بۆ ناوەڕۆک بازبدە

شێرکۆ بێکەس

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
  ئەم وتارە سەبارەت بە شێرکۆ بێکەس نووسراوە. بۆ بینینی وتارە هاوشێوەکان بڕوانە ‏بێکەس (ڕوونکردنەوە).
شێرکۆ بێکەس
شێرکۆ بێکەس
ناوی خۆماڵیشێرکۆ فایەق عەبدوڵڵا
لەدایکبوونشێرکۆ فایەق عەبدوڵڵا بێکەس
(١٩٤٠-0٥-0٢) ٢ی ئایاری ١٩٤٠
سلێمانی،  کوردستان
مردن٤ی ئابی ٢٠١٣(٢٠١٣-٠٨-٠٤) (٧٣ ساڵ ژیاوە)
ستۆکھۆڵم،  سوێد
شوێنی گۆڕپارکی ئازادی، سلێمانی
نازناوجوامێر
پیشە
زمانکوردی
نەتەوەکورد
خەڵاتە دیارەکانخەڵاتی تۆخۆڵسکی (١٩٨٧)
خەڵاتی پیرەمێرد (٢٠٠١)
خەڵاتی قەقنەسی زێڕین (٢٠٠٥)[١]
چالاکی ساڵانی١٩٦٨–٢٠١٣
ھاوسەرنەسرین ئەحمەد میرزا (١٩٦٩-٢٠١٣)[٢]
منداڵەکانھەڵۆ، ھانا، ھەڵبەست، ھێژا
خزمەکانفایەق بێکەس (باوک)
شەفیقە سەعید (دایک)[٣]

شێرکۆ فایەق عەبدوڵڵا بێکەس (لەدایکبووی ٢ی ئایاری ١٩٤٠ لە سلێمانی، هەرێمی کوردستان – کۆچکردووی ٤ی ئابی ٢٠١٣ لە ستۆکھۆڵم، سوێد) شاعیرێکی کورد بوو. کوڕی هەڵبەستوانی کوردی سەدەی بیستەم فایەق بێکەس بوو، و یەکێک بوو لەو شاعیرانەی کە شیعری ھاوچەرخی کوردیی دامەزراندووە و شاعیرێکی زۆر بەتوانا بەنێوبانگ بووە.

شێرکۆ بێکەس یەکەم وەزیری ڕۆشنبیری لە ھەرێمی کوردستان و ھەروەھا لە خولی یەکەمی پەرلەمانی کوردستان ئەندامی پەرلەمانیش بووە. شێکۆ بێکەس ئەندامی یەکێتیی نووسەرانی کورد، سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان و یەکێتیی نووسەرانی سوێد بوو.[٤]

شێرکۆ بێکەس ڕۆژی ٢ی ئایاری ساڵی ١٩٤٠ لە گەڕەکی گۆیژەی شاری سلێمانی لەدایک بووە. بێکەس یەکەمین شیعری خۆی لە تەمەنی ١٧ساڵیدا بڵاو کردەووەتە. ساڵی ١٩٦٨ یەکەمین پەرتووکی شیعری خۆی بە ناوی «تریفەی ھەڵبەست» لە بەغدا چاپ کردووە. ساڵی ١٩٧٠ لەگەڵ کۆمەڵێک لە شاعیرانی بەناوبانگی ئەو سەردەمە بانگەوازێکیان بۆ گۆڕانکاری لە شیعری کوردی و بەتایبەت چوون بە لای شیعری نوێی کوردییەوە بڵاو کردەوە.

ساڵی ١٩٨۷ لە وڵاتی سوێد خەڵاتی «تۆخۆڵسکی» پێ بەخشرا و شیعرەکانی بە زۆر زمانی دنیا وەرگێڕدرا. لە ساڵی ١٩٩٨ەوە ھەتا کۆتاییی ژیانی، ئەندامی ئەنتەلۆجیای خوێندنی پۆلەکانی ئامریکا و کەنەدا بوو. لە ھەمان ساڵدا بە یارمەتی کۆمەڵێک کەس و ھاوڕێی خۆی، «دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم»یان دامەزراند.

