فریدریش نیچە

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
فریدریش ولیام نیچە
Friedrich Nietzsche
نیچە لە ساڵی ١٨٧٥
لەدایکبوونفرێدریش ویلھڵم نیچە
١٥ی تشرینی یەکەمی ١٨٤٤، ڕۆکن
شانشینی پرووسیا (ئەڵمانیای ئێستا)
مردن٢٥ی ئابی ١٩٠٠
ئیمپراتۆریەتیی ئەڵمانی
نیشتەجێئەڵمانیا
نەتەوەئەڵمانی
سەردەمفەلسەفەی سەدەی ١٩یەم
ناوچەفەلسەفەی ڕۆژاوایی
کتێبەکانچاکە و خراپە، دژە مەسیح، ئەوەیە مرۆڤ، ئاوابوونی بتەکان، زانستی شادمان، وەھای گوت زەردەشت، سپێدە ھتد...

فرێدریش ویلھڵم نیچە (بە ئینگلیزی: Friedrich Wilhelm Nietzsche) ( بە ئەڵمانی: [ˈfʁi:dʁɪç ˈvɪlhɛlm ˈni:tʃə] (سەبارەت بەم پەڕگەیە گوێگرتن)) فەیلەسووفی بەناوبانگ، خەڵکی ئەڵمانیا (لە دایکبوونی ١٥ی تشرینی یەکەمی ١٨٤٤ – مردووی ٢٥ی ئابی ١٩٠٠)؛ خاوەن بیر و بۆچوونی رەخنەگر بوو لەبارەی ئایین و چاند.

نوسراوەکانی نیچە شێوازی تایبەتی خۆیان ھەیە و وەک نووسراوەکانی تری سەردەمی خۆی نییە. ئاھەنگی نووسراوەکان لە گوێی خوێنەر وەک ھۆنراوە وایە. ھەندێک لە وتەکانی بە خێرایی و ڕووتی وتە و بڕێکی تر لە کەلامدا. بەڵام بە گشتی لە سەرانسەر نووسراوەکانی وشە بە وشە خاوەن واتای خۆیانن و زۆربڵێیی نەکردووە.

دەستی بە کارەکانی کردووە بە خوێندنی زمانناسی کلاسیک، پێش ئەوەی ڕوو لە فەلسەفە بکات. لە تەمەنی بیست و چوار ساڵیدا لە ساڵی ١٨٦٩ بوو بە پرۆفیسۆری زمان لە زانکۆی بازل، لە ساڵی ١٨٧٩ دەستی لەکارکێشایەوە بەھۆی کێشەی تەندروستی کە زۆربەی تەمەنی تووشی بوو، دەیەی دواتریشی بە نووسینی گرنگترین کتێبەکانی بەسەر برد. لە ساڵی ١٨٨٩ لە تەمەنی چل و چوار ساڵیدا تووشی داڕمان بوو و ھەموو توانا دەروونییەکانی لەدەستدا. لە ساڵانی کۆتایی خۆی لەژێر چاودێری دایکی و خوشکەکەیدا ژیاوە، تا لە ساڵی ١٩٠٠ کۆچی دوایی کردووە.[١]

یەکێک بوو لە دیارترین دەستپێشخەرانی دەروونناسی و زمانناسێکی دیار بوو. دەق و کتێبی ڕەخنەیی لەسەر ئایین، ئەخلاق، سوودگەرایی، فەلسەفەی ھاوچەرخ، ماتریالیزم و ئایدیالیزمی ئەڵمانی نووسیوە. ھەروەھا لەسەر ڕۆمانسیزمی ئەڵمانی و مۆدێرنیزم نووسیوویەتی، بە زمانێکی ئەڵمانی لێھاتوو. بە یەکێک لە فەیلەسوفە بەناوبانگەکان دادەنرێت و بە شێوەیەکی بەرفراوان لەنێو خوێنەراندا بڵاوبووەتەوە.

زۆرجار خەڵکی وا دەزانن کە بەرھەمەکانی ھەڵگری سەرەکیی بیرۆکەکانی ڕۆمانسیزم، نیھیلیزم، دژە جووگەرایی و تەنانەت نازییەتیش، بەڵام ھەندێک لە زانایان بە توندی ئەم قسانە ڕەتدەکەنەوە و دەڵێن ئەو دژی ھەموو ئەم ڕەوتانەیە. زۆرجار نیچە ئیلھامبەخشە بۆ قوتابخانەی بوونگەرایی و پاش نوێگەری لە بواری فەلسەفە و ئەدەب. ئەو بیرۆکەی وای بەرەوپێش دەبرد کە زۆر کەس پێیانوابوو لەسەر ڕەوتی ناعەقڵانییەتدان. دواتر ھەندێک لە بۆچوونەکانی لەلایەن ئایدۆلۆژیستە فاشیست و نازییەکانەوە بەکارھێنران. نیچە ئایدیالیزمی ئەفلاتوونی و مەسیحییەت و ئایینەکان و میتافیزیکی بە گشتی ڕەتکردەوە. و داوای پەسەندکردنی بەھای ئەخلاقیی نوێ کرد، ھەروەھا ڕەخنەی لە کانتیانیزم و ھیگلیزم گرتووە.[٢][٣][٤][٥][٦][٧][٨][٩][١٠][١١][١٢][١٣][١٤]

