بێرتراند ڕەسڵ

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
(ڕەوانەکراوە لە بێرتراند ڕاسڵەوە)
Jump to navigation Jump to search
بێرتراند ئارتەر ویلیام ڕەسڵ
لێدوان=
لەدایکبوون ١٨ مەی ١٨٧٢
بەریتانیا، وێڵز
مردن ٢ی شوباتی ١٩٧٠(١٩٧٠-02-0٢) (٩٧ ساڵ ژیاوە)
نەتەوە ئینگلیز
بواری زانستی فەلسەفە، بیرکاری
خەڵاتەکانی خەڵاتی نۆبڵ
خێزان ئەلیس پیەرسۆڵ سمیس، دۆرا بلاک، پاتریشیا سپێنس
ئیمزا
ئیمزای ڕەسڵ

بێرتراند ئارتەر ویلیام ڕەسڵ یان بێرتراند ڕەسڵ (لەدایک بوون ١٨ی مەیی ١٨٧٢ - کۆچی دوایی ٢ی فێبرییەی ١٩٧٠) فەیلەسووف، لۆژیکزان، مێژووزان، ماتماتیکەوان، ڕیفۆرم‌خوازی کۆمەڵایەتی و ئاشتیخوازی بەریتانی بوو. زۆرینەی ژیانی لە بەریتانیا بەسەر برد، بەڵام لە وێڵز لەدایک بوو و ھەر لەوێش کۆچی دوایی کرد.

کورتەی ژیانی[دەستکاری]

منداڵی[دەستکاری]

بێرتراند خوشک و برایەکی ھەبوو، لە ساڵی ١٨٧٤ دایکی ئەمرێت و دوای ئەوەش خوشکەکەی. لە ساڵی ١٨٧٦یش باوکی ئەمرێت. بێرتراند و براکەی ئەخرێنە ژێر بەخێوکردنی ماڵە باپیریانەوە کە ئەوترێ زۆر پێداگیرکەربوون لەوەی بە کەلتوری "ڤیکتۆریان" ناوئەبرێ، واتە ئەوەی لە سەردەمی شازادە ڤیکتۆریا باوبوە. باپیریشی کە پێشتر سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا بوە لە ١٨٧٨ ئەویش کۆچی دوایی ئەکات. ئیتر داپیری بە ناوی خاتوو فرانسیس ئێلیەت ڕەسڵ ناوێک گەورەی ئەکات. ئەم خانمە کە خۆی بە ئەسڵ سکۆتلەندییە، کارێک ئەکات کە ھەندێ لە میراتەکە بەکاربێت تا دوو نەوەکەی بە "ئەگنۆست/نازانمگەر" پەروەردە بکرێن لەسەر داوای باوکیان[١].

خوێندن[دەستکاری]

لە ١٨٩٠ ئەچێتە ترینتی کامبریج، وە داوای ئەوەی بە پلەی یەکەم دەر ئەچێت لە فەلسەفە، لە ١٨٩٥ ئەکرێتە یەکێ لە مامۆستاکان لەوێ. بەڵام ئەو لە ١٨٩٤ لە کامبریج ئەڕوات و لە پاریس لە باڵوێزخانەی بەریتانیا ئەبێت. لە ١٨٩٤ لە مانگی بەفرانبار (١٢)دا ھاوسەرگیری ئەکات لەگەڵ خاتوو ئەلیس پیەرسۆڵ سمیس. لە ١٩٠٠ سەردانی پاریس ئەکات و تێکەڵ بەکارەکانی بیرکاریزانی ئیتالی پیانۆ ئەبێت و ئیتر لە ١٩٠٣ یەکەم شاکاری خۆی بە ناوی بنەماکانی بیرکاری/ (بە ئینگلیزی: The Principles of Mathematics) ئەنوسێت. لە ١٩١٠ ئەبێتەوە بە مامۆستا لە کۆلێژی ترینتی زانکۆی کامبریج[١].

