ھەڵمەتەکانی بەعەرەبکردنی حیزبی بەعس بۆ سەر باشووری کوردستان

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
ھەڵمەتەکانی بەعەرەبکردنی حیزبی بەعس بۆ سەر باشووری کوردستان
بەشێکە لەتێکھەڵچوونی نێوان عێراق و کوردەکان
وڵاتعێراق
جێباشووری کوردستان
ڕێکەوتی دەستپێکردن١ی کانوونی دووەمی ١٩٦٨
ڕێکەوتی کۆتاییھاتن١ی کانوونی دووەمی ٢٠٠٣

ھەڵمەتەکانی بەعەرەبکردن لە باشووری کوردستان بریتی بوون لە ئاوارەکردنی زۆرەملێ و بەعەرەبکردنی کولتووری کەمینە کوردەکان، بەگوێرەی سیاسەتی نیشتەجێکردنی داگیرکاری کە حکوومەتی بەعس لە عێراق لە شەستەکانەوە تا سەرەتای ٢٠٠٠کان سەرکردایەتی دەکرد بە مەبەستی گواستنەوەی پێکھاتەی دیمۆگرافی باشووری کوردستان بەرەو باڵادەستی نەتەوەی عەرەب تێیدا. حیزبی بەعس لە سەردەمی سەددام حوسێن لە ناوەڕاستی حەفتاکاندا دەستی لە دەرکردنی کاریگەرانەی کەمینەکان ھەبوو. لە ساڵانی ١٩٧٨–١٩٧٩ نزیکەی ٦٠٠ گوندی کوردی سووتێنران و ڕووخێنران و نزیکەی ٢٠٠ ھەزار کوردیش گواسترانەوە بۆ ناوچەکانی دیکەی عێراق.[١][٢]

ئەم ھەڵمەتانە لە سەردەمی تێکھەڵچوونی نێوان عێراق و کوردەکان ڕوویانداوە و پاڵنەری ململانێی نەتەوەیی و سیاسیی کورد و عەرەب بووە. ئەو سیاسەتە بەعسییەی کە ھوکاری ئەم ڕووداوانە بوو، ھەندێک جار بە «داگیرکاری ناوخۆیی» ناودەبرێت کە فرانسیس کۆفی ئەبیۆ بە بەرنامەیەکی «داگیرکاری» بە تەعریبکردن وەسفی کردووە کە گواستنەوەی کورد بوو بە شێوەیەکی بەرفراوان و نیشتەجێکردنی عەرەبەکان لە باشووری کوردستان لەخۆدەگرێت.[٣][٤]

پاشخان[دەستکاری]

ئێزیدییەکان، شەبەکەکان، مەندانەکان و ئاشوورییەکان کەمینەی ئیتنۆ-ئایینین لە عێراق کە لە باشووری کوردستان نیشتەجێ بوون و ھێشتا لە سەرەتای سەدەی ٢١دا دانیشتووانێکی زۆریان لەوێ پێکدھێنا، ئەمەش ھاوتەریب لەگەڵ نەتەوە دیارەکانی وەک کورد و عەرەب.

لە سەردەمی دەسەڵاتی پاشایەتی ھاشمی و ڕژێمی کۆماریی لە دواتردا، جیاوازی بەرامبەر ئێزیدییەکان ڕوویدا و ڕێوشوێنە جێبەجێکراوەکان بریتی بوون لە دەستبەسەرداگرتنی زەوی و سەرکوتی سەربازی، ھەروەھا ھەوڵدان بۆ دامەزراندنیان بە زۆر بۆ ناو سوپای عێراق لە دژی یاخیبوونی کوردان.[٥]

سیاسەتەکان[دەستکاری]

ئاوارەبوونی کەمینەکان و نیشتەجێکردنی عەرەب[دەستکاری]