ساڵی ٢٠٠١ ناوەندی چاپ و ڕاگەیاندنی «خاک» خەڵاتی پیرەمێردی شاعیری بە شێرکۆ بێکەس بەخشی. لە ساڵی ٢٠٠٩دا تەواوی بەرھەمەکانی لە ھەشت ھەزار لاپەڕەدا لە چاپ درا.[٥]

شێرکۆ بێکەس یەکێک بووە لە دامەزرێنەرانی سەردەمی شیعری نوێی کوردی و ھونەری کوردی بە زمانی شیعری نوێ ناساند. شیعری شێرکۆ زۆر جار باسی لە نیشتمانپەروەری و خۆشەویستیی ئاو و خاک کردووە.[ژێدەر پێویستە]

نموونەی ھەڵبەستی شێرکۆ بێکەس

[دەستکاری]
سەدرەدین عارف، جەلالی میرزا کەریم، حسێن عارف، شێرکۆ بێ‌کەس، کەمال ڕەئووف محەمەد (لە دواوە)، جەمال شارباژێڕی (لە پێشەوە).
شێرکۆ بێکەس و ئەحمەد سەلام

نموونەی یەکەم

[دەستکاری]

لە لای ئەوان
لە پشت ھەموو پیاوێکەوە ژنێک ھەیە
دەس بە مۆم و دەس بە کتێب و ڕۆژنامە و
بە شمشاڵ و بە کەمانچە و
دەس بە شەوبۆی خۆشەویستی
لە لای ئێمەش
لە پشت ھەموو ژنێکەوە پیاوێک ھەیە
دەس بە مار و بە بلۆک و بە دڕکەزی و
بە بەردەکانی تەڵاق و
دەس بە خوێنی مەرگدۆستی

نموونەی دووەم

[دەستکاری]

وێنەیەک

چوار منداڵی..
تورک و فارس و
عەرەب و کورد
بە ھەر چواریان
وێنەی پیاوێکیان دروست کرد
یەکەم: سەری
دووهەم: دەستی
سێیەم: لەشی و قاچەکانی
چوارەم: چەکی کردە شانی!

بەرھەمەکان

[دەستکاری]

شانۆنامە

[دەستکاری]

وەرگێڕان

[دەستکاری]

منداڵان

[دەستکاری]

بیرەوەری

[دەستکاری]

وەرگێڕان

[دەستکاری]
  • مەرایا ساغیرە، وێنەکراوی فواد عەلی، ١٢٥ پەڕە، چاپی الاھالی، دیمەشق، سوریا ١٩٨٨
  • سما سپێگلار: دیکتەر ١٩٧٨–١٩٨٩، نۆرسبێرگ، چاپخانەی کوردستان، ١٩٨٩.ISBN 91-87096-05-6

وەسیەتنامە

[دەستکاری]
وەسیەتنامە

من نامەوێت لە ھیچ کام لە گرد و گردۆڵەکەکاندا بنێژرێم کە دیارن و ناویان ئەبرێ، یەکەم لەبەر ئەوەی پڕ بوونەتەوە و دووەم لەبەر ئەوەی من حەز بە قەرەباڵغیی زۆر ناکەم، من ئەمەوێ ئەگەر سەرۆکی شارەوانی و ئەنجومەنی شارەوانیی شارەکەم ڕێگەم پێ بدا و ئەوەم پێ ڕەوا ببینن کە لە پارکی ئازادیدا و بە تەنیشت مۆنۆمێنتەکەی شەھیدانی ١٩٦٣ی سلێمانییەوە بمنێژن، ئەوێ خۆشترە و تەنگەنەفەس نابم، من حەز ئەکەم بە مردویییش نزیکی ئەو خەڵکە و ژن و پیاوی شارەکەم و دەنگی مۆسیقا و گۆرانی و ھەڵپەڕکێ و یانە جوانەکانی ئەو پارکە بم. با کتێبخانەکەم و دیوانەکانم و وێنەکانم ببرێن بۆ شوێن مەزارەکەم، با کافتریایەک و باخچەیەکی بچکۆلانە لەو شوێنەدا ھەبێت بۆ ئەوەی شاعیران و نووسەران و کچ و کوڕی دڵدار ببنە میوانم، من ئەمەوێ لە ئێستەوە بە چاوی خەیاڵ تەماشای ئەو پارکە بکەم و دوای مردنی خۆم بیبینم، ئەمەوێ بەدەم چریکەی دیلان و ئەڵڵاوەیسییەکەی مەردان و سروودی (خوایە وەتەن ئاوا کەی)ەوە ئاڵای کوردستانم تێوە پێچرابێ و بنێژرێم، من ئەمەوێ لە پرسەکەمدا مۆسیقا لێ بدرێت، لەناو مەزارەکەمدا تابلۆی جوانی ھونەرمەندانی شارەکەم ھەڵبواسن، من ئەمەوێ دوای خۆم و بە ناوی «بێکەس»ەوە خەڵاتێکی ساڵانە تەرخان بکرێ و بدرێت بە جوانترین دیوانە شیعری ھەڵبژێردراوی ئەو ساڵە و خەرجی ئەم خەڵاتەیش لەو میراتە بدرێ کە جێی دەھێڵم.

