دەروازە:ژن/وتاری ھەڵبژێردراو
وتاری ھەڵبژێردراو ١
دەروازە:ژن/وتاری ھەڵبژێردراو/١
توندوتیژی دژی ژنان یان توندوتیژی ڕەگەزیی بریتییە لەو کردە توندوتیژییانەی بە شێوەیەکی سەرەکی دژی ژنان و کچان ئەنجام دەدرێت و ئەم جۆرە توندوتیژییانە بە جۆرێک لە جۆرەکانی تاوانی کینەیی دادەنرێت کاتێک بە تایبەتی ئاراستەی ژنان و کچان دەکرێت لەبەر ئەوەی کە رەگەزی مێن. توندوتیژییەکانی دژی ژن مێژوویەکی دوورودرێژی ھەیە، ڕووداو و ڕادەی توندێتی کردەکان لە کاتێکەوە بۆ کاتێکی تر و لە کۆمەڵگەیەکەوە بۆ کۆمەڵگەیەکی تریش دەگۆردرێت. ئەم کردە توندوتیژییە بە ڕێکار و شێوازێکی چەوساندنەوە و داپلۆسینی ژن دادەنرێت چ لە کۆمەڵگە یان پەیوەندی تاکەکەسی دا بێت و دەکرێت ھۆکارەکەی بگەرێتەوە بۆ ھەستی (خاوەندارێتی، باڵادەستی، سروشتێکی دەروونی توندوتیژانە و کینەیەکی زکماکی) بەرامبەر بە ژن لەلایەن کەسی توندوتیژەوە.
ڕاگەیاندنی نەتەوە یەکگرتووەکان دەربارەی نەھێشتنی توندوتیژی دژی ژنان دەڵێت "توندوتیژی دژی ژنان بریتییە لە بەرجەستەبوونی پەیوەندییە مێژوویە نایەکسانەکانی نێوان ژن و پیاو وە توندوتیژی دژی ژنان یەکێکە لە رێکار و شێوازە سەرەکییەکان کە ژنان بەزۆر و ناچاری دەخرێنە ئاستێکی نزمتر و کەمتر بە بەراورد بە پیاوان. سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان، کۆفی ئەنان لە ڕاپۆرتێکی ساڵی ٢٠٠٦ کە لە ئابوونەی پەرەپێدانی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ژنان بڵاوکرابۆوە ڕایگەیاند: توندوتیژی دژی ژنان و ژنان کێشیەکی گشتگیرە و لە جیھاندا بەلایەنی کەمەوە ھەموو سێ ژنێک دانەیەکیان ڕووبەڕووی لێدان، سێکسی زۆرەملێ یان دەستدرێژی بۆتەوە لە خاڵێک لە خاڵەکانی ژیانیدا کە زۆرجار کەسی دەستدرێژیکەر کەسێکی ناسراوی ژیانی ژنەکە بووە.
وتاری ھەڵبژێردراو ٢
دەروازە:ژن/وتاری ھەڵبژێردراو/٢
لەباربردنی منداڵی مێینە بریتییە لە کوشتن یان لەناوبردنی منداڵی تازە لەدایکبووی ڕەگەز مێینە. دیاردەکە جێی نیگەرانییەکی بەرچاوە لە چەندین وڵاتدا وەک: چین، ھیندستان و پاکستان. زۆرێک لە شیکەرەوان ھۆکاری بنچینەیی دیاردەکە دەگەرێنەوە بۆ ئەو پلەوپایە نزمەی تەماشای ئافرەتی پێ دەکرێت لە کۆمەڵگە ھۆزگەرایی و پیاوسالارییەکاندا.
لە ساڵی ١٩٧٨ دا، بەپێی ئەو زانیارییانەی لەیلا ویڵمسن کۆی کردبوونەوە دەربارەی بەربڵاوی لەباربردنی منداڵانی مێینە گەیشتە ئەو دەرئەنجامەی کە دیاردەکە لە ھەموو کیشوەرەکاندا ڕوودەدات و بەربڵاوە لە کۆمەڵە سەرەتاییەکانی وەک ڕاوکەر و کۆکەرەوەکان ھەتا کۆمەڵگە پێشکەوتووەکان کە لە جیاتی ئەوەی دیاردەکە کەم و شاز بێت، زۆر و باوە. دیاردەکە بە تەواوی و بەڕادەیەکی بەرچاو جێبەجێ کراوە لەلایەن دانیشتوانە ڕەسەناکانی وڵاتانی ئوستڕڵیا، باکوری ئالاسکا و باشوری ئاسیا و باربرا میلەر بۆچوونی وایە کە کردەیەکی جیھانی و سەرتاپایی بێت تەنانەت لە ڕۆژئاواشدا.
