سازان، ھەڵەبجە

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
(لە سازانەوە ڕەوانە کراوە)
سازان
Sazan
  • گوندی ھەنار
  • گوندی دوو بەھار
گوند
گوندی سازان لە بەھاردا
گوندی سازان لە بەھاردا
وڵات کوردستان[١]
 عێراق
پارێزگاھەڵەبجە
دامەزرێنەرشێخ موئمینی سازانی
ھاوناوناو نراوە لەدوای شێخ موئمینی سازانی
بەرزایی
٧٨٠ مەتر (٢٬٥٦٠ پێ)
زمان و ئایین
 • زمانکوردی (سۆرانی)
 • ئایینسوننی شافعی

سازان (ئینگلیزی: Sazan) یەکێکە لە گوندەکانی باشووری کوردستان. سازان دەڤەرێکی فراوانی شاخاوی و گەشتیارییە، ژمارەیەکی بەرچاو باخ و ئاو و کانیاوی سازگار و ڕووبار و دەشتی بەرھەمھێن و بەپیتی کشتوکاڵی تێدا دەبینرێت. ئەم گوندە لەبەر بوونی چەند ناوچەیەکی گەشتیاری وەک (سەروەزەن، بەروەزەن ، کەناری ڕووباری سیروان) بووەتە ناوچەیەکی گەشتیاری سەرەڕای ئەوەی ھەر یەکێک لەباخەکانی خۆی لەخۆیدا سەیرانگایەکە و ساڵانە ژمارەیەکی بەرچاو گەشتیار ڕووی تێدەکەن. ئەم گوندەش وەک زۆرێک لە گوندەکانی تری کوردستان لەساڵی ۱۹۷۹ بەر شاڵاوی ڕاگواستن کەوتووە و چۆڵکراوە، لەبەرئەوە ھەتا ئێستاش چۆڵە و تەنھا خاوەنباخەکان و گەشتیاران بۆ گەشت و گوزار ڕووی تێدەکەن.

جوگرافیا[دەستکاری]

سازان دەکەوێتە سنووری نێوان ڕۆژھەڵاتی کوردستان و باشووری کوردستان، تەنھا بە ڕووباری سیروان لە ڕۆژھەڵاتی کوردستان جیادەبێتەوە. ئەم گوندە دەکەوێتە ڕۆژھەڵاتی پارێزگای ھەڵەبجەوە و ۱۳کم لە سەنتەری پارێزگاوە دوورە. نزیکترین خاڵی مەرزی نزیک بەشاری ھەڵەبجەیە. سەنتەری ناوچەیەکی فراوانە و ڕێگای چەندین گوندی تری لەسەرە، لە دیوی ڕۆژھەڵاتێ کوردستانیشەوە بەھەمان شێوە. لەدەوروبەری گوندی سازاندا چەند گوندێکی تر ھەبوون کە بریتی بوون لەمانەی خوارەوە:

  • کۆساوا
  • تلەوەرێ
  • ڕێشاو
  • لمە
  • پێگە
  • کوڵی متکان
  • نەیجەڵە

ھەموو ئەم گوندانەش لەساڵی ۱۹۷۹ چۆڵکراون و سوتێنراون، ئێستا دانیشتوانەکانیان لە ھەڵەبجە و ناوچەکانی تری کوردستان نیشتەجێ بوون وە تا ئێستاش ھیچ یەکێک لەم گوندانە ئاوەدان نەکراونەتەوە.

کەش و ھەوا[دەستکاری]

ئاو و ھەوای گوندی سازان لە ھاویندا گەرم و وشکە و زستانیشی کەمێک ساردە بەڵام لەھەردوو وەرزی پایز و بەھاردا ئاوھەوایەکی مامناوەندی ھەیە، بەجۆرێک لە وەرزی پاییزدا پاش باران بارین ھاوشێوەی بەھار دەشت و دۆڵ و چیاکانی شین دەبن، ئەمەش وایکردووە کە بە گوندی "دوو بەھار" ناوببرێت. گونجاوی کەش و ھەواکەی لەم دوو وەرزەدا وایکردووە دیمەنێکی جوانی ھەبێت. ڕێژەی بارانبارینی ئەم گوندە لەنێوان ٥۰۰-۷۰۰ملم دەبێت. ئەم گوندە سەرەڕای ئەوەی لە ناوچەیەکی شاخاوییدایە، بەڵام کوێستانی نییە، واتە بە دەگمەن مەترسی ڕێبەندان و بەستەڵەکی لێدەکرێت.

