەی زورگی داگیرکردووە گلی ئەم ناوچەیە کەمتر بەپیتە، ئەگەر بەراوردی بکەین لەگەڵ جۆری یەکەمدا بەھۆی کرداری شۆرانەوە ماددەی کانزایی و ئۆرگانی کەمترە لەجۆری یەکەم.
  3. گلی قاوەیی مەیلەو سوور: ئەم جۆرە گلە دەکەوێتە باشووری جۆری دووەم تا دەگاتە ناوچەکانی باشوورو ڕۆژاوا تانزیک بانی جەزیرەوە لەباشوریشدا تا وەکو دەشتی نیشتەنی ئەم جۆرە گلە ماددەی کلسی وجبسی تێدا زۆرە و لە قولایییەکی کەمدا.
  4. خاکی بیابانی یان سلیزۆم یان بیابانی خۆلەمێشی:- ئەم جۆرە لەناوچەکانی باکوورو ناوەڕاستی بانی ڕۆژاوایە ماددەی ئۆرگانی لە ١٪ تێپەرناکات و زۆر دەولەمەندە لە ماددەی کلس بەتایبەتی لەسەر ڕووەکێکدا بەڵام لەبەشەکانی باشووری بانی ڕۆژاوادا بەھۆی ھۆکاری داماڵین بەتایبتی (با) گل لەم ناوچەیەدا لەنێوان لمی وبەردی دایەوە ماددەی ئۆرگانی تێدا کەمە کە لە (٠٬٥٪) تێپەر ناکات و لەعیراقدا چەندین جۆری تر لە گلمان ھەیە بۆ نموونە گلی بەردی یان گلی ڕۆخی ڕووبارەکان یان گلی دەشتی دەلتا یان گلی ناوچەی زۆلکاوەکان.

ڕووەکی خۆرسک[دەستکاری]

لەعیراقدا دەرئەنجامی بارودۆخی ئاووھەوا و گل و بەرزی و نزمییەکەیەتی لە٧٠٪ی ڕووبەری عیراق ڕووەکی بیابانییە، ئەم ڕووەکانە خۆیان گونجاندوە لەگەڵ گەرمی و وشکی زۆرەوە کە بۆ ماوەی زیاتر لەھەشت مانگ دەبێت، ئەگەر سەیری نەخشەی دابەش بوونی ڕووەکی خۆرسک بکەین لەعیراقدا ئەوا دەتوانین بۆ سەرچەند جۆرێک دابەشیان بکەین وەکو:-

  1. ناوچەی شاخاوی: کەدارستانی سروشتی تێیدا ڕواوە بەتایبەت لەناوچەکانی باکوورو باکووری ڕۆژھەڵاتدا کە بە شێوەیەک دەست پێدەکات لەچیاکانی بێخێر، سپی، ئاکرێ، پیرمام، کۆسرەت، و لە قەسری شیرین کۆتای پێدێت دارستانی ناوچەی شاخاوییەکان بەزۆری لەجۆری گەلاوەریوە (نفڤییە) کە لە (٨٥٪)ی ھەموو دارستانەکان پێکدێنێ نموونە وەکو داربەروو و مازی و قەزوان.
  2. بەڵام لە ناوچەی دۆلەکاندا دیسان چەندجۆرێکی تر لە ڕووەک ودارستانی سروشتیمان بەرچاو دەکەوێت وەکو گوێز و سماق و ترێ و چەندان جۆری تر.
  3. بەڵام لەناوچەی زورگ کە بە شێوەیەکی زۆر سەرسوورھێنەر بلاوبووەتەوە کە لە ھاویندا بێ بەرگە بەڵام لەبەھار و پایزدا ئەوناوچەیە بەرگێکی سەوزدا دەپۆشێت بەڵام جیاوازی ھەیە لە ناوچەی شاخاویدا ڕووەکی ئەم ناوچەیە بریتییە لەگژوگیا و ھەندێک ڕووەکی وەرزی وەک کەنگر، تۆرکە، کاردی، پۆنگ، کنێر و ھەروەھا دۆمەلان کە بەزۆری لەدەشتەکانی حەمرین و دەشتی قەراج دا پەیدا دەبێت.
  4. بەڵام لەرۆخی ڕووبارەکاندا کە چەند جۆری ترلەرووەکمان ھەیە وەک چنار و بی.
  5. ھەروەھا ناوچەی زۆنگاوەکانیش بە تایبەتی قامیش و زەل کە بەکاردێ لەدروست کردنی خانوو یان بەلەمی بچووک یان قامیشی بۆدەرھێنانی شەکر بەکاردێت. لەعیراقدا بەتایبەتی لەناوچەی بیابانەکان ھەندێک ڕووەکمان ھەیە کە درکاوین شین دەبن وەک (قیێوم) و(ڕرپل) حوشترالوک ھەروەھا (ڕشیح) خرنوک بەڵام دارستانی سنۆبەری لەھەندێک شوین ھەیە لە پارێزگای دھۆک لە ئەترۆش وزاویتە کە ڕووبەرەکەی لە٠٬٣ و ٠٬٦ تێ پەرناکات.

