ئادیابین

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
Adiabene
ئەدیابین
شوێنی ئەدیابین: حەدیاب
پایتەختھەولێر ئەربێلا
دەوڵەت پاشایەتی/مۆنارشی

ئادیابین، یان ئەدیابین، ئەدیاب، ھەدیاب (بە عبری و سریانی: حدیاب/ھدیاب) شانشینییەکی کۆنی باشووری کوردستان و میزۆپۆتامیا بوو، دەکەوتە باکووری ھەرێمی دێرینی مێزۆپۆتامیا (بەشی باکووری ڕۆژاوای ئاشووری کۆن).[١] سنووری ئەم شانشینییە لە گۆڕاندا بووە؛ سەرەتا تەنھا ناوچەی نێوان زێی گەورەو بچووکی دەگرتەوە، دواتر نەینەوای پێتەختی کۆنی ئاشووریش کەوتە ژێر دەسەڵاتی ئەدیابین لە سەردەمی میر مۆنۆبازی یەکەم (کۆتایی سەدەی یەکەمی پێش زایین)، ھەرێمی کوردنشینیی گۆردیێن (جزیرا بۆتانی ئێستا) و شنگار کەوتنە ژێر ڕکێفی مۆنۆبازس. [٢] دەسەڵاتی ئادیابین لە سەردەمی ئیزاتێسی دووەمدا گەیشتە لووتکە، پاشای پارت ئارتابان (ئەردەوان)ی دووەم ناوچەی نسیبێنی پێبەخشی لە ساڵی(١٢–٤٠ز) وەک پاداشتێک بۆ یارمەتیدانی بۆ وەرگرتنەوەی تەختەکەی. [٣] [٤] سنوورەکانی ڕۆژھەڵاتی ئادیابین گەیشتنە چیاکانی زاگرۆس، ھاوسنووری میدیا. [٢] ئەربێلا (ھەولێر) پایتەختی ئادیابین بووە. [٢]

مێژووی سەرھەڵدان و دروستبوونی شانشینی حدیاب ناڕوونە. یەکەم جار لە تۆمارەکانی ساڵی ٦٩ پێش زاییندا باسکراوە، کاتێک پاشایەکی ئادیابینی (کە ناوی دیار نییە) بەشداری لە شەڕی تیگرانۆسێرتادا کردووە وەک ھاوپەیمانی پاشای ئەرمەنی تیگرانی گەورە (. ٩٥–٥٥ پێش زایین). [٢] دیسان ناوی ئادیابین ساڵی ١٦٤ پێش زایین دەرکەوتەوە، دوای نەمانی دەسەڵاتی سلوکییە یۆنانییەکان لە ڕۆژھەڵاتی نزیکدا. [٢] [٥] ئادیابین لەلایەن پاشای پارت میتریداتی یەکەم داگیرکرا (١٧١–١٣٢ پێش زایین) تا سەردەمی میتریداتی دووەم (١٢٤–٩١ پێش زایین) بەشێکی دانەبڕاو لە دەسەڵاتی پارت ماوەتەوە. [٢]

فەرمانڕەواکانی ئادیابین بتپەرست بوون، بەڵام لە سەردەمی حوکمڕانی شاژن ھێلێنای ئادیابین (سەدەی یەکەمی زایین) ھاتنە سەر ئایینی جووان (یەھودی) (لە سەرچاوە عیبرییەکاندا بە ھێلێنی ھامالکا ناسراوە (بە واتای: شاژن ھێلین))

دەسەڵاتی پارتەکان لە ساڵی ٢٢٤ لەلایەن ئیمپراتۆرییەتی ساسانییەوە لەناوبرا [٣] و شاپووری یەکەم (٢٤٠–٢٧٠ز) وەک حوکمڕانی ئەدیابین ناولێندرا تا ڕۆژگاری ئەردەشیری دووەم کە دوامین شازادەیە وەک پاشای ئادیابین ناوی ھاتبێت، دوای ئەوە لە دەوری (٣٧٩ز) شێوازی بەڕێوەبردنی شانشینەکە گۆڕدراو بۆ ھەرێم (شار) و لەلایەن (مەرزبان یان شەھراب)ێکی سەر بە پاشای ساسانییەوە بەڕێوەدەبراو کە مەرج نییە لە تۆرەمەی شازادەکان بوو بێت. [٢]