نیچە ھەوڵی دەدا مەترسییەکانی بەھا باوەکان نیشان بدات، بە ئاشکراکردنی میکانیزمەکانی کارکردنیان بە درێژایی مێژوو، وەک ئەخلاق و ویژدانی باو. نیچە یەکەم کەسە کە لە لێکۆڵینەوەیەکی مێژوویی ورددا لە ئەخلاق بکۆڵێتەوە. و چەمکێکی گرنگی لەبارەی پێکھاتنی ھۆشیاری و ویژدان و ئیشکالاتی مردنی خستەڕوو.[١٥][١٦][١٧][١٨]

ژیان[دەستکاری]

لە ی تشرینی یەکەمی ساڵی ١٨٤٤ لە شارۆچکەی بچووکی ڕۆکن لە شاری لایپزیگی پایتەختی پرووس لەدایکبووە. بەھۆی ڕێکەوتی ئەم ڕۆژە لەگەڵ ڕۆژی لەدایکبوونی فریدریش ویلھێلمی چوارەم، پاشای ئەوکاتی پرووسیا، کە پاشا لە ڕۆژی لەدایکبوونی نیچەدا تەمەنی چل و پێنج ساڵ بوو، باوکی کە مامۆستای چەند ئەندامێکی بنەماڵەی شاھانە بوو، بۆیە ناوی یەکەمی پادشای بۆ دانا (دواتر نیچە بەشی ناوەڕاستی ناوەکەی خۆی بەکارھێنا و ویلھێلمی لابرد) کە دەبێتە «فریدیش نیچە».[١٩] خۆی سەبارەت بەو ڕووداوە لە پەرتووکێکدا دەڵێت:

ئەو یەکسان بوونە، بە قازانجم بوو لەبەر ئەوەی تەواوی دەورانی مناڵیم ڕۆژی لە دایکبوونم ڕۆژی جەژنی گشتی بووە.

لە تەنیایی دا کاتی تایبەتی تەرخان ئەکرد بە خوێندنەوەی ئینجیل و لێکۆڵینەوەی. جاربەجار کۆپلییەکی وا بە ھەست بۆ دۆستانی ئەخوێندەوە کە فرمێسکی لە چاو ئەھاتە خوار. لە چوار ساڵیدا دەستی بە خوێندن و نووسین کرد و لە ١٢ ساڵیدا ھۆنراوەری دەنووسی.[ژێدەر پێویستە]

باوکی بەناوی کارل لودڤیگ نیچە (١٨١٣–١٨٤٩)، قەشە و مامۆستای پێشووی لۆتەران و دایکی فرانسیسکا نیچە (١٨٢٦–١٨٩٧)، ھەردووکیان ساڵێک پێش لەدایکبوونی نیچە لە ساڵی ١٨٤٣ ھاوسەرگیریان کردووە. دوو منداڵی دیکەشیان بوو بەناوەکانی: خوشکی نیچە بەناوی ئەلیزابێس فۆڕستەر-نیچە لەدایکبووی ساڵی ١٨٤٦ بوو و براکەی نیچە بە ناوی لودوویگ جۆزێف لەدایکبووی ساڵی ١٨٤٨ بوو. کاتێک نیچە تەمەنی پێنج ساڵ بوو، باوکی بەھۆی نەخۆشییەکی درێژخایەنی مێشکەوە گیانی لەدەستدا. دوای شەش مانگ دوا منداڵی ئەو خێزانە بە ناوی لودوویگ جۆزێف لە تەمەنی دوو ساڵیدا کۆچی دوایی کرد. پاشان نیچە لەگەڵ خێزانەکەی ڕوویان لە ناومبۆرگ کرد. نیچە لە ساڵانی ١٨٥٠–١٨٥٦ لەگەڵ داپیرەی لە لای دایکییەوە و دوو خاڵۆزایەکی بێ شوو لەوێ دەژیا. دوای مردنی داپیرەی لە ساڵی ١٨٥٦دا، ڕوویان لە ماڵەکەی خۆیان کرد کە ئێستا مۆزەخانەیە و ناوەندی خوێندنی نیچە بوو. نایجل ڕۆجەرز و مێل تۆمپسۆن لە پەرتووکی (فەیلەسووفە خراپەکان)دا نیشانی دەدەن کە نیچە بەردەوام نەخۆش بووە و سەرئێشەی ھەبووە و ئەگەر بە نەخۆشی سفلیس نەمردبێت، ئەوا دەتوانرا بگەنە ئەو ئەنجامەی کە ئەو ھێشتا کوڕ بووە کاتێک مرد. نیچە خۆشەویستی خۆی بۆ ئافرەتانی وەک لو سالۆم و کازیما ڤاگنەر دەربڕیبوو، بەڵام ھەموو ئەم دۆخانە بە تاڵیی کۆتاییان ھات و بە تایبەتیش ناپاکی لو سالۆم و پۆڵ ڕەی ھاوڕێی گورزێکی زۆر بەھێزی لێدا، ئەمەش نەخۆشییەکەی زیاتر کرد. لە کۆتایی ژیانی نیچەدا خوشکەکەی ئاگاداری بوو، ئەویش زۆرترین سوودی لە داھاتی فرۆشتنی بەرھەمەکانی وەردەگرت. نیچە لە دە ساڵی کۆتایی ژیانیدا بە کردەوە شێت بوو.[٢٠][٢١]

