کارڵ گۆستاف یۆنگ

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
Jump to navigation Jump to search
کارڵ گۆستاف یۆنگ
CGJung.jpg
وێنەیەکی یۆنگ، بەروار نەزانراو
لەدایکبوون کارڵ گۆستاف یۆنگ
(١٨٧٥-0٧-٢٦) ٢٦ی تەممووزی ١٨٧٥
کێسویل، سویسرا
مردن ٦ی حوزەیرانی ١٩٦١(١٩٦١-06-0٦) (٨٥ ساڵ ژیاوە)
زیورخ، سویسرا
بوارەکان دەروونپزیشکی، دەروونناسی، دەرونناسی شیکاری
خوێندی باڵا زانکۆی بازڵ
ناسراوە بەھۆی دەرونناسی شیکاری، جۆرە دەرونیەکان، گرێی دەرونی، نمونەی یەکەمی، ھاوکاتی، پێرسۆنا، ئەنیما و ئەنیمەس
گاریگەرییەکان یۆگن بلولەر، زیگمۆند فرۆید، فریدریش نیچە، ئارتەر شۆپنھاوەر
گاریگەربوون جۆسێف کامبڵ، ھێرمان ھیسە، جۆردن پێترسن، ئالان واتس
ھاوسەر ئێما یۆنگ
واژوو

کارڵ گۆستاف یۆنگ (١٨٧٥-١٩٦١) دەرونشیکار و دەرونپزیشکێکی سویسری بوو کە دەرونناسی شیکاری داھێنا، کارەکانی یۆنگ تەنھا لە دەرونپزیشکیدا کاریگەریان نەبوو بەڵکو لە توێژینەوە مرۆڤناسی و شوێنەوارناسی و وێژە و فەلسەفە و ئایینیەکانیشدا سودیان لێوەرگیراوە، لە ساڵی ١٩٠٦ لەگەڵ فرۆیددا دۆستایەتی کەوتۆتە نێوانیان تاوەکو ساڵی ١٩١٤ ھاوڕێبوون بەڵام بەھۆی جیاوازی بۆچونەوە جیابونەتەوە، بەشێکی زۆری کارەکانی یۆنگ تا دوای مردنی بڵاونەکراونەتەوە و ھەندێکیان تا ئێستاش بڵاونەکراونەتەوە.

یۆنگ چەند دەستەواژەیەکی زۆر گرنگ و نوێی ھێنایە نێو دونیای دەرونناسیەوە وەکو پێرسۆنا و جۆرە دەروونیەکان و ھاوکاتی و گرێی دەرونی و دەروونگەرایی و کۆمەڵگەرایی

ژیان[دەستکاری]

خانەوادە[دەستکاری]

کارڵ گۆستاف یۆنگ لە کیسویلی سویسرا لە دایک بووە لە ٢٦ی تەمموزی ١٨٧٥ دەکاتە دووەمین کوڕی خانەوادەی پاوڵ ئاچلیس یۆنگ (١٨٤٢ - ١٨٩٦) و ئیمیلی پریسویک (١٨٤٨ - ١٩٢٣)، یەکەمین منداڵی خانەوادەکە لە ساڵی ١٨٧٣ لەدایکبوو کوڕ بوو ناوی لێنرا پاوڵ بەڵام دوای چەند ڕۆژێک لە ژیان کۆچی دوایی کرد[١][٢]، خانەوادەی یۆنگ خانەوادەیەکی ئایینی بوو. باوکی یۆنگ قەشە بوو ھەروەھا دایکی یۆنگ بچوکترین منداڵی خانەوادەیەکی قەرەباڵغ بوو کە باوکی ناوی ساموێل پریسویک بوو لە بازڵ قەشە بوو.[٣]

کاتێک یۆنگ شەش مانگ بوو لەگەڵ دایک و باوکیدا چوون بۆ لاوفن و پشێوی نێوان دایک و باوکی زیاد بووە، ئیمیلی یۆنگ ئافرەتێکی خەمۆک و سەیر بوو کاتێکی زۆری لە جێخەوەکەیدا بەسەردەبرد و دەیوت ڕۆح و تارمایی سەردانی دەکەن[٤]، ھەرچەندە لە ڕۆژدا دایکی ئاسایی بووە بەڵام یۆنگ دەڵێت بارودۆخی ماڵەکەمان لە شەودا ناخۆش بوو دایک و باوکم بەجیا دەخەوتن و من لای باوکم دەخەوتم و شەوانە دایکم بووە بە کەسێکی ئاڵۆز و سەیر، شەوێکیان شتێکی شێوە نەناسراو و ڕوناک لە ژورەکەی دایکم ھاتۆتەدەرەوە کە سەری لە ملی جیابۆتەوە و بەجیا لەگەڵ لاشەکەیدا بەسەر ھەوادا ڕۆیشتوە و ئەم پرۆسەیە شەش بۆ حەوت جار دوبارەبۆتەوە، پەیوەندی یۆنگ لەگەڵ باوکی باشتر بووە وەک لە دایکی[٤]

دایکی یۆنگ بۆ ماوەیەک لاوفنی جێھێشت و چووە نەخۆشخانەیەکی بازڵ وادیاربووە نەخۆشیەکەی پەیوەندی بە کێشەکانیەوە ھەبووە لەگەڵ باویکی یۆنگدا، یۆنگ برایە لای خوشکێکی دایکی کە بیست ساڵێک لە دایکی گەورەتر بووە بەھۆی دووری لە دایک و باوکیەوە توشی کێشە و گرێی دەرونی بووە و بەوھۆیەوە بێمتمانەیی بۆ دروستبووە بەرامبەر چواردەورەکەی و دەڵێت:

ھەستم بە بێتمانەیی دەکرد کاتێک وشەی خۆشەویستی بەکاردەھێنرا، بێمتمانەییەکی دەرونیم ھەبوو بەرامبەر ئافرەتان لە لایەکی تریشەوە پشتم بە باوکم دەبەستم بەڵام ئەو لاواز بوو، سەرەتا بەمجۆرە بوو بەڵام دواتر ئەم وتەیە گۆڕدرا لەبەرئەوەی لە ژیانمدا متمانەم بە پیاوگەلێک کرد و بە ھاوڕێی خۆمم زانین بەڵام بێھیوایان کردم بە بێمتمانەییشەوە تەماشای ئافرەتانم کرد بەڵام بێھیوایان نەکردم'،[٥]

لە دوای سێ ساڵ ژیان لە لاوفن پاوڵ یۆنگ داوای گواستنەوەی کرد و گواسترایەوە بۆ ناوچەی کلایھونێنگنی نزیکی بازڵ، ئەم گواستنەوەیە کاریگەری باشی لەسەر ئیمیلی یۆنگ دانا و لە خەمۆکی ڕزگاری بوو، کاتێک یۆنگ تەمەنی گەیشتە نۆ ساڵ خوشکەکەی بە ناوی جۆھانا گیرتورد (١٨٨٤ - ١٩٣٥) لە دایک بوو کە لە ماڵەوە بە ترودی بانگیان دەکرد و دواتر بوو بە سکرتێری یۆنگ[٦]

