کانی بڵ

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
Jump to navigation Jump to search
دەروازەکەی کانی بڵ
گەشتنەوەی ئاوەکەی کانی بڵ و سیروان بە یەکتر

کانی بڵ کانییەکی سروشتییە لە نزیکیی گوندی ھەجیج کە لە کێوەکانی شاھۆوە سەرچاوە دەگرێ و یەکێ لە پڕئاوترین کانییەکانی کوردستان و ڕۆژھەڵاتی ئێرانە.[١] کانی بڵ لە چرکەیەکدا سێ تا چوارھەزار لیتر ئاوی ھەیە و دەتوانێ ئاوی خواردنەوەی دوو ملوێن کەس دابین بکات.[٢] ئەم کانییە بۆ خەڵکی ناوچەی ھەورامان گرنگایەتییەکی تایبەتی ھەیە و بە گوێرەی تاقی کردنەوە زانستییەکان، خاوەنی یەکێ لە پاکترین ئاوەکانی جیھانە،[١] ئەو چەمەی کە لە ئاوی کانی بڵ دروست دەبێ درێژایی ١٥ مەترە و بە کورتترین چەمی عالەم لە قەڵەم دەدرێ[١] و دەڕژێتە ناو ڕووباری سیروان کە یەکێ لە پڕئاوترین چەمەکانی کوردستانە. بەرزایی کانی بڵ لە دەریا ئازادەکانەوە نزیکی ٧٨٠ مەترە، واتە یەکێ لە نزمترین شوێنەکانی ناوچەی ھەورامانە.

ناو[دەستکاری]

ناوی کانی بڵ لەوانەیە لە ناوی خودای ئاوی بابلییەکانەوە وەرگیرابێت کە ئەویش نێوی بڵ بووە.[٣]

گرنگی مێژوویی و کلتووری[دەستکاری]

جگە لە گرنگیی سروشتیی کانی بڵ کە ساڵانە نزیکی ١٥٠ میلیۆن مەتری چوارگۆشە ئاوی پاک دەداتە دەرەوە و ھەروەھا گرنگیی تووریستی، ئەم کانییە لە بواری مێژوویی و کلتوورییەوە گرنگییەکی تایبەتی ھەیە. نزیک بوونی کانی بڵ لە گوندی ھەجیج و مەزاری کۆسەی ھەجیج بوە بەھۆی ئەوە کە ئەم کانییە گرنگییەکی تایبەتی بۆ خەڵکی کوردستان ببێت و ئەوانەی کە سەردانی کۆسەی ھەجیج دەکەن سەردانی کانی بڵیش بکەن. مەولەوی شاعیری ناوداری کورد لە شێعرێکیدا ئاماژە بە ئاوی پاکی کانی بڵ دەکا و دەڵێ:

وەشی من یادی ئازیزی دڵەن
دڵپاکیی وێنەی سەرچەمەی بڵەن

ئەم شێعرە دەردەخا کە کانی بڵ لە ڕۆژگارانی پێشتریشدا گرنگییەکی تایبەتی بوە. ئەم کانییە مێژووییە بەھۆی ئاوگیریی بەنداوی داریانەوە کەوتوەتە مەترسییەوە و شارەزایان دەڵێن بە ئاوگیریی ئەو بەنداوە سەرچاوەی کانی بڵ تا سەد مەتر دەچێتە ژێر ئاوەوە.[٤] ئەو بەنداوە ھەروھا کۆمەڵێک گوند و شوێنی مێژوویی وەکوو گوندی ھەجیج دەباتە ژێر ئاوەوە.

مەترسیی تیاچوونی کانی بڵ[دەستکاری]

کانی بڵ لە ئەنجامی بەستنی بەنداوی داریان دەخرێتە ژێر ئاو و نوقم دەبێت. لە ئێستادا پڕۆژەی بەندئاوی داریان لە قۆناغە کۆتاییەکانیدایە و ژمارەیەکی زۆر ھەڵسووڕاونی کۆمەڵایەتی و پارێزەرانی ژینگە و بەرپرسانی ناوچە داوای ڕاگرتنی ئاوگیری بەنداوەکە و ڕزگار کردنی ئەم کانییە بەنرخە دەکەن.[١][٤] ژینگەپارێزانی کوردستان ھەوڵی زۆریان بۆ پاراستینی ئەم کانییە داوە. ھەرچەند کۆمپانیایەک دەیھەوێ بە بەستنی چاوانەی کانییەکە بە کۆنکریت و گوێزانەوەی ئاوی بڵ بە لوولە بۆ شوێنێکی دیکە ئاوی کانی بڵ بگوێزێتەوە بۆ شوێنێکی دیکە، بەڵام زانایان دەڵێن کە ئەم کارە ناتوانێ ئاوەکەی بڵ ڕزگار بکات و ئاوی بەنداوەکە لە ڕێگەی بەردە ئاھەکی و کارستییەکانەوە لەگەڵ ئاوی کانییەکە تێکەڵ دەبێ و ھیچ کەڵکێکی نییە.[٥] یەکێک لە ئەو زیانە گرنگانەی کە بە شوێن تیاچوونی کانی بڵەوەیە، تیاچوونی غارێکی ئاویی درێژ و نایابە کە لە پشت کانییەکەوەیە.[٦]

ھەڵمەتەکانی پاراستنی کانی بڵ[دەستکاری]

