عەلائەدین سەججادی

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
عەلائەددین سەجادی
ناوی خۆماڵیعەلائەددین نەجمەدین حیسامەدین
لەدایکبوون١٩٠٧
مردن١٣ی کانوونی یەکەمی ١٩٨٤(١٩٨٤-١٢-١٣) (٧٦–٧٧ ساڵ ژیاوە)
بەغدا
شوێنی گۆڕگۆڕستانی شێخ عەبدولقادری گەیلانی
پیشەنووسەر، ڕۆژنامەوان
زمانکوردی
نەتەوەکورد
ڕەگەزنێر

عەلائەددین سەججادی (١٩٠٧–١٩٨٤) بە ناوی تەواوی عەلائەددین نەجمەدین حیسامەدین، نووسەر و ڕۆژنامەوانی ھاوچەرخی کورد بووە.

ژیان[دەستکاری]

بەپێی ناسنامە نیشتمانییەکەی ساڵی ١٩٠٧ لە دێی باراوی لای بەرزنجە ھاتووەتە دنیاوە.[١] بەڵام ھەندێ سەرچاوەی تر شوێنی لەدایکبوونی بە گەڕەکی قەتارچییان لە شاری سنە دادەنێن.[٢] سێ ساڵ لە ڕەواندوز و باڵەک خوێندوویەتی و بۆ تەواوکردنی خوێندنی ئایینی ساڵی ١٩٢٣ ھاتووەتە سلێمانی و لەمزگەوتی حاجی مەلا ڕەسوڵی دێلێژە بووە بەفەقێ... ساڵی ١٩٣٨ ئیجازەی مەلایەتی لە شێخ بابە عەلی تەکێ وەرگرتووە، و پاشان ڕوویکردووەتە شاری بەغدا لە مزگەوتی نەعیمە خاتوون لە گەڕەکی بەناوبانگی مەیدان بە پێشنوێژ دامەزراوە.[٣] لە گۆڤاری گەلاوێژ دا تا ساڵی ١٩٤٩ کەسی دووەمی گۆڤارەکە بووەو لە یانەی (سەرکەوتن)یشدا ڕۆڵێکی گەورەی گێڕاوە. لە دوایی کودەتا سەربازییەکەی ١٤ی تەممووزی ساڵی ١٩٥٨ لە بەغدا لە ساڵی ١٩٥٩ تا ساڵی ١٩٧٤ لە کۆلیژی ئادابی زانکۆی بەغدا مامۆستای ئەدەب و مێژووی ئەدەبی کوردی بووە. ساڵی ١٩٧٢ بووە بە ئەندامی کارای کۆڕی زانیاری کورد. لەو ساڵەدا کە بەیانی ١١ی ئازاری ١٩٧٠ سەری نەگرت و نێوانی دەسەڵاتی بەغدا و ڕاپەڕینی نیشتمانی کورد تێکچوو، سەجادی ساڵی ١٩٧٤ کرا بە ئەمینداری گشتی ئەوقاف (بەپلەی وەزیر) ناوچەی (ئۆتۆنۆمی) کوردستانی باشوور لە شاری هەولێر. سەجادی لەلایەک ئەمەی پێ خۆش بوو چونکە سوودی دارایی بۆی هەبوو، لەلایەکی ترەوە پێی ناخۆش بوو چونکە ئەو دەسەڵاتەی ئەو کارەی پێ سپارد بوو لە دژی کورد و فەرمانڕەوایی شۆڕشی ئەیلوولی ساڵی ١٩٦١ بوو. بە هەموو جۆرێک سەجادی دەیتوانی ئەم کارە نەکات. لەو پۆستە گەورەیەی میری مایەوە تا ساڵی ١٩٧٧ ئینجا خانەنشین کرا. لە دوای ئەوە گەڕایەوە بەغدا و کەوتە سەر کۆتایی هێنان بەو پڕۆژانەی بەرنامەی بۆ دانابوون لە بابەتی ئەدەبی کوردییەوە. کوژرانی کوڕی گەورەی لە جەنگی ئێران و عێراق (١٩٨٠ ― ١٩٨٨) پشتی شکاند و هێزی لێ بڕی و لە پەلوپۆی خست توانای توانای نووسین و لێکۆڵینەوەی کەم بووەوە تا لە ڕۆژی ١٣ی کانوونی یەکەمی ساڵی ١٩٨٤ لە بەغدا کۆچی دوایی کرد و لە گۆڕستانی شێخ عەبدولقادری گەیلانی بەخاک سپێردرا.

بەرھەمەکان[دەستکاری]

عەلائەدین سەجادی لەگەڵ شێخ نەجمەدین شەمسەدین و شێخ محەمەدئەمین میرانی لە بەغدا، ١٩٧٦.

ڕۆژنامەوانی[دەستکاری]

  • گۆڤاری گەلاوێژ، کە لەگەڵ ئیبراھیم ئەحمەددا بڵاوی دەکردەوە.
  • گۆڤاری نزار، کە بە یەکەمین گۆڤاری سیاسیی کوردی لە قەڵەم دەدرێ و خۆی خاوەن ئیمتیاز و سەرنووسەری بووە. گۆڤاری نزار ھەفتەنامەیەکی کوردی -عەرەبی بوو لە مانگی ئازاری ١٩٤٨ ەوە تا مانگی شوباتی ساڵی ١٩٤٩ بیست و دوو ژمارەی لێ دەرچوو.

سەرچاوەکان[دەستکاری]

بەستەرە دەرەکییەکان[دەستکاری]

عەلائەدین سەججادی لە ڤەژینبوکس