کارەکتەرەکانی ئەڤەتار: دوایین ملکەچپێکەری ھەوا

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
لە چەپەوە بۆ ڕاست: سۆکا، مەی، کاتارا، سوکی، مۆمۆ، زوکۆ، ئانگ، تۆف، و ئایرۆ، لە کۆتا ئەڵقەی زنجیرەی ئەڤەتار: دوایین ملکەچپێکەری ھەوا

ئەمە پێرستی کارەکتەرە گرنگ و بەرچاوەکانی زنجیری تەلەڤیزیۆنی ئەنیمەیشنیی نیکلۆدیۆن، ئەڤەتار: دوایین ملکەچپێکەری ھەوا (زنجیرەی ڕەسەن)، و درێژەکەی، ئەفسانەی کۆرایە، کە لەلایەن برایان کۆنێتزکۆ و مایکڵ دانتێ دیمارتینۆ بە ھاوبەشی دروست کراوە، ھەروەھا دووبارە دروستکردنەوە لایڤ ئاکشنەکەشی بە ھەمان ناو. ئەم پێرستە کارەکتەرە کۆمیکییەکانی ئەڤەتار و ڕۆمانە گرافیکییەکانی دیکەش لەخۆ دەگرێت.

تێڕوانینی گشتی[دەستکاری]

لە ئەڤەتار: دوایین ملکەچپێکەری ھەوا، کە گەردوونێکی خەیاڵییە و لە چوار نەتەوەی سەرەکی پێکھاتووە، ھەندێک کەس «ملکەچپێکەر» ن و دەتوانن ھەوا، ئاگر، زەوی یان ئاو کۆنتڕۆڵ بکەن. تەنھا ئەڤەتار، دەتوانێت نوێنەرایەتی پردی نێوان جیھانی فیزیکی و ڕۆحی بکات، و دەتوانێت شارەزا بێت لە ھەر چوار توخمەکە و بەم شێوەیە ھاوسەنگی و ئاشتییەک بۆ جیھانەکە دروست بکات، بەڵام لە ١٠٠ ساڵی ڕابردوودا ئەڤەتار ون بووە.[١] لەم ونبووونەی ئەڤەتاردا، شەڕێک کە لەلایەن نەتەوەی ئاگرەوە ھەڵگیرساوە، بووە ھۆی جینۆسایدی ڕەوەندی ھەوا و لەناوچوونی زۆربەی زۆریی ھۆزی ئاویی باشوور، و داگیرکردنی بەشی زۆری ھەرێم و شارەکانی شانشینی زەوی.

پێکبەستنی کارەکتەرەکان[دەستکاری]

دیزاینی کارەکتەرەکان لە زنجیرەیەک وێنەکێشانەوە سەرچاوەی گرتووە لەلایەن یەکێک لە دروستکەرانی زنجیرەکە، برایان کۆنێتزکۆ. ھاوبەشەکەی کۆنێتزکۆ، مایکڵ دانتێ دیمارتینۆ، لەو کاتەدا حەزی لە سەیرکردنی فیلمە بەڵگەنامەیییەکانی پەیوەست بە جەمسەری باشوور بوو؛ بۆیە ئەم بیرۆکانەیان تێکەڵ کرد و چەمکی «ملکەچپێکەرێکی ھەوا» و «کەسانێکی ملکەچپێکەری ئاو»یان دروست کرد کە لە ناوچەیەکی بەفراویدا گیریان خواردبوو، لەگەڵ لایەنی خراپەکار، کە ئەویش «کەسانی ملکەچپێکەری ئاگر» بوو.[٢] سەرەڕای ئەوەش، نووسەران توانا جیاوازەکانی ملکەچپێکردنیی کارەکتەرەکانیان لەسەر بنەمای شێوازە جیاوازەکانی ھونەری جەنگی دانا.

کەسایەتییەکان[دەستکاری]

زۆرێک لە کارەکتەرە دووبارەبووەکانی زنجیرەکە تایبەتمەندییان وەرگرتووە لەسەر بنەمای توخمەکەی خۆیان. ئانگ بێخەم و منداڵکارە، بە شێوەیەکی باو کەسایەتییەکی «سەرسوڕماو»یان «ئازاد»ی ھەوایە.[٣][٤] وەک ڕۆحانییەک، ئاشتیخوازێک و ڕوەکخۆرێک، و ھاوئاھەنگە لەگەڵ جیھانی ڕۆحیدا، و ناتوندوتیژیی پێ باشترە لە چارەسەرکردنی کێشەکان. تۆف سەرەڕای ئەوەی کوێرە، بەڵام بەھۆی پەیوەندییەکەی بە زەوییەوە، ھێزێکی لەڕادەبەدەری ھەیە بۆ تێگەیشتن لە جیھانی دەوروبەری.

کەسایەتییە سەرەکییەکانی ئەڤەتار: دوایین ملکەچپێکەری ھەوا[دەستکاری]

ئەڤەتار ئانگ[دەستکاری]

ئەڤەتار ئانگ (چینی: 安昂) پاڵەوانی زنجیرە ڕەسەنەکە و ئەڤەتاری چیرۆکی ڕەسەنی جیھانەکەیە، ڕۆحێکی خولگەیی لە جەستەیدایە کە یارمەتی دەدات ھاوسەنگی جیھان بپارێزێت.[٥] زۆرجار ئانگ بە شێوەیەکی خۆشویستن و بێخەم مامەڵە دەکات. ئاشتیخوازی و ڕوەکخۆریی ئانگ، تایبەتمەندییە سەرەتایییەکانی ئایینی بوودیزمن. دروستکەران مەبەستیان ئەوە بوو کە ئانگ "بە ژیرییەکانی دوژمنەکان بشکێنێت" و "پاڵەوانێکی زیرەک " بێت.[٦] ھەرچەندە ئانگ زۆرجار بێ بایەخ و بە جۆش و خرۆشە، بەڵام لە کاتی کێشەکاندا جددی دەبێت. لە زنجیرە ڕەسەنەکە، کاتارا و سۆکا، ئانگ لە شاخێکی سەھۆڵین ڕزگار دەکەن. ئانگ پێشتر شارەزای ملکەچپێکردنی ھەوا بووە لە زێدی خۆی، لە کاتارا و دواتر لە جەمسەری باکوور لەگەڵ مامۆستا پاکو لە پەڕتووکی یەکەمدا فێری ملکەچپێکردنی ئاو دەبێت، لە پەڕتووکی دووەمدا لە تۆفەوە فێری ملکەچپێکردنی زەوی دەبێ، و لە پەڕتووکی سێیەمدا لە زوکۆوە فێری ملکەچپێکردنی ئاگر دەبێت. بە درێژایی زنجیرەکە، ئانگ یارمەتی ھۆزەکانی ئاو و شانشینی زەوی دەدات، کە نەتەوەی ئاگر ستەمیان لێکردون. ئانگ لە ڕێگەی کیسەڵە شێرەکانەوە دەتوانێت فێری تەکنیکی لێسەندنەوەی توانای ملکەچپێکردن ببێت، و بەکاریدەھێنێت بۆ ئەوەی ئۆزای بکاتە ناملکەچپێکەر. لە پەڕتووکی ئەفسانەی کۆرادا ئاشکرا دەبێت کە ئانگ بە ھاوکاری ھاوڕێکانی کۆماری یەکگرتووی نەتەوەکانی دروست کردووە. ھەروەھا ھاوسەرگیری لەگەڵ کاتارا کردووە و سێ منداڵی بووە، کوڕە بچووکەکەی تێنزن ڕەوەندی ھەوای بنیادنایەوە و ڕێنمایی ئەڤەتاری داھاتوو دەکات، ئەڤەتار کۆرا. ھاوشێوەی ڕۆکو، ئانگ ھەندێک جار ئەڤەتار کۆرای بینیوە، وەک ڕاوێژکارێکی ڕۆحی ڕێبەریی کردوە.

ئاپا[دەستکاری]

ئاپا (阿柏) ئاژەڵێکی فڕیوی نێریی ڕەوەندی ھەوایە، ھاوشێوەی گامێشێکە، و شێوازێکی ڕۆحی ھەیە، وەک ئاژەڵێکی ماڵی و ھاوڕێی ئانگ دەردەکەوێت. باشترین ھاوڕێی ئانگە و وەک ئامرازێکی گواستنەوەی تیمی ئەڤەتار لە سەرانسەری جیھاندا یارمەتی ھەبووە. دەتوانێت بفڕێت و کلکی بەکاربھێنێت بۆ دروستکردنی پەستانی ھەوای بەھێز. بەپێی وتەی ئانگ، گامێشە فڕیوەکان یەکەم ملکەچپێکەرانی ھەوا بوون. ئاپا بەوە ناسراوە کە لە کۆتایی زستاندا توکەکەی ھەڵدەوەرێت.