کەمپەینێکی تایبەت بۆ پاراستنی کانی بڵ بە سەرپەرستیی دوکتۆر سەید موختار ھاشمی دروست بوە و ئەو کەمپینە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک لاپەڕەیەکیان بە مەبەستی بەرگری لەو کانییە دروست کردوە.[٧] جگە لەمە ھەندێک کاری گرنگی دیکە کراون و ھاواری پاراستنی کانی بڵ گەشتوەتە گوێی پایەبەرزترین بەرپرسانی حکوومەتی کۆماری ئیسلامیی ئێران وەکوو پارێزگاری پارێزگای کوردستان وەزیری ژینگە و وەزیری وزەی ئێران.[٢] تەنانەت ژمارەیەک لە پەرلەمانتار کوردەکانی ئێران داوای پاراستنی ئەو کانییەیان کرد.[٨] کەمپێنی پاراستنی کانی بڵ ھەروەھا لە ڕۆژی ١٥ی ئابی ٢٠١٤دا مەراسمێکی فەرھەنگیی بە ناوی ناڵەی دەف و ھاژەی بڵ لە پاڵ کانی بڵدا بە ڕێوە برد کە بریتی بوو لە کۆڕی زیکر و دەف بە مەبەستی پیشان دانی پاڵپشتی بۆ ئەو کانییە، کە خەڵکێکی زۆر لە ناوچەکە بەشدارییان تێدا کرد.[٩][١٠][١١] جگە لەمانە ھەندێک لە خەڵکی شارەکانی کوردستان و کەسایەتییەکان تۆمارگەلێکی درێژیان بۆ پاراستنی ئەو کانییە واژوو کردوە.[١٢][١٣]

دۆزینەوەی ئەشکەوتەکە[دەستکاری]

لە تشرینی یەکەمی ٢٠١٤دا ئەشکەوتێکی ئاوی لە پاڵ کانی بڵدا دۆزرایەوە کە دەوترێ درێژایی زۆر لە ئەشکەوتی قوڕە قەڵا زیاترە.[١٤]

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  1. ^ ی ا ب پ "ڕووداو؛ کانی بڵ تووشی قەیران دەبێ". لە ڕەسەنەوە ئەرشیڤ کراوە لە ٢٦ی ئابی ٢٠١٤. لە ڕێکەوتی ٢١ی ئابی ٢٠١٤ ھێنراوە. 
  2. ^ ی ا "کوردپرێس". لە ڕەسەنەوە ئەرشیڤ کراوە لە ٢٦ی ئابی ٢٠١٤. 
  3. ^ ": صدا و سیمای مرکز کردستان". لە ڕەسەنەوە ئەرشیڤ کراوە لە ٢٦ی ئابی ٢٠١٤. 
  4. ^ ی ا "ڕووداو؛ داھاتی کانی بڵ لە نەوتی کەرکووک زیاترە". لە ڕەسەنەوە ئەرشیڤ کراوە لە ١٦ی ئابی ٢٠١٤. لە ڕێکەوتی ٢١ی ئابی ٢٠١٤ ھێنراوە. 
  5. ^ ": خبرآنلاین:توقف سد تنھا راھ نجات چشمە بل". لە ڕەسەنەوە ئەرشیڤ کراوە لە ٢٦ی ئابی ٢٠١٤. لە ڕێکەوتی ٢٤ی ئەیلوولی ٢٠١٤ ھێنراوە. 
  6. ^ http://www.farheekhtegan.ir/newspaper/BlockPrint/24213[بەستەری مردوو]
  7. ^ "کەمپینی پاراستنی کانی بڵ لە فەیسبوک". 
  8. ^ "ڕووداو؛ پەرلەمانتارانی کورد داوای پاراستنی کانی بڵ دەکەن". لە ڕەسەنەوە ئەرشیڤ کراوە لە ٥ی ئازاری ٢٠١٦. لە ڕێکەوتی ٢١ی ئابی ٢٠١٤ ھێنراوە. 
  9. ^ "چیا؛ ناڵەی دەف و ھاژەی بڵ". لە ڕەسەنەوە ئەرشیڤ کراوە لە ٢٣ی ئابی ٢٠١٤. لە ڕێکەوتی ٢٢ی ئابی ٢٠١٤ ھێنراوە. 
  10. ^ "کوردپرێس: مراسم ناڵەی دەف و ھاژەی بڵ". [بەستەری مردووی ھەمیشەیی]
  11. ^ "یارمەتی خواستن لە ناڵەی دەف بۆ ھاژەی بڵ". لە ڕەسەنەوە ئەرشیڤ کراوە لە ٢٦ی ئابی ٢٠١٤. لە ڕێکەوتی ٢٢ی ئابی ٢٠١٤ ھێنراوە. 
  12. ^ "چیا؛ ھەوڵەکان بۆ نەجاتی بڵ درێژەی ھەیە". لە ڕەسەنەوە ئەرشیڤ کراوە لە ٥ی ئازاری ٢٠١٦. لە ڕێکەوتی ٣ی ئەیلوولی ٢٠١٤ ھێنراوە. 
  13. ^ "ھەواڵی میھر؛ ھەوڵەکان بۆ نەجاتی بڵ درێژەی ھەیە". 
  14. ^ "= ئیسنا: ئەشکەوتێک لە کانی بڵ دەدۆزرێتەوە". [بەستەری مردوو]

بەستەرە دەرەکییەکان[دەستکاری]


پۆتانەکان: 35°10′05″N 46°21′00″E / 35.16806°N 46.35000°E / 35.16806; 46.35000