خوێندن[دەستکاری]

سەرەتا لە خوێندنگایەکی کوڕان و دواتر لە خوێندنگایەکی تایبەت خوێندوویەتی، لەوێ ھاوڕێیەتی لەگەڵ کەسانی وەک گوستاڤ کرۆگ و ڕودۆڵف ڤاگنەر و ویلھێلم پیندەر دەکات کە لە خێزانێکی زۆر بەڕێز بوون. لە ساڵی ١٨٥٤ چووە ناو خوێندنگای ئامادەیی بەناوبانگی دۆمجیمنازیۆم لە شاری ناومبۆرگ. دواتر بەھۆی خزمەتکردنی باوکی وەک قەشەیەک بۆ میری لە پێشوودا، بەخششی خوێندنی بۆ خوێندنگای بەناوبانگی جیھانی پفۆرتا پێشکەش دەکرێت. گواسترایەوە بۆ ئەو خوێندنگایە و لە ساڵی ١٨٥٨ تا ١٨٦٤ لەوێ خوێندوویەتی. لەوێ ھاوڕێیەتی کەسانی وەک پاوڵ جاکۆب دیوسن و کارل ڤۆن گێرسدۆرف دەکات. ھەروەھا کات بەسەر دەبات بۆ نووسینی ھۆنراوە و مۆسیقا. لە ھاویندا لە ناومبۆرگ کۆمەڵگەیەکی وێژەیی و مۆسیقی بە ناوی «ژێرمانیا» دەرھێناوە. نیچە توانی لە خوێندنگای پێفۆرتا بناغەیەکی تۆکمە لە چەند زمانێکدا بەدەستبھێنێت لەوانە یۆنانی، لاتینی، عیبری، فەڕەنسی، ئەمەش وای لێکرد ڕاستەوخۆ سەرچاوی گرنگ بخوێنێتەوە. لەم ماوەیەدا بۆ یەکەمجار لە ژینگەیەکی کۆنەپەرستانەی شارۆچکەیەکی بچووکدا ئەزموونێکی وەرگرت کە دوورکەوتنەوە لە خێزانەکەی بوو.[٢٢][٢٣][٢٤]

ڕادەکانی خوێندەواری[دەستکاری]

لە ١٨٦٥دا خوێندن لە کۆلیژی خواناسی و ناسینی ئایینەکان لەبەر نەمانی بڕوای بە ئایینی خاچپەرستی بەڕەڵا دەکات. لە پەرتووکێکدا نووسیوویەتی:

لە ڕاستیدا تەنھا یەک خاچ پەرەستی ڕاستەقینە ھەبووە ئەویش بەسەر خاچەکەوە کوژرا.

دواتر دەڕوات بۆ شاری لایپزیک و لێکۆڵینەکانی سەبارەت بە وشەناسین دەست پێ‌دەکات. ھەر لەو کاتەوە فەرھەنگ و فەلسەفەی یۆنانی دەناسێت و گیرۆدەی دەبێ. بە ڕێکەوت پەرتووکێکی شۆپنھاور دەسێنێت و دەیخوێنێتەوە و بڕواکانی شۆپنھاوەر ئەبنە چوارچێوەی زەینی.

لە ساڵی ١٨٦٩ و بۆ ماوەی ١٠ساڵ ئەبێتە مامۆستا لە زانکۆی بازل لە بواری وشەناسیی کلاسیکدا و ھەروەھا مامۆستای زمانی یۆنانی لە خوێندنگایەک. ھەر لەو ساڵانەدا لەگەڵ واگنێر مۆسیقازانی ئەڵمانی ئەبێتە دۆستی نزیک. ئەوندەی کەی بەشێک لە پەرتووکی لەدایکبوونی تراژیدی باسی دوونیای مۆسیقای واگنێری تێدایە.