مۆمۆ[دەستکاری]

مۆمۆ (模模) تاکە لیمۆری باڵدارە کە ناسراوە. برایان کۆنێتزکۆ، دان بەوەدا دەنێت کە مۆمۆ کارەکتەری دڵخوازی ئەوە بۆ وێنەکێشان، و بیرۆکەی دروستکردنەکەشی لە یادەوەرییەکانی پشیلەیەکی منداڵییەوە وەرگیراوە.[٧] مۆمۆ کاتێک ناسێندرا کە ئانگ لە پەرستگای ھەوای باشوور دەیدۆزێتەوە و دواتر وەک ئاژەڵێکی ماڵی دەیھێڵێتەوە.[٨] ھەرچەندە مۆمۆ لەکاتی گەشتەکاندا لەگەڵ پاڵەوانەکاندا لە زۆر بارودۆخی مەترسیداردا بووە، بەڵام ھاوکار بووە بۆیان. بە گوتەی دروستکەران، مۆمۆ نوێنەرایەتی ڕۆحیی گیاتسۆ بووە، کە ڕاھێنەری ئانگ بوو.[٩][١٠][١١]

کاتارا[دەستکاری]

کاتارا (卡塔拉) ملکەچپێکەری ئاویی تەمەن ١٤ ساڵە (لەکاتی دەستپێکردنی زنجیرە ڕەسەنەکە) لە ھۆزی ئاویی باشوور، باشترین ھاوڕێ و دواتر ھاوسەری ئەڤەتار ئانگ و خوشکی بچووکیی سۆکایە. لە زنجیرە ڕەسەنەکەدا، کاتارا بەو کەسە ناسراوە کە زۆر خەمخۆرە لە ھەمان کاتیشدا بەھێزە بۆ وەستانەوە لە دژی سیستەمەکانی ستەم و نادادپەروەری. لەکاتێکدا ڕەنگە لە سەرەتای زنجیرەکەدا ملکەچپێکەرێکی ئاویی تاڕادەیەک بێ ئەزموون بووبێت، بەڵام لە کۆتایی پەڕتووکی یەکەمدا کاتارا توانی نازناوی «مامۆستای ملکەچپێکردنی ئاو» بەدەست بھێنێت و تواناکانی ئەڤەتار ئانگ پەرە پێبدات. دوای ئەوەی لە سەرەتای کتێبی دووەمدا ھۆزی ئاوی باکووری بەجێھێشت، کاتارا بەردەوامە لە ڕاھێنانکردن بە ئانگ وەک مامۆستایەک. لە ئەفسانەی کۆرا ئاشکرا دەبێت کە کاتارا ھاوسەرگیری لەگەڵ ئانگ کردووە و سێ منداڵی لێی ھەبووە. ھەروەھا ئاشکرا دەبێت کە دوای مردنی ئانگ دەبێتە مامۆستای ملکەچپێکردنی ئاویی ئەڤەتار کۆرا.

سۆکا[دەستکاری]

سۆکا (索卡) جەنگاوەرێکی تەمەن ١٥ ساڵە لە ھۆزی ئاوی باشوور، و برای گەورەی کاتارایە. سۆکا ھیچ ھێزێکی ملکەچپێکردنی ڕەسەنی نییە، زۆرجار بۆ شەڕەکان پشت بە دارە چەماوە کانزایییەکەی دەبەستێت، یان شمشێرەکەی. سۆکا ئەندازیار و کەسێکە بەگشتی شارەزایی لە ھەموو شتێکدا ھەیە، لەم ڕووەوە بە ئاسانی دەتوانێت لە تەکنەلۆژیای پێشکەوتووی نەتەوەی ئاگر تێبگات، و دیزاینی باڵۆنی ھەوای گەرم تەواو دەکات. سۆکا لە کۆتایی پەڕتووکی یەکەمدا عاشقی شازادەی ھۆزی ئاویی باکوور، یوو دەبێت و دواتر لە پەڕتووکی دووەم و سێیەمدا عاشقی سەرکردەی جەنگاوەرانی کیۆشی دەبێت، سوکی. لە زنجیرەی پاشکۆ و کۆمیکەکانی دواتردا، لە پاشڕووانەکاندا ئاشکرا دەبێت کە سۆکا یەکەم نوێنەری ھۆزی ئاوی باشوور بووە، کە لە ئەنجومەنی شاری کۆمار بەشداری کردوە. چەند ساڵێک دوای ئانگ کۆچی دوایی کرد، کاتێک ئەڤەتاری داھاتوو، کۆرا، ھێشتا منداڵ بوو.

تۆف بیفۆنگ[دەستکاری]

تۆف بیفۆنگ (北方拓芙) کچێکی کوێری ملکەچپێکەری زەوییە لە بنەماڵەیەکی ناوداری شانشینی زەوی، بە ناوی بیفۆنگ. لە زنجیرە ڕەسەنەکەدا، تۆف یارمەتی ئانگ دەدات بۆ ملکەچپێکردنی زەوی. تۆف زۆرجار گاڵتە و گاڵتەجاڕی دەکات؛ بەگشتی وەک تۆمبۆی گرووپەکە نیشان دەدرێت. ھەرچەندە کوێرە، تۆف دەتوانێت ھەست بە ھەموو جووڵانەوەیەکی زەوی بکات. لەڕێگەی ئەم ھەستەی بەرزەوە، دەتوانێت شوێنەکانی خەڵک دیاری بکات، دوورییان لە خۆی، و پێکھاتەی جەستەیییان. ئەو ئەم تەکنیکەی لە مشکە کوێرەکانی ژێر زەوی فێربووە.[١٢] تۆف یەکەمین کەسە کە کانزا ملکەچپێکردنی داھێناوە. لە زنجیرەی دواتردا، پاشڕووانەکان دەری دەخەن کە تۆف یەکەم سەرۆکی ھێزی پۆلیسی کانزایی بووە، لە بەشی پۆلیسی شاری کۆمار. لە کۆتاییدا تۆف بوو بە دایکێکی تەنیا لە دوو کچ: لین، کە لە کۆتاییدا شوێنی دایکی گرتەوە وەک سەرۆکی پۆلیس، و سوین، کە بە دامەزرێنەری شاری زاوفۆ ناسراوە.

زوکۆ[دەستکاری]

زوکۆ (祖寇) شازادەی دەرکراوی نەتەوەی ئاگرە، کە لە کۆتاییدا دەبێتە لۆردی ئاگر (پاشای ئاگر). لەلایەن باوکی، پاشا ئۆزای، پێش دەستپێکردنی زنجیرەکە، دەرکرا؛ زوکۆ پێیوابوو کە گرتنی ئەڤەتار شەرەفی خۆی بەدەست دەھێنێتەوە. جگە لە ملکەچپێکردنی ئاگر، زوکۆ شارەزایە لە بەکارھێنانی شمشێری دووانی، کە لەکاتی گۆڕینی شێوازی خۆی بۆ «ڕۆحی شین» بەکاریدەھێنێت.

لە پەڕتووکی یەکەمدا زوکۆ چەندین جار شکست دەھێنێت لە گرتنی ئەڤەتار. لە پەڕتووکی دووەمدا زوکۆ و مامی، ئایرۆ، ناچار دەبن ھەڵبێن بۆ ناو شانشینی زەوی، لەوێ ھاوڕێیەتی خەڵکی ناوچەکە دەکات و تا ئەو شوێنە دەڕوات کە لە دەستی سوپای زەوی ڕزگاریان دەبێت. بەھۆی پێشنیاری بەدەستھێناوەی شەرەفی خۆی بۆ پاشای ئاگر، لەلایەن ئازولای خوشکییەوە، خیانەت لە مامی دەکات بۆ ئەوەی یارمەتی شەڕی ئازولا بدات دژی ئەڤەتار، لە پەڕتووکی سێیەمدا زوکۆ لە کۆتاییدا پلانەکانی ئۆزای باوکی ڕەتدەکاتەوە و پەیوەندی بە ئانگەوە دەکات و یارمەتی دەدات لە ملکەچپێکردنی ئاگر.

دوای ئەوەی نھێنی ملکەچپێکردنی ئاگری ڕەسەن لەگەڵ ئانگ، لە دوو ئەژدیھا فێر دەبێت، زوکۆ دەبێتە مامۆستای ملکەچپێکردنی ئاگری ئانگ؛ یارمەتی سۆکا دەدات بۆ ڕزگارکردنی زیندانییەکان؛ یارمەتی کاتارا دەدات بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی بکوژەکەی دایکی؛ و لێخۆشبوونی ئایرۆی مامی وەردەگرێت لە بەرامبەر خیانەتەکەی. زوکۆ دوای شکستپێھێنانی ئازولا دەبێتە پاشای نوێی ئاگر و لەگەڵ ئانگ کۆتایی بە شەڕەکە دەھێنێت.

لە زنجیرە پاشکۆکەدا ئاشکرا دەبێت کە پاشا زوکۆ یارمەتی ئەڤەتار ئانگی داوە بۆ ڕێکخستنەوەی ناوچە داگیرکراوەکانیی نەتەوەی ئاگر لە شانشینی زەوی وەک کۆماری یەکگرتووی نەتەوەکان، و تاکە کەسە لە دامەزرێنەرانی شاری کۆمار کە لەوێ نەژیاوە. دوای دەستبەرداربوون لە تەختی پاشایەتی، ئیزومی کچی شوێنی گرتەوە، و ئایرۆی کوڕی ئیزومیش (ئایرۆی دووەم) وەک ژەنەڕاڵێک لە ھێزە یەکگرتووەکان خزمەتی کرد.

سوکی[دەستکاری]

سوکی (蘇琪) سەرکردەی جەنگاوەرانی کیۆشییە کە تایبەتە بە جەنگاوەرانی مێینە، ئەم دەستەیە لەلایەن ئەڤەتار کیۆشییەوە بە ناوی خۆیەوە دامەزراوە. ئەو شەڕکەرێکی لێھاتوو و ناوازەیە، بۆ یەکەمجار تیمی ئەڤەتاری ناسی کاتێک ئانگ و ھاوڕێکانی سەردانی دوورگەی کیۆشیان کرد. پەیوەندی ھاوڕێیەتی لەگەڵ سۆکادا بەست و فێری چەندین تایبەتمەندی جەنگی کرد. دواتر ئەو دووانە لە پەڕتووکی دووەمدا یەکتریان بینییەوە، لەوێدا ئەو و سۆکا دەستیان بە پەیوەندی خۆشەویستی کرد.

