دەروازە:ڕۆمانەکان

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە

دەروازەی ڕۆمانەکان


ڕۆمان (بە ئینگلیزی: Novel) نووسراوەییکی خەیاڵی درێژتر لە کورتە چیرۆک و چیرۆک کە خۆی چەندین چەشنی ھەیە و ھەرکام لەم چەشنانە نوێنەری جۆرێک لە چیرۆکی ناو زەینی نووسەرن. ڕۆمان بریتییە لە گێڕانەوەیەکی چیرۆکئامێزی دوورودرێژ، لەمیانی چیرۆکبێژەوە وێنەی ژیانی کەسایەتییەکان لە چەندین ڕوودا و لە چەندین شوێن و کاتی بەریندا، دەردەخات، زۆر جار خەیاڵ ڕۆلی لە داڕشتنی ڕووداوەکاندا ھەیە، لە ڕۆماندا چەند ڕەگەزێکی گرینگ کۆ دەبێتەوە، لەوانە: ڕووداو، کەسایەتیی سەرەکی، شوێن، کات، چیرۆکبێژ (یان گێڕەرەوە)، گێڕانەوە، بۆگێڕەوە، خەیاڵ، وەسف، دیالۆگ، گۆشەنیگا.

گێڕانەوەی ڕووداوەکان و نووسینەوەیان بە شێوەی پەخشان لە سەدەی شانزدەھەم لە ئینگلتەرە دەستی پێ کرد و شێوازێکی جیاواز بوو لە داستان، بەڵام سەرھەڵدانی ڕاستەقینەی ئەم ھونەرە نوێیە وەک ژانرێکی ئەدەبیی سەربەخۆ، دەگەڕێتەوە بۆ چەرخی رۆشەنگەریی ئەوروپا لە سەدەی ھەژدەھەمدا، کە لەگەڵ گەشەکردن و گەورەبوونی چینی بورژوازیدا و ھەروەھا گەشەکردنی شار و بایەخدان بە تاکەکەس، برەوی زیاتری پەیدا کرد.

زیاتر...


ھەنووکە ٢٣٩ وتار لە دەروازەی ڕۆمانەکاندا ھەیە.

وتارێک لەوان بە ھەڵکەوت ببینە

وتاری ھەڵبژێردراو

کنولپ (Knulp) ناوی یەکێک لە ڕۆمانەکانی ھێرمان ھێسەیە کە یەکەم جار ساڵی ١٩١٥ لە ئاڵمانیادا بڵاو بووەوە. ڕۆمانەکە سێ بەسەرھات لە بەسەرھاتەکانی کەسایەتییە سەرەکییەکەی خۆی کە ناوی کنولپ-ە دەگێڕێتەوە. کنولپ لە منداڵیدا گەرچی زۆر ژیر و زیرەک بووە، بەڵام قوتابخانەی بەجێ ھێشتووە و ھەر خەریکی گەڕاڵییە. زیاتر، ئەرکی لەسەر شانی دۆستان و ھەواڵانییەوەیە و ھەرگیز ناخوازێ خۆی بە جێگا یان کار و پیشەیەکەوە ببەستێتەوە و خۆی پابەندی شتێک بکا. لە کۆتاییی ڕۆمانەکەدا، کنولپ کە پێش ئەوەی بگا بە تەمەنی پیری تووشی دەردەباریکە بووە و یەکجار زۆر لەشناساغ و لاوازە، ڕوو دەکاتە دارستانێک. لەوێدا، لە حاڵی مردندا، لەگەڵ خودا دەست بە قسەکردن دەکا و خوداش وەڵامی دەداتەوە. کنولپ دەپرسێ بۆچی لە ژیانیدا شتێکی نەکردووە کە دەستکەوتێکی بۆی ھەبێ. دەڵێ دەیتوانی ببێ بە پزیشک یان ھونەرمەندێکی سەرکەوتوو؛ دەیتوانی ژن بھێنێ و ژیانێکی پڕ لە ئاشتی دابمەزرێنێ. لە خودا دەپرسێ مەبەست لە بوونی چی بووە. خوداش بەم جۆرە وەڵامی دەداتەوە کە کنولپی لەبەر ئەوە درووست نەکردووە تا ببێ بە ھیچ یەک لەوانە، ویستوویە کە ئەو کەسێک بێ کە خۆشی و شادی دەھێنێتە ناو ژیانی خەڵکەوە و ئەوان لە ماڵ بێزار دەکا و بۆ ئازادی تاسەبار و دڵتەنگیان دەکا. کنولپ کە ئەو وەڵامەی بیست ھەست بە ئارامییەکی زۆر دەکا و لە کاتێکدا بەفر خەریکە دایدەپۆشێ، چاوی لێک دەنێ.

