ویکیپیدیا:وتارە ھەڵبژێردراوەکان/٢٠٢٠/کانوونی یەکەم

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە

کوردەکان نەتەوەیەکی نیشتەجێی ڕۆژھەڵاتی ناوینن. کوردەکان بە درێژایی مێژوو لە ناوچە شاخاوییەکانی باشووری دەریاچەی وان و ورمێ ژیاون، کە بەشێکە لە خاکەکەیان و بە کوردستان ناسراوە. کوردەکان بە زمانی کوردی قسە دەکەن، کە زمانی فەرمیی کوردستانە. زمانەکە چەند شێوەزارێکی جیا جیای لێ دەبێتەوە، وەک کوردیی باکووری، کوردیی ناوەندی، کوردیی باشووری، لەگەڵ گۆرانی-زازایی. لە مێژوودا، کوردەکان دەسەڵاتیان بەسەر ھەندێک لەو ناوچانەدا ھەبوو کە ئێستا دەکەونە وڵاتەکانی ئێران، تورکیا، عێراق و، سووریا، بەتایبەت لە سەردەمی میرنشینە کوردییەکاندا. لە نێوان ململانێی ئیمپراتۆریەتیی عوسمانی و سەفەوییەکان لەپێناو فراوانکردنی خاکەکەیان و زیادکردنی دەسەڵاتیان، ھەر لە زووەوە ناکۆکی لەسەر ئەو ناوچەیە هەبووە کە کوردەکان تێیدا دەژیان.

کۆنترین بەرە کوردییە ناسراوەکان لەژێر دەسەڵاتی ئیسلامدا (سەدەی ١٠–١٢) پێک ھاتوون لە حەسنەویان، مەروانی، ڕەوەندی، شەدادی، و ئەیووبی، کە لەلایەن سەڵاحەددینی ئەییووبییەوە دامەزرا. لە نێوان شەڕی عوسمانی و سەفەوییەکاندا دژ بە یەکتری، کوردەکان زۆرجار پشتی لایەنێکیان دەگرت. بۆ نموونە، لە شەڕی چاڵدێرانی ساڵی ١٥١٤دا، کوردەکان شانبەشانی عوسمانییەکان دژی سەفەوییەکان شەڕیان کرد، چونکە لەلایەن عوسمانییەکانەوە پەیمانی سەربەخۆیی و ئاشتییان پێ درابوو. شەرەفنامە بە یەکەم نموونەی مێژووی کورد دادەنرێت. مێژووی کورد لە سەدەی ٢٠ بەدواوە بە ناسیۆنالیزمی کوردەکان بۆ دامەزراندنی کوردستانێکی سەربەخۆ لەژێر سایەی پەیماننامەی سیڤەری ١٩٢٠ ناسراوە.

لەکاتی ھەوڵ و کۆششی کوردەکان بۆ سەربەخۆیی، توانراوە چەند جارێک سەربەخۆییی کوردستان ڕابگەیەنرێ. لە ساڵی ١٩٢٣–١٩٢٩، کوردستانی سوور لەلایەن یەکێتیی سۆڤیەتی پێشووەوە دامەزرا و بۆ ماوەی ٦ ساڵ مایەوە. لە ساڵی ١٩٢٢دا، شانشینی کوردستان لەلایەن شێخ مەحموودی حەفیدەوە دامەزرا و تاکوو ٢ ساڵ مایەوە. لەکاتی شەپۆلی شۆڕشە یەک لەدوای یەکەکانی کوردەکانی باشووری ڕۆژھەڵاتی تورکیا لە ساڵی ١٩٢٧، کۆماری ئارارات لەلایەن کۆمەڵەی خۆییبوونەوە دامەزرا. لە ساڵی ١٩٤٦دا، کۆماری مەھاباد لەلایەن قازی محەممەدەوە ڕاگەیەندرا، بەڵام تەمەنی تەنیا ١١ مانگ بوو. لە ساڵی ١٩٩١ەوە، ھەرێمی کوردستان لە باکووری عێراق دامەزراوە و زمانی کوردییش زمانی فەرمی ھەرێمەکەیە. باکووری کوردستان ھێشتا لەگەڵ ھێزە تورکەکان لە ناکۆکیدان. ھێزە کوردەکانی باکووری کوردستان لە ساڵی ١٩٨٤–١٩٩٩ لەگەڵ ھێزە تورکەکان لە شەڕدا بوون و، ناوچەکە لە ٢٠٠٠ بەدواوە ناسەقامگیرە.
خوێندنەوەی زیاتر...