دەروازە:ژن/وتاری ھەڵبژێردراو/٦

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە

دایانای شازادەی وێڵز (بە ئینگلیزی: Diana, Princess of Wales؛ ١ی تەممووزی ١٩٦١ – ٣١ی ئابی ١٩٩٧) یەکێک لە خۆشەویستترین ئەندامانی خێزانی شاھانەی بەریتانیا بوو. دایانا ھاوسەری شازادە چارڵز، کوڕی گەورە و جێنشینی شاژنە ئیلیزابێس بوو، دایکی شازادە ولیام و شازادە ھارییە و یەکێک لە ناسراوترین کەسایەتییە ناسراوەکانی جیھان بوو لە سەردەمی خۆیدا. چالاکییە مرۆڤ دۆستییەکانی دایانا وایان کرد دایانا ببێت بە ئایکۆنێکی جیھانی و ناوبانگێکی گەورەیان پێ بەخشی. بە لەدایکبوونی لەناو خێزانێکی چینی باڵا، دایانا نزیک لە خێزانی شاھانەیی گەورە بوو بەڵام ژیانێکی سادەی ھەبوو و دوای ئەوەی نیشتەجێی لەندەن بوو بۆ ماوەیەک وەک یاریدەدەری مامۆستا لە دایەنگەیەکی منداڵان کاری کرد. دایانا بچووکترین کچی جۆن سپێنسەر و فرانسیس شاند کید بوو و جیابوونەوەی دایک و باوکی کاریگەری گەورەی لەسەری ھەبوو. ئەگەرچی لە ڕووی خوێندنەوە زۆر باش نەبوو بەڵام بەھرەی ھەبوو لە موزیک و سەما و وەرزش. ناوبانگی دایانا لە ساڵی ١٩٨٠ەوە دەستی پێکرد دوای ئەوەی پەیوەندی خۆشەویستی لەگەڵ شازادە چارڵسی جێنشینی تەختی شاھانەیی بریتانیا دەستپێکرد و دواتر بوو بە دەستگیرانی. ساڵی دواتر و لە ١٩٨١ ھاوسەرگیریان ئەنجام دا و دایانا لەلایەن خەڵکی بەریتانیاوە بە گەرمی پەسەند کرا وەک شازادەی وێڵز کە نازناوێکە دەدرێت بە ھاوسەری شازادەی جێنشین. لە کۆتاییدا بەھۆی نەگونجان پێکەوە و پەیوەندی سۆزداری دەرەوەی ھاوسەرگیرییەکەیان، لە ساڵی ١٩٩٢ ەوە بە جیایی دەژیان و ساڵی ١٩٩٦ بە فەرمی لێک جیابوونەوە.

زیاتر...