یۆنگ بە منداڵی

یادەوەریەکانی سەردەمی منداڵی

یۆنگ منداڵێکی دەروونگەرا و گۆشەگیر بووە و پێیوابووە وەکو دایکی خاوەنی دوو کەسایەتی بووە کەسایەتی یەکەمیان کەسایەتیە ئاشکراکەی بووە کە خوێندکارێک بوووە کە نەیتوانیوە لە بیرکاری تێبگات و دڵنیا نەبووە لەخۆی و متمانە بەخۆبوونێکی لاوازی ھەبووە، کەسایەتی دووھەمیش کەسێکی گرنگ و بەھێز و کاریگەر بووە ھاوشێوەی پیاوانی سەدەی ھەژدە[٧] , ھەندێک لەو یادەوەریانەی سەردەمی منداڵی کاریگەری درێژخایەنیان لەسەری ھەبووە، یۆنگ پیاوێکی دارینی بچوکی ھەبووە کونێکی تێکردووە و ڕاستەیەکی دارینی پیاکردووە و خستێتیە ناو جانتای پێنوسەکانیەوە و بەردێکیشی تێکردووە کە ئەمسەر و ئەوسەرەکەی ڕەنگ کردووە و لە ھەورەبانەکەدا شاردویەتیەوە و ھەندێجار چووە تەماشای کردووە و لاپەڕەیەکیشی لەلای پیاوە دارینەکەدا داناوە کە زمانێکی تایبەت لەسەری نوسراوە کە خۆی دروستیکردووە، ئەم کارەی لە کاتێکدا کردووە کە شتێکی ھەڵەی کردووە یان ھەستەکانی بریندارکراوە یاخود کاتێک کە کردەوەکانی دایک و باوکی بێزاریان کردووە و پێیوابووە ئەم کارە ئارامی دەروونی و ئاسایشی پێدەبەخشێت،[٨] لە دوای ساڵانێک لەم کارە تێبینی لێکچونێکی کرد لە نێوان کارە سەیرەکەی خۆی و ئەو کارانەی مرۆڤە ڕەسەنەکان دەیکەن بۆ تەوتەمەکانیان لە ھەندێک ناوچەی ئوسترالیا، ئەو وتێتی ئەو کردارەی ئەو ئەزمونی کردووە کە ھاوشێوەی مەراسیمێکی ئایینیش وابووە نائاگایانە بووە و زۆر ھاوشێوەی ئەو مەراسیمانە بووە کە ئەو خەڵکە کردویانە لە کاتێکدا زۆریش دوور بوون لەیەکەوە و ئەمیش ھیچ ئاگایەکی لێیان نەبووە،[٩] بەشێکی ئارەزومەندی یۆنگ بۆ ھێماکان و نمونە یەکەمیەکان و نائاگای گشتی لەم ئەزمونە سەرەتاییانەوە سەرچاوەی گرتووە و بەشێکیشی لە گەڕان و ئەزمونەکانی دواتریەوە،[١٠][١١] لە تەمەنی دوازدە ساڵیدا یۆنگ بە دەستی منداڵێکی تر لێدان دەخوات و بێھۆش دەبێت و پاش ئەم ڕوداوە ھەمووجارێک لە کاتی خوێندن و چوون بۆ خوێندگە تووشی سەرگێژی و بورانەوە ھاتووە و تاوەکو ڕۆژێک گوێی لێبووە باوکی بە کەسێکی وتوە پێدەچێت کوڕەکەی پەرکەمی ھەبێت، لە دوای ئەو باسەوە سێ جاری تر بوراوەتەوە بەڵام دواتر بە کۆششی خۆی توانیویەتی خۆی لەو بورانەوەیە ڕزگار بکات، یۆنگ پاشتر وتێتی ئەو کاتە یەکەمجار بوو بزانم نێورۆسس چییە[١٢]

ماڵی خانەوادەی یۆنگ لە کلایهۆنینگنی بازڵ، کارڵ یۆنگ لەم ماڵەدا گەورەبووە

خوێندن و زانکۆ[دەستکاری]

یۆنگ نەچووە بەشی دەروونپزیشکی لەبەرئەوەی لەو کاتەدا بەشێکی دیار و بەناوبانگ نەبوو بەڵام پاش ئەوەی لەبارەی سایکۆز و نەخۆشیە دەروونیەکانیەوە زانی ئارەزووی بۆ ئەم بوارە زیاد بوو و پێیوابوو ھەم لایەنە دەروونیەکەی تێدایە و ھەم لایەنە جەستەییەکە، دڵنیابوو دەروونپزیشکی ئەو زانستەیەکە کە بۆی دەگەڕێت،[١٣] یۆنگ لە ساڵی ١٨٩٥ چووە بەشی پزیشکی لە زانکۆی بازڵ، دوای یەک ساڵ باوکی کۆچی دوایی کرد بەوھۆیەشەوە دۆخی دارایی خانەوادەکەی زۆر بەرەو خراپی ڕۆیشت و لە لایەن خزمەکانیانەوە ھاوکاری دەکران.[١٤]

لە ساڵی ١٩٠٠ یۆنگ دەستیکرد بە کارکردن لە نەخۆشخانەی دەروونی بورگۆزلی لە زیورخ لەژێردەستی یۆگن بلولەر، بلولەر ئەوکاتەش پەیوەندی لەگەڵ نیورۆلۆجیستی نەمسایی زیگمۆند فرۆید ھەبوو، نامەی بڕوانامەی یۆنگ لە ساڵی ١٩٠٣ بڵاوکرایەوە و لە ساڵی ١٩٠٥یش توێژینەوەیەکی تری بڵاوکردەوە و دانەیەکی لێنارد بۆ فرۆید بەڵام دواتر دەرکەوت فرۆید خۆی دانەیەکی لە توێژینەوەکەی یۆنگ کڕیوە،[١٥] دواتر پەیوەندیەکی زۆر نزیک و پیشەگەرانە لە نێوان یۆنگ و فرۆیدا دروست بوو و شەش ساڵ بەیەکەوە کاریان کرد تاوەکو لە ساڵی ١٩١٢ یۆنگ پەرتووکێکی بە ناوی دەرونناسی نائاگا کە بووە ھۆی تێکچوونی پەیوەندی نێوانیان و ھەریەکێکیان ئەوی تری بەوە تۆمەتبار دەکرد کە توانای نییە دان بەوەدا بنێت کە دەکرێت ھەڵە بێت، لە دوای دابڕانەکە گەیشتە لوتکە یۆنگ دۆخێکی دەرونی سەختی بۆ دروست بوو کە بووە ھۆی گۆڕان و گەشەکردنی، ھێنری ئێڵنبێرگەر دەروونپزیشکی کەنەدای ئەم دۆخەی یۆنگ بە ''نەخۆشیەکی داھێنەرانە'' ناوزەند کردووە و بەراوردی کردووە بەو دۆخەی فرۆیدی پێدا تێپەڕیوە بە ناوی ھیستریا.

ھاوسەرگیری[دەستکاری]

لە ساڵی ١٩٠٣ یۆنگ ھاوسەرگیری لەگەڵ ئێما ڕەیچنباخ کرد، ئێما کچی سەرمایەدارێکی سویسری بوو و باوکی خاوەنی کۆمپانیایەکی کاتژمێرسازی نێودەوڵەتی بوو، کاتێک لە ساڵی ١٩٠٥ باوکی مرد میراتی باوکی بۆ ئەو و خوشکەکەی جێما و لەگەڵ مێردەکانیاندا بوونە خاوەنی کۆمپانیاکە، ئاوەڵزاواکەی یۆنگ بووە بەڕێوبەری کۆمپانیاکە و یۆنگیش بووە ھاوبەش بەو ھۆیەشەوە تا ساڵانێکی زۆر باری داراییان زۆر بەرەو باشی چوو، ئێما زۆر ئارەزومەندی پیشەی مێردەکەی بوو بۆیە بووە یاریدەدەری و پاشتریش بە ھەوڵی خۆی بووە دەروونشیکار، پێکەوە پێنج منداڵیان بوو چوار کچ و کوڕێک: ئاگەیس، گرێت، فرانز، ماریان، ھێلین. یۆنگ و ئێما بە ھاوسەری مانەوە تاوەکو مەرگی ئێما لە ساڵی ١٩٥٥.[١٦]

لە ماوەی ھاوسەرێتیاندا یۆنگ پەیوەندی لەگەڵ چەند ئافرەتێکی دیکەدا بەستووە،تۆنی وۆڵف[١٧] و سابینا سپیلرن[١٨] دیارترینیان بوون کە یەکەمیان دەروونشیکارێک بووە کە یارمەتی یۆنگی داوە لە بابەتەکانی ئەنیما و ئەنیمەس و پێرسۆنا وە دووھەمیشیان پزیشکێکی ڕوسی بووە و یەکیکیش بووە لە یەکەمین دەروونشیکارە ئافرەتەکانی مێژوو، پەیوەندی یۆنگ لەگەڵ سپیلرن دوو ساڵی خایاندووە و سێکسیش لە نێوانیاندا ھەبووە.

