چەوساندنەوە

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە

چەوساندنەوە ھەڵسوکەوت و مامەڵەیەکی نەگونجاوە بەرامبەر بە تاکەکەس یان کۆمەڵەیەک دەکرێت لەلایەن تاکەکەسێک یان کۆمەڵەیەکی دیاریکراو. باوترین شێوازەکان چەوساندنەوەی ئایینی، ڕەگەزپەرستی و سیاسین. ھەموو کردەیەکی ئازارچەشتن، دەست درێژی، بەندکردن، دەستبەسەر کردنی ناچاری، ترس و ئازار ئەگەری ھەیە دەرئەنجامەکەی چەوساندنەوە بێت بەڵام مەرج نییە ھەموو ئازارچەشتنێک ببێتە ھۆی چەوساندنەوە. ئازارچەشتنەکە لەلایان قوربانییەکەوە دەبێت رێژەی زۆر بێت بۆی بە چەوساندنەوە ھەژماربکرێت ھەر بۆیە رێژەی توندێتی و چەندێتی ئازارەکە جێی مشتومڕ و لایەنێکی سەرەکی بابەتەکە بووە.[١]

یاسای نێونەتەوەیی[دەستکاری]

وەک بەشێک لە بنەماکانی نوێرمبێرگ، تاوانەکانی دژی مرۆڤایەتی بە بەشێک لە یاسای نێونەتەوەییی دادەنرێت. بنەمای شەشەم لە بنەماکانی نوێرمبێرگ دەڵێت: ئەو تاوانانەی لێرەدا دیاریکراون سزادراون بە پێی یاسای نێونەتەوەیی: تاوانەکانی دژی مرۆڤایەتی (کوشتن، لەناوبردن (بنبڕکردن)، بەکۆیلە کردن، وەدەرنان و ھەر کردەیەکی نامرۆڤانەی دی دژ بە دانیشتووی مەدەنی ئەنجام بدرێت، یان چەوساندنەوە لەسەر بنەمای ڕامیاری، ڕەگەزیی و ئایینی یان ئەنجام دانی ھەر کردەیەکی دژە ئاشتی و تاوانی جەنگی.)

ڕۆما[دەستکاری]

کوشتنی ڕۆمەکان کە زۆرجار بە کۆمەڵکوژی ڕۆمەکان ناودەبرێت، ھەوڵێکی پلان بۆ داڕێژراو بوو لەلایەن پارتی نازیی و ھاوپەیمانەکانییەوە لە ماوەی جەنگی جیھانیی دووەم دا بەمەبەستی لەناوبردن و نەھێشتنی دانیشتوانە ڕۆمانییەکانی ئەورووپا کە بە (دۆم) ناوزەندیان دەکردن لەو سەردەمەدا. لەژێر فەرمانڕەوای ئەدۆڵف ھیتلەردا لە ٢٦ تشرینی دووەمی ساڵی ١٩٣٥ دا، نووسراوێکی تەواوکەر بۆ (یاساکانی نوێرمبێرگ) ی دەرکرا کە رۆمەکانی (دۆمەکان) بە "دوژمنانی وڵاتی نەتەوەیی" دەناساند و لە ھەمان ئاست و پلەی جوولەکەکان دا ھەژماری دەکردن.[١] مێژوونوسان مەزەندەی دەکەن ٢٠٠ ھەزار بۆ ٥٠٠ ھەزار لە رۆمەکان کوژراون لەسەر دەستی نازیی و ھاوپەیمانەکانیان. ھەندێک لە نووسەران ژمارەی کوژراوان بە ١٫٥ ملیۆن دەخملێنن.[٢]

ھاوڕەگەزخوازان[دەستکاری]

