کۆچ

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
کۆچ
لقیhuman migration
بابەتی لاوەکیemigration and immigration
لێکۆڵینەوە لەلایەنsociology of immigration، مرۆڤناسی، environmental social science
بەرامبەرemigration

کۆچ یان کۆچکردن (لە تورکییەوە: Göç) (بە ئینگلیزی: Immigration) کۆچی ناوخۆیی واتە گواستنەوەی مرۆڤەکان لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی تر بۆ کار یان ژیان. بەزۆری خەڵک کۆچ دەکەن بۆ ئەوەی لە بارودۆخی نالەبار یان ھۆکارەکانی وەک ھەژاری، نەخۆشی، پرسە سیاسییەکان، کەمیی خۆراک، کارەساتی سروشتی، شەڕ، بێکاری، و نەبوونی ئاسایش دوور بکەونەوە. ھۆکاری دووەم دەتوانێ ھەلومەرج و ھۆکارگەلێکی لەبار بێت کە شوێنی مەبەستی کۆچبەران بۆ لای خۆی ڕادەکێشێت، وەکو دامەزراوەی تەندروستی زیاتر، پەروەردەی باشتر، داھاتی زیاتر، نیشتەجێبوونی باشتر، ئازادی سیاسی و کەشێکی باشتر.

ھەرچەندە کۆچی مرۆڤ سەدان ھەزار ساڵە بوونی ھەیە، بەڵام «کۆچکردن» بە مانا مۆدێرنەکەی بریتییە لە گواستنەوەی مرۆڤەکان لە وڵاتێکی نەتەوەیییەوە بۆ وڵاتێکی دیکە، کە لەوێ ھاووڵاتی نین. کۆچبەری بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ ئاماژەیە بۆ نیشتەجێبوونی درێژخایەن و گەشتیاران و سەردانکەرانی کاتی و کورتخایەن وەک کۆچبەر ناناسرێنەوە. ڕێژەی کۆچی جیھانی لە ڕووی ڕەھاوە بەرزە بەڵام لە ڕووی ڕێژەیییەوە نزمە. بەپێی ئامارە خەمڵێنراوەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ساڵی ٢٠٠٥دا نزیکەی ١٩٠ ملیۆن کۆچبەری نێودەوڵەتی ھەبووە کە ٣٪ی کۆی دانیشتووانی جیھان دەگرێتەوە. ٩٧٪ی باقی دانیشتووانی جیھان لەو وڵات و شوێنانەدا دەژین کە تێیدا لەدایکبوون یان وەک خێزانێک تێیدا ژیاون.

بیرۆکەی نوێ سەبارەت بە کۆچبەری پەیوەندی بە گەشەسەندن و پێشکەوتنەوە ھەیە، بەتایبەت لە سەدەی نۆزدەھەمدا نەتەوە و وڵاتان ھەبوون کە پێوەرێکی تایبەتیان ھەبووە بۆ ڕەگەزنامەی پاسپۆرت و کۆنترۆڵی ھەمیشەیی و بەردەوامی سنوورەکان و یاسای نەتەوەیی. ڕەگەزنامەی وڵات-نەتەوەیەک مافی نیشتەجێبوونی لەو وڵاتە و ناوچەیەدا بە کەسێکی بیانی دەدا، بەڵام نیشتەجێبوون بەھۆی کۆچبەرییەوە پابەند بوو بەو مەرجانەی کە یاسای کۆچبەری دیاریی کردبوو. کۆچکردن بەبێ ڕەزامەندی فەرمی دەتوانرێت بەپێی ئەم یاسایانە بە تاوان ھەژمار بکرێت و تەنانەت ئەگەر وەک تاوانێک پێناسە نەکرێت، حکوومەتەکان بەزۆری دەستبەسەرکردن و زیندانیکردن بۆ کۆچبەری نایاسایی دەسەپێنن. ئەم نەتەوە-وڵاتانە کۆچکردن بە حاڵەتێکی سیاسیش دەزانن، بە پێناسەکردنی نیشتمان و ھاووڵاتیبوونی سەرەکی نەتەوەیەک، کە وەک میراتی سەرەکی ھاوبەشی ڕەگەزی یان کولتووری دادەنرێت، لە زۆربەی حاڵەتەکاندا کۆچکردن بارودۆخی ڕەگەزی و کولتووری جیاواز دەدۆزێتەوە. ئەم پرسە بە ھۆکاری گرژییە کۆمەڵایەتییەکانی ترس لە بیانییەکان و ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ناسنامەی نەتەوەیی و ڕەسەن لە زۆرێک لە وڵاتانی پێشکەوتوو دادەنرێت.