دواتر لە پەڕتووکی دووەمدا سوکی و جەنگاوەرانی کیۆشی ڕووبەڕووی ئازولا دەبنەوە و شەڕی لەگەڵدا دەکەن، دوای ئەوە شکستیان ھێنا و زیندانی کران. لە پەڕتووکی سێیەمدا لەلایەن سۆکا و زوکۆوە ئازاد دەکرێت.

سوکی پەیوەندی بە تۆف و سۆکاوە کرد بۆ ئەوەی ھێزی ئاسمانی نەتەوەی ئاگر لەکار بخەن، لە کۆتایی زنجیرە ڕەسەنەکە.

مامە ئایرۆ[دەستکاری]

مامە ئایرۆ (艾洛) کە بە ژەنەڕاڵ ئایرۆ و «ئەژدیھای ڕۆژاوا» ناسراوە، مامۆستایەکی ملکەچپێکردنی ئاگرە و میراتگری پێشووی تەختی پاشایەتیی نەتەوەی ئاگرە. دوای مردنی کوڕەکەی لە گەمارۆدانی با سینگ سێ، ئۆزای برا بچووکەکەی وەک پاشای ئاگر جێگەی گرتەوە.

ئایرۆ بە پێچەوانەی زۆربەی ملکەچپێکەرانی ئاگر، دوژمنایەتی بەرامبەر گەلانی دیکە نییە و ئاگر لە تووڕەیییەوە دروست ناکات، وەک ئەوەی ئاسایییە، بەڵکو لە تێگەیشتنێک لە ئاگر وەک سەرچاوەیەکی وزەی ژیانبەخش. ئەمە لە ئەژدیھاکانەوە فێربووە، کە سەرچاوەی ڕەسەنی وزەی ئاگر ملکەچپێکردنن. وەک ئەندامێکی دەستەی سپی، ئایرۆ پەیوەندی کۆمەڵایەتی ھەیە لە سەرانسەری چوار نەتەوەکەدا. ئایرۆ لە دەرەوە دۆستانەیە و بە تایبەتی حەزی لە خواردنە، چای باش، یاری پای شۆ، نوکتەی دڵخۆشکەر، و مۆسیقایەکی خۆش.

ئازولا[دەستکاری]

ئازولا (阿祖拉) خوشکی بچووکی زوکۆیە و مامۆستایەکی بەتوانای ملکەچپێکردنی ئاگرە، توانای دروستکردنی ئاگری شین و ڕەشەبای ھەیە. دوای مردنی ژاو، ئازولا لەلایەن ئۆزایەوە دەنێردرێت بۆ گرتنی ئەڤەتار و زوکۆ و ئایرۆ. گرنگی نەدان و توانای مامەڵەکردنی بێ دوودڵی ھۆکاری توانای دروستکردنی برووسکەکەی ئازولایە، کارامەیییەک کە پێویستی بە ئارامی دەروونی ھەیە. سەرەڕای ھەستی دڕندانەی خۆی، کاتێک لەلایەن ھاوڕێکانی مای و تای لییەوە وازی لێدەھێنرێت، تووشی سەرلێشێواوی دەبێت، و لە ڕووی دەروونییەوە دەڕوخێت، و لە کۆتاییدا تووشی تێکچوونێکی دەروونی تەواو دەبێت، کە تێیدا زوکۆ و کاتارا زاڵ دەبن بەسەریدا. دوای کۆتایی ھاتنی شەڕەکە، ئازولا دەخرێتە دامەزراوەیەکی دەروونییەوە بۆ ئەوەی لە نزیکەوە چاودێری بکرێت. وەک لە گەڕانەکە، درێژەی کۆمیکی زنجیرەکەدا دەرکەوتووە، ئازولا توانی زوکۆ ڕازی بکات کە ڕێگەی پێبدات لەگەڵیدا بێت لە گەڕان بەدوای دایکیاندا؛ بەڵام لە ڕاستیدا شێتییەکەی بەستراوەتەوە بەو ڕق و کینەی کە بەرامبەر دایکی ھەڵی گرتووە؛ بەڵام دوای ئەوەی ھەوڵەکەی بۆ کوشتنی دایکی شکستی ھێنا، و نەیتوانی پەسەندی بکات زوکۆ دوای ھەموو ئەو کارانەی کە بەسەریدا کردبووی ھێشتا گرنگی پێدەدات، ئازولا ھەڵھات بۆ ناو دۆڵی لەبیرچووان.

کەسایەتییە سەرەکییەکانی ئەفسانەی کۆرا[دەستکاری]

ئەڤەتار کۆرا[دەستکاری]

ئەڤەتار کۆرا (寇拉) کەسایەتییەکە کە لەدوای مردنی دەستبەجێی ئانگ وەک ئەڤەتار دەستنیشان کرا. وەرزشوان، متمانە بەخۆبوو، ملکەچپێکەر و سەرسەخت، کۆرا بە تەواوی ڕۆڵی خۆی وەک ئەڤەتار ئەنجام دەدات، بەڵام توانا و ئەزموونێکی کەمی ڕۆحی ھەیە.[١٣] لە ماوەی زنجیرەکەدا، کۆرا شەڕ لەگەڵ چەندین لە دوژمنەکانی دەکات، چ لەناو خۆی و چ لە دەرەوەی جیھانەکەی، و ھەوڵدەدات جیھان لە ھاوسەنگیدا بھێڵێتەوە. زاڵ دەبێت بەسەر دەستەکەی ئامون، پەیوەندیی ئەڤەتاری بە ژیانی ڕابردوویەوە لەلایەن ئۆنالاق و ڤاتووەوە دەپچڕێت، تووشی نەخۆشی فشاری دەروونی دوای کارەسات دەبێت بەھۆی ژەھراویبوونییەوە لەلایەن زاھیر، و دواتر شکست بە دیکتاتۆرییەتی سەربازیی کوڤیرا دەھێنێت.[١٤]

ناگا[دەستکاری]

ناگا سەگێکی مێینەی شێوە ورچی جەمسەرییە کە ئاژەڵێکی ماڵیی ئەڤەتار کۆرایە. لە ڕووی مێژوویییەوە سەگی ورچی جەمسەری لەلایەن ھۆزی ئاوەوە ڕاو دەکران، و کۆرا تاکە کەسە کە تا ئێستا ھاوڕێیەتی ئەو جۆرە سەگەی کردووە. ناگا زۆر پارێزگاری لە کۆرا دەکات، و ھێزی خۆی بەکاردەھێنێت بۆ ئەوەی یارمەتی کۆرا بدات لە کێشەکانی دەربچێت.[١٥] چیرۆکی چۆنییەتی یەکترناسینی کۆرا و ناگا لە یەکەم کۆمیکی فەرمیی ئەفسانەی کۆرادا نیشان دراوە.[١٦]

ماکۆ[دەستکاری]

ماکۆ (馬高)یاریزانێکی ملکەچپێکەری ئاگرە کە لە شەقامەکانی شاری کۆمار گەورە بووە وەک ھەتیو لەگەڵ برا بچووکەکەی، بۆڵین. لە تەمەنی لاویدا ناچارکراوە بەرپرسیارییەتی گەورە وەربگرێت، ماکۆ بێدەنگ و جددییە.[١٧]لە ڕووی جەستەیییەوە، باڵای بەرزە و لاوازە.[١٣][١٨][١٩] ماکۆ سەرکەوتوو و زۆر دڵسۆزە، و کاتێک زنجیرەکە بەرەو پێش دەڕوات، دەبێتە کەسێک کە برا و ھاوڕێکانی ھەمیشە دەتوانن پشتی پێ ببەستن.[١٨]

بۆڵین[دەستکاری]

بۆلین (愽林) ملکەچپێکەرێکی زەوییە و لەگەڵ برا گەورەکەی، ماکۆ لە شەقامەکانی شاری کۆمار وەک ھەتیو گەورە بووە. سەرەڕای تەمەنی سەختی منداڵی، بۆڵین کەسایەتییەکی بەرز، خوێن شیرین، گەشبین،[٢٠] و تا ڕادەیەک ڕوانگەیەکی منداڵانە و بێ ھەڵوێستی ھەیە بۆ جیھان.[١٧] لە ڕووی ھێزەوە، ملکەچپێکەرێکی بەتوانا و ماسولکەدارە.[١٣] بۆڵین وەکو کەسایەتی کۆمیدی زنجیرەکە داندراوە، و بەردەوام لەلایەن کەسانی دەوروبەرییەوە بە کەم سەیر دەکرێت.[١٤] لە وەرزی سێیەمی ئەفسانەی کۆرا، بۆڵین بۆی دەردەکەوێت کە دەتوانێت گڕاو ملکەچ پێبکات، کە تایبەتمەندییەکی دەگمەنی ملکەچپێکەرانی زەوییە. بۆڵین دڵسۆز و ئازایە، بە درێژایی زنجیرەکە پێدەگات و ھەوڵدەدات بە شێوازی تر جگە لە شەڕکردن یارمەتی کەسانی دیکە بدات.[١٨]

پابو[دەستکاری]

پابو ئاژەڵێکی تێکەڵەی کەروێشکی چوار پێ و پاندای سوورە کە بۆڵین لە فرۆشگایەکی نێوخۆیی ئاژەڵە ماڵییەکان ڕزگاری کردوە.[٢١]

پابو بۆ یەکەمجار لە پانێڵێکی کۆمیکی کۆنی ئەفسانەی کۆرا لە ساڵی ٢٠١١ دەرکەوت.[٢٢] لەلایەن کۆنێتزکۆوە دیزاین کراوە،[١٧] و لەسەر بنەمای تێکەڵەیەکی پاندای سوور و کەروێشکی چوار پێ دروست کراوە.[٢٢][٢٣]

ئەسامی ساتۆ[دەستکاری]

ئەسامی ساتۆ یان ئاسامی (佐藤麻美) تاکە منداڵی پیشە سازی دەوڵەمەند، ھیرۆشی ساتۆیە. دوای ئەوەی باوکی لەدوای ڕووداوەکانی وەرزی یەکەم زیندانی کرا، بووە سەرۆکی کۆمپانیاکەی باوکی.

