بۆ ناوەڕۆک بازبدە

مەسعوود پزیشکیان

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
مەسعوود پزیشکیان
مسعود پزشکیان
پزیشکیان لە ساڵی ٢٠٢٤
ئەندامی ئەنجومەنی ڕاوێژی ئیسلامی
لە پۆستدایە
گرتنە دەست
٢٧ی ئایاری ٢٠٠٨
هاوشانی فەرھەنگی، عەلیڕەزابەیگی، ساعی، سەعیدی و بیمێقدار
ناوچەی بەربژێری تەورێز، ئوسکوو و ئازەرشەھر (ئازەربایجانی ڕۆژھەڵات)
زۆرینە ٢٦١،٦٠٥ (٣٦٫٢٧٪)
وەزیری تەندروستی، دەرمان و ڕاھێنانی پزیشکی
لە پۆستدا بووە
٢٢ی ئابی ٢٠٠١ – ٢٤ی ئابی ٢٠٠٥
سەرۆک کۆمار محەممەد خاتەمی
پێشینە محەممەد فەرھادی
پاشینە کامەران باقری لەنکەرانی
وردەکاریی تاکەکەسی
لەدایکبوون (١٩٥٤-٠٩-٢٩) ٢٩ی ئەیلوولی ١٩٥٤ (تەمەن ٦٩ ساڵ)
مەھاباد، ئێرانی پەھلەوی
پارتی سیاسی سەربەخۆ
خوێندن لە زانکۆی زانستە پزیشکییەکانی تەورێز
زانکۆی زانستە پزیشکییەکانی ئێران
کار نەشتەرگەریی سینگ

مەسعوود پزیشکیان (بە فارسی: مسعود پزشکیان‎؛ لەدایکبووی ٢٩ی ئەیلوولی ١٩٥٤) پزیشک و سیاسەتوانێکی چاکسازیخوازی ئێرانییە کە لە ئێستادا نوێنەری تەورێز لە پەرلەمانی ئێرانە. ئەو لە کابینەی محەممەد خاتەمی لە ساڵی ٢٠٠١ ھەتا ٢٠٠٥، وەزیری تەندروستی بوو. پزیشکیان ھەروەھا وەک جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمان لە ساڵی ٢٠١٦ ھەتا ٢٠٢٠ کاری کردووە.[١]

لە ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ٢٠١٣ خۆی کاندید کرد، بەڵام دواتر کشایەوە و لە ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ٢٠٢١دا جارێکی دیکە خۆی کاندید کردەوە کە لە ھەڵبژاردنەکە بێبەش کرا.[٢] پزیشکیان لە ھەڵبژاردنی پەرلەمان لە ٢٠٢٤ سەرکەوتنی بەدەستھێنا. ئەو لە ئێستادا خۆی بۆ ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ٢٠٢٤ کاندید کردووە.

ژیانی سەرەتایی[دەستکاری]

پزیشکیان لە ٢٩ی ئەیلوولی ١٩٥٤ لە شاری مەھاباد لە باوکێکی ئازەربایجانی و دایکێکی کورد لەدایک بوو.[٣] دوای وەرگرتنی دیپلۆم لە ساڵی ١٩٧٣، ڕووی لە زابۆل کرد بۆ ئەوەی خزمەتە سەربازییەکەی ئەنجام بدات، ھەر لەم ماوەیەدا حەزی لە پزیشکی بوو. لە سەردەمی شەڕی ئێران و عێراقدا ھەم سەرباز و ھەمیش پزیشک بوو.

خوێندن[دەستکاری]

پزیشکیان لە ساڵی ١٩٨٥، خولی پزیشکیی گشتی تەواو کرد و لە کۆلێژی پزیشکی دەستی بە وانەوتنەوە لە فیزیۆلۆژی کرد. لە ساڵی ١٩٩٠، پسپۆڕیی نەشتەرگەریی گشتی لە زانکۆی زانستە پزیشکییەکانی تەورێز بەدەستھێنا. ئەو لە نەخۆشخانەی شەھید مەدەنی لە تەورێز دامەزرا و دواتر بووە بەرپرسی نەخۆشخانەکە. لە ساڵی ١٩٩٣، پسپۆڕیی لاوەکی لە نەشتەرگەریی دڵ لە زانکۆی زانستە پزیشکییەکانی ئێران وەرگرت.[٤]

پیشە[دەستکاری]