ئیتمۆلۆژی[دەستکاری]

ناوی ئەدیابین لە زمانی یۆنانی کۆن Ἀδιαβηνή ەوە ھاتووەتە ناو ئینگلیزییەوە، کە لە ܚܕܝܐܒ وەرگیراوە بە سریانی واتە ھەدیاب Ḥaḏy’aḇ یان حدیاب Ḥḏay’aḇ، ھەروەھا ناوچەکە بە زمانی پاڵەوی نۆدشراگان Nōdšīragān یان Nōd-Ardaxšīragān ی پێ دەگوترا. ئەرمەنەکان پێێان دەگوت،[٦] [٣] Նոր Շիրական، Nor Shirakan و بە زمانی عیبری חַדְיָב، Ḥadyāḇ,.

بە بۆچوونی ھەندێک لە مێژووناسان، گوندی (حەزە)ی خوار شاری ھەولێر دەگەڕێتەوە بۆ یادگاری دێرینی حدیاب. لەم گوندەو دەوروبەرەکەیدا ئاسەواری کووپەی کۆنی لێ دۆزراونەتەوە کە ھەندێکیان ھی ڕۆژگاری ساسانییەکانن.

شوێن[دەستکاری]

وەک جوگرافیا، ئادیابین دەڤەرێکی سەر بە ئیمپراتۆرییەتی میدیا بوو لە نێوان زێی گەورە (لیکوس) و زێی بچووک (کاپروس)، ھەرچەندە ئەمیانۆس باس لە قەڵەمڕەوێک دەکات شارەکانی نەینەوا و ئەکباتان (ھەمەدان) و گۆگەمێلا (گۆمەل)ی دەگرتەوە.[٧] بە کۆتایی سەدەی یەکەمی زایینی (نسێبین)ی جزیرەش لەناو ئەم سنوورەدا بوو. [ئ] لە نووسراوە تەلمودییەکاندا ناوەکە وەک חדייב ,חדייף and הדייב ھاتووە. باژێرە گرنگەکەی ئەربێلا (Arba-ilu) بوو، کە (مار ئوقبا) قوتابخانەیەکی لە حەزە (Hazzah)ی نزیکی دامەزراندووە، عەرەبەکان دواتر بە اربل ناویان دەبرد.[١٠]

لە نووسراوەکانی ئایینی جوولەکە بە تایبەت لە تەلمود: کیدوشین ٧٢ز دا ھابۆری ئینجیلی ھەر بە ئادیابین ناسراوە،[١١] بەڵام لە یەروشالمی مەگیلا ٧١ز بووە بە ناوی ڕیفات.[١٢] لە تەرگوم بووە بە یەرمیا. ٢٧ز، و ئارارات و مینی و ئەشکەناز ناوەکان بە شێوەی کۆردو Kordu و ھارمینی Harmini و ھەدەیاب ھاتوون، واتە کوردونی و ئەرمەنستان و ئادیابین؛ لەکاتێکدا لە حەزەقیل xxvii. 23 بە شێوەیحەران و کانە و دەدەن نووسراون کەلەلایەن وەرگێڕە ئارامییە کانەوە بەم شێوەیە لێکدەدرێتەوە «ھاروان، نسیبین و ئادیابین».

دانیشتووان[دەستکاری]

ئادیابین دانیشتووانێکی تێکەڵاوی ھەبووە.[١٣][١٤] ھۆزی ساکای ئاریایی و ئاشوری و زمانی تێکگەیشتن سریانی بووە. بە گوێرەی مێژووناسی ڕۆمانی پلینی چوار ھۆز لە ناوچەی ئادیابین دەژیان: ئۆرۆنتی، ئالانی، ئازۆنی و سیلکی.[١٥] کتێبی کۆنی جوولەکەکانی دانراوی مێژوونووس یوسیفۆس نیشان دەدات کە خەڵکێکی زۆری جوولەکە لە شانشینییەکەدا دەژیان. پێکەوە ژیانی ئایین و کەلتوورەکان لە ئادیابین زۆر جار دژوار بوو، لە چیرۆکی کوژرانی ماھنوشی (مووگی زەردەشتیی) بەدی دەکرێت کە لە ئایینی خۆی ھەلاگەڕایەو بوو بە مەسیحی، دواتر ئادیابین کرا بە ئەبرشییەو نشینگەی سەرەکیی قەشەکان. ئەوسا کورسیی میترۆبۆلیتان لە ئەربێلا بوو.[١٦]

