کۆمەڵکوژیی سەیفۆ
کۆمەڵکوژیی سەیفۆ | |
---|---|
![]() | |
بەشێکە لە | کۆمەڵکوژییە درەنگەکانی عوسمانییەکان، چەوساندنەوەی ئاشوورییەکان |
وڵات | ئیمپراتۆریەتیی عوسمانی |
جێ | ڕۆژاوای ئاسیا |
ڕێکەوتی دەستپێکردن | ٣١ی کانوونی یەکەمی ١٩١٤ |
ڕێکەوتی کۆتاییھاتن | ١ی کانوونی دووەمی ١٩١٩ |
کۆمەڵکوژیی سەیفۆ یان جینۆسایدی ئاشووری/سووریانەکان زنجیرەیەک ئۆپەراسیۆنی جەنگیی بوون کە لەلایەن ھێزە سەربازی ئیمپراتۆریەتیی عوسمانییەوە ئەنجامدراون، بە یارمەتی گرووپی چەکداری نانیزامی کوردی ژێر فەرمانی ئەفسەرە تورکەکان، کە خەڵکی مەدەنی مەسیحی ئاشووری/سووریان/کلدانییان کردبووە ئامانج. ئەم ئۆپەراسیۆنانە کە لە گەرمە و دوای جەنگی جیھانیی یەکەمدا لە ناوچەکانی ڕۆژھەڵاتی ئیمپراتۆریەتیی عوسمانی و ناوچە ھاوسنوورەکانی لەگەڵ وڵاتی فارس (دەوڵەتی قاجار) جێبەجێکران.[١] بوونە ھۆی کوژرانی سەدان ھەزار ئاشووری/سووریانی/کلدانی و دەرپەڕاندنیان لە زێدی رەسەنی خۆیان لە ناوچەکانی باشووری ڕۆژھەڵاتی تورکیا باکووری ڕۆژاوای ئێرانی ئێستا.[٢] زۆرێک لە زانا و توێژەران ئەم کوشتارە بە جینۆساید دەزانن،[٣] [٤] کە ھاوشێوەی جینۆسایدی ئەرمەنەکان و یۆنانییەکان ڕوویداوە.[٥] [٦] [٧]
خەڵکی مەدەنی ئاشووری/سووریان/کلدان دانیشتووی باکووری میزۆپۆتامیا (شارۆچکەکانی ئورفا، ماردین, و میدیات, ھەروەھا ناوچە گوندنشینەکانی ناوچەکانی توور عەبدین، ھەکاری، وان و بدلیس، و لە ناوچەی سەڵماس و ورمێ لەلایەن ئیمپراتۆریەتیی عوسمانییەوە کوژران و راگوێزران، لە نێوان ساڵانی ١٩١٤ بۆ ١٩٢٠، ئەوانەی ھەڵاتن لە کوشتارەکان قورتار بوون، لەلایەن بەشێک لە ھۆزە عەرەبییەکانی بیابان ھێرشیان کرایە سەر.[٦] جێێ سەرنجە کە دیانەکانی مووسڵ و باشووری کوردستان دووچاری کوشتنی بەکۆمەڵ نەبوون، ھەرچەندە لەو سەردەمەدا بەشێک بوون لە دەسەڵاتی عوسمانی.
ھیچ ئامارێکی ورد بۆ کۆی ژمارەی قوربانییەکان نییە، بەڵام توێژەران ژمارەی قوربانیانی سووریانی/ئاشووری لە نێوان ٢٥٠ بۆ ٥٠٠ ھەزار کەس مەزەندە دەکەن.[٨] [٩] [١٠] [١١] جگە لەم ژمارەیە، نزیکەی دوو ملیۆن ئەرمەنی و یۆنانی لە جینۆسایدی ھاوشێوەدا کوژراون کە بە جینۆسایدی ئەرمەن و جینۆسایدی یۆنان ناسراوە.[١٢] تورکیا بە فەرمی نکۆڵی لەم کوشتارە دەکات و ھەوڵدەدات تاوانەکان بخاتە ئەستۆی سەرۆک ھۆزە کوردەکانی ئەوسا وەک ئەوەی لەگەڵ سمکۆ لە سەڵماس روویاندا[١٣] بەڵام ھەوڵەکان بۆ بە فەرمی ناساندنی جینۆسایدی ئاشوورییەکان لەلایەن ڕەوەندی ئاشووریی لە ساڵانی نەوەدەکانەوە دەستی پێکردووە. چەند وڵاتێک، لەنێویاندا ئەمریکا، دانیان بەوەدا ناوە کە ئاشوورییەکان لە ئیمپراتۆریەتی عوسمانیدا قوربانیی جینۆساید بوون، بەڵام تورکیا ڕەتیدەکاتەوە.
کۆمەڵکوژیی دەشتی ورمێ لە ئێران پاش ئەوە ڕوویدا کە لەشکری رووسەکان کشانەوەو سوپای عوسمانییەکان لە مانگی یەکی ساڵی ١٩١٥ ورمێیان کۆنترۆڵ کرد. ھەندێک لە ھۆزی کوردی ورمێ ھێرشیان کردە سەر شار و ئاواییەکانی دەوروبەری و ئاشووریەکان کە یارمەتیدەری رووسەکان بوون، لە ترسی تۆڵەی کوردەکان، بە پەنایان برد بۆ قەشە ئەمریکاییەکانی ناەندی شار و لە ماڵەکان و کڵێساکانی خۆیان داڵدەیان دان، لە ھاوینی ساڵی ١٩١٥ ئاشوورییەکانی ھەکاری پەنایان ھێنایە ورمێ و سەڵماس کە ھێزی سوپای رووسیای قەیسەری لێبوو، بەڵام ئاشووری/سووریان/ کلدانەکانی وان، دیاربەکر، و خەربووت دووچاری کوشتاری گەورە بوون.[١٤] و ھاوکات بوو لەگەڵ کوشتاری ئەرمەن و یۆنانییەکان.