پزیشکیان لە ساڵی ٢٠٠١ تا ٢٠٠٥ لە کابینەی محەممەد خاتەمیدا بووە وەزیری تەندروستی. لە ساڵی ٢٠١٠دا ھەوڵەکانی بۆ بوون بە جێگری سەرۆکی پەرلەمان شکستیان ھێنا.[٥] پزیشکیان ھەروەھا مامۆستای قورئان و بێژەری نەھجولبەلاغەیە کە دەقێکی سەرەکییە بۆ شیعەکان.[٦] لە ھەڵبژاردنی ساڵی ٢٠٠٨ لە تەورێزەوە وەک یەکێک لە ئەندامانی پەرلەمانی ئێران ھەڵبژێردرا. ئەو لە ٢٩ی ئایاری ٢٠١٦ ھەتا ٢٦ی ئایاری ٢٠٢٠، وەک جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمان کاری کردووە. پزیشکیان ھەتا ئێستا نوێنەری تەورێز لە پەرلەمانی ئێران و ھەروەھا ئەندامی کۆمەڵگەی ھاوڕێیەتیی ئێران و تورکیایە.[٧]

ڕوانگەکان[دەستکاری]

سپای پاسداران[دەستکاری]

پزیشکیان لە سەردەمی شەڕی ئێران و عێراق (١٩٨٠-١٩٨٨)

پزیشکیان لایەنگری سپای پاسدارانە و سپای ئێستای بە «جیاواز لە ڕابردوو» ناوبردووە. ناوبراو ئیدانەی ڕاگەیاندنی سپای پاسدارانی وەک ڕێکخراوەیەکی تیرۆریستی لەلایەن ئەمریکاوە لە ساڵی ٢٠١٩دا کرد.[٨] دوای خستنەخوارەوەی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی ئەمریکی لەلایەن ئێران لە ساڵی ٢٠١٩، پزیشکیان حکوومەتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکای بە تیرۆریست ناوبرد و کارەکەی سپای پاسدارانی بە «مستێکی توند لە دەمی سەرکردەکانی ئەمریکای تاوانکار» وەسف کرد.[٩] لە کۆبوونەوەیەکی زانکۆدا و لە وەڵامی ھەندێک ڕەخنەدا، پزیشکیان جلوبەرگی سپای پاسدارانی لەبەر کرد و ڕای گەیاند کە جاری دیکەش لەبەری دەکاتەوە.[١٠]

ئێتنیکەکان[دەستکاری]

پزیشکیان داوای کردووە کە ماددەی ١٥ی دەستووری ئێران بۆ ھەموو نەتەوەکان جێبەجێ بکرێت. ئەم ماددەیە دەڵێت: «زمان و ڕێنووسی فەرمی و ھاوبەشی خەڵکی ئێران فارسییە. بەڵگەنامەکان، نامەنووسییەکان، دەقە فەرمییەکان و کتێبە دەرسییەکان دەبێت بەم زمان و ڕێنووسە بێت، بەڵام بەکارھێنانی زمانە خۆماڵی و ئێتنیکییەکان لە ڕاگەیاندن و میدیا گشتییەکاندا و فێرکردنی وێژەی ئەم زمانانە لەگەڵ زمانی فارسی لە قوتابخانەکاندا ڕێگە پێدراوە». ئەو جێبەجێکردنی ماددەکەی بە ئاستەنگێک لەبەردەم بەخشینی بیانوو بە جیاخوازان و ناڕازییەکان زانیوە.[١١] پزیشکیان ھەروەھا پاڵپشتی لە فێرکردنی زمانی ئازەربایجانی لە قوتابخانەکانی ئێراندا دەکات.[١٢]

ژیانی کەسی[دەستکاری]

پزیشکیان (دانیشتووی لای ڕاست) بە جلوبەرگی سپای پاسدارانەوە لە پەرلەمانی ئێران

ھاوسەری پزیشکیان پزیشکیی ژنان بوو.[١٣] لە ساڵی ١٩٩٤ بەھۆی ڕووداوێکی ھاتوچۆوە ھاوسەرەکەی و یەکێک لە منداڵەکانی گیانیان لەدەستدا، دوای ئەوەش پزیشکیان ھەرگیز ھاوسەرگیریی نەکردەوە.[١٤] کچەکەی بەناوی زەھرا خاوەنی بڕوانامەی ماستەری کیمیایە لە زانکۆی سەنعەتیی شەریف و پێش ھاتنە سەرکاری حکوومەتی ڕۆحانی لە کۆمپانیای پێترۆکیمیای جەم کاری دەکرد. پزیشکیان ھاندەری یانەی تۆپی پێی تراکتۆرە.[١٥]