لە ساڵی ١٩٧٥ بە مەبەستی سەرکوتکردنی ململانێی چەکداری کورد بوو بە سەرکردایەتی مەلا مستەفا بارزانی کە لەلایەن شای ئێران محەممەد ڕەزا پەھلەوی پاڵپشتی دەکرا، عێراق ڕێککەوتننامەی جەزائیری لەگەڵ ئێران واژوو کرد، بۆ خۆ تەرخان کردن بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی یاخیبووانی کورد و ئێزیدی لەگەڵ چەندین سزا، لەوانە سەرکوتکردن، ئاوارەکردن، وێرانکردنی گوندەکان، دوورخستنەوەی دانیشتووان لە زێدیان و گواستنەوەیان. قەبارەی کۆچی کوردەکان لە باشووری کوردستان لە ناوەڕاستی حەفتاکاندا زیاتر لە ناوچەی شێخان و شەنگال ڕوویدا، ھەرچەندە ناوچەکانی دیکەی گرتەوە کە لە شارۆچکەی خانەقینەوە درێژدەبنەوە. ڕێوشوێنە سەرکوتکەرەکان دژ بە یاخیبوونی کورد کە لە دوای ڕێککەوتنی جەزائیر لە ساڵی ١٩٧٥ لەلایەن حکوومەتەوە جێبەجێکرا، بووە ھۆی پێکدادانی نوێ لە نێوان سوپای عێراق و یاخیبووانی کورد لە ساڵی ١٩٧٧، لە ساڵانی ١٩٧٨ و ١٩٧٩دا ٦٠٠ گوندی باشووری کوردستان سووتێنرا و نزیکەی ٢٠٠ ھەزار کوردی ئاوارە کرد بۆ ناوچەکانی دیکەی عێراق.[٦]

بەرنامەی بەعەرەبکردن تیشکی خستە سەر گواستنەوەی عەرەب بۆ دەورووبەری کێڵگە نەوتییەکانی باشووری کوردستان بەتایبەتی لە کەرکووک. حکوومەتی بەعسیش بەرپرسیار بوو لە دوورخستنەوەی لایەنی کەم ٧٠ ھەزار کورد لە نیوەی ڕۆژاوای مووسڵ و ڕۆژاوای مووسڵی کردە ناوچەیەکی عەرەبی سوننەی تەواو. لە شەنگال لە کۆتایی ساڵی ١٩٧٤، لیژنەی پێشووی کارووباری باکووری عێراق فەرمانی دا بە دەستبەسەرداگرتنی موڵک و ماڵ و خاپوورکردنی زۆربەی گوندەکانی ئێزیدییەکان و نیشتەجێکردنی دانیشتووان بە زۆر لەو یازدە شارە کۆمەڵایەتییەی کە ناوی عەرەبییان ھەبوو بە دووری ٣٠ بۆ ٤٠ کیلۆمەتر لە باکوور یان باشووری شەنگال یان بەشی تری عێراق. لەم ئۆپەراسیۆنەدا نزیکەی ١٣٧ گوندی ئێزیدی ڕووخێنران و وێران کران. جگە لەوەش پێنج گەڕەکی شاری شنگال لە ساڵی ١٩٧٥ بەعەرەب کران. لە ھەمان ساڵدا ٤١٣ جووتیاری ئێزیدی و کورد لە زەوی و زارەکانیان لەلایەن حکوومەتەوە دەرکران یان گرێبەستی کشتوکاڵییان ھەڵوەشایەوە و دانیشتووانی عەرەب جێیان گرتەوە. لە شێخان لە ساڵی ١٩٧٥ لە کۆی ١٨٢ گوند ١٤٧ گوند تووشی ئاوارەبوونی زۆرەملێ بوون، لە ساڵانی دواتردا ٦٤ گوند ڕادەستی دانیشتووانی عەرەب کران. پاشان حەوت شاری بەکۆمەڵ لە شێخان دروستکرا بۆ نیشتەجێکردنی ئێزیدی و کورد ئاوارە لە گوندە عەرەبییەکان.[٧]