ناوی سەیفۆ
[دەستکاری]ئەم کۆمەڵکوژییانە بە چەندین ناوی ناوخۆیی ناسرابوون کە ڕەنگە گرنگترینیان “سەیفۆ ” «سیفو» ܣܝܦܐ بێت کە بە واتای (شمشێر) دێت و لە ساڵی ١٩١٥، کاتێک لە ناوچەی تور عابدین/ ھەڤێرکان دەستی پێکرد و پێی گوترا “ شاتۆ دسێڤۆ ” ܫܢܬܐ ܕܣܝܦܐ، بە واتای “ساڵی شمشێرەکە” . ھەروەھا لە ئەدەبیاتی سریانیدا کۆمەڵکوژییەکان ناویان لێنراوە - "ܩܛܠܐ ܕܥܡܐ ܣܘܪܝܐ"“ «قَەطلا دەعَمّا سُورایا»/«قَطلو دعَمّو سُریویو»” بە زمانی سریانی ڕۆژھەڵات و ڕۆژئاوا بە واتای “کۆمەڵکوژی گەلی ئاشووری/ سریانی”. ھەروەھا ناسراوە بە کورتکراوەی “ gtala’ama ” / “ qat’al-ammo ” بە واتای “ پاکتاوکردنی نەتەوەیی ” .
لە تورکیا ، ئەم ڕووداوانە بە شێوەیەکی گشتی بە "قەتلعامی سوریانی ""Süryani Katliamı" یان "Süryani Soykırımı" بە واتای "کۆمەڵکوژی ئاشووری/سوریان" ناسراون سەرچاوە ڕۆژئاواییەکان ئەم کۆمەڵکوژیانە بە ناوی "سەیفۆ" و "جینۆسایدی ئاشوورییەکان" ناودەنێن.
ھۆکارەکان
[دەستکاری]توێژەران چەند ھۆکارێکیان بۆ ئەم ئۆپەراسیۆنی قڕکردنە خستەڕوو کە عوسمانییەکان دژی کەمینە مەسیحییەکان ئەنجامیاندا و لە کۆتایی سەدەی نۆزدەھەمەوە دەستیپێکرد. و ترسی سەرکردە سەربازییەکانی تورک لەوەی ھەر شۆڕشێک یان شەڕێک لەو ناوچانە دەبێتە ھۆی جیابوونەوەی بەشێکی گەورەی ئیمپراتۆریەتەکە، وەک ئەوەی لە وڵاتانی بەڵکان لە ناوەڕاستی سەدەی نۆزدەھەمدا ڕوویدا، کاتێک زۆربەی ئەو ناوچانە لە دەوڵەتی عوسمانی ھەڵگەڕانەوەو سەربەخۆیی خۆیان بەدەستھێنا . ھەروەھا ھەوڵدان بۆ بە تورکیکردنی ئەو گەلانەی کە لە چوارچێوەی دەوڵەتدا دەژین وتاواندنەوەیان لە بۆتەی نەتەوەی تورکدا، کاردانەوەی لێکەوتەوە و بووە ھۆی بڵاوبوونەوەی بیری نەتەوەگەری دژ ئەم سیاسەتە لە نێو گەلانی کورد و عەرەب و ئەرمەنی و ئاشووری [١٥] لە ئەنجامدا بووە ھۆی بەکارھێنانی توندوتیژی لەلایەن عوسمانییەکانەوە یەکەمین جینۆسایدی بەرفراوان لە ساڵی 1895 لە کاتی کۆمەڵکوژیی حەمیدییە دەستیپێکرد، کاتێک سەدان ھەزار ئەرمەنی و ئاشووری لە شارەکانی باشووری تورکیا، بەتایبەتی ئەدەنە و ئامەد کوژران، دوای ئەوەی چالاکوانە ئەرمەنیەکان تۆمەتباران کران بە ھەوڵی تیرۆرکردنی سوڵتان عەبدولحەمیدی دووەم . [١٦] بەڵام ھۆکاری سەرەکی لە پشت ئەو کۆمەڵکوژییانەی کە بەسەر ئاشوورییەکان/سوریاکاندا ھات، ترسی عوسمانییەکان بوو لە پەیوەستبوون بە ڕووسەکان و شۆڕشگێڕانی ئەرمەنستانەوە، بە تایبەت دوای شکستی یەکەم لەشکرکێشی قەفقاز لە زستانی ساڵی ١٩١٤ . [١٧]
تێوەگلانی کورد لە کۆمەڵکوژییەکاندا، پاش بڵاوبوونەوەی دەنگۆی ئەوەی کە ئەرمەن و ئاشووریەکان لەم ناوچانەدا لە ھەوڵدان بە پشتیوانی رووسیا دوو دەوڵەتی سەربەخۆ، لە سەر حسابی کوردان، لە وان و ئامەد و ورمێ و ھەکاری درووست بکەن و ئەفسەرانی و لایەنگرانی پارتی لاوانی تورک ئەم دەنگۆیانەیان وەک ھەڕەشە دەگەیاندنە سەرۆک ھۆزە کوردەکان و ھانیان دەدان بۆ ئەوەی لە دژی ئەم ھەوڵانەی رووسیا بوەستنەوە. تەنانەت ئەو کوردانەی دژ بە سیاسەتی دەوڵەت بوون بە دڕندەترین شیواز قەتلوعام کران وەک قەتلوعامی بازید و ئەڵشگرد دژ بە کوردان.