ھەروەھا وڵاتانی وەرگرتنی کۆچبەران سوودمەندن لە ھێزی کاری کۆچبەران. زۆرێک لە وڵاتانی پیشەسازی بۆ بەڕێوەبردنی ئابووری خۆیان پێویستیان بە ھێزی ھەرزانی کۆچبەران ھەیە. کۆچبەران بە تایبەتی لە بوارەکانی کشتوکاڵ، بیناسازی، بەڕێوەبردنی چێشتخانە و ھۆتێل، چاودێری و پەرستاری بەساڵاچووان، پاککردنەوە و خزمەتگوزاری ناوماڵ کاردەکەن. تەنانەت لەناو یەکێتی ئەورووپادا، کارکردن سنووردارکردنی شوێنی نیشتەجێبوونی بۆ ھەندێک وڵات ھەیە، کە بە فەرمی سووتەمەنی کۆچبەری نایاسایی و کارکردن دەدات. لەڕاستیدا زۆرجار مشتومڕەکانی کۆچبەری کۆچبەران بەو شێوەیە نیشان دەدەن کە خۆیان بە زۆر دەچنە ناو کۆمەڵگە ئاوەدانترەکانەوە. لەم نێوەندەدا نەک ھەر باس لە ھۆکارەکانی کۆچکردن کە ڕیشەی زۆرێکیان پەیوەندییە ئابوورییە جیھانییەکانن، باس ناکرێت، بەڵکو بێدەنگی ھەیە لە بەرامبەر ئەو سوودە دەوڵەمەندانەی کە لە ڕێگەی کۆچی یاسایی و نایاسایییەوە بۆ بازرگانان دێت.[١]

ئاماری کۆچی جیھانی[دەستکاری]

لە ئاماردا کۆچبەر ئەو کەسانەن کە بۆ ھەمیشە لە وڵاتێکەوە دەچنە وڵاتێکی تر. بۆ نموونە کۆچبەرانی نەوەی یەکەم کۆچیان کردووە. بە شێوەیەکی نافەرمی، زاراوەی وەک «کۆچبەر»، یان «بیانی» زۆرجار بۆ ئاماژەدان بە تایبەتمەندییە ڕەگەزی و نەتەوەیییەکانی کەمینە کۆچبەرەکان بەکاردەھێنرێن، بەبێ گوێدانە شوێنی لەدایکبوون یان ھاووڵاتیبوونیان.

بەگوێرەی «ڕاپۆرتی سکرتارییەتی گشتیی ڕێکخراوی کۆچ و گەشەپێدانی نێودەوڵەتی»، زۆربەی کۆچبەرە نێودەوڵەتییەکان لە وڵاتانی پێشکەوتوودان و داھاتیان زۆرە، کە لە ساڵی ٢٠٠٥دا نزیکەی ٩١ ملیۆن کەس بوون. وڵاتانی کەم داھات یان کەم داھاتی مامناوەند ٥١ ملیۆن کۆچبەری نێودەوڵەتییان ھەیە. کۆی گشتی کۆچبەرانی نێودەوڵەتی لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە بەرزترین ئاستیدایە کە ٣٩ ملیۆن کەسە. بەرزترین ڕێژەی کۆچبەران لە ھێزی کار و کرێکاران لە وڵاتانی کەنداوی فارس حیساب دەکرێت، کە ٩٠٪ لە ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی، ٨٦٪ لە قەتەر، ٨٢٪ لە کوێت، و ئەم ڕەوتی کۆچکردنە تەنھا لە وڵاتانی ھەژارەوە بۆ دەوڵەمەند وڵاتان: نزیکەی یەک لەسەر سێی کۆچبەرانی نێودەوڵەتی لە وڵاتێکی پێشکەوتووەوە بۆ وڵاتێکی دیکە کۆچ دەکەن. لە ئەورووپا تەنھا لۆکسمبۆرگ ئەم ڕێژەیەی ھەیە کە ٤٥٪ کرێکاری بیانی ھەیە. لە سویسرا ٢٢٪ی ھێزی کار لە بیانییەکان پێکھاتووە، بەڵام لە وڵاتانی دیکەی ئەورووپا کەمتر لە ١٠٪ بیانین (وشەی بیانی ھاوتای وشەی کۆچبەر نییە). لە ٤١ وڵاتدا زیاتر لە یەک لەسەر پێنجی دانیشتووانەکەی لە کۆچبەری بیانی پێکدێن.

لە ماوەی ٥٠ ساڵی ڕابردوودا ژمارەی کۆچبەرانی نێودەوڵەتی زیادی کردووە. ئەم ڕێژەیە لە ساڵی ١٩٦٠ەوە لە ٧٩ ملیۆنەوە بۆ ٢٥٠ ملیۆن لە ساڵی ٢٠١٥ زیادی کردووە. بەپێی ڕاپۆرتی ئاماری ڕێکخراوی کۆچبەری جیھانی لە ساڵی ٢٠١٩ ژمارەی کۆچبەران گەیشتووەتە ٢٧٢ ملیۆن کەس. کۆچبەرانی نێودەوڵەتی ٣٫٣٪ی دانیشتووانی جیھان پێکدەھێنن. لە ساڵی ٢٠١٥دا ٦٥٫٣ ملیۆن کەس بە زۆر ئاوارە بوون و کۆچیان کرد.

