بۆ ناوەڕۆک بازبدە

تاویزم

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
تاویزم
لقیدین، فەلسەفە
دامەزرێنەرلاوتسزی
وڵاتی بنەڕەتچین
دەقی سەرەکی ڕێکخراوەیی道德經
جێبەجێکارdaoshi، Taoist nun، Taoist

تاویزم یان داویزم (بە چینی: 道教 = Dàojiào) کۆمەڵێک یاسایە کە پێکھاتووە لە فەلسەفە و بیروباوەڕی ئایینی، کە خۆشی لە بیروباوەڕە کۆنەکانی وڵاتی چینەوە سەرچاوەی گرتووە. «تاوی» دوای کۆنفۆشی بە دووەم کاریگەرترین بیروباوەڕ دادەنرێت لە وڵاتی چیندا کە کاری کردووەتە سەر ھەموو جومگەکانی ژیانی بەشێکی زۆری دانیشتووانی ئەو وڵاتە.

لە کەلتوری چینیدا لاوتسزی بە نووسەری کتێبی تاویزم دادەنرێت بەناوی «تاو تی چینگ». تاویزم ھەرچەندە لە شۆڕشی کۆمۆنیستی چیندا یاساغ کرا، لە ئێستادا یەکێکە لە پێنج ئایینە ڕێگەپێدراوەکان لە یاسای چیندا.[١]

ڕەگ و ڕیشەی تاویزم دەگەڕێتەوە بۆ لایەنی کەم سەدەی چوارەمی پێش زایین. تاویزمی سەرەتایی چەمکە گەردوونییەکانی لە قوتابخانەی «ین و یانگ» (سروشتناسان) وەرگرتووە و بە قووڵی لەژێر کاریگەریی یەکێک لە کۆنترین دەقەکانی کولتووری چینیدا بووە، «ئای چینگ»، کە سیستەمێکی فەلسەفی دەخاتە ڕوو سەبارەت بە چۆنییەتیی پاراستنی ھەڵسوکەوتی مرۆڤ ھاوتەریب لەگەڵ خولە گۆڕاوەکانی سروشتدا. ھەروەھا ڕەنگە یاساناس شین بوھائی (نزیکەی ٤٠٠–٣٣٧ پێش زایین) کاریگەرییەکی بەرچاوی ھەبووبێت، کە سیاسەتی واقیعیانەی «وو وێی» ڕوون دەکاتەوە. کتێبی «تاو تێ چینگ» - کە کتێبێکی پوختە و وانەکانی فەیلەسوف و حەکیم «لاو تسی» لەخۆدەگرێت - بە پایەیەکی سەرەکیی نەریتی تاویزم دادەنرێت، شانبەشانی نووسینەکانی دواتری جوانگ زی.

سەرچاوە جیاوازەکانی تاویزم لە سەردەمی خانەوادەی ھان (٢٠٦ پ. ز - ٢٢٠ ز) تێکەڵ بە نەریتێکی یەکگرتوو بوون لە ڕێکخراو و ڕێوڕەسمە ئایینییەکان لە ویلایەتی شوو (سیچوانی ئێستا). لە چینی کۆندا پێیان وابوو کە تاوییەکان مرۆڤگەلێکی دەروێش یان گۆشەگیرن و بەشدارییان لە ژیانی سیاسیدا نەکردووە. جوانگ زی بەناوبانگترینیان بوو، و شایەنی باسە کە لە باشوور دەژیا و لەوێ بووە بەشێک لە نەریتە شامانییە چینییە ناوخۆیییەکان.

شامانە مێینەکان ڕۆڵێکی گرنگیان لەم نەریتەدا گێڕا کە بە تایبەتی لە ویلایەتی چووی باشووردا بەھێز بوو. بزووتنەوە سەرەتایییەکانی تاویزم دامەزراوەی تایبەت بە خۆیان پەرەپێدا بە پێچەوانەی شامانیزمەوە، بەڵام توخمە شامانییە بنەڕەتییەکانیان لەخۆگرت. شامانەکان بەردەوام بوون لە بڵاوکردنەوەی دەقە بنەڕەتییەکانی تاویزم لە سەردەمە سەرەتایییەکانەوە تا لایەنی کەم سەدەی بیستەم. بنەما سەرەکییەکانی تاویزم بە درێژایی سەردەمە جیاوازەکان پەرەیان سەند و لە سەردەمە نوێیەکاندا لە دوو لقی سەرەکیدا کۆکرانەوە: تاویزمی کوانزی و تاویزمی چێنگی. ئەدەبیاتی تاویزم دوای لاو تسی و جوانگ زی بەردەوام گەشەی کرد و لە شێوەی یاسایەکدا - داو زانگ - کۆکرایەوە، کە لەسەر داوای ئیمپراتۆر بڵاوکرایەوە. تاویزم چەندین جار لە مێژووی چیندا وەک ئایینی دەوڵەت کاندید کرا، بەڵام دوای سەدەی حەڤدەھەم ئەم ڕێزلێنانەی لەدەستدا.

تاویزم بە درێژایی مێژوو کاریگەرییەکی قووڵی لەسەر کولتووری چینی ھەبووە، و نازناوی تاویزم بە شێوەیەکی نەریتی تەنھا دەدرێتە پاڵ پیاوانی ئایینی نەک شوێنکەوتووە ئاسایییەکانیان (عەلمانییەکان). زۆرجار جەخت لەسەر جیاوازیی نێوان نەریتە ئایینییەکانیان و پراکتیزەکانی ئایینی میللیی چینی و فەرمانە ڕێوڕەسمییە ئایینییە نا تاوییەکان دەکرێتەوە، کە زۆرجار بە ھەڵە وەک تاویزم وەسف دەکرێن.

ئەمڕۆ، نەریتی تاویزم یەکێکە لە پێنج ئایینە سەرەکییە دانپێدانراوەکانی کۆماری گەلی چین (PRC) و ھەروەھا کۆماری چین (ROC)، و حکوومەت چالاکییەکانی لە ڕێگەی کۆمەڵەی تاویزمی چینییەوە ڕێکدەخات. ھەرچەندە تاویزم زۆر لە دەرەوەی ڕەگ و ڕیشەکەی لە ڕۆژھەڵاتی ئاسیا بڵاو نییە، بەڵام بانگەشەی ئەوە دەکات کە شوێنکەوتووی لە چەندین کۆمەڵگەی جیاوازدا ھەیە، وەک ھۆنگ کۆنگ و ماکاو و بە تایبەتی لە باشووری ڕۆژھەڵاتی ئاسیادا.[٢][٣][٤][٥]

سەرچاوەکان

[دەستکاری]
  1. «The State of Religion in China». Council on Foreign Relations (بە ئینگلیزی). لە ٢٣ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٢ ھێنراوە.
  2. https://books.google.com/books/about/What_Is_Taoism.html?hl=ar&id=5p6EBnx4_W0C#v=onepage&q&f=false
  3. https://books.google.com/books/about/Gandhari_Dharmapada.html?hl=ar&id=-E5LZeR7QKwC
  4. https://books.google.com/books/about/Sages_and_Filial_Sons.html?hl=ar&id=ynfrlFZcUG8C#v=onepage&q&f=false
  5. https://web.archive.org/web/20200125134418/https://books.google.com/books?id=EXVk1tr6lEYC&dq=China+shamanism+daoism&q=shamanism#v=snippet&q=shamanism&f=false