یۆھانس کێپلەر

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
باز بدە بۆ: ڕێدۆزی، گەڕان
وێنەیەک لە یۆھانس کێپلەر کە ساڵی ١٦١٠ لەلایەن ھونەرمەندێکی نەناسراوەوە کێشراوە

یۆھانس کێپلەر (بە ئینگلیزیی Johannes Kepler؛ ١٥٧١ - ١٦٣٠) بیرکار و گەردوونناس و ئەستێرەناسی ئاڵمانیایی بوو. ئەو ڕۆڵێکی سەرەکی ھەبوو لە شۆڕشی زانستیی سەدەی ١٧ھەمدا. ناوبانگی کێپلەر دەگەڕێتەوە بۆ یاساکانی لەبارەی جووڵەی ھەسارەکانەوە کە لەسەر چەندین بەرهەمی ئەو بنیات نرابوون، ئەوانیش: Astronomia nova ،Harmonices Mundi، وە Epitome of Copernican Astronomy. ئەو بەرهەمانەی کێپلەر بوون بە یەکێک لە بناغەکانی یاسای ڕاکێشانی گەردوونیی نیوتن.

کێپلەر مامۆستای بیرکاری بوو لە قوتابخانەیەکی ئایینی لە گراز، نەمسا. دواتر بووە یاریدەدەری گەردوونناسی دانمارکی تایکۆ براهی. وە لە کۆتاییشدا بووە بیرکاری ئیمپراتۆری لەسەردەمی ئیمپراتۆر ڕودۆڵفی دووەم و دوو جێگری هەمان ئیمپراتۆر بەناوەکانی ماتیاس و فردیناندی دووەم. وە هەروەها لە لینز، نەمساش مامۆستای بیرکاری بووە، و ڕاوێژکاری ژەنەڕاڵ ڤۆڵێنشتاینیش بووە. سەرەڕای ئەوەش، بەشداریی گەورەی پێشکەش بە بواری ئۆپتیک کردووە، وە جۆرێکی باشتری تەلیسکۆپی ڕووناکی درووست کرد، کە ئێستا پێی دەگوترێ تەلیسکۆپی کێپلەری. وە کێپلەر لە دۆزینەوە تەلەسکۆپییەکانی هاوسەردەمەکەی، گالیلێو گالیلەی ئاماژە بە ناوی کراوە.

کێپلەر لە سەردەمێک دەژیا کە هیچ جیاوازییەکی ڕوون نەبوو لە نێوان گەردوونناسی و ئەستێرەناسی (پێشبینیکردنی داهاتوو بەهۆی ئەستێرەکان). بەڵام دابەش بوونێکی دیار هەبوو لە نێوان گەردوونناسی و فیزیک.

سەرەتای ژیانی[دەستکاری]

یۆهانس کێپلەر بە نزیکەیی لە کاتژمێر ١ی دوای نیوەڕۆی ٢٧ی کانوونی یەکەمی ١٥٧١ لە شاری ڤایل دێر شتات کە ئێستا دەکەوێتە هەرێمی شتوتگارتی ئەڵمانیا لە دایک بووە. بە منداڵی نەخۆش بووە و خێزانەکەشی هەژار بوون. دوو برا و خوشکێکی لە خۆی گەورەتری هەبوو. باوکی سەربازی بەکرێگیراو بوو و ماڵەوەی بە جێهێشت کاتێک کێپلەر ٥ ساڵان بوو. وە وا پێدەچێت لە جەنگی ناوخۆی هۆلەند دا مردبێت. دایکیشی، کە کچی خاوەن میوانخانەیەک بووە، خەڵکی بە دەرمانی گیایی چارەسەر دەکرد. لەبەر ئەوەی زووتر لە کاتی خۆی لە دایک بوو، بانگەشەی ئەوە دەکرێ کە کێپلەر بە منداڵی لاواز و نەخۆش بووە. لەگەڵ ئەوەشدا، سەرنجی ئەو ڕێبوارانەی بەلای خۆیدا ڕادەکێشا کە لە میوانخانەکەی باپیری دەمانەوە، ئەویش بەهۆی توانا لەڕادەبەدەرەکەی لە بیرکاریدا.[١]

لە منداڵییەوە گەردوونناسی پێناسێندرا، بەمەش تا لەژیان دابوو، خۆشەویستی بۆ ئەو بوارە هەبوو. لە شەش ساڵی نەیزەکە گەورەکەی ساڵی ١٥٧٧ی بینی، کە لە یەکێک لە نووسینەکانی دەڵێت کەوا "دایکی بردوویەتیە سەر شوێنێکی بەرز بۆ ئەوەی سەیری نەیزەکەکە بکات".[٢] لە نۆ ساڵیشدا، دیاردەیەکی دیکەی بینی، کە مانگ گیرانێک بوو لە ١٥٨٠. بەپێی گێڕانەوەکانی لەو کاتەدا بانگی دەرەوە کراوە بۆ ئەوەی مانگ گیرانەکە ببینێت و لەو کاتەدا مانگ "زۆر سوور دەرکەوتووە".[٢] بەڵام هاوڵەی منداڵی بووە هۆی لاواز کردنی بینینی و ئیفلیج کردنی دەستەکانی. ئەمەش تواناکانی سنووردار کرد لە لاینە بینراوەکانی گەردوونناسی.[٣]