لە ساڵی ١٩٩٠دا، لە نووسینێکی ئامرتیا سێن لە گۆڤاری (New York Review of Books) دا پێی وابوو کە بەپێی خەمڵاندنەکان دەبێت ١٠٠ میلیۆن ئافرەتی کەمتر بوونیان ھەیە لە ئاسیادا وەک لەوەی چاوەڕوانکراوە و ئەم ژمارە زۆرەی دیارنەبوونی ئافرەت دەرخەری ئەو ڕاستییە تاڵەی نایەکسانی و پشتگوێخرانەیە کە بووەتە ھۆی زیادەڕۆیی ڕێژەی مردنی ئافرەتان.
وتاری ھەڵبژێردراو ٣
دەروازە:ژن/وتاری ھەڵبژێردراو/٣
مافی یاسایی ژنان بۆ دەنگدان بەدرێژایی ماوەی زیاد لە نیو سەدە دامەزراوە و لە سەرەتادا لە چەند ویلایەتێک و یەکەیەکی بەڕێوبردنی ناوچەیی مافەکە بە یاسایی ناسێنرا بە شێوەیەکی سنووردار و پاشان لەسەر ئاستی نەتەوەیی لە ساڵی ١٩٢٠دا.
یەکەم ڕێکخراوی مافی دەنگدانی ژنان لە ساڵی ١٨٦٩دا ھاتە کایەوە لەڕێی دوو ڕێکخراوی جیاواز کە پێشبرکێیان بوو لەگەڵ یەکتردا، یەکێکیان بە ڕابەرایەتی سوزەن ب. ئانتۆنی و ئیلیزابێت کادی ستانتۆن و ئەوەی دیکەیان بە ڕابەرایەتی لوسی ستۆن. دوای چەندین ساڵ لە ململانێ و پێشبرکێ لە ساڵی ١٨٩٠دا یەکیان گرت و (کۆمەڵەی نەتەوەیی مافی دەنگدانی ژنانی ئەمریکی - NAWSA) دامەزراند کە سوزەن ب. ئانتۆنیان وەک ڕابەر دیاریکرد.
بەو ھیوایەی دادگای باڵای ویلایەتە یەکگرتووەکان بڕیار دەدات بە دەستووری بوونی مافی ژنان بۆ دەنگدان، چالاکەوانانی بوارەکە چەندین ھەوڵیان دا بۆ دەنگدان لە سەرەتای ١٨٧٠کاندا و دوای ڕێگەگرتن لە دەنگدانیان چالاکەوانان داوای یاساییان تۆمار دەکرد. لەڕاستیدا سوزەن ب. ئەنتۆنی سەرکەوتوو بوو کە بتوانێت دەنگ بدات لە ساڵی ١٨٧٢ دا بەڵام دواتر دەستگیرکرا لەسەر کردەکە و لە دادگاییەکی گشتی کراوەدا بە تاوانبار لەقەڵەمدرا کە بووە ھۆکاری تاودانی جۆڵانەوەکە بە گڕوتینێکی نوێوە. دوای ئەوەی دادگای باڵا لە دۆسییەکی ساڵی ١٨٧٥ دا لە دژیان بڕیاری دا، چالاکەوانان دەستیان کرد بە ھەڵمەت و چالاکی بۆ دەیەیەک بە پەیامی ھەموارکردنەوەی دەستووری ویلایەتە یەکگرتووەکان بۆ ڕێگەدان بە ئازادی مافی دەنگدان بە ژنان ھەرچەندە زۆربەی چالاکییەکان لەسەر بنەمای ویلایەت بە ویلایەت کاریان دەکرد.