دەرەوەی بەریتانیا[دەستکاری]

لە ساڵی ١٩٢٠ دا سەردانی ڕوسیا ئەکات بۆ توێژینەوە لەسەر بۆڵشەڤیزم. لە پایزی ھەمان ساڵدا ئەچێتە چین بۆ وتنەوەی وانەی فەلسەفە لە زانکۆی پەکین لە چین. لە ساڵی ١٩٢١ ئەوترێ کەوا خێزانەکەی لێی جیا ئەبیتەوە بۆیە ھاوسەرگیری لەگەڵ خاتوو دۆرا بلاک ناوێک ئەکات. ئیتر لە ١٩٢٧ خۆی و خێزانەکەی ھەڵ ئەستن بە کردنەوەی قوتابخانەیەک بۆ منداڵان تا ساڵی ١٩٣٢. دیسان لە ساڵی ١٩٣٥ خێزانی لێی جیا ئەبێتەوە و ژنێکی تر بەناوی پاتریشیا ھێلەنە سپێنس ئەھێنێت. ساڵی دوای ئەوە ئەچێتە ویلایەت یەکگرتوەکانی ئەمەریکا و لەوێ لەزۆرێک لە زانکۆ پێشەنگەکانی دنیا وانە ئەڵێتەوە[١].

کارە گرنگەکانی[دەستکاری]

راسێڵ سەرپەلی شۆڕش دژی ئایدیالیزم لە بەڕیتانیا لە ساڵانی پێش ١٩٠٠دا بووە و وا ئەزانن دەگەڵ شاگردەکەی "ویتگێنشتاین" و "فرێگ" پیاوی ئایینیەکەی، پەیاکەر و دامەزرێنەری "فەلسەفەی شیکاری" بن. دەگەڵ "وایتھێد"، "بنەمای ماتماتیک"ی نووسی کە ھەوڵدانێکە بۆ نزیککردنەوەی لۆژیک و ماتماتیک. وتارە فەلسەفییەکەی بە ناوی "لەسەر جیاکردنەوە" وەک مۆدێل و سەرمەشق بۆ فەلسەفە دەزانن. ھەر دوو بەرھەمەی وا باسکران لەسەر لۆژیک، ماتماتیک، دانانی تیئۆریا، زمان‌ناسی و ھەروا فەلسەفەی شیکاری کاریگەری زۆری ھەبووە.

تێکۆشەری دژەشەڕ، پاڵپشتی بازەرگانی ئازادی نێو نەتەوەکان و دژی دەسەڵاتی بەھێز بوو. ڕاسل بۆ ھەوڵدانە دژەشەڕەکانی لە درێژەی شەڕی جیھانی یەکەم، بۆ بزووتنەوەی دژی ھیتلەر، داخستنی چەکی ناوەکی، ڕەخنەگرتن لە دیکتاتۆری سۆڤیەت و تێکەڵ بوونی ئەمریکا لە شەڕی ڤیێتنام، لە بەندیخانە کرا.

خەڵاتی نۆبڵ[دەستکاری]

لە ١٩٥٠دا ڕاسل خەڵاتی نۆبێلی وێژە و ھونەری وەر گرت بۆ نووسراوە جۆربەجۆر و بەنرخەکانی کە تێیدا پاڵپشتی کردووە لە ھاوجۆر دۆستی و ئازادی بیرۆکە.[١]

بیر و بۆچوونەکانی[دەستکاری]

فەلسەفە[دەستکاری]

ھەرچەندە نوسینەکانی ڕەسڵ ھێندە زۆرن شایانی بابەتی جیاوازە ھەریەک لەم بەشانە. لە ئێستادا تەنھا ئەکرێ بوترێت ڕەسڵ جگە لەوەی دامەزرێنەری فەلسەفەی شیکارییە، لەسەر ئەم بابەتانەش نوسیویەتی، مێتافیزیک، لۆژیک (ژیربێژی) و فەلسەفەی بیرکاری، فەلسەفەی زمان، ڕەوشت و مەعریفەتناسی.