تاوەری بۆلینگن[دەستکاری]

یۆگن بلولەر

یۆنگ لە ساڵی ١٩٢٢ زەوییەکی کڕی لە لادێی بۆلینگن لە نزیک دەریاچەی زیورخ، لە ساڵی ١٩٢٣ تاوەرێکی تیا دروستکرد و لە ھەریەک لە ساڵەکانی ١٩٢٧، ١٩٣١، ١٩٣٥ نوێسازی و زیادکاری تیادەکرد لە لە کۆتاییدا بووە قەڵایەکی بچکۆلە و چوار تاوەری بچووک،[١٩] یۆنگ بە درێژایی ژیانی ھەموو ساڵێک چەند مانگێکی لە تاوەری بۆلینگندا گوزەراندووە، لە ساڵی ١٩٥٠ لە یادی لە دایک بوونیدا یۆنگ بەردێکی شەشپاڵووی لە ڕۆژئاوای تاوەرەکە دانا کە سێ لای شەشپاڵووەکە نووسرابوو. لە لایەکی نوسرابوێک ھەبوو کە لە کتێبێکی ئەڵمانیەوە وەرگیرابوو بە ناوی Rosarium philosophorum.[ت ١]

نووسینی لای یەکەم: ئەمە ئەوە بەرد نەویستراوەیە کە نرخێکی ھەرزانی ھەیە - گەمژەکان چەندێک لێی بسڵەمێنەوە ژیرەکان زیاتر خۆشیان لێیدێت[ت ٢]

لەسەر ئەم لایە تێبینیەکیش نووسراوە بەمجۆرە: لە یادی لەدایکبوونی ٧٥ ساڵیدا کارڵ یۆنگ وەکو سوپاسگوزاری ئەمەی دانا.

تاوەری بۆلینگن

لە لای دووەم نووسینێکی یۆنانی ھەیە بەمجۆرە: کات منداڵێکە یاری دەکات، شانشین لە دەستی منداڵێکدایە, ئەمە تێلێسفۆرۆسە[ت ٣] کە بە ناو ڕێڕەوە تاریکەکانی ئەم کاکێشانەیەدا تێدەپەڕێت و وەکو ئەستێرەیەک دەدرەوشێتەوە، پەنجەی ئاماژە بۆ دەرچەکانی خۆر و ناوچەی خەونەکان درێژ دەکات.[٤][٢] لەسەر ئەم لایە ماندالایەکی چوار پارچەیی ھەیە، لای سەرەوە ساتێرنە لای خوارەوە مارسە، لای چەپ جووپیتەرە (نێر) لای ڕاست ڤینوسە (مێ). لەلای سێیەمەوە کە ڕووی لە دەریاچەکەیە نوسراوێکی لاتینی ھەیە بەمجۆرە: من ھەتیوێکی تەنیام، لە ھەموو جێیەک دەدۆزرێمەوە، من خۆم ھەم بەڵام دژی خۆمم، من لاوم و من پیرم لە یەک کاتدا، نە دایکمم ناسیوە نە باوکم، لەبەرئەوەی لە قوڵاییەکانەوە ھاتووم وەکو ماسی، یان وەک بەردێکی سپی لە ئاسمانەوە کەوتوومەتە خوار، دارستان و شاخەکاندا تەی دەکەم و لە قوڵایی ڕۆحی مرۆڤدا خۆم حەشارداوە، من نەمر نیم لێ ھێشتا بازنەی ژیان بەر من نەکەوتووە. [٤][٢]

پەیوەندی لەگەڵ فرۆید[دەستکاری]

یەکناسین و ھاوکاری[دەستکاری]

یۆنگ تەمەنی سی ساڵان بوو کاتێک توێژینەوەیەکی خۆی بۆ فرۆید نارد و دوای شەش مانگ فرۆید کۆمەڵێک وتاری خۆی بۆ یۆنگ نارد بۆ زیورخ، دوای یەک ساڵ یەکتریان بینی و بە وتەی یۆنگ لە یەکەم دیداریاندا ١٣ کاتژمێر بەسەریەکەوە گفتۆگۆیان کردووە پێکەوە،[٢٠] ئەمە سەرەتای پەیوەندیەکی پیشەگەرانە و ھاوڕێیانە بوو کە شەش ساڵی خایاند و لە ساڵی ١٩١٣ کۆتایی پێھات،[٢١] لەو کاتەدا یۆنگ ببوە سەرۆکی ناوەندی دەروونشیکاری نێودەوڵەتی کە بە پاڵپشتی فرۆید ھەڵبژێردرابوو.

یۆنگ و فرۆید سەرەتا کاریگەریان لەسەر یەکتری جێھێشت، یۆنگ لە ساڵی ١٩٠٠ زانکۆی تەواوکرد خۆبەخشانە لەژێر دەستی یۆگن بلولەری دەروونشیکار کاری کرد لە نەخۆشخانەی بورگۆزلی،[٢٢] بلولەر یۆنگی بە کارەکانی فرۆید ئاشنا کرد و پێی وت ھەڵسەنگاندێک لەسەر پەرتووکی شیکردنەوەی خەونەکان بنوسێت، لە ساڵی ١٩٠٥ یۆنگ وەکو پزیشکی تەواو دامەزرا لە نەخۆشخانەکەو لە بەشی پزیشکی زانکۆی زیورخیش بووە وانەبێژ،[٢٣] لەو سەردەمەدا زانستی دەروونناسیلە سەرەتادا بوو، ئەوکاتە فرۆید پێویستی بە ھاوکار و شوێنکەوتوو ھەبوو بۆ ئەوەی بیرۆکەکانی بڵاوبکاتەوە و کارەکانی یۆنگیش ببووە سەلمێنەرێکی باش بۆ دەروون-شیکاریەکەی فرۆید، ئەمە لە کاتێکدا بوو کە کارەکانی یۆنگ لە نەخۆشخانەی بورگۆزلی ناو و ناوبانگیان بۆ دەستەبەر کردبوو، لە ٣ی ٣ی ١٩٠٧ لە شاری ڤیەنا بۆ یەکەمجار ڕوو بە ڕوو یەکتریان بینی.[٢٤]

لە ساڵی ١٩٠٩ یۆنگ و فرۆید لەگەڵ دەروونشیکاری ھەنگاری شاندۆر فرنزی چوون بۆ ئەمریکا بۆ بەشداری کردن لە کۆنفرانسێک لە زانکۆی کلارک وۆستەری ماساچووسیتس، گرانویل ستانلی ھۆڵی دەروونناس کۆنفرانسەکەی ڕێکخستبوو ٢٧ دەروونناس و دەروونشیکار و نیورۆلۆجیست بەشداریان تێداکرد، لە کۆنفرانسەکەدا پێشوازیەکی زۆر باش لە دەروونشیکاری کرا و لە ئەمریکا جێی خۆی گرت، دوای یەک ساڵ یۆنگ بووە سەرۆکی ناوەندی دەروونشیکاری بە پاڵپشتی فرۆید. فرۆید لەو کاتەدا یۆنگی بە کوڕی جێنشین و شازادەی خۆی ناوبرد.[٢٥]

جیابوونەوە و ناکۆکی[دەستکاری]

کاتێک یۆنگ کاری لەسەر پەرتووکی دەروونناسی نائاگا دەکرد ناکۆکی و جیاوازی لە نێوانیاندا زیاتر بوو لەسەر سروشتی لیبیدو و ئایین، یۆنگ لە گرنگی سێکس و گەشە و پاڵنەری سێکسی کەمکردەوە و سەرنجی زیاتری خستە سەر نائاگای گشتی، بەراوردی ڕێگای چارەسەر و لێکدانەوەی ئالفرێد ئادلێر و فرۆیدی کرد ئاماژەی بەوەدا کە بیردۆزی ئەم دووانە زۆر جیاوازە و سەختە تەنھا

وێنەی کۆمەڵ لە بەردەم زانکۆی کلارک ڕیزی پێشەوە لە دەستی ڕاستەوە فرۆید،ستانلی ھۆڵ، یۆنگ ڕیزی دواوە ئەبراھام بریڵ، ئێرنست جۆنس، شاندۆر فرنزی

یەکێکیان لەبەرچاوبگیرێت چونکە ھەردوکیان لە زۆر ڕووەوە ژیرانەن.

پێویست بوو فرۆید ھەندێک لە نەخۆشەکانی خۆی لەسەر ڕێگای ئەدلەر چارەسەر بکات و ئەدلەریش دەبوو وردتر لە بۆچوونەکانی مامۆستای پێشووی وردبێتەوە بەڵام کەسیان ئەم کارەیان ئەنجام نەدا، ئەم دوو بیردۆزە کە تا ئێستا باسمان کردوون لە یەک لایەندا وەکو یەکن، ئەویش ئەوەیە کە ڕەفتاری مرۆڤ لە سێبەرەوە سەرچاوە دەگرێت، ئەم بیردۆزانە یان ڕاستتر بڵێین ئەم بۆچونانە ئەوە نیشان دەدەن ھۆکارەکانی نەخۆشی کامانەن و تا چ ڕادەیەک کارتێکەرن، بۆیە ئەم بیردۆزانە لە ئەرزشەکانی تاک ناکۆڵنەوە بەڵکو لە دژە ئەرزشەکانی تاک دەکۆڵنەوە و بە شێوەیەکی ناڕەحەتکەر ئاشکرایان دەکەن و لێکیان دەدەنەوە[٢٦]

، کە دەکاتە ئەو بەشەی نائاگا کە بە باوەڕی یۆنگ یادەوەری و بیرۆکەی تێدایە کە لە باوانەکان و خەڵکانی پێشووە بۆ تاک دەمێنێتەوە، یۆنگ پێیوابوو لیبیدو بۆ گەشەی کەسایەتی گرنگە وەلێ لەوەدا ھاوڕای فرۆید نەبوو کە تەواوی کەسایەتی مرۆڤ لە لیبیدوەوە شێوە دەگرێت،[٢٧] یۆنگ باوەڕی وابوو گەشەی تاک دەکەوێتە ژێر کاریگەری کۆمەڵێک ھۆکارەوە کە نەک تەنھا سێکس.