دەرامەتی ئاو[دەستکاری]

مەبەست لەدەرامەتی ئاو لە عیراقدا ھەموو ئەو سەرچاوانە دەگرێتەوە کە لە سنوورەکەی دایە وەک: ئاوی سەرزەوی و ئاوی ژێر زەوی و بەفروباران

عیراق ھەر لەکۆندا بە وڵاتی یان دۆلی دوو ڕووبار ناسراوە ئەمەش وای کردووە گرنگییەکی ئابووری ھەبێت پاشان ببیتە ھۆی دروستبوونی چەندین شارستانییەتی ھەرچەندە سەرچاوەی زۆربەی ئاوەکانی لەدەرەوەی سنووردان بەڵام پێویستە باس لەشێوازی ئاودێری بکەین لەعیراقدا بۆ ئەوەی شارەزایی پەیدا بکەین لەگیروگرفتەکانی:

ئاوی سەرزەوی[دەستکاری]

کە بە زۆری سەرچاوەکانی لەدەرەوەی سنوورەکانییەوەیە عیراق بەشداردەبێت لەو سامانە ئاوییە بەرێژەی(٢٣٪) و تورکیا(٧٠٪)و ئیرانیش بەو ڕێژەی کەماوە(٧٪)، ئاوی سەر زەوی لە عیراق بەشێوەیەکی گشتی ئاوی ڕووباری دیجلە و فورات و لقەکان لەگەڵ شەتی عەرەبدا. کە تێکرای ڕووبەری ھەردووحەوزی ڕووبارەکە (٧٨٣٬٠٠٠)کم دەبێت.