ئاین[دەستکاری]

ڕەسڵ خۆی بە کەسێکی "نازانمگەرا" دا ئەنا. نازانمگەرا ئەوانەن کە نە ئەڵێن خوا ھەیە نە ئامادەن بڵێن خوا نیە. بەڵام خۆی ئەڵێ من بەرامبەر فەیلەسوفەکان وا خۆم ئەناسینم دەنا بەرامبەر خەڵکی سادە ناچارم بڵێم بێ باوەڕم[٢].

لە کتێبی "مێژووی فەلسەفەی ڕۆژئاوادا" ڕەسڵ بناغەی فەلسەفەی دین باس ئەکات و ئەی گەڕێنێتەوە بۆ چۆنێتی گەشەی یۆنانی کۆن کە لە بابلی و میسریە کۆنەکانەوە فێری نوسین بوون و شارستانێتیەکەیان گەشەی کردوە[٣]. ھەروەھا لە ھەمان سەرچاوەدا دەربارەی پیتاگۆرس ئەڵێ: "گرێدانی بیرکاری و خواناسی کە لە پیتاگۆرسەوە دەستی پێکرد شێوەپێدەری ئاین بوە لە یۆنانی کۆندا، لە چاخەکانی ناوەڕاست و ھەتا سەردەمی کانتیش"[٤]. وە ھەروەھا ئەڵێ ئەو تێکەڵ بوونەی دین و "بیرکردنەوەی ئەقڵانی" لەگەڵ دیندا سەرچاوەکەی لە پیتاگۆرسەوە دێت کە لای ئەفلاتون، سەنت ئۆگستین، تۆماس ئەکویناس، ڕێنێ دێکارت، سپینۆزا وە لایبنیز ھەبوە[٥].

ئا لەم گۆشەوە ئازادانە کاتێک باسی مەسیحیە کاتۆلیکەکان ئەکات ئەڵێ: "کەنیسەی کاتۆلیکی لە سێ سەرچاوەوە دەرھێنراوە. مێژوە پیرۆزەکەی ھی جولەکەیە، خواناسیەکەی ھی یۆنانیەکانە، وە یاسا و دەوڵەتەکەشی لانی کەم ناڕاستەوخۆ ئەگەڕێتەوە بۆ ئیمپراتۆریەتی ڕۆم. چاکسازیی پرۆتێستانتیش ھیچی نەکرد ئەوەنەبێ کە بابەتە ڕۆمانیەکانی ڕەتکردەوە، بابەتە یۆنانیەکانی نەرمترکرد وە بابەتە جولەکەییەکانی توند و تۆڵترکرد"[٦].

نەتەوە[دەستکاری]

ڕەسڵ بڕوای وابوو کەوا نەتەوایەتی کۆن و پێشکەوتوو لە ڕێگای جیھانگیریــەوە وای لێ دێت بە تەواوی نەمێنێت، ھەروەھا بەڕای ئەم نوسەرە ڕەسڵ پێی وابوە کەوا بەڕێوەبردنی جیھان لە لایەن دەوڵەتێکی لیبراڵی نێونەتەوەییەوە لە ڕێگای ئاشتیانە و بە پرۆسەیەکی بێ دەنگ نایەتە دی، بەڵام ئەوە ھیچی لەوە کەمتر نەبوە کەوا ڕەسڵ لەگەڵ دەوڵەتێکی نێونەتەوەیی جیھانیدابوە.[٧]

ڕامیاری (سیاسەت)[دەستکاری]

لە وتاری فەلسەفە و ڕامیاریدا کۆتایی قسەکانی بەوە دێنێت کەوا ئەو پێشنیاری سیستمێکی لیبراڵی بەڵگەگەرایی (empiricist) کە ڕای وایە لەگەڵ سۆسیالیزمی دیموکراتیدا ئەگونجێت باشترین جۆری سیستمە بۆ بەڕێوەبردنی وڵات.[٨]

کۆمەڵگا[دەستکاری]

ڕەسڵ بە درێژایی ژیانی خەباتگێڕی سیاسی و کۆمەڵایەتی بوو. ئەو بە درێژایی ژیانی چالاک بوو لە بواری سیاسیدا و نوسراوی ناردوە بۆ سەرۆکەکانی دنیا بۆ ئەو مەبەستانەی ھەیبوون تا کاریگەری بخاتە سەریان.