لە چوارچێوەی ھەڵمەتی ئەنفال لە سەردەمی شەڕی ئێران و عێراقدا، ڕژێمی بەعسی سەددام حوسێن ٣٠٠٠ بۆ ٤٥٠٠ گوندی وێران کرد و سەدان ھەزار کوردی ھێنا بۆ ئەوەی ببنە پەنابەر یان دووبارە نیشتەجێ ببن لە سەرتاسەری عێراق و ئاشووری و تورکمانیش. لەکاتی ھەڵمەتی ئەنفالدا نزیکەی ١٨٢ ھەزار کەس کوژراون یان گیانیان لەدەستداوە، کە زۆرجار ھاوتا دەکرێت لەگەڵ پاکتاوکردنی نەتەوەیی و جینۆساید. ئەم ھەڵمەتە زۆرەملێیە بەعەرەبکردنە، ھەوڵێک بوو بۆ گۆڕینی شاری کەرکووک بۆ شارێکی عەرەبی کە لەڕووی مێژووییەوە فرە نەتەوەیی و زۆرینەیەکی کوردی ھەبوو. خێزانە کوردەکان دوای ئەوەی بە زۆر لەلایەن سەربازە عێراقییەکانی سەددامەوە دەرکرابوون، بێ ماڵ و حاڵ بوون و بەو ھۆیەوە ناچار بوون کۆچ بکەن بۆ کەمپەکانی پەنابەران.[٨][٩]

لە ساڵانی نەوەدەکاندا دابەشکردنی زەوی بەسەر دانیشتووانی عەرەب دەستی پێکردەوە و دابەشکردنەکە تا ڕووخانی ڕژێمی بەعس لە ساڵی ٢٠٠٣ بەردەوام بوو.

بەعەرەبکردنی کولتووری و سیاسی[دەستکاری]

لە سەرژمێرییەکانی عێراق لە ساڵانی ١٩٧٧ و ١٩٨٧دا، ئێزیدییەکان ناچاربوون خۆیان وەک عەرەب تۆمار بکەن و لە ناوەڕاستی حەفتاکانەوە قسەکردن بە زمانی کوردی قەدەغە کرا. ھەروەھا بەشێک لە کوردە موسڵمانەکان لە ساڵی ١٩٧٧دا ناچار بوون وەک عەرەب خۆیان تۆمار بکەن.

بنەمای یاسایی بۆ بەعەرەبکردن[دەستکاری]

بنەمای یاسایی ڕێوشوێنی تەعریبکردنی بەعس بڕیارنامەی ژمارە ٧٩٥ی ساڵی ١٩٧٥ی ئەنجومەنی فەرماندەیی شۆڕش و فەرمانی ژمارە ٣٥٨ی ساڵی ١٩٧٨ بوو، یەکەم ڕێگە بە دەستبەسەرداگرتنی موڵک و ماڵی ئەندامانی بزووتنەوەی نیشتمانیی کورد دەدا لەکاتێکدا دووەمیان پووچەڵ کردنەوەی قەواڵە موڵکییەکان کە ھی کوردە موسڵمانەکان و ئێزیدییەکانن و زەوییەکانیان لەژێر کۆنترۆڵی وەزارەتی دارایی عێراق دەبێت و نیشتەجێکردنی ناوچەکە لەلایەن بنەماڵە عەرەبەکانەوە دەبێت.

لە دواتردا[دەستکاری]

دوای ڕووخانی ڕژێمی سەددام، زۆرێک لە خێزانە کوردەکان گەڕانەوە کەرکووک. سیاسەتەکانی بە کوردکردن لەلایەن پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە دوای ساڵی ٢٠٠٣ بە مەبەستی پێچەوانەکردنەوەی ڕەوتەکانی پێشووی بەعەرەبکردن بوو لە ھەمان کاتدا فشارخستنە سەر نا کوردەکان بە تایبەتی کاریگەری لەسەر ئاشوورییەکان و تورکمانەکان، کە ئەمەش بووە ھۆی دروستبوونی کێشەی جددی نێوان نەتەوەکان.[١٠]

پلانەکانی ڕیفراندۆمی کەرکووک[دەستکاری]

