پەردەی کچێنی

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
Jump to navigation Jump to search
دامێنی ژن
ڕووی دەرەوەی ئەندامی زاوزێی مێینە.

پەردەی کچێنی (بە ئینگلیزی: Hymen) پارچەیەکی تەنکی لینجەپەردەیە کە ھەموو یان بەشێکی دەرچەی زێ لە کۆئەندامی زاوزێی ژن دادەپۆشێت، ئەستوورییەکەی نزیکی ١ میلیمەترە.[١][٢]

لە تەمەنی مناڵیدا، پەردەی کچێنی بە زۆر شێوە دەردەکەوێت، بەڵام باوترینیان شێوەی مانگیلەییە، لەکاتی باڵقبوون و لە تەمەنی ھەرزەکاریدا ھۆڕمۆنی ئێسترۆجین دەبێتە ھۆی گۆڕانی شیوەی پەردەی کچێنی و ھەروەھا جیڕ و لاستیکی دەبێت.[٣][٤] لەدوای باڵقبوون پەردەی کچێنی چەندین شێوەی جیاوازی ئاسایی ھەیە لە کەسێک بۆ کەسێکی دی جیاوازە، کە ھەیە تەنکە و توانایی کشانی ھەیە، ھەشە ئەستوورتر و ھەندێک جاریش ڕەق.[٢]

بەشێوەیەکی گشتی پەردەی کچێنی لە یەکەم سێکسدا (کە ئەندامی زاوزێی نێرینە و مێینە بەیەک دەگەن) لادەچێت یان دەدڕێت، و ھەروەھا لەگەڵیدا ئازار و کەمێک خوێن بەربوونی کاتی دەبێت یان ھەر پەڵەیەکی خوێنی بچووک دەبینرێت. ھەرچەندە سەرچاوەکان جیاوازن لەوەی کە خوێنبینین و دڕانی پەردەی کچێنی لە دوای یەکەم سێکس ڕێژەی چەنێکە و ئەگوترێت ڕەنگە ھەر خوێن نەبینرێت.[٥][٦][٧]

لە ڕاستیدا ناتوانرێت پشت بە حاڵی (ھەبوونی) پەردەی کچێنی ببەسترێت بۆ سەلماندنی پاکیزەیی، واتە ئەگونجێت لە ھەندێک حاڵەتدا، پەیوەندی سێکسی ئەنجام درابێت و پەردەکەش لانەچووبێت، یاخود بە پێچەوانەوە پەردەکە بە ھۆیەکی دوور لە سێکس لاچووبێت.[٨][١][٩][١٠] ھەرچەندە لە ھەندێک کلتووردا ھێشتا پشتی پێ دەبەسترێت، و پشکنینی پەردەی کچێنی بۆ دەکرێت لەلایەن پزیشکانی دادوەری.[١١][١٢][١٣] پەردەی کچێنی لەتواناییدایە بەرگەی ھەندێک زەبری بچووک بگرێت و نەدڕێت یاخود چاک ببێتەوە لە ھەندێک حاڵەتدا ئەگەر برینەکە زۆر بچووک بێت ئەوا نیشانەشی دیار نامێنێت.[٨][١٤]

گەشەکردن و شانەزانی[دەستکاری]