شێتبوون و مردن[دەستکاری]

نیچە لە نیگارێکی ساڵی ١٨٩٩ لەلایەن نیگارکێشی ئەڵمانی ھانس ئۆڵد

چیرۆکێکی بەناوبانگ ھەیە دەربارەی سەرەتای شێتی نیچە، کە باس لەوە دەکات لە ٣ی کانوونی دووەمی ١٨٨٩دا نیچە لە گۆڕەپانی کارلۆ ئەلبێرتۆ لە شاری تۆرین بە پێ دەڕۆیشت و ڕووبەڕووی دیمەنی ئەسپێک دەبێتەوە کە لەلایەن ڕاھێنەرێکەوە قامچی لێدەدرا. نیچە بە بینینی ئەم دیمەنە دڵتەنگ دەبێت و پەلە دەکات بۆ لای ئەو ئاژەڵە: نیچەی گریاو ملی ئەسپەکە لە باوەش دەگرێت و بە میھرەبانییەوە نازی پێ دەدات؛ و دوای چەند ساتێک، لەبەردەم چاوە سەرسوڕھێنەرەکانی ڕاھێنەر و چاودێران، لەناکاو چاویان دەخەنە سەر زەوی. شێتی و خۆرگیرانی ڕۆحی نیچە لەم ڕووداوە لە گۆڕەپانی کارلۆ ئەلبێرتۆ دەست پێدەکات.[٢٥][٢٦][٢٧]

نیچە ژیانێکی پەشێوی ھەبوو و لەگەڵ ژنان زۆر باش نەبوو. نیچە بەردەوام نەخۆش بوو و سەرئێشەی ھەبوو و ئەم سەرئێشەی بە دەرئەنجامی لەدایکبوونی بیری نوێی دەزانی. لە کۆتایی ژیانی نیچە خوشکەکەی ئاگاداری بوو. نیچە لە دە ساڵی کۆتایی ژیانیدا بە کردەوە شێت بوو. ھەندێک لە پزیشکانی دەروونی سەردەمی نیچە و بەتایبەت پزیشکە چارەسەرکەرەکانی، ھۆکاری شێتی نیچەیان بە ئیفلیجی وردە وردەی مێشک دەزانی کە بەھۆی ھەوکردنی سفلیسەوە دروست دەبێت. بەپێی ئەم بیردۆزە، لە ماوەی ساڵانی ١٨٦٤ تا ١٨٨٨، نیچە سەرەتا لە یەکێک لە خانەکانی لەشفرۆشە ئەورووپییەکان تووشی نەخۆشی سفلیس بوو و دواتر تووشی ئیفلیجی مێشک بوو. بۆ ماوەیەک ئەم دەستنیشانکردنە پێوەرێکی باو و تایبەت بوو و زۆر کەس تا ناوەڕاستی سەدەی بیستەم ئاماژەیان پێدەکرد؛ کەیسێک کە دواتر لە ڕووی دەروونی و ھەروەھا لە ڕووی پزیشکییەوە ئاڵنگاریی کرا. خوشکەکەی بەناوی ئەلیزابێس فۆرستەر پێیوابوو کە ھۆکاری شێتییەکەی بەکارھێنانی کلۆرال (ئازارشکێنێکە کە نیچە بۆ ئازارەکانی بەکاریدەھێنا) بوو. ھەروەھا بانگەشەی ئەوەی دەکرد کە کاری چڕ و پڕی ھزریش ڕۆڵی ھەبووە لە تێکچوونی دەروونی براکەیدا.[٢٨][٢٩][٣٠]

لە ٦ی کانوونی دووەمی ١٨٨٩دا بورکھارت نامەکەی نیچەی پیشانی ھاوڕێکەی «فرانز ئۆڤەربێک» دا. ڕۆژی دواتر ئۆڤەربێک نامەیەکی ھاوشێوەی لە نیچە وەرگرت. ھاوڕێکانی نیچە بڕیاریان دا بیھێننە بازل، بۆیە ئۆڤەربێک گەشتێکی بۆ تۆرین کرد و نیچەی ھێنا بۆ دیدەنگەی دەروونی لە بازل. لەگەڵ تێپەڕبوونی کاتدا دەرکەوت کە نیچە تووشی نەخۆشییەکی دەروونی قورس بووە، بۆیە دایکی بڕیاریدا بیگوازێتەوە بۆ نەخۆشخانەیەک لە شاری جێنا بە سەرپەرشتی پزیشکی دەروونی و دەمارناسی سویسری ئۆتۆ بینزوانگەر. لەو مانگەدا (کانوون دووەمی ١٨٨٩) پەرتووکی نیچە - کە ئامادە بوو - «ئاوابوونی بتەکان» بڵاوکرایەوە. لە نێوان تشرینی دووەمی ساڵی ١٨٨٩ تا شووباتی ١٨٩٠، مێژوونووس جولیۆس لانگێبان ھەوڵیدا خۆی چارەسەری نیچە بکات و بانگەشەی کرد کە شێوازەکانی پزیشکەکان لە چارەسەرکردنی دۆخی نیچەدا بێکاریگەرین. دایکی بەناوی لانگبان تووشی نەخۆشییەکی ھاوشێوە بووبوو. لانگبان بۆ ماوەیەک چارەسەری نیچەی کرد، بەڵام کاریگەری نەبوو. لە مانگی ئازاری ساڵی ١٨٩٠ دایکی نیچە کوڕەکەی لە نەخۆشخانە دوورخستەوە و لە مانگی ئایاری ساڵی ١٨٩٠دا، کوڕەکەی ھێنایە ماڵەکەی خۆی لە ناومبۆرگ. تەنانەت ئەو کاتەش نیچە دەیتوانی ھەندێک گفتوگۆی کورت بکات.[٣١]