ڕووخساری گشتی[دەستکاری]

سەرچاوەکان خێزانەکەی بە دوور لە پەراوێز دەزانن و خۆی لە بابەتە ئابوورییەکاندا خاوەنی پێشینەیەکی ڕوونە. بەڵام نەیارانی سیاسیی پزیشکیان وەک عەلیڕەزا زاکانی تۆمەتباریان کردووە کە لە کەسانی گەندەڵ بەرگری دەکات.[١٦][١٧]

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  1. ^ "در مورد مسعود پزشکیان در ویکی تابناک بیشتر بخوانید" [Who is Masoud Pezeshkian?]. www.tabnak.ir (بە فارسی). Retrieved 2024-06-10.
  2. ^ "افراد رد صلاحیت‌شده فقط توانستند یک نامه بنویسند". Iranian Labour News Agency. 1 March 2016. Retrieved 2 March 2016.
  3. ^ Editorial (2024-06-14). "The Guardian view on Iran's presidential election: more choice, but little real hope of change". The Guardian (بە ئینگلیزی). ISSN 0261-3077. Retrieved 2024-06-16.
  4. ^ "در مورد مسعود پزشکیان در ویکی تابناک بیشتر بخوانید". www.tabnak.ir. Retrieved 2024-06-13.
  5. ^ "Persian Press Review". Tehran Times. 29 May 2010. Retrieved 9 September 2010.
  6. ^ "Reformist candidate Masoud Pezeshkian shakes up Iran presidential election". www.ft.com. Retrieved 2024-06-13.
  7. ^ "گروه‌های دوستی پارلمانی مجلس نهم". Islamic Consultative Assembly Website. Archived from the original on 24 July 2014. Retrieved 14 August 2014. ٢٤ی تەممووزی ٢٠١٤ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە.
  8. ^ "ملت با قدرت از سپاه مقتدر دفاع می‌کند". www.alef.ir. 2024-06-16. Retrieved 2024-06-16.
  9. ^ "پزشکیان: سپاه مشت محکمی به دهان یاوه‌گویی‌های آمریکا زد/ طنین شعار «مرگ بر آمریکا» در مجلس". www.alef.ir. 2024-06-16. Retrieved 2024-06-16.
  10. ^ "پزشکیان: من باز هم لباس سپاه می‌پوشم؛ سپاه اگر نبود کشور تجزیه شده بود". اصلاحات نیوز (بە فارسی). 2024-06-16. Retrieved 2024-06-16.
  11. ^ رادیوفردا (2018-04-25). "پزشکیان: اصل ۱۵ قانون اساسی برای همه اجرا شود". رادیو فردا (بە فارسی). Retrieved 2024-06-16.
  12. ^ "افراد رد صلاحیت‌شده فقط توانستند یک نامه بنویسند". ایلنا. 1 March 2016. Retrieved 2 March 2016.
  13. ^ "مقام‌های جمهوری اسلامی و همسرانشان؛ مردان نام‌دار و زنان 'بی‌نام'". BBC News فارسی (بە فارسی). Retrieved 2024-06-13.
  14. ^ "مسعود پزشکیان", ویکی‌پدیا، دانشنامهٔ آزاد (بە فارسی), 2024-06-13, retrieved 2024-06-13
  15. ^ "پزشکیان: اکثر بازی های تراکتور را با نوه‌ام محمدحسین به استادیوم می رویم /باهم بحث می کنیم، نقدم می کند اما هیچوقت دعوا نمی کنیم - خبرآنلاین". www.khabaronline.ir. Retrieved 2024-06-16.
  16. ^ "دفاع تاسفبار پزشکیان از 2 نماینده مجلس متهم به فساد مالی در بازار خودرو!". رکنا (بە فارسی). 2024-06-16. Retrieved 2024-06-16.
  17. ^ جهان, Fararu | فرارو | اخبار روز ایران و (2024-06-16). "حمله زاکانی به پزشکیان: از یک بی‌عدالتی محض دفاع می‌کرد". fa (بە فارسی). Retrieved 2024-06-16.

بەستەرە دەرەکییەکان[دەستکاری]