پاشخانی مێژوویی
[دەستکاری]ژمارەی ئاشوورییەکان لە ئیمپراتۆریەتی عوسمانی لە سەرەتای سەدەی بیستەمدا بە نزیکەی یەک ملیۆن مەزەندە دەکرا و ناوچەکانیان لە ناوجەرگەی کوردستان کە ئێستا بەسەر ئێران و عێراق و تورکیا دابەش دەبێت . [١٨] مێژوونووسانی وەک دەیڤید گاونت ئاماژەیان بەوە کردووە کە ئاشوورییەکان پێش دەستپێکردنی جەنگی جیھانی یەکەم نزیکەی ٦٠٠ ھەزار کەس بوون. [١٨]
ئاشوورییەکان لە رۆژئاوای دەریاچەی ورمێ و باشووری دەریاچەی وان (بەتایبەت ناوچەی ھەکاری ) و میزۆپۆتامیا و لە ویلایەتەکانی ڕۆژھەڵاتی دەوڵەتی عوسمانی وەک ئامەد، ئەرزرۆم و بیتلیس دەژیان. ئیمپراتۆریەتی عوسمانی وەک ھاوڵاتی پلە دوو مامەڵەی لەگەڵ ئاشوورییەکان دەکرد، وەک ئەو مەسیحیانەی کە لە ئیمپراتۆریەتی عوسمانیدا دەژیان ، و ڕێگرییان لێدەکرد کە پۆستی پلەبەرز لە دەوڵەتەکەدا بەدەستبھێنن.
توندوتیژی بەرامبەر بەم کەمینانە پێش ھەڵگیرسانی جەنگی جیھانی گەورە ھەر ھەبوو بەڵأم زیاتر مۆرکێکی ناوخۆیی و تەسکی ھەبوو وەک کوشتاری بەدرخانیەکان لە ساڵانی دوای ١٨٤٠ز کوشتاری سوارەی حەمیدیەی سەر بە دەوڵەت لە ساڵانی ١٨٩٥ و ١٨٩٦. [١٩] کاتێک سەرکردەکانی سوارەی حەمیدی فەرمانیان لە سوڵتانی عوسمانی وەرگرت، و دژ بە چالاکوانە ئەرمەنەکان لە ئورفا و ئامەد. [١٨]
ھەڵگیرسانی شەڕ
[دەستکاری]ئیمپراتۆریەتی عوسمانی لە ساڵانی ١٨٩٠ دەستی کرد بە ئەنجامدانی کۆمەڵکوژی دژ بە ئاشوورییەکان ئەوسا عوسمانییەکان پەیوەندیەکی باشیان لەگەڵ ئینگلیز و ئەڵمانەکان ھەبوو و بەڵێنیان دابوو بەرگری لە ئیمپراتۆریەتی عوسمانی بکەن لە بەرامبەر ھێرش و ھەڕەشەکانی ڕووسیادا، لە کاتێکدا ئیمپراتۆریەتی ڕووسیا لە ھەوڵدا بوو بەرگری لە کەمینەی مەسیحس ئەرتۆدۆکسی ئەرمەن و ئاشووریی رۆژھەڵاتی دەوڵەتی عوسمانی بکات و بۆ مەرامی سیاسی و گوشار دژ بە دەوڵەتی عوسمانی بەکاریان بێنێت [١٨]
دوای ئەوەی دەوڵەتی عوسمانی جەنگی دژ بە رووسیا و ئینگلیز و فەرەنسا راگەیاند و چووە پاڵ ئەڵمانەکان لە جەنگی گەورەدا، ھێرشی کردە سەر سنوورەکانی ئیمپراتۆریەتی ڕووسیا و جیھادی دژبە مەسیحییەکان [١٨] ڕاگەیاند. لە ئۆکتۆبەری ساڵی ١٩١٤ دەستی کرد بە دەرکردن و قەتلوعامی ئاشووری و ئەرمەنەکان لە شاری وان. [١٨] د ئەڵمانەکانیش دۆخەکەیان قۆستەوە پشتگیری دارایی تەواویان پێشکەش بە عوسمانییەکان کرد لە شەڕەکەیان دژی ئیمپراتۆریەتی ڕووسیا . [١٨]
بەرپرسیارێتی حکومەتی عوسمانی
[دەستکاری]لە بارەی بەرپرسیارێتی حکومەتی عوسمانی و ئایا جینۆسایدەکە بە شێوازێکی سیستماتیک بووە یان نا، بۆچوونی جیاواز ھەن. سەبارەت بە بەرپرسیارێتی حکومەتی عوسمانی، ھیلمار کایزەر دەنووسێت، تەڵعەت پاشا لە ٢٦ی تشرینی یەکەمی ١٩١٤ فەرمانی دەرکردنی ئاشوورییەکانی لە ناوچەکە دەرکرد، لە ترسی ھاوکاریکردنیان لەگەڵ ھێزە پێشڕەوەکانی ڕووسیا، بەڵام فەرمانەکە دواخرا و دوای سێ ڕۆژ وازی لێھێنرا بەھۆی نەبوونی سەرباز.