لە ساڵی ١٩١٢ کێشەی نێوانیان گەیشتە لوتکە لەبەرئەوەی یۆنگ پێیوابوو پشتگوێ خراوە پاش ئەوەی فرۆید سەردانی لودویک بینسوانەری ھاوڕێی کرد لە کروزلنگن بێئەوەی سەر لە یۆنگ بدات سەرەڕای ئەوەی کروزلنگن لە زیورخەوە نزیکە، یۆنگ دواتر بەم ڕوداوەی وت ''ئاماژەی کزولنگن''. دوای ماوەیەکی کەم یۆنگ چوو بۆ ئەمریکا و لە زانکۆی فۆردھام چەند زنجیرە سیمینارێکی پێشکەشکرد کە دواتر لە ژێر ناوی بیردۆزی دەروونشیکاری بڵاوکرایەوە و بۆچونە جیاوازەکانی نێوانیان زیاتر دەرکەوت.

زیگمۆند فرۆید

جیاوازیەکی تری لەگەڵ فرۆید لەسەر زاراوەی نائاگا بوو، یۆنگ پێیوابوو بیردۆز و بۆچوونی فرۆید لەبارەی نائاگاوە زۆر ناتەواوەو نەرێنیە، بەپێی یۆنگ فرۆید وای دەڕوانی کە نائاگا بریتیە لە ھەست و خواستە متکراوەکان[٤]. یۆنگ وتی بێجگە لە نائاگای تایبەتی نائاگایەکی دیکەش ھەیە پێی دەوترێت نائاگای گشتی کە پەیوەندی بە شوێن وکاتەوە نییە و ھەموو مرۆڤەکان ھاوبەشن تێیدا و لەسەر نمونە یەکەمیەکان بەندە.

لە ساڵی ١٩١٢ یۆنگ و فرۆید یەکیان بینی لە دیدارێکی دەروونشیکارەکاندا لە میونشن دەربارەی ئەو گۆڤار و ڕۆژنامانەی کە لە بارەی دەروونشیکاریەوە دەنووسن،[٢٨] کاتێک یۆنگ لەبارەی بابەتی ئاخناتون دوا و باسی پەیوەندی ئەو بابەتەوە دەروونشیکاری کرد فرۆید لە ناکاو بێھۆش بوو و یۆنگ یارمەتی دا و خستیە سەر قەنەفەکە[٤]. یۆنگ و فرۆید بۆ دواجار لە مانگی نۆ ی ساڵی ١٩١٣ یەکیان بینی لە چوارەمین کۆنگرێسی نێودەوڵەتی دەروونشیکاری، یۆنگ وتارێکی پێشکەش کرد لەسەر جۆرە دەروونیەکان و دەروونگەرایی و کۆمەڵگەرایی لە دەروونناسی شیکاریدا کە ئەم دەستەواژانەش جیاکاریەکی تر بوون لە نێوان دەروونناسی شیکاری یۆنگ و دەروونشیکاری فرۆید.

پەرتووکی سوور[دەستکاری]

لە ساڵی ١٩١٣ لە تەمەنی ٣٨ ساڵیدا دوای جیابونەوە لە فرۆید یۆنگ تووشی بەرکەوتنێکی قورس بوو لەگەڵ نائاگای خۆیدا، وێنە دەھاتە پێشچاوی و دەنگگەلێکی سەیری دەبیست، یۆنگ ترسابوو لەوەی تووشی شیزۆفرێنیا بووبێت، ھەرچۆنبێت یۆنگ پێیوابوو ئەمە ئەزموونێکی بەنرخە و بە خەیاڵی چالاک ناوی برد بۆیە لە دەفتەرێکدا ھەموو ئەو شتانەی نووسی کە ھەستی پێدەکرد، دواتر نووسراوەکانی ناو دەفتەرەکەی لە پەرتووکێکی سوور بەرگدا نووسییەوە کە ١٦ ساڵ بە پچڕ پچڕی کاری لەسەرکرد.[٢٩]

یۆنگ ھیچ تێبینی و سەرنجێکی جێنەھێشت دەربارەی پەرتووکەکەی کە خۆی پێیدەوت Liber Novus یاخود پەرتووکی سوور، سۆنۆ شامسادینی مێژووناسێکی بابەتی دەروونناسی بۆ سێ ساڵ ھەوڵیدا نەوەکانی یۆنگ ڕازی بکات بۆ بڵاوکردنەوەی پەرتووکەکە، تاوەکو مانگی نۆی ٢٠٠٨ کەمتر لە سی کەس پەرتووکەکەیان بینیبوو، لە ساڵی ٢٠٠٩ پەرتووکەکە بڵاوکرایەوە و پێشەکی پەرتووکەکە لەلایەن شامسادینیەوە نووسرابوو ھەروەھا بە زیاد لە ١٥٠٠ تێبینی و پەراوێزەوە،[٣٠] پاش ماوەیەکی کەم لە بڵاوکردنەوەی پەرتووکەکە بۆ چەندین زمانی جیاوازی وەرگێڕدرا.

پەرتووکی سوور

گەشتەکان[دەستکاری]

یۆنگ کۆتایی بە گۆشەگیریەکەی ھێنا بە بڵاوکردنەوەی کۆمەڵێک بابەت و وتار لە گۆڤارەکاندا، لە ساڵی ١٩٢١ کتێبی جۆرە دەروونناسیەکانی بڵاوکردەوە کە یەکێکە لە دیارترین و کاریگەرترین کتێبەکانی، لە دەیەی دواتردا کە یۆنگ چالاک بوو و بڵاوکراوەی زۆری ھەبوو ھاوکات بوو لەگەڵ چەندین گەشتدا بۆ ناوچە و وڵاتی جیاواز.

ئینگلتەرا (١٩٢٠ - ١٩٢٣ - ١٩٢٥)[دەستکاری]

لە ساڵی ١٩٢٠ زنجیرە سیمینارێکی پێشکەشکرد لە کۆرنوۆڵ، لە ساڵی ١٩٢٣ش سیمینارێکی پێشکەشکرد کە لە لایەن ھێڵتن گایدن باینسەوە بۆی ڕێکخرابوو، یەکێکی تریش لە ساڵی ١٩٢٥.[٤]

ویلایەتە یەکگرتوەکان (١٩٢٥-١٩٢٦، ١٩٣٦-١٩٣٧)[دەستکاری]

یۆنگ گەشتگەلێکی فراوانی کرد لە زستانی ١٩٢٤-١٩٢٥ کە لەلایەن فاولەر ماککۆرنیک و گۆرج پۆرتەرەوە ڕێکخرابوون، یۆنگ بە تایبەتی لەگەڵ ئۆکوەی بیانۆ بۆ تاوەس پیوبلو نزیک نیومەکسیکۆ[٤]. یۆنگ ساڵی ١٩٣٦ گەشتێکی تری بۆ ئەمریکا کرد و چەند وانەیەکی لە نیۆرک پێشکەشکرد بۆ شوێنکەوتووە ئەمریکیەکانی.، ساڵی ١٩٣٧ دیسانەوە گەشتی بۆ ئەمریکا کرد لە زانکۆی یەیڵ وانەگەلێکی پێشکەشکرد و دواتر وەکو کتێب بڵاوکرایەوە لە ژێر ناونیشانی دەروونناسی و ئاین.[٣١]

ئەفریقای ڕۆژھەڵات[دەستکاری]