ھەرچەندە ئەسامی بە خۆشگوزەرانی گەورە بووە، بەڵام لایەنێکی سەختشی ھەیە. ئەو شۆفێرێکی شارەزایە و لە منداڵییەوە ڕاھێنانی لە ھونەری خۆپاراستندا کردوە.[١٣] ئەو زۆرجار دەستکێشی کارەبایی بەکاردەھێنێت بۆ شەڕ.[٢٤] بەدرێژایی زنجیرەکە، چەندین چەک، ئامێر و شێوازی گواستنەوەی داھێنا.[١٨]

تێنزن[دەستکاری]

تێنزین (丹增) بچووکترین منداڵی ئەڤەتار ئانگ و کاتارایە، و تاکە منداڵی ملکەچپێکەری ھەوای ئەو دوو ھاوسەرەیە. تێنزن کەسێکی نەریتخوازە و زۆر کاردەکات بۆ پاراستن و گواستنەوەی کولتوری ڕەوەندی ھەوا. ئەو سروشتی ئارام لەسەرخۆ و ڕۆحی ڕەوەندی ھەوا بەرجەستە دەکات.[١٣] لە سەرەتای زنجیرەکەدا، ئەو تاکە مامۆستای ملکەچپێکردنی ھەوایە لە جیھاندا،[٢٥] و بەم شێوەیە وەک مامۆستای ملکەچپێکردنی ھەوای ئەڤەتار کۆرا و ڕێبەری ڕۆحی کاری کردووە.[١٣] تێنزن و پێمای ھاوسەری خاوەنی چوار منداڵن بە ناوەکانی جینۆرا، ئیکی، میلۆ و ڕۆھان. تێنزن گەورەترین بەستەرە بۆ باوکی، ئەڤەتار ئانگ.

لین بیفۆنگ[دەستکاری]

لین بیفۆنگ (北方琳) سەرۆکی ھێزی پۆلیسی کانزا ملکەچپێکەرانی شاری کۆمارە، کچی تۆف بیفۆنگ و زڕخوشکی گەورەی سوین بیفۆنگە.[١٤] لین توند و بێ سازشە، بەڵام دڵسۆز و بەتواناشە.[١٣][٢٦]

جینۆرا[دەستکاری]

جینۆرا ملکەچپێکەری ھەوا و ئەستێرەناسە. ئەو یەکەم منداڵ و کچی گەورەی تێنزن و پێمایە و نەوەی کاتارا و ئەڤەتار ئانگە. لە وەرزی دووەمەوە ڕۆڵێکی گەورەی ھەیە. بەپێچەوانەی خوشک و براکانی، جینۆرا ملکەچپێکەرێکی ھەوای ھۆشیار و خۆڕاگرە کە ئەرکی ڕۆحیی خۆی بە جددی وەردەگرێت.[٢٧][٢٨] بەپێچەوانەی باوکی، جینۆرا پەیوەندییەکی سروشتی ھەیە لەگەڵ ڕۆحەکان و دەتوانێت پەیوەندی لەگەڵ ڕۆحەکانی جیھانی ڕۆحەکان بکات لە جیھانی فیزیکییەوە. لە وەرزی دووەمدا، کاتێک کۆرا پێویستی بە چوونە ناو جیھانی ڕۆحەوە بوو بۆ داخستنی دەروازەکانی ڕۆح، جینۆرا بوو بە ڕێبەری ئەڤەتار کۆرا بۆ جیھانی ڕۆح.[٢٩][٣٠] لە کۆتایی وەرزی سێیەم، تاتۆ و ناونیشانیی ڕەوەندی ھەوای لە باوکییەوە بەدەستدەھێنێت، و ڕۆڵی ڕێبەریکردنی ملکەچپێکەرە نوێیەکانی ھەوا وەردەگرێت.[٣١] ئەو پەیوەندییەکی خۆشەویستی لەگەڵ کای لە وەرزی چوارەمدا دروست کرد.[٣٢]

کەسایەتییە پاڵپشتەکان[دەستکاری]

ئەڤەتارە ناسراوەکان[دەستکاری]

خولی ئەڤەتار، پەیڕەوی خولەکانی وەرزی کەشوھەوای زەوی دەکات، بەو پێیەی ھەر توخمێک نوێنەرایەتی وەرزێک دەکات: زستان (ئاو)، بەھار (زەوی)، ھاوین (ئاگر) و پاییز (ھەوا).

دەرکەوتنەکان لە ئەڤەتار: دوایین ملکەچپێکەری ھەوا[دەستکاری]

  • ئەڤەتار ڕۆکو یان ڕۆکۆ، ژیانی ڕابردووی ئانگە و ئەڤەتاری پێش ئانگ بووە، و ملکەچپێکەری ئاگر بوو لە شانشینی ئاگر؛ وەک ڕێبەرێکی ڕۆحی خۆی خزمەتی ئەڤەتاری دوای خۆی دەکات. لە پەڕتووکی سێیەمدا ئاشکرا دەبێت ڕۆکو باپیرەی ئورسای دایکی ئازولا و زوکۆیە و باپیرە گەورەی زوکۆ و ئازولایە.
    • فانگ ئەژدیھایەکی ماڵیی ئەڤەتار ڕۆکو بوو. فانگ لە کاتی پاراستنی ڕۆکو لە کاتی ھەڵچوونیی ئاگراوی گڕکانێک لە دوورگەی ڕۆکو گیانی لەدەستدا.
  • ئەڤەتار کیۆشی ئەڤەتاری ملکەچپێکەری زەوی بوو کە پێش ڕۆکو ئەڤەتار بوو، ٤١٢ ساڵ پێش دەستپێکردنی زنجیرەکە ڕەسەنەکە. کیۆشی بەھۆی ئەوەی کەسێکی ڕاستگۆیە و زۆرجار کەسایەتییەکەی سارد دەردەکەوێت، وەک ژنێکی مەزن پێناسە دەکرێت، خاوەنی گەورەترین پێی ھەر ئەڤەتارێکە و تا ٢٣٠ ساڵ ژیاوە، بە ئەفسانەکی گەورە دادەنرێت.
  • ئەڤەتار کوروک ئەڤەتاری پێش کیۆشی بوو. ھاوشێوەی کۆرا ئەڤەتاری ھۆزی ئاو بوو. لە سەردەمێکی ئارام و سەقامگیری جیھاندا ژیاوە. دواتر کوروک تووشی ئازار چەشتن بوو کاتێک ڕۆحی کۆھ (ڕوخسار دزەکە) ڕوخساری خۆشەویستەکەی دزی. کوروک تا کۆتایی ژیانی بە ڕاوکردنی کۆھ بەسەر برد، بەڵام نەیتوانی تۆڵە بکاتەوە. بەھۆی ئەوەی تووشی نەخۆشییەکی ڕۆحی بوو، ھێزی نەما، لە کۆتاییدا ئەمە بووە ھۆی مردنی لە تەمەنی گەنجی ٣٣ ساڵیدا.
  • ئەڤەتار یانگچین یان یانگچن وەک ئانگ ئەڤەتاری ڕەوەندی ھەوا بوو و پێش کوروک ئەڤەتار بوو. بە پێچەوانەی ئەڤەتارەکانی تر کە ئامۆژگاری ئانگیان کرد بەبێ دوودڵی پاشای ئاگر بکوژێت، یانگچین لە دوودڵی ئانگ تێگەیشت بەھۆی کولتووری ڕەوەندی ھەوا، کە جەخت لەسەر ھەڵبژاردە ئاشتیخوازەکان دەکاتەوە و دژی کوشتنە؛ بەڵام ھێشتا ئانگی ئاگادار کردەوە کە ئەرکی ئەڤەتار بۆ جیھانە، نەک ڕۆشنگەری ڕۆحی.

دەرکەوتنەکان لە ئەفسانەی کۆرا[دەستکاری]

  • وان یەکەم ئەڤەتاری نێو جیھانەکە بوو، ١٠ ھەزار ساڵ پێش سەردەمی ئەڤەتار کۆرا ژیاوە. دوای ئەوەی ھێزی ئاگر لە کیسەڵە شێرەکانی شارەکەی بەدەست دەھێنێت بۆ ڕاوکردن، بەڵام واز لە ڕاوکردنەکە دەھێنێت بۆ ئەوەی لەگەڵ چەند کەسێکی دیکەدا کۆگای خواردنەکانی دەسەڵاتدارانی شارەکە بدزن. ھەمووان ھەڵدێن بەڵام وان دەگیرێت. پاشان وان دوور دەخرێتەوە لە شارەکە بۆ ڕۆحە کێوییەکان جێ دەھێڵدرێت، بەھۆی ئەوەی ڕەتیکردووەتەوە ناسنامەی ھاوپیلانگێڕەکان ئاشکرا بکات. کیسەڵە شێرەکە ڕێگە بە وان دەدات ھێزی ملکەچپێکردنی ئاگرەکەی بمێنێتەوە. وان فێری ژیان بوو لە نێو ڕۆحەکاندا و لە مرۆڤە دوژمنکارەکان دەیانیپاراست. دوای ئەوەی فێڵی لێکرا بۆ ئازادکردنی ڕۆحی تاریکی ڤاتوو، وان یاوەری ڕۆحی ڕووناکی ڕاڤا بوو بۆ ئەوەی شوێنی ڤاتوو بکەوێت و شکستی پێبھێنێت. لە ڕێگادا وان توانای ملکەچپێکردنی سێ توخمەکەی تری ھەوا و ئاو و زەوی بەدەستھێنا، لە کۆتاییدا بوو بە یەکەم ئەڤەتار کاتێک لەگەڵ ڕۆحی ڕاڤا تێکەڵ بوو.