دروست بوونی ناو[دەستکاری]

پێدەچێت ڕیشەی مێژوویی ئەم وشەیە بگەڕێتەوە بۆ سەردەمی ساسانیەکان[٢]، چونکە ئەو سنوورە چەندین سەدە لەژێر دەسەڵاتی ئەواندا بووە و جێ پەنجەی ئاوەدانییان لە چەند شوێنێکدا دیارە بە بەڵگەی گۆڕ و گۆڕستانی پەراکەندەی زۆر و شوێنەوار لە ناوچەکەدا. قەڵای (ساسان) سازانی ئێستاش ھەر لەو سەردەمەدا دروستکراوەبەمەبەستی حوکمڕانی و خۆپارێزی، لەبەر بەرزی شوێنەکەو زاڵی بەسەر تەواوی ناوچەکەدا، بۆیە ئەکرێت بە تێەڕبوونی کات پیتی (س) گۆڕابێت بە (ز) لە ئەنجامدا بوبێتە (سازان)، کەواتە ئەکرێت ناوی (سازان) لە (ساسان) ەوە ھاتبێت، وەیان وەک دەگێڕنەوە بە ھاتنی شێخ (موئمین) لە ھەورامانەوە لە گوندی (وەزەنێی بەڵخە) پاش ئەوەی لە کوردستانی ڕۆژھەڵاتەوە ھاتووەو لەوێدا بۆ ماوەیەک ماوەتەوەو، ڕوو دەکاتە ئەم ناوچەیە، لێی دەپرسن: لە کوێ دەژیت؟ ئەویش لە وەڵامدا وتویەتی: جێیەکم بۆ خۆم سازاندووەو لەوێ دەژیم، دەگونجێت ئەم دێڕە شیعرەی خوارەوە بۆ ئەم مەبەستە وترابێ، بە پێی وشەکان و واتاکەی ھەرچەندە بوێژەکەی نەزانرا!

واچە بە سازان! سازان بسازان     من چەنی سازان سازانم سازان

کەواتە یان پێشتر وشەکە بە سازان ھاتووەو شێخ موئمین پشتڕاستی کردۆتەوە، یاخود، خۆی ناوەکەی بۆ گوندەکە ھەڵبژاردووە لەو کاتە بەدواوە (ساسان)ەکەش کە باڵابڕی سنوورەکە بووە، بوەتە سازان.

پێکھاتەی دانیشتوانی گوندی سازان[دەستکاری]

ئاوێتەیەک لە تیرە و بنەماڵەی جیاجیا لە گووندەکە بوونی ھەبووە، کە سەرەکیترینیان بە سەیدەکانی نەوەی شێخ مۆمن ناسراون کە نزیکەی ٪ ٦۰ی دانیشتووانی گوندەکەیان پێکدەھێنا. وە ھاوکات بەرەی تفەنگچیەکان لەگووندەکە بوونیان ھەبووە، کەبەرەیەک بوون لەپێشتر بەمەبەستی ئاژەڵداری لەوڵاتی ئێرانەوە ھاتبوونە گووندەکە و تێیدا نیشتەجێبوون. جگە لەوانیش تیرەی لۆراوبەگیەکان بەھەمان شێوە لەوڵاتی ئێرانەوە ھاتبوون بۆ گووندەکە. تا کاتی ڕاگواستنی زۆرە ملێ ژمارەی خێزانەکانی گوندەکە پتر لە ۷٥ ماڵ و ژمارەی دانیشتوانی نزیکەی ٤۰۰ کەس دەبوو.[٣]

پێگەی ئابووری[دەستکاری]

زۆرێک لەو پایانەی پێگەی ئابووری ھەر ناوچەیەک بەھێز دەکەن، لە سنووری سازاندا بوونیان ھەبووە و ھەیە، وەک: بوونی باخ و باخاتێکی زۆر لە میوەی ھەنار، ساڵانە ڕێژەیەکی زۆر ھەناری تێدا بەرھەمدێت، وە ئێستا ئەم گوندە بە "نیشتمانی ھەنار" بەناوبانگە.[٤] لە جۆرەکانی ھەناری نێو باخەکانی گوندی سازان: ساڵەخانی، لاڕەشە، کاراڵی، خانمە سوورە، شیرین و مەلەسی. سەرەڕای میوەی ھەنار، میوەگەلێکی وەک: گوێز، ھەنجیر، ترێ، قۆخ، قەیسی و ھەڵوژە لەنێو باخەکاندا بەرھەمدێن. بوونی دەشتێکی بەپیت لەنێو قەدپاڵی چیاکاندا کە بە دەشتێ ناسراوە، کە زیاد لەپێویستی بەرھەمی دانوێڵەی دانیشتوانی ناوچەکەی لە ڕابردوودا دابینکردووە، وە لە ئێستاشدا دانەوێڵەی تێدا دەچێنرێت. بوونی لەوەڕگایەکی زۆر کە بۆ مەبەستی ئاژەڵداری سوودی لێدەبینرێت، چونکە ھەڵکەوتەی گوندەکە لەناوچەیەکی شاخاوییدایە کە دارستان و پووش و پاوانی زۆری تێدایە، ھاوکات بوونی تەختایی و دۆڵ و قەدپاڵی زۆر زەمینەی ئاژەڵداریان لەناوچەکەدا ڕەخساندووە بۆ بەخێوکردنی مەڕ و بزن و ڕەشەوڵاخ.