وتاری ھەڵبژێردراو ٤
دەروازە:ژن/وتاری ھەڵبژێردراو/٤
ئانیلیس ماری 'ئانە' فرانک (ئەڵمانی: [ˈanəˌliːs maˈʁiː ˈfʁaŋk]، وەشانی کورت: [ˈanə ˈfʁaŋk] ( گوێگرتن)، ھۆڵەندی: [ˈɑnəˌlis maːˈri ˈfrɑŋk]؛ لەدایکبووی ١٢ی حوزەیرانی ١٩٢٩ – مردووی شوبات یان ئازاری ١٩٤٥) جوولەکەیەکی ئەڵمانی-ھۆڵەندی بوو، بەیەکیک لە باسکراوترین کەس لە ناو قوربانیانی ھۆڵۆکۆست دادەنرێت. بەنووسینەوەی یادەوەرییەکانی ناوبانگی لەدوای مردنی دەرکرد، ئەمەش دوای بڵاوبوونەوەی کتێبی بیرەوەرییەکانی کچێکی گەنج (ناوە ڕەسەنەکەی: Het Achterhuis)، کە بەڵگەنامەی ژیانی خوشاردنەوەیەی بوو لە ساڵانی ١٩٤٢ بۆ ١٩٤٤، لەکاتی داگیرکردنی ھۆڵەندا لەلایەن ئەڵمانیا لەسەردەمی جەنگی جیھانیی دووەم. کتێبەکەی ئانە بەیەکێک لە بەناوبانگترین کتێبەکانی جیھان دادەنرێت، ھەروەھا بووەتە سەرچاوەی کۆمەڵێک شانۆگەری و فیلم. ئان لەدایکبووی فرانکفۆرت، ئەڵمانیایە بەڵام زۆربەی ژیانی لەناو یان ننزیک ئەمستەردام، ھۆڵەندا بەسەربردووە. ئانە تەمەنی چوار ساڵان بووە، کاتێک خێزانەکەی لە ئەڵمانیاوە چوونەتە ھۆڵەندا، لەکاتی گەیشتنە دەسەڵاتی نازییەکان. لە ساڵی ١٩٤١، ھاوڵاتینامەی ئەڵمانی لێسەندرایەوە، بەمەش بووە کەسێکی بێوڵات. لە ئایاری ١٩٤٠، ئانە لە ئەمستەردام گیری خوارد، ئەمەش دوای داگیرکردنی ھۆڵەندا لەلایەن ئەلمانیای نازییەوە. لەدوای زیادبوونی مەترسی و کۆمەڵکووژی گەلی جوو، ئەوا ئانە لە ژوورێکی نھێنی خۆی شاردەوە، کە لە پشت کتێبخانەیەکدا بوو، ژوورەکە لە ھەمان ئەو باڵەخانەیەدا بوو کە باوکی، ئۆتۆ فرانک کاری لێ دەکرد. لەوکاتەوە تاکوو گیرانی خێزانەکەی لەلایەن گێستاپۆکان لە ئابی ١٩٤٤، ئەو خەریکی نووسین و پاراستنی یادنامەیەکی بوو کە بەدیاری پێی درابوو، بەشێوەیەکی ڕێک و بەردەوام لێی دەنووسی. دوا بەدوای گیرانیان ئەوا خێزانی فڕاک برانە کەمپی زۆرەملێی نازییەکان. لە تشرینی یەکەم یان دووەمی ١٩٤٤، ئانە لەگەڵ خووشکەکەی مارگۆت، لە کەمپی ئاشڤیتز گواسترانەوە بۆ کەمپی بێرگن بیلسن، کە دوای چەند مانگێک، لەوێ مردن. بەگوێرەی ڕاپۆرتی نزیککراوەی خاچی سوور، ئەوا لە مانگی ئازار مردن، دەسەڵاتی ھۆڵەندا مردنی ئەوانی بە ٣١ی ئازار وەک ڕۆژی فەرمی مردنی ئانە دانا، بەڵام دواتر لە ساڵی ٢٠١٥، بەپێی توێژینەوەیەکی خانەی ئانە فرانک ئەوا پێدەچێت مردنی لە مانگی شوبات بووبێت.