لە ساڵی ١٩٢٥ یۆنگ دەستیکرد بە گەشت بۆ ئەفریقای ڕۆژھەڵات لەگەڵ پیتەر باینس و جۆرج باکویس و دوای چەند ھەفتەیەکیش لە گەشتەکەیان بە ئافرەتێکی ئینگلیز ئاشنا بوون بە ناوی ڕوس بەیڵی، پێکەوە لە کینیاوە بۆ ئوگاندا و بۆ سەر لوتکەکانی کێوی ئەلگان. یۆنگ ئەم گەشتەی لا گرنگ بوو لەبەرئەوەی دەیویست زیاتر لە دەروونناسی سەرەتایی تێبگای بە گفتوگۆکردن لەگەڵ ئەو خەڵکەی لەو ناوچە دووردەستانە دەژین.[٣٢]

ھندستان[دەستکاری]

لە مانگی دەی ١٩٣٧ یۆنگ زیورخی جێھێشت بەرەو ھندستان لەگەڵ فۆلەر ماککۆرنیک، لەم گەشتەیدا یۆنگ خۆی خستە ژێر کاریگەری ڕاستەوخۆی ڕۆژھەڵاتەوە. لە ئەفریقا نەیتوانی لە ڕێی گفتوگۆوە لە شتەکان بگات لەبەر کێشەی زمان بەڵام لە ھندستان ئەو کێشەیەی نەبوو و زۆر بە قوڵی گفتوگۆی دەکرد. فەلسەفەی ھیندوزم بووە کەرەستەیەکی گرنگ بۆی لە تێگەیشتنیا بۆ ھێماسازی و نائاگا. یۆنگ دیداری لەگەڵ ڕامانا ماھارچی نەکرد و وتی ڕامانا لە (خود) دا نوقم بووە، ھەروەھا دانی بەوەشدا نا کە بە باشی تێناگات لە فەلسەفەی خۆناسینی ڕامانا. یۆنگ لەم گەشتەیدا تووشی نەخۆشیەکی قورس بوو، بە پەرێشانی و وڕێنەکردنەوە دوو حەفتە لە نەخۆشخانەی کەلکۆتا مایەوە لە دوای ئەم گەشتە ئیتر گەشتەکانی یۆنگ بە گشتی بەرەو ئەوروپا بن.[٣٣]

بیر و بۆچوونەکان[دەستکاری]

یۆنگ دامەزرێنەری دەروونناسی شیکاریە و ژمارەیەک زاراوەی گرنگ لە خۆدەگرێت کە وەکو بۆچوونە گرنگەکانی دەھەژمێردرێن.

زاراوە کلیلیەکان[دەستکاری]

نمونە یەکەمیەکان: ئەو وێنە و باگراوندانەیە کە لە نائاگای گشتیەوە سەرچاوە دەگرن و زۆرجار لە ڕێی ئایین و ئەفسانە و ھونەر و خەونەوە شیدەکرێنەوە

گرێی دەروونی: ئەو بیرەوەری و ئەزمون و ئاواتانەیە کە لە نائاگادان و کە دەستبەسەر ڕەفتار ر جوڵانەوەی تاکدا دەگرێت

دەروونگەرایی و کۆمەڵگەرایی: شێوازی کەسایەتی و ڕێژەی کراوەیی و داخراوی ئارەزوو کردن بۆ تەنھایی و تێکەڵبوون

سێبەر: دیوە شاراوە و سەرکوتکراوەکەی تاک کە زۆرجار نەرێنییە

پێرسۆنا: ئەو ڕووەی تاک پیشانی دەدات تاوەکو لە ناو کۆمەڵگادا قبوڵکراو و خۆشویستراو بێت

نائاگای گشتی: ئەو بەشە گشتیەی نائاگایە کە جیھانیە و کە مرۆڤەکان لە کلتور و سەردەمە جیاوازەکەندا ئەزمونی دەکەن

ئەنیما: دیوە ژنانەکەی نێو دەروونی پیاو

ئەنیمەس: دیوە پیاوانەکەی نێو دەروونی ژن

بە تاکبوون: ئەو پرۆسەیەیە کە تاک لە ئاگا و نائاگای خۆی ھۆشیار دەبێت و بێئەوەی ھیچیان ڕەتبکاتەوە[٣٤]

ھاوکاتی: بە دوو ڕوداو یاخود زیاتر دەوترێت کە ڕوودەدەن و ڕوداو و دۆخێکی واتادار دروست دەکەن

دەروونگەرایی و کۆمەڵگەرایی[دەستکاری]

یۆنگ لە یەکەمین کەسەکان بوو کە پێناسەی دەروونناسی دەروونگەرایی و کۆمەڵگەرایی کرد و بووە ھۆی کەوتنە بەرباسی ئەم دوو زاراوەیە، لە کتێبەکەیدا بە ناوی جۆرە دەروونناسیەکان ئاماژە بەوە دەکات کە ھەموو کەسێک یەکێک لەم دووەی بەردەکەوێت، ئەم دوو جۆرە دەروونیە چوێنراون بە نمونە یەکەمیە کۆنەکانی ئاپۆلۆ و دیۆنسس. ئاپۆلۆ نمونەی دەروونگەراییە کە حەز بە تێگەیشتنی قوڵ دەکات و زیاتر لە نێو دونیای ناوەوەدا ڕۆچووە وەکو خەون و خەیاڵ و بیر و بۆچوون. کەسی دەروونگەرا زۆرکات حەز بە چالاکیە قەرەباڵغەکان ناکات. دیۆنسس نمونەی کۆمەڵگەراییە، کۆمەڵگەرا زیاتر حەز بە تێکەڵبوون و قەرەباڵغی دەکات وەک لە بە تەنیا مانەوە و دونیای دەرەوە زیاتر لای مەبەستە وەک لە دونیای دەروون.[٣٥] , بە بۆچوونی یۆنگ دەروونگەرا پێش ئەوەی کارێک بکات پێیباشە کارەکە هەڵسەنگێنێت بۆیە کەمێک درەنگ لەگەڵ دونیای دەرەوەی خۆیدا تێکەڵ دەبێت، بەڵام کۆمەڵگەرا سەرەتا کارەکە دەکات پاشان بیریلێدەکاتەوە خێرا دەچێتە مەیدانەوە بۆیە زۆر گومان ناکات و زۆریش ڕانامێنێت.هەروەها کەسایەتی دەروونگەرا بێبەش نییە لە سیفەتی کۆمەڵگەرایی بەڵکو لەناو دەروونی هەموو دەروونگەرایەک کۆمەڵگەرایەک هەیە و لەناو دەروونی هەموو کۆمەڵگەرایەک دەروونگەرایەک هەیە.[٣٦]

پێرسۆنا[دەستکاری]

یۆنگ زاراوەی پێرسۆنای بەکارھێناوە لەبەرئەوەی لە لاتینیدا واتە کەسایەتی و ئەکتەرە ڕۆمانە کۆنەکانیش ڕووپۆشێکیان بەکارھێناوە کە پێیان وتووە پێرسۆنا، یۆنگ بۆچوونی وەھایە کە پێرسۆنا ماسکێکە تاک دەیپۆشێت کە ھەم خۆی ھەم کۆمەڵگاش باوەڕ بەم ماسکە دەکات و دەڵێت ''وەکو ڕێکەوتنێکە لە نێوان تاک و کۆمەڵگا لەرسەئەوەی ئەبێت تاک چۆن مامەڵە بکات.[٣٧] کاری یەکەمی پێرسۆنا ئەوەیە کە کاریگەری لەسەر ئەوانی تر دروستبکات و کاری دووەمیشی ئەوەیە کە ناسنامەی ڕاستەقینەی تاک بشارێتەوە.[٣٨]

ڕۆحانیەت[دەستکاری]