ناوچەی سازان چەندین جۆر کانزای گرنگی تێدایە، گەر بەرھەم بھێنرێت، دەکرێت ببێتە سەرچاوەیەکی سەرەکی ئابووری بۆ ئاوەدانکردنەوەی گوند و ناوچەکە و پارێزگای ھەڵەبجەش. لەو کانزایانە: نەوت، گۆگرد، بەردی کاشی، کبریت و گەچ. ئەمەش بەپێی ڕاپۆرتی گەڕیدە ئابووریناس و شوێنەوارناسە بیانیەکان.[٥] سەرەڕای ئەمانەش سازان نزیکترین مەرزی پارێزگای ھەڵەبجەیە لە وڵاتی ئێران و ڕۆژھەڵاتی کوردستانەوە، ئەگەر بێت و ئەم مەرزە بە فەرمی بکرێتەوە ئەوا پایەیەکی ترە بۆ بوژاندنەوەی کەرتی ئابووری.

پێگەی گەشتیاری[دەستکاری]

سازان دارای سێ ڕەگەزی سەرەکییە بۆ گەشەی گەشتیاری، ئەوانیش: ئاو، چیا، مێرگی سەر سەوز و شوێنەوارن.

  • لە ڕووی سەرچاوەی ئاوییەوە، نزیکە لە ڕووباری سیروان و گەشتیاران دێنە کەناری ڕوبارەکە بۆ گەشت و گوزار،  ھەروەھا بوونی سەرچاوە ئاوییەکانی وەک: سەرچاوگ، تلەوەرێ، تافی سازگاری سەروەزەن و کانی سوڵتان. وێڕایی چەندین کانی و چۆماوی وەرزیی تری نێو باخ و دۆڵەکان، دیمەنێکی جوانی بەخشیوە بەم ناوچەیە کە بووەتە ھۆی ئەوەی لە وەرزی بەھاردا گەشتیارێکی زۆر ڕووی تێبکەن.
  • بوونی باخە میوەی ھاوینە و پاییزە و، قەدپاڵی سەوز و مێرگی ڕەنگین، گرد و چیای جوان و سەرنج ڕاکێش، درەختی خۆڕسکی بەڕوو و قەزوان و گۆیژ، ناوچەکەیان کردووەتە سفرەیەکی ڕازاوەی ئەوتۆ دڵ بکاتەوە و، عاشقانی سروشت جەم بکات.
  • شوێنەواری مێژوویی وەک: قەڵای دێرینی سازان کەزاڵە بەسەر دەڤەرێکی بەریندا، زێڕینکەوشی مێژینی جێی سەیر و سەفای خانمانی فەرمانڕەوایەک کە بەداخەوە شوێنەوارەکانیان تا ڕادەیەکی زۆر کوێر بوونەتەوە، وە چەندین شوێنەواری مێژوویی تر کە ھەریەکەیان چیرۆکێکی لە پشتەوەیە و ھەریەکەیان گوزارشت لە ڕابردوویەکی ئاوەدان دەکەن و گەشتیار چێژیان لێ دەبینێت.