دۆخی پێش جەنگی گەورە
[دەستکاری]ئاشووری / سریان / کلدان لە کەمینە ئایینی و نەتەوەییە گرنگەکانی ناو ئیمپراتۆریەتیی عوسمانین، جکە لەوەی لە شارە گەورەکانی دەوڵەت وەک مووسڵ، حەلەب و ئامەد دەژیان، بەڵام زۆربەیان لە گوندەکاندا دەژیان لە ناوچەیەکانی ورمێ و تا ماردین ھاوسێ لەگەڵ کورد و ئەرمەنەکان دەژیان. توێژەران مەزەندە دەکەن کە ژمارەی پەیڕەوانی کەنیسەی رۆژھەڵاتی (ئاشووری و کلدان) لە نێوان ٤٠٠ بۆ ٥٠٠ ھەزار کەسدا بووە. ھەروەھا سریانی (ئۆرتۆدۆکس و کاسۆلیکی سووریا) ژمارەیەکی ھاوشێوەیان پێکدەھێنا. کە دەکاتە کۆی ژمارەیان ٧٠٠،٠٠٠ - ١٠٠٠،٠٠٠. گرنگترین ناوچە مێژووییەکانیان بریتی بوون لە :
ورمێ
[دەستکاری]ورمێ دەکەوێتە باکووری ڕۆژاوای ئێرانی ئێستا. ھەرچەندە بە ناو لەژێر دەسەڵاتی شانشینی قاجاردا بووە، بەڵام لە ڕاستیدا لەژێر کاریگەری ئیمپراتۆریەتیی ڕووسیادا بووە. ورمێ بووە یەکێک لە ناوچە پێشکەوتووەکان، کە ڕۆژنامەی “زەھریرا دەبھرا” (ܙܗܪܝܪܐ ܕܒܗܪܐ) لە ساڵی ١٨٤٩ دامەزرا کە بە یەکەم ڕۆژنامەی زمانی سووریانی دادەنرێت. چەندین میسیۆنی - کەسێکە فێرکارییەکانی ئینجیل لە ڕێگەی بانگەواز، فێرکردن، خزمەتگوزاری کۆمەڵایەتی بڵاودەکاتەوە تاکو خەڵک باوەڕ بە مەسیحییەت بھێنن. - مەسیحی لە ساڵانی ١٨٢٠ەوە لە ناوچەکەدا چالاک بوون، چاپخانەیان دامەزراند و ڕۆژنامەیان بڵاوکردەوە بە ئامانجی گۆڕینی دانیشتووانی مەسیحی، کە شوێن کەنیسەی ئاشووری ڕۆژھەڵات و کەنیسەی کاسۆلیکی کلدان کەوتبوون، بۆ ئایینی ئۆرتۆدۆکسی ڕۆژھەڵات و پرۆتستانتی. ھەرچەندە تەنھا ژمارەیەکی زۆر کەم گۆڕابوون بۆ ئەم مەزھەبانە، بەڵام کاریگەریی ئەم میسیۆنانە لە ناوچەکەدا زۆر قووڵ بوو، ئەمەش بووە ھۆی ئەوەی لەگەڵ بڵاوبوونەوەی ڕۆژنامەگەری و پەروەردە لەنێو دانیشتووانە مەسیحییەکەیدا، ھەستانەوەیەکی کولتووریی ڕووبدات.[٢٠][٢١]
ھەکاری
[دەستکاری]
ئەم ناوچەیە بە یەکێک لە ناوچە ناڕێکەکانی ئیمپراتۆریەتیی عوسمانی دادەنرا، کە لە دھۆکەوە لە باشوورەوە تا وان لە باکوور درێژدەبێتەوە. بەھۆی سەختی داگیرکردنی لەلایەن سوپا نیزامییەکانەوە بۆیە دەسەڵاتێکی خۆبەڕێوەبەرییان ھەبوو. زۆربەی دانیشتووانەکەی شوێنکەوتووی کەنیسەی ئاشووری ڕۆژھەڵات بوون و دانیشتووانەکەی بە مەیلی خێڵەکی تایبەتمەند بوون. ھەر خێڵێک لە لایەن کەسێکەوە بە ناوی “مالک” “ܡܠܟ” سەرکردایەتی دەکرا. ئەمانەش لە بەرامبەردا بەیعەتیان بە سەرکردەی ڕۆحی خۆیان کە پاتریارکی کەنیسەی ڕۆژھەڵات بوو، کە لە بنەماڵەی شەمعوونە و “کڵێسای مار شالیتا” “ܡܪܝ ܫܠܝܛܐ” لە شارۆچکەی قەدشانس لە باشووری تورکیا وەک ناوەندی خۆی وەرگرتووە. ئاشوورییەکانی ھەکاری سەربەخۆ بوون و دابەشبوون بەسەر عەشیرەتەکاندا کە پێیان دەگوترا ئاشەرات: تیاری سەرەوە، تیاری خوارەوە، تەخومی، تەل، باز، جیلو، زاران، زیر و دێسین. ئاشوورییەکانی ھۆزەکانی ھەکاری لە ڕووی سیاسی و مەزھەبییەوە یەکگرتوو بوون لەژێر ئیدارەی مار شەمعوون کە ملکەچی دەسەڵاتی حکوومەتی عوسمانی بوو. ئەم کۆمەڵگایە لە ژێر دەسەڵاتی خۆبەڕێوەبەریدا یەکگرتوو بوو، ئاشوورییەکانی ھەکاریش دابەش بوون بەسەر ھۆزێکدا کە سەرکردە ھۆزەکان کە پێیان دەگوترا مەلیک فەرمانڕەوایییان دەکرد. ھەروەھا ھۆزەکان دابەش بوون بەسەر خێڵەکاندا کە لە ھەندێک بنەماڵە پێکھاتبوون. خێڵەکە سەرکردەیەکی ھەبوو کە بەزۆری خوێندەوارترین یان بەتەمەنترین بوو. ناوەندی ئیداری ھەموو ھۆزەکانی ئاشووری لە شارۆچکەی قوچانیس بوو.[٢٢][٢٣][٢٤]