لەم ماوەیەدا ھاوڕێکانی نیچە فرانز ئۆڤەربێک و پیتەر گاست بیریان لەوە دەکردەوە کە چی لە بەرھەمە بڵاونەکراوەکانی نیچە بکەن؛ بۆیە پەرتووکی «نیچە دژی ڤاگنەر» بە چاپێکی سنووردار کە پەنجا دانە بوو چاپکرا و بڕیاریاندا پەرتووکەکانی «دەجال» و «ئیکۆ ھۆمۆ» بە ھۆی ناوەڕۆکێکی ڕادیکاڵییەوە چاپ نەکەن. ھەر لەم سەردەمەدا بوو کە کارەکانی نیچە بۆ یەکەمجار دەستی کرد بە وەرگرتنی سەرنج و ناساندن.

وێنەی ڕەش و سپی نیچە لە درەنگانی تەمەن و لە کاتی شێتیدا

لە ساڵی ١٨٩٣دا ئەلیزابێسی خوشکی نیچە دوای ئەوەی ھاوسەرەکەی کۆتایی بە ژیانی خۆی ھێنا لە پاراگوای گەڕایەوە. ئەلیزابێس ھەموو بەرھەمەکانی نیچە خوێندووەتەوە و لێکۆڵینەوەی کردووە، لەو کاتەوە ئاگاداری بووە و چاپی کردووە، لە ساڵی ١٨٩٤ «ئەرشیفی نیچە»ی دامەزراندووە. دوای دایکی، لە ساڵی ١٨٩٧، نیچە گواسترایەوە بۆ ئەوەی لە شاری ڤایمار بژی، کە ئەلیزابێسی خوشکی لەوێ نیشتەجێیە، کە ئاگاداری بوو و ڕێگەی بە سەردانکەران دا بێنە لای، لەنێویاندا ڕوودۆڵف شتاینەر (کە لە ساڵی ١٨٩٥ یەکێک لە یەکەم پەرتووکەکانی نووسی کە ستایشی نیچە دەکات). بۆ ماوەیەک ئەلیزابێس داوای لە شتاینەر کرد کە یارمەتی بدات بۆ ئەوەی لە فەلسەفەی براکەی تێبگات.

نەخۆشی نیچە لە سەرەتادا لە ئەنجامی توندبوونەوەی نەخۆشی سفلیس دەستنیشانکرا، بەپێی ئەو بۆچوونە پزیشکییەی کە لەو کاتەدا زاڵ بوو. زۆربەی شرۆڤەکاران پێیان وایە کە داڕمانی دەروونی ئەو ھیچ پەیوەندییەکی بە فەلسەفەکەیەوە نییە، تەنیا ئەوە نەبێت کە جۆرج باتایل ئاماژەی بە پێچەوانەکەی کردووە (ئەم مرۆڤە بەرجەستەیە دەبێت شێت تووشی بێت)، ھەروەھا ئەو شیکارییە دەروونییەی کە فەیلەسوفی فەڕەنسی «رێنی جیرارد» ئەنجامیداوە، کە تیایدا بینی ھۆکارەکە ڕکابەری نیچەیە لەگەڵ ڕیچارد ڤاگنەر. لەو کاتەوە زۆرێک لە شیکارییەکان لەسەر ھۆکاری داڕمانەکە دەرکەوتن، لەوانە دەستنیشانکردنی «نەخۆشی ئاڵۆزیی دووجەمسەری، پاشان سایکۆسز، دواتر تێچوونی مێشکی خوێنبەر».[٣٢][٣٣]

لە نێوان ساڵانی ١٨٩٨ بۆ ١٨٩٩ نیچە لایەنیکەم دوو گیرانی مێشکی لێکەوتەوە، ئەمەش وای کرد بەشێکی ئیفلیج بێت و نەیتوانی بدوێت و نە بڕوات. تا ساڵی ١٨٩٩ تووشی ھێمیپارێزی (نیمپارێزی کلینیکی) بوو لە لای چەپی جەستەیدا. دوای ئەوەی لە ناوەڕاستی مانگی ئابی ساڵی ١٩٠٠ تووشی ھەوکردنی سییەکان بوو، لە شەوی ٢٥ی ئابدا تووشی گیرانی کۆتایی بوو، و نیوەڕۆی ڕۆژی دواتر کۆچی دوایی کرد. ئەلیزابێس لە تەنیشت باوکی لە کڵێسایەک لە شاری لوتزن بە خاکی سپارد. ھاوڕێ و سکرتێرەکەی «پیتەر گاست» لە پرسەکەیدا وتەیەکی پێشکەش کرد و ڕای گەیاند: «ناوی (پیرۆز)ت بۆ ھەموو نەوەکانی داھاتوو دەبێت!».[٣٤]