گەشەکردن و دروستبوونی کۆئەندامی زاوزێ لە دروستبوونی کۆرپەلەدا (ئاوڵەمە دروستبوون) لە ماوەی سێیەم ھەفتە ھەتا دووەم سێ مانگیی سکپڕیی (١٣ بۆ ٢٨ ھەفتە) گەشە دەکات، پەردەی کچێنی لە پاش دروستبوونی زێ دروست دەبێت. لە ھەفتەی حەوتەمدا، دیوارەناوەندی میزەڕۆ و کۆم دروست دەبێت و کۆم لە کەلێنی میزوزاوزێیی urogenital sinus (بەشێکە تەنھا لە ماوەی دروستبوونی کۆرپەلەدا ھەیە و لە کەسانی تەندروستدا دواتر نامێنێت و چەندین ئەندام و ڕێرەوی گرنگ لە کۆئەندامی زاوزێی نێر و مێدا لێرەوە دروست دەبێت) جیادەکاتەوە. لە ھەفتەی نۆیەمدا، جووتە جۆگەی کەناڵی موولەر دەڕۆن بەرەو خوار و دەگەنە لای کەلێنی میزوزاوزێیی، کەناڵی مناڵدانەزێیی uterovaginal canal پێک دەھێنێت و ئەویش دەلکێت بە کەلێنی میزوزاوزێیەوە. لە ھەفتەی دوازدەدا جووتە جۆگەی کەناڵی موولەر یەک دەگرن و دەبێت بە یەک جۆگە و کەناڵی سەرەتایی مناڵدانەزێیی primitive uterovaginal canal یان uterovaginal primordium دروست دەکەن. لە مانگی پێنجەمدا، کەناڵی زێ ڕێڕەوەکەی تەواو دروست دەبێت و پەردەی کچێنیش لە زۆربوونی سەلکەکەلێنی زێ sinovaginal bulbs (لەو جێگەیە کە کەناڵی موولەر و کەلێنی میزوزاوزێ بەیەک دەگەن) دروست بووە، وە پەردەکە بە شێوەیەکی ئاسایی لەپێش لەدایکبوون یان ماوەیەکی کەم پاش لەدایکبوون کونێکی کراوەی تێدا دروست دەبێت (کە دواتر بۆ بەتاڵ کردنەوەی زێ لە خوێنی سووڕی مانگانە و چەند سوودێکی تر بەکار دێت).[١٥][١٦][١٧][١٨]

پەردەیەکی کچێنی دوای باڵقبوون
پەردەیەکی کچێنی دوای باڵقبوون. دەرکەوتنی پەردەی کچێنی لە کەسێک بۆ کەسێکی دی دەرکەوتنی جیاوازە.

پەردەی کچێنی پاش لەدایکبوون لە مناڵی ساوادا ھێشتا لەژێر کاریگەری ھۆرمۆنی دایکیدایە، شیوەکەی کەمێک ئەستوور و ڕەنگی پەمەیی کاڵە، کەمێک گەورەیە بە شێوەیەک لۆچ دەبێت و ڕەنگە بێتە پێشتریش بەرەو ڕووی دەرەوە. یەکەم دوو تا چوار ساڵی ژیان، دەردانی ھەندێک ھۆڕمۆن لەلایەن مناڵەکە خۆیەوە لەم ماوەیەدا ئەم کاریگەرییانە بەردەوام دەکات،[١١] ئەو کونەی لە پەردەی کچیێنییان ھەیە زیاتر شێوەکەی ئەڵقەیییە (بەدەوراندەوری ڕووی ناوەوەی زێدا).[١٩]

لەدوای تەمەنی ساوایی، تیرەی کونی پەردەی کچێنی ھەر ساڵەو بە نزیکەیی ١ میلیمەتر فراوانتر دەبێت.[٢٠] لە دوای باڵقبوون، ھۆرمۆنی ئێسترۆجین وا لە پەردەی کچێنی دەکات کە لاستیکی و ڕیشوودار ببێت (قەراخەکانی وەک شێوەی پەنجەیی).[٣][٢]

پەردەی کچێنی دەکرێ بکشێت یاخود بدڕێت بەھۆکاری جیاواز، ھەندێک لەوانە ئەم ڕەفتارانەن:[٢١][٢][٢٢][٩]

  • بەکارھێنانی تۆپەوانە
  • بەکارھێنانی کاسەی سووڕی مانگانە
  • پشکنینی دامێن بە ئامێری ناوبین
  • سێکس
  • پیاکردنی چەند پەنجەیەک یاخود ئامێر و شتی تر بۆ ناوەوەی زێ
  • ھەندێک یاری، وەک وەرزشی جمناستیکی، ئەسپسواری
ئەو پێکھاتەی کە ئاماژەی بۆ کراوە بە تیرەکە، بریتییە لە وردەلچی گەڵایی (Carunculae myrtiformes). لە کەسێکی باڵقدا.