ژمارەیەک لە وڵاتان بەتایبەتی وڵاتانی ڕۆژاوا ھەستاون بە دانان و چەسپاندنی چەند ڕێکارێک بۆ کەم کردنەوەی ڕێژەی جیاکاریکردن بەرامبەر بە کەمایەتییە سێکسییەکان و چەند یاسایەک بۆ لابردنی تاوانی کینەیی بەرامبەر بە ھاوڕەگەزبازان و جیاکاری کردن لە ناوەندەکانی کاردا. ھەندێکیان تەنانەت ھاوسەرگیری ھەمان ڕەگەزیان بە یاسایی کردووە بەمەبەستی دەستەبەرکردنی ھاوسەرە ھاوڕەگەزەکان بە ھەمان جۆر و ڕێژەی پارێزگاری و ماف کە ھاوتا بێت بە مافەکانی ھاوسەرە ڕەگەز جیاوازەکان. لە ساڵی ٢٠١١ دا، نەتەوە یەکگرتووەکان ھەستا بە چەسپاندنی یەکەم بڕیارنامەی ناساندن و پاراستنی مافەکانی کەسە ھاوڕەگەزبازەکان و لە ساڵی ٢٠١٥ دا ھاوسەرگیری لە نێوان ھەمان ڕەگەزدا بە یاسای کرا لە ھەموو ویلایەتەکانی ئەمریکادا.

خزمەتی سەربازی[دەستکاری]

چەوساندنەوە کە بەند بێت بە ڕێژەی خزمەتی سەربازییەوە یان نەبوونی خزمەتی سەربازی دیاردەیەکی باوە لە کۆمەڵگەی ئیسرائیلی دا. لە وڵاتی ئیسرائیل دا، ئەو ھاوڵاتییە جوولەکانەی مۆڵەتی نەکردنی خزمەتی سەربازی وەردەگرن لە ھێزە بەرگرییەکانی ئیسرائیل دا دواتر خاوەنی ئەگەرێکی زۆر کەمن پیشەیەکی گونجاو و پایەداریان ھەبێت و زۆر بەتایبەتی لە بوارە سەربازییەکان دا. سەرچاوەی ئەم جیاکاری کردنە دەگەرێتەوە بۆ ئەوەی کە ھەموو ھاوڵاتییەکای ئیسرائیل (جگە لە عەرەب) لە تەمەنی ١٧ ساڵیەوە بانگێشت دەکرێت بەمەبەستی ھەڵسەنگاندنی شیاوی بۆ خزمەتی سەربازی ناچاری لە ڕیزی سوپای وڵاتەکەی دا. تۆمار و زانیاری ھەموو ھەڵسەنگاندنەکان دەپارێزرێت و پۆلێنکاری دەکرێت لە نێوان ئەوانەی پەسەند دەکرێن و ئەوانەی ڕەت دەکرێنەوە.

خاوەن کارەکان ئارەزوو و ویستێکی تایبەتیان ھەیە بۆ ئەو جۆرە تۆمارانە چونکە زانیارییەکی گشتیگیر و وردی کەسەکانی تێدا ھەڵگیراوە. زۆرجار خاوەن کارەکان بە چاوێکی کەمتر سەیری ئەو ھاوڵاتیانە دەکەن کە ڕەت کراونەتەوە لەلایەن سوپاوە بەو باوەڕەی "ئەوەی شیاو نەبێت بۆ سوپا شیاویش نییە بۆ ناوەند و ژینگە پیشەیەکان و ئەوانەشی لە سوپادا پەسەندکراون ئەگەری زیاتریان ھەیە ببنە فەرمانبەری باش و لێھاتوو." ڕاگەیاندنی دەرفەتی کارەکان لە ئیسرائیل زۆرجار داواکاری "خزمەتی سەربازی" دەکەن بە مەرج و ئەمەش کاریگەرییکەی ڕاستەوخۆی ھەیە لەسەر تەواوی ژیانی پیشەی خەڵکی.

ئەمانەش ببینە[دەستکاری]

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  1. ^ ئ ا "Holocaust Encyclopedia - Genocide of European Roma (Gypsies), 1939-1945". United States Holocaust Memorial Museum (USHMM). Retrieved 9 August 2011.
  2. ^ Hancock, Ian (2005), "True Romanies and the Holocaust: A Re-evaluation and an overview", The Historiography of the Holocaust, Palgrave Macmillan, pp. ٣٨٣–٣٩٦, ISBN 1-4039-9927-9 {{citation}}: Unknown parameter |بەستەری شکاو= ignored (help); Unknown parameter |ناونیشانی ئەرشیڤ= ignored (help); Unknown parameter |ڕێکەوتی ئەرشیڤ= ignored (help); Unknown parameter |ڕێکەوتی بەدەستھێنان= ignored (help)