ئادیابین لە ڕۆژگاری پارتەکان

بە پشتبەستن بە ناوی فەرمانڕەواکانی ئادیابین، مێژوونووس ئێرنست ھێرزفێڵد مەزەندە دەکات کە ڕەچەڵەکی شازادەکانی ئەدیابین بگاتەوە ھۆزەکانی ساکا / سکیتی؛[١٧][١٨] بەڵام توێژینەوە زمانەوانییەکان دەری دەخەن کە ئەم ناوانە، لە ئێرانی ناوەڕاستی ڕۆژاوادا باو بوون.[١٩] دوای قوتار بوون لە داگیرکاریی تراجان ١١٦ز، بنەماڵەی ناسراو بە ئاماتوونی لەو ھەرێمە باڵا دەستبوون کە فەرمانڕەوایی ناوچەی نێوان دەریاچەی ورمێ و وانیان دەکرد.[٢٠][٢١]

ئادیابین بەشێک بووە لە ئیمپراتۆرییەتی ئاشووری نوێ و دوای ڕووخانی نەینەوا ئاشوورییەکان تێیدا نیشتەجێ بوون. بەشێکی دانەبڕاو بوو لە ئاشووریای ھەخامەنشییەکان (ئاثورا) و ئاشووری ساسانی (ئاسۆریستان).[٢٢][٢٣] دواتر ئەم ناوچەیە کرا بە بەشێک لە پارێزگای ئاشووری ڕۆمانی دوای لەشکرکێشی لەلایەن تراجان لە ساڵی ١١٦.[٢٤]

بە گوێرەی پاتریشیا کرۆن و مایکل کوک، کاتێک کە ناوجەرگەی ھەرێمی ئاشوور لە سەرەتای مەسیحییەتدا کەوتەوە بەر باس و تێروانین، نەک فارس و یۆنان، بەڵکو ئاشوورییەکان خۆیان پەرستگای ئاشوریان نۆژەنکردەوەو، شارەکەیان ئاوەدانکردەوە و دەوڵەتێکی پاشکۆی ئاشووریان بنیاتنایەوە لەسەر شێوەی شانشینی ئادیابین ."

(بۆ مێژووی دواتر، بڕوانە ھەولێر؛ گەلی ئاشووری، ئیمپراتۆرییەتی ڕۆمانی، عێراق).

مێژوو[دەستکاری]

ئیمپراتۆرییەتی فارسی ھەخامەنشییەکان[دەستکاری]

لە سەردەمی پاشاکانی فارسی ھەخامەنشی (ئەخمینی) دا، پێدەچێت ئادیابینێ بۆ ماوەیەک دەوڵەتێکی ژێردەستەی ئیمپراتۆرییەتی فارس بووبێت. لە ھەندێک کاتدا تەختی ئادیابین بەدەست ئەندامێکی ماڵی ھەخامەنشییەکانەوە بووبێت؛ ئەردەشیری سێیەم (پاشا لە ساڵی ٦٢٨ تا ٦٣٠ی زایینی)، پێش ئەوەی بێتە سەر تەختی فارس، نازناوی «پاشای ھەدیاب»ی ھەبووە.[٢٥] دە ھەزار بەکرێگیراوە یۆنانییەکەی زینفۆن لە کشانەوەیاندا بۆ دەریای ڕەش دوای شەڕی کوناکسا لە ڕێگەی ئادیابینەوە پاشەکشەیان کرد.

شاژن ھێلینا و ئایینی جوولەکە[دەستکاری]