کەسایەتییەکانی جیھانی ڕۆح[دەستکاری]

ئەفسانەی کۆرا چەمکی ڕۆحە تاریکەکانی ناساند، ئەو ڕۆحانەی کە بەھۆی کاریگەری ڕۆحی تاریکی و ئاژاوەگێڕییەوە، ڤاتوو، ناھاوسەنگ بوون. برایان کۆنێتزکۆ ھاوکار لە دروستکردنی دیزاینەکانی زنجیرەکەدا، ڕای گەیاند کە ڕۆحەکان لە حاڵەتە جیاوازەکاندا چۆن دەردەکەون: لە دۆخی 'تاریک'دا، «زەبر و زەق و ناشرین» دەبن، لە دۆخی 'ئاشتی'دا، «نەرمتر و کەمتر ھەڕەشەئامێز» دەبن.[٣٣]

دەرکەوتنەکان لە ئەڤەتار: دوایین ملکەچپێکەری ھەوا[دەستکاری]

  • توی و لا، دوو ڕۆحی ھەستیارن، کە بە ڕێککەوت ڕۆحی مانگ (توی) و ئۆقیانوس (لا) گەشتیان کردووە بۆ جیھانی فیزیکی و لەوێ ماونەتەوە.
  • کۆھ ڕوخسار دزەکە، ڕۆحێکی دێرین و کۆنە کە ڕوخساری قوربانییەکانی دەدزێت ئەگەر لە ڕوخساریاندا دەربڕینی ھەست ھەبێت. یەکێک لە قوربانییەکانی کۆھ خۆشەویستەکەی ئەڤەتار کوروک بوو.
  • وان شی تۆنگ، ڕۆحێکی بەھێزە کە شێوەی لە کوندەبوو (کوندەبەبوو یان بایەقوش) دەچێت، کە بانگەشەی ئەوە دەکات ١٠ ھەزار شت دەزانێت کە کتێبخانەکەی ھێناوەتە نێو جیھانی فیزیکی تا خەڵکی سوود لە زانیارییەکانی وەربگرن، بەڵام لە ئەنجامی فێربوونی ژاو دەربارەی ڕۆحی ئۆقیانوس و مانگ، وان شی تۆنگ لە مرۆڤەکان بێھیوا بوو بەھۆی بەکارھێنانی زانیارییەکانی لە شەڕەکاندا.
  • کیسەڵە شێرەکان، بوونەوەری زەبەلاحی تێکەڵاوی شێر و کیسەڵن کە قەبارەیان ھێندەی دوورگەیەکی بچووک دەبێت. ئەوان سەرچاوەی ملکەچپێکردنی توخمەکانن، ھەر کیسەڵێکی شێر نوێنەرایەتی توخمێکی دیاریکراو دەکات، و بەمجۆرە تەنھا دەتوانێت ملکەچپێکردنی پەیوەست بەو توخمە ببەخشێت.

دەرکەوتنەکان لە ئەفسانەی کۆرا[دەستکاری]

  • ڕاڤا و ڤاتوو، ڕۆحی سەرەتایی ھاوسەنگی و ئاشتی و ڕووناکیین؛ و لە ئاژاوە و ململانێ و تاریکی. ڤاتوو نیوەکەی تری ڕاڤایە و ڕاڤا نیوەکەی تری ڤاتووە، ھەردووکیان تەواوکەری یەکدین.
  • ڕۆحی ئەی ئەی، ڕۆحێکی پارێزەرە کە ئەڤەتار وان بۆ یەکەمجار دوای دوورخستنەوەی بۆ ناو دارستانی ڕۆحەکان، بینی.

کۆماری یەکگرتووی نەتەوەکان[دەستکاری]

کۆماری یەکگرتووی نەتەوەکان دەوڵەتێکی سەروەرە کە لەلایەن ئەڤەتار ئانگ و پاشای ئاگر، زوکۆ دوای ڕووداوەکانی زنجیرە ڕەسەنەکە وەک پەناگەیەک بۆ کۆچبەرانی ھەر چوار نەتەوەکە دامەزراوە. پایتەختەکەی شاری کۆمارە، کە شێوازی دیزاینەکەی لە ساڵانی ١٩٢٠ ئیلھام وەرگیراوە. دانیشتووانەکەی بە شێوەیەک داڕێژراون کە ڕەنگدانەوەی فرە کولتوری شارەکە بن، وەکو ئاگر ملکەچپێکەر ماکۆ و زەوی ملکەچپێکەر بۆڵین.[١٧]

دەرکەوتنەکان لە ئەفسانەی کۆرا[دەستکاری]

  • سەرۆک ڕایکۆ خەڵکی شاری کۆمارە و یەکەم سەرۆکی کۆماری یەکگرتووی نەتەوەکانە کە بە شێوەیەکی دیموکراسی ھەڵبژێردراوە.[٣٤]
  • سێر ئیکنیک بلاکستۆن ڤاریک ناسراو بە ڤاریک ملیاردێرێکی کەشتیوانیی ناملکەچپێکەری سەرنجبەر و ھاندەرە. ڤاریک لە ھۆزی ئاوی باشوور لەدایکبووە، پیشەسازی جیھانی ڤاریکی دامەزراندووە کە کۆمپانیایەکی جیھانییە، ڤاریک ھەمیشە بەدوای ڕێگایەکدا دەگەڕێت بۆ فراوانکردنی ئیمپراتۆرییەتییە بازرگانییەکەی.[٣٥] ڤاریک چێژ لە یاری دەبینێت و ئارەزووی سەیرکردنی یارییە گەورەکانی ھەیە. ھاوکارێکی ھەیە بە ناوی ژوو لی، کە دواتر دەبێتە ھاوسەری.[٣٦]
  • ژوو لی یان ژولی کەسێکی ناملکەچپێکەرە و خەڵکی شاری کۆمارە. سەرەتا وەک کارەکتەری بچووک ناسێندرا کە یاریدەدەر، ھاوکار و ڕاوێژکاری ڤاریک بوو کە وەک یارمەتیدەرێکی کۆمیدی کاری دەکرد، ڕۆڵی گێڕانەوەی ژوو لی لە وەرزی چوارەمدا زۆر فراوانتر دەبێت کاتێک بە ڕواڵەت خیانەت لە ڤاریک دەکات بۆ ئەوەی کار بۆ کوڤیرا بکات وەک فێڵێک بۆ تێکدانی چەکە بەھێزەکەی کوڤیرا.[٢٦] لە وەرزی چوارەمدا، دواجار ژوو لی ھاوسەرگیری لەگەڵ ڤاریکدا دەکات.[٣٧][٣٨] و دواتر وەک سەرۆکی نوێی کۆماری یەکگرتووی نەتەوەکان ھەڵدەبژێردرێت، لە شوێنی سەرۆک ڕایکۆ.[٣٩]
  • ژەنەڕاڵ ئایرۆی دووەم گەنجترین ژەنەڕاڵە لە مێژووی ھێزەکانی کۆماری یەکگرتووی نەتەوەکان و فەرماندەی یەکەی یەکەمی ھێزی دەریایییە. کوڕی پاشا ئیزومی ئاگرە کە کچی پاشا زوکۆیە. ئایرۆ، ناوی لە مامی باپیرەیەوە ناونراوە کە ناوی ئایرۆیە.
  • تارلۆک نوێنەری ھۆزی ئاوی باکوور بوو لە ئەنجومەنی کۆماری یەکگرتووی نەتەوەکان و ھەروەھا وەک سەرۆکی ئەو ھۆزە کاری کردووە. ئەو کوڕی یاکۆنە، سەرکردەیەکی تاوانبارە لە سەردەمی ئانگدا.

