ڕامی مالیک

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە

ڕامی لە فیستیڤاڵێکی ساڵی ٢٠١٥دا
لەدایکبوون
ڕامی سەید مالیک

(١٩٨١-٠٥-١٢) ١٢ی ئایاری ١٩٨١ (تەمەن ٤٢ ساڵ)
لۆس ئانجلس، کالیفۆڕنیا  ویلایەتە یەکگرتووەکان
نەتەوەئەمریکی
پیشەئەکتەر
چالاکبوون٢٠٠٤–تا ئێستا


ڕامی سەعید مالیک (ئینگلیزی: /rɑːmi ˈmælɪkˌ/؛[١][٢] بە عەرەبی: رامي سعيد مالك‎، عەرەبی: [ˈɾɑːmi sæˈʕiːd ˈmæːlek]؛ لەدایکبووی ١٢ی ئایاری ١٩٨١) ئەکتەرێکی ئەمریکییە. دیارترین ڕۆڵی بریتی بوو لە بەرجەستەکردنی ھاککەرێکی کۆمپیوتەری بەناوی ئێڵیەت ئاندەرسن لە زنجیرەی بەڕێز ڕۆبۆتدا، کەوا توانی دەیان خەڵاتی جۆراوجۆر بباتەوە، دیارترینیان خەڵاتی پڕایمتایم ئێمی بۆ باشترین ئەکتەری تەلەڤیزیۆنی ٢٠١٦ بوو.

سەرەتای کاری ھونەریی بە ڕۆڵی پشتگیریکارانە دەستپێکردووە، لەنێویاندا سیتکەمی کەناڵی فۆکس، وۆر ئات ھۆم (٢٠٠٥-٢٠٠٧)، چکۆلە زنجیرەی دە پاسیفیک (٢٠١٠)، و سیانە فیلمی شەوێک لە مۆزەخانە (٢٠٠٦-٢٠١٤). وا بڕیاریشە، ڕۆڵی خراپەکاری سەرەکی لە ٢٥ەمین فیلمی جەیمس بۆند ببینێ.

لە ٢٠١٨دا، ڕامی ڕۆڵی ھونەرمەندی ناودار فرێدی مێرکوری بەرجەستە کرد لە فیلمی بۆھیمیەن ڕاپسدی، کە توانی ھەریەکە لە خەڵاتەکانی ئۆسکار، گۆڵدن گڵۆب، سکرین گیڵد و بافتا بۆ باشترین ئەکتەری ساڵ بباتەوە. ڕامی یەکەم ئەکتەری بە ڕەچەڵەک میسڕییە کە بتوانێ خەڵاتی ئۆسکار بباتەوە.[٣] گۆڤاری تایم ناوی ڕامی خستە نێو کاریگەرترین کەسایەتییەکانی ساڵی ٢٠١٨.

ژیانی سەرەتایی[دەستکاری]

مالیک لە خێزانێکی مەسیحییە قبتییەکان لەدایکبووە. بەھۆی جیاوازیکردن بەرامبەر مەسیحییە قبتییەکان، خێزانەکەی بەرەو ئەمریکا کۆچیان کردووە. ڕامی لە لۆس ئانجلیس، کالیفۆرنیادا، لە خێزانی پەنابەری میسڕیدا لەدایکبووە. بەشی شانۆی لە زانکۆی ئیڤانسڤیل لە ئیندیانا تەواوکردووە.

ژیانی کەسی[دەستکاری]

مالیک ھەمیشە دووپاتی کردووەتەوە کەوا شانازییە بۆی کەوا خەڵکی میسڕە. ھەروەھا توانای قسەکردنی بە زمانی عەرەبی ھەیە. دیارترین وتەی دەربارەی میسڕ لە چاوپێکەوتنێکی گۆڤاری GQدا بوو کەوا میسڕییەکان ستایشی قسەکانی ڕامیان کرد.

من میسڕییەکی تەواوم. بە گوێگرتن لە گۆرانییەکانی ئوم کەلسوم گەورەبووم. عومەر شەریفم یەکجار خۆشدەویست. ھەست بە ئەو پەیوەندییە بەھێزە دەکەم کەوا لەگەڵ خەڵکی ئەوێدا ھەمە. دەزانم من لە جێگایەکی دوورەوە ژیانم بەڕێکردووە، بەڵام ھەست بە تێکەڵی خۆم لەگەڵ وڵاتەکەم دەکەم.

مالیک لە وتەیەکی بۆ گۆڤاری GQ، تشرینی یەکەمی ٢٠١٨

لەکاتی وەرگرتنی خەڵاتی ئۆسکار بۆ باشترین ئەکتەر، مالیک ئاماژەی بەوەدا کە ئەو لە خێزانێکی پەنابەری میسڕییەوە ھاتووە، خۆشحاڵە کە مێژوویەک بۆ خۆی دەنووسێتەوە.[٤] ھەروەھا ئامادەیی خۆی بۆ بەشداریکردن لە فیلمێکی میسڕی دەربڕیوە.

مالیک لەکاتی وێنەگرتنی فیلمی بۆھیمیەن ڕاپسدی لەگەڵ خانمەکتەر لوسی بۆینتن کەوتە پەیوەندی خۆشەویستییەوە، تەنانەت لەکاتی بردنەوەی خەڵاتی ئۆسکارەکەشی سوپاسێکی تایبەتی لوسی کرد.

دوای ئەوەی مالیک لە ڕۆڵی شەڕانگێزی ٢٥ەمین فیلمی جەیمس بۆنددا دیارکرا، داوای لە دەرھێنەری فیلمەکە (کاری فوکاناگا) کردبوو کەوا بەھیچ شێوەیەک نابێت کەسایەتییەکەی بە ھیچ ئایدۆلۆژیا و ئاینێکەوە پەیوەندیدار بکرێ، چونکە پێی وایە ئەمە بێڕێزییە بەرامبەر پیرۆزییەکانی خەڵکی تر.[٥]

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  1. ^ "'Bohemian Rhapsody' Interview w/ Rami Malek, Lucy Boynton & More". HBO. October 26, 2018. Retrieved February 17, 2019.
  2. ^ "Our First Cover Star: Rami Malek". GQ Middle East. October 4, 2018. Retrieved February 17, 2019.
  3. ^ "Oscars 2019: Rami Malek becomes the first Egyptian to win Best Actor". The National. February 25, 2019. Archived from the original on February 25, 2019. Retrieved February 25, 2019.
  4. ^ "Egyptian & Proud: 6 times Rami Malek embraced his roots". StepFeed. ٣ی ئازاری ٢٠١٩. Retrieved 8ی تەمووزی 2019. {{cite web}}: Check date values in: |access-date= و |date= (help)
  5. ^ "Rami Malek Wouldn't Have Signed on to Bond 25 If His Terrorist Character Was a Harmful Stereotype". themarysue. ٢٥ی حوزەیرانی ٢٠١٩. Retrieved 8ی تەمووزی 2019. {{cite web}}: Check date values in: |access-date= و |date= (help)

بەستەرە دەرەکییەکان[دەستکاری]