ڕووباری دیجلە

سەرچاوەی ڕووباری دیجلە لە بەرزایییەکانی باشووری ڕۆژھەڵاتی تورکیا دایە کەسەرچاوەی یەکەمیان ئاوی دیجلە سووە کە سەرچاوەی ئەم ئاوە دەریاچەی (کوچکە) کە لە بەرزی (٢٠٠٠م) دایە لە ئاستی دەریا پاشان بە شاری دیاربەکردا دەڕوات لەلای ڕۆژھەڵاتەوە سێ لقی دەرژێتە ناوی ئەویش (بەتمان سو، کارزان سوو) کە لە چیاکانی ھەکارییەوە دێن و بۆتان ێوو کە لە چیاکانی نزیک دەریاچەی وانەوە دێت. کە لەبەرزی نێوان(٢٠٠٠–٥٠٠٠)م دایە لەئاستی ڕووی دەریاوە پاشان دیجلە بەدووری(٤کم) لە باکووری گوندی پێشخابورەوە دێتە ناو سنووری عیراق کە لەنێو دۆلێکی فراوانی پێچاو پێچ دا دەڕوات کەیەکەم لقی دەرژێتە ناوی ئەویش لقی خابورە کە درێژییەکەی (١٦٠کم) ە پاشان زێی گەورە کە درێژییەکەی ٣٩٢کم دەبێت دواتر زێی بچووک کەدرێژی (٤٠٠کم) دەبێت دەرژێتە ناوی و ھەروەھا ڕووباری عوزێم کە درێژییەکەی نزیکەی(٢٢٣کم) دەبێت و ھەروەھا پاشان ڕووباری دیالە کە درێژی(٣٨٦کم) دەبێت، دەرژیتە ناو دیجلە زۆربەی زۆری لقەکانی ڕووباری دیجلە لە سنوورەکانی دەرەوە دێن وەکو زێی گەورەکە لەزەوییەکانی تورکیاوە دێت لەنزیک چیاکانی ھەکاری لەدەریاچەی وانەوە دێت و زێی بچووک و ڕواندز کە لە خاکی ئێرانەوە دێن کەلە ھەندێ شوێندا بەرزی ئاوەرۆی زێی بچووک نزیکەی (٣٠٠٠م) دەبێت پاشان دیجلە دێتە ناو دەشتی نیشتەنییەوە لە نزیک شاری بەلەد کە لەم ناوچەیەدا بەھۆی کەمبونەوەی لێژییەکەی پێچاوپێچی زۆری لێ دروست دەبێت، لەنێوان شاری بەغدا و بەلەددا ڕووباری عوزێم دەرژێتە ناو ڕووباری دیجلە و کە خۆی لەسێ لق پێکھاتووە (ئاوی سپی، داقوق سووە، خاسەسوو) لە دوای شاری بەغدا بە دووری (٣٢کم) ڕووباری دیالە دەرژێتە ناو ڕووباری دیجلەوە لەدوولق پێک ھاتووە ئاوی سیروان کە لەشاخەکانی ئیرانەوە دێ و ھەروەھا تانجەرۆ لەلای ئەحمەداوە دێت لەناوەخۆ. لە باکووری شاری کوت بەنداوی کوت دروستکراوە بۆبەرزکردنەوەی ئاستی ئاوی دیجلە پاشان ئاوەکەی گواستراوەتەوە بۆ ھەردوو لقی الغراف و دوجیلە لەو ناوچەیە ئاوی ئاوەرۆی دیجلە بەرزترە لە ئاوەرۆی فورات بۆیە چەند لقیک و جۆگەیەکیان لێ دروستکردوە بەرەو ڕووباری فورات وەک (البتیرە - الغراف) دواتر ئاوی دیجلە بە شاری میساندا تێدەپەرێت و چەند لقێکی لێدەبێتەوە وەک (کحلا – المشرع – مجرالکبیر - مجرالصغیر) پاشان ڕێرەوی ڕووباری دیجلە فراوان دەبێتەوە بەھۆی گەرانەوەی ئاو لە زۆنگاوەکان بەتایبەتی (الحویزە) پاشان ھەردوو ڕووبار یەکتر دەگرن لەنزیک گەرمەت علی و شەت لعەرەب پێک دێت.