بیرۆکەکان[دەستکاری]

بیڕ و بۆچوونەکان سەبارەت بە نیچە جیاوازن. لەبەر وتەکانی سەبارەت بە ژن ھەندێک کەس بە دژە ژنی ئەناسن. بەڵام ڕوون نیە مەبەستی ڕاستەقینەی چی بووە لەو دوور کەوتنییەی لە ژن. بەڵام ھۆکاری زۆری دژ بوون بە ژن دەگەڕێتەوە بۆ ئەو شکستەی کە لەگەڵ خانمە ڕووسی لۆسالۆمی خواردی و لۆسالۆمیڕەدی دەکاتەوە، بەڵام لەگەڵ بیرۆکەکانی شۆپنھاوەر دژی ئافرەت ئەو شکستەی خۆی وەک ویست و غەریزە دەبینێت. و دوای ئەو قۆناغە بیرۆکەی بەرزە مرۆڤبوون و ژیانکردن لە دەرەوەی ویست و خراپە و چاکە و کۆیلە بوون و لە خودا ژیان دێنێتەکایەوە، تا مردن بە تەنھا دەمێنێتەوە.

نیتچە بیرۆکەی خۆبەڕێوەبردنی بۆ مرۆڤایەتی ھێنا، ھەمیشە دەیەوێت خاڵە لاوازەکانی مرۆڤ لە ھزردا چەکوش لێ بدات وەک ئەوەی ھەموو دوونیا بکات بە دژی خۆی وەک خۆی دەڵێت خودا مرد.

دەروون شیکاری و بە چارەسەر بە دوواندن، فرۆید دوای نیتچە گەورەی کرد و کردی بە رێگەی پاڵخستن و چارەسەر بۆ نەخۆشەکان.

نیچە و ھیچخوازی[دەستکاری]

ھیچخوازی ئەو باوەڕەیە کە ژیان ھیچ واتایەکی نییە، و ڕەتکردنەوەی ھەموو بەھا ڕەوشتی و ئایینییەکان، دەکرێت نیچە لە ڕووی ڕەتکردنەوەی ھەموو بەھا کۆمەڵایەتی و ڕامیاری و ڕەوشتی و ئایینییەکانەوە بە فەیلەسوفێکی ھیچخواز ھەژمار بکرێت، خاڵی کۆبوونەوەی ھیچخوازی لەگەڵ بوونگەرایی ئەوەیە کە ژیان ھیچ واتایەکی نییە، بۆیە نیچە بە پێشەکی سەرھەڵدانی بوونگەرایی دادەنرێت.

نیچە پێی وابوو ھیچ پێوەرێکی ڕەھا بۆ ئەو بەھایانە نییە و ئەم بەھا بۆماوەییانەش کاریگەریی نەرێنییان لەسەر ئێمە ھەیە و ھەر بۆیە دەبێت بە تەواوی لێیان ڕزگارمان ببێت، بەتایبەتی بەھا ئایینییەکان. لای نیچە ھەر باوەڕێک ڕاست بێت، باوەڕێکی درۆیە و پێی وایە کە گەورەترین کێشە بۆ بەھا ئایینییەکان و بەھاکانی سەردەمی ڕۆشنگەری ئەوەیە کە وای دادەنێن کە ڕەھایە و بۆ ھەموو کات شوێنێک دەبن، و مامەڵەنەکردن لەگەڵیاندا لەسەر بنەمای ئەوەی کە دەرئەنجامی بارودۆخی مێژوویی و ھزری ئەو کاتەن. لە پەرتووکی «ویستی دەسەڵات»دا ڕوونی دەکاتەوە کە «پرسیارەکە: بۆچی وەڵامی نییە»، و پشتڕاستی دەکاتەوە کە داڕمانی واتا و ئامانجی ژیان گەورەترین ھێزی وێرانکەرە بۆ مرۆڤایەتی لە مێژوودا.[٣٥]

وەھای گوت زەردەشت[دەستکاری]

نیچە وەک زمانزان و ھۆنەرێک لە ڕێگەی فیلۆلۆژیاوە ھاتە نێو جیھانی فەلسەفە (کە بریتییە لە لێکۆڵینەوەی پەرتووکە مێژووییەکان لە چوارچێوەی مێژوویی دروستی خۆیاندا بەبێ وەرگێڕان)، خوێندنی زانکۆیی وای لێکرد کە چاندێکی گەردوونی گشتگیر بەدەستبھێنێت. حەزی سەرەتایی و پیشەکەی پەرتووکە فەلسەفییە یۆنانییە کۆنەکان بوو. لقی سەرەکیی ھەموو ئەو شتانەی کە لە بیرکردنەوەی فەلسەفیدا دەیخستەڕوو، بیری یۆنانی کۆن بوو، کە بەلایەوە پێوانەکردنی شتەکان بوو و لە ڕێگەیەوە دواکەوتنی سەردەمی خۆی دەبینی. نیچە لە سەردەمی خۆیدا بەوە ناسراو بوو کە لە ڕەوشتەوە نزیکتر بوو زیاتر لە فەلسەفە.