تا سەدەی نۆزدەھەم، میرنشینە کوردییەکان دەستیان کرد بە ھەوڵدان بۆ سەپاندنی کۆنترۆڵی خۆیان بەسەر ئەم ناوچەیەدا. شازادەی کورد محەممەد ڕەواندزی لە ناوچەکانی بەرواری و شنگال چەند کۆمەڵکوژییەکی ئەنجامدا کە مەسیحییەکان و ئێزیدییەکانی کردە ئامانج. ھەروەھا ھەوڵیدا ئایینی ئیسلام بەسەریاندا بسەپێنێت. ھەروەھا لە ناوچەکانی بەرواری و ھەکاری و بۆتان کۆمەڵکوژیی بە ئامانجی مەسیحییە نا موسڵمانەکان و ئێزیدییەکان ئەنجامداوە. دەسەڵاتی گەشەی کرد و دەستی بەسەر ناوچەکانی ناوچەی فوراتدا گرت لە کاتێکدا عوسمانییەکان سەرقاڵی ھەڵمەتی محەممەد عەلی پاشا بوون لە سووریا. بەڵام سوڵتانی عوسمانی بەخێرایی سوپای خۆی نارد و میرنشینی سۆرانی ڕووخاند و کۆنترۆڵی عوسمانی بەسەر ئەو ناوچانەدا سەپاند.
چالاکیی میسیۆنەرە پرۆتستانتەکان لە ناوچەکەدا لە ساڵانی ١٨٤٠دا گومانی خێڵە کوردەکانی ورووژاند و دەشتی نەینەوا و ناوچەی بەرواریش شاھیدی زنجیرەیەک کۆمەڵکوژی بوون بە سەرکردایەتی میری میرنشینی بۆتانی کورد بەدرخان کە بووە ھۆی کوشتنی دەیان ھەزار مەسیحی و وێرانکردنی زۆرێک لە گوندەکانی ناوچە خێڵەکییەکانی ئاشووری. فشاری زلھێزەکانی ڕۆژاوا بۆ ڕاگرتنی کۆمەڵکوژییەکان بووە ھۆی دەستوەردانی دوودڵانەی پۆرتەی سوبلیم (باب ئەلعالی) و دوا میرنشینی کوردیش ڕووخا.[٢٥] [٢٦][٢٧]
توور عابدین/ ھەڤێرکان
[دەستکاری]ئەم ناوچەیە گرنگترین ناوەند بوو بۆ کۆمەڵگەی ئۆرتۆدۆکسی سووریانییەکان، و شایەتحاڵی گۆڕینی ھەندێکیان بوو بۆ ئایینی کاسۆلیکی، و بڵاوبوونەوەی کاسۆلیکی سووریانیش بە ھەمان شێوە، بە تایبەت لە ماردین. بە پێچەوانەی ئاشوورییەکانی ھەکاری، سووریانییەکان لە توور عەبدین مەیلی سەربەخۆیییان نەبووە. بەڵام ئەوەی دەسەڵاتدارانی عوسمانیی نیگەران کرد، جیاوازییەکی زۆری ئاستی خوێندن بوو لە نێوان مەسیحییەکان و موسڵمانانی ئەو ناوچانەدا، ئەمەش وای کرد عوسمانییەکان بڕیار دەربکەن و فەرمانی داخستنی قوتابخانە مەسیحییەکانیان دەرکرد، مەگەر بە فەرمانی فەرمی کراوە نەبن. لە ساڵی ١٨٨٤ دەسەڵاتدارانی عوسمانی یاسایەکیان دەرکرد و تێیدا ھاتبوو کە پۆرتی سوبلیم ئەو کەسەیە کە بڕیار دەدات قوتابخانە لە ناوچەکاندا بکرێتەوە یان نا.[٢٨]
تەواوی پارێزگای دیاربەکر لە ساڵی ١٨٩٥دا تووشی زنجیرەیەک کۆمەڵکوژی کرا کە ژمارەی مەسیحییەکانی کەمکردەوە. ژمارەی دانیشتووانی سەنجەقی ماردین پێش ھەڵگیرسانی جەنگی جیھانیی یەکەم نزیکەی ٢٠٠ ھەزار کەس بوو، مەسیحییەکان نزیکەی دوو لەسەر پێنجی دانیشتووانەکەی پێکدەھێنن. ئێستا کورد نزیکەی ٥٠٪ی دانیشتووانی توور عەبدین پێکدەھێنن کە نزیکەی ٤٥ ھەزار کەسن.[٢٩]
کۆمەڵکوژییەکان