ئەم ھۆکارانە مەرج نییە ھەموو جارێک ببنە ھۆی دڕاندنی پەردەکە، لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی دی دەگۆڕێت. ھەندێک جار پاشماوەیەک لەدوای دڕانی پەردەکە بەجێ دەمێنێت، کە پێی دەوترێت وردەلچی گەڵایی carunculae myrtiformes.[٩](بڕوانە وێنەکەی لای چەپ)

پزیشکانی دادوەری زۆرجار پێویست دەکات کە پشکنینی زێ و پەردەی کچێنی بکەن، بۆ دڵنیابوون لە سەلامەتی پەردەکە یاخود کۆکردنەوەی زانیاری و سڕاو لەدوای دەستدرێژیی سێکسی، ھەندێک پارچەی پلاستیکی یان شووشەیی بەکار دەھێنن بۆ پشکنین، بۆیە زۆر گرنگە کە ئاگادار بن پەردەی کچێنی بریندار نەکەن، بەتایبەت لە کچانی ناباڵقبوودا، زۆربەی کات سڕین ھەر لە داڵانی زێ وەر دەگیرێت، لەبەر پاراستنی پەردەکە،[٢٣]مەگەر زۆر پێویست بکات بەجوانی پەردەی کچێنی بپشکنرێت بەتایبەت دوای دەستدرێژی سێکسی، بەڵام ئەوەی گرنگە بزانرێت پەردەی کچێنی بەتەنھا بەس نییە بۆ دەستکەوتنی ھەموو زانیارییەک.[٢٤]

شێوەی پەردەکە[دەستکاری]

بسڕ
بسڕی (swab) پزیشکی بۆ پشکنینی زێ یان پەردەی کچێنی بەکاردێت.

پەردەی کچێنی ئەستوورییەکەی نزیکی ١ میلیمەترە، لە زۆربەی کچەکاندا تەنک و ڕوونە بەڵام ڕەنگە لە ھەندێکی تردا گۆشتن و ئەستوورتر بێت یاخود کڕکڕەیی بێت.[١١]

گەورەیی کونی پەردەی کچێنی بە شێوەیەکی ئاسایی بەم شێوەیە:

  • مناڵ ھەتا یەک ساڵ, بسڕێکی بچووکی پشکنین (وەک وێنەکە یان بچووکتریش) بەناو کونی پەردەکەدا تێپەڕ دەبێت بۆ ناو زێ.
  • لە تەمەنی ١٠ ساڵیدا، بەقەد سەری پەنجە بچووک.
  • لە دوای باڵقبوون، یەک پەنجە ڕەنگە پێیدا تێپەڕ ببێت.[١١]
شەش جۆری جیاوازی پەردەی کچینی.
شەش جۆری جیاوازی پەردەی کچینی، جۆری A، لەگەڵ وێنەکەی لای چەپ جۆری ئاساییە کە لە زۆربەی کچاندا هەیە.

جۆرەکانی پەردەی کچێنی[دەستکاری]

جۆرەکانی پەردەی کچێنی (٨ جۆر)
جۆرەکانی پەردەی کچێنی

ئەمانە چەند جۆرێکی پەردەی کچێنین پۆلێن کراون بەپێی شێوەی کرانەوەکەی، واتە ئەو کونەی کە بە شێوەیەکی ئاسایی تێیدایە، شایەنی باسە ئەم جۆرانە و چەندین جۆری تریش شێوازی جیاوازی ئاسایین و پێیان دەوترێت جیاوازی توێکاریی Anatomical variation ھیچ کێشەیەکیان نییە، تەنھا جۆری کوننەکراو نەبێت کە پێویستی بە چارەسەرە.[١١][٢٥]

  • بازنەیی یان ئەڵقەیی: کرانەوەکە لە ناوەڕاستدایە.
  • کەوانەیی یان مانگیلەیی: کرانەوەکە کەوتووەتە بەشی پێشەوە (واتە بەرەو ئاڕاستەی کاتژمێر دوازدە)
  • مناڵانە: کرانەوەیەکی ھێڵیی بچووک لە ناوەڕاستدا
  • لەپەردار septate: دوو کرانەوە ھەیە لە تەنیشتی یەکەوە، بە شانەیەکی تەنکی پەردەی کچێنی لەیەک جیاکراونەتەوە
  • بێژنگی: چەندین کونی تێدایە، وەک بێژنگ کونکونە
  • ستوونی: کرانەوەکە ستوونییە
    چەندین شێوەی جیاوازی پەردەی کچێنی (کونی کرانەوەکان بە ڕەنگە تۆخەکان دیاریکراوە)
    کوننەکراو: پەردەکە کونی تێدا نییە، نەکراوەتەوە[١١]