«وەھای گوت زەردەشت» گرنگترین پەرتووکی نیچەیە. نیچە دوای ئەو چەندین پەرتووکی نووسی، بەڵام نزیکەی ھەموویان لێدوانێک بوون لەسەر ئەم پەتووکە، کە بە ئینجیلی تایبەتی خۆی دەزانی، بەڵام لە چاپکردنیدا ڕووبەڕووی ئاستەنگییەکی زۆر بووەوە، ھەروەھا پەرتووکەکە لەنێو زانکۆکانی ئەڵمانیا کە پابەندن بە ئایدیالیزمی ھیگلییەوە زۆر پێشوازی لێنەکرا. سەرەتای پەرتووکەکە بە چیرۆکی زەردەشت، «لەبارەی دانای کۆنی ئێران» دەست پێدەکات، کە دوای چەندین ساڵ تێڕامان لە پیرۆزگاکەی لە شاخەوە ھاتە خوارەوە بۆ ئەوەی خەڵک بانگ بکات بۆ مرۆڤی باڵا، کە دیدگای داھاتووی مرۆڤە و لە ئێستاوە دابەزیوەتە سەر پیاوێکەوە. کەسێکی جەنگاوەر و زیرەک و لە ھەمووی گرنگتر ئازا و مەترسیدار. پاشان زەردەشت چاوی بە پیرە پیاوێک دەکەوێت کە نوێژ دەکات و لە خودا دەپاڕێتەوە، بۆیە سەری سوڕدەمێنێت و دەڵێت: «ئایا دەکرێت ئەم پیرە پیاوە نەیزانیبێت کە خودا مردووە و ھەموو خواوەندەکان مردوون؟!». زەردەشت سەرەتا ڕووبەڕووی قوورسی دەبێتەوە لە ڕاکێشانی خەڵک بۆ بانگەوازەکەی، بەو پێیەی خەڵکەکە سەرقاڵن بە سەیرکردنی پیاوێک کە لەسەر پەتێکی بەرز یاری دەکات، بەڵام پیاوەکە دەکەوێتە خوارەوە، زەردەشتیش دەیگرێتەوە و پێی دەڵێت کە من ئەوی لە ھەموو کەسێک پێ باشترە و خۆشی دەوێت چونکە ژیانی خۆی بە مەترسی و پیاوەتییەوە بردە سەر.

بەم شێوەیە زەردەشت درێژە بە گەشتەکەی و بانگێشتنامەکەی دەدات بۆ دەربڕینی بیرۆکەکانی نیچە، کە ڕەنگە ھەندێک بە ڕەگەزپەرستییان بینیبێت. نیچە یەکێکە لە پایەکانی تاکگەرایی ئەورووپی، بەو پێیەی گرنگییەکی زۆری بە تاک داوە. پێی وابوو کۆمەڵگە بۆ خزمەتکردن و بەرھەمھێنانی تاکێکی تایبەت و قارەمان و زانا بوونی ھەیە، بەڵام جیاوازی لە نێوان گەلەکاندا کرد و ھەمان شایستەیی و توانای پێنەبەخشی، وەک چۆن گەلی ئەڵمانی بەسەر ھەموو گەلانی ئەورووپادا پێ باشتر بوو و پێی وابوو کە چاندی فەڕەنسی جوانترین و باشترین چاندە، لە کاتێکدا ئیتاڵییەکان چێژ لە جوانی و توندوتیژی وەردەگرن، و ڕووسەکان توانا و ھێزیان ھەیە، و نزمترین گەلانی ئەورووپی بە بۆچوونی ئەو ئینگلیزەکانن کە دیموکراسی ئینگلیزی تێیدا فراوانکردنی ئازادییە کەسییەکان و کراوەیی ڕەوشتی بێزاری دەکرد، و بە نیشانەی نەبوونی قارەمانێتی دەزانی.

بەرھەمەکان[دەستکاری]