[دەستکاری]
مار شەمعوون بیست و یەکەم بنیامین، سەرۆکی ڕووحانی کەنیسەی ڕۆژھەڵاتی ئاشووری و پاتریارکی، پێش ئەوەی دەوڵەتی عوسمانی بچێتە جەنگی جیھانیی یەکەم، بەڵێنی پێدرا کە قوتابخانەکان بکرێنەوە و ناوچەکانی ئاشوورییەکان لە ھەکاری پەرە پێبدرێن، بە مەرجێک کە لە ھەر جەنگێکی داھاتوودا بەرامبەر ڕووسیا بێلایەن بمێنێتەوە. لە ڕاستیدا، ئاشوورییەکان لە سەرەتای کارە سەربازییەکانی پایزی ١٩١٤دا نەچوونە پاڵ ڕووسەوە یان شۆڕشگێڕە ئەرمەنییەکانەوە. تەنانەت پاتریارکی کەنیسەی ڕۆژھەڵات نامەی بۆ گەلی خۆی نارد کە داوای لێکردن لە فەرمانڕەوایەتی ناوخۆیی عوسمانییەکان بکەون و بەرامبەر میللیشیاکانیان ڕێگری نەکەن. بە شکستی ھەڵمەتی یەکەمی عوسمانییەکان لە بەرەی قەوقاز بەرەو باتومی، عوسمانییەکان بڕیاریاندا کە تەنیا ڕێگا بۆ سەرکەوتن لەو بەرەیە گۆڕینی دیمۆگرافیای ناوچەکانی ئەرمەنییە بەرزەکانییەتی، بە کوشتن و ئاوارەکردنی دانیشتووانی ئەرمەنی. بەڵام کردەوەکانی پاکتاویکردن تەنھا ئەرمەنییەکان نەبوو.
لە ١٢ی تشرینی دووەمی ١٩١٤، سوڵتان محەممەدی پێنجەمی عوسمانی جیھادی دژ بە «دووژمنانی ئیسلام» ڕاگەیاند، و شێخی ئیسلامی عوسمانی بە فەتوای جیھاد لە ١٤ی تشرینی دووەم ئەم بانگەوازەی پشتڕاست کردەوە. سەرەڕای شکستی یەکەمی عوسمانییەکان، بەڵام لە ڕۆژی سەری ساڵی ١٩١٥ توانیان بە بێ بەرگرییەکی بەرچاو بچنە ناو بەرگرییەکانی ڕووسیا لە ئێران و تەورێز و ورمێ کۆنتڕۆڵ بکەن.
لە ھەمان کاتدا لە ھەکاری، میلیشیاکانی کورد کە لەژێر فەرمانی عوسمانییەکان کاردەکەن، کردەوەکانی لەناوبردنی گوندەکانی ئەرمەنی و ئاشوورییان دەستپێکرد. لەم کردەوانەدا، گوندنشینە ئاشووری/کلدانییەکانی ناوچەکانی ئالباق و غاوار (باشووری دەریاچەی وان) تاڵان و کوژران. ھەروەھا عوسمانییەکان سەرکردە سووریانییەکانی ناوچەی «بەشکالی» (باکووری ھەکاری)یان دەستبەسەر کرد بۆ ئەوەی وەک بارھەڵگر بۆ سوپای عوسمانی کاربکەن، و دوای تەواوبوونی کارەکانیان کوژران. لە ١٥ی نیسانی ١٩١٥، باڵیۆزی ئەڵمانی «فانگنھایم» بە تەلەگرامێک بۆ سەرۆک وەزیرانی ئەڵمانیای ڕاگەیاند کە مەسیحییەکانی وان تووشی «قڕکردنێکی گشتگیری» بوون لەلایەن دەسەڵاتە ناوخۆیییەکانەوە.[٣٠][٣١][٣٢][٣٣]
بەڵام ئەو ھۆکارەی کە ئاشوورییەکانی ناچار کرد بچنە ناو جەنگەوە، دەستبەسەرکردنی براکەی پاتریارک، ھوورمز شەمموون بوو کاتێک لە ئەستەمبوڵ خوێندنی دەکرد. ئەو گواسترایەوە بۆ مووسڵ و وەک گیراو بەکارھێنرا. عوسمانییەکان داوایان لە پاتریارک کرد کە بەرامبەر داواکاری سەرکردە ھۆزە ئاشوورییەکان بۆ یەکگرتنی لەگەڵ ڕووسیا بانگھێشتنامەکانیان وەڵام نەداتەوە. پاتریارک وەڵامی دایەوە کە ژیانی گەلەکەی گرنگترە لە ژیانی براکەی. بۆیە ھوورمز شمعوون لە مووسڵ لە سێدارەدرا. پاتریارک بە دان بە فشارەکانی سەرکردە ھۆزەکان، لە ١٠ی ئایاری ١٩١٥ جەنگی دژ بە دەوڵەتی عوسمانی ڕاگەیاند.[٣٤][٣٥]
ئۆپەراسیۆنەکان لە (ھەکاری)