لە ھەر ١١٣ کەسی جیھان یەکێکیان پەنابەرە یان کۆچبەرە (لە سنوور یان دەرەوەی سنوور). ساڵێکیان زیاتر لە چوار ھەزار و ٧٠٠ کۆچبەر لە کاتی کۆچکردنی نایاسایی بۆ ئەورووپا لە دەریادا خنکان. لە نێو وڵاتانی ئەورووپادا ئیتاڵیا بە ھاتنی زیاتر لە ١٧٩ ھەزار کۆچبەر لە سەرەکیترین شوێنی پەناخوازاندایە.

ئەمریکا زۆرترین ژمارەی کۆچبەری نێودەوڵەتی ھەیە. ئەڵمانیا بە ١٢ ملیۆن کۆچبەر و ڕووسیا بە ١١٫٦ ملیۆن کۆچبەر لە پۆستەکانی داھاتوودان. ڕێگای کۆچکردن لە مەکسیکەوە بۆ ئەمریکا یەکێکە لە قەرەباڵغترین ڕێگاکانی جیھان. لە ساڵی ٢٠١٥ کۆچبەران لە سەرانسەری جیھان نزیکەی ٦٠٠ ملیار دۆلاریان بۆ کەسوکارەکانیان ناردووە.[٢]

جۆرەکانی کۆچبەری[دەستکاری]

کۆچی بیانی[دەستکاری]

کۆچی سووری و عێراقییەکان بۆ یۆنان

کۆچی بیانی لە نێوان وڵاتاندا ڕوودەدات و کۆچبەران لە وڵاتێکەوە بۆ وڵاتێکی دیکە کۆچ دەکەن. ھەندێک کۆچی بیانی بە ئامانجی بەدەستھێنانی سامانی سروشتی و سامان یان کرێ و خۆشگوزەرانی زیاتر ئەنجام دەدرێن کە پێی دەوترێت کۆچی خۆبەخشانە. لەم جۆرە کۆچانەدا وڵاتی ڕەسەن کێشەی ئابووری ھەیە. وەک نموونەیەک، کۆچی ئەورووپییەکان بۆ ئەمریکا، ئوسترالیا، کەنەدا و ئەفریقا لە سەدەی نۆزدەھەمدا کۆچێکی ئیختیارییە. کۆچی کرێکارانی تورک بۆ ئەڵمانیای ڕۆژاوا دوای جەنگی جیھانی دووەم و کۆچی خەڵکی لە نەمسا و ھەنگاریا و یوگۆسلاڤیاوە بۆ ئەڵمانیا لە دوای ساڵی ١٩٨٩ کۆچی خۆبەخشانەن.

پەنابەری[دەستکاری]

پەنابەری جۆرێکە لە کۆچی بیانی کە ھۆکاری ڕەتکەرەوە لە بنەڕەتدا؛ مرۆڤەکان ناچار دەکات بجوڵێن. بۆ نموونە پێکھێنانی حکوومەتی ئیسرائیل بووە ھۆی ئەوەی زۆرێک لە فەلەستینییەکان پەنا بۆ ئوردن و میسر و سوریا و لوبنان ببەن. لەشکرکێشی سۆڤیەت بۆ ئەفغانستان و شەڕە ناوخۆیییەکانی ئەو وڵاتە بووە ھۆی ئەوەی ئەفغانییەکان پەنا بۆ ئێران و پاکستان ببەن. وشکەساڵی و برسێتی و شەڕی ناوخۆ بووە ھۆی ئەوەی دانیشتووانی ئەسیوپیا پەنا بۆ وڵاتانی دراوسێ ببەن. بێگومان خەڵک بە ھەڵە مافی پەنابەری بە بژاردەیەک بۆ کۆچبەری دەزانن. پەنابەری لە بنەڕەتدا دۆخێکی نائاسایییە بۆ کۆچبەرێک و ھەموو خەڵک مافی پەنابەرییان نییە؛ بەپێی یاساکانی مافی پەنابەری، ئەگەر پەناخوازێک لەڕووی ئاسایشی ژیانی وڵاتی ڕەسەن ڕووبەڕووی کێشەیەک ببێتەوە و لەگەڵ گەڕانەوەی بۆ وڵاتی ڕەسەن ڕووبەڕووی ئەشکەنجە و زیندانی ببێتەوە، ئەوا دەتوانێت ببێتە پەنابەر لە وڵاتی مەبەست و سوود لە مافەکان وەربگرێت لە پەنابەران کە لەلایەن ڕێکخراوی مافی مرۆڤەوە پێناسە کراون.

سەرچاوەکان[دەستکاری]