شانشینی زەوی[دەستکاری]

دەرکەوتنەکان لە ئەڤەتار: دوایین ملکەچپێکەری ھەوا[دەستکاری]

  • پاشای زەوی کویی، ٥٢ھەمین پاشای خانەدانی ھوو-تینگە لە شانشینی زەوی.
  • ھارۆ دانیشتووی شانشینی زەوییە، کە لەگەڵ سۆکا، ئانگ و کاتارا لە پەڕتووکی یەکەمدا یەک دەگرن، یارمەتی دەدەن لە ئازادکردنی باوکی و خەڵکانی تری شانشینی زەوی لە نەتەوەی ئاگر. لە پەڕتووکی سێیەمدا، دووبارە دەردەکەوێتەوە لە داگیرکردنی شانشینی ئاگر لەگەڵ کارەکتەرەکانی تر.
  • تایرۆ ملکەچپێکەرێکی زەوییە و باوکی ھارۆیە.
  • میکانیکەکە داھێنەرێکی زیرەکە لە شانشینی زەوی، کە وای کرد خەڵکەکەی لە پەرستگای ھەوای باکووری چۆڵکراودا نیشتەجێ بن کاتێک گوندەکەیان بەھۆی لافاوێکەوە وێران بوو. تواناکانی سەرنجی نەتەوەی ئاگر ڕادەکێشن و ناچار دەکرێت بۆ پەرەپێدانی ژمارەیەک ئامێر، ئەو خۆی ڕزگار دەکات لە نەتەوەی ئاگر و یارمەتی ئانگ دەدات.
  • تیۆ کوڕی میکانیکەکەیە، کە بەھۆی لافاوەوە ئیفلیج بووە و خاوەن پێداویستی تایبەتە. کوڕێکی دڵسۆز، ڕێزدار و ڕاستگۆیە و دەبێتە ھاوڕێی ئانگ.
  • لۆنگ فینگ سەرکردەی باڵای ھەواڵگیری با سینگ سێیە و ڕاوێژکاری پاشای زەوییە، و دژبەری لاوەکی پەڕتووکی دووەم بێت.
  • دای لی پۆلیسی نھێنی و جێبەجێکاری کولتووری با سینگ سێن، لەژێر دەسەڵاتی لۆنگ فینگ و پاشان ئازولا کاریان دەکرد.
  • لاو بیفۆنگ بازرگان و دەوڵەمەندێکی بەناوبانگە و باوکی تۆفە.
  • پووپی بیفۆنگ دایکی تۆفە.
  • پوورە وو ھاووڵاتییەکی بەتەمەن بوو لە گوندی ماکاپۆ کە وەک پێشبینیکەر کاری دەکرد. خەڵکی ماکاپۆ زۆر متمانەیان بە تواناکانی ھەبوو.
  • ئۆما و شوو یەکەمین مرۆڤن کە لەلایەن مشکە کوێرەکانی زەوییەوە فێری ملکەچپێکردنی زەوی بوون.

دەرکەوتنەکان لە ئەفسانەی کۆرا[دەستکاری]

  • ژەنەڕاڵ کوڤیرا شارەزایەکی کانزا ملکەچپێکردنە و خراپەکاری سەرەکی وەرزی چوارەمی زنجیرەی ئەفسانەی کۆرایە. دوا بەدوای ئاژاوەگێڕییەکانی شانشینی زەوی و دوای تیرۆرکردنی شاژنی زەوی، کوڤیرا بە سەقامگیرکردنی با سینگ سێ متمانەی سەرکردەکانی جیھانی بەدەستھێنا و وەک سەرکردەی کاتی شانشینەکە دەستنیشان کرا. دواتر دەستی کرد بە یەکخستنی زۆرەملێی ھەرێمەکانی تری شانشینە پەرتەوازەبووەکە لەگەڵ سوپاکەی؛ بەڵام دوای ئەوەی لە شاری کۆمار شکستی ھێنا و زیندانی کرا، سەردەمی حوکمڕانییەکەی کۆتایی ھات.
  • شاژنی زەوی ھوو تینگ ٥٣ھەمین پاشای شانشینی زەوی و کچی پاشای زەوی، کویی بوو. ھوو تینگ فەرمانڕەوایەکی ستەمکار بوو کە ستەمی لە ھاووڵاتیانی خۆی دەکرد و پۆلیسی نھێنی دای لی بەکاردەھێنا بۆ نەھێشتنی ناڕازییەکان. لەلایەن زاھیرەوە تیرۆرکرا.
  • شازادە وو کوڕەزای گەورەی شاژنی زەوی کۆچکردوو ھوو تینگ و نەوەیەکی گەورەی پاشای پێشووی زەوی، کوییە. دوای مردنی شاژنی زەوی لەسەر دەستی زاھیر لە وەرزی سێیەمدا، شازادە وو دەستنیشان کرا بۆ تەختی پاشایەتی شانشینی زەوی.

نەتەوەی ئاگر[دەستکاری]

دەرکەوتنەکان لە ئەڤەتار: دوایین ملکەچپێکەری ھەوا[دەستکاری]

  • پاشا ئۆزای ئاگر، فەرمانڕەوای نەتەوەی ئاگر بوو، کوڕی دووەمی ئازۆلۆن و ئیلا بوو، برا بچووکی ژەنەڕاڵ ئایرۆ، باوکی زوکۆ و ئازولا و دژبەر و کەسایەتی سەرەکی زنجیرەکە بوو. زۆرجار وەک کەسێکی دڕندە و بێبەزەیی و ھەروەھا سارد و دڵ ڕەق وێنا دەکرێت.
  • پاشا سۆزینی ئاگر یان سوزین، پاشای ئاگر بوو کە شەڕی ١٠٠ ساڵەی لەگەڵ نەتەوەکانی تر دەستپێکرد، و باپیرە گەورەی زوکۆ و ئازولا بوو.
  • مەی، کچێکی گەنجی بێدەنگ و بێزار و خۆڕاگرە کە لەگەڵ تای لی ھاوڕێ و ھاوبەشی ئازولایە؛ بەڵام لە کۆتا وەرزی زنجیرە ڕەسەنەکە لە ئازولا جیادەبێتەوە.
  • تای لی، کچێکی دڵخۆش و وزەبەخشە کە لەگەڵ مەی ھاوڕێی منداڵی و ئازولا تیمێکیان پێکھێناوە؛ لە پەڕتووکی سێیەم تیمەکەیان ھەڵدەوەشێتەوە.
  • ژەنەڕاڵ ژاو، دەریاوان و ژەنەڕاڵ بوو لە نەتەوەی ئاگر و بەدوای ئەڤەتاردا دەگەڕا، کە یەکەم ڕکابەری زوکۆیە و دژبەری لاوەکی پەڕتووکی یەکەمە.
  • شاژنە ئورسا، دایکی زوکۆ و ئازولا و ھاوسەری پێشووی پاشای ئاگر، ئۆزایە، و نەوەی ئەڤەتار ڕۆکویە. لەکاتێکدا دەرکەوتنی کەمی لە زنجیرەکەدا ھەبووە، بەڵام چیرۆکی ئورسا لە کۆمیکەکانی دواتردا فراوانتر کراوە.
  • پاشا ئازولۆنی ئاگر، کوڕی سۆزین و باوکی ئۆزای و ئایرۆ بوو. ئەو لەلایەن ئۆزای کوڕییەوە کوژرا لە ھەوڵێکدا بۆ ھەڵوەشاندنەوەی مافی بوون بە پاشای ئاگری ئایرۆ، دوای ئەوەی پێیوابوو ئایرۆ بۆ ئەو پۆستە ناگونجێت بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کوڕەکەی، لو تینی لەدەستداوە و ھیچ میراتگرێکی نییە.
  • شازادە لو تین، تاکە کوڕ و میراتگری ژەنەڕاڵ ئایرۆ بوو، ئامۆزای ئازولا و زوکۆ بوو، و کوڕەزای ئۆزای بوو. مردنی لە گەمارۆدانی با سینگ سێ ٥ ساڵ لەمەوبەر (بەپێی ناوەڕۆکی زنجیرە ڕەسەنەکە)، بووە ھۆی ئەوەی ئۆزای بڕیاری لابردنی ئایرۆ وەک میراتگری تەختی پاشایەتیی نەتەوەی ئاگر بدات.

دەرکەوتنەکان لە ئەفسانەی کۆرا[دەستکاری]

  • پاشا ئیزومی ئاگر، تاکە کچی زوکۆیە، و دایکی ئایرۆی دووەمە، کە ژەنەڕاڵە لە ھێزە یەکگرتووەکان. لە زنجیرەی ئەفسانەی کۆرا پاشای ئاگرە.

ھۆزەکانی ئاو[دەستکاری]

دەرکەوتنەکان لە ئەڤەتار: دوایین ملکەچپێکەری ھەوا[دەستکاری]

  • سەرۆک ھاکۆدا، باوکی کاتارا و سۆکایە و سەرۆکی ھۆزی ئاوی باشوورە. زۆربەی داھێنانەکانی سۆکا لە زنجیرەکەدا دەگەڕێتەوە بۆ ئامۆژگاری و فێرکارییەکانی ھاکۆدا. ھاکۆدا پێش دەستپێکردنی زنجیرە ڕەسەنەکە دەچێت بۆ شەڕ دژی نەتەوەی ئاگر، دواتر دەرکەوتەوە لە پەڕتووکی سێیەمدا و سەرکردایەتی لەشکرکێشی سەر نەتەوەی ئاگری کرد.
  • شازادە یوو، کچی ئارنۆک، سەرۆک ھۆزی ئاوی باکوورە. کاتێک یوو لە کاتی لەدایکبوونیدا نزیک بوو لە مردن، باوکی داوای لە ڕۆحی مانگ کرد کە ژیانی ڕزگار بکات. لە پەڕتووکی یەکەمدا وەک کچێکی شازدە ساڵان دەردەکەوێت کە دەستگیرانی جەنگاوەر ھانە؛ بەڵام عاشقی سۆکا دەبێت. کاتێک ڕۆحی مانگ لەلایەن ژەنەڕاڵ ژاوەوە دەکوژرێت، یوو دەستبەرداری ڕۆحی مانگ دەبێت بۆ ئەوەی ببێتە ڕۆحی مانگی نوێ، وەک چۆن ڕۆحی مانگ پێشتر ژیانی خۆی پێ بەخشیوە.
  • کیا، خێزانی ھاکۆدا و دایکی سۆکا و کاتارا بوو.
  • کانا، داپیرە گەورەی سۆکا و کاتارا بوو.
  • باتۆ، ھاوڕێی نزیکی ھاکۆدایە، و جەنگاوەرێکی ھۆزی ئاوی باشوورە. یەکەم لە دەرکەوتنی لە پەڕتووکی یەکەمدایە، دواتر لە پەڕتووکی سێیەم دووبارە دەردەکەوێتە لەکاتی لەشکرکێشی سەر نەتەوەی ئاگر.
  • سەرۆک ئارنۆک، سەرۆک ھۆزی ئاوی باکوور بوو لە سەردەمی ئانگدا، و باوکی شازادە یوو بوو.
  • ھاما، ژنێکی بەساڵاچووی خراپەکار بوو کە لە نەتەوەی ئاگر دەژیا. ئەو خاوەن خانوویەک بوو کە شوێنی مانەوەی بۆ تیمی ئەڤەتار پێشکەش کرد. دواھەمین ملکەچپێکەر بووە لە ھۆزی ئاوی باشوور، و ھاوڕێی منداڵی کانا (داپیرەی کاتارا و سۆکا) بووە پێش ئەوەی لەلایەن نەتەوەی ئاگرەوە بە دیل بگیرێت. ئەو توانی بە پەرەپێدانی تەکنیکێک بە ناوی ملکەچپێکردنی خوێن توانی لە زیندان ڕزگاری بێت.