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  1. ^ https://plato.stanford.edu/archives/sum2011/entries/nietzsche/
  2. ^ https://muse.jhu.edu/article/15164
  3. ^ https://web.archive.org/web/20180101082156/http://www.iep.utm.edu/nihilism/
  4. ^ https://www.atlassociety.org/post/nietzsche-and-the-jews-judaism-and-anti-semitism
  5. ^ https://web.archive.org/web/20180101030520/http://www.stephenhicks.org/nietzsche-and-the-nazis/
  6. ^ https://www.allaboutphilosophy.org/friedrich-nietzsche-faq.htm
  7. ^ https://web.archive.org/web/20180101032613/https://www.britannica.com/topic/irrationalism
  8. ^ Simonetta Falasca-Zamponi (2000). Fascist Spectacle: The Aesthetics of Power in Mussolini's Italy [مشهد الفاشية: جماليات القوة في إيطاليا موسوليني] (بالإنكليزية). University of California Press. p. 44. في 1908 قدم مفهوم دور السوبرمان في المجتمع الحديث في بحث عن نيتشه بعنوان (فلسفة القوة).داڕێژە:استشهاد بكتاب: صيانة الاستشهاد: لغة غير مدعومة (link)
  9. ^ https://web.archive.org/web/20210308201841/https://archive.org/details/fascismineurope10000morg
  10. ^ Simonetta Falasca-Zamponi (1959). The Rise and Fall of the Third Reich, a History of Nazi Germany [صعود وأفول الرايخ الثالث، تاريخ لألمانيا النازية] (بالإنكليزية). Simon and Schuster. p. 100. لا أعتقد أن أحدا عاش في الرايخ الثالث لم يتأثر بنيتشهداڕێژە:استشهاد بكتاب: صيانة الاستشهاد: لغة غير مدعومة (link)
  11. ^ https://web.archive.org/web/20180101030254/http://www.sphpress.com/nietzsche-on-plato/
  12. ^ https://web.archive.org/web/20200106111101/http://s3-euw1-ap-pe-ws4-cws-documents.ri-prod.s3.amazonaws.com/9781138793934/A2/Nietzsche/NietzscheReligion.pdf
  13. ^ https://web.archive.org/web/20200320083216/https://www.sciencedirect.com/science/article/abs/pii/S0191659905000409
  14. ^ https://web.archive.org/web/20180101030225/http://onlinelibrary.wiley.com/doi/10.1111/0031-806X.00014/pdf
  15. ^ أحمد عبدالحليم عطية (2010). نيتشه وجذور ما بعد الحداثة. لبنان: المنهل. ص. 311.
  16. ^ https://www.alaraby.co.uk/culture/25ff6f2d-3b94-4ec7-bb2b-f98a72054746
  17. ^ https://archive.org/details/introductiontoni0000anse
  18. ^ https://web.archive.org/web/20180101030409/https://attackthesystem.com/the-nietzschean-prophecies/
  19. ^ Kaufmann, Walter (1974). Nietzsche: Philosopher, Psychologist, Antichrist. Princeton University Press, p. 22. ISBN 0-691-01983-5.
  20. ^ Wicks, Robert (1 January 2014). Zalta, Edward N. , ed. Friedrich Nietzsche, The Stanford Encyclopedia of Philosophy (Winter 2014 ed.).
  21. ^ راجرز، ن. ، تامپسون، م. (1393). فیلسوفان بدکردار. ترجمه احسان شاه قاسمی. تهران: انتشارات امیرکبیر
  22. ^ Brobjer, Thomas H. "Why Did Nietzsche Receive a Scholarship to Study at Schulpforta?". Nietzsche-Studien. 30: 322–27.
  23. ^ Krell, David Farrell, and Donald L. Bates. The Good European: Nietzsche's work sites in word and image. University of Chicago Press, 1997.
  24. ^ Cate, Curtis (2005). Friedrich Nietzsche. Woodstock, NY: The Overlook Press.
  25. ^ Carlo Alberto
  26. ^ فریدریش نیچه، واپسین شطحیات، ترجمه و تألیف حامد فولادوند، چاپ دوم، تهران: جامی، ۱۳۸۷، پیشگفتار، صفحه ۸–۷.
  27. ^ E. F. Podach, I'effondrement de Nietzsche, Gallimard 1931, pp. 11-13, 36-38.
  28. ^ E. F. Podach, I'effondrement de Nietzsche, pp. 171-178.
  29. ^ chloral
  30. ^ فریدریش نیچه، واپسین شطحیات، ترجمه و تألیف حامد فولادوند، چاپ دوم، تهران: جامی، ۱۳۸۷، پیشگفتار، صفحهٔ ۴۸.
  31. ^ https://web.archive.org/web/20200106190145/https://books.google.com/books?id=tNq8w6nW9lkC&pg=PA161&lpg=PA161
  32. ^ https://web.archive.org/web/20200129145725/https://books.google.com/books?id=9nrwVQE7VHoC&pg=PA75&lpg=PA75#v=onepage&q&f=false
  33. ^ EM. Cybulska (2000). The Madness of Nietzsche: a Misdiagnosis of the Millennium? [جنون نيتشه: خطأ التشخيص، خطيئة الألفية؟] (بە ئینگلیزی). Hospital Medicine.داڕێژە:استشهاد بكتاب: صيانة CS1: لغة غير مدعومة (link)
  34. ^ https://web.archive.org/web/20191107204729/https://web.archive.org/web/20060513011228/http://www.philosophos.com/philosophy_article_31.html
  35. ^ https://web.archive.org/web/20200528190146/https://elmahatta.com/%D9%86%D8%B8%D8%B1%D8%A9-%D8%B4%D8%A7%D9%85%D9%84%D8%A9-%D8%B9%D9%84%D9%89-%D9%81%D9%84%D8%B3%D9%81%D8%A9-%D9%86%D9%8A%D8%AA%D8%B4%D9%87/