بۆ ناوەڕۆک بازبدە

جینۆساید

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
یادکردنەوەی قوربانیانی کوشتاری سربرێنیتسا لە بۆسنیا و ھەرزەگۆڤینا

جینۆساید (بە ئینگلیزی: Genocide) بە لەناوبردنی کۆمەڵێک خەڵک یان دەستەیەک یان گرووپێک دەوترێت لەلایەن وڵاتێک یان پارتێکی دەسەڵاتدارەوە لەناوبرابن و ھەوڵی کوشتنیان درابێت. دەشێت کۆمەڵکوژی ھۆکاری ئایینی، نەتەوەیی، ڕامیاری، یان بیری ڕەگەزپەرستانەی لەدواوە بێت. وەک لەناوبردنی جەزائیرییەکان لەلایەن داگیرکەری فەڕەنسییەوە، یاخود کیمیا بارانی ھەڵەبجە لەلایەن ڕژێمی بەعسی عێراقییەوە، یاخود جینۆسایدی جوولەکەکان کە بە ھۆلۆکۆست ناسراوە لەلایەن ڕژێمی ئەڵمانیای نازی کە شەش ملیۆێن جوولەکە دەکوژرێت.

کرداری جینۆساید، بە تاوانێکی نێونەتەوەییی ناسراوە، لە ساڵی ١٩٤٨دا نەتەوە یەکگرتووەکان پێناسی بۆ داناوە و لەسەری ڕێککەوتوون.

زاراوەی جینۆساید

[دەستکاری]

جینۆساید زاراوەیەکە لە دوو بڕگە پێکھاتوە، جینۆ (Genos) وشەیەکی گریکییە بە واتای ڕەگەز یان بنەچە یان وەچە دێت، (ceader) وشەیەکی لاتینییە بە واتای لەناوبردن و پاکتاوکردن دێت، ھەردوو وشە پێکەوە بەمانی پاکتاوکردنی ڕەگەزی دێت. بەکارھێنانی زاراوەی جینۆساید بۆ یەکەمجار لەلایەن یاسا ناسێکی جوولەکەی پۆلەندی بەڕەگەز ئەمریکی ئەویش (ڕافائیل لیمکین) بوو، لە (مەدرید) لە کۆنفرانسی ساڵی (١٩٣٣) بەکاریھێناوە و لە ساڵی (١٩٤٢) بە نوسن تۆماری کردوە، ئەم یاساناسە خێزانەکەی بەدەستی ئەڵمانەکان لە ناوبردراون.

جۆرەکانی جینۆساید

[دەستکاری]
  1. جینۆسایدی جەستەیی: بریتییە لە کوشتن و لەناوبردنی تاکەکانی کۆمەڵ، بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ یا ناڕاستەوخۆ وەک (گولەبارانکردن، زیندەبەچاڵکردن، شونبزرکردن، لەسێدارەدان، بەکارھێنانی چەکی کۆمەڵکوژ). بۆ نموونە: کیمیابارانکردنی ھەڵەبجە و گوندو لادێکانی کوردستان لەلایەن ڕژێمی عێراق و بەکارھێنانی چەکی فسفۆری و ژەھراوی دژ بە گەلی کورد، زیندەبەچاڵکردنی ئەنفالکراوەکان لە بیابانەکانی ڕۆژاوای عێراق. کوشتن و لەناوبردنی گەنجە کوردەفەیلیکان، بۆردومانکردنی شاری قەڵادزێ بە بۆمبی ناپاڵم، ئەمانە دیارترین جۆری پاکتاوکردنی جەستەیین دژ بە گەلی کورد لە عیراق.
  2. جینۆسایدی بایەلۆژی: ئەم جۆرەیان بریتییە لە ڕێگرتن لە وەچە نانەوە و زۆربوون و گەشەسەندنی کۆمەڵە مرۆڤێکی یەک ڕەگەز بەھۆی نەزۆککردن و لە باربردنی ژن و خەساندنی پیاوان و لێک جیاکردنەوەی ژن و پیاو بۆ ماوەیەکی درێژ. ئەم تاوانە لە شاڵاوەکانی ئەنفال لە ساڵی (١٩٨٨) لە کوردستان پەیڕەوکراون، بە تایبەتی لە مەڵبەندەکانی کۆکردنەوەی ئەنفالکراوەکان لەکاتی جیاکردنەوەی پیاوەکان لە ژنەکان.
  3. جینۆسایدی کولتوری: قەدەغەکردنی زمانی زگماک و شێواندنی مێژوو و کولتوری کۆمەڵە مرۆڤیک و سڕی نەوتی شوێنەواری شارستانی و مێژوویی دەگرێتەوە. لە وێرانکردن و شێواندنی شوێنە دێرینەکان، کە پاشماوەی کۆن ونوێ دانیشتووانی ناوچەکەن، وەک ڕووخاندنی مزگەوت و کلێسە و قەڵا دێرینەکان و پەیکەرەکان، کە ناسنامەی مێژوویی دانیشتووانی ناوچەکەن. لەلایەن زۆربەی نەتەوە باڵا دەستەکانەوە ھەوڵی بێوچان دەدرێت بۆ پشگیری دەسەڵاتەکانیان لە پاکتاوکردنی ڕەگەزی و نەتەوەیی، بۆ تواندنەوەی زمان و ڕۆشنبیری و مێژووی ئەو نەتەوانەی کەلەناو نەتەوە زۆرینەکان دەژین. جینۆساییدی کولتوری لە زۆر شوێنی جیھاندا پەیڕەو دەکرێت، وەک لە تورکیا و ئێران و عێراق و سووریا دەرھەق بە گەلی کورد دەکرێت، و لەباکووری ئەفریقیا دژ بە ئەمازیغەکان، لە سودان دژبە دانیشتووانی دارفور و میانمار دژبە موسڵمانەکانی ئەو وڵاتە دەکرێت… ھتد.
  4. جینۆسایدی ئابووری: بریتییە لە برسیکردنی دانیشتووان لە ڕێگای تەختکردنی کێڵگە کشتوکاڵیەکان و لەناوبردنی سەرچاوەی ئاویەکان و ڕێگا گرتن لە کارکردن بۆ بژێوی ژیان و لەناوبردنی ھۆکارەکانی بەرھەمھێنانی کۆمەڵە خەڵکێک. ئەم جۆرەیان وەکو جۆرەکانی تر زۆر بە ئاشکراو ڕوون لە کوردستان بەرچاو دەکەوێت. زیاتر لە (٤٥٠٠) چوار ھەزار و پێنج سەد گوندی کوردستان لەگەڵ زەوی تەختکران. شەڕی ناوخۆی ھەرێمی کوردستان جینوسایدێکی ڕێکخستن و جەمسەرگیرییە.