وتاری ھەڵبژێردراو ٥
دەروازە:ژن/وتاری ھەڵبژێردراو/٥
ئەنجلینا جۆولی (بە ئینگلیزی: Angelina Jolie، گۆکردن: /dʒoʊˈliː/؛ پێشتر: جۆولی پیت، لەدایکبووی ٤ی حوزەیرانی ١٩٧٥) خانمەکتەر، فیلمساز و چاکەکارێکی ئەمریکییە. براوەی چەندین خەڵاتە لەوانە؛ بەدەستھێنەری خەڵاتی ئۆسکار، ھەروەھا سێ خەڵاتی گۆڵدن گلۆبە. چەندجارێک وەک گرانترین ئەکتەر لە لوتکەی خانمەکتەرەکانی ھۆلیوود ناوی ھاتووە. ئەنجلینا لەیەکەم فیلمیدا بە منداڵی لەپاڵ باوکی دەرکەوت، کاتێک لە فیلمی بەدوای دەرچوون (١٩٨٢)ی دەرھێنەر جۆن ڤۆیت بەشداربوو، بەڵام ژیانی کارکردنی لە فیلم دوای دە ساڵ لەو فیلمە دەستیپێکرد، ئەمەش کاتێک بەفیلمێکی تێچوو کەم بەناوی سایبۆرک ٢ (١٩٩٣)، دواتر لەیەکەم ڕۆڵی سەرەکی خۆیدا بەفیلمی هاککەرەکان (١٩٩٥) بەشداربوو. دواتر لەچەند فیلمێکی ژیاننامەیی بەشداربوو لەوانە؛ جۆرج والاس (١٩٩٧) و جیا (١٩٩٨)، کە بوونە جێگای بایەخی ڕەخنەگران، ھەروەھا بەھۆی بەشداریکردنی لەفیلمی ژیانی پچڕ پچڕی کچێک (١٩٩٩) ئەوا خەڵاتی ئۆسکاری پێدرا وەک باشترین خانمە ئەکتەری پاڵپشت. دواتر بەشداربوو لە فیلمی لارا کرۆفت: تۆمب ڕایدەر (٢٠٠١) بە کارەکتەری یاری ڤیدیۆیی لارا کرۆفت، ئەمە وایکرد ناو و ناوبانگی بگاتە لووتکەی کچەئەکتەرەکانی ھۆلیوود. دواتر بەردەوامی بە فیلمە ئاکشنەکانی دا بەبەشداربوونی لەفیلمەکانی؛ بەڕێز و خاتوو سمس (٢٠٠٥)، ویستراو (٢٠٠٨) و خوێ (٢٠١٠)، ھەروەھا پێشوازییەکی باشی وەرگرت لەلایەن ڕەخنەگرانەوە کاتێک لە دوو فیلمی درامی دەرکەوت بەناوەکانی؛ دڵێکی مەزن (٢٠٠٧) و منداڵی گۆڕدراو (٢٠٠٨)، کە ئەمەی دووەم، وایکرد جوولی ببێتە پاڵێوراوی خەڵاتی ئۆسکار وەک باشترین خانمەئەکتەر. گەورەترین سەرکەوتنی بازرگانی ئەو، لە فیلمی مالیفیسنت (٢٠١٢) بوو، وە بەشێکی دووی لەساڵی (٢٠١٩). و فیلمی پاڵەوانەکانی نەمرەکان (٢٠٢١). ڕۆڵی دەنگی لە زنجیرە فیلمی ئەنیمەیشنی پاندای کۆنگ فو لە ساڵی ٢٠٠٨ تا ٢٠١٦ بینیوە، جۆولی دەرهێنەر و نووسینی دراماکانی جەنگی لە خاکی خوێن و هەنگوین (٢٠١١)، نەشکاو (٢٠١٤) و یەکەمجار باوکمیان کوشت (٢٠١٧) بەژداری کردووە، و بەرهەمهێنانی میوزیکاڵی بێگانەکان (٢٠٢٤)، خەڵاتی تۆنی بۆ باشترین فیلمی میوزیکاڵ بەدەستهێنا.