مامەڵەی یۆنگ لەگەڵ خۆی و نەخۆشەکانیدا ئەویان گەیاندبووە ئەو باوەڕەی کە مەبەست لە ژیان مەبەستێکی ڕۆحیە وەک لە مەبەستگەلێکی ماددی،[٣٩] ئەو پێیوابوو ئەرکی سەرەکی ئێمە ئەوەیە خواستە زۆر قوڵەکانی خۆمان ئاشکرا بکەین و تێریان بکەین، لەژێر ڕۆشنایی لێکۆڵینەوەکانی دەربارەی مەسیحییەت و بودیزم و تاویزم و کلتور و ئایینەکانی دی گەیشتبووە ئەو بڕوایەی کە گەشتی بەتاکبوون لە لایەنی ڕۆحانیەتی ھەموو ئاینێکدا ڕۆڵی گرنگی ھەیە. یۆنگ ڕۆحانیەتی وەکو چارەیەک بۆ ئەلکھولیزم پێشنیار کردووە و واش دادەنرێت کە کاریگەری ناڕاستەوخۆی ھەبووبێت لەسەر دروستبوونی دەستەی ئەلکھولیە نەناسراوەکان.[٤٠] یۆنگ نەخۆشێکی ئەمریکی ھەبوو بە ناوی ڕوولاند ھازاردی سێ کە بەسەختی بەدەست ئەلکھولیزمەوە دەیناڵاند تاوەکو یۆنگ پێیوت دۆخەکەی تەواو بێھیواکەرە و تاکە چارەسەر ئەزمونێکی ڕۆحانیە، ڕوولاند پێشنیارەکەی یۆنگی بە جدی وەرگرت و ڕۆیشتەوە ئەمریکا و پەیوەندی کرد بە جوڵانەوەیەکی مەسیحیەوە بە ناوی ئۆکسفۆرد گروپ و لەبارەی پێشنیارەکەی یۆنگەوە قسەی کرد و ئەلکھولیەکی دیکەشی بانگکردە ناو جوڵانەوەکە بە ناوی ئێبی تاشەر کە ھاوڕێی کۆنی بێڵی ویڵسن بوو کە دواتر دەستەی ئەلکھولیە نەناسراوەکانی دامەزراند، تاشەر باسی جوڵانەوەکەی بۆ ویڵسن کرد و ویڵسنیش لەبارەی پەیوەندی ڕوولاند و یۆنگە زانیاری دەسکەوت، ئەمە کاریگەریە ناڕاستەوخۆیەی یۆنگ بووە ھۆی دروستبوونی دەستەکە.

ئەم بابەتە تۆمارکراوە لە بڵاوکراوەیەکی دەستەی ئەلکھولیە نەناسراوەکانیشدا ئاماژەی پێدراوە بە ناوی pass it on.[٤١] ھەرچەندە وردەکاریەکان ھاوکۆکی زۆری لەسەر نییە لە نێوان مێژوونووساندا بەڵام یۆنگ لە سیمینارەکانی ساڵی ١٩٤٠یدا چەند جارێک ئاماژەی بە ئەندامێکی ئۆکسفۆرد گروپ داوە و لە کۆکراوەی کارەکانیشیدا لە ڤۆلیۆمی ١٨ دا ژیانێکی سیمبولی بەمجۆرە باسی کردووە:

''کاتێک یەکێک لە ئەندامانی ئۆکسفۆرد گروپ ھات بۆ لام پێموت : مادام لە ئۆکسفۆرد گروپدایت ئەم بابەتانە لەگەڵ ئەواندا چارە بکە، لەبەرئەوەی ئەوەی من لە عیسا باشترم پێناکرێت''.[٤٢]

سێبەر[دەستکاری]

سێبەر ئاماژەیە بۆ ئەو بەشەی نائاگا کە تاک بە بەشێک لە خۆی نازانێت و دیوە تاریکەکەی مرۆڤە، ھەروەھا دەشتوانرێت پێناسەی سێبەر بکرێت بەو بەشەی کە تاک لە خۆیدا قبوڵی ناکات، بۆ نمونە سێبەری کەسێکی میھرەبان دەکرێت ڕق و کینە و توندوتیژی تێدابێت، و بە پێچەوانەشەوە سێبەری کەسێکی توندوتیژ دەکرێت میھرەبان بێت لەبەرئەوەی میھرەبانی وەکو بەشێک لە خۆیقبوڵ ناکات، لەبەرئەوەی تاک بێئاگایە لە خاسیەتە نەخوازاوەکانی خۆی یاخود ڕەتی دەکاتەوە سێبەر زۆرکات نەرێنیە بەڵام ئەمە بەو واتایە نییە سێبەر لایەنی ئەرێنی نییە.[٤٣] بە پێی یۆنگ کاتێک تاک تەواو لە سێبەر بێئاگا ئەبێت و سێبەر بە ڕەمەکەکان پڕ دەبێت سایکۆلۆجیکال پرۆجێکشن ڕوودەدات کە بریتییە لەو حاڵەتەی کە تاک لەباتی ئەوەی ئاکارە دزێو و نەخوازراوەکانی خۆی لە خۆیدا ببینێتەوە لە کەسانی تردا دەیبینێتەوە و ئاماژەی پێدەکات. بە باوەڕی یۆنگ کاتێک تاک دەکەوێتە ناو کۆمەڵێک کەسی ھاوشێوەی خۆیەوەیە ئیدی ئەم دیوە دزێو و مەترسیدارە دەردەکەوێت کە خۆی لێی بێئاگایە لەم بارەیەوە دەڵێت:

ئەگەر تاکەکان یەکبگرن و کۆمەڵێک پێک بێنن، لەو کاتەدا ھێزی مرۆیی بزێوی سەربەکۆمەڵ دەردەکەوێت، دەڵێی ئاژەڵانی دڕندە و شەیتان لە قوڵایی بوونی ھەر تاکێکدا خۆیان حەشارداوە و چاوەڕێی یەکگرتنی تاکن لەگەڵ کۆمەڵدا، مرۆڤ لەنێو کۆمەڵدا بۆ ئاستێکی ئاکاری زۆر نزم و پوچ دادەبەزێت، واتە ئەو ئاستەی ھەمیشە لە خوار ویژدانی ئاگاوەیە و ئەگەر دوابەدوای پێکھێنانی کۆمەڵێک ھاندرا و پەسەندکرا ئیدی خۆی دەردەخات[٤٤]

سێبەر لە خەوندا زۆرجار وەکو شێوەیەکی تاریکی ھەمان ڕەگەزی خەوبین دەردەکەوێت.[٤٥]

جۆرە دەروونناسیەکان[دەستکاری]

جۆرە دەروونناسیەکان ڤۆلیۆمی شەشەمی کارە کۆکراوەکانی یۆنگە،[٤٦] لەم کتێبەدا یۆنگ خەڵکی پۆلێنکرد لەسەر بنەمای چەند کردارێکی دەرونناسی، ئەو دوو کرداری ئاگایانەی دیارکرد کە بریتی بوون لە:-

  • کردارەکانی درک کردن - پێشبینی و ھەستەوەری
  • کردارەکانی بڕیاردان - ھەست و بیرکردنەوە

کرداری پێشبینی (Intuition) واتە زانین بەبێ بەڵگە و ھۆکار، کرداری ھەستەوەری (Sensing) واتە زانین لە ڕیگەی ھەستەوەرەکانەوە

کرداری ھەست (Feeling) واتە بڕیاردان لە ڕێگای بەکارھێنانی ھەست، کرداری بیرکردنەوە (Thinking) واتە بڕیاردان لە ڕێگای پەکارھێنانی بیرکردنەوە

ئەم کردارانە دەکەونە پاڵ شێوازێکانی ئاکارکردن کە بریتین لە دەروونگەرایی و کۆمەڵگەرایی، یۆنگ پێیوابوو ئەو شێوازە ئاکارەی زاڵتر بێت سەر بە بەشی ئاگاییەو ئەوەشی دەچەپێنرێت دەکەوێتە بەشی نائاگاییەوە.

پۆلێنکردنەکە بەم جۆرەیە

  • کۆمەڵگەرای ھەستەوەر
  • دەروونگەرای ھەستەوەر
  • کۆمەڵگەرای پێشبینیکار
  • دەروونگەرای پێشبینیکار
  • کۆمەڵگەرای ھەستی
  • دەروونگەرای ھەستی
  • کۆمەڵگەرای بیرۆکەیی
  • دەروونگەرای بیرۆکەیی

لێکدانەوەی خەون[دەستکاری]

ھەرچەندە یۆنگ بەتەواوەتی ڕێبازی فرۆیدی ڕەتنەکردەوە بەڵام پێیوابوو ئەوەی کە فرۆید پێیوایە خەون دەرکەوتنی خواستە سەرکوتکراوەکانە سنوردارە، لەبەرئەوەی ڕێگای فرۆید دەتوانێت گرێیەکانی کەسی خەوبین ئاشکرا بکات بەڵام ناتوانێت خەونەکە شیبکاتەوە و نزیکیش نابێتەوە لە زانینی واتاکەی.[٤٧][٤٨] بە باوەڕی یۆنگ خەون زۆر فراوانە و ئاماژەیە بۆ دەوڵەمەندی و ئاڵۆزی بیری نائاگا ھەم تایبەتی و ھەم گشتی، یۆنگ دوو شێوازی پێشکەشکردووە بۆ لێکدانەوەی خەون: ڕێژەیی و ناڕێژەیی،[٤٩] لە لێکدانەوەی ناڕێژەیی ھەموو شتێک کە لە خەوندا دەبینرێت خودی شتەکەیە بۆ نموونە دایک دایکە، ماڵ ماڵە، خۆشەویست ھەر خۆشەویستە، لە لێکدانەوەی ڕێژەییدا ھەر شتێک لە خەوندا دەردەکەوێت ئاماژەیە بۆ لایەن و بەشێکی کەسی خەوبین بۆ وێنە گەر خەوبین لە خەویدا بینی بکوژێکی شێت دوایکەوتووە بۆی ھەیە ئەمە ئاماژە بێت بۆ ئەوەی خەوبین ئارەزوی کوشتنی ھەیە.