بەپێی سەرچاوەکان، ھێلینا، شاژنی ئادیابین لە سەدەی یەکەمدا لە بتپەرستییەوە ھاتە سەر ئایینی جوولەکە.[٢٦] شاژنە ھێلێنای ئادیابین (لە سەرچاوە جوولەکەکاندا بە ھیلینا ھامالکا Heleni HaMalka ناسراوە) چووە حەجی ئورشەلیم /قودس کرد و لەوێ کۆشکێکی بۆ خۆی و کوڕەکانی دروست کرد، ئیزاتێس کوڕی مۆنۆباز و مۆنۆبازی دووەم لە بەشی باکووری شاری داود، باشووری چیای ھەیکەل/پەرستگا، و یارمەتی جوولەکەکانێ لە شەڕەکەیان دژ بە ڕۆما. تابوتەکەی شاژن ھێلێنا لە ساڵی ١٨٦٣ دۆزرایەوە. جووتە نەخشێک لەسەر تابوتەکە نووسراوە، «چادان مەلکە» و «چادا مەلکەتا»، پێدەچێت ئاماژەیەک بێت بۆ ئەو پاداشتانەی (چێدا بە زمانی عیبری) کە ھێلێنا دەیبەخشییە ھەژارانی قودس و بە گشتی، و بۆ شانشینی جوولەکەکان دابینی کردووە. بەگوێرەی یوسفۆس، شاژن لەگەڵ کوڕەکەی مۆنۆبازی دووەم، لەژێر کاریگەری دوو جوولەکەدا ھاتوونەتە سەر ئایینی جوولەکە. لە تۆمارێکی دیکەدا ھاتووە کە لە ئادیابین بازرگانێکی زێڕینگەریی جوولەکەی بە ناوی (حەنانیا)یان (ئەلیعازەر) ناسیوە، ئەویش باسی گەلی ئیسرائیلی بۆ کردووە و ڕازی کردووە بێتە سەر ئایینەکەیان.[٢٧] ھەموو شوێنەوارە مێژوویییەکانی پاشایەتی جوولەکەکان لە ئەدیابین لە دەوروبەری ساڵی ١١٥ی زایینی کۆتایی ھات، بەڵام ئەم چیرۆکانە کاریگەرییەکی زۆریان لەسەر ئەدەبیاتی نووسراو لەلایەن حاخام و مالمەکانی تەلمود ھەبوو.[٢٨] خەلاکی زەردەشتیی ئادیابین ھەمبەر ئایینی جوولەکە لێبوردەو دڵکراوەبوون، ڕێگەیان دا جوولەکە ئازادبن. لە کۆتایی سەدەی دووەمدا ئایینی مەسیحی بە خێرایی لە نێو زەردەشتییەکان و ئپەیڕەوکارانی پێشووێ ئایینی جوولەکە بڵاوبووەوە. کاتێک ئایینی مەسیحی بوو بە ئایینی فەرمی ئیمپراتۆرییەتی ڕۆمانی لە سەردەمی کۆنستەنتین، دۆخی مەسیحییەکانی ئادیابین شلۆق بوو چونکە ساسانییەکان کە ئایینی ڕەسمی دەوڵەتەکەیان زەردەشتی بوو، وەک نەیار ھەژمار دەکران.[٢٩]

سەردەمی یۆنانی[دەستکاری]

ئەم شانشینە بچووکە ڕەنگە زنجیرەیەک فەرمانڕەوای ناوخۆیی ھەبووبێت کە بە ناوی ئیمپراتۆرییەتی مەقدۆنی و سلوکی و دواتر تیگرانی ئەرمەنی حوکمڕانییان کردووە.

ئیمپراتۆرییەتی پارت[دەستکاری]

ئەدیابین دواتر بوو بە یەکێک لە شانشینییەکانی سەر بە ئیمپراتۆرییەتی پارت. زنجیرەی فەرمانڕەواکان لە سەردەمی حوکمرانی مۆنۆبازی یەکەم و کوڕەکەی ئیزاتێسی یەکەمەوە دەست پێ دەکات (سەدەی یەکەمی پێش زایین و سەدەی یەکەمی زایین) و ناوبانگێکی دیاریکراوی بەدەستھێنا.

کورتە چاخی ڕۆمانی (١١٧–١١٨)[دەستکاری]

نەیاری سەرەکی تراجان لە میزۆپۆتامیا لە ماوەی ساڵی ١١٥دا دوا پاشای سەربەخۆی ئادیابین میھرئەسپ بوو، لەگەڵ مانۆ (ماننوس)ی شنگار (سینگارا) ھاوئامانج بوون. تراجان ھێرشی کردە سەر ئادیابین و خستییە ناو سنووری ھەرێمی ئاشووری ڕۆمانی؛ بەڵام لە سەردەمی ھادریان لە ساڵی ١١٧دا دەسەڵاتی ڕۆما بەسەر ئاشوور و میزۆپۆتامیا و ئەرمینیا پووکایەوە.