دەرکەوتنەکان لە ئەفسانەی کۆرا[دەستکاری]

  • تۆنراک یان تۆنراق ملکەچپێکەرێکی ئاویی بەھێزە و سەرۆکی ئێستای ھۆزی ئاوی باشوورە (بەپێی زنجیرەی ئەفسانەی کۆرا و کۆمیکەکانی دواتری)، ھەروەھا باوکی ئەڤەتار کۆرایە. وەک میراتگری سەرکردەی ھەردوو ھۆزە ئاوییەکان لەدایک بووە، براگەورەی ئۆنالاقە. لە ھۆزی ئاوی باکوور گەورە بووە، تۆنراک لە گەنجیدا وەک ژەنەڕاڵێکی سەربازی باکوور خزمەتی کردووە.[١٩]
  • ئۆنالاق یان ئونەلاق مامۆستایەکی ملکەچپێکەری ئاو بوو، سەرۆکی ھۆزی ئاوی باکوور و باشوور، برا بچووکی تۆنراق و مامی کۆرا بوو. خاوەنی دوو منداڵی دوانە بوو بە ناوەکانی دێسنا و ئێسکا.[٤٠] ئۆنالاق پیاوێکی ڕۆحی بوو، بۆ ماوەیەکی کورت وەک ڕاھێنەری ڕۆحیی کۆرا کاری کرد.[٤١]
  • کیا دووەمین منداڵی ئەڤەتار ئانگ و کاتارایە و تاکە کچیانە، ھەروەھا تاکە منداڵی ملکەچپێکەری ئاوە لە نێوان دوو منداڵەکەی تری ئانگ و کاتارا. مامۆستایەکی ملکەچپێکردنی ئاو و چارەسەرکەرێکی ئاوییە، کیا ھەمیشە ھەستی بە پەیوەندییەکی بەھێزتر کردووە لەگەڵ دایکیدا لە چاو باوکی.[٤٢] کیا و بوومی برا گەورەکەی ھەستیان بە پشتگوێخستن کرد لەلایەن ئەڤەتار ئانگی باوکیانەوە، کە سەرنجی زیاتر لەسەر تێنزن بووە.[٤٣]
  • شازادە دێسنا و شازادە ئێسکا دوو شازادە منداڵی دووانەن[٤٤] ملکەچپێکەری ئاون و منداڵی سەرۆک ھۆز، ئۆنالاقن لە ھۆزی ئاوی باکوور، و ئامۆزای ئەڤەتار کۆران.[٣٥][٤٥] دوای مردنی باوکیان وەک سەرۆکی ھۆزەکانی ئاوی باکوور شوێنی دەگرنەوە.[٤٦]

ڕەوەندی ھەوا[دەستکاری]

پێش جینۆسایدەکە، ملکەچپێکەرانی ھەوا گەلێکی تێکاڵاو و کۆچەری بوون و لە چوار پەرستگای ھەوا پێکھاتبوون. چوار پەرستگاکە لەلایەن ئەنجومەنێکی پیران بەڕێوەدەبرا. لقەکانی پەرستگای ھەوای باکوور و باشوور تەنیا لە ڕەگەزی نێر بوون، بەڵام پەرستگاکانی ڕۆژھەڵات و ڕۆژاوا تەنیا لە ڕەگەزی مێ بوون.

دوای جینۆسایدەکە، بۆ پاراستنی کولتوری ھەوا ملکەچپێکەرە لەناوچووەکان، ئەڤەتار ئانگ گرووپی ئایکۆلایتەکانی دامەزراند؛ گرووپەکە بە پلەی یەکەم لە کەسانی ناملکەچپێکەری شانشینی زەوی پێکھاتبوون کە فەلسەفە و نەریتەکانی ملکەچپێکەرانی ھەوای ڕەسەنیان پەرەپێدەدا.

دەرکەوتنەکان لە ئەڤەتار: دوایین ملکەچپێکەری ھەوا[دەستکاری]

  • ڕەبەن گیاتسۆ (مۆنک یان ڕەبەن، کەسایەتییەکی ڕۆحیی ڕەوەندەکانی ھەوایە) ئەندامی ئەنجومەنی پیرانە لە پەرستگای ھەوای باشوور کە ١٠٠ ساڵ پێش نمایشەکە لەلایەن ملکەچپێکەرانی ئاگر کوژرا. لە پەڕتووکی یەکەمدا وەک پارێزەر و ھاوڕێیەکی نزیکی ئەڤەتار ئانگ دەردەکەوێت.[٤٧] ھەروەھا لە پەڕتووکی سێیەم ئاشکرا دەبێت کە ھاوڕێیەتییەکی بەھێزی لەگەڵ ئەڤەتاری پێشووتر، ڕۆکو ھەبووە.
  • گامێشە فڕیوەکان ملکەچپێکەرانی ھەوای ڕەسەنن. گامێشە فڕیوەکان تەنھا کاتێک دەتوانن دەست بە فڕین بکەن کە تەمەنیان زیاتر لە ١ بۆ ٢ مانگ بێت. گامێشە فڕیوە ماڵییەکان. خۆیان ئەندامانی ڕەوەندی ھەوا وەک خاوەنیان ھەڵدەبژێرن، و دواتر دەبنە باشترین ھاوڕێی ئەو کەسە بۆ ھەتا ھەتایە. ئاپا ئەندامی لەم جۆرەیانە.

دەرکەوتنەکان لە ئەفسانەی کۆرا[دەستکاری]

  • ئیکی دووەم منداڵی و کچی بچووکی تێنزن و پێمایە، نەوەی کاتارا و ئەڤەتار ئانگە. کەسایەتییەکی باش و وزەبەخشی پێدراوە، سەرەڕای تەمەنە بچووکەکەی، ڕۆڵی باشی ھەیە لە زنجیرەی ئەفسانەی کۆرا.[٤٨][٤٩]
  • میلۆ سێیەم منداڵ و کوڕی گەورەی تێنزن و پێمایە، نەوەی کاتارا و ئەڤەتار ئانگە. میلۆ بە پلەی یەکەم وەک کەسایەتی کۆمیدی سەیر دەکرێت.[٥٠]
  • بوومی یەکەم منداڵ و کوڕە گەورەی ئەڤەتار ئانگ و کاتارایە. لە بنەڕەتدا ناملکەچپێکەر بوو بوو، دواتر توانای ملکەچپێکردنی ھەوای لە وەرزی سێیەمدا بەدەستھێنا. پێش خانەنشین بوونی فەرماندەیەکی ھێزە یەکگرتووەکان بووە.[٥١] ناوی لە ھاوڕێی منداڵی ئانگ شا بوومی ناونراوە.
  • ئۆپاڵ ئەندامێکی نوێی ڕەوەندی ھەوایە و کچی سوین بیفۆنگ و بەتارە، خوشکەزای لین بیفۆنگ و نەوەی تۆف بیفۆنگ.

شاری کانزا[دەستکاری]

زاوفو یان زاوفۆ دەوڵەتە شارێکی خاوەن سەروەرییە. شارێکی پێشکەوتووخوازی کانزا ملکەچپێکەرانە،[٥٢] شوێنی کەسایەتییە ملکەچپێکەرانی کانزایە و لەلایەن بنەماڵەی بیفۆنگەوە دامەزراوە و بەڕێوەدەبرێت. بە سەلامەتترین و ئاوەدانترین شار لە جیھاندا دادەنرێت، شارەکە بەتەواوی لە کانزا دروست کراوە.