ڕووباری فورات

فورات سەرچاوەکەی لەخاکی تورکیاوەیە بە تایبەت ناوچە شاخاوییەکان کە لە ھەندێک شوێندا بەرزییەکەی لە (٣٠٠م) زیاترە. ڕووباری فورات دروست دەبێ لەئەنجامی بەیەکگەیشتنی ھەردوولقی (فراتسوو و مرادسوو) لەنزیک شاری کەیبان بەیەک دەگەن دۆلێکی قول دروست دەکەن، ڕووباری فورات لەخوار شاری کەیبانەوە بەدووری (١٢٠کم) لقی توھماسوی دەرژێتە ناوی کە لەچیاکانی تۆرۆسەوە دێت پاشان ڕووباری فورات دێتە ناوخاکی سووریا و لەنزیک شارۆچکەی ترابلس لەباشوری ئەم شارۆچکەیەوە بەدووری (٣٠کم) لقی ساجوری دەرژێتە ناوی پاشان بەرەو باشووری ڕۆژھەڵات دەڕوات لەنزیک شاری ڕوقە لقی بلێخی دەرژێتە ناوی پاشان بەشاری دێرەزوردا دەڕوات و لقی خابوری دەرژێتە ناوی پاشان بەرەو باشوورو باشووری ڕۆژاوادا دەڕوات دەگات بە خاکی عیراق پاش ئەوەی شاری بووکەمال دەبرێت لەنزیک گوندی (عێیبە) پاشان دەگاتە دەشتی نیشتەنییەوە دوای ئەوەی شاری ھیت دەبرێت لەو ناوچەیەدا پانی دەگاتە (٢٢ مەتر) لەباشوری ڕۆژاوای شاری ڕومادی دەریاچەی حەبانییە دروستکراوە بۆ کۆکردنەوەی ئاوی لافاو و جارێکیتر دەگەڕێتەوە ناو ڕووبارەکە لە کاتی کەمبونەوەی ئاو لەرێگەی جۆگەی الژبانەوە پاش ئەوەی فورات شاری فەلوجە دەبرێت لەڕووباری دیجلە نزیک دەبێتەوە کە ماوەی نێوانیان (٤٠کم) دەبێت و ئاستی ئاوی فورات لەوناوچەیەدا (٧مەتر) بەرزە و لێژییەکەی ١–١٢٠٠ مەتر دەبێت کە لێژییەکەی بەرەو لای ڕۆژھەڵاتە واتە بەرەو دیجلەیە بۆیە چەندین جۆگە ھەلکەندراوە بە مەبەستی ئاودێری لەلای چەپی ڕووباری فوراتەوە بۆباشوری ڕۆژھەڵاتی لە باکووری بەنداوی ھندییەدا وەک لقەکانی (سەقلاوییە، ئەبوغریب، یوسفییە، لتیفییە، ئەسکەندەرییە، مێیبی گەورە، ناێرییە). بەڵام جۆگەکانی حللە و کفل کە لەنزیک بەنداوەکەن لەلای چەپی لەگەڵ حسێنییە و بەنی حەسەن لەلای ڕاستی پاش ئەوەی لەشاری کفل دەردەچێت فورات دەبێتە دوولق ئەویش لقی کوفە و شامییە دواتر ئەم دوو لقە یەکتر دەگرنەوە لە مشخاب یاھور لەدوای شاری شارۆچکەی تنافییە دیسان ڕووباری فورات دەبێتە دوو بەش کە لقی (ڕغفیلییە و عەتشان) لە باکووری شاری سەماوە ئەم دوو لقە یەکتر دەگرنەوە دوولقی تری لێجیا دەبێتەوە کە سەماوە و سوێرەیە دواتر یەک دەگرن بە شاری ناسریە و سوق الشیوخدا تێپەردەبن. لەم ناوچەیەدا ئاوی فورات زۆربەی زۆری بە فیرۆدەچێت بە تایبەت بەھۆی بەھەلم بوون و ڕژانی بۆناو زۆنگاوەکانەوە پاشان لە سوق الشیوخ دا فورات دەبێتە دوو بەش ئەوانیش لقی (عکیکە و گرمەت حسن) پاشان فورات دەبێتە سێ بەش ئەوانیش (بەنی سعید و عفار و ڕم نخلە) کە ئەوانە ھەموویان لە ھۆری حەمار دەکەن دواتر لە ناو ھۆرەکەدا فورات دەبێتە دوو لق کەلقی باکووری یەکتردەگرن شەت لعرب پێک دەھێنن. درێژی ڕووباری فورات لەناوچەی بەیەک گەیشتنی فرات سو و مرادسو تاوەکو ڕێژگەی شەت لعرب (٢٣٠٠کم) دەبێت (١٢٠٠ کم) لەناو سنووری خاکی عیراقدایە، و (٤٥٥کم) لەسنوری تورکیا، و ٦٧٥کم لەسنوری سووریا، و ڕووبەری حەوزەکە (٤٤٤٬٠٠٠)کم٢ دەبێت کە نزیکەی (٤٦٪) لەخاکی عیراقدایە.