لە ھاوینی ساڵی ١٩٥ سێپتیمیۆس سیڤەرۆس جارێکی تر لە میزۆپۆتامیا شەڕی دەکرد و لە ساڵی ١٩٦ سێ لەشکری سەر بە سوپای ڕۆم ھاتنە سەر ئادیابین. بەپێی وتەی دیۆ کاسیۆس، کاراکالا لە ساڵی ٢١٦دا ئاربێلا (ھەولێر)ی داگیرکردووە، گۆڕستانەکانی ھەڵدایەوە، بۆ گەڕان بە دوای گۆڕ و گەنجینەی پاشاکانی ئەشکانی کە گوماندەکرا لەوێ نێژرابن. لە ئەنجامدا زۆرێک لە گۆڕە کۆنەکانی پاشایەتی لەناوبران.

دەسەڵاتی ساسانی[دەستکاری]

سەرەڕای ڕووخانی دەسەڵاتی پارت لەلایەن ساسانییەکانەوە لە ساڵی ٢٢٤ی زایینی، بنەماڵە دەرەبەگەکانی ھەولێر ھەر دڵسۆزی پارتەکان بوون و بەرەنگاری پێشڕەوی ساسانییەکانیان دەکرد بەرەو ئادیابین و ئەترۆپاتین (ئازەربێجان). بەھۆی ئەوەی لە ئاییندا جیاواز بوون، ئادیابین ھیچ کات وەک بەشێکی دانەبڕاو لە ئێران سەیر نەکراوە، ھەرچەندە ساسانییەکان بۆ چەند سەدە کۆنترۆڵیان کردبوو.

دوای ئەوەی ئیمپراتۆرییەتی ڕۆمانی وردە وردە ئایینی مەسیحی کردە ئایینی فەرمی خۆی لە ماوەی سەدەی چوارەمدا، دانیشتووانی ئادیابین کە بە پلەی یەکەم مەسیحی ئاشووری بوون، لایەنگری ڕۆمی مەسیحی بوون نەک ساسانییە زەردەشتییەکان. ئیمپراتۆرییەتی ڕۆمی بیزەنتە لە کاتی شەڕەکانی بیزەنتە-ساسانیدا سوپای نارد بۆ ناوچەکە، بەڵام ئەمە ھیچی نەکرد بۆ گۆڕینی سنووری خاکەکە. ئادیابین تا ھاتنی لەشکری موسڵمانان، وەک ھەرێمێکی سەر بە ئیمپراتۆرییەتی ساسانی مایەوە و[٣٠] بە ناوی نۆد-ئەردەخشراگان یان نۆد-ئەردەشیراگان دەناسرا.

.

ڕۆڵی قەشەکان[دەستکاری]

لە نێوان سەدەی پێنجەم و چواردەمدا ئادیابین مەتڕانییەی گەورەی کەنیسەی ئاشووری ڕۆژھەڵات بووە. (سەربردنامەی/ کرۆنیکڵی ھەولێر) کە تۆمارێکی گوماناوی مەسیحییەتە لە ئادیابینی سەردەمی پارتەکان و ساسانییەکان، ناوی ژمارەیەک قەشەی سەرەتاکانی مەسیحییەت لە ھەولێر دەخاتە ڕوو. ڕاستیی ئەم سەربردنامەیەی ھەولێر لەژێر پرسیاردایە و زاناکان بەەنە بە دووبەرە لەسەر ئەوەی کە چەندە باوەڕ بە بەڵگەکانی دابنێن. ناوی ھەندێک لە قەشەکانی ئەم لیستەی خوارەوە لە سەرچاوەی دیکەش دووپات کراون، بەڵام ناوی ھەندێک لە قەشەکانی پێشتر ڕەنگە ھەڵبەستراو بن.