قۆناغەکانی کۆمەڵکوژی

[دەستکاری]

لە ساڵی ١٩٩٦ دا، گرێگۆری ستانتۆن لێپرسراوی «چاودێری کۆمەڵکوژی» نووسراوێکی کورتی پێشکەش کرد بە وەزارەتی دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکان بە ناویشانی «ھەشت قۆناغەکەی کۆمەڵکوژی».[١] لەو نووسراوەدا پێشنیاری دەکرد کە کۆمەڵکوژی بە ھەشت قۆناغ ڕوودەدات کە چاوەڕوانکراوە بەڵام زۆر سەختە ڕێگریکردن لێی.[٢]

قۆناغ خاسێتەکانی
١.

پۆلێنکردن

خەڵکی دابەشدەکرێن بەسەر «ئێمە و ئەوان» دا
٢.

نیشانەکردن

"لەگەڵ بوونی کینەدا، نیشانەکان دەکرێت بسەپێنرێت بەسەر کەسە دوورخراوەکانی کۆمەڵگە دا…"
٣.

لە مرۆڤایەتی خستن

"کۆمەڵەیەک مرۆڤایەتی کۆمەڵییەکی دی ڕەت دەکەنەوە و ھاوتایان دەکەن بە ئاژەڵ، جانەوەر و مێرووەکان."
٤.

ڕێکخستن

"کۆمەڵکوژی ھەمیشە ڕێکخراوە و لەلایەن یەکە تایبەتییەکانی سوپا یان میلیشیاکانەوە ئەنجام دەدرێت کە خاوەنی مەشق و چەکن."
٥.

جەمسەرگیری

"کۆمەڵە کینەیییەکان ھەڵدەستن بە بڵاوکردنەوەی پروپاگەندەکان بۆ ھێنانەکایەی لایەنگری و جەمسەرگیری."
٦.

ئامادەکردن

"قوربانییەکان دەناسێنرێن یان جیادەکرێنەوە بەھۆی ناسنامە نەژادی یان ئایینییەکانیاوە."
٧.

بنبڕکردن

" کردەی (بنبڕکردن)ە بەپێی بکوژەکان چونکە پێیان وانییە قوربانییەکان مرۆڤی تەواو و گونجاون."
٨.

ڕەت کردنەوە

"بکوژەکان نکۆلی دەکەن ھیچ تاوانێکیان ئەنجامدابێت."

لە ساڵی ٢٠١٢ دا، ھەواڵ بڵاوبۆوە کە ستانتۆن بە فەرمی دوو قۆناغی تریش بۆ بیردۆزەکەی زیاد دەکات کە (جیاکاری کردن و چەوساندنەوە)یە و بیردۆزی کۆمەڵکوژی دەبێت بە ١٠ قۆناغ.[٣]

سەرچاوەکان

[دەستکاری]
  1. Reassessing the Nuremberg Military Tribunals: Transitional Justice, Trial Narratives, and Historiography (War and Genocide) page 110 edited by Alexa Stiller and Kim C. Premiel Berghahn Books 2012
  2. «Coining a Word and Championing a Cause: The Story of Raphael Lemkin». www.ushmm.org. لە ٢٢ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٧ ھێنراوە.
  3. «Office of the High Commissioner for Human Rights». Convention on the Prevention and Punishment of the Crime of Genocide. ٢ی ئایاری ٢٠٠٨. لە ڕەسەنەکەوە ئەرشیڤ کراوە لە ٢ی ئایاری ٢٠٠٨. لە ٢٢ی تشرینی یەکەمی ٢٠٠٨ ھێنراوە.{{cite web}}: ڕاگرتنی شێوازی سەرچاوەی ١: bot: original URL status unknown (بەستەر)

بەستەرە دەرەکییەکان

[دەستکاری]