زیاتر...

دەقی ھەڵبژێردراو

قەت نابیستن وەرزشوانێک لە ڕووداوێکی دڵتەزێندا ھەستی بۆنکردنی لەدەست بدات. ئەگەر گەردوون بڕیار بدا وانەیەکی دڵتەزێن فێری ئێمەی مرۆڤ بکات، کە ھەڵبەت ئەو وانەیە بە ھیچ کەڵکی ژیانی داھاتووشمان نەیێت، ئاشکرایە کە وەرزشوان دەبێ لاقی لە دەست بدا، فەیلەسووف مێشکی، نیگارکێش چاوی، ئاوازدانەر گوێی و ئاشپەز زمانی...!

وانەی من چ بوو؟ من ئازادیمم لە دەست دا...

وێنەی ھەڵبژێردراو

من بەر لە تۆ ڕۆمانێکی ڕۆمانسییە لەلایەن جۆجۆ مۆیز نووسراوە.


ژیاننامەی ھەڵبژێردراو

200
200

بەختیار عەلی ڕۆماننووس، شاعیر و ڕۆشنبیری کوردە و یەکێکە لە دامەزرێنەرانی گۆڤاری ڕەھەند. یەکەم ڕۆمانی بە ناوی مەرگی تاقانەی دوووەم، ساڵی ١٩٩٧ لە سوێد بڵاو کرایەوە.

بەختیار عەلی لە ساڵی ١٩٦٠ لە شاری سلێمانی لەدایکبووە. خوێندنی سەرەتایی لە قوتابخانەی "شێخ سەلام" لە سلێمانی تەواو کردووە و پاشان خوێندنی ناوەندی لە "ناوەندی ئەزمەڕ" و خوێندی ئامادەیی لە ئامادەیی "ھەڵکەوت"ی کوڕان تەواو کردووە. پاشان لە ھەردوو زانکۆی سلێمانی و سەلاحەدین خوێندکاری کۆلیژی زانست بەشی زەویناسی دەبێت، بەڵام لە خۆپیشاندانەکانی ساڵی ١٩٨٣ لە ھەولێر بریندار دەبێت و دەست لە خوێندنی زانکۆ ھەڵدەگرێت و بە تەواوی خۆی بۆ کاری نووسین و ئەدەبیات یەکلا دەکاتەوە. لە ھەمان ساڵدا "قەسیدەی نیشتمان" کە کۆنترین بەرھەمی بڵاوکراوەیەتی نوسیووە. دواتر لە دیوانی گوناھ و کەرنەڤالدا چاپ دەکرێت کە ساڵی ١٩٩٢ بڵاو کراوەتەوە. لە پاییزی ١٩٨٩دا یەکەم وتاری لە ڕۆژنامەی پاشکۆی عێراق دا بڵاو دەبێتەوە. لە نێوان ساڵانی ١٩٩٢ تا ١٩٩٤ چەندین کۆڕ و سێمینار لە سلێمانی و ھەولێر پێشکەش دەکات. پاش سەرھەڵدانی شەڕی ناوخۆ، کوردستان بە جێ دەھێڵێت و ڕوودەکاتە سووریا و پاشان ئەڵمانیا. لە ساڵی ١٩٩٩وە لە شاری کۆڵن نیشتەجێ دەبێت. یەکەم بەرھەمی بڵاوکراوەی بەختیار عەلی قەسیدەی «نیشتیمان» ـە – کە قەسیدەیەکی دوورودرێژە. لە ساڵانی ھەشتادا بەختیار کۆمەڵێک قەسیدەی درێژ دەنووسێت، وەک «شار»، «گوناھ»، «کەرنەڤاڵ» و چەندانی تر، دەستنووسی یەکەم ڕۆمانی «مەرگی تاقانەی دووەم» یش ھەر دەگەڕێتەوە بۆ ئەو سەردەمە.

زیاتر…

ئایا زانیوتە؟


پۆلەکان

وتەی ھەڵبژێردراو

دەروازە پەیوەندیدارەکان

ئەو کارانەی دەتوانیت بیانکەیت

پڕۆژەکانی تری ویکیپیدیا

ویکیپیدیا لەلایەن دەستکاریکەرانی خۆبەخشەوە نووسراوە و لەلایەن دامەزراوەی ویکیمیدیا ڕاژە کراوە، کە دامەزراوەیەکی قازانج نەویستە و پڕۆژەگەلێکی تری خۆبەخشانەش ڕاژە دەکات وەک:

دەروازەکان