شێخ موئمین[دەستکاری]

شێخ موئمین کوڕی سەیید حسەینی کوڕی سەیید ئیبراھیمی (نیمجانی)یە.شێخ موئمین لەسەرەتای ساڵانی سەدەی دوانزەیەمی کۆچی بەرانبەر بە ساڵانی کۆتایی سەدەی حەڤدەیەمی زایینی لە گوندی سەڵواتابادی سەر بە پارێزگای سنەی ڕۆژھەڵاتی کوردستان ھاتۆتە دنیاوە.[٦] لە تەمەنی منداڵیەوە بە ئاڕاستەکانی باپیری و ھەندێک سەرەتای مەعریفیی دەست و پەنجە نەرم دەکات، پاشان باوکی دەیخاتە بەر خوێندنی ئایینی لای مامۆستا (مەلا) ی گوندەکە و ھەر لەو سەرەتایەوە نیشانەکانی زیرەکی و پەرۆشی خوێندنی تیا بەدی دەکرێت و لە نێو ھاو کلاسەکانیدا دەرکەوتوو دەبێت. ھەرچەندە ( سەیید حسەین) ی باوکی کەسێکی خوێندەوار نەبووە بەڵام زۆر بە تەنگ پێگەیشتنی (موئمین)ەوە دەبێت. لەسەر دەستی فەقێ میرزای مەلا و پێشنوێژی گوندەکە، قورئان و سەرەتای ھەندێک کتێبی فیقھی و زمان لە حوجرەدا دەخوێنێ و لە زمانی فارسیدا توانای باشی دەبێت، ھەروەھا سوودی عیرفانی لەو مامۆستایەی دەبینێت، کە ئەویش پیرو مامۆستای خۆی؛ (سەیید ئیبراھیمی نیمجانی) وەری گرتبوو. ئەم مێرد منداڵە (سەیید موئمین) تەمەسسوک بە تەریقەتەوە دەکەوێتە سەری و، پاشان بۆ وەرگرتنی عیلمی زیاتری تەریقەتیش بیر لە کۆچکردن بەرەو باشووری کوردستان دەکاتەوە، بۆ لای ڕابەرە سەرچاوەکان! دوای ئەوەی شەش مانگێکی تر بەمەبەستی خوێندن، باوکی دەینێرێتە گوندی (موژەن) لە نێوان کامیاران و دێگولان، داوای مۆڵەت لە باوکی دەکات و بەرەو باشووری کوردستان کەمەری سەفەر دەبەستێت و دەکەوێتە ڕێ، لەو کاتەدا پێدەچێت شێخ (موئمین) لە تەمەنی ۲۰ ساڵ کەمتر بوبێت، وە دوای تەمەنی (۲۰) ساڵی کۆچیشی کردبێت بەرەو باشووری کوردستان. شێخ (موئمین) لە کۆتایی سەدەی دوانزەیەمی ک. کۆچی دوایی دەکات و لە گوندی سازان بەخاک دەسپێردرێت.

شێخ حەسەنی سازانی "بولبول"[دەستکاری]

شێخ حەسەنی سازانی یەکێک بووە لە نەوەکانی شێخ موئمینی سازان و یەکێک بووە لە شاعیرانی ھاوچەرخی مەولەوی و نازناوی (بولبول)[٧] ی لەخۆی ناوە. ھەرچەندە وا دەردەکەوێت کە بەتەمەن لەو بچوکتر بوبێت بەڵام دۆستایەتیەکی زۆر لەنێوانیاندا ھەبووە و  نامەی شیعرییان لە نێواندا ھەبووە. ئەمەی خوارەوە قەسیدەیەکە کەوا مەولەوی قسە لەگەل شێخ حەسەنی سازانیدا دەکات:

نەتیجەی پاک دین[٨]

نەتیجەی پاک دین شێخی سازانی
خاس وەتەن نە دڵ (مەعدووم) سازانی
پەرسام (حسب لامر) گوزەشتەی ئەحواڵ
جواو داڕێزەی شیشەی قەدیم ساڵ
زەرفێ بیم نەتۆی وەختێ شامەوە
چون ستارەی سوبح مەدرەوشامەوە
پەی گوڵاو پاشی و نەشئەی بەزمی (کەی)
گا پڕ گوڵاو بیم، گا سەر شاری مەی
گا وەسەر ڕەفەی زەڕین تاقەوە
گا وەدەس ساقیی سیمین ساقەوە
گا نەسەر پەنجەی بانووی بێ نیقاب
چون سوەیل ڕەونەق پەنجەی ئافتاب
نەبەزمی شیرین خوسرەوانی دەور
مامام نەگەردش ھەر ساتێ سەد تەور
گولاو مەپاشام وە ڕووی یاراندا
بادە مەبەخشام وە مەیخاراندا
گا گەردەن نەدەس نازک ئەندامان
گا دەس نەگەردەن ژەرەژ خەرامان
گاھێ ڕوو وە ڕووی لەیلی ئەندازان
گاھێ لەب وە لەب شای شیرین ڕازان
ھەستیم بێ شومار مەستیم وەکۆ بی
توغیانم چون تاف جوانیی تۆ بی
جە ڕووی نادانی ئەو بەزم و ئەو جەم
وە جاویدانم منمانا وە چەم
فەڵەک شی وەقین جەور و ستەمدا
ئەو بەزم و ئەو زەوق گشت دا وە ھەمدا
منیچ وەی تەرزە وە سەد پارە کەرد
ھەر پارە پەرێم سەد پەژارە کەرد
(مەعدوومی) عامەن بەڵا و دەردو بیم
ئەوەڵ قاروورەی شکستە من نیم
ھۆشیار بەر میوەی مەستی غەفڵەتەن
غەفلەت سەرمایەی ھەزار خەجڵەتەن
ھاکا دەستی چەرخ ھەم ستێزە کەرد