شێرکۆ بێکەس


خەڵاتەکان

[دەستکاری]
  • خەڵاتی تۆخۆڵسکی، سوێد (١٩٨٧)
  • خەڵاتی پیرەمێرد، ناوەندی خاک، ھەرێمی کوردستان (٢٠٠١)[٢]
  • خەڵاتی قەقنەسی زێڕین، عێراق (٢٠٠٥)[١]

پەیکەر

[دەستکاری]
پەیکەری شێرکۆ بێکەس
شوان کەمال خەریکی پەیکەری شێرکۆ بێکەسە.

لە بەر دەم دەزگا و پەخشی سەردەم لە شەقامی سالم لە شاری سلێمانی پەیکەرێک لەسەر شێوەی پۆرترەیت دروست کراوە کە بە قەبارە سێ ئەوەندەی شێوەی سروشتی گەورەیە و هونەرمەند و پەیکەرسازی کورد شوان کەمال ساڵی ٢٠١٤ دروستی کردووە. لە پارکی ئازادی و لە سەر گڵکۆی شێرکۆ بێکەس، ڕیلفێکی دیواربەندی لەسەر شێوەی مۆنۆمینت دروست کراوە . ئەم پڕۆژەیەش ساڵی ٢٠١٥ پەیکەرساز شوان کەمال لەسەر داواکاری و ئەرکی خانەوادەکەی دروستی کردووە .[٦][٧][٨]

سەرچاوەکان

[دەستکاری]
  1. ^ ئ ا نزوا: شێرکۆ بێکەس، پێشەنگی تازەگەڕیی کوردی (بە عەرەبی)، نووسراو لە ١ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٣؛ سەردان لە ١٦ی تەممووزی ٢٠٢٣.
  2. ^ ئ ا ڕۆژنیوز: شێرکۆ بێکەس، شاعیری سەدەیەک، نووسراو لە ٢٥ی شوباتی ٢٠٢٠؛ سەردان لە ١٦ی تەممووزی ٢٠٢٣.
  3. ^ ڕۆژنیوز: دایکی شێرکۆ بێکەس لە تەمەنی ٩٩ ساڵییدا کۆچی دوایی کرد، نووسراو لە ١٤ی تشرینی دووەمی ٢٠١٧؛ سەردان لە ٦ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٣.
  4. ^ پەرلەمانی کوردستان-عێراق: مێژووی ھەڵبژاردن خولی یەکەم ١٩٩٢ (بە سۆرانی)؛ سەردان لە ١٠ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٣.
  5. ^ کوردپرێس: شێرکۆ بێکەس لە کورتەیەکدا، نووسراو لە ٤ی ئابی ٢٠١٣، ئەرشیڤکراو لە ٩ی ئابی ٢٠١٣؛ سەردان لە ١٦ی تەممووزی ٢٠٢٣.
  6. ^ «شوان کەمال»، ویکیپیدیا، ئینسایکڵۆپیدیای ئازاد، 2024-04-05، لە 2024-04-05 ھێنراوە
  7. ^ کوردیپێدیا، Kurdipedia-. «شوان کەمال». Kurdipedia.org (بە Chinese (China)). لە ٥ی نیسانی ٢٠٢٤ ھێنراوە.
  8. ^ www.rudaw.net https://www.rudaw.net/sorani/kurdistan/1607201514. لە ٥ی نیسانی ٢٠٢٤ ھێنراوە. {{cite web}}: پارامەتری |title= ونە یانیش واڵایە (یارمەتی)

بەستەرە دەرەکییەکان

[دەستکاری]