[دەستکاری]سەرەڕای بەڵێنەکانی ڕووسیا بۆ پشتیوانی لە ئاشوورییەکانی ھەکاری، تەنیا ٤٠٠ سوارەی قەزاکیان نارد، کە پێش ئەوەی بگەنە چیای ھەکاری لەلایەن میلیشیا کوردەکانەوە لەناوچوون. ئاشوورییەکان بە سەرۆکایەتی شەمعوون بنیامین پەنایان بردە بەر شاخە بەرزەکان کە بەرزییەکەی زیاتر لە ٣٠٠٠ مەتر بوو، کە ئەستەمە بۆ سوپای ئاسایی بتوانن بچنە ناویەوە. بەڵام تورکەکان ھێزەکانیان لە ناوچەکانی دەوروبەری ھێشتەوە، دەیانزانی بەفری تشرین ئاشوورییەکان ناچار دەکات دابەزین. پاتریارک لە نامەیەکدا کە ئاراستەی سەرکردایەتی ڕووسیا کراوە، دۆخی چیای ھەکاری دەگێڕێتەوە:[٣٦]
ڕاکردن بەرەو ورمێ
[دەستکاری]شەمعوون بنیامین دەیزانی ھاتنی زستان بە مانای لەناوچوونی تەواوەتی گەلەکەی دەبێت. سەفەری بۆ ئێران کرد و لەوێ ھەوڵیدا ڕووسەکان ڕازی بکات کە ھێزی دووەم بنێرن بۆ پشتیوانی لە ئاشوورییە گەمارۆدراوەکان. بەڵام لە مەحاڵبوونی ئەمەیان ئاگادار کردەوە و ئامۆژگارییان کرد کە نەگەڕێتەوە بۆ ھەکاری، چونکە ئەمە مانای مردنی دەبێت. بەڵام زۆری نەخایاند گەڕایەوە و توانی زۆرینەی گەمارۆدراوەکان لە ڕێگایەکی دڕ و سەختدا کە عوسمانییەکان پێشبینییان نەکردبوو بەرەو ورمێ ڕابەرایەتی بکات. نزیکەی ٥٠ ھەزار کەسیان گەیشتنە دەشتی ورمێ و لە شارۆچکەکانی سەڵماس و ورمێ نیشتەجێ بوون. ھەزاران کەس لە کاتی پەڕینەوە لە شاخەکانی درێژبوونەوەی نێوان ھەکاری و ورمێ بەھۆی برسێتی و ماندووێتی گیانیان لەدەستدا.[٣٧] دوای ئەوەی عوسمانییەکان زانیان کە خەڵکی شاخ توانیوویانە ھەڵبێن، ھێرشیان کردە سەر گوندە مەسیحییەکان کە دەکەونە دەشتی نێوان بەرزاییەکانی ھەکاری و دەریاچەی وان، بەڵام دوای ئەوەی ڕووسەکان لە ھاوینی ساڵی ١٩١٥دا کۆنترۆڵی خۆیان بەسەر شاری واندا سەپاند بەرەو ڕۆژاوا کشانەوە.
کۆمەڵکوژیی سێرت
[دەستکاری]
ھەرچەندە زۆرێک لە دانیشتووانی گوندە شاخاوییەکانی ھەکاری ھەڵھاتن، بەڵام دانیشتووانی شار و دەشتەکانی بەرزاییەکانی ئەرمەن، چارەنووسێکی جیاوازیان بەرەوڕوو بووەوە. دوای شکستیان لە لایەن ڕووسەکان لە وان لە نیسانی ١٩١٥، سوارەی حەمیدییە کە لە نیمچە سەربازی کورد پێکھاتبوو، پاشەکشەیان کرد بۆ سێرت، لەوێ لە مانگی حوزەیرانی ١٩١٥ ھەموو پیاوە کلدانییەکانی شارۆچکەکەیان دەستگیر کرد و بە فەرمانی حاکمەکەی حیلمی پاشا ماڵەکانیان تاڵان کرد. شایەتحاڵەکان باسیان لەوە کردووە کە چۆن ھێرشبەرەکان جلوبەرگیان لە دەستگیرکراوەکان بردووە و ڕووتیان کردوون و بە چەکی سپی - چەقۆ یان تەور یان قەمە - کوشتوویانن. دوای چەند ڕۆژێک فەرمانی دەرکردنی ئەو ژن و منداڵانەی کە ماونەتەوە لە سێرت و حەفتا گوندی مەسیحی لەو ناوچەیە دەرکران. بە یاوەری سوارەکانی کورد بۆ ماردین ١٠٠ کیلۆمەتر ڕێپێوانیان کرد. پێش ئەوەی بگەن، بەدری پاشا، پارێزگارەکەی، تەلەگرامێکی نارد و داوای لە سوارەکان کرد ھەموو ئەو ژن و منداڵانەی ھەڵیانگرتبوو پاکتاوی بکەن. ئەوان ھێنرانە دۆڵێک کە بە واویلە ناسراوە، لەوێ سوارە بە سەدان ژن و پیاوی کورد لە گوندەکانی دەوروبەرەوە بەھێزکرابوون، زۆربەیان بە شمشێر و خەنجەر و بەرد کوشتیانن و تەنھا ئەو کەسانە ژیان کە وا خۆیان نیشان دا کە مردوون.
