بێستوون

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
دیمەنێکی کێوی بێستوون

کێوی بێستوون کە لە سەرچاوە ئیسلامی و عەڕەبییەکان دا بە ناوی بۆغستان یا بێەستون و دواتر بە بێستوون ناوی ھاتووە، کەوتووەتە ٣٩ کیلۆمێتری باکووری کرماشان و سەر ڕێگای کرماشان بۆ ھەمەدان. ساڵیانێکی لەمێژە کە وێنەبەردینەکان و نووسراوەکانی سەر ڕەوەزەکانی ئەم کێوە، سەرنجی ڕێبوار و موسافیر و ھونەرمەند و گەڕۆڵ و مێژووناسان بۆ لای خۆی ڕادەکێشێ و نھێنی و ڕازەکانی مێژووی کۆنی وڵاتی ئێران و تەنانەت وڵاتانی دراوسێی لە سینگەبەردینەی خۆی دا حەشار داوە و لە فەوتان و نەمانی پاراستووە.

مێژوو[دەستکاری]

ئەم کێوە مێژویی یە بۆ یەکەم جار لە ساڵی ١٨٣٥ زایینی لە لایەن سێر ھێنڕی ڕاوۆلینسێن لە باری مێژوویی و خەت ناسی، تاوتۆی کرا. ئەم شوێنەوارناسە کۆپییەکی لە بەردەنووسی بێستوون ھەلگڕتەوە و دوای ١٨ ساڵ ھەوڵ و تێکۆشانێکی زۆر و دۆزینەوەی نھێنییەکانی خەتی بزماری، توانی ئەم بەردەنووسە کە بە خەتی بزماری نووسرابوو، بخوێنێتەوە و دەرگای خوێندنەوەی خەتی بزماری، واتا خەتی پارسی باستانی بۆ کۆنینەناسان و خەت ناسان کردەوە و ئەم ڕووداوە بوو بە سەرەتایەک بۆ دەرھێنانی مێژووی ڕاستەقینەی ئێرانی کۆن لە نێو بەردەنووسەکان و نووسراوەکانی مێژوویی ئێران دا. ئەم شوێنەوارناسە بە دۆزینەوەی نھێنییەکانی خەتی بزماری کە نزیک بە دوو ھەزار ساڵ بوو ھیچ کەسێک نەیتوانیبوو ڕێی پێ ببا، گەورەترین خزمەتی بە مێژووی کۆنی ئێران کرد. ھەڵبەت پێش تر و لە ساڵی ١٨٠٢ زایینی، لێکۆڵەرێکی ئاڵمانی بە ناوی گیئۆڕگ گڕوتێفێند لە سەر نھێنییەکانی ئەم خەتە کاری کردبوو و بە چەند ئەنجامێکی باشی زمانەوانی گەیشتبوو.

ئەو شوێنەوارناس و خەتناس و گەڕۆڵانەی کە تا ئێستا کێوی بێستونیان لە نزیکەوە بینیوە و لە باری مێژوویی و ھونەرییەوە تاوتوێیان کردووە بریتین لە: ژاک دۆمۆڕگان (١٨٩٦ز)، دوکتۆر جەکسۆن (١٩٠٣ز)، دوکتۆر کینگ و دوکتۆر تامپسۆن (١٩٠٧ز)، زارە و ئێرنێست ھێرتسفێڵد (١٩١٠ز)، کونیک(١٩٣٨ز)، جۆرج کامێڕۆن (١٩٤٣ز) و (١٩٥٠ز)، کارڵتۆن کۆن (١٩٤٩ز)، کۆنت (١٩٥٩ز)، ھاماتا (١٩٦٦ز)، تڕۆمپێڵ مان (١٩٦٧ز)، واڵتێر ھینس (١٩٦٨ز)، فیلیپس (١٩٧٢ز)،لۆشای (١٣٤٤ ھەتاوی) و (١٣٤٧ھ) و (١٣٥٣ھ)، وۆڵفرام کلایس (١٩٧٠ز)، مێھدی ڕەھبەر (١٣٥٦ھ) و (١٣٥٧ھ).

نەخش و نیگارەکانی بێستوون[دەستکاری]

نەخش و نیگارەکانی ئەم کێوە لە باری مێژووی یەوە بە چەند دەستە دابەش دەکرێن:

  1. وێنەبەردینەی زۆپی داریوشی ھێخامەنێشی و نۆ کەس لە یاغییەکانی ئێمپراتوری.
  2. بەردەنووسی داریوشی ھەخامەنشی.
  3. پەیکەرەی ھێرکول.
  4. وێنەبەردینەی زۆپی گودەرزی دووەمی ئەشکانی.
  5. وێنەبەردینەی مێھردادی دووەمی ئەشکانی.
  6. وێنەبەردینەی بلاشی ئەشکانی.

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  • گۆڤاری کۆمەڵایەتی، فەرھەنگی، ئەدەبی مەھاباد - ژمارەی ١٤٥ - لاپەرەی ٣ تا ٦، کۆکردنەوە و وەرگێڕ: عوبەید سورخابی
  • ماد و ھخامنشی و پارت و ساسانی / علی اکبر سرفراز
  • تاریخ ماد / ا. م. دیاکونوف
  • آثار باستانی استان کرمانشاە / میراث فرھنگی و گردشگری استان کرمانشاە
  • تاریخ ایران باستان / محمد حسن پیرنیا
  • ایران در زمان ساسانیان / آرتور کریستین سن
  • پارتیان / مالکوم کالج
  • پادشاھی ماد / اقرار علی اف