ڕیفراندۆمی کەرکووک بڕیار دەدات کە ئایا ناوچە کوردستانییەکانی ناو پارێزگاکانی دیالە، کەرکووک، سەلاحەدین و نەینەوا دەبنە بەشێک لە ھەرێمی کوردستان یان نا. سەرەتا بڕیار بوو ڕیفراندۆم لە ١٥ی تشرینی دووەمی ٢٠٠٧ ئەنجام بدرێت بەڵام بۆ ٣١ی کانوونی یەکەم و دواتر بۆ شەش مانگی دیکە دواخرا. ھاوپەیمانیی نیشتمانیی کوردستان دووپاتی کردەوە کە دواکەوتنەکە ھۆکاری تەکنیکی بووە نەک سیاسی. و بەو پێیەی ھەڵبژاردنەکان لە سەرەتای مانگی کانوونی یەکەمی ساڵی ٢٠٠٨ ئەنجام نەدرا، بۆیە لە چوارچێوەی ڕێککەوتنێک بۆ ئاسانکاری ھەڵبژاردنی ناوچەیی لە ٣١ی کانوونی دووەمی ٢٠٠٩ جارێکی دیکە دواخرا، تا ئێستاش وادەی نوێ دیاری نەکراوە.[١١][١٢][١٣][١٤]

لە ماددەی ١٤٠ی دەستووری عێراقدا ھاتووە کە پێش ئەنجامدانی ڕیفراندۆم پێویستە ڕێوشوێنی پێچەوانەکردنەوەی سیاسەتی تەعریبکردن بگیرێتەبەر کە ئیدارەی سەددام حوسێن لەکاتی ھەڵمەتی ئەنفالدا پەیڕەوی کردبوو. دوای داگیرکردنی عێراق لە ساڵی ٢٠٠٣ ھەزاران کورد گەڕانەوە کەرکووک، لە ڕیفراندۆمێکدا بڕیار دەدرێت کە ئایا ئەوەندە گەڕاونەتەوە بۆ ئەوەی ناوچەکە بە کوردی ھەژمار بکرێت، بەڵام حکوومەتی عێراق لە بەعەرەبکردن ناوەستێت و دژی ئەنجامدانی ڕیفراندۆمە وەک ئەوەی لە ساڵی ٢٠١٧ ڕوویدا.[١٥]

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  1. ^ Eva Savelsberg, Siamend Hajo, Irene Dulz. "Effectively Urbanized - Yezidis in the Collective Towns of Sheikhan and Sinjar". Etudes rurales 2010/2 (n°186). (ردمک 9782713222955)
  2. ^ Farouk-Sluglett، M.(July–September 1984)."Not Quite Armageddon: Impact of the War on Iraq".
  3. ^ Rimki Basu (2012). International Politics: Concepts, Theories and Issues. p. 103.
  4. ^ Francis Kofi Abiew (1991). The Evolution of the Doctrine and Practice of Humanitarian Intervention. p. 146.
  5. ^ ICG, "Iraq’s New Battlefront: The Struggle over Ninewa". Middle East Report No. 90, 28 September 2009, p. 31.
  6. ^ UNAMI, "Disputed Internal Boundaries: Sheikhan district", Volume 1, 2009, pp. 2–3.
  7. ^ Harris (1977), p. 121.
  8. ^ https://web.archive.org/web/20160303172038/http://www.parliament.nsw.gov.au/prod/PARLMENT/hansArt.nsf/V3Key/LC19930914036
  9. ^ https://web.archive.org/web/20180102073141/https://publications.parliament.uk/pa/cm200203/cmselect/cmintdev/444/444ap06.htm
  10. ^ Stansfield, Gareth (2007). Iraq: People, History, Politics. p. 71
  11. ^ https://web.archive.org/web/20131001111155/http://export.gov/Iraq/pdf/iraq_government.pdf
  12. ^ https://web.archive.org/web/20090106025234/http://www.thenewanatolian.com/tna-29406.html
  13. ^ https://web.archive.org/web/20190130013525/https://www.stratfor.com/products/premium/read_article.php?id=300161
  14. ^ https://web.archive.org/web/20170916225558/http://www.aina.org/news/20071217124429.htm
  15. ^ https://web.archive.org/web/20080624072950/http://www.rferl.org/featuresarticle/2006/12/38b72bcc-9ef3-4fd7-a7f3-05a650dcd190.html