بۆ ناوەڕۆک بازبدە

داگیرکردنی عێراق لە ساڵی ٢٠٠٣

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
ھێزی دەریایی ئەمریکا لە فەوجی ٢، دیلەکانی دووژمنیان گرت لە بیابانی عێراق لە ٢١ی ئازاری ٢٠٠٣، لەکاتی ئۆپەراسیۆنی ئازادی عێراق.

داگیرکردنی عێراق یان داگیرکردنی ئەمریکا بۆ سەر عێراق یان شەڕی چارەنووسساز یان جەنگی سێیەمی کەنداو لە ساڵی ٢٠٠٣ قۆناغی یەکەمی شەڕی عێراق بوو. قۆناغی داگیرکاری لە ١٩ی ئازاری ٢٠٠٣ (ئاسمانی) و ٢٠ی ئازاری ٢٠٠٣ (زەمینی) دەستیپێکرد و کەمێک زیاتر لە مانگێکی خایاند، لەنێویاندا ٢٦ ڕۆژ لە ئۆپەراسیۆنە شەڕکەرە گەورەکان، کە تێیدا ھێزێکی ھاوبەشی ھێزەکانی ئەمریکا، بەریتانیا، ئوسترالیا، پۆڵەندا ھێرشیان کردە سەر عێراق کە ھۆی ڕووخانی حکوومەتی سەددام حوسێن و حیزبی بەعس. ئەم قۆناغە سەرەتاییەی شەڕ بە فەرمی لە ١ی ئایاری ٢٠٠٣ کۆتایی ھات کاتێک جۆرج بوش سەرۆکی ئەمریکا «کۆتایی ئۆپەراسیۆنە جەنگییە گەورەکانی» ڕاگەیاند، دوای ئەوە دەسەڵاتی کاتی ھاوپەیمانان وەک یەکەم حکوومەتی ئینتقالی دوای چەند حکوومەتێکی ئینتیقالی یەک لە دوای یەک دامەزرا کە بووە ھۆی یەکەم ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە مانگی یەکی ساڵی ٢٠٠٥. و ھێزە سەربازییەکانی ئەمریکا لە عێراقدا مانەوە تا کشانەوەیان لە ساڵی ٢٠١١ و بۆ جارێکی دیکە لە ٢٠١٤ گەڕایەوە دوای جەنگی داعش.[١]

ڕووداوەکان

[دەستکاری]

لە مانگی ١٢ی ھەمان ساڵ سەددام حوسێن دەستگیرکرا لە ئۆپەراسیۆنی بەرەبەیانی سووردا.

دوای ڕووخانی حکوومەتەکەش لە ٢٠٠٣ و ٢٠٠٤ کەشێک دروستبوو بۆ جەنگی نێوان سوننە و شیعەکان و دەستێوەردانی ئێران لە عێراق و سەرھەڵدانی کۆمەڵەی قاعیدە لە عێراق و گەورەبوونیان.

لە ٢٠٠٥ عێراق ھەڵبژاردنێکی فرەحیزبی ئەنجامدا و لە ٢٠٠٦ نووری مالیکی بوو بە سەرۆک وەزیرانی عێراق و ھەتاوەکو ٢٠١٤ لەو پێگەیەدا مایەوە، ڕامیاری مالیکی پێگەی سوننەی لاواز کرد و ناوچە سوننییەکانی پشتگوێ خست.[ژێدەر پێویستە]

ھۆکاری جەنگ

[دەستکاری]

بەھۆی تەشەسەندنی ھێزی چەکداری عێراق و ویست و خواستەکانی سەددام بۆ بەدەستھێنانی ھەموو جۆرە وزە و ھێزێک بۆ بەھێزبوون، ترس لە دڵی ئەمریکییەکان نیشت و حکوومەتی جۆرش بوشی کوڕ وڵاتی عێراقی تۆمەتبار کرد بە ھەبوونی چەکی کۆکوژ و وێرانکەر، ڕامیارە ئەمریکییەکانیش تۆمەتباریان کرد بە ھاوکاری قاعیدە دژی ئەمریکا و ھاوپەیمانانی، ھەندێکی دیکە پێیانوایە ھۆکاری جەنگەکە ویستی ئەمریکا بووە بۆ ڕووخاندنی دەسەڵاتی دیکتاتۆری عێراق و دامەزراندنی حکوومەتێکی دیموکراسی.

لە دوای جەنگەکە ھیچ چەکێکی کۆکوژی ناوەکی بوونی نەبوو و بەھۆی ئەمەشەوە چەندین دەنگی ناڕەزایەتی لە دەرەوە و ناوەوەی ئەمریکا سەریھەڵدا.[ژێدەر پێویستە]

بڕیاردان بۆ جەنگ

[دەستکاری]

بەپێی ئەو زانیارییانەی لای ئەمریکیەکان بوو ھەرچەند لەگەڵ زانیاری دەزگای ھەواڵگریدا یەکی نەدەگرتەوە، پێیانوابوو عێراق ویستی ئەوەی ھەیە ھێرشێکی ئاسمانی بە چەکی کیمیایی و بایۆلۆژی دیکە بۆ سەر کەناراوەکانی ئەمریکا بکات، ئەویش بە فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان، بەڵام سیخوڕە ئەمریکییەکان ڕایان گەیاندبوو کە عێراق ھیچ فڕۆکەیەکی لەوشێوەیەی نییە بۆ مەودایەکی دوور بفڕێت.