چارەسەر بە ھونەر[دەستکاری]

یۆنگ پێیوابوو ھونەر توانای ھەیە ئازارەکان و ترسەکان و دوودڵیەکان و دۆخە دەروونیەکان دەربخات و یارمەتیدەریش بێت بۆ کەمکردنەوەیان[٤]، لە ئەنجامی کارکردن لەگەڵ نەخۆشەکانیدا گەیشتە ئەو بڕوایەی دەربڕینە ھونەریەکان و ئەو وێنانەی لە خەونەکاندا دەردەکەون دەکرێت سوودیان لێوەربگیرێت بۆ کەمکردنەوەی پەستانی دەروونی، یۆنگ خۆی زۆرجار وێنەی دەکێشا بە تایبەت لەو کاتانەی پەستانی دەروونی لەسەر بوو،[٤]

بڵاوکراوەکان[دەستکاری]

بڵاوکراوەکانی یۆنگ بە پێی ساڵبەندی[٥٠]

  • کارڵ یۆنگ Psychiatric Studies ١٩٠٢ - ١٩٠٥ ڤۆلیۆمی یەکی کۆبەرھەم
  • کارڵ یۆنگ On the Psychology and Pathology of So-Called Occult Phenomena نامەی دکتۆرا ١٩٠٣
  • کارڵ یۆنگ Studies in Word Association ١٩٠٤-١٩٠٧ ڤۆلیۆمی دووی کۆبەرھەم
  • کارڵ یۆنگ The Psychology of Dementia Praecox ١٩٠٧ ڤۆلیۆمی سێی کۆبەرھەم
  • کارڵ یۆنگ The Psychogenesis of Mental Disease ١٩٠٧-١٩٥٨ ڤۆلیۆمی سێی کۆبەرھەم
  • کارڵ یۆنگ Psychology of the Unconscious دەرونناسی نائاگا ١٩١٢ ڤۆلیۆمی پێنجی کۆبەرھەم
  • کارڵ یۆنگ & ک. لۆنگ Collected Papers on Analytical Psychology ١٩١٧ ڤۆلیۆمی چواری کۆبەرھەم
  • کارڵ یۆنگ Two Essays on Analytical Psychology دوو داڕشتە لەبارەی دەروونناسی شیکاری ١٩١٧-١٩٢٨ ڤۆلیۆمی حەوتی کۆبەرھەم
  • کارڵ یۆنگ & ھـ. باینس Psychological Types جۆرە دەروونناسیەکان ١٩٢١ ڤۆلیۆمی شەشی کۆبەرھەم
  • کارڵ یۆنگ & ھـ. باینس & ک. باینس Contributions to Analytical Psychology ١٩٢٨
  • کارڵ یۆنگ Modern Man in Search of a Soul مرۆڤی مۆدێرن لە گەڕان بەدوای ڕۆحیدا ١٩٣٣
  • کارڵ یۆنگ Archetypes and the Collective Unconscious نمونە یەکەمیەکان و نائاگای گشتی ١٩٣٤-١٩٣٥ ڤۆلیۆمی نۆی کۆبەرھەم
  • کارڵ یۆنگ Psychology and Religion ١٩٣٨ ڤۆلیۆمی یازدەی کۆبەرھەم
  • کارڵ یۆنگ Psychology and Alchemy دەروونناسی و ئەلکیمی ١٩٤٤ ڤۆلیۆمی دوازدەی کۆبەرھەم
  • کارڵ یۆنگ Aion: Researches into the Phenomenology of the Self ١٩٥١ ڤۆلیۆمی نۆی کۆبەرھەم
  • کارڵ یۆنگ Synchronicity An Acausal Connecting Principle ھاوکاتی ١٩٥٢ ڤۆلیۆمی پێنجی کۆبەرھەم
  • کارڵ یۆنگ Answer to Job وەڵامی ئەیوب ١٩٥٢ ڤۆلیۆمی یازدەی کۆبەرھەم
  • کارڵ یۆنگ Mysterium Coniunctionis ١٩٥٦ ڤۆلیۆمی چواردەی کۆبەرھەم
  • کارڵ یۆنگ & ئەنێلا جافێ Memories, Dreams, Reflections یادەوەریەکان، خەونەکان، ھزرەکان ١٩٦٢
  • کارڵ یۆنگ، ماری لویس ڤۆن فرانز & ئەنێلا جافێ، جۆسێف ھەندەرسن، جۆلاندێ جەیکۆب Man and His Symbols مرۆڤ و ھێماکانی ١٩٦٤
  • کارڵ یۆنگ Development of Personality ١٩٦٧ ڤۆلیۆمی حەڤدەی کۆبەرھەم
  • کارڵ یۆنگ Four Archetypes; Mother, Rebirth, Spirit, Trickster ١٩٧٠ ڤۆلیۆمی نۆی کۆبەرھەم
  • کارڵ یۆنگ Dreams ١٩٧٤ ڤۆلیۆمی ٤ و ٨ و ١٢ و ١٦ کۆبەرھەم
  • کارڵ یۆنگ & جۆسێف کامپبڵ The Portable Jung ١٩٧٦
  • کارڵ یۆنگ Psychology and the East ١٩٨٦ ڤۆلیۆمی یازدەی کۆبەرھەم
  • کارڵ یۆنگ & جەی کۆدرۆو Jung on Active Imagination ١٩٩٧
  • کارڵ یۆنگ & جەی جارێت Jung's Seminar on Nietzsche's Zarathustra ١٩٩٨
  • کارڵ یۆنگ Children’s Dreams ٢٠٠٧
  • کارڵ یۆنگ & سۆنۆ شامسادینی The Red Book Liber Novus پەرتووکی سوور ٢٠٠٩
  • کارڵ یۆنگ Dream Interpretation Ancient and Modern ٢٠١٤