باران وبەفر[دەستکاری]

ڕێژەی بارانبارین لەعیراقدا لەبەشەکانی باشوورو ناوەڕاست لە (٢٥سم) تێپەر ناکات ئەمەش ڕێژەیەکی کەمە ناتوانێت قەرەبووی ئاوی سەرزەوی بکاتەوە ئەویش لەبەر بەرزی پلەی گەرمی و وشکی خاکەوە چونکە بەشێک لەو بارانە دەبێتە ھەلم و بەشێکی تری لەلایەن خاکەوە دەمژرێتن بەڵام لەبەشەکانی باکووری عیراق یان کوردستان تێکرای ڕێژەی باران و بەفر (٨٠سم) دەبێت سەرەڕای ئەوەی کەئەم ڕێژەیە کەمە بەڵام سوودی دەبێت بۆ ئاوی ژێرزەوی ھەروەھا بۆ زیادبوونی ئاوی دیجلە بەڵام بەفربارین گرنگی زۆری دەبێت بەتایبەتی لەبەھار لە کاتی توانەوە ئەگەر ڕێژەی ئەو بەفربارینە نەبایە ئەوا ڕووبارەکان وشک دەبوون و ئاستی ئاوی ژێر زەویش کەم دەبوو.

ئاوی ژێر زەوی[دەستکاری]

گرنگی ئاوی ژێرزەوی کەمتر نییە لەگرنگی ئاوی سەرزەوی چونکە عیراق وڵاتێکە ئاو و ھەوای وشکە کەمی ئاوی سەر زەوی بەشی پێداویستییەکان ناکات چەندییەتی و چۆنییەتی ئاوی ژێرزەوی پەیوەستە بە کۆمەلێک ھۆکار وەکو ئاووھەوا بەرزی و نزمی و جۆری بەردەکان بۆ نموونە لەکوردستاندا لەبەر زۆری ڕێژەی بارانبارین بەتایبەتی لە ناوچە شاخاوییەکاندا ئاوی ژێرزەوی ڕێژەکەی زیاترە ئەگەر بەراوردی بکەین لەگەڵ ناوچەکانی تری عیراقدا بوونی بەردی کلسی و ھەروەھا کونیلە داریان کاریگەری زۆریان ھەیە لەسەر کۆکردنەوەی ئاو و ھەروەھا لەسەر ڕێژەی خوێیەکان دەتوانین ئاوی ژێر زەوی دابەش بکەین بەسەر چوار ناوچەدا لەرووی جۆر و چەندییەتیان:-

  • ناوچەی شاخاوییە بەرزەکان: کەئاوی زۆری لێیە وەجۆرەکەشی باشە بەھۆی زۆری بارانو ھەروەھا بەردی کلسەوە
  • ناوچەی زورگ: لەرووی چەندییەتی و چۆنییەتی جیاوازی ھەیە لەگەڵ ناوچەی یەکەم ئەویش بەھۆی جیاوازی زۆری لەرێژەی بارانبارین یان بەردەکان کە دەست پێدەکات لەناوچەی شاخەکانی سنجار تا دەگاتە نزیک خانقین
  • ناوچەی دەشتی نیشتەنی: کە تێیدا ئاوی ژێرزەوی کەمترە و ڕێژەی خوێیەکانی تێدا زیاترە کە ھەنێ جار دەگاتە (٣٠٠٠–٦٠٠٠) بەش لەملیۆنێک.
  • ناوچەی بانی ڕۆژاوا و جەزیرە: ڕێژەی خوێ لەئاوی ژێرزەوی لەو ناوچانە زۆرە بەتایبەت (گۆگرد، کلۆریدی کالسیۆم، و ھەروەھا گازی گۆگردی ھایدرۆجینی) کە ڕێژەی خوێ لەو ناوچانە ھەندێ جاردەگاتە (٤٠٠٠–٦٠٠٠) بەش لەملیۆنێکدا. لەو ناوچەیە چەند مێرگێک ھەیە.