پەردەی کوننەکراو کونی تێدا نییە، بە نزیکەیی ١–٢ مناڵ ھەیەتی لە ھەر ١٠٠٠ مناڵێکدا، چارەسەرەکەی بریتییە لە کونکردنی بە نەشتەرگەریی.[٢٦][٢٧][٢٨] ئەوانەی ئەم جۆرە پەردەیان ھەیە، ڕەنگە ھەتا ئەو کاتەی بۆ یەکەمجار دەکەونە سووڕی مانگانەوە پێی نەزانن، لەو کاتەدا خوێنەکە کۆ دەبێتەوە و ناتوانرێت بکرێتە دەرەوەی جەستە و ئازار دروست دەکات، ئەوەی گرنگە پێویستە لەلایەن پزیشکی پسپۆڕەوە ببینرێت و لە نەخۆشخانە چارەسەر وەربگرێت، ئەویش کردنی نەشتەرگەریی و کونکردنی پەردەی کچێنییە لەلایەن پزیشکەکەوە زۆربەی جار پێویستی بە بێھۆشکردنی گشتی دەبێت و لە دوای نەشتەرگەرییەکە، لەماوەی چەند ڕۆژێکدا چاک دەبێتەوە، و چەند ڕێنمایییەک ھەیە کە بیکات پزیشکەکە پێی دەڵێت، دوای چاکبوونەوە کەسەکە دەتوانێت وەک ھەر کەسێکی ئاسایی تۆپەوانە بەکاربھێنێت، سێکس بکات یان مناڵی ببێت.[٢٩]

ئەگەر چارەسەر نەکرێن، تووشی ھەندێک کێشە دەبن لەوانە:[٢٩]