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  1. ^ برۆم، ڤێنسنت (١٩٧٨). یۆنگ: مرۆڤ و ئەفسانە Jung: Man and Myth. نیۆرک. پەڕەکان پەڕەی ٨. 
  2. ^ a b c وێر، گێرھارد (١٩٨٧). ژیاننامەی یۆنگ Jung, a biography. بۆستن. پەڕەکان پەڕەی ٩.  ھەڵەی ژێدەرەکان: تاگی <ref>ی ھەڵە؛ ناوی «:١» زیاتر لە یەک جار پێناسە کراوە لەگەڵ ناوەڕۆکی جیاوازدا
  3. ^ وێر، گێرھارد (١٩٨٧). ژیاننامەی یۆنگ Jung, a biography. بۆستن. پەڕەکان پەڕەی ١٧ – ١٩. 
  4. ^ a b c d e f g h i j یۆنگ، کارڵ (١٩٦٢). Memories, Dreams, Reflections - یادەوەریەکان خەونەکان وێنەدانەوەکان. پەڕەکان پەڕەی ١٨.  ھەڵەی ژێدەرەکان: تاگی <ref>ی ھەڵە؛ ناوی «:٠» زیاتر لە یەک جار پێناسە کراوە لەگەڵ ناوەڕۆکی جیاوازدا ھەڵەی ژێدەرەکان: تاگی <ref>ی ھەڵە؛ ناوی «:٠» زیاتر لە یەک جار پێناسە کراوە لەگەڵ ناوەڕۆکی جیاوازدا ھەڵەی ژێدەرەکان: تاگی <ref>ی ھەڵە؛ ناوی «:٠» زیاتر لە یەک جار پێناسە کراوە لەگەڵ ناوەڕۆکی جیاوازدا ھەڵەی ژێدەرەکان: تاگی <ref>ی ھەڵە؛ ناوی «:٠» زیاتر لە یەک جار پێناسە کراوە لەگەڵ ناوەڕۆکی جیاوازدا
  5. ^ یۆنگ، کارڵ (١٩٦٢). Memories, Dreams, Reflections - یادەوەریەکان خەونەکان وێنەدانەوەکان. پەڕەکان پەڕەی ٣. 
  6. ^ وێر، گێرھارد (١٩٨٧). ژیاننامەی یۆنگ Jung, a biography. بۆستن. 
  7. ^ یۆنگ، کارڵ (١٩٦٢). Memories, Dreams, Reflections - یادەوەریەکان خەونەکان وێنەدانەوەکان. پەڕەکان پەڕەی ٣٣–٣٤. 
  8. ^ Malchiodi، Cathy A (٢٠٠٦). Art Therapy Sourcebook. پەڕەکان پەڕەی ١٣٤. 
  9. ^ Memories, Dreams, Reflections. پەڕەکان پەڕەی ٢٢ – ٢٣. 
  10. ^ "ژیان و بۆچونەکانی کارڵ یۆنگ: ئینسکلۆپیدیا بریتانیکا". 
  11. ^ وێر، گێرھارد. ژیاننامەی یۆنگ. پەڕەکان پەڕەی ١٤٤. 
  12. ^ Memories, Dreams, Reflections. پەڕەکان پەڕەی ٣٢. 
  13. ^ "ژیاننامەی یۆنگ". لە ڕێکەوتی ١٠ی ١ی ٢٠١٨ ھێنراوە. 
  14. ^ وێر، گێرھارد. jung: a biography. پەڕەکان پەڕەی ٥٧. 
  15. ^ ماکگویری، ویلیەم (١٩٧٤). نامەکانی یۆنگ و فرۆید Freud-Jung Letters. پەڕەکان پەڕەی ١٢–١٣. 
  16. ^ یۆنگ، کارڵ. jung:a biography. پەڕەکان پەڕەی ٤٢٣. 
  17. ^ ھەیمان، ڕۆناڵد. a life of jung ژیاننامەی یۆنگ. New York: W.W. Norton & Co. پەڕەکان پەڕەی ١٨٤–١٨٨، ١٨٩، ٢٤٤، ٢٦١، ٢٦٢. 
  18. ^ a life of jung ژیاننامەی یۆنگ. پەڕەکان پەڕە ٨٤–٨٥، ٩٢، ٩٨–٩٩، ١٠٢–١٠٧، ١٢١، ١٢٣، ١١١، ١٣٤–١٣٧، ١٣٨، ١٣٩، ١٤٥، ١٤٧، ١٥٢، ١٧٦، ١٧٧، ١٨٤، ١٨٥، ١٨٦، ١٨٩، ١٩٤، ٢١٣–٢١٤. 
  19. ^ کارڵ، یۆنگ. یادەوەریەکان خەونەکان وێنەدانەوەکان. پەڕەکان ٢٢٣–٢٢٥. 
  20. ^ گێی، پیتەر (١٩٩٨). Freud: A Life For Our Time. لەندەن. پەڕەکان پەڕەی ٢٢٢. 
  21. ^ ماکگویری، ویلیەم. Freud-Jung Letters. 
  22. ^ گێرھارد، وێر. jung: a biography. پەڕەکان پەڕەی ٧٧. 
  23. ^ گێرھارد، وێر. jung: a biography. پەڕەکان پەڕەی ٧٩–٨٥. 
  24. ^ گێرھارد، وێر. jung: a biography. پەڕەکان پەڕەی ١٠٥–١٠٦. 
  25. ^ ھێنری، ئێلنبێرگەر (١٩٧٠). The Discovery of the Unconscious. نیۆرک. 
  26. ^ کارڵ یۆنگ، وەرگێڕان (فارسی): محمد علی امیری. روانشناسی و ضمیر ناخوداگاە - Psychology of Unconcious. پەڕەکان ٥٤ و ٦٠. 
  27. ^ کارڵسن، نێڵ. دەروونناسی زانستی ئاکار Psychology: The Science of Behavior. پەڕەکان پەڕەی ٤٣٤. 
  28. ^ جۆنس، ئێرنست (١٩٥٣). ژیان و کارەکانی فرۆیدThe Life and Work of Sigmund Freud. نیۆرک. 
  29. ^ "یۆنگ و جامی پیرۆزی نائاگا The Holy Grail of the Unconscious". نیۆرک تایمز. لە ڕێکەوتی ٣١ی ١ی ٢٠١٨ ھێنراوە. 
  30. ^ یۆنگ، کارڵ (٢٠٠٩). پەرتووکی سوور The Red Book: Liber Novus. 
  31. ^ کارڵ، یۆنگ (١٩٨٤). دەرونناسی و ئایینە ڕۆژئاواییەکان-psychology and western religion. 
  32. ^ ویڵی، بلەیک (٢٠٠٥). یۆنگ لە ئەفریقا - Jung in Africa. 
  33. ^ دێردەیر، بەیر (٢٠٠٦). ژیاننامەی یۆنگ Jung a biography. پەڕەکان پەڕەی ٤١٧–٤٣٠. 
  34. ^ ئەنتۆنی، ستیڤنس. دەربارەی یۆنگ: on jung. لەندەن. پەڕەکان پەڕەی ١٩٩. 
  35. ^ کارڵ، یۆنگ (١٩٧١). جۆرە دەروونناسیەکان - psychological types. پەڕەکان پەڕەی ١٣٦–١٤٧. 
  36. ^ کارڵ، یۆنگ. روانشناسی و ضمیر ناخودآگاه. پەڕەکان ٧١–٧٥. 
  37. ^ کارڵ، یۆنگ. The Portable Jung. جۆسێف کامپڵ. پەڕەکان پەڕەی ١٠٦. 
  38. ^ کارڵ، یۆنگ (١٩٧٧). two Essays on Analytical Psychology. پەڕەکان پەڕەی ١٥٧. 
  39. ^ دون، کلار (٢٠٠٣). Carl Jung: Wounded Healer of the Soul: An Illustrated Biography. پەڕەکان پەڕەی ٣. 
  40. ^ جیرۆم، دەیڤد. Other Etiological Theories of Alcoholism. پەڕەکان پەڕەی ١٦٧. 
  41. ^ Alcoholics Anonymous (١٩٨٤). "Pass it On": The Story of Bill Wilson and how the A.A. Message Reached the World. نیۆرک. پەڕەکان پەڕەی ٣٨١– ٣٨٦. 
  42. ^ کارڵ، یۆنگ (١٩٧٧). Collected Works of C. G. Jung, Volume 18: The Symbolic Life. پەڕەکان پەڕەی ٢٧٢. 
  43. ^ پۆڵی یۆنگ، ئیسندراس (١٩٩٧). The Cambridge Companion to Jung. پەڕەکان پەڕەی ٣١٩. 
  44. ^ کارڵ یۆنگ، وەرگێڕانی: فەرمان ڕۆستەمی. دەروونناسی و ئایین. دەسگای سوھرەوەردی. پەڕەکان ٢٧. 
  45. ^ کارڵ، یۆنگ (١٩٩١). Psyche and Symbol. 
  46. ^ کارڵ، یۆنگ (١٩٧١). Psychological Types جۆرە دەروونناسیەکان. 
  47. ^ کارڵ، یۆنگ (١٩٠٢). The associations of normal subjects. پەڕەکان ٣ – ٩٩. 
  48. ^ جۆلاند، جەیکۆب (١٩٧٣). The Psychology of C. G. Jung. 
  49. ^ کارڵ، یۆنگ (١٩٤٨). General aspects of dream psychology. پەڕەکان ٢٣ – ٦٦. 
  50. ^ "بڵاوکراوەکانی کارڵ یۆنگ". ویکیپیدیا. 

تێبینیەکان[دەستکاری]

  1. ^ نوسینێکی ئەڵمانی ئەلکیمیە لە سەدەی شازدە بڵاوکراوەتەوە واتا گوڵستانی فەیلەسوفان، وتە و پەند و دانایی تێدایە
  2. ^ مەبەست لە بەردی فەلسەفەیە کە کەرەستەیەکی ئەفسانەیی ئەلکیمیە توانای ھەیە جیوە بگۆڕێت بۆ ئاڵتون و پێی دەوترێت ئیکسیری ژیان سوودی ھەیە بۆ بەدەستھێنانی نەمری
  3. ^ تێلێسفۆرەس لە ئایینی کۆنی یۆنانیدا کوڕی ئیسکیلۆسە و قەزەم بووە و زۆربەی کات لەگەڵ خوشکەکەی بووە، ھێمای چاکبوونەوەیە لە نەخۆشی و ناوەکەی واتا کامڵکەر

بەستەرە دەرەکییەکان[دەستکاری]