بیابان[دەستکاری]

دەڤەرا بیابانێ دکەڤیتە ڕوژئاڤا و باشوورێ ڕوژئاڤایێ ڕوویبارێ فراتی و بەشەکە ژ بیابانا سووری و بیابانا عەرەبی کو بەڵاڤ دبیت ل سەر سووریا و ئوردن و سعوودیە و پرانیا نیمچە گزیرتا عەرەبی. ئەڤ دەڤەرە کو ژمارەیەکا کێما کوچەران تێدا دژین بارا پتر ژ دەشتەکا کەڤری پێکھاتییە و ھندەک ڕووبەرێن خیزایی ژی تێدا ھەنە. گەلەک نھاڵێن بەربەڵاڤ ھەنە کو ل دەڤەرا سنووری دەست پێدکەن و دگەھنە فراتی و زۆربەیا دەمان ب درێژیا ساڵی ئەڤ نھاڵە د ھشکن. ھندەک نھاڵ درێژترن ل ٤٠٠ کێلۆمتران و لێشاڤەکا بھێز و دەمکورت دگەل خوە دئینیت دەمێ باران دباریت ل وەرزێ زڤستانێ.

ڕوژئاڤا و باشوورێ عیراقێ ژ بیابانەکێ پێک دھێت کو ڕووبەرێ وێ ٦٤٬٩٠٠ کم٢ کو نیزێکی ٢ پێنێکێن ڕووبەرێ عیراقێ پێکدئینیت. بیابانا ڕوژئاڤایی کو تمامکەرا بیابانا سوورییە بلند دبیت ھەتا دگەھیتە ٤٩٠ متران. بیابانا باشووری ب بیابانا ئەلھەجارە یا بەر نیاسە و بیابانا دبدبە ل ئالی یێ ڕوژھەلاتێ. ئەڤ ھەردوو بیابانە بەشکن ل بیابانا عەرەبی. بیابانا ئەلھەجارە ژ ڕووزەڤیناسییەکا ئالۆز پێکدھێت کو بیابانا کەڤری و نھاڵا و دوولا پێکدھیت. بیابانا دبدبە دەڤەرەکا خیزییە و ڕووەکێن کێم بخوڤە دگریت. بلنداھیا بیابانا باشووری دناڤبەرا ١٠٠٠ – ٢٧٠٠ متران. بلنداھیا چیایێ عونەیزە ئەوێ ل دەڤەرا سنوورییا ناڤبەرا عیراق و ئوردن و سعوودیە دگەھیتە ٣٬١١٩ متر. نھوڵا ئەلبەتن دگەھیتە ٧٥ کێلۆمتران ل ناڤ بیابانا دبدبە. ئەڤە ژ ساڵا ١٩١٣، ئەڤ نھاڵا وەک سنوورەکێ یە دناڤبەرا عیراق و ڕوژئاڤایێ کوێتێ.[١]

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  1. ^ Thomas Pohl; Sameh W. Al-Muqdadi; Malik H. Ali; Nadia Al-Mudaffar Fawzi; Hermann Ehrlich; Broder Merkel (6 March 2014). "Discovery of a living coral reef in the coastal waters of Iraq". Scientific Reports. 4: 4250. doi:10.1038/srep04250. PMC 3945051. PMID 24603901.