وتاری ھەڵبژێردراو ٦
دەروازە:ژن/وتاری ھەڵبژێردراو/٦
دایانای شازادەی وێڵز (بە ئینگلیزی: Diana, Princess of Wales؛ ١ی تەممووزی ١٩٦١ – ٣١ی ئابی ١٩٩٧) یەکێک لە خۆشەویستترین ئەندامانی خێزانی شاھانەی بەریتانیا بوو. دایانا ھاوسەری شازادە چارڵز، کوڕی گەورە و جێنشینی شاژنە ئیلیزابێس بوو، دایکی شازادە ولیام و شازادە ھارییە و یەکێک لە ناسراوترین کەسایەتییە ناسراوەکانی جیھان بوو لە سەردەمی خۆیدا. چالاکییە مرۆڤ دۆستییەکانی دایانا وایان کرد دایانا ببێت بە ئایکۆنێکی جیھانی و ناوبانگێکی گەورەیان پێ بەخشی. بە لەدایکبوونی لەناو خێزانێکی چینی باڵا، دایانا نزیک لە خێزانی شاھانەیی گەورە بوو بەڵام ژیانێکی سادەی ھەبوو و دوای ئەوەی نیشتەجێی لەندەن بوو بۆ ماوەیەک وەک یاریدەدەری مامۆستا لە دایەنگەیەکی منداڵان کاری کرد. دایانا بچووکترین کچی جۆن سپێنسەر و فرانسیس شاند کید بوو و جیابوونەوەی دایک و باوکی کاریگەری گەورەی لەسەری ھەبوو. ئەگەرچی لە ڕووی خوێندنەوە زۆر باش نەبوو بەڵام بەھرەی ھەبوو لە موزیک و سەما و وەرزش. ناوبانگی دایانا لە ساڵی ١٩٨٠ەوە دەستی پێکرد دوای ئەوەی پەیوەندی خۆشەویستی لەگەڵ شازادە چارڵسی جێنشینی تەختی شاھانەیی بریتانیا دەستپێکرد و دواتر بوو بە دەستگیرانی. ساڵی دواتر و لە ١٩٨١ ھاوسەرگیریان ئەنجام دا و دایانا لەلایەن خەڵکی بەریتانیاوە بە گەرمی پەسەند کرا وەک شازادەی وێڵز کە نازناوێکە دەدرێت بە ھاوسەری شازادەی جێنشین. لە کۆتاییدا بەھۆی نەگونجان پێکەوە و پەیوەندی سۆزداری دەرەوەی ھاوسەرگیرییەکەیان، لە ساڵی ١٩٩٢ ەوە بە جیایی دەژیان و ساڵی ١٩٩٦ بە فەرمی لێک جیابوونەوە.
وتاری ھەڵبژێردراو ٧
دەروازە:ژن/وتاری ھەڵبژێردراو/٧
خەتەنەکردنی کچان یان سەقەتکردنی ئەندامی زاوزێی کچان (بە ئینگلیزی: Female genital mutilation یان بە کورتی FGM) یاخود لابردنی بەشێکی دەرەوەی ئەندامی زاوزێی مێینەکان کە ڕێکخراوی تەندروستی جیھانی بەم شێوازە پێناسەی کردوە «ھەر پرۆسەیەک کە بەشێک یان کۆی لاچوونی ئەندامی زاوزێی مێینەی تێدا بێت بەبێ ھۆکاری پزیشکی» بریتییە لە خەتەنە. خەتەنەکردنی کچان وەک نەریتی کلتووری یان ئایینی لە زیاتر لە ٢٧ وڵاتی ئەفریقادا ئەنجام دەدرێت دوای ئەفریقا بە ژمارەیەکی تۆزێک کەمتر لە ئاسیا و وڵاتانی تری ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست ئەنجام دەدرێت. یونیسێف ژمارەی مێینە خەتەنەکراوەکانی لە ساڵی ٢٠١٦ دا بە نزیکەی ٢٠٠ ملیۆن ژن مەزەندە کردووە کە لە وڵاتانی ئاسیا و ئەفریقادا دەژین، لەگەڵ چەند