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  1. ^ ئ ا Perlman, Sally E. (2004). Clinical protocols in pediatric and adolescent gynecology. Steven T. Nakajima, S. Paige Hertweck. New York: Parthenon Pub. Group. ISBN 1-84214-199-6. OCLC 53926682.
  2. ^ ئ ا ب پ Evaluation of the sexually abused child: a medical textbook and photographic atlas. Astrid Heger, S. Jean Herriot Emans. New York: Oxford University Press. 1992. ISBN 0-19-507425-4. OCLC 24288199.
  3. ^ ئ ا Lahoti, Sheela L.; McClain, Natalie; Girardet, Rebecca; McNeese, Margaret; Cheung, Kim (2001-03-01). "Evaluating the Child for Sexual Abuse". American Family Physician. 63 (5): 883. ISSN 0002-838X.
  4. ^ Evaluation of the sexually abused child: a medical textbook and photographic atlas. Astrid Heger, S. Jean Herriot Emans. New York: Oxford University Press. 1992. ISBN 0-19-507425-4. OCLC 24288199.
  5. ^ "The Hymen – SexInfo Online". Retrieved 2021-09-16.
  6. ^ Rogers, Deborah J; Stark, Margaret (1998-08-08). "The hymen is not necessarily torn after sexual intercourse". BMJ: British Medical Journal. 317 (7155): 414. ISSN 0959-8138. PMC 1113684. PMID 9694770.
  7. ^ Curtis, Emma; Lazaro, Camille San (1999-02-27). "Appearance of the hymen in adolescents is not well documented". BMJ: British Medical Journal. 318 (7183): 605. ISSN 0959-8138. PMC 1115047. PMID 10037658.
  8. ^ ئ ا "(PDF) Hymen: Facts and conceptions". ResearchGate. Retrieved 2021-09-16.
  9. ^ ئ ا ب Simpson, Keith (1985). Forensic medicine. Bernard Knight (9th ed ed.). London: Arnold. p. 114. ISBN 0-7131-4452-1. OCLC 14097637.
  10. ^ "WHO | Eliminating virginity testing". WHO. Retrieved 2021-09-16.
  11. ^ ئ ا ب پ ت ج Biswas, Gautam (2015). Review of forensic medicine and toxicology: including clinical and pathology aspects (Third edition ed.). New Delhi. pp. ٣٧٧. ISBN 978-93-5152-864-7. OCLC 973210208.
  12. ^ "ئافرەت ھەبووە لەسەر پەردەی کچێنی کوژراوە، کە پشکنینمان بۆ کردووە ھیچ عەیبی نەبووە", retrieved 2021-09-16
  13. ^ د. دیلمان ئازاد پسپۆڕی پزیشکی دادوەری: کچێکم لە مردن ڕزگار کرد گوێ لە چیرۆکەکە بگرە, retrieved 2021-09-16
  14. ^ McCann, John; Miyamoto, Sheridan; Boyle, Cathy; Rogers, Kristen (2007-05). "Healing of hymenal injuries in prepubertal and adolescent girls: a descriptive study". Pediatrics. 119 (5): e1094–1106. doi:10.1542/peds.2006-0964. ISSN 1098-4275. PMID 17420260. Check date values in: |date= (help)
  15. ^ Imaging of gynecological disorders in infants and children. Gurdeep S. Mann, Joanne C. Blair, A. S. Garden. Berlin: Springer. 2012. ISBN 978-3-540-85602-3. OCLC 775595580.
  16. ^ Cochard, Larry R. (2012). Netter's atlas of human embryology. Frank H. Netter, John A. Craig, Carlos A. G. Machado (Updated edition ed.). Philadelphia. ISBN 978-1-4557-3978-3. OCLC 808345602.
  17. ^ Sadler, T. W. (2015). Langman's medical embryology (13th edition ed.). Philadelphia. ISBN 978-1-4511-9164-6. OCLC 885475111.
  18. ^ "Hymen: What It Is and How It Changes Throughout Your Life". Flo.health - #1 mobile product for women’s health. Retrieved 2021-09-17.
  19. ^ Evaluation of the sexually abused child: a medical textbook and photographic atlas. Astrid Heger, S. Jean Herriot Emans. New York: Oxford University Press. 1992. ISBN 0-19-507425-4. OCLC 24288199.
  20. ^ "Download Limit Exceeded". citeseerx.ist.psu.edu. Retrieved 2021-09-17.
  21. ^ "The Hymen – SexInfo Online". Retrieved 2021-09-17.
  22. ^ "Bodies without evidence". The Sydney Morning Herald. 2002-09-21. Retrieved 2021-09-17.
  23. ^ Forensic medicine: clinical and pathological aspects. Jason Payne-James, Anthony Busuttil, William S. Smock. San Francisco: Greenwich Medical Media. 2003. ISBN 978-1-84110-026-5. OCLC 51678652.
  24. ^ Perlman, Sally E. (2004). Clinical protocols in pediatric and adolescent gynecology. Steven T. Nakajima, S. Paige Hertweck. New York: Parthenon Pub. Group. ISBN 1-84214-199-6. OCLC 53926682.
  25. ^ "Hymens: Types of Hymens". Center for Young Women's Health. 2013-07-10. Retrieved 2021-09-17.
  26. ^ Schwartz's principles of surgery. Seymour I. Schwartz, F. Charles Brunicardi, Dana K. Andersen, Timothy R. Billiar, David L. Dunn, John G. Hunter (Tenth edition ed.). New York. 2014. pp. ١٦٣٦. ISBN 978-0-07-179675-0. OCLC 855332914.
  27. ^ Biswas, Gautam (2015). Review of forensic medicine and toxicology: including clinical and pathology aspects (Third edition ed.). New Delhi. pp. ٣٧٠. ISBN 978-93-5152-864-7. OCLC 973210208.
  28. ^ "Imperforate hymen: MedlinePlus Medical Encyclopedia". medlineplus.gov. Retrieved 2021-09-17.
  29. ^ ئ ا "Imperforate Hymen: Symptoms, Outlook, Treatment, and More". Healthline. 2017-08-15. Retrieved 2021-09-17.

بەستەرە دەرەکییەکان[دەستکاری]