  • سوین بیفۆنگ بە دایکی زاوفۆ ناسراوە، کچی بچووکی تۆف بیفۆنگ و زڕخوشکی لینە. سوین ھاوسەرگیری لەگەڵ ئەندازیا و تەلارسازێک کردووە بە ناوی بەتار و پێنج منداڵی لێی ھەیە، بە ناوەکانی بەتار جۆنیۆر، ئۆپاڵ، ھوان، وی و وینگ.[٥٢]
  • بەتار تەلارساز و ئەندازیارێکە، و ھاوسەری سوین بیفۆنگە، و خاوەنی پێنج منداڵن. یارمەتیدەر بوو لە دروستکردنی شاری کانزای زاوفۆ.
  • بەتار جۆنیۆر کوڕە گەورەی سوین بیفۆنگ و بەتارە، دەستگیرانی پێشووی کوڤیرایە، و ئەندازیاری سەرەکی زاوفۆیە و بەرپرسیارە لە دروستکردنی دیزاینە تەلارسازییەکانی باوکی.
  • بەتار جۆنیۆر کوڕە گەورەی سوین بیفۆنگ و بەتارە، و دەستگیرانی پێشووی کوڤیرایە و ئەندازیاری سەرەکی زاوفوە، بەرپرسیارە لە دەرکردنی دیزاینە تەلارسازییەکانی باوکی. دوای کوشتنی شاژنی زەوی ھوو تینگ و دواتر ناسەقامگیربوونی شانشینی زەوی، لەگەڵ کوڤیرا زاوفۆی بەجێھێشت بۆ ئەوەی شانشینەکە یەکبخاتەوە.
  • ھوان دووەم کوڕە گەورەی سوین و بەتارە. وەک پەیکەرتاشێک تواناکانی ملکەچپێکردنی کانزا بەکاردەھێنێت بۆ دروستکردنی پەیکەر، کە لە باخچەکانی زاوفۆدا نمایشی دەکات.
  • وی و وینگ کوڕە دووانەکانی سوین و بەتارن.

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  1. ^ Farley, Christopher John (March 8, 2011). "'The Last Airbender: Legend of Korra': The Creators Speak". The Wall Street Journal. Archived from the original on May 24, 2012. Retrieved May 31, 2022.
  2. ^ DiMartino, Michael Dante; Konietzko, Bryan (2006). "In Their Elements". Nickelodeon Magazine (Winter 2006): 6.
  3. ^ Mason, Tom; Dan Danko (2006). The Lost Scrolls: Air (Avatar: the Last Airbender). Simon Spotlight/Nickelodeon. ISBN 1-4169-1879-5.
  4. ^ Robinson, Tasha (March 7, 2006). "Avatar: The Last Airbender". Sci-Fi Weekly. p. 2. Archived from the original on August 21, 2008. Retrieved February 15, 2008.
  5. ^ Britt, Aaron (August 8, 2008). "On Language: Avatar". The New York Times. Retrieved November 30, 2008.
  6. ^ DiMartino, Michael Dante; Konietzko, Bryan (2006). "Myth Conceptions". Nickelodeon Magazine (Winter 2006): 7.
  7. ^ "avatarmag1_scan38.jpg". Musogato.com. Retrieved 2012-04-25. ٢٧ی نیسانی ٢٠١٢ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە.
  8. ^ Director: Lauren MacMullan, Writer: Michael Dante DiMartino. Avatar: The Last Airbender. Nickelodeon. 2005-02-25. No. 3, season 1.
  9. ^ Avatar Extras stated this in the episode "The Southern Air Temple"
  10. ^ The Waterbending Scroll
  11. ^ The Swamp
  12. ^ Lee, Henry and Harry A. White (March 17, 1992). "Secrets of Southern Praying Mantis — Henry Poo Yee's story". Kung Fu Magazine. Retrieved March 17, 2009.
  13. ^ ئ ا ب پ ت ج چ "The Legend of Korra Press Site - Character descriptions". NickPress. March 2012. Archived from the original on April 11, 2012. Retrieved October 7, 2019. ١١ی نیسانی ٢٠١٢ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە.
  14. ^ ئ ا ب Blumenfeld, Zach (June 21, 2016). "The 20 Best Characters From The Avatar Universe". Paste. Retrieved May 31, 2022.
  15. ^ "The Legend of Korra: Characters: Naga". Nickelodeon. 2013. Archived from the original on September 5, 2013.
  16. ^ Funk, Matthew (May 6, 2016). "The Top 10 Free Comic Book Day 2016 Comics You Need To Read". Syfy. ٧ی ئابی ٢٠٢١ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە.
  17. ^ ئ ا ب پ DiMartino, Michael Dante; Konietzko, Bryan; Dos Santos, Joaquim (July 17, 2013). The Legend of Korra: The Art of the Animated Series--Book One: Air. Dark Horse Comics. ISBN 978-1-61655-168-1.
  18. ^ ئ ا ب پ Price, Isaac (August 8, 2016). "Avatar Vs. Korra". Odyssey.
  19. ^ ئ ا Mammano, Michael S. (November 22, 2013). "The Legend of Korra Book Two Finale Review: Darkness Falls/Light in The Dark". Den of Geek.
  20. ^ "The Legend of Korra: Characters: Bolin". Nickelodeon. 2013. Archived from the original on September 5, 2013.
  21. ^ "The Legend of Korra: Characters: Pabu". Nickelodeon. 2013. Archived from the original on September 5, 2013.
  22. ^ ئ ا ""Legend of Korra" Panel at ComicCon 2011". racebending.com. July 28, 2011.
  23. ^ Konietzko, Bryan (September 28, 2012). "Years ago, on the Avatar production, ..." Tumblr.
  24. ^ "The Legend of Korra: Characters: Asami". Nickelodeon. 2013. Archived from the original on September 5, 2013.
  25. ^ Fisher, Natalie (August 7, 2015). "Celebrity voices you might have missed in 'Avatar: The Last Airbender' and 'Legend of Korra'". Hypable.
  26. ^ ئ ا Basile, Nancy (October 10, 2016). "Celebrating Legend of Korra's Best Moments Ever". Comic Book Resources.
  27. ^ Clow, Mitchel (September 22, 2013). "SeptBender: The best 'The Legend of Korra' minor characters (GIFs)". Hypable.
  28. ^ Davis, Lauren (October 25, 2014). "Aang's Grandkids Get Their Own Adventure On Legend Of Korra". io9.
  29. ^ Mammano, Michael S. (November 1, 2013). "The Legend of Korra: The Guide, Review". Den of Geek. Retrieved May 31, 2022.
  30. ^ Sava, Oliver (November 1, 2013). "The Legend Of Korra: "The Guide"". The A.V. Club. Retrieved May 31, 2022.
  31. ^ Sava, Oliver (August 22, 2014). "The Legend Of Korra: "Into The Void"/"Venom Of The Red Lotus"". The A.V. Club. Retrieved May 31, 2022.
  32. ^ Nicholson, Max (July 11, 2014). "The Legend Of Korra: "In Harm's Way" Review". IGN.
  33. ^ DiMartino, Michael Dante; Konietzko, Bryan; Dos Santos, Joaquim (September 3, 2014). The Legend of Korra: The Art of the Animated Series--Book Two: Spirits. ISBN 978-1-61655-462-0.
  34. ^ Konietzko, Bryan (October 23, 2014). "Legend of Korra Live Community Q&A: Michael Dante DiMartino and Bryan Konietzko". Fandom. Retrieved May 31, 2022.
  35. ^ ئ ا Sims, Chris (July 1, 2013). "'The Legend of Korra: 'Enhanced Experience' Reveals New Characters from Book 2". ComicsAlliance.[بەستەری مردوو]
  36. ^ "The Legend of Korra: Characters: Varrick". Nickelodeon. 2013. Archived from the original on September 2, 2013.
  37. ^ Ferrell, Kaci (December 14, 2014). "The Legend Of Korra season 4 episode 11 review: Kuvira's Gambit". Den of Geek. Retrieved May 31, 2022.
  38. ^ Davis, Lauren (December 20, 2014). "Legend Of Korra's Finale Again Proves It's One Of The Best Shows On TV". Gizmodo. Retrieved May 31, 2022.
  39. ^ The Legend Of Korra - Ruins Of The Empire: Part One
  40. ^ "The Legend of Korra: Characters: Unalaq". Nickelodeon. 2013. Archived from the original on September 5, 2013.
  41. ^ Sava, Oliver (August 2, 2014). "The Legend Of Korra: "The Stakeout"". The A.V. Club. Retrieved May 31, 2022.
  42. ^ "The Legend of Korra: Characters: Kya". Nickelodeon. 2013. Archived from the original on September 5, 2013.
  43. ^ "Korra and Asami Are Getting Bi: Turf Wars Part 1 Review". The Geekiary. August 15, 2017.
  44. ^ D, Eddie (September 13, 2013). "Avatar: The Legend of Korra Season 2 Premiere: Rebel Spirit – Recap and Highlights". The Geekiary.
  45. ^ "Characters: Eska & Desna". Nickelodeon. Viacom International Inc. 2013. Archived from the original on October 14, 2013.
  46. ^ Miranda, Kitin (October 22, 2014). "The Legend of Korra Recap: The Coronation". Movie News Guide. Archived from the original on January 31, 2018. ٣١ی کانوونی دووەمی ٢٠١٨ لە Archive.is، ئەرشیڤ کراوە
  47. ^ "Monk Gyatso (Character) - Quotes". IMDb. Archived from the original on 2016-03-07.
  48. ^ Pahle, Rebecca (March 10, 2016). "The Legend of Korra: "The Calling"". The Mary Sue.
  49. ^ Sava, Oliver (October 24, 2014). "The Legend Of Korra: "The Calling"". The A.V. Club. Retrieved May 31, 2022.
  50. ^ Knode, Mordicai (June 6, 2012). "Team Avatar Rides! The Legend of Korra: "When Extremes Meet"". Tor.com.
  51. ^ "The Legend of Korra: Characters: Bumi". Nickelodeon. 2013. Archived from the original on September 5, 2013.
  52. ^ ئ ا Minor, Jordan (November 20, 2016). "The Best Side Characters from the World of Avatar". Geek.com. Archived from the original on October 30, 2018. Retrieved February 8, 2018. ٣٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٨ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە.

بەستەرە دەرەکییەکان[دەستکاری]