لە ھەمان کاتدا ھێزەکانی جەودەت پاشا و خەلیل پاشا کە لە ھەکاری جێگیر بوون، بەرەو گوندەکانی سەنجەقی سێرت بەڕێکەوتن کە نزیکەی ٦٠ ھەزار مەسیحی لێ بوون کە زۆربەیان کلدان و ئۆرتۆدۆکسی سووریانی بوون و ھەموو دانیشتووانی گوندە مەسیحییەکانیان کوشت. ڕافایێل دی نۆگالێس مێندێز، ئەفسەرێکی ڤەنزوێلا کە لە سەردەمی عوسمانییەکاندا لەگەڵیان شەڕی کردووە، باس لەوە دەکات کە چۆن کۆمەڵکوژییەکان پێشوەختە لەلایەن دەسەڵاتدارانی عوسمانییەوە پلانیان بۆ دانرابوو. لەگەڵ گەیشتنی بە سێرت، دی نۆگالێس ئەوەی بینیوویەتی دەگێڕێتەوە:
ھەروەھا دی نۆگالێس دەگێڕێتەوە کە کاتێک لەگەڵ محەممەد ڕەشید پاشا، پارێزگاری دیاربەکر قسەی کردووە، دووەمیان ئاگاداری کردووەتەوە کە فەرمانی قڕکردن لە ڕێگەی تەلعەت پاشا وەزیری جەنگەوە وەرگرتووە، کە سێ وشەی تێدایە: سووتاندن - لەناوبردن - کوشتن (Yak-Vur-Öldür).
کۆمەڵکوژییەکانی ویلایەتی ئامەد
[دەستکاری]
کۆمەڵکوژییەکانی تور عابدین
[دەستکاری]
شەڕی ھەزەخ
[دەستکاری]کۆمەڵکوژی و خۆڕاگری لە ورمێ
[دەستکاری]

تیرۆرکردنی ماڕ شەمۆن
[دەستکاری]کۆچکردن بەرەو عیڕاق
[دەستکاری]

سەرچاوەکان
[دەستکاری]- ^ Aprim 2005
- ^ Yeor, Kochan & Littman 2001
- ^ Gaunt 2017.
- ^ Gaunt, Atto & Barthoma 2017.
- ^ Khosroeva 2007.
- ^ ئ ا Travis 2010.
- ^ Schaller, Dominik J. and Zimmerer, Jürgen (2008) "Late Ottoman Genocides: The Dissolution of the Ottoman Empire and Young Turkish population and extermination policies."
- ^ The Plight of Religious Minorities: Can Religious Pluralism Survive?
- ^ Hovannisian 2007
- ^ Not Even My Name: A True Story - Page 131 by Thea Halo
- ^ The Political Dictionary of Modern Middle East by Agnes G. Korbani
- ^ Schaller 2009
- ^ Totten, Bartrop & Jacobs 2008
- ^ The Assyrian Genocide, 1914 to 1923 and 1933 up to the present, جامعة روتجرز"نسخة مؤرشفة". مؤرشف من الأصل فی 2012-03-22. اطلع علیە بتاریخ 2011-06-08.
- ^ Richard G. (EDT) Hovannisian "The Armenian People from Ancient to Modern Times" page 198
- ^ Armenian Massacres، الموسوعة البریطانیة «نسخة مؤرشفة». لە 4 یونیو 2011 ھێنراوە.
{{cite web}}
: نرخەکانی ڕێکەوت بپشکنە لە:|ڕێکەوتی سەردان=
(یارمەتی) - ^ Erickson, Edward J. (٢٠٠١). Ordered to Die: A History of the Ottoman Army in the First World War. Greenwood Publishing Group. ژپنک ٩٧٨٠٣١٣٣١٥١٦٩.
- ^ ئ ا ب پ ت ج چ Travis, Hannibal.
- ^ Khosoreva, Anahit.
- ^ https://web.archive.org/web/20160325152500/http://www.assyriancc-nohadra.com/files_bank/748fec36089a58b47191455f99519efc.pdf
- ^ https://web.archive.org/web/20170501094955/http://www.aina.org/books/fla/fla.htm
- ^ Heazell & Smith 1913، لاپەڕە 9
- ^ Wigram 1929، لاپەڕە 167-168
- ^ https://web.archive.org/web/20190810202944/http://www.betnahrain.net/Arabic/Books/wmbooks/william3.htm
- ^ McDowall 2000، لاپەڕە 42-44
- ^ https://web.archive.org/web/20160304090511/http://www.bethsuryoyo.com/currentevents/KurdishHiddenPages/KurdishHiddenPages.htm
- ^ McDowall 2000، لاپەڕە 45-47
- ^ Joseph 1983، لاپەڕە 88
- ^ Andrieu, Sémelin & Gensburger 2010، لاپەڕە 386
- ^ Totten, Bartrop & Jacobs 2008، لاپەڕە 57
- ^ Totten, Bartrop & Jacobs 2008، لاپەڕە 19
- ^ Gaunt & Beṯ-Şawoce 2006، لاپەڕە 136
- ^ Gaunt & Beṯ-Şawoce 2006، لاپەڕە 135
- ^ Stafford 2006، لاپەڕە 25
- ^ https://web.archive.org/web/20181010132238/http://www.aina.org/books/tat.htm
- ^ Gaunt & Beṯ-Şawoce 2006، لاپەڕە 121
- ^ Hovannisian 2007، لاپەڕە 271
- دەروازەی عێراق
- دەروازەی تورکیا
- دەروازەی سووریا
- دەروازەی کوردستان
- دەروازەی ئێران
- دەروازەی ئەرمەنستان
- دەروازەی جەنگی جیھانیی یەکەم
- دەروازەی ئیمپراتۆریەتیی عوسمانی