ڕەسڵ باوەڕی بە"کۆمەڵگای زانستی" ھەبوو، کە شەڕی تیا نەبێت، سنورێک ھەبێت بۆ ژمارەی دانیشتوان وە داھات و خۆشگوزەرانیش بەش بکرێت[٩]. ئەو پێشنیاری کرد تەنھا دەوڵەتێکی ئاشتیخواز ھەموو جیھان بەڕێوە ببات[١٠].

بژاردەیەک لە نوسراوەکانی[دەستکاری]

  • ١٨٩٧ - ووتارێک لەسەر بنەماکانی ئەندازە
  • ١٩٠٣ - (شاکاری ڕەسڵ) بنەمەکانی بیرکاری. چاپی کامبریج
  • ١٠١٢ - گرفتەکانی فەلسەفە
  • ١٩١٦ - پرەنسیپەکانی زیندووکردنەوەی کۆمەڵایەتی
  • ١٩١٩ - سەرەتایەک لە فەلسەفەی بیرکاری
  • ١٩٢١ - شیکاری مێشک
  • ١٩٢٥ - ئەلف و بێی ڕێژەیی (نیسبی)
  • ١٩٣٥ - ئاین و زانست
  • ١٩٤٥ - مێژوی فەلسەفەی ڕۆژاوا
  • ١٩٥١ - ١٩٦٩ ژیاننامەی بێرتراند ڕەسڵ (خۆنوس) چاپی لەندەن.

سەرچاوەکان[دەستکاری]

وتاری بێرتراند ڕەسل لە ویکیپیدیای ئینگلیزی

== پەراوێزەکان ==

  1. ^ a b c d کورتەی ژیانی بێرتراند ڕەسڵ، پەڕەی خەڵاتی نۆبڵ، دوا سەردان ٢٨/١٢/٢٠١٤
  2. ^ من بێ باوەڕم یان نازانمگەرام Archived ٢٢ی حوزەیرانی ٢٠٠٥, at the Wayback Machine.، ھاوارێک بۆ لێبوردەیی لە ڕووی مەزھەبە نوێکاندا. ١٩٤٧. بێرتراند ڕەسڵ. دوا سەردان ٢٦٫١. ٢٠١٤
  3. ^ بەستەری ئارکایڤ، دوا سەردان ٢٦٫١. ٢٠١٤. مێژووی فەلسەفەی ڕۆژاوا. بەشی یەکەم
  4. ^ بەستەری ئارکایڤ، دوا سەردان ٢٦٫١. ٢٠١٤. مێژووی فەلسەفەی ڕۆژاوا. بەشی پیتاگۆرس
  5. ^ بەستەری ئارکایڤ، دوا سەردان ٢٦٫١. ٢٠١٤. مێژووی فەلسەفەی ڕۆژاوا. کۆتایی بەشی پیتاگۆرس
  6. ^ بەستەری ئارکایڤ، دوا سەردان ٢٦٫١. ٢٠١٤. مێژووی فەلسەفەی ڕۆژاوا. پێشەکی
  7. ^ Greenspan, Louis. "Bertrand Russell and the end of nationalism." Philosophy of the social sciences 26.3 (1996): 348-368.
  8. ^ Russell, Bertrand. "Philosophy and politics." (1947). لینک لە سکرایبد. بنواڕە دوابەشی وتارەکە. دواسەردان ٢٢٫٥. ٢٠١٤
  9. ^ وتاری کاریگەری زانست لەسەر کۆمەڵگا، بەشی ئەنجامەکان. نوسینی ڕاسڵ ١٩٥٢
  10. ^ کام ڕێگا بەرەو ئاشتیە. ڕاسڵ ١٩٣٦. بەشی ١٢ پەڕەی ١٧٣