  1. پیدە Pkidha(104–114)
  2. شمشون (١٢٠–١٢٣)
  3. ئیسحاق (١٣٥–١٤٨)
  4. ئەبراھام (١٤٨–١٦٣)
  5. نوح (١٦٣–١٧٩)
  6. ھابیل (١٨٣–١٩٠)
  7. عابدمیخا (١٩٠–٢٢٥)
  8. ھیران لە ئادیابین (٢٢٥–٢٥٨)
  9. سالۆفا (٢٥٨–٢٧٣)
  10. ئەھادابوھی (٢٧٣–٢٩١)
  11. سریا (٢٩١–٣١٧)
  12. یۆحانون (٣١٧–٣٤٦)
  13. ئەبراھام (٣٤٦–٣٤٧)
  14. ماران-زخا (٣٤٧–٣٧٦)
  15. سۆبحالیسۆ (٣٧٦–٤٠٧)
  16. دانیال (٤٠٧–٤٣١)
  17. ڕیھما (٤٣١–٤٥٠)
  18. ئابۆستا (٤٥٠–٤٩٩)
  19. یوسف (٤٩٩–٥١١)
  20. ھوانا (٥١١–؟)

تێبینی[دەستکاری]


سەرچاوەکان[دەستکاری]

  1. ^ Kia 2016.
  2. ^ ئ ا ب پ ت ج چ Marciak 2017.
  3. ^ ئ ا ب Frye 1984.
  4. ^ Sellwood 1983.
  5. ^ Marciak & Wójcikowski 2016.
  6. ^ ŠKZ
  7. ^ "Hist." xviii. , vii. 1
  8. ^ Geogr. xvi, 1, 1
  9. ^ Hist. Nat. vi, 16, 42
  10. ^ Yaqut, Geographisches Wörterbuch, ii. 263; Payne-Smith, Thesaurus Syriacus, under "Hadyab"; Hoffmann, Auszüge aus Syrischen Akten, pp. 241, 243.
  11. ^ Compare Yebamot 16b et seq. , Yalqut Daniel 1064
  12. ^ Genesis x. 3; compare also Genesis Rabba xxxvii.
  13. ^ Sweeney, Emmet, 2007, The Ramessides, Medes, and Persians, p. 176
  14. ^ "Nisibis | Oxford Classical Dictionary".
  15. ^ Pliny the Elder, The natural history, book VI, chap. 30
  16. ^ Hoffmann, "Akten," pp. 259 et seq.
  17. ^ Ernst Herzfeld, 1947, Zoroaster and his world, Volume 1, p. 148, Princeton university press, University of Michigan, 851 pages
  18. ^ Ernst Herzfeld, Gerold Walser, 1968, The Persian Empire: Studies in geography and ethnography of the ancient Near East, p. 23, University of Michigan, 392 pages
  19. ^ Helmut Humbach, Prods Oktor Skjaervo, 1983, The Sasanian Inscription of Paikuli Pt. 3,1, p. 120, Humbach, Helmut und Prods O. Skjaervo, Reichert, 1983, ISBN 3882261560/9783882261561
  20. ^ Jacob Neusner, 1969, A History of the Jews in Babylonia, Volume 2, p. 352-353, Brill, 462 pages
  21. ^ Jacob Neusner, 1990, Judaism, Christianity and Zoroastrianism in Talmudic Babylonia, Volym 204, p. 103-104, University of Michigan, Scholars Press, 228 pages
  22. ^ Whinston, William. Translator. The Works of Josephus. Massachusetts: Hendrickson Publishers Inc. 1999
  23. ^ Gibbon, Edward. The History of the Decline and Fall of the Roman Empire. David Womersley, ed. Penguin Books, 2000
  24. ^ "Adiabene". JewishEncyclopedia.com. Retrieved 2011-09-19.
  25. ^ Nöldeke, Geschichte der Perser, p. 70.
  26. ^ "Helena". www.jewishvirtuallibrary.org. Retrieved 11 April 2018.
  27. ^ Shapira, Ran (1 October 2010). "A Royal Return". Retrieved 11 April 2018 – via Haaretz.
  28. ^ The Other Zions: The Lost Histories of Jewish Nations By Eric Maroney P:97
  29. ^ electricpulp.com. "ADIABENE – Encyclopaedia Iranica". www.iranicaonline.org. Retrieved 11 April 2018.
  30. ^ electricpulp.com. "Encyclopædia Iranica - Home". www.iranica.com. Retrieved 11 April 2018. ١٦ی نیسانی ٢٠١٩ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە.


سەرچاوەکان[دەستکاری]


ھەڵەی ژێدەرەکان: <ref> tags exist for a group named "kurdish-alpha", but no corresponding <references group="kurdish-alpha"/> tag was found