چون من شیشەی تۆیچ ڕێزە ڕێزە کەرد

ئەم قەسیدەیەی خوارەوەش بەھەمان شێوە نامەیەکی شیعرییە مەولەوی تاوگۆزێ بۆ شێخ حەسەنی دەنێرێت:

        نەتیجەی پاکان[٩] 
نەتیجەی پاکان، نەتیجەی پاکان

شێخی خاس خەیاڵ نەتیجەی پاکان
فەرەح بەخشی حاڵ خاتر غەمناکان
دەرمانی زامان خەڵتان نە خاکان
(مەعدووم) ئانا ھا جە گیان تەواسان
کەیلەن جە خەیاڵ خاڵی خاڵ خاسان
گرمەی کوورەی دڵ سەد ھەزار تەرزەن
گرمەی بڵێسەش نە عاڵەم بەرزەن
تۆ پەی چێش ئامان ئیمانت ھەردەن
ئەسپاپی فەوتت ئامادە کەردەن
وەی دەمەی نەفەس بەد حاڵییەوە
وەی دڵەی پارەی زو خاڵییەوە
کوورەی دەروونت وە جۆش ئاوەردەن
دووکەڵ جە گۆشەی فەڵەک سەرکەردەن
پەی کێ ئەی جەستەی وێت مەتاونی
زامەکەی مەعدووم ھەم مەکاونی
من ئێشی پڕ نێش دەروونم وەسەن

بۆ خەلاسم کەر حەسەن ھەی حەسەن!

گەلەری[دەستکاری]


پەراوێزەکان[دەستکاری]

  1. ^ Kurdistan Regional Government. KRG.
  2. ^ لە ئامێزی سازاندا، م. صادق شێخ عوسمان سازانی،چاپی یەکەم ۲۰۱٥، لاپەڕە ۱۳.
  3. ^ لە ئامێزی سازاندا، م. صادق شێخ عوسمان سازانی،چاپی یەکەم ۲۰۱٥، لاپەڕە ۲٥
  4. ^ کەناڵی کەی ئێن ئێن
  5. ^ لەئامێزی سازاندا، م.صادق شێخ عوسمان سازانی، چاپی یەکەم ۲۰۱٥، لاپەڕە ٦۲.
  6. ^ لە ئامێزی سازاندا، م. صادق شێخ عوسمان سازانی، چاپی یەکەم ۲۰۱٥، لاپەڕە ۹۷.
  7. ^ ھەڵەبجە لە ئامێزی مێژوودا، حەکیم مەلا ساڵح، بەرگی دووەم ۲۰۱۰، لەپەڕە ۱۰۷
  8. ^ دیوانی مەولەوی، مەلا عەبولکەریمی مودەڕڕیس، بڵاوکردنەوەی کوردستان، چاپی یەکەم ۱۳٨۹، لاپەڕە ٤٦۷.
  9. ^ دیوانی مەولەوی، مەلا عەبدولکەریمی مودەڕڕیس، بڵاوکردنەوەی کوردستان، ۱۳۹٨، لاپەڕە ٤٨۰ـ٤٨۱.

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  1. لە ئامێزی سازاندا، مامۆستا صادق شێخ عوسمان سازانی، چاپی یەکەم ۲۰۱٥.
  2. ھەڵەبجە لە ئامێزی مێژوودا، حەکیم مەلا ساڵح، بەرگی یەکەم، چاپی یەکەم، ۲۰۱۰.
  3. دیوانی مەولەوی، مەلا عەبدولکەریمی مودەڕڕیس، بڵاوکردنەوەی کوردستان، ۱۳٨۹.
  4. کەناڵی کەی ئێن ئێن ۱۱/۲۱/ ۲۰۱٥.