ساڵی ٢٠٠٢ بڕیاری سەرۆکی ھێزەکانی ھاوپەیمانان بۆ لەناوبردنی چەکە دژەئاسمانییەکانی عێراق دەرچوو لە پێش داگیرکردنەکە. لە ١١-١٠-٢٠٠٢ ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا بڕیاری بە ھێرش دا. بڕیارەکە بەپێی دەستووری ئەمریکا و کۆنگرێسی ئەمریکا بە سەرۆکایەتی جۆرش بوش بوو بۆ شەڕکردن دژی ھەر مەترسییەک کە ڕووبەڕووی ئەمریکا دەبێتەوە، ئەوەش بەپێی یاسای ڕزگارکردنی عێراقی ساڵی ١٩٩٨، کە یاساکە جەخت دەکاتەوە لەوەی دەبێت حکوومەتی عێراق بڕوخێندرێت و سەددام حوسێن سزا بدرێت.

لە ١٦-١٠-٢٠٠٢ جۆرج بوش واژووی لەسەر ئامادەکردنی سووپا کرد بۆ جەنگی عێراق.

پێشتر کۆلین پاوڵ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە چەند وتارێکیدا ڕوونی کردبوویەوە کە عێراق خاوەنی چەندین وێستگە و تاقیگەی چەکی کیمیایی و بایۆلۆژی و قەدەغەیە، ئەوەش زیاتر بەپێی ڕاپۆرتەکانی ڕافد ئەحمەد عەلوان جەنابییەوە وەریگرتبوو، بەڵام ساڵی ٢٠١١ ڕافد دانی بەوەدا نا کە درۆی کردووە بۆ دەزگای ھەواڵگری ناوەندی ئەمریکا دەربارەی چەکەکانی عێراق تەنیا بۆ ئەوەی ئەمریکا بتوانێت بەھۆیەوە حکوومەتەکەی بەعس بڕوخێنێت.[ژێدەر پێویستە]

لە نێوان مانگی سێ بۆ پێنجی ٢٠٠٣ ھێزەکانی ھاوپەیمانان زیاتر لە ١٧٧ ھەزار سەربازیان ڕەوانەی عێراق کرد بە سەرکردایەتی ئەمریکا، کە ١٣٠,٠٠٠ ئەمریکی و ٤٥,٠٠٠ بەریتانی و ٢٠٠٠ ئوسترالی و ١٩٤ پۆڵەندی بوون، دواتریش ٣٤ وڵاتی دیکە بەشداری جەنگەکەیان کرد، پێش ئەمانەش لە ١٨-٢-٢٠٠٣ زیاتر لە ١٠٠ ھەزار سەربازی ئەمریکی لە کوێت جێگیر کرابوون، ھەموو ئەمانەش بە ھاوکاری ھێزەکانی پێشمەرگە لە باکووری وڵاتەکە و ھەرێمی کوردستان.

بەپێی قسەکانی جۆرج بووش و سەرۆک وەزیرانی ئەوکاتی بەریتانیا تۆنی بلێر «ئازادکردنی عێراق بۆ لەناوبردنی چەکی کۆکوژ و وەستاندنی سەددام حوسێن لە کردەوەی تیرۆر و ئازادکردنی خەڵکی عێراقە»، ھەریەک لە کەنەدا  و ئەڵمانیا  و نیوزلەندا و فەڕەنسا لەو وڵاتانە بوون کە دژی داگیرکردنی عێراق بوون.

پێش ھێرشەکە لە چەندین شوێن خۆپیشاندان کرا بۆ ئەوەی ئەو ھەڵمەتە بوەستێنرێت، وەک ئەوەی لە ڕۆما زیاتر لە سێ ملیۆن کەس کۆبوونەوە دژی جەنگی عێراق، کە گەورەترین کۆبوونەوەی دژی جەنگە لە جیھان.

شەوی پێش ھێرشەکە زۆرینەی خاڵە گرنگەکانی وڵات لەلایەن ھێزەکانی ھاوپەیمانانەوە ھێرشی ئاسمانییان کرایە سەر و لەناوبران، دواتریش لە ٢٣ـی ٣ سووپای عێراقیان لە جەنگی ناسڕیە شکاند، بەشی باکووریش لەلایەن کوردەکان و ھێزەکانی دیکەوە پاککرایەوە، وڵاتەکە لە ماوەی مانگێک ڕووخا و ھیچ ڕووبەڕووبونەوەیەکی ئەوتۆی بەخۆیەوە نەبینی لەلایەن دەوڵەتی بەعسەوە، لە ٩-٤ ھێزەکانی ھاوپەیمانان شاری بەغدایان داگیرکرد، بەڵام ھیچ نیشانەیەک لە سەددام حوسێن نەدۆزرایەوە.

دواتریش لە کۆتایی ساڵ لە ئۆپەراسیۆنی سپێدەی سوور سەددام حوسێن دەستگیرکرا.[ژێدەر پێویستە]

سەرچاوەکان

[دەستکاری]
  1. ^ Gordon، Michael (1 March 1995). The Generals' War: The Inside Story of the Conflict in the Gulf. New York: Little Brown & Co. لە ڕەسەنەکە لە 1 مارس 2021 ئەرشیڤ کراوە. {{cite book}}: نرخەکانی ڕێکەوت بپشکنە لە: |date= و |archive-date= (یارمەتی)