ھەرێم و کۆمەڵگەی دیکەی جیھاندا. شێوازی جێبەجێکردنی بەپێی شوێن و نەریتەکان جیاوازی ھەیە، بەڵام لە ھەندێک شوێن بەبێ ھیچ ڕەچاوکردنێکی تەندروستی ئەنجام دەدرێت کە ڕەنگە مووسێک یان چەقۆیەک بەکاربھێنن بەبێ ئەوەی ئەستێوربکرێن یان پاقژکردنەوەی ئەو ئامرازانەی لەم پرۆسەیەدا بەکاردەھێنرێ بەکاربھێنرێت. ئەو تەمەنەی کە ئەم نەشتەرگەرییە بچووکەی بۆ ئەنجام دەدریت، لە ماوی نێوان یەک ھەفتە لە لەدایکبوون بۆ تەمەنی گاگۆڵکەکردن بەپێی ڕاپۆرتی یونیسێف، زۆرینەی ئەو مێینانەی کە بە پرۆسەی خەتەنەکردن دادەڕۆن، لەژێر تەمەنی پێنج ساڵیدان. ئەم پرۆسەیە بریتییە لە لابردنی بەرگی دەرەوی باڵەکانی ئەندامی مێینە و کردنەوەونزیک خستنەوەی پەردەی کچێنی و منداڵدانی کەسەکە کە ڕاستەوخۆ دوای برینی قیتکەکانی سەرەوە و خوارەوەی کۆئەندامی زاوازێ شوێنی بڕینەکان داغ دەکرێن، تەنیا کردنەوەیەکی بچووک بەجێ دەھێڵن بۆ ئەوەی ڕێگە بە تێپەڕبوونی میز و خوێنی سەرەمانگان بدات، ھەروەھا کردنەوەی زێ بۆ ڕێگەدان بۆ جووت بوون و ئاسانی دووگیان بوون لە خەتەنەکردنەوەی دووەم (کاتی ھاوسەرگیری). لە ساڵی ٢٠١٠ دا، سندوقی دانیشتووانی سەر بە یوئێن مەزەندەی کرد کە ٢٠ ٪ ی مێینە خەتەنەکراوەکان بە تەواوی بەشی دەرەوەی ئەندامی زاوزێیان لابراوە و ھیچ ھەستێکی جووت بوونیان تێدا نەماوە، بە شێوازێک خەتەنە کراون کە بە «خەتەنەکردنی فیرعەونی» یان «تبتی» ناسراوە، کە بەتایبەتی لە باکووری ڕۆژھەڵاتی ئەفریقا باوە.
وتاری ھەڵبژێردراو ٨
دەروازە:ژن/وتاری ھەڵبژێردراو/٨
ژینا ئەمینی یان بە ناوی کاتی لەدایکبوونی مەھسا ئەمینی (بە فارسی: مهسا امینی؛ ٢٢ی تەممووزی ٢٠٠٠ لە سەقز – ١٦ی ئەیلوولی ٢٠٢٢ لە تاران) ژنێکی کوردی خەڵکی شاری سەقز بوو لە ڕۆژھەڵاتی کوردستان کە لە ڕۆژی ١٣ی ئەیلوولی ٢٠٢٢ لە تاران بە بیانووی نەگونجاویی حیجابەکەی لەلایەن پۆلیسی ڕەوشتی حکوومەتی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەستبەسەر کرا و بەھۆی ئەشکەنجە و لێدان کەوتە کۆماوە و دوای سێ ڕۆژ، لە ١٦ی ئەیلوولی ٢٠٢٢، لە نەخۆشخانەی کەسرا لە تاران کۆچی دواییی کرد. مردنی ژینا ناڕەزایەتییەکی بەرفراوانی کۆمەڵگەی ئێرانی لێکەوتەوە کە بەرھەمەکەی لە ئێران و ڕۆژھەڵاتی کوردستان بوو بە شۆڕشی ژینا. ھەروەھا لە ئەنجامی کوژرانی ژینا ئەمینیدا بزووتنەوەی جیھانیی ژن، ژیان، ئازادی سەری ھەڵدا. ئەو و بزووتنەوەکە لە ساڵی ٢٠٢٣ لەلایەن پەرلەمانی ئەورووپاوە وەک کاندید بۆ خەڵاتی ساخارۆڤ ھەڵبژێردران بۆ بەرگریکردن لە ئازادی و مافەکانی مرۆڤ.