لە ١٥٨٩ دوای ئەوەی قوتابخانەی ڕێزمان، قوتابخانەی لاتینی و قوتابخانەی ئایینی تەواوکرد، چووە زانکۆی توبینگن. لەوێ فەلسەفە[٤] و خواناسی خوێند. توانی تواناکانی خۆی لە بواری بیرکاریدا بسەلمێنێت و ناوبانگی وە ئەستێرەناسێکی گەورە دەرکرد. کە زۆرجار کەلووەکانی بۆ هاوڕێ خوێندکارەکانی لێکدەدایەوە.[٥] وە یەکێک لەوانەبوو کە باوەڕی تەواوی بەوە بوو کە هەسارەکان بە دەوری خۆردا دەسوڕێنەوە، وە خۆر سەرچاوەی وزەیە.[٦] هەرچەندە حەزی دەکرد ببێتە شاڵیار، لە کۆتاییەکانی خوێندنەکەی کێپلەر پێشنیار کرا بۆ پلەی مامۆستای بیرکاری و گەردوونناسی لە قوتابخانەی پڕۆتێستانت لە گڕاز. کێپلەر پلەکەی لە نیسانی ١٥٩٤، لە تەمەنی ٢٣ ساڵی قبووڵکرد.[٧]

گڕاز (١٥٩٤ - ١٦٠٠)[دەستکاری]

میستریەم کۆسمۆگرافیکەم[دەستکاری]

یەکەم بەرهەمی دیاری کێپلەر بەناوی Mysterium Cosmographicum (نهێنییە کۆسمۆگرافییەکە)، یەکەم بەرهەمی بڵاوکراوەبوو کە پشتگیری لە بیردۆزەکەی کۆپەرنیکۆس دەکرد سەبارەت بەوەی کە زەوی بەدەوری خۆردا دەسوڕێتەوە. کێپلەر مۆدێلێکی درووستکرد لە سەر شێوەی سووڕانەوەی هەسارەکان بەدەوری خۆردا.[٨] بە پاڵپشتی مامۆستایەکەی میشائیل ماستلین، کێپلەر ڕەزامەندی ئەنجومەنی پیرانی زانکۆی توبیگن وەرگرت کە دەستنووسەکەی بڵاوبکاتەوە. میستریەم لە کۆتاییەکانی ١٥٩٧ بڵاوکرایەوە؛ زۆر بڵاونەبووەوە، بەڵام ناوبانگی کێپلەری دەرکرد وەک گەردوونناسێکی بەهرەدار.

هاوسەرگیری لەگەڵ باڕباڕا مولەر[دەستکاری]

لە کانوونی دووەمی ١٥٩٥، کێپلەر بە باڕباڕا مولەر ناسێندرا، کە بێوەژنێکی تەمەن ٢٣ ساڵی بوو و کچێکی هەبوو بەناوی ڕێجینا لۆرێنز. مولەر، کە میراتگری ماڵ و سامانی دوو مێردەکەی پێشووتری بوو، وە هەروەها کچی خاوەن ئاشێکی دەوڵەمەندیش بوو بە ناوی یۆبست. باوکی یەکەمجار هاوسەرگیرییەکەی ڕەت کردەوە سەرەڕای خانەدانیی کێپلەر؛ هەرچەندە کێپلەر خانەدانی باپیری بۆ مابووەوە، بەڵام هەژار بوو. دوای تەواوبوونی یەکەم بەرهەمی کێپلەر، میستریەم، یۆبست دڵی نەرم بوو، هەرچەندە دەزگیرانییەکەی ئەوەندەی نەمابوو تێکبچێت کاتێک کێپلەر لەوێ نەبوو و خەریکی ڕاپەڕاندنی کارەکانی بڵاوکردنەوەی بەرهەمەکەی بوو. باڕباڕا و یۆهانسن لە ٢٧ی نیسانی ١٥٩٧ هاوسەرگیرییان کرد.[٩]

لە ساڵانی سەرەتای هاوسەرگیری، دوو منداڵیان بوو کە هەردووکیان لە ساوایەتی مردن. دواتر لە ١٦٠٢ کچێکیان بوو (سوزانا)، لە ١٦٠٤ کۆڕێکیان بوو (فرێدریک)، وە لە ١٦٠٧ کوڕیکی دیکەیان بوو (لودویگ).[١٠][١١]

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  1. Caspar. Kepler, pp.  29–36; Connor. Kepler's Witch, pp.  23–46.
  2. ٢٫٠ ٢٫١ Koestler. The Sleepwalkers, p. 234 (translated from Kepler's family horoscope).
  3. Caspar. Kepler, pp.  36–38; Connor. Kepler's Witch, pp.  25–27.
  4. Connor, James A. Kepler's Witch (2004), p. 58.
  5. Barker, Peter; Goldstein, Bernard R. "Theological Foundations of Kepler's Astronomy", Osiris, 2nd Series, Vol. 16, Science in Theistic Contexts: Cognitive Dimensions (2001), p. 96.
  6. Westman, Robert S. "Kepler's Early Physico-Astrological Problematic," Journal for the History of Astronomy, 32 (2001): 227–36.
  7. Caspar. Kepler, pp.  38–52; Connor. Kepler's Witch, pp.  49–69.
  8. Caspar. Kepler, pp. 60–65; see also: Barker and Goldstein, "Theological Foundations of Kepler's Astronomy."
  9. Caspar, Kepler. pp. 71–75.
  10. Connor. Kepler's Witch, pp. 89–100, 114–116
  11. Caspar. Kepler, pp. 75–77